We have 100 guests and no members online

ڕابەر ڕەشید

 

 

 

 جارێكی دیكه‌ش خه‌مه‌كانی كه‌ركوك، ناچاریان كردمه‌وه‌ –وه‌كو هاووڵاتییه‌ك- ‏بێمه‌وه‌ ده‌نگ.ده‌نگ هه‌ڵبڕینی ئێمه‌ومانان بۆ له‌ ده‌ستنه‌دانی پێگه‌ی كوردو ئاینده‌ی ‏كوردستانیبوونی كه‌ركوكه‌، دوور له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی حزبییانه‌و ناوچه‌گه‌ریانه‌.‏وه‌كو هاووڵاتییه‌ك نامه‌ی كراوه‌مان بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ر سێ ‏حزبه‌كه‌ی ناو (لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی كوردستان) ناردو داواشمان له‌ ‏به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش كرد بۆئه‌وه‌ی دڵسۆزانه‌ خه‌مێك له‌ ‏كه‌ركوك بخۆن و رێگه‌ی ئه‌و په‌رشوبڵاوییه‌ نه‌ده‌ن، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكیان نه‌ به‌ ئه‌رێ و ‏نه‌ به‌ نه‌رێ وه‌ڵامیان نه‌داینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ گوێ له‌ ‏ده‌نگی هاووڵاتییانی كه‌ركوكی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی كورد له‌ باشووری ‏كوردستان و ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ند ناگرن و ته‌نها ‏به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانی خۆیان لا پیرۆزو له‌به‌رچاوه‌!!.‏

‏ به‌ شكستخواردنی هه‌وڵ و ته‌قه‌للاكانی (لیستی هاوپه‌یمانیی نیشتیمانیی كوردستان) ‏له‌ به‌شداری پێكردنی حزبه‌كانی دیكه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یانداو یه‌كڕیزی و ‏یه‌كده‌نگیی عه‌ره‌ب و توركمانی كه‌ركوك، تا دێت تابلۆكه‌ ره‌شتر دێته‌ به‌رچاو و ‏ئاسۆی ئاینده‌ی كه‌ركوك ته‌مومژاویتر ده‌بێت، به‌مه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی ‏كه‌ ده‌بنه‌ هۆی دۆڕاندنی كه‌ركوك له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014دا خیانه‌تێكی ‏نه‌ته‌وه‌یی مێژوویی له‌ ئه‌رشیفی خه‌باتی حزبایه‌تیی خۆیاندا تۆمار ده‌كه‌ن، چونكه‌ ‏كورد له‌ كه‌ركوكدا ئه‌زموونی له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ڵبژاردنی 2010و له‌ ده‌ستدانی ‏چه‌ند كورسییه‌ك، له‌ ئه‌نجامی خۆبه‌ كوێخازانینی یه‌كێتی‌و پارتی و به‌شداریكردنی ‏گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌و به‌ لیستی جیاواز، باشترین گه‌واهیده‌ری ئه‌م ‏راستییه‌ن.كه‌واته‌ ئه‌و لیسته‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رێز له‌ مێژووی پڕ سه‌روه‌ری خۆی ‏ده‌گرێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵا نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئاینده‌ی كه‌ركوك ده‌خاته‌ سه‌رووی ‏به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانی خۆیه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و حزب و لیستانه‌ی كه‌ پێشوه‌خته‌ ‏دڵنیان له‌وه‌ی تاكه‌ كورسییه‌كیش ناهێنن، به‌ پاشه‌كشه‌كردنیان له‌ كرداری ‏هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 هه‌ڵوێست و قوربانییه‌كی دیكه‌ی خۆیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ‏خه‌رمانی هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ نێو خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نیشتیمانیی ‏كوردستانی و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر شكستێكی كوردیانه‌ی كه‌ركوك ده‌یانخاته‌ به‌رده‌م ‏ده‌یان پرسیاری هه‌ستیاره‌وه‌!!‏

‏ ئه‌وه‌ی زۆر مایه‌ی نیگه‌رانی و سه‌رسووڕمانیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرێك له‌و حزب و لایه‌نه‌ ‏كوردستانییانه‌ی كه‌ركوك كه‌ بڕیاروایه‌ به‌ لیستی جیاواز به‌شداری له‌ كرداری ‏هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی عێراقدا بكه‌ن، پێشوه‌خته‌ دڵنیان كه‌ قاچه‌ كورسییه‌كیش ‏ناهێنن، كه‌چی سوورن له‌سه‌ر به‌شداریكردنیان به‌ لیستی ته‌نها، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ‏پێشتر ئه‌زموونیان له‌م بواره‌دا هه‌یه‌و شه‌قی ده‌نگ نه‌هێنانیان خواردووه‌و كورد ‏وته‌نی: "مارانگازبوون"، ئه‌ی بۆچی ده‌بێ ئه‌مجاره‌ش هه‌مان هه‌ڵه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌؟ ‏ئه‌رێ ئه‌م سووربوون له‌سه‌ر دۆڕاندن و شكستخواردنه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی –پێشوه‌خته‌- ‏دڵنیان له‌وه‌ی ده‌یدۆڕێنن و ژماره‌یه‌ك ده‌نگی ده‌نگده‌رانیشیان له‌ ختوخۆڕایی ‏به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن، ده‌چێته‌ خانه‌ی كام ژیربێژی و له‌ كوێی لۆژیكدا جێیان ده‌بێته‌وه‌؟! ‏له‌كاتێكدا كه‌ هه‌موویان زۆر چاك له‌و راستییه‌ گه‌یشتوون كه‌ له‌ رۆژی ده‌نگداندا ‏چه‌ندین گرفت و ئارێشه‌ له‌به‌رده‌م خودی ده‌نگده‌رانی كوردیشدا دروست ده‌كرێن، ‏وه‌كو نه‌هاتنه‌وه‌ی ده‌نگی ژماره‌یه‌كیان و هه‌ڕه‌شه‌و چاوسووركردنه‌وه‌ی نانبڕین و ‏چه‌ندین رێگریی دیكه‌!!‏

‏ بۆیه‌ جارێكیتریش وه‌كو هاووڵاتییه‌كی كه‌ركوكی راشكاوانه‌ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ‏كه‌ركوك كرا خیانه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی نیشتیمانی مێژوویی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام ده‌كرێ ‏ئه‌وانه‌ی رێز له‌ خه‌باتی خۆیان و خوێنی شه‌هیده‌كانیان ده‌گرن، له‌م خیانه‌ته‌ ‏نه‌ته‌وه‌ییه‌ گه‌وره‌یه‌دا به‌شداری نه‌كه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی مێژووی خه‌باتی خۆیان –لایه‌نی ‏كه‌م- به‌ سپێتی بهێڵنه‌وه‌و كارێك نه‌كه‌ن نه‌وه‌كانی ئاینده‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی و ‏مێژوویی و سایكۆلۆژی له‌سه‌ر خیانه‌ته‌كانیان ده‌رهه‌ق به‌ كه‌ركوك بكه‌ن.له‌ ‏ئه‌ده‌بیاتی هه‌موو ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌شدا هاتووه‌: "مێژوو به‌زه‌یی به‌كه‌سدا نایه‌ته‌وه‌و ‏خیانه‌ته‌كان وه‌كو خۆی تۆمار ده‌كات"، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و راستییانه‌ ده‌زانن، بۆچی ئه‌م ‏خیانه‌ته‌ ده‌كه‌ن؟!‏

‏2014/1/15 – پردێ

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

‏-‏ مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان

‏-‏ مه‌كته‌بی سیاسی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان

‏-‏ مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان

سڵاوی خه‌بات و به‌رخودان. . ‏

‏ به‌ڕێزان من وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی كه‌ركوكی و خه‌مخۆرێكی پرسی كوردستانیبوونی كه‌ركوك، له‌ نامه‌ی كراوه‌ی یه‌كه‌ممدا بۆ ‏سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، راشكاوانه‌ ئه‌وه‌م راگه‌یاندو داوام لێكرد كه‌ بێته‌ ناو كێشه‌كه‌وه‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانیتر چاره‌سه‌رێكی ‏شیاو بۆ پرسی ئاینده‌ی كه‌ركوك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 30ی نیسانی 2014دا بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام زۆر ‏به‌ داخه‌وه‌ به‌ڕێزیان ئه‌و ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژوویی‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی نه‌گرته‌ ئه‌ستۆو تا ئێستا هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی بۆ ‏چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.  بۆیه‌ بۆ له‌ده‌ست نه‌دانی زیاتری پرسی كه‌ركوك و فراوانتر نه‌كردنی ئه‌و درزه‌ی له‌ ‏كه‌ركوكدا كه‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی باڵاده‌ست و له‌ ده‌ستنه‌دانی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورد له‌ كه‌ركوك، تكا له‌ به‌ڕێزتان ‏ده‌كه‌م كه‌ ئێوه‌ وه‌كو (لیستی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی كوردستان) رۆڵی مێژوویی و نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانیی كوردستانییانه‌ی ‏خۆتان بنوێنن و چۆن تا ئێستا له‌ چه‌ندین وه‌رچه‌رخانی مێژووییدا به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیانه‌ی خۆتان كردۆته‌ قوربانی دۆزی ره‌وای ‏گه‌له‌كه‌مان، له‌ ئێستاشدا ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ مێژووییه‌ بۆ خۆتان تۆمار بكه‌ن و به‌شداری له‌و خیانه‌ته‌ مێژووییه‌دا مه‌كه‌ن كه‌ له‌ ‏كه‌ركوكدا به‌هۆی په‌رشوبڵاوكردنی ریزی كورده‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی له‌ ده‌ستدانی ده‌نگی ‏كوردانی كه‌ركوك و به‌هێزكردنی ده‌نگی ناحه‌زانی كورد له‌ شاره‌كه‌دا.  به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌تان و ئازادكردنی ئه‌ندام و ‏دۆست و لایه‌نگرانتان، یان ئاراسته‌كردنیان بۆ ده‌نگدان به‌و لایه‌نه‌ی كه‌ خۆتان به‌ باشی ده‌زانن، ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی گرانبه‌هاو ‏مێژوویی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاترو زۆرتری ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورده‌ له‌ كه‌ركوكدا. ‏

‏ هیوادارم ئه‌م نامه‌ كراوه‌یه‌م به‌ هه‌ندوه‌ربگرن و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌له‌كه‌مان و به‌رپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتیمانیی ‏تێكۆشانی ده‌یان ساڵه‌ی حزبه‌كانتان له‌به‌رچاو بگرن و ئێوه‌ش هاوشێوه‌ی حزبه‌كانیتر به‌شداری له‌و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌دا نه‌كه‌ن و ‏زیاتر ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورد له‌ كه‌ركوكدا په‌رشوبڵاو نه‌كه‌ن، چونكه‌ پرسی كه‌ركوك و دۆخه‌ ترسناكه‌كه‌ی زۆر له‌و ‏ده‌سكه‌وته‌ حزبییانه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ستبهێنرێن. ‏

تێبینی:‏

من وه‌كو هاووڵاتییه‌كی كورد له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌ ریزی رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی (ح. س. ك)دا خه‌باتم كردووه‌و دواتر له‌ ‏ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا وه‌كو پیشمه‌رگه‌و رۆژنامه‌نووسێك له‌ شاخ له‌گه‌ڵ (ح. س. ك/ ئیتجاهی دیموكراتی شۆڕشگێڕ)، حزبی ‏زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێستادا خه‌باتم كردووه‌و له‌ ساڵی (1997)یشه‌وه‌ وه‌كو رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكارێك له‌ ده‌زگای ‏راگه‌یاندنی حزبی شیوعی كوردستاندا، تا ئێستا به‌رده‌وامم.  ‏

‏ بۆیه‌ له‌ خۆم رابینیوه‌ وه‌كو دۆستی هه‌رسێ حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ئه‌م نامه‌كراوه‌یه‌تان ئاراسته‌ بكه‌م، به‌و ئومێده‌ی ‏به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان بخه‌نه‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانتانه‌وه‌. ‏

له‌گه‌ڵ رێزی دووباره‌م

رۆژنامه‌نووس رابه‌ر ره‌شید 07504135121‏

كه‌ركوك- پردێ 25ی 12ی 2013 ‏raber. rashid63@gmail. com

 

Go to top