We have 80 guests and no members online

‏-‏ مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان

‏-‏ مه‌كته‌بی سیاسی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان

‏-‏ مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان

سڵاوی خه‌بات و به‌رخودان. . ‏

‏ به‌ڕێزان من وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی كه‌ركوكی و خه‌مخۆرێكی پرسی كوردستانیبوونی كه‌ركوك، له‌ نامه‌ی كراوه‌ی یه‌كه‌ممدا بۆ ‏سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، راشكاوانه‌ ئه‌وه‌م راگه‌یاندو داوام لێكرد كه‌ بێته‌ ناو كێشه‌كه‌وه‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانیتر چاره‌سه‌رێكی ‏شیاو بۆ پرسی ئاینده‌ی كه‌ركوك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ 30ی نیسانی 2014دا بدۆزێته‌وه‌، به‌ڵام زۆر ‏به‌ داخه‌وه‌ به‌ڕێزیان ئه‌و ئه‌رك‌و به‌رپرسیارێتییه‌ مێژوویی‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی نه‌گرته‌ ئه‌ستۆو تا ئێستا هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆی بۆ ‏چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.  بۆیه‌ بۆ له‌ده‌ست نه‌دانی زیاتری پرسی كه‌ركوك و فراوانتر نه‌كردنی ئه‌و درزه‌ی له‌ ‏كه‌ركوكدا كه‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردوو لایه‌نی باڵاده‌ست و له‌ ده‌ستنه‌دانی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورد له‌ كه‌ركوك، تكا له‌ به‌ڕێزتان ‏ده‌كه‌م كه‌ ئێوه‌ وه‌كو (لیستی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی كوردستان) رۆڵی مێژوویی و نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتیمانیی كوردستانییانه‌ی ‏خۆتان بنوێنن و چۆن تا ئێستا له‌ چه‌ندین وه‌رچه‌رخانی مێژووییدا به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیانه‌ی خۆتان كردۆته‌ قوربانی دۆزی ره‌وای ‏گه‌له‌كه‌مان، له‌ ئێستاشدا ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ مێژووییه‌ بۆ خۆتان تۆمار بكه‌ن و به‌شداری له‌و خیانه‌ته‌ مێژووییه‌دا مه‌كه‌ن كه‌ له‌ ‏كه‌ركوكدا به‌هۆی په‌رشوبڵاوكردنی ریزی كورده‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی له‌ ده‌ستدانی ده‌نگی ‏كوردانی كه‌ركوك و به‌هێزكردنی ده‌نگی ناحه‌زانی كورد له‌ شاره‌كه‌دا.  به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لیسته‌كه‌تان و ئازادكردنی ئه‌ندام و ‏دۆست و لایه‌نگرانتان، یان ئاراسته‌كردنیان بۆ ده‌نگدان به‌و لایه‌نه‌ی كه‌ خۆتان به‌ باشی ده‌زانن، ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی گرانبه‌هاو ‏مێژوویی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاترو زۆرتری ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورده‌ له‌ كه‌ركوكدا. ‏

‏ هیوادارم ئه‌م نامه‌ كراوه‌یه‌م به‌ هه‌ندوه‌ربگرن و به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌له‌كه‌مان و به‌رپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتیمانیی ‏تێكۆشانی ده‌یان ساڵه‌ی حزبه‌كانتان له‌به‌رچاو بگرن و ئێوه‌ش هاوشێوه‌ی حزبه‌كانیتر به‌شداری له‌و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌دا نه‌كه‌ن و ‏زیاتر ده‌نگی ده‌نگده‌رانی كورد له‌ كه‌ركوكدا په‌رشوبڵاو نه‌كه‌ن، چونكه‌ پرسی كه‌ركوك و دۆخه‌ ترسناكه‌كه‌ی زۆر له‌و ‏ده‌سكه‌وته‌ حزبییانه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ستبهێنرێن. ‏

تێبینی:‏

من وه‌كو هاووڵاتییه‌كی كورد له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌ ریزی رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی (ح. س. ك)دا خه‌باتم كردووه‌و دواتر له‌ ‏ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا وه‌كو پیشمه‌رگه‌و رۆژنامه‌نووسێك له‌ شاخ له‌گه‌ڵ (ح. س. ك/ ئیتجاهی دیموكراتی شۆڕشگێڕ)، حزبی ‏زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێستادا خه‌باتم كردووه‌و له‌ ساڵی (1997)یشه‌وه‌ وه‌كو رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكارێك له‌ ده‌زگای ‏راگه‌یاندنی حزبی شیوعی كوردستاندا، تا ئێستا به‌رده‌وامم.  ‏

‏ بۆیه‌ له‌ خۆم رابینیوه‌ وه‌كو دۆستی هه‌رسێ حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان ئه‌م نامه‌كراوه‌یه‌تان ئاراسته‌ بكه‌م، به‌و ئومێده‌ی ‏به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان بخه‌نه‌ سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كانتانه‌وه‌. ‏

له‌گه‌ڵ رێزی دووباره‌م

رۆژنامه‌نووس رابه‌ر ره‌شید 07504135121‏

كه‌ركوك- پردێ 25ی 12ی 2013 ‏raber. rashid63@gmail. com

 

Go to top