We have 148 guests and no members online

پێشینه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ تاڵ و ترسناكمان له‌گه‌ڵ ئاكامی خۆپیشاندانه‌كان هه‌یه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك خه‌ڵك باسی گردبوونه‌وه‌ بۆ خستنه‌ڕووی داخوازییه‌كانی بكات دڵم داده‌خورپێ و له‌رز دامده‌گرێ، ناهه‌قیشم نییه‌ چونكه‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌ ئاراسته‌ی ململانێی سیاسیدا ده‌برێن و ئامانجی شاراوه‌ی حزبی تێكه‌ڵ به‌ خواست و داواكاری ره‌وای شه‌قام ده‌كرێن، له‌ كۆتایی ساڵی 1993 بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ شاری رانیه‌ خۆپیشاندانێكی سازكرد، عه‌لی باپیر كه‌ ئه‌وكات سه‌ركرده‌یه‌كی باڵا و ده‌ست رۆیشتووی ناو بزووتنه‌وه‌و ماڕشاڵی سه‌ربازی ناوچه‌كه‌و رێكخه‌ری خۆپیشاندانه‌كه‌ش بوو، له‌ پڕ ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌ی گۆڕی و موجاهید ئاسا خۆی به‌ كۆمیته‌ی رێكخستنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندا كرد، له‌ چاوتروكانێكدا به‌رپرسی كۆمیته‌و چه‌ند كه‌سێك كه‌ ویستبوویان بێنه‌ پێشوازیان، له‌ناو حه‌وشه‌ی كۆمیته‌دا به‌ر رقی جیهادخوازی عه‌لی باپیر و شوێنكه‌وتووانی كه‌وتن.

له‌ (17) ی شوباتیش (عه‌دوانه‌كان) ی كورد بۆ پشتیوانی له‌ راپه‌ڕینی (ئیخوانه‌كان) ی عه‌ره‌ب له‌ سلێمانی خۆپیشاندانێكیان سازكرد، ئه‌و خۆپیشاندانه‌ش به‌ ئه‌نقه‌ست و به‌ مه‌به‌ستی سیاسی له‌به‌ر ده‌ركی سه‌راوه‌ شوێنگۆڕكێیان پێكردو وه‌ك ماره‌كه‌ی شێخ هۆمه‌ر له‌ ملی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستانیان هاڵاند، ئامانج له‌ پشتیوانی و هاوسۆزی بۆ ئیخوانه‌كانی تونس و میسر گۆڕا بۆ عه‌دوانی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ په‌لامار و به‌ردباران كردنی باره‌گای لق و هه‌ره‌شه‌ی كوشتن و درووشمی (ارحل) خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ی توند و تیژیدا برا.

له‌ رۆژی (2ــ1ــ2014) ش له‌ شاری سه‌یدسادق خۆپیشاندانێك سازكراو ئه‌ویش وه‌ك خۆپیشاندانه‌كانی رانیه‌و سلێمانی به‌ ئاراسته‌ی توند و تیژیدا برا، وه‌ك ئه‌وانیش خوێنی گه‌نجی كوردی تێدا رژا، لێره‌دا بۆ بنه‌بڕ كردنی ئه‌و كه‌لتووره‌ ناشارستانی و نادیموكراسییه‌ كه‌ ئێستاو ئاینده‌مانی خستۆته‌ ژێر پرسیار و پێكه‌وه‌ ژیانی سیاسی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیمان به‌ره‌و گێژاو ده‌بات، پێویسته‌ هه‌موومان به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و سێ پرسیاره‌ی خواره‌وه‌دا بگه‌ڕێین.

1ــ ئایا كه‌مته‌رخه‌می و گوێ نه‌گرتنی حكومه‌ت له‌ داواكاری خه‌ڵك خۆپیشاندانه‌كان به‌ ئاراسته‌ی توند و تیژی ده‌بات؟

2ــ ئایا باش به‌رێوه‌ نه‌بردنی خۆپیشاندانه‌كان و نه‌شاره‌زایی و بێئاگایی خه‌ڵكه‌ له‌ شێوازی داواكاری و به‌ دواداچوونی مافه‌كانیان؟

3ــ ئایا تێكه‌ڵ كردنی داواكاریه‌ سیاسی و حزبیه‌كان به‌ داواكاری خه‌ڵك هۆكارن بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و توند و تیژی؟

به‌ر له‌ هه‌موو شتێك خۆپیشاندان و داواكاری مافێكی سرووشتی و دیموكراسی تاك و كۆمه‌ڵه‌، ده‌بێ و پێویستیشه‌ رێز له‌ داواكاری خۆپیشانده‌ر بگیرێ و بۆ چاره‌سه‌ری گرفت و داواكاریه‌كان زه‌مینه‌ی لێكگه‌یشتن له‌ نێوان حكومه‌ت و خۆپیشانده‌ردا خۆش بكرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ هه‌موو جارێك مۆته‌كه‌ی توند و تیژی ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان و ده‌رفه‌ته‌كانی لێكگه‌یشتن به‌ ئاقاری نه‌خوازراو و كاره‌ساتباردا ده‌بات.

 جا ئه‌گه‌ر بۆ وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی ساڵی (1993) ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ سه‌رپه‌رشتی عه‌لی باپیر و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر كۆمیته‌ی رێكخستنی یه‌كێتی له‌ رانیه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بڵێن كه‌ كۆمیته‌ فه‌رمانگه‌ی حكومه‌ت نه‌بوو تا داواكاری خه‌ڵكی ئاراسته‌ بكرێ، ده‌ست پێشخه‌ری توندوتیژیشی نه‌كردبوو تا به‌ر پاكتاوی فتوای جیهادی بكه‌ون، خۆ ناكرێ بڵێن: خۆپیشاندانی (17) ی شوبات و ئامانج و شوێن گۆڕین و په‌لاماردانی لقی چوار، بۆ چاكسازی و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بوو! ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بووبێ، خۆ لقی چوار نه‌ بینای پارێزگارو نه‌ شاره‌وانی نه‌ پۆلیسخانه‌و نه‌ باره‌گای ئاساییش بوو! جگه‌ له‌وه‌ش لقی چوار ده‌ستدرێژكار نه‌بوو، ده‌ستدرێژكراوه‌ سه‌ربوو، خۆپیشاندانه‌كه‌ی سه‌یدسادقیش بۆ هه‌ر ئامانجێك بووبێ ده‌كرا به‌و ئاراسته‌یه‌دا نه‌برێ و ئه‌و گه‌نجه‌ش خوێنی نه‌ڕژێ و پۆلیس و خۆپیشانده‌ر نه‌كه‌ونه‌ وێزه‌ی یه‌كتری، بۆیه‌ ناكرێ كه‌مته‌رخه‌می و گوێ نه‌گرتنی حكومه‌ت له‌ خواست و داواكاری خۆپیشانده‌ران هۆكاری توند و تیژیه‌كان بن.

بۆ وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌میش ده‌كرێ به‌شێكی كه‌می توند و تیژیه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌ باش به‌رێوه‌ نه‌بردنی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ هه‌بێ، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ روونی هه‌ستی پێده‌كرێ له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا خواست و داواكاری خۆپیشانده‌ران ده‌كرێته‌ ده‌ستمایه‌ی سیاسی و هه‌ندێ لایه‌نی دیاریكراو شه‌ڕی ده‌ستكه‌وتی حزبیان پێده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ خۆپیشانده‌ران داخوازیه‌كانیان له‌ شه‌ڕی درووشم و به‌ڵای حزبی بپارێزن و خۆیان خاوه‌نی خۆیان بن.

كورد ده‌ڵێ: خه‌تی خوار له‌بن سه‌ری گای پیر دایه‌، كۆی توندوتیژیه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانیش له‌ وه‌ڵامی پرسیاری سێیه‌مدا ده‌بینرێنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر كاتێ هاوڵاتیان له‌ شوێنێك بۆ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی یان گه‌یاندنی داواكاریه‌كانیان گردبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وا هه‌ندێ حزبی دیاریكراو بۆ تێكه‌ڵكردنی ئامانجه‌ سیاسییه‌كانیان به‌ داواكاری خه‌ڵك كادیره‌ شاراوه‌و ده‌مامكداره‌كان ده‌خزێننه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و هه‌وڵی به‌ لارێدا بردنی خۆپیشاندانه‌كان ده‌ده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ر ئه‌و حزبه‌ دیاریكراوانه‌ له‌ رێگای كه‌ناڵ و میدیاكانیانه‌وه‌ كار له‌سه‌ر بره‌ودان به‌ توند و تیژی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی (17) ی شوبات وه‌ك نموونه‌ وه‌ربگرین، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ كادیره‌ ده‌مامكدار و شاراوه‌كانی حزبن خۆپیشاندانه‌كان به‌ ئاراسته‌ی توند و تیژی و خوێن ڕشتندا ده‌به‌ن.

+ له‌به‌ر ده‌ركی سه‌را ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبێكی ئیسلامی وه‌ك خۆپیشانده‌ر ده‌رده‌كه‌وت و فتوای جیهادی ده‌دا، گه‌نجی كوردی پڕ ده‌كرد له‌ رق و به‌ره‌و مه‌نزڵگای توندوتیژی دنه‌ی ده‌دان، هه‌ڵمژینی بۆن و به‌رامه‌ی كیمیایی عه‌لی كیمیایی پێ خۆشتر بوو له‌ بۆن و به‌رامه‌ی ئه‌و ئازادیه‌ی كه‌ هه‌زاران گه‌نج و لاوی كورد گیانی خۆیان له‌ پێناویدا به‌خشی.

+ راوێژكاری باڵاترین سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ترین حزبی ئۆپۆزسیۆن وه‌ك راوێژكاری خۆپیشانده‌ران ده‌دوا و به‌ده‌م زه‌رده‌خه‌نه‌ی گاڵته‌جاڕیه‌وه‌ (الله‌ اكبر) ی بۆ گێره‌شێوێنان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌م راوێژكاره‌ له‌ خۆرادیوه‌ له‌ چه‌ند چركه‌یه‌كدا گێره‌شێوێنی ده‌گۆڕی به‌ خۆپیشانده‌ری ماف زه‌وتكراو.

+ مامۆستای زانكۆی ناخ پڕ له‌ خواستی حزبی به‌ دێوجامه‌ی بێلایه‌نیه‌وه‌ دزه‌ ده‌كاته‌ ناو خۆپیشاده‌ران و داواكاریه‌ ره‌واكانیان له‌ ململانێ حزبیه‌كاندا ده‌كاته‌ ده‌ستكه‌لای سیاسی، له‌ لێدوان و ده‌ركه‌وتنی شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كان سه‌ربه‌خۆ و له‌ كۆنگره‌ له‌ ریزی پێش و بۆ هه‌ڵبژاردن سه‌رلیست و سه‌ر به‌ حزبه‌، ئایا له‌ په‌رۆشی خه‌ڵك ئه‌و فێڵه‌ی كردووه‌ یان له‌ خه‌می حزب؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ خوێنه‌ر جێدێڵین.

+ ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی توند و تیژخوازی حزبێكی تری ئیسلامی به‌رده‌وام به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێ له‌ هه‌ر خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌یه‌كدا پشكی سیاسی بۆ حزبه‌كه‌ی وه‌ربگرێ، به‌ نه‌فه‌سی ئیسلامی سیاسی خۆپیشاندانه‌ دیموكراسییه‌كان به‌ ئاراسته‌ی گرژی و توند و تیژیدا ده‌جووڵێنێ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هاتوهاواری ئه‌و میدیایانه‌ی كه‌ له‌ فه‌زای دیموكراسی و به‌ناوی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی هه‌ندێ لایه‌ن تۆمه‌ت بۆ هه‌ندێ لایه‌نی تر هه‌ڵده‌به‌ستن، به‌ درێژایی ئه‌و دوو مانگ و دوو رۆژه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی (17) ی شوبات، شه‌وانه‌ له‌ مه‌كۆ و باره‌گا حزبیه‌كان به‌رنامه‌ بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر شوێنه‌ دیاریكراوه‌كان داده‌نرا، یان دوای نوێژی ناو كۆڵان و سه‌ر شه‌قام به‌ مل بادان ئاماژه‌ بۆ نانه‌وه‌ی ئاشووب و توند و تیژی ده‌كرا، لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌وه‌ی سه‌یدسادقیشه‌وه‌، یان به‌ دنه‌و هاندانی حزبی ساز كراون، یان ئه‌وه‌تا هه‌ندێ حزب به‌ به‌رنامه‌و له‌ رێگای كادیره‌ ده‌مامكدار و ئاماده‌كراوه‌كان دزه‌یان كردۆته‌ ناو خۆپیشانده‌ران و بۆ مه‌رامی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆپیشاندانه‌كانیان به‌ ئاراسته‌ی توند و تیژیاندا بردوون.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Go to top