We have 178 guests and no members online

له‌ یادمه‌ مارگرێت تاتچه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری به‌ریتانیا كه‌ به‌ ژنه‌ ئاسنه‌كه‌ ناسراوه‌، له‌ دوای ته‌واو بوونی ماوه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ له‌ سمینارێكدا پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی وه‌رگرتووه‌، باش له‌ یادم نه‌ماوه‌ بڕی پاره‌كه‌ چه‌ند بوو، به‌ڵا ئه‌وه‌ی له‌ یادم ماوه‌ بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك بڕی (50) په‌نجا دۆلار و بۆ هه‌ر پیتێك بڕی (5) پێنج دۆلاری وه‌رگرتبوو، په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ رۆژی (21) ی ئه‌یلوله‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ دانیشتنێكی (30) خوله‌كی ئه‌نجام داوه‌، كه‌ دانیشتنی سوێند خواردن بووه‌و بڕیاریشه‌ تا 1ــ3ــ2014 له‌ پشووی زستانه‌دابێ، جا ئه‌گه‌ر به‌ زمانی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵحی په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بدوێم، تا ته‌واو بوونی پشووی زستانه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتارێك به‌ (30) خوله‌ك دانیشتن له‌سه‌ر كورسی خه‌زنه‌ موچه‌ی پێنج مانگ وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر موچه‌ی مانگێكی په‌رله‌مانتار (6000000) شه‌ش ملیۆن دینار بێ، ئه‌وا موچه‌ی پێنج مانگی په‌رله‌مانتارێك ده‌كاته‌ (30000000) سی ملیۆن دینار، كه‌واته‌ بۆ هه‌ر خوله‌كێك دانیشتن (1000000) یه‌ك ملیۆن دیناریان وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ نرخی رۆژ دیناره‌كه‌ به‌ دۆلار بشكێنینه‌وه‌، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بۆ خوله‌كێك دانیشتن به‌ لانی كه‌م بڕی (800) دۆلاری وه‌رگرتووه‌، له‌ كاتێكدا ژنه‌ ئاسنینه‌كه‌ی به‌ریتانیا بۆ هه‌ر خوله‌كێك (50) دۆلاری وه‌رگرتووه‌، ئه‌گه‌ر (30) خوله‌كه‌كه‌ بكه‌ین به‌ چركه‌ ئه‌وا په‌رله‌مانی كوردستان ماوه‌ی (1800) چركه‌ دانیشتوون، ئه‌گه‌ر (30000000) سی ملیۆن دیناری موچه‌ی پێنج مانگه‌كه‌ دابه‌شی چركه‌كانی دانیشتن بكه‌ین، ئه‌وا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بۆ چركه‌یه‌ك دانیشتن بڕی (16666) شازده‌ هه‌زار و شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌ش دینار و قسووری وه‌رگرتووه‌، به‌ دۆلاریش هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بۆ چركه‌یه‌ك دانیشتن یان راستتر بڵێم بۆ چركه‌یه‌ك پاڵدانه‌وه‌ بڕی (13) سێزده‌ دۆلار و (63) شه‌ست و سێ سه‌نتی وه‌رگرتووه‌، جا ئه‌گه‌ر به‌ریتانیه‌كان شانازی به‌وه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ژنه‌ ئاسنینه‌كه‌یان بۆ ده‌ربڕینی وشه‌یه‌ك بڕی (50) په‌نجا دۆلار و بۆ پیتێكیش (5) دۆلاری وه‌رگرتبێ، بۆ ده‌بێ ئێمه‌ی كوردیش شانازی به‌ په‌رله‌مانتاره‌ گۆڕانخواز و ئابووریناسه‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ نه‌كه‌ین، كه‌ بۆ خوله‌كێك دانیشتن (800) هه‌شت سه‌د دۆلار و بۆ چركه‌یه‌كیش بڕی (13) دۆلار و وه‌ك گوتم خورده‌یه‌كیشی وه‌رگرتووه‌، تا ئێره‌ پێم وانییه‌ هه‌ڵه‌م كردبێ، به‌ڵام نازانم ئه‌و (800) دۆلاره‌ی بۆ خوله‌كێك دانیشتن وه‌ریگرتووه‌، موچه‌ی چه‌ند مانگی فه‌رمانبه‌رێكه‌؟؟؟

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

Go to top