We have 42 guests and no members online

بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن

داگیركارانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بره‌و به‌ سیاسه‌تی داگیركاری بده‌ن و بتوانن وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ناو گه‌مه‌ موخابه‌راتیه‌كاندا ده‌ستی ده‌ستی پێبكه‌ن، هه‌وڵیانداوه‌ له‌ رێگای شێواندنی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورده‌وه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بوون له‌ جووڵانه‌وه‌و شۆڕشه‌كانی بدزن، سه‌ركه‌وتنی خۆشیان له‌وه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه‌ به‌رگی ناوچه‌گه‌رایی به‌به‌ر راپه‌رینه‌كانیدا بكه‌ن و له‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوی جوگرافیدا گه‌مارۆیان بده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خۆیان مێژوویان بۆ نووسیوه‌ته‌وه‌و جارێك به‌ تورك و جارێك به‌ فارس و جارێك به‌ عه‌ره‌ب كراوه‌، شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانیشی به‌ چه‌ته‌گه‌ری و به‌كرێگیراوی ئێره‌و ئه‌وێ و یاخی بوو ناوبراون، ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌كی وردیش بۆ مێژووی سه‌ده‌ی رابردوو بكه‌ین له‌و راستییه‌ ده‌گه‌ین كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مێژووه‌ درووسته‌ی پشتی به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كان به‌ستووه‌، دوو ئاراسته‌ی تری مێژوو ده‌رده‌كه‌ون، یه‌كه‌میان ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌ به‌ رێنمایی موخابه‌راتی داگیركارانی كوردستان نوسراوه‌ته‌وه‌، (عیرفان قانعی فه‌رد) و (عیسا پژمان) و زۆرێك ویژدان فرۆش و قه‌ڵه‌م رستكراوی تر نموونه‌ی زیندووی ئه‌و مێژوونووسانه‌ن كه‌ به‌ پیلانی موخابه‌راتی داگیركارانی كوردستان هه‌ڵسووڕاون و خواست و حه‌زی شۆڤێنی ئه‌وانیان به‌ مێژوو كردووه‌، دووه‌میشیان ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌ له‌ژێر گوشاری سیاسی و به‌ مه‌به‌ستی تۆڵه‌ كردنه‌وه‌و رشتنی رق نووسراوه‌، كتێبه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاش نموونه‌ی ئه‌و چه‌واشه‌كاری و رقنامه‌و هه‌ڵپه‌ی ئه‌و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌یه‌ن كه‌ له‌ داهاتوودا بۆ مێژووه‌ موخابه‌راتیه‌كه‌ی (عیرفان قانعی فه‌رد) و (عیسا پژمان) و هاوبیچمه‌كانیان ده‌بنه‌ پاڵپشت و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

عیرفان قانعی فه‌رد له‌ نووسینه‌كانیدا پشتی به‌ سه‌رچاوه‌ موخابه‌راتیه‌كانی داگیركارانی كوردستان و كه‌سانی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ شۆڕش به‌ستووه‌، عیسا پژمانیش له‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا لایه‌كی شۆڕشی خسته‌ ناو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ی موخابه‌رات و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كردنه‌ مه‌زه‌ی سه‌ر مێزی ئاڵوگۆڕی پیلانی داگیركارانی كوردستان، ئه‌گه‌ر عیرفان قانعی فه‌رد و عیسا پژمان قه‌ڵه‌م فرۆشیان كردبێ و به‌ چاویلكه‌ی موخابه‌رات له‌ مێژووی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كوردیان روانیبێ، ئه‌وا نه‌وشیروان مسته‌فاش به‌ ئێڵنجی رق به‌سه‌ر راستییه‌ مێژووییه‌كاندا رشاوه‌ته‌وه‌و چه‌واشه‌كاریه‌كانی له‌ هی ئه‌وان مه‌ترسیدارتره‌، ئێستا و ئه‌وكاتیش ئه‌گه‌ر بۆی كرابێ هه‌وڵیداوه‌ چی جوانی و پیرۆزی و سه‌روه‌ری مێژوویی هه‌یه‌ له‌ روانینه‌ سیاسییه‌كانی خۆیدا كۆیان بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی بۆ نه‌كرابێ مێژووی رقشۆر كردووه‌و له‌ تاقیگه‌ی تۆڵه‌دا پشكنینی بۆ رووداوه‌كان كردووه‌، بۆیه‌ ده‌بینین له‌و شوێنانه‌ی كه‌ خۆی شه‌رم له‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانی و كرده‌ شه‌ڕانگێزیه‌كانی ده‌كات، بۆ شێواندنی مێژوو خۆی بێلایه‌ن نیشان داوه‌، واتا ئه‌گه‌ر خۆی پێ جوان نه‌كرابێ كاری له‌سه‌ر ناشیرین كردنی جوانیه‌كانی خه‌ڵك كردووه‌. جا بۆ ئه‌وه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی كورد له‌ شه‌ڕی چه‌واشه‌كاری نه‌وشیروان مسته‌فاییه‌كان و به‌ڵای موخابه‌راتچیه‌كانی وه‌ك عیرفان قانعی فه‌رد و عیسا پژمان لایه‌نی براوه‌و سه‌ركه‌وتووبێ، پێویسته‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا وێستگه‌ گرنگه‌كانی مێژوو به‌ دیكۆمێنت بكرێن.

هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ راستگۆیی و دوور له‌ هه‌ر چه‌واشه‌كاری و بوغز و كینه‌یه‌كی سیاسی سه‌روه‌ریه‌كان و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌كان وه‌ك خۆی بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو نه‌گوازێته‌وه‌و قه‌ڵه‌مه‌ گوماناویه‌كان له‌ قاو نه‌دات، توانای پاراستنی سه‌روه‌ریه‌كان و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی نابێت، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كیش سه‌روه‌ریه‌كان نه‌پارێزێ و هه‌ڵه‌كانی مێژوو راست نه‌كاته‌وه‌، ناتوانێ ناو ماڵی خۆی به‌ شێوه‌یه‌ك رێكبخات كه‌ له‌ ئاستی به‌ گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م و بنبڕكردنی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا بێت، ئه‌وه‌تا ده‌بینین گه‌لان له‌ رێگای فیلم و به‌ دیكۆمێنت كردنی رووداوه‌كان به‌ جوانكارییه‌كی زۆره‌وه‌ مێژووی خۆیان به‌ گه‌لانی تر ده‌ناسێنن، كه‌چی له‌ناو كورددا كه‌س و گرووپی گوماناوی و ده‌ست له‌ پشت دراوی وا په‌یدا بوون تفی رووه‌و با ده‌هاوێژن، له‌ درزی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی بۆ داهاتووی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕوانن و وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ شرۆڤه‌ی مێژوو ده‌كه‌ن، به‌رماوه‌ی سه‌ر سفره‌ی عیرفان قانعی فه‌رد و عیسا پژمان ده‌چننه‌وه‌و له‌ گۆماوی نه‌وشیروان مسته‌فادا ئاوی گه‌وجاندنی هزر و بیری كوردایه‌تی و چه‌واشه‌كردنی مێژوو ده‌خۆنه‌وه‌، وه‌ك رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و له‌ پڕ ده‌سرۆكه‌ی سه‌رچۆپی هه‌ڵپه‌ڕكێی حزبی راده‌وه‌شێنن، به‌ رووه‌ موخابه‌راتیه‌كه‌دا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و له‌ تاریكایی ملكه‌چی بڕیاری حزب و له‌ رووناكاییش نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و مامۆستای زانكۆ و رۆشنبیری بێلایه‌نن، ئه‌وانه‌ ره‌وشت قڕژاڵین و به‌ دوو سه‌ره‌ ده‌ڕۆن، به‌پێی كات و شوێن خۆیان ده‌گۆڕن و به‌ ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن، بێ گوێدانه‌ به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ سووكه‌ مه‌رامێكی سیاسی دزه‌ ده‌كه‌نه‌ ناو داواكاری خه‌ڵك و دنه‌ی شه‌قام ده‌ده‌ن و كلتووری توند و تیژی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ ناو هێنانی ره‌مزه‌ مێژووییه‌كانیش قه‌ڵس ده‌بن و چاویان ده‌چێته‌ پشتی سه‌ریان، خۆیان له‌ ئێستا لووته‌لا ده‌كه‌ن و شه‌ڕ به‌ داهاتوو ده‌فرۆشن.

كورد له‌ نووسینه‌وه‌و به‌ دیكۆمێنت كردنی مێژووی خۆیدا زۆر له‌ دواوه‌یه‌، گه‌لانی دونیا له‌ خواره‌وه‌ مێژووی خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌ڵوێست و كرداری گه‌وره‌ پیاو و ناودارانیان ده‌كه‌نه‌ به‌شێك له‌ شانازییه‌كانی مێژوو، كه‌چی سیاسییه‌كانی ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ مێژوو خورد ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ ئاراسته‌ی به‌ پاڵه‌وان بوونی خۆیاندا ده‌ینووسنه‌وه‌، مێژوونووسه‌ بێگانه‌كان جگه‌ له‌ مێژوونووسانی تورك و فارس و عه‌ره‌ب له‌ به‌ناو مێژوونووسی وه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا راستگۆیانه‌تر مێژووی كوردیان نووسیوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر كتێب و نووسینه‌كانی نووسه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی (كریس كوچێرا) له‌گه‌ڵ نووسینی زۆرێك له‌ نووسه‌ر و سیاسییه‌كانی خۆمان به‌راورد بكه‌ین، هه‌ست ده‌كه‌ین به‌ ده‌ستی خۆمان مێژووی خۆمان ئه‌تك كردووه‌، ده‌زانین چ خه‌تایه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ مێژووی رزگاریخوازی كورد و چ سووكایه‌تیه‌ك به‌ بوونی نه‌ته‌وه‌ییمان كراوه‌، ئه‌گه‌ر به‌ دیقه‌ته‌وه‌ له‌ مێژووه‌ موخابه‌راتیه‌كه‌ی عیرفان قانعی فه‌رد و عیسا پژمان و كتێب و نووسینه‌ نیمچه‌ موخابه‌راتیه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ورد بینه‌وه‌، هه‌ست به‌و راستییه‌ ده‌كه‌ین كه‌ گه‌وره‌ترین ره‌مزی نه‌ته‌وه‌یی و وێستگه‌ گرنگه‌كانی مێژوو به‌ ئامانج گیراون، ئه‌وانیش بارزانی نه‌مر و ئه‌و وێستگه‌ مێژووییانه‌ن كه‌ بوونه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌ییمان، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موومان ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین و به‌ دوای وه‌ڵامه‌كه‌شیدا بگه‌ڕێین، بۆچی هێرشه‌ موخابه‌راتیه‌كانی عیرفان قانعی فه‌رد و عیسا پژمان و چه‌واشه‌كاریه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ئاراسته‌ی بارزانی نه‌مر و وێستگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی مێژوو كراون؟

گومان له‌وه‌دا نییه‌ ده‌ركه‌وتنی بارزانی نه‌مر وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو له‌ خه‌باتی رزگاریخوازی كوردستاندا، بۆ كورد پێشه‌نگی ده‌رچوون له‌ قه‌یرانی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ دوژمنانیش مایه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوو، هه‌ڵوێستی سنوورشكێن و گواستنه‌وه‌ی خه‌بات له‌ نێوان پارچه‌كانی كوردستان و به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی داگیركاری و به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كان، سه‌ره‌تای نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ بوون كه‌ دوژمنانی كورد چاویان پێی هه‌ڵنه‌ده‌هات، دوژمنان كه‌ تا ئه‌وكات هێزی نه‌ته‌وه‌ییان به‌ شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كورده‌وه‌ نه‌دیبوو، شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی بارزانی نه‌مر و ده‌ستپێكی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ كاردانه‌وه‌ی توندیان هه‌بێت، بۆیه‌ چ له‌ رێگای هاوپه‌یمانێتی چه‌ند قۆڵی و چ به‌ هێزی سه‌ربازی و چ له‌ رێگای گه‌له‌كۆمه‌ی موخابه‌راتیه‌وه‌، كه‌وتنه‌ پیلانگێڕی و پێشگرتن به‌و ره‌وته‌ نیشتیمانیه‌ی كه‌ كورد له‌ پارچه‌كانی تری كوردستانیش به‌ ئومێده‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانی، بۆیه‌ ده‌ڵێم، بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

Go to top