We have 69 guests and no members online

بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕبنی لاوكی نه‌ته‌وه‌یی، كه‌ڕه‌كان نایبستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

ئه‌گه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ یان چه‌واشه‌كردنی راستییه‌ مێژووییه‌كان خه‌تا و تاوان بێ به‌رامبه‌ر به‌ خوێن و خه‌بات شه‌ونخوونی نه‌وه‌كانی رابردوو، ئه‌وا بێده‌نگی و چاوپۆشی كردن له‌ به‌ دیكۆمێنت كردن و راستنه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان، خه‌تا و تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ به‌دحاڵی بوونی نه‌وه‌كانی ئێستا و هه‌ر گیروگرفتێك كه‌ ببێیته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م خواستی نه‌وه‌كانی داهاتوو، چونكه‌ پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردوو ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستای بپارێزێ، به‌بێ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و رێز گرتن و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانیش مه‌حاڵه‌ به‌ ئامانجه‌كانی داهاتووی بگات، ئه‌گه‌ر ژیان و خه‌بات و سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌بینی بارزانی نه‌مر له‌ چرای ئه‌و راستییه‌ بده‌ین، تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی مێژووه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و له‌ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانیشه‌وه‌ بۆ داهاتووی روانیوه‌.

ئه‌گه‌ر چاوێك به‌ هه‌ڵه‌كانی مێژوودا بگێڕینه‌وه‌ ده‌بینین گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی رابردوومان خولانه‌وه‌ بووه‌ له‌ بازنه‌ی به‌دیهێنانی ئامانجی ناوچه‌گه‌رایی و پابه‌ندبوون به‌ سیاسه‌تی عه‌شیره‌تپارێزی، ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووییانه‌ به‌رده‌وام بوون تا ده‌ركه‌وتنی بارزانی نه‌مر، بۆیه‌ ده‌كرێ بارزانی نه‌مر به‌و سه‌ركرده‌و پێشه‌وا نه‌ته‌وه‌ییه‌ ناو به‌رین كه‌ بۆ یه‌كه‌محار په‌نجه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خسته‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵانه‌و به‌ هه‌ڵوێست و خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییش كاری له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌یان ده‌كرد.

به‌ر له‌ ده‌ركه‌وتنی بارزانی نه‌مر كورد له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان به‌ فۆنتی ئه‌و واقیعه‌ سیاسیه‌ مێژووی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی ده‌نووسیه‌وه‌ كه‌ داگیركاران و دوژمنان له‌ دابه‌شكردنی كوردستاندا نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو، له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌كیش جارێكیتر فۆنته‌كه‌ ده‌گۆڕا بۆ فۆنتی ناوچه‌گه‌رایی و عه‌شیره‌تپارێزی، بارزانی نه‌مر له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوودا هه‌موو ئه‌و فۆنتانه‌ی گۆڕین بۆ فۆنتی نه‌ته‌وه‌یی، به‌و دوو به‌ڵگه‌یه‌ش ده‌توانین ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ پشت راست بكه‌ینه‌وه‌.

یه‌كه‌م:ــ بارزانی نه‌مر له‌ تێكشكاندنی ئه‌و واقیعه‌ سیاسیه‌ سه‌پێنراوه‌وه‌ ده‌ستی بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی نه‌ته‌وه‌یی برد كه‌ داگیركارانی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ر جموجۆلێكی سیاسی یان شۆڕشگێڕی به‌ هێڵی سووریان داده‌نا، ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه‌ سیاسیه‌و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ سنوور شكێنیه‌ی له‌ چوونی بۆ هاوكاری شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران له‌ باكووری كوردستان و ئه‌و پشتیوانیه‌ به‌رچاو و مێژووییه‌ی له‌ كۆماری كوردستانی كرد ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ: كه‌ بیركردنه‌وه‌و سیاسه‌تبینی بارزانی نه‌مر له‌ بیركردنه‌وه‌و سیاسه‌تبینی حزب گه‌وره‌تر بووه‌، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ بارزانی نه‌مر سه‌رۆكی هیچ حزب و رێكخراوێكی سیاسی نه‌بوو، تا بڵێین له‌ ژێر كارگه‌ری سیاسه‌تی حزبدا ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی نواندوون، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ سنوور شكێنیه‌ی ئه‌وكات بۆ دوژمنان بووه‌ جێگای سه‌رنج و دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ده‌یه‌و ئه‌و گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیشدا هاتووه‌، بۆ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌و سیاسییه‌ زۆر خۆ به‌ زل زانه‌كانی ئێستای كوردیش مایه‌ی سه‌ر راوه‌شاندنه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌بات و هه‌ڵوێستی بارزانی نه‌مر له‌ گۆشه‌نیگای حزبییه‌وه‌ ببینین، هه‌م غه‌ری لێده‌كه‌ین و هه‌م مێژووش چه‌واشه‌ ده‌كه‌ین.

دووه‌م:ــ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌م له‌ رووی سیاسی و هه‌م له‌ رووی سه‌ربازی و هه‌م له‌ رووی كاری رێكخراوه‌ییش وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو، كه‌ ده‌ڵێم: له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ وه‌رچه‌خان بوو، به‌ر له‌ دامه‌راندنی پارتی حزب و رێكخراوه‌ كوردیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵگری خواست و ئامانجی ناوچه‌یی بوون، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵگری خواست و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوون، هه‌ر بۆیه‌ش نه‌یانده‌توانی به‌ كوردستانی ببن و كارو چالاكیان له‌ شارێك یان ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا سنووردار ده‌كرا، بارزانی نه‌مر به‌ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان نه‌خشه‌ی بۆ یه‌كخستنی گوتار و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی كێشاو توانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ناو سیاسه‌تی كوردی راستبكاته‌وه‌.

گومان له‌وه‌دا نییه‌ بتوانرێ به‌بێ بوونی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هێزی نه‌ته‌وه‌یی پێكبهێنرێ، پێشتر باسمان له‌وه‌ كرد، كورد له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو زوڵم و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی به‌ درێژایی مێژوو له‌سه‌ری بووه‌، به‌ڵام خاوه‌نی گوتار و هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌، چۆن سیاسه‌تی ناوچه‌گه‌رایی كردووه‌، هێزه‌كه‌شی ره‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌ت كردنی بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بارزانی نه‌مر كه‌ خۆی هه‌ڵگری خه‌سڵه‌ت و بیری نه‌ته‌وه‌یی بوو، پارتیشی به‌ هه‌مان خه‌سڵه‌ت و بیری نه‌ته‌وه‌یی هێنایه‌ ناو كایه‌ سیاسییه‌كان، به‌وه‌ش توانی كۆتایی به‌ سیاسه‌تی ناوچه‌گه‌رایی بێنێ و پارتی بكاته‌ ئه‌و مینبه‌ره‌ی كه‌ ده‌نگ و ره‌نگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ناودا كۆببنه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول هێزه‌ عه‌شایر و ناوچه‌ییه‌كان به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ناو ئه‌و هێزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا ده‌توانه‌وه‌كه‌ بۆ یه‌ك ئامانج ده‌جه‌نگان و فه‌رمانیان له‌ یه‌ك ده‌زگای دیاریكراو وه‌رده‌گرت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌نج و تێرامانه‌ دوای چه‌ندین ده‌یه‌ له‌ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووییانه‌، ده‌سته‌و گرووپی چه‌واشه‌كاری وا كورتبین درووست بوون كه‌ هه‌ڵه‌كانی ناوچه‌گه‌رایی و عه‌شیره‌تپارێزی له‌ فۆرمی شارچێتیدا دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

بارزانی نه‌مر له‌ گۆشه‌نیگای یه‌كخستنی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ بۆ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕوانی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ تێكشكاندنی كه‌لتووری ناوچه‌گه‌رایی و عه‌شیره‌تپارێزیه‌وه‌ ده‌ستی بۆ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردوو و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستا برد، بۆ ئامانجه‌كانی داهاتووش هه‌وڵیدا وزه‌ی بیر و جه‌سته‌یی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان له‌ناو كارنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییدا رێبكخات، دیاره‌ قوتابیان و لاوان و مامۆستایان و سه‌رجه‌م توێژه‌كانی تر شوێن په‌نجه‌یان به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاوه‌ دیاره‌، كوردیش وه‌ك گه‌لێكی ژێرده‌سته‌و چه‌وساوه‌ زیاتر پێویستی به‌ هێز و تواناكانی ئه‌و توێژانه‌ هه‌بوو، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر ئه‌رك و كارنامه‌ی خه‌باتی بۆ دیاریكردبوو، بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ تواناكانی ئه‌و توێژانه‌و زیاتر به‌هێز كردنی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی به‌ پێویستی زانی هه‌ر توێژه‌و له‌ رێكخراوێكی پیشه‌یی تایبه‌ت به‌ خۆی كۆبكرێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و توێژانه‌ جیا له‌وه‌ی له‌ناو شۆڕش و له‌كاتی پێویستدا وه‌ك شۆڕشگێڕ ده‌رده‌كه‌ون، ده‌كرێ به‌دیهێنانی خواست و داواكانی خۆشیان بكه‌ن به‌ به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانی شۆڕش، كورد ده‌ڵێ: قه‌دری زێڕ لای زێڕه‌نگره‌، قه‌دری ئه‌و توێژانه‌ش له‌ سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌بینی و بیری پێشكه‌وتنخوازی بارزانی نه‌مردا ره‌نگی دابۆوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش قوتابیانی به‌ سه‌ری رمی شۆڕش و لاوانی به‌ شووره‌ی پۆڵایین ناو بردوون، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا به‌ر له‌ ده‌ركه‌وتنی بارزانی نه‌مر و دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌موو ئه‌و توێژانه‌ له‌ناو سیاسه‌تی ناوچه‌گه‌رایی و كه‌لتووری عه‌شیره‌تخوازیدا خۆیان ونكردبوو، بۆیه‌ راستیم گوتووه‌ كه‌ ده‌ڵێم: بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، 

Go to top