We have 88 guests and no members online

بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر له‌ ناودار و گه‌وره‌ پیاوانی جیهان جیاده‌كاته‌وه‌ بوونی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌ڵگری یه‌كێك یان دوان له‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ بێ به‌ ناودار و گه‌وره‌پیاو ناو ده‌برێ، به‌ڵام بارزانی نه‌مر وه‌ك ناودار و گه‌وره‌ پیاوی كورد كۆی خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیه‌ جوانه‌كان له‌ هه‌ڵوێستیدا به‌رجه‌سته‌ بوون و له‌ ئاكار و ره‌وشتیدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌نده‌ی دوژمنان هه‌وڵیانداوه‌ بارزانی نه‌مر بناسن ئێمه‌ی كورد ئه‌ونده‌ به‌دوای ناسینیدا نه‌گه‌ڕاوین، ئه‌وه‌تا ئێرانیه‌كان له‌كاتی دادگایی كردنی پێشه‌وا قازیدا چه‌ند پێداگری له‌سه‌ر ناسینی ده‌كه‌ن، دوای پێداگریه‌كی زۆر پێشه‌وا قازی ده‌ڵێ: (نه‌ من و نه‌ كه‌س ناتوانێ بارزانی وه‌ك خۆی به‌ ئێوه‌ بناسێنێ) دواتر پێشه‌وا قازی به‌م شێوه‌یه‌ بارزانی نه‌مر به‌ ئێرانیه‌كان ده‌ناسێنێ و ده‌ڵێ: (ته‌نیا له‌ چه‌ند رسته‌یه‌كدا ده‌توانم بڵێم، ئه‌وه‌ی له‌ پیاوه‌تی و كه‌رامه‌ت و شه‌رافه‌ت و ئینسانیه‌ت و شه‌جاعه‌ت و نه‌به‌زی و سه‌خاوه‌ت و نه‌ترسی، له‌ مێژوودا كه‌سانی مه‌زن بووبێتیان مه‌لا مسته‌فاش هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ی موسڵمانانی سه‌دری ئیسلام له‌ باوه‌ڕ و راستی و دڵسۆزی بۆ خواو ئایین و خه‌ڵكی هه‌ژار و داماوی میللت بوویانه‌، بارزانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێدایه‌) ئه‌و به‌دوادا گه‌ڕانه‌ی دوژمنان بۆ ناسینی بارزانی نه‌مر له‌ خۆشه‌ویستییه‌وه‌ نه‌بووه‌، له‌و هه‌ڵوێسته‌ شۆڕشگێڕی و رابوونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بووه‌ كه‌ وه‌ك ترسێك له‌سه‌ر دواڕۆژی خۆیان بینیوه‌، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ تامه‌زرۆیی دوژمنان بێ بۆ ناسینی بارزانی نه‌مر، ده‌بێ چه‌واشه‌كارانی مێژوو، یان ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌ر هۆكارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێباز و ره‌وشت و ئاكاری نه‌ته‌وه‌خوازی بارزانی نه‌مردا هه‌نگاو ده‌نێن، چ چێژێكی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرن؟!

سه‌روه‌ری و خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی بارزانی نه‌مر ئه‌وه‌نده‌ زۆرن له‌ ئه‌ژمار نایه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ زمانی به‌ڵگه‌ بدوێین و زۆر به‌ كورتی و له‌ چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌ بۆ هه‌ندێ له‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ بكه‌ین، تێده‌گه‌ین كه‌ بارزانی نه‌مر له‌ ناوداری و گه‌وره‌ییدا نه‌ك هه‌ر ناودار و گه‌وره‌ بووه‌، به‌ڵكو پێشه‌نگی ناودار و گه‌وره‌ پیاوانیش بووه‌.

1ــ بارزانی نه‌مر له‌ چه‌وسانه‌وه‌و ئێش و شازار و كوشتوبڕو پێشێل كردنی مافی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی و پیرۆزی مافه‌كانی مرۆڤی روانیوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین رابردووی پڕیه‌تی له‌ هه‌ڵوێستی به‌گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م و پاراستنی مافی مرڤی به‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆی زانیوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ به‌به‌رچاوی وڵاتانی خاوه‌ن هێزه‌وه‌ ئه‌رمه‌نیه‌كان بۆ جاری دووه‌م له‌ توركیا كه‌وتنه‌وه‌ به‌ر شاڵاوی كوشتار، بارزانی نه‌مر به‌ هێزێكه‌وه‌ چووه‌ هاوكاریان و (ئه‌ندانیك) پاشای ئه‌رمه‌نی و خێزانه‌كه‌ی و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی له‌ مه‌رگی حه‌تمی رزگار كردن و گه‌یاندنیه‌ سوریا، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی نه‌مر جیا له‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی مرۆڤ دۆستی بوو، ئه‌و هه‌ڵه‌ مێژووییه‌شی راستكرده‌وه‌ كه‌ عوسمانیه‌كان بۆ ناشیرن كردنی دۆزی ره‌وای كورد تاوانی كوشتاری یه‌كه‌می ئه‌رمه‌ونیه‌كانی له‌ ملی ئاڵاندبوو، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێ كه‌ ئێستاو دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ده‌یه‌و ده‌ركردنی چه‌ندین بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستن و رێزگرتن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ، به‌ڵام رۆژانه‌ به‌به‌ر چاومانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو نه‌ك هه‌ر پێشێلی مافه‌كانی مرڤ ده‌كرێ، به‌ڵكو له‌ چوارچێوه‌ی له‌ناوبردن و قڕكردنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و دین و ئه‌و مه‌زهه‌ب، پێشێلی به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی ده‌كرێ و بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش له‌ به‌سته‌ڵكی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌رخستنی هێزدا سڕ كراون، بۆیه‌ پێویسته‌ بپرسین: له‌ پاراستنی مافه‌كانی مرڤدا چ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان تێڕوانینی بارزانی نه‌مر و بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا هه‌یه‌؟ جیاوازیه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ بڕیاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ ئه‌قڵی پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات پێناسه‌ی بۆ مافه‌كانی مرۆڤی كردووه‌، له‌كاتێكدا بڕیاره‌كه‌ی بارزانی نه‌مر له‌ وێژدانێكی مرۆڤدۆستییه‌وه‌ بۆ مافه‌كانی مرۆڤی روانیوه‌.

هه‌ڵوێستێكی تری بارزانی نه‌مر كه‌ پێویسته‌ وه‌ك هه‌ڵوێستێكی مرۆڤ دۆستی ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین، له‌ دوای شكست خواردنی راپه‌ڕینی ئه‌فسه‌رانی خوراسان له‌ ئێران، چوار ئه‌فسه‌ر په‌نا دێننه‌ به‌ر كۆماره‌كه‌ی (جه‌عفه‌ر پیشه‌وه‌ری) له‌ ته‌ورێز، دوای شكست خواردنی كۆماری كوردستان و كۆماری ئازه‌ربایجان و هه‌ڵاتنی جه‌عفه‌ر پیشه‌وه‌ری، ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره‌ بۆ رزگار كردنی گیانی خۆیان په‌نا دێننه‌ به‌ر بارزانی نه‌مر، له‌ كاتێكدا له‌ چه‌ندین لاوه‌ بارزانی نه‌مر و بارزانیه‌كان هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگیان له‌سه‌ر بوو، كورد له‌ناو گێژاوی پیلانێكی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ نائومێدیه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی ده‌ڕوانی، به‌ڵام بارزانی نه‌مر بۆ خه‌ڵكی لێقه‌ماو ده‌بێته‌ په‌ناگه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ ده‌رده‌خات كه‌ بارزانی نه‌مر جیا له‌وه‌ی ناودار و گه‌وره‌ترین پیاوی كورده‌، ناودار و گه‌وره‌ پیاوی جیهانیشه‌.

2ــ نه‌ته‌وه‌په‌رستی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری دوو چه‌مكی جیاوازو دژ به‌یه‌كن، به‌ڵام زۆر جاران بۆ مه‌به‌ستی سیاسی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ تێكه‌ڵ به‌یه‌كتری ده‌كرێن، نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئه‌و ره‌وته‌ نامرۆڤانه‌یه‌ كه‌ ده‌رگا له‌به‌رده‌م كه‌سانی چاوچنۆك واڵا ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر حه‌سابی زه‌وتكردنی ئازادی و كۆمه‌ڵكوژی و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌كانی تر خواسته‌ سیاسی و شه‌ڕانگێزیه‌كانی خۆی تێر بكات. نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریش ئه‌و روانینه‌ مرۆڤانه‌یه‌ كه‌ گه‌لان له‌ ئازادی و بڕیاردانی مافی چاره‌نووس وه‌ك یه‌ك ده‌بینێ، واتا چۆن دیموكراتی و دیكتاتۆری دوو قوتابخانه‌ی جیاواز و دژ به‌یه‌كن، نه‌ته‌وه‌په‌رستی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریش دوو قوتابخانه‌ی جیاواز و دژ به‌یه‌كن، له‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستیدا نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ هه‌ن، كار به‌ یاسای هێز و چه‌وسانه‌وه‌ی لاواز ده‌كرێ و نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ ماف و ئازادیه‌كان بۆ نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ دیاریده‌كات، جا ئه‌گه‌ر له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و روونكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری بارزانی نه‌مر له‌ چرای راستییه‌كان بده‌ین، ده‌بینین كه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ره‌شه‌كانی نه‌ته‌وه‌په‌رستی هێزی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری وه‌رگرتووه‌، به‌رده‌وام جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ كورد دوژمنی تورك و فارس و عه‌ره‌ب نییه‌، ئه‌وه‌ی دوژمنی كورده‌ رژێمه‌ داگیركاره‌كانن كه‌ ماف و ئازادی نه‌ته‌وه‌یی به‌ كورد ره‌وا نابینن، هه‌ر له‌و رانگه‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی: (كورد سه‌پانی باوكی كه‌س نییه‌) ئه‌وه‌شی وه‌ك په‌یامێك بووه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كوردیان به‌ كه‌م سه‌یر كردووه‌، چونكه‌ له‌ بیر و فه‌لسه‌فه‌ی جیهانبینی بارزانی نه‌مردا هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان خاوه‌نی پیرۆزی و سه‌روه‌ری خۆیانن.

3ــ تێگه‌یشتنی بارزانی نه‌مر له‌ دیموكراتی جیاواز بووه‌ له‌ تێگه‌یشتنی زۆرێك له‌ كه‌سانی دیموكراتخواز و بریمه‌ندانی دیموكراتی، راسته‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات، یه‌كتری قبوڵ كردن و رێز گرتن له‌ رای به‌رامبه‌ر، تێركردنی ئاره‌زوه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵه‌ به‌ مه‌رجێ له‌سه‌ر حه‌سابی زه‌وتكردنی ئاره‌زووی خه‌ڵكی تر نه‌بێ، به‌ كورتی ئه‌وه‌ی بۆ خۆتی به‌ ره‌وا ده‌زانی بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌شتی به‌ ره‌وا بزانی، ئه‌وانه‌و زۆر خاڵی تر له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراتین، به‌ڵام ئه‌و بنه‌مایه‌ی بارزانی نه‌مر بۆ به‌هێز كردن و زیاتر جوان كردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی دایهێنا، هیچ دیموكراتخواز و بیرمه‌ندێك نه‌یوێراوه‌ خۆی له‌ قه‌ره‌بدات، لێره‌دا ده‌پرسم: كام دیموكراتخواز و كام بیرمه‌ند توانیویانه‌ وه‌ك بارزانی نه‌مر مه‌رگ و مردنیش بكه‌نه‌ بنه‌مای دیموكراتی؟ هه‌ر وه‌ك له‌م فه‌مووده‌یه‌یدا ئه‌و راستییه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كا و ده‌فه‌رموێ: (له‌ هێرش بردندا كه‌سم له‌ پێش نه‌بووه‌و له‌ پاشه‌كشه‌دا كه‌سم له‌ دوا نه‌بووه‌) هه‌موومان ده‌زانین كه‌ له‌ هێرش بردندا كه‌سانێ پێشه‌وه‌ له‌ مه‌رگ نزیكن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ پاشه‌كشه‌دا كه‌سانی دواوه‌ له‌ مه‌رگ نزیكتر ده‌بن، جا ئه‌گه‌ر دیموكراتی پێوه‌ربێ بۆ ناوداری و گه‌وره‌یی مرۆڤ، كێ له‌ بارزانی نه‌مر ناودارتر و گه‌وره‌تره‌؟ ئه‌وه‌تا ده‌بینین بۆ مه‌رگیش نه‌ك خۆی جیا نه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵكو شوێنی نزیكه‌ مه‌رگی بۆ خۆی داناوه‌، بۆیه‌ لێره‌دا ده‌ڵێم: دیموكراسی به‌و هه‌ڵوێسته‌و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌چه‌سپێ، نه‌ك به‌ درووشم و بانگه‌شه‌و هات و هاواری فریوده‌ر.

4ــ نازانم له‌ هه‌ڵوێسه‌كانی بارزانی نه‌مردا بۆ دۆزینه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بگه‌ڕێم! یان له‌ جوانیه‌كانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ وێنه‌ی بارزانی نه‌مر بكێشم، نازانم له‌ رێبازی بارزانی نه‌مردا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بدۆزینه‌وه‌، یان له‌ دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌ رێبازی بارزانی نه‌مر ئاشنا ببین، به‌ رای من هه‌ردوو تێڕوانینه‌كه‌ راستن و ئه‌گه‌ر خۆمان به‌ رێبازی بارزانی نه‌مره‌وه‌ ببستینه‌وه‌ دادیه‌روه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆخۆی دێته‌ به‌ر ده‌رگامان، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێ رێبازی بارزانی نه‌مریش له‌و شوێنه‌یه‌، چونكه‌ بارزانی نه‌مر و دادپه‌ره‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك یاسا و هێز وان، چۆن ئه‌گه‌ر یاسا هێزی جێیجێكاری له‌ پشت نه‌بێ خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی كۆمه‌ڵگا به‌ ده‌ست تاكی تاوانكار و خراپه‌كاره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ گێژاوی قه‌یرانه‌وه‌، هێزیش ئه‌گه‌ر به‌ رێنمایی یاسا ئاراسته‌ نه‌كرێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ به‌هێزه‌كان ده‌ره‌خسێ كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆیان و به‌ یاسای جه‌نگه‌ڵ ماف و ژیان و ئازادی بۆ لاوازه‌كان دیاری بكه‌ن، واتا یاسای بێ هێز و هێزی بێ یاسا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خه‌نه‌ ژێر هه‌ره‌شه‌و گوشاری حه‌ز و خولیا نه‌گریسه‌كان، جا ئه‌گه‌ر له‌و دیدگایه‌وه‌ له‌ مێژووی بارزانی نه‌مر بڕوانین، ده‌بینین هه‌ڵوێست و كار و كاردانه‌وه‌كانی هه‌م زه‌مینه‌یان بۆ ژینگه‌ی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌خساندووه‌ و هه‌م هێزی جێبه‌جێكاری پشت یاساكه‌ش بوون، بۆیه‌ مه‌حاڵه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كدا چاوه‌ڕوانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ین كه‌ له‌ رێبازی بارزانی نه‌مره‌وه‌ به‌دواداچوونی بۆ نه‌كه‌ین.

بارزانی نه‌مر وه‌ك زۆرێك له‌ ناودار و گه‌وره‌ پیاوانی جیهان ته‌نها به‌ درووشم بانگه‌شه‌ی بۆ دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌كردووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌و له‌ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ كاتێك خۆی له‌ خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ری جیا نه‌كردۆته‌وه‌، وه‌ك له‌م دوو نموونه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری له‌ هه‌ڵوێست و كرداریدا ره‌نگ بداته‌وه‌.

نموونوی به‌كه‌م:ــ له‌ رێڕه‌وه‌ مێژووییه‌كه‌ی بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، كاتێ كه‌ بارزانی نه‌مر و هه‌ڤاڵه‌كانی بۆ جاری دووه‌م كه‌ له‌ باشووری كوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، خۆی و هه‌ڤاڵه‌كانی زۆر برسی و ماندوو ده‌بن، گوندێك له‌و نزیكانه‌ ده‌بێ و بارزانی نه‌مر ده‌ڵێ: ده‌چم له‌و گونده‌ نانتان بۆ دێنم، هه‌ڤاڵه‌كانی ده‌ڵێن: ئێمه‌ ده‌چین، چۆن ده‌بێ تۆ بچی نان بۆ ئێمه‌ بینی، ئه‌ویش ده‌ڵێ: ئێوه‌ هه‌مووتان له‌ ئیش كردندا نۆره‌ی خۆتان كردووه‌و ئێستا نۆره‌ی منه‌، به‌ ته‌نیا ده‌چێته‌ گونده‌كه‌و به‌ رێكه‌وت روو له‌ ماڵێك ده‌كات ته‌نها ئافره‌تێك له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌بێ و داوای نانی لێده‌كات، ئافره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێ: بارزانی و هه‌ڤاڵه‌كانی چه‌ند رۆژه‌ به‌و شاخانه‌وه‌ن و نانیان نه‌خواردووه‌، نانم بۆ ئه‌وان كۆكردۆته‌وه‌و نایده‌م به‌ تۆ، دوای ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر دڵنیای ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خۆی مه‌لا مسته‌فایه‌، ئافره‌ته‌كه‌ نانه‌كه‌ی ئه‌داتێ.

نموونه‌ی دووه‌م:ــ له‌ گه‌رمه‌ی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول رۆژێك بارزانی نه‌مر سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌كات، دوای نان خواردن ده‌چێت ده‌ست بشوات، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ڵێ: جه‌نابی بارزانی ده‌ست به‌و سابوونه‌ مه‌شۆ، ئه‌وه‌ سابوونی پێشمه‌رگه‌یه‌و ده‌چم سابوونی تر دێنم، بارزانی نه‌مر زۆر تووڕه‌ ده‌بێ و ده‌ڵێ: بۆ پێشمه‌رگه‌ چییه‌؟ ئه‌و ئاره‌قه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو سه‌نگه‌ردا ده‌یڕێژێ زۆر له‌ ئێوه‌ پرۆزتره‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و دادپه‌روه‌یی ده‌سه‌لمێنێ كه‌ بارزانی نه‌مر ویستوویه‌تی په‌یوه‌ندییكانی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای پێ ریكبخات.

5ــ ده‌كرێ زۆر ناودار و گه‌وره‌ پیاوی جیهانی له‌ بواری سیاسی یان سه‌ربازی یان دادپه‌روه‌ری گه‌یشتبنه‌ ئاستی سه‌رسوڕهێنه‌ر، به‌ڵام كه‌من ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م سیاسی بووبن و هه‌م سه‌ربازی و هه‌م دادپه‌روه‌ر، له‌ بواری دادپه‌روه‌ریدا زۆر نموونه‌مان خستنه‌ به‌رچاو، ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌تبینی و هونه‌ره‌ جه‌نگیه‌كانیشی بكه‌ین، ده‌بینین پێچه‌وانه‌ی ناودار و گه‌وره‌ پیاوانی جیهان هه‌م له‌ سیاسیه‌تبینیدا سیاسییه‌كی كه‌م وێنه‌ و هه‌م له‌ داهێنانی هونه‌ری جه‌نگیدا داهێنه‌رێكی بێهاوتا بووه‌.

ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێ كه‌ ژینگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی جیا له‌وه‌ی دوو ژینگه‌ی ئاڵۆزن و به‌ یاسای كار و كاردانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن، چه‌ندین هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كان و گۆڕینی ئاراسته‌یان هه‌یه‌، كه‌واته‌ هۆكاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان هه‌م یارمه‌تی ده‌ر و ده‌رفه‌ت ڕه‌خسێنن و هه‌میش ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنی كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان درووست ده‌كه‌ن، دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیركار و دوژمن به‌ خواست و ئازادیه‌كانی كورد، نه‌بوونی ده‌روازه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندی كردن به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌، نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ له‌و ئاسته‌نگه‌ دژوارانه‌ بوون كه‌ رێگریان له‌ ده‌ركه‌وتنی تواناو هێز و بیری كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌كانی كورد كردووه‌، له‌ كاتێكدا هیچ كامێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی و سه‌ربازیه‌كانی جیهان له‌ ده‌ركه‌وتنیاندا نه‌ك تووشی ئاستنه‌نگی ئه‌وه‌نده‌ ئه‌سته‌م نه‌بوون، به‌ڵكو له‌ زۆر كات و شوێندا زه‌مینه‌ی ده‌ركه‌وتنیشیان بۆ ره‌خسێنراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سایه‌تیه‌ جیهانیه‌كان له‌ یه‌كێك له‌ بواره‌كاندا ناو و ناوبانگیان ده‌ركردبێ، به‌ڵام بارزانی نه‌مر ئه‌و ئاستانگانه‌شی بڕیون و له‌ هه‌موو بواره‌كانیشدا پێشه‌نگی له‌ هه‌موو ناودار و گه‌وره‌ پیاوانی جیهان وه‌رگرتووه‌، له‌و باره‌شه‌وه‌ زۆر به‌ڵگه‌ی مێژوویی له‌به‌رده‌ستدان، بۆ بیرتیژی و دووربینی سیاسی بارزانی نه‌مر و بڕینی به‌ربه‌سته‌ ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵیتیه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌مێكدا سیاسه‌تی كردووه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی دوو زلهێزه‌ جیهانیه‌كه‌و شه‌ڕی ساردی نێوانیان به‌رده‌وام به‌ دژی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد و به‌ ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی داگیركارانی كوردستاندا سووڕاون، هاوپه‌یمانی سیاسی و سه‌ربازی و پیلانه‌ موخابه‌راتیه‌كانی هه‌ر چوار دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌شی به‌رده‌وام له‌ كاردا بوون بۆ زیاتر گه‌مارۆدانی هه‌ر جمووجۆڵێك كه‌ ره‌وایه‌تی پرسی كورد به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بناسێنێ، به‌ڵام بارزانی نه‌مر توانی پرسی كورد له‌ قه‌یرانی ناوچه‌گه‌رایی و عه‌شیره‌تبه‌ندی رزگار بكاو وه‌ك پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌و چه‌وساوه‌ به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بناسێنێ. له‌ بواری سه‌ربازیشدا زۆر به‌ڵگه‌ی زیندووی مێژوویی هه‌ن، كه‌ له‌ خواره‌وه‌ وه‌ك نموونه‌ هه‌ندێكیان ده‌یانخه‌ینه‌ روو.

+ دكتۆر قاسملو له‌ كتێبی (كوردستان و كورد) دا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر كورده‌كانی ئێران ئه‌وه‌نده‌ی بارزانی و بارزانیه‌كان به‌رگریان له‌ كۆماری كوردستان كردبا، ئه‌وا كۆمار نه‌ده‌ڕووخا و زۆر له‌ رووداوه‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌بوون.

+ شای ئێران له‌ برووسكه‌یه‌كدا بۆ (هومایۆنی) سه‌رله‌شكری سوپای ئێران له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ بارزانیه‌كان ده‌ڵێ: به‌ تۆپ و تۆپخانه‌و فرۆكه‌ رێگای كۆچ و كۆچباری ماڵه‌ بارزانیه‌كان بۆردوومان بكه‌ن و مه‌هێڵن بارزانیه‌كان ده‌ربچن و با له‌وه‌ زیاتر ئابڕووی له‌شكری ئێران نه‌چێ. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ شای ئێران ئابڕووچوون و نه‌چوونی له‌شكری ئێرانی به‌ستۆته‌وه‌ به‌ ده‌رچوون و ده‌رنه‌چوونی بارزانیه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ فه‌رمانی به‌ كۆمه‌ڵ كوشتنی ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌شی ده‌ركردووه‌، به‌ڵام بارزانیه‌كان به‌ رابه‌رایه‌تی بارزانی نه‌مر نه‌ك هه‌ر ده‌رچوون، به‌ڵكو گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنیشیان تۆمار كرد و ئابڕووی شا و له‌شكره‌كه‌شیان برد.

+ ره‌زم ئارا سه‌رۆكی ستادی ئه‌وكاتی ئه‌رته‌شی ئێران ده‌ڵێ: له‌وه‌ته‌ی ئه‌رته‌شی شاهه‌نشاهی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزی وه‌ك بارزانیه‌كان نه‌جه‌نگاوه‌.

+ ئه‌بو حه‌سه‌نی ته‌فره‌شیان ئه‌فسه‌ری ئێرانی كه‌ له‌ دوای رووخانی كۆماری ئازه‌ربایجان په‌نای بۆ بارزانی نه‌مر هێنابوو ده‌ڵێ: ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ وه‌ك ئه‌فسه‌ر و ده‌رچووی دانیشتگای سه‌ربازی له‌ روو به‌ روو بوونه‌وه‌ی ئه‌رته‌شی ئێران ده‌سته‌وه‌ستان ده‌بووین، په‌نامان بۆ بارزانی ده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی رێنماییمان بكات، هه‌ر تاكتیكێكی سه‌ربازی دانابا سه‌ركه‌وتوو ده‌بووین، هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه‌و ده‌یانی تریش نیشانه‌ی كارامه‌یی و لێهاتووی بارزانی نه‌مرن له‌ بواری سه‌ربازیدا، كه‌ كه‌م له‌ مارشاڵ و جه‌ڕه‌ناڵه‌كانی دونیا دوای ده‌رچوونیشیان له‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازی و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵی ناو جه‌نگ وه‌ك بارزانی نه‌مر شاره‌زا و كارامه‌ نه‌بوون، بۆیه‌ دووباره‌ ده‌ڵێم: بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

 

Go to top