We have 79 guests and no members online

بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌، لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و سیاسه‌تی فراوانخوازی و بیری شۆڤێنیزمی داگیركارانی كوردستان، بۆ كورد هۆكاری نه‌هامه‌تی و سه‌رچاوه‌ی كاره‌ساته‌كان بووبن، ئه‌وا گوێ نه‌گرتن له‌ راسپارده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و راستنه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی مێژوو هیچی له‌و دووانه‌ هۆكاره‌ كه‌متر نه‌بووه‌، سه‌رده‌مانێك كورد كیمیاباران و ئه‌نفال ده‌كرا، سیاسه‌تی ژێرعه‌بای كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بێده‌نگه‌ی لێده‌كرد، خۆشمان به‌ لایه‌لایه‌ و باوه‌شێنی حزبی زامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان ده‌لاواندنه‌وه‌.

كورد كیمیاباران ده‌كراو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و مافی مرڤ و ده‌یان رێكخراوی تر به‌ كێشه‌ی ناوخۆی وڵاتیان ناوده‌برد، ئه‌فال ده‌كراین و عه‌لامه‌ و موفتیزاده‌كانی عه‌ره‌ب به‌ شه‌رعی عرووبه‌ له‌ دینیان وه‌ده‌رده‌ناین، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌ دین تاوانباریان ده‌كردین، كیمیا به‌ناو بانگه‌شه‌ی مافی مرڤ و ئه‌نفال له‌ژێر جبه‌ی (موفتی) یه‌وه‌ له‌ كوردستان په‌لاماری ژیانیان ده‌دا، له‌كاتێكدا مه‌رگی كورد له‌ چاوه‌ڕانی به‌ده‌نگهاتنی ویژدانه‌ زیندووه‌كاندا بوو، جگه‌ له‌ چیاكان و ئیراده‌ی شۆڕشگێڕی كورد هیچ پشت و په‌نایه‌كی تری نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی له‌ناو ئه‌و نائومێدیه‌داو له‌ دوای داستانه‌ مێژووییه‌كه‌ی (خواكوڕك) پێشبینی ئه‌وه‌یكرد كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ رووداوه‌كان ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ وه‌ربگرن، ئه‌وه‌بوو زۆری نه‌برد پێشبینیه‌كه‌ی هاته‌دی و سووڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ تا ئه‌وكات دژ به‌ خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بوو گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، نه‌گونجانی داگیركارانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی ئێستا تووشی زۆر گرفتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی كردوون، گۆڕانكاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی داگیركارانی كوردستان هه‌لی ره‌خساون و سه‌ره‌داوی گرێكوێره‌ی پرسی كوردیان ده‌رخستووه‌، ئه‌وه‌ی كورد له‌م قۆناغه‌داو بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و زه‌مینه‌سازیه‌ پێویستیه‌تی راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی مێژوو و رێكخستنی ناوماڵی خۆیه‌تی، چونكه‌ به‌بێ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و رابردوو و رێكخستنی ناوماڵی خۆمان ئه‌سته‌مه‌ بتوانین كه‌ڵك له‌و گۆڕانكاریانه‌ وه‌ربگرین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ و جێگای سه‌رنجیشه‌ ده‌سته‌و گرووپی وا له‌ كوردستان ده‌ركه‌وتوون نایانه‌وێ كه‌ڵك له‌ هه‌ڵه‌كانی مێژوو وه‌ربگرن، دوای ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ هه‌ر به‌ ریتمه‌ كۆنه‌كه‌و به‌ نووزه‌نووزی حزبی و هه‌ڵوێستی شارچێتی و له‌ روانگه‌ی ئایدۆلۆژیه‌وه‌ ده‌وروخولی گۆڕانكاریه‌كان ده‌ده‌ن.

ئه‌گه‌ر تا دوێنێ گله‌ییمان له‌ به‌ختی سیاسی خۆمان كردبێ و بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تی و پیلان و شه‌ڕانگێزی داگیركارانی كوردستانمان كردبێته‌ هۆكار و بیانووی سه‌رنه‌كه‌وتن و سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تیه‌كان، له‌مڕۆ به‌دواوه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانین پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌رینه‌ ناو رووداوه‌كان و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ره‌خساوه‌ له‌ده‌ست بده‌ین، ده‌بێ گله‌یی له‌ ئه‌قڵی سیاسی خۆمان بكه‌ین.

كاتێك باس له‌ گۆڕانكاری و ده‌رفه‌تی ره‌خساو و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ین، پێویسته‌ بیر له‌ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی و یه‌كخستنی ناوماڵی كورد بكه‌ینه‌وه‌، كاتێكیش باس له‌ تێكه‌ڵ بوون به‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ چۆن به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانمان تێكه‌ڵ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابووری و سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كورد تا كوێ ئاماده‌سازی نه‌ته‌وه‌یی كردووه‌ و له‌ كوێی گۆڕانكاریه‌كانه‌؟

له‌ سه‌ره‌تادا باسمان له‌وه‌ كرد كه‌ مێژووی كورد به‌ دوو ئاراسته‌ی جیاوازدا نووسراوه‌ته‌وه‌، ئاراسیته‌یه‌كیان ئه‌و به‌شه‌ شێوێنراوه‌یه‌ كه‌ پیاوانی موخابه‌رات و شكست خواردووه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به‌ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كردنی تاكی كورد درووستیان كردووه‌، ئاراسته‌كه‌ی تریشیان ئه‌و به‌شه‌ درووسته‌یه‌ كه‌ كه‌سانی بێلایه‌ن و خه‌مخۆرانی كورد راستی رووداوه‌كانیان وه‌ك خۆی گێڕاوه‌ته‌وه‌، وه‌ك له‌و شرۆڤه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی مێژوو به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو روانین و دوو ئاراسته‌ی جیاوازی له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی و خه‌باتی دیبلۆماسیدا درووست كردووه‌.

ئاراسته‌ی یه‌كه‌م:ــ ئه‌و ئاراسته‌یه‌ خاوه‌نی مێژووه‌ درووسته‌كه‌یه‌و له‌ گۆشه‌نیگای راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیشه‌وه‌ بۆ گۆڕانكاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كێشه‌ و ئاڵۆزیه‌كانی وڵاتانی داگیركاری كوردستان ده‌ڕوانێ، نه‌ته‌وه‌ییانه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ و هه‌وڵده‌دات شوێنپێ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی خۆشبكات، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد و كۆكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌ سیاسییه‌كانی له‌ناو ریبازی بارزانی نه‌مردا به‌ ئامانج گرتووه‌، له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش بۆ زیاتر به‌ نێوده‌وڵه‌تی كردنی پرسی كورد كار و چالاكیه‌ سیاسی و ئابووریه‌كانی چڕ كردوونه‌وه‌، كه‌ ده‌كرێ گه‌شته‌ دیبلۆماسییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان وه‌ك نموونه‌ی ئه‌و كار و چالاكیه‌ سیاسی و ئابووریانه‌ بخه‌ینه‌ روو.

ئاراسته‌ی دووه‌م:ــ ئه‌و ئاراسته‌یه‌ به‌ دیوه‌ چه‌واشه‌كراوه‌كه‌ی مێژوودا هه‌نگاو ده‌نێ، هه‌ره‌شه‌و مه‌ترسی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی به‌ فیلته‌ری خواستی سیاسی و ئامانجی ده‌سته‌گه‌راییدا ده‌ڕوێنن، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كه‌م هه‌وڵده‌دات گونجانێكی حزبی ئه‌گه‌ر كاتیش بێت له‌ نێوان خۆی و گۆڕانكاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كێشه‌و گرفتی ناوخۆی داگیركارانی كوردستان درووست بكات، له‌كاتێكدا ئاراسته‌ی یه‌كه‌م به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی ناوخۆی داگیركارانی كوردستان، هه‌وڵده‌دات گونجانجنێكی دریژخایه‌ن له‌ نێوان ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و گۆڕانكاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان درووستبكات.

به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه‌ هه‌ر چه‌واشه‌كاریه‌ك له‌ مێژوودا بكرێ ده‌رهاویشته‌ی زۆر مه‌ترسیداری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و چه‌واشه‌كاریه‌ هزر و بیری نه‌ته‌وه‌ییش چه‌واشه‌ ده‌كات، ئه‌وه‌تا به‌ چاوی خۆمان ده‌بینین له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ پرسی كوردی پێدا تێده‌په‌ڕێ له‌ روانینیان بۆ دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی له‌ رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌رچوون، هه‌ر ده‌رچوونێكیش له‌ رێبازی بارزانی نه‌مر دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌یه‌ كه‌ بوون و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ییمانی له‌ بازنه‌ی تاوانكاری دوژمنان و بێده‌نگی نێوده‌وڵه‌تیدا گۆشه‌گیر كردبوو، جا ئه‌گه‌ر رێبازی بارزانی نه‌مر كاڵابێ به‌ باڵای كوردایه‌تی بڕابێ، بۆ ده‌بێ راستیمان نه‌پێكابێ كه‌ ده‌ڵێین: بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌ لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

Go to top