We have 141 guests and no members online

بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌ لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و موژده‌ی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌ و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

هه‌ندێ جار به‌شێك له‌ رۆشنبیر و سیاسییه‌كانی ناو پارتیش له‌ چه‌واشه‌كردنی مێژوودا ده‌چنه‌وه‌ پاڵ نه‌یار و ناحه‌زه‌كانی رێبازی بارزانی نه‌مر، وایده‌رده‌خه‌ن ئه‌وه‌ی پارتی نه‌بێ ناتوانێ له‌ رێباز و سه‌روه‌ریه‌كانی بارزانی نه‌مر به‌هره‌مه‌ندبێ، له‌ بێئاگاییه‌وه‌ هزر و بیر و روانینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له‌ پرێسكه‌ی حزبیدا ده‌شارنه‌وه‌، به‌وه‌ش هه‌م غه‌در له‌ بارزانی نه‌مر ده‌كه‌ن و هه‌م له‌و ئامانجانه‌ش كه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانیاندا ره‌نج و قوربانی زۆریدا، چونكه‌ بارزانی نه‌مر به‌ر له‌وه‌ی موڵكی حزب و ده‌سته‌ و گروپێكی دیاریكراوبێ، موڵكی هه‌موو كورد و كوردستانیه‌كانه‌، مێژووی شۆڕشی ئه‌یلول و كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌ سیاسی و دینیه‌كان له‌ ئه‌وپه‌ڕی راست تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ، موسڵمان به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌، مه‌سیحی و ئێزیدی و كاكه‌یی له‌ ژێر چه‌تری رابوون و خه‌باتی رزگاری نیشتیمانید باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن، ده‌كرێ رۆژێك له‌ رۆژان من پارتی نه‌مێنم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌رۆشیم بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌ هه‌بێ و دوا چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا ببینم و به‌گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیش به‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆم بزانم، ئه‌وكات نه‌ك هه‌ر شوێنكه‌وتوویه‌كی راسته‌قینه‌ی رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌بم، به‌ڵكو له‌و پارتیانه‌ش دڵسۆزتر و وه‌فادارتر ده‌بم كه‌ بارزانی نه‌مر و سه‌روه‌ریه‌كانی به‌ حزبی ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ سه‌رنج و روانینی جیاواز بۆ ناسینی بارزانی نه‌مر و پابه‌ند بوون به‌ رێبازه‌كه‌ی درووست ببن.

 به‌ر له‌ راپه‌ڕینی ساڵی (1991) و چه‌ند ساڵێكیش دوای راپه‌ڕین روانین بۆ رێباز و مێژووی پڕ له‌ سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و رابوونی شۆڕشگێڕی بارزانی نه‌مر به‌سه‌ر دوو باڵی جیاوازدا دابه‌ش ببوو، باڵی یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ بوون كه‌ ئاڵووده‌ی چه‌واشه‌كردنی مێژوو ببوون و به‌ سیاسه‌تی گه‌وجاندنه‌وه‌ سه‌رقاڵ كرابوون، ئه‌و باڵه‌ مێژوو و ئێستاو داهاتووی به‌ بێژینگی چه‌واشه‌كاری سیاسیدا ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ چه‌واشه‌كاریه‌كه‌دا نه‌خشه‌ی بۆ كێشا بوو، خۆی ده‌كرد به‌ خاوه‌نی راستییه‌كان و هه‌ڵه‌كانیشی بۆ كه‌س و لایه‌نی دیاریكراو داده‌نان، باڵی دووه‌میش ئه‌وانه‌ بوون كه‌ داهاتوویان له‌ناو رێبازی بارزانی نه‌مردا ده‌دی و سه‌روه‌ریه‌كانی رابردووشیان له‌ مێژووه‌كه‌یدا ده‌خوێنده‌وه‌، ئه‌و باڵه‌ هه‌رچه‌ند له‌لایه‌ن دوژمنان و باڵه‌ چه‌واشه‌كاره‌كه‌شه‌وه‌ كرابووه‌ ئامانج، به‌ڵام له‌ هپچ كات و شوێنێك ده‌ستبه‌رداری خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌ده‌بوو، دوای راپه‌ڕین و هاتنه‌ پێشی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و ده‌ستپێكردنی پێشبڕكێی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان، زۆر له‌ روانینه‌كانی گۆڕین و باڵێكی شاراوه‌ی له‌ناو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا درووستكرد، جیاوازی ئه‌و باڵه‌ له‌ دوو باڵه‌كه‌ی تر له‌وه‌دایه‌ ناڕێكخراو و هه‌ڵوێستی ناجێگیریان هه‌یه‌، به‌پێی كات و شوێن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان ده‌ڕۆن و به‌ سیاسه‌تی خۆگونجاندن كار له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ئامانجه‌ تایبه‌ته‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌و باڵه‌ هه‌ر چه‌نده‌ یه‌ك ئامانجن و ده‌كرێ به‌ باڵی سامانخواز و به‌رژه‌وه‌ندپارێز ناویان به‌رین، به‌ڵام ئه‌وانیش له‌ ناو خۆیاندا جارێكیتر ده‌بنه‌وه‌ به‌ دوو به‌ش، به‌شی یه‌كه‌میان ده‌ستیان به‌ كڵاوی خۆیانه‌وه‌ گرتووه‌ با نه‌یبات، به‌شی دووه‌میشان چاكه‌بێژی كار خراپن، گفت شیرینی ناخ ژه‌هراوین، جوان ده‌دوێن و دزێو ده‌جووڵێن، به‌ مه‌به‌ستی دزه‌ كردن بۆ ناو رێبازی بارزانی نه‌مر زیاد له‌ پێویست پابه‌ندبوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن، له‌ كرداردا رێك پێچه‌وانه‌ی وتاریان هه‌نگاو ده‌نێن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌شه‌ به‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌ دووفاقیه‌ توانیویانه‌ تا ئاستێكی باش له‌ناو رێبازی بارزانی نه‌مردا شوێن پێی خۆیان خۆشبكه‌ن، به‌ڵام مێژوو ئه‌و راستییه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ رێبازی بارزانی نه‌مر رێبازی كوردایه‌تی و دادپه‌روه‌رییه‌و هه‌رگیز بوونه‌وه‌ری نامۆ وه‌خۆی ناگرێ، بۆیه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی ئه‌و بارودۆخه‌ ناسه‌قامگیره‌، چۆن لافاو ته‌نه‌ سووكه‌كان وه‌لاده‌نێ، ئه‌وانیش شوێنیان له‌ق ده‌بێ و وه‌لاده‌نرێن، چونكه‌ شوێنكه‌وتوانی رێبازی بارزانی نه‌مر به‌ هه‌ڵوێستی كوردانه‌و ره‌وشت و ئاكاری دادپه‌وه‌رانه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌، نه‌ك به‌ وتاری باق و بریق و خۆده‌رخستن و جوانكاری ساخته‌، بۆیه‌ هه‌وڵدان بۆ بچووك كردنه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر چ به‌ مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی ناو و ناوبانگی بێ وه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌ حزبی ده‌كه‌ن، یان بۆ مه‌به‌ستی خۆ به‌ گه‌وره‌ پیشاندان بێ وه‌ك ئه‌وانه‌ی مێژوو و سه‌روه‌ریه‌كانی چه‌واشه‌ ده‌كه‌ن، مل له‌ تیخی مێژوو سوونه‌و چوونه‌ ناو زه‌لكاوی نه‌فره‌تی داهاتووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ بارزانی نه‌مر تیشكی خۆره‌، كوێره‌كان له‌ رۆشنایی بێبه‌شن، ئاوازی ره‌سه‌نی كوردایه‌تی و چڕینی لاوكی نه‌ته‌وه‌ییه‌، كه‌ڕٍه‌كان نایبیستن، عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌ لاڵه‌كان ناتوانن ده‌ریبڕن، بانگی ئازادی و په‌یامی پێكه‌وه‌ژیان و كاری هاوبه‌شه‌، نه‌بیست و تاكڕه‌وه‌كان رووی لێوه‌رده‌گێڕن، به‌رزی باڵا و لوتكه‌ی چیایه‌، كورته‌بنه‌و گردۆڵكه‌كان ئیره‌یی پێده‌به‌ن.

Go to top