We have 89 guests and no members online

نه‌ك هه‌ر كورد و دۆسته‌كانی، به‌ڵكو دوژمن و داگیركارنی كوردستانیش زۆر باش سرووشتی سیاسی و په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆك بارزانی و تێگه‌یشتنی بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی كورد ده‌ناسن، له‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ روانینی سه‌رۆك بارزانی بۆ پرسی كورد روانینێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و دوا چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ش له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ ده‌وڵه‌ت بووندا ده‌بینێ، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌و و شه‌ڕانگێز و په‌روه‌رده‌ شۆڤێنیزمه‌یه‌ كه‌ داگیركارانی كوردستان له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ وه‌ڵامی داوا و خواسته‌ ره‌واكانی كوردیان پێداوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌و دوو روانین و تێگه‌یشتنه‌، پێچه‌وانه‌و دژ به‌ یه‌كه‌ له‌ چاره‌سه‌ری پرسی كورددا له‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رده‌وامدا بوون.

ئه‌وه‌ی به‌ وردی چاودێری لێدوانی به‌رپرسانی به‌غدای كردبێ، ده‌بینێ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان ئاڵۆزتر و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان توندتر ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ری كێشه‌و قه‌یرانه‌كان به‌ ئاقاری بنبه‌ستدا ده‌به‌ن، رووداوه‌كانی (6) ی ئازار ئه‌و راستییه‌ی زیاتر به‌رجه‌سته‌ كرد، كاتێ بینیمان نوری مالیكی له‌ كه‌ناڵی (NRT) راوبۆچوونی خۆی له‌سه‌ر ریكخستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خسته‌ روو، ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا زۆر سه‌رنجی منی راكێشا ده‌ركه‌وتنی نوری مالیكی بوو له‌ كه‌ناڵێكی كوردی وه‌ك (NRT) كه‌ رۆژانه‌ هه‌رای نه‌بوونی دیموكراتی ده‌كات.

نوری مالیكی له‌و دیداره‌دا كورد گوته‌نی به‌ به‌ردێك دوو كێشكه‌ی كوشت، یه‌كه‌میان: باشترین زه‌مینه‌سازی بۆ كرا بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رای عێراق كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ رۆژی (30) مانگی نیسانی ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت، دووه‌میشیان: ویستی له‌و كه‌ناڵه‌وه‌ درز بخاته‌ ناو ریزه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رنجی به‌شێك له‌ خه‌ڵك به‌لای خۆیدا رابكێشێ، له‌ كاتێكدا وه‌ڵامی به‌شێك له‌ پرسیاره‌كانی هه‌ره‌شه‌ و سنووردانان بوو بۆ خواست و داواكاریه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ له‌ چه‌ندین كه‌ناڵی كوردییه‌وه‌ مه‌راسیمی به‌ خاك سپاردنی روفاتی (93) ئه‌نفالكراوی بارزانییه‌كان راسته‌خۆ ده‌گوازرایه‌وه‌، بانگهێشت كردنی نوری مالیكی له‌ رۆژێكی ئاوادا و ده‌رفه‌ت ره‌خساندن بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی خوێن و خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی كورددا بڕشێته‌وه‌، جگه‌ له‌ ئیهانه‌ به‌ كه‌س و كاری ئه‌نفال و كۆی قوربانیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستاندا هیچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر هه‌ڵناگرێ، من لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ له‌ كه‌ناڵه‌ ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆكه‌ی (NRT) ده‌كه‌م، ئایا هیچ كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی ئاماده‌یه‌ بانگهێشتی سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بكات و ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێنێ باس له‌و زوڵم و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ بكات كه‌ كورد به‌ده‌ستی عه‌ره‌ب چه‌شتوویه‌تی؟ یان ته‌نانه‌ت باس له‌ (داعش و قاعیده‌) ش بكات!

 ئایا بۆ كه‌ناڵی (NRT) باشتر نه‌بوو له‌باتی ئه‌وه‌ی نوری مالیكی وه‌ك خه‌مخۆر و فریادره‌سی كورد و مه‌ینه‌تیه‌كانی ده‌ربخات، كاتێكی كه‌می بۆ گواستنه‌وه‌ی مه‌راسیمی به‌ خاك سپاردنی روفاتی ئه‌نفالكراوه‌ بارزانییه‌كان ته‌رخان كردبا؟ یان لانی كه‌م له‌سه‌ر بڕینی موچه‌ی ئه‌و ئه‌نفالكراوانه‌ و برسی كردنی كه‌سه‌و كاریان و شه‌ڕی بژێوی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان له‌ نوری مالیكی پرسیبا بۆچی. . . ؟!

ئه‌گه‌ر (NRT) ئه‌خلاقی ئه‌هلی بوون و سه‌ربه‌خۆیی میدیایی له‌به‌ر چاوگرتبا و ته‌نانه‌ت هه‌ستی به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی كردبا، نه‌ده‌بوو له‌و رۆژه‌دا خۆی كردبایه‌ ئه‌و مینبه‌ره‌ی نوری مالیكی بۆ به‌رگری كردن له‌ خۆی ده‌نگی تێدا هه‌ڵبڕێ و لێیه‌وه‌ په‌لاماری خوێن و خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستان بدات، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی بڕێك پاره‌ش كردبێ، باشترین چاره‌سه‌ر بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌و ده‌ربازبوون له‌و خه‌جاڵه‌تیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی تێیكه‌وتووه‌، ئه‌وه‌یه‌ داوای لێبووردن له‌ میدیای كوردی و كه‌س و كاری ئه‌نفال و مێژووی رزگاریخوازی كوردستان و خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كورد بكات.

رووداوێكی تری ئه‌و رۆژه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ وتاره‌ هه‌ڵوێست ئامێز و موژده‌ به‌خشه‌كه‌ی سه‌رۆك (بارزانی) بوو، كه‌ له‌ پێشوازی روفاتی ئه‌نفال كراوه‌كاندا پێشكه‌شی كه‌س و كاری ئه‌نفال كراو و رای گشتی كوردستانی كرد، من نامه‌وێ شرۆڤه‌ی وتاره‌كه‌ی بكه‌م، ته‌نها ده‌مه‌وێ تیشك بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ تیایدا شێوازی په‌یوه‌ندی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان هه‌ولێر به‌غدای خسته‌ روو.

سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌و راستییه‌ مێژووییه‌ی بیر هه‌موو لایه‌ك خسته‌وه‌ كاتێك كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: (ئێمه‌ فێر نه‌بووین له‌ ژێر زوڵم و زۆرداری بژین، ئێمه‌ فێر بووین بمرین بۆ ئه‌وه‌ی بژین) ئه‌و وته‌یه‌ له‌ په‌رۆشی و دڵسۆزی بۆ ئه‌و قوربانیانه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو كه‌ لوێچێك له‌ ده‌ریایه‌كی به‌به‌ر چاوی نوری مالیكی و هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ وه‌ك ئه‌و بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ پیشان ده‌درا، هه‌ر ئه‌و بڕیار و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ش بوون وایانكرد به‌ مردن زۆر قۆناغی ترسناكی ژیانی ژێرده‌سته‌یی تێپه‌ڕێنین و به‌و ئازادیه‌ی ئه‌مڕۆ بگه‌ین كه‌ هه‌رگیز دوژمنان بیریان لێنه‌ده‌كرده‌وه‌.

به‌ درێژایی مێژوو خاڵی ناكۆكی نێوان كورد و داگیركارانی كوردستان دیاریكردنی شێوازی ژیان و سنوور كێشان بووه‌ به‌ ده‌وری ماف و ئازادییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردا، له‌ پێناو ژیانێكیش كه‌ خۆی بڕیار له‌ چاره‌نووسی بدات كورد قوربانی زۆری داوه‌و به‌رده‌وام له‌ شۆڕش و خه‌باتی بێوچاندا بووه‌، به‌ڵام ده‌بینین ئه‌مڕۆ له‌ ژینگه‌ی به‌ری ره‌نجی ئه‌و قوربانیدان و خه‌باته‌دا ده‌زگایه‌كی میدیایی به‌ناوی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلی بوون، مكیاژی فریشته‌ بوون بۆ ناحه‌زانی كورد ده‌كاو دزه‌یان پێده‌كاته‌ ناو رای گشتی و هزر و بیری نه‌ته‌وه‌ییان پێده‌خاته‌ ناو لێڵاوی گومان و دڵه‌ڕاوكێوه‌، بۆیه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: لێدوانه‌كانی كه‌ناڵی (NRT) نوری مالیكی و به‌ده‌نگهاتنی سه‌رۆك بارزانی له‌ پێشوازی هێنانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفال كراوه‌كان، كارو كاردانه‌وه‌ی په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگی شۆڤێنیزم و رسكانی ئاواتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانن، ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ده‌خاته‌ سه‌ر شانی هه‌موو لایه‌كمان و لێمان ده‌خوازێ: بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستاو چاوه‌ڕوانیه‌كانی داهاتوو، ده‌بێ ناوماڵی خۆمان یه‌كبخه‌ین و به‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی بدوێین و به‌ هه‌نگاوی نه‌ته‌وه‌ییش به‌ره‌و رووی پێشهات و رووداوه‌كان ببینه‌وه‌.

 

 

 

Go to top