We have 54 guests and no members online

له‌ گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی (21) ی ئه‌یلولی ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ بانگخوازی یه‌كێك له‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان تووشمان بوو به‌ تووشی یه‌كه‌وه‌، باس و خواسی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان به‌م حزب و ئه‌و حزب هاته‌ پێشێ، برای بانگخواز ئه‌وه‌نده‌ به‌ ره‌هایی ده‌دوا وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ رۆژی حه‌شر و لێپرسینه‌وه‌ خۆی به‌رپرسی دۆسیه‌ی به‌هه‌شتی و دۆزه‌خیه‌كان بێت، وایده‌رده‌خست ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ حزبه‌ عه‌لمانیه‌كان بدات له‌ دین وه‌رده‌گه‌ڕێ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ حزبه‌كه‌ی ئه‌و بدات به‌هه‌شت بۆخۆی مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌و به‌ ره‌هایی قسه‌كردنه‌ سه‌رنجی منی راكێشاو ئه‌م گفتوگۆیه‌ی خواره‌وه‌ له‌ نێوانماندا درووست بوو.

لێم پرسی: پۆلێنكردنی كۆمه‌ڵگاو دابه‌شكردنی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی به‌هه‌شتی و دۆزه‌خیدا ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتی خوای گه‌وره‌ دایه‌، ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی پۆلێنكردنێكی ساسییه‌و مه‌به‌ست لێی ترساندنی خه‌ڵكه‌، له‌ وه‌ڵامدا وتی: ئێمه‌ په‌یڕه‌وی دینی خوا ده‌كه‌ین و هه‌ركه‌سێك ده‌نگمان پێنه‌دا وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ پشت له‌ خوا بكاو ده‌چێته‌ دۆزه‌خ، هه‌ركه‌سێكیش ده‌نگمان پێبدات گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ لای خوای گه‌وره‌و به‌هه‌شت بۆخۆی ده‌كڕێ، پێموت: ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كی فۆرشی كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی (tv) یه‌ك بفرۆشێ گره‌نتی ساڵێك یا دوو ساڵی له‌گه‌ڵه‌، گریمان حزبه‌كه‌ی ئێوه‌ش كۆمپانیای هێڵی گواستنه‌وه‌ی به‌هه‌شتی و دۆزه‌خیه‌كانه‌، گره‌نتی چییه‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگتان بداتێ ئێوه‌ ده‌یبه‌نه‌ به‌هه‌شت؟

 له‌ چاوتروكانێكدا لۆگۆی حزبه‌كه‌ی خۆی هێنا و وتی: ئه‌وه‌ ناوی خوای گه‌وره‌ نییه‌؟

 وتم به‌ڵێ خۆیه‌تی.

 دواتر لۆگۆی هه‌موو حزبه‌كانی هێناو وتی: ئه‌وه‌ چییه‌؟

 وتم مۆمه‌كه‌یه‌.

 یه‌كیتری هێناو وتی ئه‌ی ئه‌وه‌یان؟

 وتم سه‌ره‌هه‌ڵۆیه‌.

 یه‌كیتری راخست و وتی ئه‌ویان چییه‌؟

وتم: چه‌پكه‌گوڵه‌

پێیوتم: خوا هیدایه‌تت بدات، ئه‌وه‌یان كه‌ لۆگۆی حزبه‌كه‌ی منه‌ ناوی خواو پێغه‌مبه‌ری (د. خ) له‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ی ده‌نگمان پێبدات وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ده‌نگی به‌ خواو پێغه‌مبه‌ر (د. خ) دابێ و ده‌چێته‌ به‌هه‌شت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ گره‌نتی نه‌بێ! پێمناڵێی گره‌نتی چییه‌؟ ئه‌وه‌ی ده‌نگیش به‌ مۆم و سه‌ره‌هه‌ڵۆ و چه‌پكه‌گوڵ و شتی له‌و بابه‌تانه‌ بدات ده‌نگدانه‌ به‌ كوفرو له‌گه‌ڵ فیرعه‌ون و ئه‌بوجه‌هل حه‌شر ده‌كرێ، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ رۆژی دوایی په‌نجه‌كه‌ی خۆت ده‌بێته‌ شاهید به‌ سه‌رته‌وه‌و هه‌ر ئه‌و په‌نجه‌یه‌ش چوونه‌ به‌هه‌شت و دۆزه‌خت یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌، ئایا هه‌موو ئه‌وانه‌ گره‌نتی ئه‌وه‌ نین كه‌ ده‌رگای چوونه‌ به‌هه‌شت به‌ رووی ده‌نگده‌رانی ئێمه‌دا ده‌خرێته‌ سه‌ر پشت؟

پێموت: ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌كی هه‌ق بكه‌م فتوای كوشتنم ناده‌ی؟

وتی ئه‌گه‌ر بۆ حزبه‌كه‌م و لیسته‌كه‌م خراپ بێژی خوا بتكوژێ.

پێموت: ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌م بۆ دینی راسته‌قینه‌ی خوای گه‌وره‌ چاك بوو خوا تۆ بكوژێ.

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكمان نزامان له‌یه‌كتری كرد پێموت: له‌ ساڵی 2009 كه‌ له‌گه‌ڵ دوو حزبی چه‌پ و ماركسی هاوپه‌یمانێتیتان به‌ست، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ئێوه‌ بوون ده‌نگدان به‌ ئه‌وانیش ده‌نگدان بوو به‌ خواو پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ؟!

 ئایا چه‌پ و ماركسیه‌كانیش كه‌ ده‌نگیان به‌و لیسته‌ چه‌پ ــ ئیسلامیه‌ی ئێوه‌ دابوو گره‌نتی چوونه‌ به‌هه‌شتیان وه‌رگرتووه‌؟!

ئه‌ی بۆ كه‌مال میراوده‌لی چی ده‌ڵێی كه‌ بۆ به‌ خه‌لیفه‌ كردنی راوی ده‌نگتان بۆ ده‌كرد، تۆ بڵێی ئه‌وه‌ی ده‌نگی به‌ ئه‌ویش نه‌دابێ له‌ زومره‌ی كوفر بێ و ده‌رگای چوونه‌ به‌هه‌شتی لێدابخرێ! ئیتر خۆی تووڕه‌ كردو وتی: خوا هیدایه‌تت بدات، تۆ شته‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ی، من رێی چوونه‌ به‌هه‌شتت پیشان ده‌ده‌م و تۆ باسی ماركس میراوده‌لی و كه‌مال و لینین بۆ من ده‌كه‌ی، منیش وتم: خوا هیدایه‌تی ئێوه‌ بدات، خۆتان چوونه‌ سه‌ر به‌رماڵی سیاسی ماركسیه‌كان و ده‌نگتان به‌ كه‌مال میراوده‌لی داوه‌و پێشتان وایه‌ ده‌نگتان به‌ دینی خواو نموونه‌كانی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب داوه‌، به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن خه‌ڵك ده‌خه‌نه‌ به‌ره‌ی كوفر و هه‌ره‌شه‌ی ناردنه‌ دۆزه‌خی لێده‌كه‌ن، ئیتر له‌وكاته‌وه‌ ده‌نگی لێوه‌رگرتووم و ناوه‌ ناوه‌ مۆڕه‌شم لێده‌كات.

Go to top