We have 113 guests and no members online

له‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی سیاسی بپرسی: بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆ و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی دواڕۆژ چی بكرێت باشه‌؟ بێ راوه‌ستان و دوودڵی ده‌ڵێن: به‌ یه‌كخستنی ناوماڵی كورد و به‌ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانین، ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزین و ئه‌وه‌ی به‌ سیاسه‌تی ناوچه‌گه‌رایی و سه‌ره‌ڕۆیی حزبی و تاكڕه‌وی و پاوانكاری له‌ ده‌ستمان داوه‌ به‌ ده‌ستی بێنینه‌وه‌، به‌ كوردی و كرمانجی هه‌موویان چاك ده‌ڵێن، به‌ڵام به‌شێكیان خراپ ده‌جووڵێن، هه‌موویان پاك ده‌خۆن، كه‌چی هه‌ندێكیان پیس ده‌ڕشێنه‌وه‌، هه‌ڵه‌ی خۆیان زێڕاو ده‌كه‌ن و به‌ راستییه‌كانی خه‌ڵكیان ناگۆڕنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ گوتار و ره‌فتاری رابردووی ئه‌و سێ چوار ساڵه‌ی هه‌ندێ حزب و لایه‌نی سیاسی كوردستاندا بچینه‌وه‌، ده‌بینین ئه‌وه‌ی كراوه‌ رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوتراوه‌.

له‌ نه‌ورۆزی ساڵی 2011 كاتێ سه‌رۆك بارزانی تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنگر و باسی له‌ تاكڕه‌وی نوری مالیكی و جموجۆڵه‌ دیكتاتۆریه‌كانی كرد، هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و ئه‌وه‌ی پێشی ده‌ڵێن میدیای سه‌ربه‌خۆ، وه‌ك پارێزه‌ری نوری مالیكی ده‌ركه‌وتن و كه‌وتنه‌ به‌ شه‌خسه‌نه‌ كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌یانوت: ئه‌وه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌گوزه‌رێ كێشه‌ی نێوان مه‌سعود بارزانی و نوری مالیكییه‌ و ئه‌گه‌ر نا هیچ كێشه‌یه‌كی تر له‌ ئارادا نییه‌، ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا و له‌ نه‌ورۆزی ساڵی 2011 سه‌رۆك بارزانی به‌ده‌نگهێنا، پابه‌ند نه‌بوونی نوری مالیكی بوو به‌ ده‌ستوور، خۆ دزینه‌وه‌ی بوو له‌ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی (140)، نه‌دانی موچه‌و میزانیه‌ی هێزی پێشكه‌رگه‌ و زۆر كێشه‌ی تر كه‌ ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیان هه‌بوو، جا ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ ته‌نیا كێشه‌ی سه‌رۆك بارزانی بن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تا دوا چاره‌سه‌ریان سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ داگیركاران بێكێشه‌ نابێ، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر هه‌ر ئه‌و لایه‌ن و میدیا به‌ناو ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆیانه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ كه‌مته‌رخه‌م له‌ ئاست ئه‌و پرسانه‌ تاوانبار ده‌كرد كه‌ سه‌رۆك بارزانیان به‌ده‌نگهێنا و ئه‌وانیش به‌ كێشه‌ی شه‌خسی ناویان ده‌برد، ئێستاش هه‌مان ده‌هۆڵ ده‌كوتنه‌وه‌ كه‌ ته‌نها خۆیان ده‌نگیان ده‌بیست، ئه‌وانه‌ زۆر ده‌ڵێن و هیچ نابیستن، كه‌س له‌ گوتار و ره‌فتاریان تێناگات، ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆك بارزانی وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی بۆ به‌رگری كردن له‌ خواست و داواكاری خه‌ڵك به‌ده‌نگدێ و هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێ، كێشه‌كه‌ به‌ شه‌خسه‌نه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر هۆكارێك و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكیش بێده‌نگبێ به‌ كه‌مته‌رخه‌م ناوی ده‌به‌ن، فه‌موو ئێوه‌ی خوێنه‌ر بڕیار بده‌ن و ئه‌و. . . له‌و قوڕه‌ ده‌ربێنن.

له‌ سه‌روبه‌ندی دروستكردنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌و خۆ گیڤكردنه‌وه‌ی نوری مالیكی، هه‌ر ئه‌و لایه‌ن و میدیایه‌ پێچه‌وانه‌ی گوتنه‌كانی خۆیان هه‌نگاویان هه‌ڵده‌گرت، سه‌ردانی شاری كه‌ركوكیان ده‌كرد و پشتیوانیان بۆ كه‌ركه‌كیه‌كان ده‌رده‌بڕی، كاتێكیش سه‌رۆك بارزانی سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرد و فه‌رمانی به‌رگری له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك پێدان، ئه‌ندام په‌رله‌مانی حزبی ئه‌و سه‌ركرده‌ی سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد و پشتیوانی بۆ كه‌ركوكیه‌كان ده‌ربڕی، شه‌ڕی ده‌روونی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرد و له‌ میدیا ئه‌هلیه‌كه‌وه‌ ده‌یوت: (كورد ئه‌و شه‌ڕه‌ی پێناكرێ، وا چاكه‌ پاشه‌كشه‌ بكات) ئه‌گه‌ر به‌ قه‌ولی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بێ و كورد په‌لامار بدرێ و شه‌ڕی به‌رگری له‌ بوون و سه‌روه‌ریه‌كانی خۆی پێنه‌كرێ، یا ئه‌وه‌تا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌گه‌ڵ مێژووی به‌رگری كورد و سه‌روه‌ریه‌كانی نه‌ژیاوه‌، یا ئه‌وه‌تا سه‌ردانی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كه‌ی بۆ كه‌ركوك نمایشێكی سیاسی و بۆ خڵه‌تاندنی كه‌ركوكیه‌كان بووه‌.

ئێستا كه‌ قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا قووڵتر ده‌بنه‌وه‌و نوری مالیكی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌بڕێ و شه‌ڕی ژیان و بژێوی له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، سه‌رۆك بارزانی وه‌ك ره‌وشتی نه‌ته‌وه‌یی و سرووشتی بۆماوه‌یی له‌سه‌ر ژیان و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێست ده‌رده‌بڕێ و به‌ده‌نگدێ، ئه‌و لایه‌نانه‌ هێز و بوونی حزبی خۆیان له‌ دژایه‌تی كردنی ده‌نگ و ره‌نگه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ده‌بینن، شه‌رمی سیاسی ده‌یانگرێ و هه‌ڵوێستی نه‌ شیش بسووتێ و نه‌ كه‌باب ده‌گرنه‌به‌ر، له‌ هه‌مبه‌ر پرسێك كه‌ هه‌ره‌شه‌ له‌ سه‌روه‌ریه‌كانی مێژوو و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌ییه‌مان ده‌كات خۆیان ده‌كه‌نه‌ كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت فرۆش و وه‌ك بێلایه‌ن خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، له‌ ترسی تووڕه‌یی خه‌ڵكی كوردستان ناوێرن به‌ ئاشكرا هاوهه‌ڵوێستی نوری مالیكی بن و وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان دژی هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بوه‌ستنه‌وه‌، له‌ خۆشی ده‌ستكه‌وتی ماددی و دروستكردنی ژینگه‌یه‌كی له‌باری حزبی نایانه‌وێ خۆیان له‌ نوری سیاسی نوری مالیكیش بێبه‌ش بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و میدیای به‌ناو سه‌ربه‌خۆی كوردی له‌ كوردستان پێده‌ناسرێته‌وه‌و ره‌سه‌نایه‌تیان ده‌خاته‌ ژێر گومان، دووفاقه‌یی هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ و چه‌واشه‌كاری و ده‌ربڕینی دووڕووانه‌ی میدیا به‌ناو ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆكه‌یه‌ له‌ هه‌مبه‌ر رووداوو و پێشهاته‌كان، لێره‌وه‌ گومان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی شاراوه‌ی نێوانیان دروست ده‌بێ، ئه‌گه‌ر شرۆڤیه‌كیش بۆ هاوهه‌ڵوێستی دووفاقه‌یی هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كه‌و دووڕوویی میدیاكه‌ بكه‌ین، تێده‌گه‌ین په‌یوه‌ندیه‌ شاراوه‌كه‌ی نێوانیان له‌ كوێدایه‌، له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌ دووفاقه‌ییه‌كه‌ هه‌ست به‌ بوونی گه‌واڵه‌ هه‌وری به‌رژه‌وه‌ندی بكات، له‌ هه‌مان شوێن میدیا دووڕووه‌كه‌ش ده‌ست به‌ گرمه‌گرمی دابارینی چه‌واشه‌كاری و شێواندنی راستییه‌كان ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌ولا خه‌ڵك له‌گه‌ڵ بیستنی وتار، داوای بینینی كردار بكات، له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌ر بانگه‌شه‌ و موزایه‌ده‌یه‌كی حزبی، داوای بینینی ره‌فتارو هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی بكات.

 

 

Go to top