We have 117 guests and no members online

  هەموو ئەو نۆروێژیانەی دەچنە کوردستان و دەگەرێنەوە باسی میوان نەوازی و سفرەی رەنگین و دڵئاواڵایی و گەرمی وسەمیمەتی خەڵکی کوردستان دەکەن.هاوینی ڕابردوو لە سیمنارێکدا کە وەزیری دەرەوەی ئەودەمی نۆرێژ بۆ کوردەکانی پێکهێنابوو، ئەو لایەنەی کولتوری کوردی دیسان باسی لێکرایەوە.چەندساڵ لەمەوبەریش لە گەل کاک فەرەیدون عەلیخانی لە ساندڤیکا لە سیمنارێکدا بەشداربوین

کە خانمێکی نۆروێژی باسی سەفەرەکەی خۆی بۆ کوردستان دەگێرایەوە، ئەویش سەروبنی قسەکانی هەر ئەو باسە بوو.ئێستا سرنجێک دەدەینە بایەخی کولتوری ئەو مەسەلەیە.

ئەوە کە خواردنی کوردی خۆش و بە تامە و سفرەی کوردان ڕەنگینە، دەگەرێتەوە بۆ سروشتی جوان و دەوڵەمەندی کوردستان و زەوقی سەلیمی کوردان و هونەری چێشلێنانی کوردی.لەوەش زیاتر لە مێنتاڵیتەی کوردیدا پێکەوە نانخواردن و لەسەر سفرە دانیشتن بایەخێکی فەرهەنگی و کولتوری و ئینسانی بەرزی هەیە.هەربۆیە ژەمەکانی ڕۆژانەو خواردنی گەرم لە ژیانی بنەماڵە کوردەکاندا گرنگیەکی زۆریان هەیە.ئەمن لەحزە هەرە خۆشەکانی ژیانم بەو لەحزانە دەزانم کە لە گەڵ دۆستان و ڕەفیقان و ئەندامانی بنەماڵە یا لە ماڵیخۆمان یا لە ماڵی جیران و دۆستان و ئاشنایان لەسەر سفرە دادەنیشم و خواردن دەخۆم و پڵاو دەکێشم.تامی خواردنە خۆشەکانی ڕۆژانی جەژنی دەورانی منداڵی خۆم قەت لەبیر ناچێت.

هەموو ئینسانەکان خواردن دەخۆن، بەڵام چ دەخۆن و چۆن دەخۆن لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ یەکی دیکە جیاوازە.واتە خواردن و چۆنیەتی خواردن جۆرێک ناسنامەی هاوبەش لە نێوان کۆمەڵە خەڵکێکدا درووستدەکات.بەڵام هەر لەوکاتەدا، جیوازیەکانیش دەردەخات "fischler 1998 ).

 لەوەش زیاتر هەندێک لێکۆلەری دیکە لەسەر ئەو بروایەن کە خواردن دەتوانێ ناسنامەو هەویەتی تایبەتی ئینسانەکانیش ڕوونکاتەوە "Lupton 1996"ئەو قسانە لەپێوەندی دەگەڵ خواردنی کوردی و میوانداریەتی کوردانیشدا هەر ڕاستن.ئاخر دەکرێ مانا لە خواردن سازکردن و و سفرەدانان و چۆنیەتی میوانداری و هەموو هەڵسوکەوتەکانی پێوەندیدار بەو مسەلەیەوە هەڵێنجین.هەموو ئەوانە بایەخی ئیتیکی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیان هەیە و مانای تایبەت دەبەخشن.

سفرەی کوردیش وەک خوانی هەر میللەتێکی دیکە قسان دەکات.من میوانی ماڵە عەرەب، ماڵە ئەفغانی، ئالبانی، بۆسنی، رووسی، سۆماڵی، ئتیوپی، تایلاندی، تورک، تاجیک ، مەراکشی بووم .دیتوومە چۆن لە رێگای سفرە و خوردنەکانیانەوە کۆمیونیکاشێۆنیان لە گەڵ کردووم.مەبەستم لەو قسەیە ئەوەیە کە سفرە و خوان پێشینەی کولتوری و کۆنتێکستی فەرهەنگی گەلان و ئینسانەکان دەردەخات.کۆنتێکستی فەرهەنگی ئێمەش برتتین لە جیهانبینی کوردی، نرخ و بایەخە کوردیەکان، پێرسپێکتیڤی کوردی، دونیابینی کوردی ، فەلسەفەی کوردی و نۆڕم و داب و نەریت و تڕەدیشونەکانی کۆمەڵگای کوردی، ڕوانگەی کوردی بۆ کات و زەمەن، بۆ خاک و نیشتیمان ، بۆدین و ئاین ، بۆ بنەمالە و هاوسێ و دەروجیران و غەریبەو کار و پێگەی کۆمەڵایەتی وهتد.خوانی کوردی لە موناسەبەتە جۆراوجۆرەکانیدا، ڕوانگەی کوردی لەسەر هەموو ئەو مەسەلانە ڕووندەکاتەوە.

کورد بە شیوەیەکی گشتی بە ئەدەبن.ڕێزی بەرانبەرەکەیان دەگرن.جوان و لەسەرەخۆ و بە حورمەتەوە سڵاو دەکەن.زۆرکەم وایە ڕاستەوخۆ بانگت بکەن یا ناوت بەرن، حەتمەن پێشگرێک رێزو حورمەت بگەیەنێ لە گەڵ ناوەکەت دەخەن.کاک حەسەن، مام ئەحمەد، دادە ئایشێ، خاڵە عەلی، خوشکە شەهلا، براژنە زین، پوورە بەس .ئەو ئەدەب و حورمەتە بە جۆرێکی دیکەش خۆی نیشاندەدا.ئەویش ئەوەیە کە کورد زۆر سەخی و دەستئاواڵا و ماڵ ئاوەدان و دەست و دڵبازە.ئەگەر مریشکێکی هەبێت پێی خۆشە لە گەڵ دۆست و ئازیزەکانی بیخوات.ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کورد بایەخێکی زۆر بە پێوەندیە کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکان دەدات و خواردن و سفرەش وەک ئامڕازێکی بە هیزکردن و پەرەپێدانی ئەو پێوەندیانە بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ دەرووجیران و دۆست و ئاشناو ئەندامانی بنەماڵە و خەلکانی دیکەدا بەکاردێنێ.دەعوەت و دەعوەتکاری، میوانداری و شەنشینی و نانپێکەوەخواردن لە کوردستان بەشێکی گرنگی ژیانی بنەماڵەکانە.بەڵام خواردن و خواردنەوە هەر بۆ ئەوەنیە سکتێرکەن، بۆ کوردان ئەو میوان و میوانداریە زۆتر بۆ ئەوەیە پێکەوەبن، قسان بکەن، ریفلیکشنیان پێکەوە هەبێت، گفتۆگۆ و باس و وتوێژ دەگەڵ یەک بکەن.حورمەت و رێز و موحیببەت بە یەکتر نیشان دەن.

 وەک پێشتر باسم کرد.خواردن و سفرە و خوانیش قسەدەکەن.بەڵام دەبێت لە قسە و کودەکانیان تێبگەین.تا مانا و چێژ پێکەوە وەرگرین.تام و جێژ ئەگەر لەگەڵ مانا و سەمیمیەت تێکەڵاو نەبێت، میوان خواردنەکەی لەسەرسنگی دەبێتە گرێ.لە خۆڕانیە کورد دەڵێ میوان ڕووی خۆشی دەوێ، نەک خواردنی بە لەززەت.ئاخر خواردن و چۆنیەتی ئامادەکردنی خواردنەکە و چۆنیەتی رازاندنەوەی سفرەو دانان و پێشکەشکردنی خواردنەکەو فەزای پێش چوونە سەر سفرەو ئەو قسانەی لە سەر سفرە پێکەوە دەیان کەین، ئەو ماوەی سەرفی خواردنەکەی دەکەین و چۆن سفرە کۆدەکەینەوە و دوای نان خواردن چ دەکەین و لە چ فەزایەکی دۆستانەو برایانەداین و چۆن سیگنالەکان بۆ یەکتر دەنێرین، هەموو بایەخی کولتوری خۆیان هەیەو پێکەوە بە دەستەجەمعی میواندارەیەکە پێک دەهێنن و مانا دەبەخشن.خوانی کوردان بە باشترین شێوە ئەو شتانە پێکەوە گرێدەدا.بۆیە ئەو نۆروێژیانەی دەچنە کوردستان کە دێنەوە ئارەزوو دەخوازن جارێکی دیکە بچنەوە کوردستان.لێرەش خواردنی جۆراوجۆر و خۆش هەیە، بەڵام میوانداریی سەمیمی و گەرم و ئامێزو باوەشی پڕ لە موحیببەت کەمە.ئە نۆرێژیانەی لە ماڵە کوردان لێرە میواندەبن، وەک لیزای هاوکارم پێیان خۆشە جارێکی دیکەش ئەو شانسەیان هەبێت ببنەوە میوانی کوردان.

خواردن و سفرە ڕازاندنەوە بەشێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەیە.سەردانی دۆست و خزم و ئاشنایان، جێبەجێکردنی فەریزە دینی و کۆمەڵایەتیەکان، ڕێوڕەسم و موناسەبەتە بنەماڵەییەکان، سەیران چوونەدەرەکان، هەرکامیان سفرەی موناسبی کۆنتێکستی خۆی لە گەڵە.

خوانی کوردی، سفرەی کوردی، میوانداری کوردی کۆکەرەوەیە.پێوەندیی سازدەکات.مرۆڤەکان لێک گرێدەدات.ئەوانەی پێکەوە لەسەر سفرە کۆدبنەوە باشتر لەگەڵ یەک دەناسێنێ.سۆسیالیسێرەیان دەکات، ئینسانبوونیان دەوڵەمەنتر و قوڵتر دەکاتەوە.ئاشنایەتی درووستدەکات.بەکورتی فەلسەفەی سفرەی کوردی بریتیە لە کۆکردنەوەی کەسەکان لە دەوری یەکتر، تا چاویان پێکبکەوێ، وەخت پێکەوە بەرنەسەر.یەکتر ببینن، قسان پێکەوە بکەن، یەکتر بەسەرکەنەوە، گوڵی موحیببەت و سەمیمیەت بگٶرنەوە."DaHL"فەرهەنگناسی بەناوبانگی نۆروێژی دەڵێ کولتوور بریتیە لەو کودانەی کە مرۆڤەکان وەک شەبەکەیەکی پان و بەرین لە ڕەمزو کۆدی جۆراوجۆر لە پشت سەری خۆیانەوە هەڵیان گرتووە و بەوانەوە دونیا دەبینن."Dahl 2001:57-60"کەواتە بۆ حاڵی بوون لە میوانداری و سەمیمیەتی کوردان و ئامێزی گەرمی کوردان دەبێت لە کودەکانی کولتوری کوردی تێبگەین.

سفرە لە کۆکردنەوەی کوردەکان بەدەوەری یەکتردا و وەک ئامڕازێک بۆ خوڵقاندنی هەستیی هاوپێوەندیی و هەویەتی هاوبەش دەور دەبینێ.کام بایەخی ئەخلاقی لە ژەمی کوردیدا هەیە؟ سفرەی کوردی کام نۆرمی ئیتیکی پەرەپێدەدا؟

کاتێک پێکەوە لە دەوری سفرەیەک دادەنیشین دوو دەستەواژە زەق دەبنەوە.پێوەندی و سیما، واتە ڕووخسار و موناسەبات، یا روو لەگەڵ پێکەوە بوون.

 پێوەندیەکانی نێوان ئەندامانی بنەماڵە، پێوەندی لە گەڵ دەرووجیران و هاوسێ و خزم و ئاشنا، ژن ومێرد، مندال و دایک و باوک.ئەو پێوەندیانە ئەرکی دوولایەنە دەخە سەر یەکتر.لایەنەکانی ئەو جۆرە پێوەندیانە ئەرکیان بەرانبەر یەک لەسەر شانە.بەڵام لە کردەوەدا ئەوە هەمیشە گەورەیە کە وەزیفەی ئەخلاقی زۆرتری بەرانبەر ئەو لایەنە لەسەر شانە کە دەکەوێتە پلەی خوارترەوە.هەمیشە وایە باوک وەزیفەی زۆرتری بەرانبەر منداڵەکانی لەسەر سەرشانە.ئەو موعادەلەیە لە دەورانی پیری دا پێچەوانە دەبێتەوە.

ئەو بایەخە ئەخلاقیەی لەو حاڵەتەدا پێک دێ ئەوەیە کە چاومان بەیەکترەوە بێ، موراعاتی یەکتربکەین.یانی ئەوجۆرە پێکەوەبوونە وامان لێدەکات بەرپرسایەتی ئەخلاقی بەرانبەر یەک هەستپێبکەین.پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لێرەوە سەرچاودەگرن و شەبەکەی کۆمەڵایەتی دەوروبەری مرۆڤ لێرەوە دەست پێدەکات.کەسانێک کە پێکەوە لەسەر سفرەیەک نان دەخۆن، جا ئەوە کەسانی سەر بەبنەماڵەیەک بن، یا دۆست و هاوڕێ ویا میوان، پێوەندیان لە نێواندا درووست دەبێ و لە ئاکامدا وەزیفەی ئەخلاقیشیان بەرانبەر یەک دەکەوێتە سەرشان.ئەوەش ئاشتی و برایەتی و جیرانەتی و خزمایەتی و هاوڕیەتیمان پەرەپێدەدا و ئینسانیەتمان دەوڵەمەنتر دەکات.بۆیەیە کورد هێندە بایەخ بە میوانداریەتی دەدا.ئێمە لەوڕێگایەوە دەمانەوێ برایەتی و سەمیمیتی خۆمان بۆ دەورووبەرمان بنێرین.

میوان لای کوردان ئازیزی خوایە.کەمیوان وەژوور دەکەوێت ، لەمالە کوردان دەبێتە جەژن.میوان جەژنی خانەخوێیە.چونکە کە میوان هات کورد دەرفەتی ئەوەی بۆ هەڵدەکەوێت، پێوەندیەکانی خۆی نوێکاتەوە، پەرەیان پێبدا و قوڵیان کاتەوە.جاری وایە دەرفەتی وا دەکڕن.دەڵێن خەزوورم دەچیتە دەرێ و دەگەڕێ دۆستێک پەیدا دەکات و لەگەڵ خۆی دێنێتەوە ماڵێ تا نانی دەگەڵ بخوات.لە ڕستۆڕانەکان زۆرجار کە دۆستێکیان دەبینن ، حیسابی ویش پەرداخت دەکەن.ئێمەی کورد ئەو جۆرە شانسانە دەقۆزینەوە تا موحیببەت و عیشق و برایەتی بە یەک نیشاندەین.ئەوە لەو شتانەیە کە پێوەندیە کۆمەڵایتیەکانی نێوانمان جوان و گەرم و پڕ عاتیفەدەکات.تەنانەت زیادەرۆێشی تێدا بکەین زەرەری نیە، چونکە ئینسانیەتمان دەوڵەمەند دەکات.

کاتێک پێکەوە لە دەوری سفرە دادەنیشین و چاومان پیک دەکەوێت، بەرانبەر و ڕووبەڕووی یەکتر دادەنیشین، بۆ یەکتر دەبینە ئاوێنە.کورد لەسەر سفرەی کە ڕووبەڕووی یەک دادەنیشن، هەستی وەفا بەرانبەر یەکتر لەخۆیاندا پێکدینن.بۆ یەکتر دەدرەوشێنەوە.

هەمیشە جێی میوان لە لای سەرێ یە، لە لای سەرەوەی دیوەخان و خوان و سفرەیە، وەک ڕەسوی نادری دەڵیێ قەدری لەسەر چاوانە.لە ماڵە کورداندا میوان دەستە نوێنێ خۆی هەیە، تەنانەت ژووری تایبەت بەخۆی هەیە.میوان دەبێت لە پێشدا خواردن بکێشێ، هەوەڵین چا لە پێش میوان دادەنرێت، میوان دیاریدەکات کام شەڕاب بخوڕیتەوە، جاری وایە میوان ئیشتیایانیش دەکات و لە پێشدا ڕادەسپێری چی بۆ درووست کەن.خانەخوێ هەمیشە ئاگای لەوەیە میوان بە کەیفی خۆی بخوات و شەرمێ نەکات.لەو ریگایەوە دەیەوێت وەفا و ڕیزی خۆی بۆ میوان نیشان بدات.مەبەست ئەوەیە کە خانەخوێ دڵنیا بێت کە میوان دەستی وە خواردنی پێویست ڕابگا.

باسی سیماو ڕووخسارمان کرد.کەسێک کە دەیەوێت ، پێوەندیەکانی بەرین و قوڵکاتەوە دەبێ موراعاتی سیماو ڕووخساری کەسانی دیکە بکات، نە بەقسە و نە بە رەمزو هێماو نە بە کردەوە نابێت، خەڵک رووشکێن بکات.لە فەلسەفەی ئەخلاقدا جێگایەکی زۆر بەوە دەدرێت.نەک هەر گرنگە ڕووخسار و سیمای کەس نەڕووشێنین و کەس ڕووشکێن نەکەین، بەڵکو میوانداری و کۆبونەوە لەسەر سفرە دەرفەتیکی باشە تا سیما و رووخساری یەکتر بە هێز و جوان و بەرز و بەرێزبکەین.ئەوە کە وەپێش میوان ناکەوم، لەسەرەوەی سفرەی دادەنێین، خواردنی بۆ دەکێشین و چای لە پێش دادەنێێن و خزمەتی دەکەین، ئەوە ئەو بەها پێدان و رێزلێنان و پرستیژپێدانەیە بە میوان کە بە جەوهەری فەلسەفەی ئەخلاقی هەلسان و دانیشتنی ڕۆژانەو سایکۆلۆژی ژیانی کۆمەڵایەتی بە حیساب دێت.ئەوەی پێشتر وتم ببینە ئاوێنە بۆ یەکتر.ئەوە بەوسەری موعادەلەکەشدا هەر ڕاستە.کاتێک دۆستێکم سەردانم دەکات و میوانم دەبێت و دیتەماڵمان، ئابروو و پرستیژیم دەداتێ و کورد وتەنی گەورەم دەکات.لەوەش زیاتر ئەو بەسەرکردنەوەی وی هانمدەدات بەرپرسایەتی زۆرتر بەرانبەر خۆم و دەوروبەرم وەئەستۆبگرم و گەورەیی زیاتر لەخۆمدا پەروەردەکەم و ئینسانەتیخۆم دەوڵەمەند کەم.بۆیەیە میوان لای کورد عەزیزە و هاتنی دەبێتە جەژن.کوردان میوانداری و پێکەوە لەسەر سفرە دەکەنە ئاوێنە تا سیمای میوان لە لای خۆیان لە ئاوێنەی خۆیانەوە بە میوان نیشان دەن و لەولاشەوە سیمای خۆشیان لەو پێوەندیانەدا تەماشاکەن کە لە گەڵ میوان و دۆست و ئاشنایان درووستیان کردوون.

لای کوردان سفرە دەبێت گەرم و ڕەنگاورەنگ بێ، خواردنەکان خۆش و بەتام بن و کابانەتی خانمی ماڵ و پێگەی وی و پرستیژی وی نیشان بدەن.لای ئێمەی کورد خواردنی گەرم زۆری بایەخ پیدەدرێ.پڵاوی جۆراوجۆر،خواردنی برژاو و کوڵاو، دۆڵمەی تێکەڵاو، کفتە، خۆرشت، سوپ، سەوزە و میوە و شەراب و ئەموو ئەوانە لە میوانیدا لە پەنایەک دەچنرێن.دانان و رێکخستنیان لە پەنایەک ئەویش بۆخۆی هونەرێکە.

واتە سفرەی کوردی وەک سروشتی کوردسات رەنگاوڕەنگ و میکسە.زیندوە و قسان دەکات.سیگناڵان دەنیرێ.بۆنی پڵاوی ماڵە کوردان خەڵکی دی مەستدەکات.دەڵین هەرچی بۆ لەش باش بێت دەرمانە.کورد خواردن وەک دەرمانیش بەکاردێنی.کورد کە نەخۆش دەبێ، بەکەیفی خۆی ئیشتیایان دەکات و قەت بێدڵیشی ناکرێت.ئەگەر خواردن چارەسازنەبوو جا ئەو دەم نۆرەی دەرمان خواردن دێت.

کورد تێدەکۆشێ لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەرگرێ تا پێکەوە نان بخۆن، شایی و زەماوەند، جەژنی لە دایک بوون، میوانی، جەژنە میللی و ئایینیەکان، خەنەبەندان، مارەبڕین، منداڵبوون، ناونان لە منداڵ، تەواوکردنی خوێندن و سەیران و چونەدەر.هەوڵین دوعای کورد ئەوەیە کە خوایە ڕزقمان زیادکەی.وڵات پڕ خێروبێرکەی.ڕەحمەتت ببارێنی.

میوانداری کوردان پێوەندیسازە و ڕەنگدانەوەی جیهانبینی کوردیە.هەربۆیەشە چۆن ئەفریقایی بە سەما ناسراوە، کوردیش ئاوا بە میوانداری بە ناوبانگە.با ئەو تایبەتمەندیە ئینسانی و جوانەی میللەتەکەمان پەرەپێبدەین و بیکەینە جیهانی.

ئیبڕاهیم لاجانی

IBRAHIM SALEHRAD

24.01.2014

 

 

Go to top