We have 160 guests and no members online

 یەکێک لە لایەنەکانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، ئەوەیە کە ئەو وڵاتە بکاتە مەیدانی پەرەپێدانی مەزهەبی شیعە. ئەوە هەر لە هەوەڵەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بووە و وەک یراتێک لە سەفەویەکانەوە بۆی بەجێ ماوە. لەوەش زیاتر زۆرن ئەوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەفەوی دووهەم دەزانن. پینجسەد ساڵ لە مەوبەر سەفەویەکان بەزەبری سەرەنێزە و لە رێگای بەکارهێنانی ئەوپەڕی بێ ڕەحمی و زەبروزەنگ و خوێنڕێژیەوە و بە هۆی بڵاوکردنەوەی خوڕافات و درۆ و کەڵەکبازیەوە، خەڵکی ئێرانیان، کە ئەودەم لەسەدا نەوەدیان سوننی بوون، کردن بە شیعە. ئەوان لەو کارەیاندا سەرکەوتوبوون. بە جۆرێک کە لە سەردەمی دەستەڵاتداریەتی دووسەد ساڵەی سەفەویەکاندا ئێران بە تەواوی بوو بە کۆمەڵگایەکی شیعە و کەوتە زەلکاوێکەوە کە تەنانەت پێشکەوتن و نوێسازیەکانی چەرخی بیستەمیش، نەیانتوانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی لەو زەلکاوە دەربێنن. دواتریش پتر لە سێ دەیە لەمەوبەر جارێکی دیکەش لە دەورانێکی تازەتردا خەڵکی ئێران فریوی سەفەویەکانی زەمانەیان خوارد و کەوتنەوە ژێر چۆکی ئاخوندەکان. ئەوەتا ئەوە پتر لە سێ دەیەیە ڕێژیمی ئاخونی وەک دێوەزمە دەستی ناوەتە بینەقاقەی خەڵکی ئێران و خەریکە هەناسەیان لێدەبڕی.

دە بێ بگوترێ کە سەرکەوتنی سەفەویەکان لە بە شیعەکردنی ئێراندا بە نرخێکی گران تەواو بوو. هەندێک بەشی ئێران بە زۆری ناچار بە جیابوونەوە کران. بەشێکی بەرچاویش لە سونیەکانی ئێران بە مەیل و دڵخوازی خۆیان دەستیان لە ئێرانی بوونی خۆیان هەڵگرت. ئەوان نیشتیمانێکیان بە جێهێشت کە وەک دوژمن ڕەفتاری دەگەڵ دەکردن. بە ملیۆن ئێرانی یا لە بە شەکانی ڕۆژئاوای ئێرانەوە پەنایان بۆ دەوڵەتی عوسمانی برد و چاوەڕوان بوون لەو هەموو زووڵمە ڕزگاریان کا یا لە لای ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە ڕێێ جیا بوونەوەیان گرتەبەر و چوونەدەر. قاجاریەکانیش، کە میراتی شیعەگەری سەفەویەکانیانن، بە هەموو خوێنڕێژی و گەندەڵی و خوڕافاتێکەوە، پێ گەیشتبوو،  هەمان سیاسەتیان بردەپێش. بەمجۆرە برینی کێشەی نێوان شیعە و سوننی هەروا بە سەرئاواڵایی و ساڕێژنەکراویەوە مایەوە.

ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە ئاڵای شیعەگەری سەفەویەکانی بەرزکردۆتەوە. ئێران و ناوچە کەوتوونەتە قۆناخێکی تازەی شەڕوکێشەی نێوان شیعەو سوننی. هیچ دوورنیە نرخی پەرەپێدانی شیعەگەری بۆ ئێران و بۆ ناوچە لەم قۆناخەشدا، زۆر گران تەواوبێت. ئەو تەنگەژە سیاسیەی ئەمڕۆژانە هەڕەشە لە سەقامگیری و مەوجودیەتی عێراق و پرۆسەی دێموکڕاسی لەو ولاتەدا دەکا،  تەنیا گۆشەیەکی بچوکی ئەو شەڕو کێشەیە.

لە نێوخۆی ئێرانیشدا، ڕێژیم سیاسەتی بە شیعەکردنی ناوچە سوننی نشینەکانی وەک کوردستان، بەلوچستان، تالشستان و تورکمەنسەحرا، بە توندی و زۆر بێ بەزەییانە دەباتە پێش. لەو ناوچانەدا رێژیم لە هەموو ئیمکاناتی سیاسی و نیزامی و پۆلیسی و ئابووری و تەبلیغاتی خۆی بۆ پاڵەپەستۆ خستنە سەر خەڵک کەڵک وەردەگرێ. گرتن و کوشتن و ڕاونان و ئەشکەنجە لەو ناوچانەدا بێداد دەکا. ئەمە بۆتە هۆی ئەوە کە چ لە کوردستان و چ لە بەلوچستان خەڵک هاواریان لێ بەرزبێتەوە. سەدان هەزار سوننی مەزهەب لە تاران دەژین و مافی ئەوەیان نیە تەنانەت لە رۆژی جەژنی قوربان و ڕەمەزانیشدا، بە گ

 وێرەی داب و نەریتەکانی خۆیان، نوێژی جەژن بکەن و ئەگەر لەو مافەی خۆشیان کەڵک وەرگرن بۆ ناوەندەکانی وەک کەهریزەک ڕەپێچەک دەدرێن. ڕاست وەک سەردەمی سەفەوی خەریکە مەزهەب لەئێران دەبێتە فاکتۆریکی کاریگەرو چارەنوس ساز لە سیاسەتی نێوخۆی و ناوچەیی و دەرەکی حکومەتدا.

بەو پێ یە کۆماری ئیسلامی بەو سیاسەتەی خۆی و بە هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی هەندێک مەبەست کە نەک هەر لە توانای ئەودانین، بەڵکو دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەی قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئێرانیش، بەنزین بە ئاوری ململانی و ڕەقابەتێک دادەکا کە ڕەنگە ئاکامی چاوەڕوان نەکراوی بۆ ئێرانیش بەدواوەبن.

هەر ئێستا جەبهەیەکی سوننی لە بەرانبەر سیاسەتی شیعەگەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا خەریکە درووست دەبێ. وڵاتان عەرەبی ناوچە، کە بەدەست سیاسەتی ئاژاوەگێرانەی کۆماری ئیسلامیەوە، ترسیان رێنیشتوە، خەریکی خۆ ڕێکخستن و پاڵوێکدانن. سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو، ئۆردۆن و میسر و جەزایر و تونس و مەڕاکیش و فەلەستین و لوبنان، هەموو دەکەونە ئەو جەبهەیەوە. عێراق کە لە مێژە بۆتە ئامانجی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی، ئێستا ئەمڕۆژانە خەریکە دەبێتە مەیدانی ئەو شەڕە. پاش چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئێران دەیەوێ هەرچی زووتر شوێن بە سونیەکانی ئەو وڵ

 اتە لێژکا. لە فەلەستین کۆماری ئیسلامی حەماسی هەیە و لە لوبنانیش حیزبووڵا. لەسەر تاسەری ئەو ناوچەیەدا شەڕ لە نێوان سوننی و شیعەدا، بە وەسیلەی جۆراو جۆر لە گۆڕیدایە. خەرجی ئەوشەڕە لە گیرفانی خەڵکی ئێران دابین دەکرێ. کۆماری ئیسلامی لە ڕیگای تەبلیغاتی دژی یەهودی وفڕوفیشاڵی دژی ئیسڕائیلیەوە و بە هۆی خەرجکردنی سەدان ملیۆن دۆڵار لە خەزێنەی خەڵکی ئێران، دەیەوێ ببێتە قارەمانی دژی ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا. بەڵام هەر لە ئێستاوە دیارە کە سەری رێژیم وەبەردی واقعیەتە مێژوویی،  سیاسی و کولتوریەکانی ناوچەکە دەکەوێ و سەرمایەگوزاریەکەی دەبێتە بڵقی سەر ئاو.

 

کۆماری ئیسلامی کە دەیەوێ لە رۆژهەلاتی ناڤیندا هێژمۆنی خۆی و شیعە، بەسەر وڵاتانی عەرەبی و سوننیەکانی ئەو وڵاتانە و تەنانەت کوردستان و تورکیەو پاکستان و ئەفغانستانیشدا بسەپێنێ، هەر لە ئێستاوە دۆڕاندویەتی. ئاخر ئێران و گەلانی ئێران هیچ قازانجێکیان لە یارمەتیدان و سەرکردایەتی کردنی حەمماس و حیزبوڵاو سوریەو دارودەستەکانی دیکەی شیعە لە عێڕاق و ناوچەکەدا نیە. هەڵگیرساندنی شەڕی مەزهەبی لە عێراق و لە نێوبردنی ئەزمونی دێموکڕاسی لەو وڵاتەدا، بۆ گەلانی ناوچە بە گشتی و گەلانی عێراق بە تایبەتی و بۆ کۆمەڵگای نێو نەتەوەییش خەتی سورە و بە هیچ جۆر قبوڵ ناکرێ.

ئێمە خەڵکی کوردستان، چ لە کوردستانی ئێران و چ لە کوردستانی عێراق و چ لە تورکیەو چ لە سوریە، لە سەرمانە توشی ئەو داوە نەبین. کێشەی ئێمە کێشەیەکی نەتەوایەتیە. ڕاستە بە شێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان سوننین و لە ژێر سیاسەتی پاکتاوکردنی مەزهەبیش دان، بەڵام مە سەلەی ئەسڵی لە کوردستان  بە هەموو بەشەکانیەوە، لە گۆڕیدابوونی ستەمی نەتەوایەتی و سیاسیە. جگە لەوە بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ ئاپارتایتی مەزهەبی و هەوڵی رێژیم بۆ بە شیعە کردنی خەڵکی سونیش لە کوردستان، دەبێ وریابین نە کەوینە کەمینی شەڕی مەزهەبی کوێر و داوی دارودەستە جۆراوجۆرە مەزهەبیەکانی وەک تالیبان و جوندوڵاو مۆدێلی دیکەی لەو چەشنە. تووندڕەوی مەزهەبی و دەمارگرژی ئایینی لە هەموو شێوەکانی خۆیدا دەبێ مەحکوم بکرێ. خەبات بۆ ئازادی و لە نێوبردنی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوایەتی و جیاوازیدانانی مەزهەبی و بێ بەشی و مەینەتبەشی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لە کوردستان، ئەگەر لە ژێر درووشمی دێموکڕاسی و فیدڕالیزم و ڕگاری لە ستەمی میللی دا بێت، سەرکەوتنی نزیکترە و دونیاش باشتر پشتیوانی لێدەکات. چۆن مێژوو سەفەویەکانی قەدیمی خستە زبڵدانی مێژوو، هەر ئاواش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەخاتە زبڵدانی مێژوو. داهاتووی ناوچە و ئێران و کوردستان، شتێک نیه‌

 جیا لە دێموکڕاسی و ئازادی. ئەوەتا شنەبای ئازادی و دێموکراسی لە ناوچەکەدا هەڵی کردوە و بێ گومان ئێران و کوردستانیش دەگرێتەوە. ئەوە خەیاڵ نیە و خۆشبینی زانستی و فەلسەفیە.

 

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٨. ١٢.

Go to top