We have 55 guests and no members online

لە هەندێک کۆروکۆمەڵی حیزبی و رووناکبیریی نێو بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا، خەریکە باسی شوێنی ئەخلاق لە سیاسەت و لە نێوجوڵانەوەدا دەکەویتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. ئەوە خۆی لەخۆیدا شتێکی تازەنیە، بەڵام هاتنەگۆڕی لەو هەلومەرجەداشتێکی پۆزەتیڤە.

 دوكتۆر قاسملووی شەهید دەیان ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی ئێمە تێدەکۆشین ئەخلاق بێنینە نێو سیاسەت. بەڵام ئەوەی لەوبارەوە تازەیە ئەوەیە کە ئەو مەسەلەیە خەریکە دێتە نێو کۆڕوکۆبونەوە حیزبی و جەماوەریەکان.

 بایەخ و گرنگیی شوێنی ئەخلاق لە سیاسەتدا لە وەوە سەرچاوە دەگرێ کە سیاسەت گرنگیەکی زۆری لە کۆمەڵگای ئینسانی دا هەیە . ئەو مەسەلەیە هێندە گرنگە کە لە کۆمەڵناسی سیاسیدا سیاسەت و کۆمەڵ پێکەوە دێن. واتە کۆمەڵ و سیاسەت هەندێک جار دوودەستەواژەن کە بۆ بەیان کردنی یەک مانا بەکاردەبرێن. کۆمەڵ لە سیاسەت جودانیە و سیاسەتش لە کۆمەڵ جیا ناکرێتەوە. لەوەش زیاتر لێکۆڵەرەوەکان و کۆمەڵناسەکان سیاسەتی ناسالم بۆ پێناسەکردنی کۆمەڵگا نەخۆشەکان و سیاسەتی سالم و درووست بۆ تاریفکردنی کۆمەڵگا سالمەکان دەکەنە پێوانە. واتە کۆمەڵگای تەندرووست ئەو کۆمەڵگایەیە کە سیاسەت تێیدا سالمە. کۆمەڵگای ناسالمیش، کۆمەڵگایەکە کە سیاسەت تێیدا گەندەڵە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەگەر لە کۆمەڵگایەکدا، تێبینیە ئەخلاقیەکان نەمێنن، ئیتر هیچ ووزە و ئینێرژیەک بۆ کاری خێر و پێکهێنانی ڕێفۆڕم و چاکسازی نامێنێ.

مەسەلەیەکی دیکەش لەو بارەوە زۆر گرنگە. ئەویش ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر هەندێک کەس وەک تاک بشتوانن، لە رێگای بێ ئوسوڵی و لە ژێرپێنانی بایەخە ئەخلاقیەکانەوە، خۆیان بەرنەپێش یا جێگاو مەوقعیەتێک بۆخۆیان دەستە بەربکەن، کۆمەڵگا ئینسانیەکان ناتوانن کارێکی ئەوتۆبکەن. کەڵەكە بوونی گەندەڵی، خراپی، پیسی و بۆگەنی لە کۆمەڵگادا، وەک خۆرە کۆمەڵگاکان لە بەر یەک هەڵدەوەشێنێ و لە نێوخۆڕا تەفروتونایاندەکات. هەموو ئیمپڕاتۆریە گەورەکانی مێژوو لە ژێرباری قورسایی گەندەڵی و گەنیوی و درۆدا تێک تەپیوون. ( سۆسیالیسمی واقعەن مەوجود، ئیمپڕاتۆری عوسمانی، ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم، زۆر ناکێشێ جمهوری ئیسلامی واقعەن مەوجودیش لە ژێر باری قورسایی گەندەڵیی خۆیدا بەلادا دێ. . . . ).

سیاسەت بێ دایک و باب نیە. سیاسەت هەموو هەر هەوڵدان بۆ وەدەست هێنانی نان و دەستەڵات و مەقام و ناوبانگ نیە. لە سیاسەت دا وەک دوکتۆر قاسملوو دەڵێ لانی کەم دەبێ هەندێک چوارچیوە و ئوسوڵ و پرینسیپ هەبن دەنا کاری سیاسی بێ نێوەرۆک دەبێت. سەروبنی قسەی دوکتۆر قاسملوو ئەوەبوو کە دەیگووت ئێمە حیزبێکی مەسئوولین، سیاسەتی ئێمە سیاسەتێکی ئووسوڵیە.

 بۆکاری سیاسی لانی کەمی سڵامەتی ئەخلاقی و درووستکاری پێویستن. چۆن مرۆڤ پێویستی بە ویژدانە تا وەک مرۆڤ جوان و ئینسانانە بژیو مرۆڤی بێ ویژدان هەم بۆخۆی و هەم بۆ دەورووبەری پڕ مەترسیە، کۆمەڵگاش و بەتایبەتی کۆمەڵگای سیاسیش پێویستی بە ویژدانە و بێ ویژدانێکی زیندوو و ئاگا و بەخەبەر، واتە ویژدانێک کە نیگابانی ئوسول و نۆڕم و پرنسیپەکان بێ، کارایی خۆی لەدەست دەدا.

ئەگەر نۆڕم و پرنسیپ و بایەخە ئەخلاقیەکان لە کۆمەڵدا نەمێنن یا بێ مانا بکرێن، کۆمەڵگا تووشی بێ سەرەوبەرەیی و لێک هەڵوەشان و نەخۆشی جۆراوجۆرو پووچیگەریی دەبێ. تاکی ئینسانی بۆ ئەوەی لەبەر چاوی خەڵک چاک بنوێنێ تووشی ریاکردن دەبێ. جا هەتا تاکەکان زۆرتر لەدەوری یەک کۆبنەوە مەیل بە ڕیاکاری زۆرتر دەبێت. هەربۆیە کۆمەڵگای سیاسی باشترین مەیدانە بۆ سەرهەڵدانی ڕیا و گەندەڵی. جا ئەگەر چاو و گوێی کۆمەڵ، ویژدانی کۆمەڵ واتە ڕاگەیەنەرەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی، حیزبەکان، کۆڕوکۆمەڵە دێموکراتیکەکان کاری خۆیان نەکەن گەندەڵی و درۆ و ڕیا سەرتاسەری کۆمەڵگا دادەگرێ و وەک مۆریانە تارووپوی کۆمەڵ لێک هەڵدەوەشێنێ.

بۆ ئەوەی خەڵک رێکبخرێن یا دەبێ بڕواو متمانەمان پێبکەن، یادەبێ بتوانین فریویان دەین یا دەبێ لێمان بترسن و بە زەبری گۆپاڵ و سەرەنێزەو قامچی و چەک لە دەوری خۆمانیان رێکخەین. خەڵک مایەی ئەوەیان تێدایە بترسن. مایەی ئەوەیان تێدایە بە فریوبچن. سەرەڕای هەموو ئەوانە هیچ کارێکی گەورە نیە لە مێژوودا بێ بەشداریی بەرین و چالاکانەی مرۆڤەکان بە ئەنجام گەیشت بێ. ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی خەباتگێر و میللی نەدەتوانین خەڵک بترسێنین، نە دەشتوانین خەڵک فریوبدەین. ئێمە یەک رێگامان لە پێشە. ئەویش ئەوەیە کە دەبێت بڕاو و متمانەی خەڵکی خۆمان وەستبێنین. بەبێ ئەوە بە هیچ کوێ ناگەین. بە خەتکردنی خەڵک بە زەبری سەرکوت و زەبروزەنگ و درۆو فریو هیچ ئاکامی نیە. نموونەی ئەو شێوە رێکخستنەمان زۆر دیوون کە ئەگەر کاتی هاتوە بەرگەی چرکە ساتێکیشیان نەگرتووە. هێمن دەڵێ کە گۆپاڵی خەڵک دەرهات لە خیزی ئیتر میری گەورە نامێنێ فیزی.

ئەوە کە دەلێێن ئێمە حیزبێکی بەرپرسین و سیاسەتێکی ئوسوڵیمان هەیە، بەو مانایەیە کە ئێمە لە سیاسەتدا چوارچێوەمان هەیە و لە هیچ هەلومەرجێکدا ئامادەنین و نابین پێ لە ئووسوڵەکانمان، لە نۆڕمەکانمان و لە پرنسیپەکانمان بنێین. حیزبی سیاسی بەوە نابێتە حیزبێکی جەماوەری و خەڵکی کە هەر ڕۆژەی بەهەوای زاری ئەم کەس و ئەو فیسارەکەس، سیاسەت و هەڵوێستەکانی بگۆڕێ. ئێمە بۆ خاتری دڵی هیچکەس، هیچ دەستەو تاقمێک ئامادەنین ئەسڵەکانی سیاسەتی حیزبی خۆمان بخەینە بن پێ. ئەگەر بۆ خاتری وەدەستهێنانی دڵی هەندێک کەس، یا چین و توێژێکی تایبەتی، ئەسڵەکانمان بخەینە لاوە، ئەو دەم سەرمایەیەکی گەورەترمان لە دەست دەچێ. کە ئەویش متمانەی میللەتەکەمانە. ئەو هێزە سیاسیانەی تێدەکۆشن بە فریوو ودرۆ بڕوای خەڵک وەدەست بخەن، تەنیا خۆیان فریودەدەن. ئەو حیزبی دێموکراتە بەو هەموو زەبرەوە کە وێی کەوتوە، ڕاست لەبەر ئەوە ماوەتەوە کە میللەت بڕاو و متمانەی پێدەکات.

پارێزگاری لە ئەسڵەکان، لە نۆرمەکان، لە پرنسیپەکان بەوە دەکرێ کە پێوانە بۆ ڕەفتار و کاروکردەوەی سیاسی دانێین و سەختگیربین لە گەڵ خۆمان و لەگەڵ یەکتر. کار دەگەڵ حەزرەتی عیسای مەسیح ناخۆش بووە، چونکە سەختگیر بووە. تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتیش سەختگیرە. ئەو دیسپلینە تووندەی لە حیزبدا وەک حیزبێکی خەباتگێر هەیە، وێنەیەکە لەو سەختگیریە. ئەو ئەسڵانەی وەک سیمای دێموکرات دیاریمان کردوون و تێکۆشەرانی دێموکراتیان پێ دەناسرێنەوە، ئەو پێوانانەن کە بەسەر رەفتارو کار و کردەوەکانمان دا زاڵن. ئەو ئەسڵانە لە حیزبی ئێمەدا بوونەتە یاسایەکی گشتی. ئەوە ئەو ئەرکەمان دەخاتە سەرشان کە پێش هەموو شتێک بە چاوی رەخنەگرانەوە بروانینە خۆمان. چ وەک تاکی حیزبی و چ وەک حیزب زۆرمان پێویستی بەوەیە لە دەرەوەی خۆمانڕا بخرێێنە بەرچای ڕەخنەگرانە تا باشتر لەگەڵ زیادەڕۆیی و کەمووکوڕیەکانی خۆمان ئاشنابین.

ئێمە بە گشتی نوختەی بە هێزمان زۆرن و دەستیشمان بەتاڵ نیە و میللەتەکەشمان متمانەی پێمانە. هەر بۆیە پێویستە ئێستا کە مەیدانی چالاکیمان زۆر بەرین نیە تێکۆشین وەک تاکی حیزبی لەو مەحدوودیەتەکانی خۆمان فەزیلەت درووست کەین و حیزب و خۆمان بەرەو گەشەو تەکامولی زۆرتر بەرین. واتە دەبێ قبووڵ کەین کەمووکوڕیمان هەیە. گرنگترینی ئەو کەموو کوڕیە لاوازیە لە کاراکتەری ئێمەدا. کاراکتەر لە پێداگۆگی دا بە دوومانا دێت. یەکەم بە مانای تایبەتمەندیە خسوسیەکانی تاک لێک دەدرێتەوە. دووهەمیش بە مانای کۆنسیستێنت مانەر دێ. یانی ئەوە کە بناخەت هەبێ، چوارچێوەت هەبێ، دووربڕوانی، ستراتیژیک بیربکەیەوە، لەبەرانبەر هەڕەشە و وەسوەسەدا ڕاوەستی. کاراکتەر بەو مانایە بڵند فرێن دەگەڵ خۆی دێنێ. واتە باڵی فرێن بە بڵندانماندا پێدەبەخشێ. ئەوەش مەسونیەتمان لە بەرانبەر وەسوەسە و فریو دادەداتێ.

ئەزموونی خۆمان و خەڵکانی دی ئەوە دەردەخا کە لە هەرجێیەک لەبەرانبەر وەسوەسەو فریودا تووند راوەستاوین، بردوومانەتەوە. لە هەرجێیەک بەقەولێک سیاسەتمان بە خەرج داوە و زرنگیمان کردوە، تووشی ناکامی بووین. سیاسەت هەمووی مامەڵە نیە. ئامانجی سیاسەت خێری گشتیە. تاریخی حیزبی ئێمە نیشان دەدات لە هەرجێ یەک ڕاستودرووستی مەسەلەکانمان لە گەڵ میللەتی خۆمان باسکردوە، خەڵک وەک قەڵا لە پشتی حیزبی خۆیان ڕاوەستاون.

ئیبڕاهیم لاجانی

٣٠. ٠٣. ٢٠١٤

ئوسلۆ

 

Go to top