We have 56 guests and no members online

له‌کۆتایی به‌شی دوهه‌مدا،ئاماژه‌م به‌وه‌کرد،که زۆرینه‌ی کادیره‌کان خۆیاندایه پاڵ باڵی مه‌کته‌بی سیاسی، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی پارتی و کوردایه‌تی، به ‌پێچه‌وانه‌ی شانه سه‌رکیه‌کانه‌وه، هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت و خۆیان دایه پاڵ، باڵی مه‌لایی،واته سه‌رۆک بارزانی.  بۆئاگاداری ئێمه لێره‌دا که ئاماژه به‌ووشه‌ی مه‌لای و جه‌لالی ئه‌که‌ین، له‌وکاتانه‌دا مه‌کته‌بی سیاسی نایه‌ویست ده‌ستبه‌رداری نازناوی پیرۆزی پارتی بێت، وه‌ک پارتێکی خاوه‌ن تێکۆشانێکی سه‌ختی ڕابوردو، به‌هۆی که‌سایه‌تی سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ره‌که‌یه‌وه، موسته‌فا بارزانی، پێگه‌ی بڕواو خۆشه‌ویستی له‌ناخی جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی کوردایه‌تیدا زۆر به‌هێزبو،مه‌کته‌بی سیاسی له‌ترسی کشانه‌وه‌ی دڵسۆزانی کوردایه‌تی لێیان، پێداگیربون له ‌مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر نازناوی پارتی،جابۆ جیا کردنه‌وه‌یان له ‌یه‌کتری، ووشه‌ی جه‌لالی و مه‌لایی هاته کایه‌وه،له‌هه‌مان کاتیشدا له‌لایه‌ن ڕژێمیشه‌وه، هه‌ر به‌ یه‌ک چاوی دوژمنکاری سه‌یر ئه‌کران، چونکه لایه‌نی مه‌کته‌بی سیاسی، یه‌کسه‌ر نه‌چونه پاڵ ڕژێم!.

بۆپشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌وڕاستیه‌ی‌، هه‌ره زۆرینه‌ی جه‌ماوری دڵسۆزی کوردایه‌تی، به‌پێچه‌وانه‌ی کادیرانه‌وه پاڵپشتییان له‌ سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی کرد، له ‌سنوری که‌رتی ئیمام قاسمدا له‌و کاته، ژماره‌ی٢٣ شانه‌ی ئه‌ندامان هه‌بون، دووای ئه‌وه‌ی به‌نده‌و به‌ختیار فائیق، جیا بوینه‌وه‌‌و چوینه پاڵ لایه‌نی مه‌لایی،له ‌ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا(١٨) شانه‌‌یان په‌یوه‌ندیان به ئێمه‌وه به‌ست،ته‌‌نها پێنج شانه‌له‌گه‌ڵ  ئه‌واندا مانه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆکاری خزمایه‌تی و دۆستایه‌تیه‌وه!.

ئه‌وبارودۆخه ناهه‌مواره کورد کوژه‌یه، ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر په‌ره‌ی ئه‌سه‌ند،هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندی گوفتوگۆ کردن به‌رده‌وامبو له‌نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رۆکی پارتیدا، به‌ڵام به‌هۆی موکوڕ بونی مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه له دژایه‌تی کردنی سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی، به‌نیازی ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی پارتی،له ‌هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی دور بخه‌نه‌وه، چونکه له‌گه‌ڵ  ستراتیژیه‌ت و ڕه‌وتی نیمچه چه‌پڕه‌وی ئه‌واندا ناگونجا، موسته‌فا بارزانییان به ‌توندڕه‌وێکی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌زانی و له ‌ناخدا ئارام نه‌بون به‌و شێوازه هه‌سته پیرۆزه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه، هه‌روه‌کو ئێستاش هه‌مو مرۆڤێکی سیاسی هه‌ستیار، هه‌ست به‌ جیاوازی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌رایه‌تی ڕێزداران/ سه‌رۆک کاک مه‌سعود بارزانی و سه‌رۆک مام جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌کات!.

کاتێ که‌بارزانی له‌ ئامانجی ئه‌وان تێگه‌یشت و دڵنیابو له‌وه‌ی ئه‌بن به‌مه‌ترسیه‌کی گه‌وره بۆ له‌ده‌ستدانی شۆڕشی ئه‌یلول، هێزێکی تایبه‌تی ڕه‌وانه‌کرد به‌ره‌و ناوچه‌ی ماوت، بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی یه‌ک هه‌ڵوێستی پارتی و شۆڕش، چ به‌گرتنیان و چ به ده‌ربه‌ده‌ر کردنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری شۆڕش، کۆتایی به‌وبارودۆخه نه‌ویستراوه بهێنرێت، ئه‌وه‌بو مه‌کته‌بی سیاسی که زانی، نه‌هیزی پێشمه‌رگه‌و نه‌جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی کورد، له‌گه‌لیاندا نیه‌و ناتوانن به‌رگری بکه‌ن، ڕویان کرده ئێران و په‌ڕێنه‌وه ئه‌ودیو سنوره‌وه‌و، پارتی و شۆرشه پیرۆزه‌كه‌ی به‌سه‌رۆکایه‌تی موسته‌فا بارزانی مایه‌و‌ه‌و،زۆر به‌توندی په‌لاماری ڕژێمه فاشیستیه‌که‌ی به‌غدای دایه‌وه، تاوه‌کو ناوه‌ڕاستی ساڵی/ ١٩٦٦، که‌ سه‌رۆک کۆماری ئێڕاق، عه‌بدوسلام محه‌مه‌د عارف له ‌فڕۆکه‌ که‌وته خوواره‌وه له‌ناوچو، شۆڕش تین و گوڕێکی زۆر گه‌رمی به‌خۆوه بینیبو، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی،که‌به‌غدا چاوه‌ڕوانی ئه‌کرد، بۆیه زۆر به‌خێرایی ملیان که‌چ کرد بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی پارتی و شۆڕشدا، به‌سه‌رۆکایه‌یه‌تی موسته‌فا بارزانی هه‌میشه زیندو، خێرا بڕیاری لێبوردنی گشتی ڕاگه‌یه‌ندراو، به‌نده‌ش له ٢٠/٩/٩٦٦، له‌زیندان ڕزگاری بوو.

لێره‌دا نامه‌وێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بکه‌م،که ‌مه‌کته‌بی سیاسی،تاکو ئه‌وکاته‌ش خۆیان به‌باڵێکی پارتی ئه‌ناساند، هه‌ربۆیه‌ش ڕژێمی به‌غدا، له‌ده‌ستگیر کردن و ڕاودونانی هه‌ردولادا وه‌ک یه‌ک به‌رده‌وام بو، بۆ سه‌لماندنی ئه‌وڕاستیه‌ش، که من له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کاندا به‌به‌ڵاوکراوه‌ی پارتی و شۆڕشه‌وه ده‌ست گیرکرام، هه‌تاکو ڕه‌وانه‌ی دادگا کرام و حوکمی سیاسیم به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، له گرتوخانه‌ی گشتی پۆلیسدا، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ناوی پارتیه‌وه له‌وی بوین(٢٧) که‌س بوین(٦) ئه‌ندام جه‌لالی تێدابو،که ‌یه‌کێکیان فائیق قارد کافرۆشی بو، که ‌له‌که‌رتی ئیمام قاسم پێش دوبه‌ره‌کی، ئه‌و به‌رپرسی یه‌که‌م بو، من به‌رپرسی دوهه‌م بوم!.

کاتێک سه‌رکردایه‌تی شۆڕش و پارتی به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی مسته‌فاوه،که‌وتنه گوفتوگۆوه، ڕژێم وایدانابو له‌سه‌رداواکاری لامه‌رکه‌زی ڕازی ئه‌بن وه‌ک له٦٤دا ڕێککه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌کرا، به‌ڵام ‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی، ڕایگه‌یاند ئه‌وکاته به‌سه‌رچووه، گه‌لی کورد زۆر خه‌سه‌ره‌ی زیاتری داوه، بۆیه ئێستا له‌ ئۆتۆنۆمی سیاسی که‌متر ڕازی نابین، به‌و هۆیه‌وه، ته‌نها ماوه‌ی(٦) مانگ به‌سه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌دا تێپه‌ڕی، هه‌میسان پارتی و شۆڕشه مه‌زنه‌که‌ی به‌رانگاری ڕژێمی به‌غدا بونه‌وه‌و، ئاگری شۆڕش گه‌شه‌ی کرده‌وه!.

به‌ڵام زۆر موخابن له‌دووای تێکچونی گوفتوگۆ و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش، له‌سه‌ر داخوازی مافی ئۆتۆنۆمی سیاسی،‌باڵی مه‌کته‌بی سیاسی که‌ ناوزه‌ند کرابون به‌جه‌لالی،له‌پاڵ ڕژێمدا مانه‌وه،‌ وه‌ک هێزێکی سیاسی و سه‌ربازی پشتگیریان له‌ ڕژێم ئه‌کرد، ناوی ڕێکخستنه‌که‌شیان گوڕی بۆ( حیزبی شۆڕشگێڕانی کوردستان)که له ‌ڕاستیشدا، دژی شوڕشی کوردستان بون، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ێ شان به‌شانی سوپای ڕژێمی فاشیستی ئێراق، به‌ره‌نگاری پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ئه‌بونه‌وه‌و، زۆر جاریش چه‌کداره‌کانی ئه‌وان پێشڕه‌وی سوپای سه‌ربازی ئه‌و ڕژێمه بۆگه‌نه‌یان ئه‌کرد، هه‌روه‌ک به‌ڕیز، مام جه‌لال تاڵه‌بانی، ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ نه‌خۆشکه‌وتنه‌که‌‌ی، به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ، ئاماژه‌ی به‌و ڕوداوه کرد و فه‌رموی، خۆزگه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌مان نه ‌ئه‌کرد!.

نامه‌وێت وه‌ک مێژوو نوسینه‌وه له‌و بوواره‌وه بڕۆم، بۆیه ئه‌چینه سه‌ر ڕوداوی ڕێککه‌وتننامه‌ی/١١ی ئازاری ١٩٧٠ی زاینی، بزانین له‌سه‌ره‌تای ئه‌وروداوه گه‌وره‌و دڵ خۆشکه‌ره‌دا بۆ پارتی و بارزانی، چ وه‌رچه‌رخانێک هاتۆته کایه‌وه، که زیاتر بۆبێته ‌مایه‌ی دڵخۆشی جه‌ماوه‌ری کورد و کۆس که‌وتنی دوژمنانی گه‌لی کورد!.

بێگومان بێجگه له‌ ئه‌ندامان و دڵسۆزانی کوردایه‌تی، زۆر له چاودێرانی سیاسی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی پێیان وابو،که ئیتر کێشه‌ی سیاسی کورد چاره‌سه‌ر کراو،کورد گه‌یشت به‌مافه سیاسیه چاوه‌ڕوان کراوه‌کانی خۆی، به‌ڵام هێشتا قاقای ئه‌و پێکه‌نین و دڵخۆشیه نه‌ڕه‌وا بوه‌وه، کۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی له چۆمان به‌ستراو، جگه له نوێنه‌رانی کۆنگره نوێنه‌ری هه‌مو پارته سیاسیه‌کانی تری ئێراقیش وه‌کو مێوان به‌شداربون تییدا، به‌حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی فاشیستیشه‌وه،ئه‌وه‌ی بۆ به‌جێگه‌ی سه‌رسوڕمانی ئه‌ندامان و نوێنه‌رانی مێوانی کۆنگره ئه‌وه‌بو،که‌ سه‌رۆکی پارتی، نه‌مر موسته‌فا بارزانی، له ‌سه‌ره‌تای ووتاره‌ که‌یدا، زۆر به‌ ڕاشکاوانه‌وه ڕوی کرده‌ ئه‌ندامانی کۆنگره‌و فه‌رموی(ڕۆڵه‌کانم،وه‌ها تێنه‌گه‌ن به‌یانی١١ی ئازار هاتووه کورد ڕزگار بکات، به‌ڵکو وه‌هابزانن هاتووه کورد پارچه پارچه بکات!.

 هه‌روه‌ک ئاگادارن تاکو دوێنێ جار جاره‌یه‌ک دوو فڕۆکه ئه‌‌هاتن به‌سه‌رماندا ئه‌سوڕانه‌وه‌و دوو بۆمبیان فڕێ ئه‌دا، به ‌ساچمه‌کانیان هه‌ندێ برینیان ئه‌خسته سه‌ر جه‌سته‌مان، به‌ڵام چونکه برینه‌کانیان دیار بون، ئه‌مانتوانی زوو تیماریان بکه‌ین،جا له‌مڕۆ به‌دوواوه، به‌ده‌‌ فرۆکه‌ دێن بۆ سه‌رمان و نایان بینین، برینه‌کان ئه‌خه‌نه سه‌ر دڵمان و تێمار کردنی زه‌حمه‌ت ئه‌بی ، بۆیه ئه‌بێت له‌مڕۆ به‌دواوه، هه‌رچاوێکتان  بکه‌ن به‌ چووار چاو و هۆشیارتربن) دیاره له‌و ساته وه‌ختانه‌‌دا، ئه‌م ئاگادار کردنه‌وه‌یه ئیلهام به‌خشیه‌کی ته‌واوی پێوه دیاربو.  هه‌ر بۆیه‌ش له ‌دووای کۆنگره یه‌که‌م هه‌نگاونانی گرینگی سه‌رکردایه‌تی بارزانی، لێ بوردنی گشتی بو، له ‌هه‌مو ئه‌وکه‌س و لایه‌نانه‌ی وه‌ک: سه‌رۆک جاش و سیخوڕ و جاشایه‌تی و به‌کرێ گیراوان و ئه‌و پارته سیاسیانه‌ی دژایه‌تی پارتی و شۆڕش و که‌سایه‌تی پیرۆزی بارزانیان ئه‌کرد،له‌ سه‌روی هه‌موشیانه‌وه، حیزبی شۆڕشگێڕانی کوردستان،که‌به‌جه‌لالی ناوزه‌ند کران، به‌تایبه‌تیش ڕێکخستنه‌کانیان تێکهه‌ڵکێشی ناو ڕێکخستنه‌کانی پارتی کرانه‌وه، به‌پێی پایه‌و پله‌ی سیاسی خۆیان له سه‌ر ئاستی کادیر و ئه‌ندامه‌کانیان به‌گشتی و به‌ڕێز لێگرتنه‌وه پێشوازیان لێکرا!.

ئه‌لێره‌دا ئه‌پرسین، سه‌رکردایه‌‌تی پارتی و شۆش به‌سه‌رۆکایه‌تی موسته‌‌فا بارزانی نه‌مر، له‌پێناوی چیدابو ئه‌وهه‌ڵوێسته گران و هه‌ستیاره‌ی وه‌رگرت، له‌دووای چه‌ندین ساڵ خه‌یانه‌ت جاشایه‌‌تی و سیخوڕی،له ‌پێناو پاڵپشتی کردن، له‌ ڕژێمه چه‌په‌ڵ و به‌دناوه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی به‌غدا، به‌ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ش، له ‌دژی پارتی و سه‌رۆک بارزانی و شوڕشی ئه‌یلولی مه‌زن، به‌ تایبه‌تیش پارتی، به‌ناو شۆڕشگێڕانی کوردستان،له بوواری چه‌کداری و سیاسیه‌وه بۆماوه‌ی چوار دانه ساڵێ ڕه‌به‌ق، به‌ڕابه‌رایه‌تی به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی، به‌هه‌مو تووانایه‌کی سیاسی و چه‌کداریانه‌وه!.

هه‌روه‌ک ئاماژه‌ـان به‌وه کرد،که‌ بارزانی نه‌مر، له‌ووتاره‌که‌ی کۆنگره‌ی هه‌شته‌مدا،ڕاشکاوانه هۆشداری دایه ئه‌ندامان و به‌شداربووانی کونگره،که ڕێککه‌وتن نامه‌ی ئازار هاتووه کورد پارچه‌ پارچه‌بکات، واته هه‌ستی به‌وه کردبو وه‌ک پێشبینیه‌ک،که ‌ڕژێم وه‌ک پیلان داڕشتنێک هه‌نگاوی بۆ ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه ناوه، بۆ دوو مه‌به‌ست، یه‌که‌میان به‌نیازی ئه‌وه‌ی،که‌ سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه، په‌لاماری هه‌مو ئه‌و لایه‌‌نه سیاسی و چه‌کداریانه،وه‌ک جاش و سه‌رۆک جاش و ئه‌وبه‌کڕێ گیراوانه‌ی به‌کاری سیخوڕی هه‌‌ستاون وه‌یان به‌هه‌ر شێوازێکی نه‌شیاو، پاڵ پشتیان له‌ڕژێم کردبێت!.
دووهه‌م، ڕێکخستنه‌وه‌ی توانای ئامێری سه‌ربازی و به‌رزکردنه‌وه‌ی هوره‌ی ئه‌فه‌سه‌ر و سه‌ربازه‌کان، چونکه وه‌ک خۆیان دووای ڕاوه‌ستانی شه‌ر ئاشکرایان کرد، ته‌نانه‌ت بۆمبو موشه‌کی پێویستیان نه‌مابو، تا به‌رگری پێ بکه‌ن وه‌ک پێویست،له ‌هه‌مان کاتیشدا هێزه سه‌ربازیه‌کانیان به‌ته‌واوه‌تی هوره‌یان دابه‌زیبو، به‌جۆرێک بڕوایان به‌توواناداری خۆیان نه‌مابو، که ئه‌توانن زاڵبن به‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌دا.  تاکو له ‌کاتێکدا، ئه‌گه‌ر بۆچونی یه‌که‌میان سه‌ری نه‌گرد وه‌ک په‌لاماردانی بارزانی بۆتۆڵه سه‌ندنه‌وه،له‌و کاته‌دا تووانای سه‌ربازی له ئاستی به‌رگری کردن دابێت و په‌لاماری کوردستان بداته‌وه!.

جاوه‌ک په‌نده‌که‌ی ئه‌ڵێت: ئه‌و ده‌نکه خومایه‌ی تۆ ئه‌ته‌وێت بیخۆی، ناوکه‌که‌ی له‌گیرفانی مندایه، بارزانی هه‌میشه زیندو، پێشه‌کی ئه‌وهه‌نگاوه مه‌زنه‌ی نا، بڕیاری لیبوردنی گشتی ده‌رکرد، زۆر به‌کوتوپڕی ناوماڵی کوردی ڕێکخسته‌وه، به‌ پێچه‌وانه‌ی بیر و بۆ چونه‌کانی دوژمنانی کورد و کوردستانه‌وه، هه‌ڵویستی وه‌رگرد، دیاره ئه‌وه‌ش نکۆڵی لێکردن هه‌ڵناگرێ،که ته‌نها ‌له‌ پێناو خزمه‌ت کردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تیدا بووه،بۆیه جێگه‌ی خۆیه‌تی،هه‌مو تاکێکی کوردی دڵسۆز و نیشتمان په‌روه‌ر،بڕوای ته‌واوی به‌ڕیبازی پارتی و سه‌رکردایه‌تیه بوێر و به‌ئه‌مه‌که‌که‌‌ی هه‌بێ،که له‌پێناوی خزمه‌ت کردن، به‌دۆزی گه‌لی کورد و ڕزگار کردنی خاکی پیرۆزی کوردستان،له‌چنگی داگیرکه‌ڕانی چاوچنۆکی بێگانه‌و، پارێزگاری کردن،له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد و کوردستاندا له‌دایک بووه‌و هاتۆته کایه‌وه، نه‌ک وه‌ک پارتێکی سیاسی، بۆخزمه‌ت کردن به‌خۆیو بنه‌ماڵه پیرۆزه‌که‌ی،‌ هه‌ر‌وه‌ک له‌به‌ر چاوه، ‌هه‌ڵویست و کرداره دیاری و مه‌زنه‌کانی، گه‌واهی ئه‌و ڕاستیانه ئه‌ده‌ن، جووانترین به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ریش ئه‌وه‌یه، هه‌میشه ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه، تێکۆشه‌رترین و خه‌ساره‌‌مه‌ندترین بنه‌ماڵه بونه له‌کوردستانداو، مه‌ترسیدارترین بنه‌ماڵه‌ش بۆنه له‌به‌رانبه‌ر دوژمنانی کورد و کوردستاندا، له‌هیچ کات و سه‌رده‌مێکیشدا، ئاماده نه‌بونه مل که‌چی داگیرکه‌ران بن!.

که‌واته،پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌سه‌رۆکایه‌تی ڕێزدار،کاک مه‌سعود بارزانی،که هه‌مان ئه‌و پارته‌یه، نه‌مر سه‌ڕۆک موسته‌فا بارزانی، سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری بو، هه‌میشه خه‌مخۆری ڕاسته قینه‌ی کوردایه‌تیه‌، هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌و هه‌رده‌م په‌رۆشی یه‌کڕێزی و یه‌ک ده‌نگی و یه‌ک هه‌ڵوێستی، هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌کان و جه‌ماوه‌ری گه‌لی کورده‌، به‌هه‌مو چین و توێژه‌کانیه‌وه،که‌چۆن سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی به‌کرده‌وه نیشانیدا له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا، هه‌ر له‌خانه‌قینه‌وه هه‌تاکو زاخۆ، یه‌ک ده‌نگو یه‌ک ڕه‌نگ بو، سه‌لماندبوی بۆ دۆست و دوژمنان، که گه‌لی کورد یه‌ک جسه‌ته‌و گیانه، لێک جیا ناکرێته‌وه به ویستی دوژمن.  بۆیه منیش ئه‌پرسم: ئێوه کێن و ئێمه کێن؟ له‌وڵامیشدا ئه‌ڵێم:  ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌یه!!.

تکایه چاوه‌ڕوانی به‌شی چوواره‌م بن به‌ڕیزان.

 ٥- ١- ٢٠١٤.

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Go to top