We have 144 guests and no members online

له‌‌کۆتایی به‌شی سێهه‌مدا هاتینه سه‌رخاڵی یه‌کگرتنه‌وه‌، ئاشتی و ته‌بایی و یه‌کڕیزی باڵی به‌سه‌ر ناوخۆی کوردستاندا گرته‌وه، له ‌سایه‌ی سیاسه‌تمه‌داری و دڵسۆزی و به‌ئه‌مه‌کی، سه‌رۆک و پێشه‌وا موسته‌فا بارزنی هه‌میشه زیندو.  هه‌مو چین و توێژه‌کانی گه‌لی کوردستان، بون به‌هێزێکی تۆکمه‌و له‌به‌ر چاو، به‌ڕابه‌رایه‌تی پارتی دیموکراتی کودستان و سه‌رۆکایه‌تی بارزانی موسته‌فا.

گومان له‌وه‌دا نیه، هه‌رسه‌رکه‌وتنێکی نه‌ته‌وایه‌تی،که گه‌لی کورد به‌ده‌ستی بهێنێت، دوژمنانی داگیرکه‌ری کوردستان له‌هه‌ر چووار پارچه‌که‌دا،وه‌کو سه‌گی هاری سه‌رگه‌ردان، ئه‌که‌ونه په‌له ‌قاژه‌و، به‌هه‌ر شێوازێک بۆیان بگونجێ،کێشه ئاڵۆز و نێگه‌تیڤه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی نێوان خۆیان ئه‌خه‌نه په‌راوێزه‌وه،بۆئه‌وه‌ی هاوکاری یه‌کتری بکه‌ن و په‌لاماری کورد بده‌ن، بۆیه هه‌رله ‌دووای ئه‌و سه‌رکه‌وتنه پیرۆزه، ڕژێمی به‌عسی فاشیستی که‌وته‌وه داڕشتنی پیلانی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی، له‌دژی سه‌رکردایه‌تی پارتی و شۆڕش و سه‌رۆکه مه‌زنه‌که‌ی، به‌هه‌مو شێوازێک،له ‌لایه‌ک بۆدۆزینه‌وه‌و کڕینی خۆ فرۆشان و کاسه لێسانی کورد،له‌لایه‌کی تره‌وه داڕشتنی پیلان بۆ تیرۆر کردنی خودی سه‌رۆک بارزانی، هه‌روه‌کو بینراش، چۆن شاندێکی به‌ناوی مه‌لایانی ئاینیه‌وه پێک هێناو، ڕه‌وانه‌ی سه‌رکردایه‌تی کرد، وه‌کو ناوبژی وانانی ئاینی،له‌نێوان ڕژێم و سه‌رکردایه‌تی شۆڕشدا، که‌چی یه‌کێک له‌مه‌لاکانی بۆمب ڕێژ کردبو، به‌‌شێوه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی که‌ ئێستا ئه‌‌بینرێن، چۆن خۆیان ئه‌ته‌قیننه‌وه، دیاره مه‌به‌سته‌که‌ش، بۆ ته‌نها له‌ناو بردنی خودی سه‌رۆک بارزانی نه‌مر بو!.

گومان له‌وه‌دا نیه که پیلانه‌ دوژمنکاریه دڕه‌ندانه‌که‌یان به‌ئه‌نجام گه‌یشت به‌کردار، به‌ڵام یه‌زدانی مه‌زن ڕێگه‌ی نه‌دا به‌مه‌رامی گه‌ڵاویان بگه‌ن، سه‌رۆک بارزانی به‌شێوه‌ی په‌رجۆ(معجزه) ڕزگار بو،که‌ته‌نها به‌ڕیز کاک دوکتۆر مه‌حمود عوسمان،که‌ ئێستاش خۆشبه‌ختانه له‌ژیاندا ماوه، ئه‌توانێت وه‌ک خۆی ڕوداوه‌که ڕون کاته‌وه،که‌چٶن مه‌لاکه ئه‌ته‌قیته‌وه‌و، دووا به‌دووای ئه‌ویش سه‌یاره‌و موشه‌که‌کان ئه‌ته‌قنه‌وه،به‌وته‌ی به‌ڕیز کاک دوکتۆر مه‌حمود که‌باسی بارزانی ئه‌کات و ئه‌ڵێت: که له‌ناو تۆز و خۆڵی خانووه‌که ده‌رچوین، سه‌یری بارزانیم کرد وه‌ک ئه‌وه وابو که هیچ ڕوی نه‌دابێت، ته‌نها سه‌رو چاوی که‌مێ پڕشنگی ساچمه‌ی بێوه‌بو، که پرسیم ئه‌زبه‌نی چۆنی، به بزه پێکه‌نینه‌وه وه‌ڵامی دامه‌وه!.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕوانین بو له‌ڕودانی ئه‌وپیلانه چه‌په‌ڵه‌ی ڕژێمی به‌غدا،هه‌مو لایه‌نی سیاسی و که‌سایه‌تی ناسراو پێی سه‌رسام بون ئه‌وه‌بو،که لایان وابو کوتوپڕ بارزانی بڕیاری ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌کداری ئه‌دات،به‌ڵام دده‌رکه‌وت هێشتا هه‌مو که‌سێ له‌‌دڵ گه‌وره‌یی و دڵسۆزی ئه‌و، به‌رانبه‌ر به‌ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌ی تێنه‌گه‌یشتبون، ئاستی دڵسۆزی له چ ئاستێکدایه، به‌ڵام که بینرا سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاوانه گه‌وره‌و قێنزه‌وه‌نه‌ی ئه‌نجامدرا به‌رانبه‌ر به‌ خودی خۆی، که‌چی هیچ هه‌ڵویستێکی نه‌گۆڕی به‌رانبه‌ر به‌غداو، بڕیاری به‌رده‌وام بونیدا له‌سه‌ر گوفتوگۆ  کردن، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تابتوانن بگه‌نه ئه‌نجامێک، به‌ڵکو زیاتر خوێنی مرۆڤی کورد نه‌ڕژێت، دیاره به‌وه‌ش سه‌لماندی گیانی خۆی له‌لا پیرۆزتر نه‌بووه، له ‌گیانی هه‌ر تاکێکی ڕۆڵه‌‌کانی گه‌له‌که‌ی!.

دووای ئه‌وه‌ی سه‌رکردایه‌تی به‌عسی فاشیستی،به‌وکاره قیزه‌وه‌نه‌ی نه‌یتووانی، نه‌سه‌رۆک له‌ناوبه‌رێت و نه ئاگری شه‌ڕێش هه‌ڵگیرسێنێته‌وه، پیلانێکی تری داڕشت به‌دانانی به‌رنامه‌یه‌ک به‌ناوی(‌المیثاق الوطنی) که ئه‌بو هه‌مو هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی ووڵات، بچونایه‌ته ژێر باڵی حیزبی به‌عسه‌وه،هه‌روه‌ک ده‌ریش که‌وت له‌وه‌پێشه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نه‌کان ڕێککه‌وتبێت له‌سه‌ر ئه‌وبنه‌مایه، بۆ نمونه، هه‌رچه‌نده حیزبی شیوعی ئیراقی له‌وه‌پێش، دوجار به‌به‌ر شه‌قی به‌هێزی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته که‌وتبون و په‌نایان بۆ شوڕش هێنابو، بۆ خۆ ڕزگار کردن له‌ده‌ستیان، که‌چی له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی میساقه‌که‌دا، ڕاسته‌وخۆ په‌سه‌ندیان کردو چونه پاڵیان!.

 به‌‌ڵام بارزانی و پارته پێشڕه‌وه‌که‌ی، ئه‌وه‌ی پێ قه‌بوڵ نه‌کرا، بۆیه ئیتر ڕژێم که‌وته به‌ربه‌ره‌کانی کردنی پارتی و شۆڕشه مه‌زنه‌که‌ی، تاکو کار گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی، له شه‌وی٢١ی ئازاری/١٩٧٤داو، له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رکردایه‌تی شۆڕش به‌سه‌ر‌ۆکایه‌تی بارزانی مسته‌فا، په‌لاماری دام و ده‌‌زگا ئیداری و سه‌ربازی و مۆڵگه‌ی هێزه چه‌کداره‌‌کانی ڕێژێم دراو، جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌کرده‌وه سه‌لماندیان،که ‌له‌گه‌ڵ بارزانی و شۆڕشه پیرۆزه‌که‌یدان.  هه‌رچی قه‌زاو ناحیه‌و مه‌رکه‌زی ئیداری میری هه‌بو، به‌هه‌مو چه‌ک و که‌لوپه‌لێکی ناوه‌وه‌ی دائیره‌کان، هاتنه پاڵ شۆڕش به‌بێ گیروگرفتێکی ئه‌وتۆ،که جێگه‌ی نیگه‌رانی بێ له‌بوواری خوێن ڕشتنه‌وه، بۆنمونه: به‌نده له‌وکاته‌دا که‌ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی شوان بوم،به‌رپرسی ڕێکخراوی خاڵخاڵان و سه‌رۆکی یه‌کیه‌تی لقی جۆتیارانیش بوم، کاتێ شه‌هید سه‌عید تۆماری سه‌رلق، به ‌پێشمه‌رگه‌وه هاته ناو ڕێداره‌وه‌و‌، چوینه سه‌ر مه‌که‌زی ناحیه‌‌‌که،ئه‌وکاته به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ی محه‌مه‌د هه‌مه‌وه‌ندی بو، ته‌نها به‌‌ئاگادار کردنه‌وه خۆیو پۆلیسه‌کانی به‌گشتی خۆیان دا به‌ده‌سته‌وه،ته‌نهاموعاونێک به‌ڕه‌گه‌ز تورکمان به‌ناو عه‌لی، ماڵه‌که‌ی له‌پاڵ بینای مه‌رکه‌ز ناحیه‌که بو،ویستی به‌رگری بکات،به‌ڵام که‌زانی مه‌رکه‌زه‌که به‌گشتی هاتۆتنه پاڵمان ئیتر ئه‌ویش به‌بێ ته‌قه‌ خۆی دایه ده‌سته‌وه.  له‌‌ماوه‌ی دوسێ ڕۆژێکدا، دێهات و باره‌‌گاکانی شۆڕش، جێگه‌ی حه‌وانه‌وه‌و داڵده‌‌دانی ئه‌وجه‌ماوه‌ره زۆره‌ی نه‌ما،که ڕویان له‌ناو شۆڕش کردبو،بۆ پێشمه‌رگایه‌تی و ڕوبه‌ڕوو  بونه‌وه‌ی ڕژێم، ته‌نانه‌ت مزگه‌ته‌کانیش پڕبوبون له‌جه‌ماوه‌ری کورد په‌روه‌ری دڵسۆز!.

 به‌ڵام به‌داخه‌وه دڵ ڕه‌شی عه‌ره‌ب به‌رانبه‌ر به‌گه‌لی کوردستان، هێنده له ‌ئاستێکی دڕندانه‌ی به‌رز دابون، به‌رانبه‌ر به‌مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد، وه‌ک ئێستاکه‌ش واله‌به‌رچاوه،که چۆن داکۆکی له‌سه‌ر داگیرکردنی ناوچه کوردستانیه‌کانی، ڕژێمه‌که‌ی به‌عسی سه‌دامی دایبڕی بۆ به‌عه‌ره‌ب ‌کردنی هه‌تاهه‌تایی، زۆر به‌بێ شه‌رمانه‌ ئه‌یانه‌وێ،له‌ژێر په‌رده‌ی فیدرالیدا،ئه‌وه‌ی سه‌دام حوسێنی گۆڕبه‌گۆڕ، به ‌دڕندایه‌تی پێی ئه‌نجام نه‌درا، ئێستاکه عه‌ره‌به دۆسته‌کانی ڕابوردو له‌ژێر په‌رده‌ی دۆستایه‌تی و یه‌کسانیه‌تی ناڕاستدا، ئه‌نجامی بده‌ن، بۆیه له‌وکاته‌شدا که‌ بۆیان ده‌رکه‌وت به‌و پیلانه گه‌ڵاوه ناوخۆییه‌ش سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا، ئه‌مجار پشتیان به‌ست به‌پیلانی ده‌ره‌کیه‌وه‌!.

له‌‌دووای ئه‌وه‌ی ڕژێمه بۆگه‌نه‌که‌ی ئێراق، دڵنیابو که‌‌ به‌ته‌نها ناتوانێ زاڵبێت به‌سه‌ر ئه‌وشۆڕشه مه‌زنه‌دا، به‌ڕابه‌رایه‌تی پارتی و سه‌رۆکایه‌تی بارزانی موسته‌فا، په‌نای برده به‌ر هاوڕه‌گه‌ز و دوژمنه‌ هاوبه‌شه‌کانی له ‌دژایه‌تی کردنی گه‌لی کورد، ئه‌وه بو که هه‌ستی ڕه‌گه‌ز په‌رستیه‌تی عه‌ره‌بی شۆڤێنی، پاڵی به‌ هه‌واری بۆمیدیانی، سه‌رۆکی ئه‌و جه‌زائیره‌وه نا، که له‌سه‌رده‌می شۆڕشه ئازادی خوازانه‌که‌یاندا، گه‌لی کوردستان پاڵپشتی خۆی به‌هه‌مو جۆرێک ده‌ر ئه‌بڕی بۆی، هاته ناوه‌وه بۆ، هاوکاری کردن له‌داڕشتنی پیلانی به‌رگری کردن و شکست پێ هێنانی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن!.

هه‌واری بومیدیان، تووانی هه‌ڵوێستی هه‌رسێ ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان( تورکیاو ئێران و ئێراق) یه‌ک بخات و هاوپه‌یمانیه‌کی سه‌ربازی نهێنی له ‌نێوانیاندا ببه‌ستێ و پێیان مۆر بکات، له‌کاتێکدا داوایان له‌سه‌رۆکی پارتی و شۆڕش، موسته‌فا بارزانی کرد، که مل که‌چ کات و شۆڕش هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتو قه‌بوڵی نه‌کرد، ده‌سبه‌سه‌ری بکه‌ن و سوپای سه‌ربازی هه‌رسێ ده‌وڵه‌ت،بکه‌‌وێته جوڵه بۆ له‌ناوبردنی هێزی پێشمه‌رگه‌و، داگیرکردنه‌وه‌ی ناوچه ئازاد کراوه‌کانی کوردستان!.

جابۆ ئه‌نجامدانی پیلانه‌گه‌ڵاوه‌که‌یان، له‌لایه‌ن شای ئێران، محه‌مه‌د ڕه‌زا شاوه،که ‌پاڵپشتی ‌شورشی ئه‌کرد، به‌فه‌رمی داوای له‌سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی کرد،که سه‌ردانی تاران بکات بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی نێوان شۆڕش و به‌غدا، سه‌رۆکیش به‌ده‌م بانگهێشت کردنه‌که‌وه چوو، به‌نیازی گوفتوگۆی ڕێککه‌وتنه‌وه،به‌ڵام له‌وێ ده‌قی ڕێککه‌وتن نامه پیلان گێڕیه‌که‌یان خسته به‌رده‌می و داوای چه‌ک دانان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شۆڕشیان لێکرد، لێره‌دا ئه‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌کرێت،که له‌به‌رانبه‌‌ر ئه‌و هاوکاری کردنه‌ی شای ئێراندا، ئێراق ده‌ست به‌رداری به‌‌شێکی زوری سنوری ده‌ریایی که‌نداوی عه‌ره‌ب و خاکی پیرۆزی کوردستان بوبو، ته‌نانه‌ت قه‌زای پێنجوێنیشی ئه‌گرته‌وه!.

هه‌روه‌ک ئاگاداری دڵسۆزی سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی هه‌بوین، له پاراستنی گیانی ڕۆڵه دڵسۆزه‌کانی گه‌لی کورد، به‌تایبه‌تیش پێشمه‌رگه،چۆن له‌کاتی هێرش بردن بۆ سه‌ر مۆڵگه‌‌ی جاش و سه‌ربازگه‌کانی ڕژێمه‌که‌ی به‌غدا، ئاماده نه‌بو له ‌‌پێناو جێگایه‌کدا گیانی پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ ده‌ست بدرێت، به‌و جۆره‌ش که تێگه‌یشت، ئه‌وه پیلانێکی‌ نێو دوڵه‌تی هینده مه‌ترسیداره، نه‌ک ته‌نها هێزی پێشمه‌رگه، بگره له‌ناو بردنی دانیشتوانی ناوچه ڕزگار کراوه‌کان و وێران کردنی گونده‌کانیش ئه‌گرێته‌وه،به‌جۆرێ که‌تووانای دروست بونه‌وه‌ی نه‌بیت بۆ سه‌تان ساڵی تریش، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌لاوه باشتربو ئاگری شۆڕش بۆ مایه‌ک دامرکێته‌وه، تاکو له‌وته‌نگه‌ژه مه‌ترسیداره، ڕۆڵه‌کانی گه‌ل ده‌رباز ئه‌بێت و کاتێکی تری گونجاو دێته پێش، ژیله‌مۆی ئاگری شۆڕش گه‌ش بکرێته‌وه‌و، دوژمنان توشی شۆک بکاته‌وه.  گومان له‌وه‌شدا نیه، که ‌هه‌مان تێڕووانینی ئه‌و سه‌رۆکه مه‌زنه هاته ‌دی به‌کرده‌وه، کاتێک بیستیان ئاگری شۆڕش هه‌ڵگیرسایه‌وه!.

به‌ڵام سه‌ت موخابن،هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی شۆڕش و ڕێگه نه‌دان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ‌سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی، هه‌میسان هه‌لێکیتر ره‌خسا،بۆ له‌باربردنی یه‌ک هه‌ڵویستی و یه‌کڕیزی گه‌له‌که‌مان، چه‌ند باڵێک له‌پارتی جیابونه‌وه، ڕێکخستنی سیاسیان پێک هێناو، وه‌کو پارتێکی شۆڕشگێڕی نیشتمان په‌روه‌ری کوردستانی، پێناسه‌ی خۆیان ڕاگه‌یاند،که دیاری ترینیان یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان بو،خۆ گومان له‌وه‌دا نیه له‌وسه‌رده‌مه پڕ ‌ئێش و ئازاره‌دا،له‌ هه‌ر کونجێکه‌وه به‌ردی بهاتایه‌ته خوواره‌وه بۆ سه‌ری دوژمن، جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی کوردایه‌تی، پێ دڵخۆش و سه‌ربه‌رز ئه‌بون، بۆیه هه‌ر زوو به‌زوو تووانیان جه‌ماوه‌رێکی دڵسۆزی پاک و چالاک له‌خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه، چونکه به‌تایبه‌تی کادیره باڵاکانیان و سه‌رکرده دیاره‌یه‌کانیان، که‌سایه‌تیه به‌ڕیزه‌کانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بون، نه‌ک که‌سانی تازه دروست بو له‌پێناو کوردایه‌تیدا.

هه‌ر ئه‌و هۆکاره‌ش بوو، که ساڵێکی ته‌واو به‌سه‌ر دامرکاندنه‌وه‌ی بلێسه‌ی شۆڕشدا تێ نه‌په‌ڕیبو، ژیله‌مۆی شۆڕش گه‌‌شایه‌وه‌و، دڵ و ده‌رونی کوردستانیانی نیشتمان په‌روه‌ری پێ گه‌شایه‌وه، به‌تایبه‌ت هه‌رچه‌نده‌ش پارچه پارچه بونه‌که‌ به‌ڕه‌واڵه‌ت زۆر دڵخۆشکه‌ر نه‌بو،به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دڵسۆزانی کوردایه‌تی ئه‌یانزانی لایه‌نه‌کان دروشمی سه‌ره‌کی و پیرۆزیان، ڕزگار کردنی کورد و کوردستانه، دڵنیابوین له‌وه‌ی: له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا، ئێمه کێین و ئێوه کێن، ئه‌ڵێن: ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین، بۆیه دڵخۆشین!!.

له‌کۆتاییدا ئه‌ڵێم: تکایه چاوه‌ڕوان به‌شی پێنجه‌م بن!.  

 ٩-١-٢٠

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Go to top