We have 133 guests and no members online

 

 

 

له‌کۆتایی به‌شی چوواره‌مدا گه‌یشتینه سه‌رباسی شکست هێنانی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن،که‌به‌هۆی داڕشتنی پیلانێکی نێوده‌وڵه‌تی نامرۆڤایه‌تیه‌وه،له ‌نێوان ئێراق و ئێران و تورکیادا،که له‌ژێر چاودێری سه‌رۆک کۆمار  هه‌واری بومیدیان له‌جه‌زائیر واژۆی له‌سه‌ر کرا،هه‌رله‌وبه‌شه‌‌شدا ئاماژه‌مان به‌له‌بار چونی یه‌کڕێزی و یه‌ک هه‌‌ڵویستی گه‌له‌که‌مان و جیابونه‌وه‌ی چه‌ند باڵێک له‌پارتی کرد،که‌ بو به‌هۆی دروست بونی پارتی سیاسی  وه‌ک ده‌سته خوشکی پارتی دیموکراتی کوردستان،له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه ‌یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان بو، به‌ڕابه‌رایه‌تی به‌ڕیز جه‌لال تاڵه‌بانی، سکرتێری گشتی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان.  

هیچ گومان له‌وه‌دانیه،بونی پارت و ڕێکخراوی به‌تابه‌تی سیاسی،له‌به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگادایه، به‌مه‌رجێک هه‌مو لایه‌نه‌کان به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان له‌سه‌روی هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی تاکی و پارتایه‌تیه‌وه له‌به‌رچاو بگرن، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌وهه‌ست و بۆچونه بێت، ئه‌وه نه‌دامه‌تی و ماڵ وێرانیه بۆ ئه‌و گه‌ل و نیشتمانه، بۆیه دورست بونی ئه‌ولایه‌نانه،به‌تایبه‌تی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان، چونکه به‌شێک له‌‌ئه‌ندامه ‌سه‌رکردایه‌تیه‌کانیان،به‌تایبه‌تیش خودی سکرتێری گشتیان به‌ڕیز،مام جه‌لال تاڵه‌بانی،ڕۆژانێک دورو درێژی تاڵی له‌به‌ر چاوی سه‌رکردایه‌تی پارتی هه‌بو، بۆیه هه‌‌ستێکی ساردی ئه‌هێنایه کایه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارودۆخه‌که سه‌پێندرابو،له به‌هیوابونی دووا ڕۆژێکی سود به‌خش بۆ گه‌ل و ووڵاته‌که‌مان، هیج ڕێگه چاره‌ی تریی به‌ده‌سته‌وه نه‌مابو!.

گومان له‌وه‌دا نه‌ما،که‌پێشبینیه‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی، به‌هۆی ئه‌وسیاسه‌ته حه‌کیمانه به‌رجه‌سته کراوه‌یدا، له‌دوای ئه‌وه‌ی پیلانه نه‌گریس و پڕمه‌ترسیداره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌که‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان، تورکیاو ئێران و ئێراق،به‌بڕیارێکی سیاسی کاتی سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی ڕه‌وایه‌وه‌و، بارودۆخێکی گونجاو هاته ئاراوه بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی ئاگری شۆڕش، که‌هێشتا که‌فوکولێ ژیله‌مۆی شۆڕشی ئه‌یلول به‌ته‌واوه‌تی دانه‌مرکابووه‌وه، موژده‌ی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان و شۆڕشی نوێ، به‌جه‌ماوه‌ری سته‌م دیده‌ی گه‌لی کوردستان درایه‌وه به پێشڕه‌وایه‌تی هه‌ریه‌ک له یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان،که‌ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی نویی ئه‌کرد، وه‌شۆڕشی گوڵان، وه‌ک ته‌واوکه‌ری شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن، به‌ڕابه‌رایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێشه‌وایه‌تی، سه‌رۆک بارزانی!.

به‌ڵام سه‌ت موخابن، هه‌روه‌کو له‌ناخدا پێشبینی مه‌ترسی ڕوبه‌ڕو بونه‌وه ئه‌کرا له‌نێوان پاتی و یه‌کیه‌تیدا، له‌دووای ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکی شۆڕشی پارتیزانی، هه‌رلایه‌نه‌و له سنوری چالاکی خۆیاندا،بۆ جارێکی تریش دوباره‌بونه‌وه‌ی دژایه‌تی کردنی یه‌کتری ڕویدایه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان هه‌ر له‌ناو سنوری چالاکیه‌کانیاندا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێکیان پاڵ بده‌نه لایه‌نێکی داگیرکه‌رانی کوردستان!.

لێره‌دا من ناتوانم باس له‌چۆنیه‌تی ئه‌و ڕوداوه نه‌ویستراوه برا کوژیه بکه‌م،چونکه له‌نزیکه‌وه ئاگاداریه‌کم له‌سه‌ری نه‌بوه،به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ی بیستن و ده‌نگی ڕادیۆکانه‌وه ئاگادار ئه‌بوینه‌وه،ئه‌وه‌ش نابێته جێگه‌ی بڕوا پێهێنانی ته‌واو، تابتوانرێت پشتی پێ ببه‌سترێ و لایه‌نێکی زیاتر پێ خه‌تابار بکرێ، بۆیه من خۆم له‌وه‌وه به‌دور ئه‌گرم شرۆڤه‌ی له‌سه‌ر ناکه‌م،که‌ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که‌بڵێم، هۆکاری کێنه له‌زگی تێدا به‌دی ئه‌کرێ!.

به‌ڵام ئاگادار بوینه‌وه به‌رله‌وه‌ی‌ ڕاپه‌رین بێته ئاراوه، به‌ هه‌وڵی ئه‌ندازیاری داهێنانی ئاشتی، سه‌رکرده‌ی شه‌هید کاکه ئیدریسی جووانه‌ مه‌رگ، به‌ره‌یه‌کی کوردستانی هاته کایه‌وه‌و، کۆتایی به‌و نه‌هامه‌تیه کورد کوژه‌یه هێناو،جارێکی تری دڵخۆشی باڵی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ماندا کێشایه‌وه، دیاره که گومانی تێدانیه،هه‌ر ئه‌و ڕوداوه مه‌زنه پیرۆزه‌ش بووه هۆکاری ئه‌و سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه‌ی ڕاپه‌ڕین!.

ئاشکرایه ڕاپه‌ڕین ئه‌وڕوداوه گرینگ و مێژوویه ‌بو،که ‌وه‌رچه‌رخانێکی بوواری سیاسی هێنایه ئاراوه له‌ڕوی کێشه‌ی مافی ڕه‌وای نه‌ته‌وایه‌تی گه‌له‌که‌مانه‌وه له ‌باشوری کوردستاندا، ته‌نانه‌ت ‌کاریگه‌ری پێشه‌وه چونی له‌سه‌ر هه‌رسێ پارچه‌که‌ی تری ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران و تورکیاو سوریاش دروست کرد،له‌وه‌شدا هیچ گومانێک هه‌ڵناگرێت ئه‌گه‌ر بونی یه‌ک ڕێزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ی گه‌له‌که‌مان نه‌بوایه، مه‌حاڵبو به‌و جۆره‌ش کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بهاتایه‌ته پێشه‌وه‌‌و، پشتگیری له‌کورد بکردایه‌و ئه‌وسه‌رکه‌وتنه مه‌زنه‌ی‌ بهێنایه‌ته دی.  که‌واته له‌هه‌ر ڕوداوێکی خووازراو و نه‌خوازراودا، به‌ڵگه‌یه‌کی زیندو دێته‌کایه‌وه،‌ ئه‌یسه‌لمێنێت، هه‌ر یه‌کڕیزی و یه‌ک هه‌ڵویستی کۆمه‌ڵگایه، ئه‌بێته هۆکاری سه‌رکه‌وتن و دوواکه‌وتنی ووڵات، نه‌ک ته‌نها بونی پارتی سیاسی و نیستمان په‌‌روه‌ری شۆڕشگێڕ، به‌ڵام موخابن، زاڵبونی هه‌ستی بیرته‌سکی پارتایه‌تی،به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تیدا هه‌ندێ جار،ئه‌و لێکترازان و یه‌کڕێزیه له‌ناوئه‌بات و ڕێڕه‌وی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌ره‌و ئاقارێکی دور له‌ڕاستی و هه‌ستی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌بات، له‌ئه‌نجامیشدا چونکه هه‌ڵوێسته‌که له‌بنه‌مادا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی لایه‌ن و تاکه‌که‌س هاتۆته کایه‌وه، سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست نا‌هێنێت بۆ هیچ لایه‌نێک و به‌زیانێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له‌سه‌ر هه‌مولایه‌ک ئه‌که‌وێت!.

زۆر به‌داخه‌وه که‌ بۆجارێکی تریش،دووای چه‌ندین جار بینینی ئه‌ونه‌هامه‌تیه ‌کورد کوژه‌یه،له‌دووای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ڕاپه‌ڕینه شکۆداره‌که‌وه، ئازادی و هیوایه‌کی پڕ ئومێد هاتبوه ئاراوه،به‌ڵام هه‌میسان شه‌ڕی براکوژی وه‌ک مۆته‌که باڵی کێشایه‌وه به‌سه‌رماندا،ئه‌نجامه‌که‌شی هه‌ر وه‌ک بینیمان، له‌ماڵویرانی گه‌لی کوردی زیاتر لێنه‌که‌وته‌وه.  بۆنمونه: 

ئه‌گه‌ر به‌راوردی به‌رهه‌می سه‌رکه‌وتن و خێر و بیری ووڵات بکه‌ین له‌نیوان ئه‌و(١٣) ساڵه‌ی به‌ر له‌ڕوخانی ڕژێم و ئه‌و(١١) ساڵه‌ی دووای ڕوخانی ڕژێم،که به‌بی کێشه‌ی ناوخۆیی و یه‌کڕیزی و یه‌ک هه‌ڵوێستیه‌وه له بوواری بۆپێشه‌وه چونی سیاسی و به‌ده‌ست هێنانی مافه‌ ڕه‌واکان و دابین کردنی ئازادی و خۆشگوزه‌رانی گه‌له‌که‌مان هاتۆته ‌دی، جیاوازیه‌کان هێنده زۆر و به‌رزه، به‌‌هیچ جۆرێک لێک نزیک ناخرێنه‌وه، که‌واته ڕودانه‌وه‌ی ئه‌و نه‌‌هامه‌تیه شومانه له‌پێناوی چیدایه‌و بۆ ڕوو ئه‌داته‌وهه؟!.

ئه‌لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌وه بێنینه‌وه به‌رچاو، هه‌ر شۆڕشێکی ئازادی خووازانه که‌سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و شه‌قامی سیاسی به‌ر‌فراوان بکرێته‌وه، چینی بێ به‌ر و پشت( إنتهازی) سود مه‌ندی یه‌که‌م ئه‌بن له‌‌چونه پێشه‌وه.  هۆکاره‌که‌شی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو بوواری سه‌ره‌کی که ‌بریتین له‌:

أ/ پێشه‌کی ئه‌بێ ئه‌وه بزانین،که هۆکاری بێبه‌رو پشتی مرۆڤ،له‌‌به‌رژه‌وه‌ند په‌رستی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵ ئه‌دات،جا کاتێک ئه‌وهه‌سته پاڵی پێوه ئه‌نێت و هه‌ست به‌لاوازی خۆشی ئه‌کات، که هیچ به‌رهه‌مێکی له‌بوواری سیاسی و دڵسۆزیه‌وه نیه بیخاته پێش چاوی به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاتداری خاوه‌ن بڕیار، ناچار ئه‌بێ سه‌ر شۆڕ ئه‌کات و به‌جۆرێ ملی که‌چ ئه‌کات به‌رانبه‌ریان،که‌ دڵسۆزانی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی پیرۆزی ڕابوردو، بناتوانن به‌و شێوازه خۆیان نیشان بده‌ن و بچنه پێشه‌وه‌و ماستاوچیه‌تی بکه‌ن!.

ب/ دیاره به‌رپرسه‌ به‌ڕیزه‌کانی خاوه‌ن بڕیاریش،به‌‌لێشاو هاتنی کوتوپڕی ئه‌وجه‌ماوه‌ره زۆره‌یان به‌ئاسانی پێ کۆنترۆڵ ناکرێت، وه‌ک پێشینان وتویانه: که‌زۆر هات قه‌باڵه به‌تاڵه!.

هه‌ربۆیه به‌تایبه‌تیش ئه‌وبه‌رژه‌وه‌ند په‌رستانه‌ی که‌له‌ڕابوردودا،هیچ گیروگرفتێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیان له‌به‌ر ده‌مدا نه‌بوه‌،ته‌نها خه‌ریکی خویندنی خۆیان بونه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی پله‌ی زانستی،ئه‌و ملکه‌چی و سینگ له‌پێشکه‌ری و شه‌هاده‌که‌یان و مه‌رامایی کردنیان، بۆته هۆکارێک بۆچاوبه‌ست کردنی ‌به‌رپرسه‌کانی خاوه‌ن بڕیار،له‌ڕابردویان و ئه‌بنه جێگه‌ی بڕواو، به‌سه‌ربه‌رزیشه‌وه‌ پایه‌و پله‌ی به‌ڕێوه به‌رایه‌تی به‌ده‌ست ئه‌هێنن، ئه‌وکاته‌ی ‌ده‌ست به‌کاریش بون، گه‌نده‌ڵی سه‌ر هه‌ڵ ئه‌داتو چاره سه‌ر ناکرێت،تا ئه‌گاته ئاستێکی پڕ له‌مه‌ترسیدار،له‌ بوواری یه‌کڕێزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی سیاسه‌ت مه‌داره‌کانی لوتکه، هه‌ر وه‌کو ناوه به‌ناوه زۆر جار به‌دیمان کردووه له‌ڕٶژانی ڕابردوداو، بگره تاکو ئێستاش ئه‌و مه‌ترسیانه له ئارادایه‌!.

دروست بونی ناکۆکی و له‌بارچونی یه‌ک هه‌ڵوێستیش له‌وه‌‌وه ده‌ست پێ ئه‌کات،کاتێ گه‌نده‌ڵه‌کان به‌دووای به‌رژه‌وندی تایبه‌تی خۆیاندا ئه‌گه‌ڕین، به‌رپرسه دڵسۆزه‌کانیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تی له‌به‌‌رچاو ئه‌گرن و سه‌رقاڵ ئه‌بن پێوه‌ی، وه‌کو ‌دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌کیان لێدێت، له ئه‌نجامیشدا ئه‌گه‌ر ده‌ستکه‌وته‌کان به‌ته‌واوه‌تیش له‌ناو نه‌چیت، ئه‌وه به‌هیچ جۆرێک پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتن، له ‌به‌ره‌ژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تیدا به‌ده‌ست ناهێنڕێت!!.

ئه‌ڵیره‌دا پێویسته بگه‌ڕین به‌دووای چاره‌سه‌رداو، هۆکاری ئه‌م دژایه‌تی کردنی یه‌کتره چیه،له‌نێوان لایه‌نه سیاسیه‌ ڕه‌سه‌نه‌ کوردستانیه‌کان؟ خۆ ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی لایه‌نه سیاسیه بڕیار به‌ده‌سته سه‌رکیه‌کان سه‌رجه‌م گه‌نده‌ڵ نین، ئه‌ی کاریگه‌ری سه‌رکرده دڵسۆزه‌کان له‌کوێدایه، له‌کاتی ئه‌وپرسیاره‌دا: ئێمه کێین و ئێوه کێن: که ‌له‌ڕاستیدا ئه‌وان ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئه‌وانین؟!.

به‌ڵام دیاره گه‌ڕان به‌دووای هۆکار و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رکردن، زۆر ئاسان نیه‌ شرۆڤه کردن له‌سه‌ری،بۆیه پێویسته بیهێڵینه‌وه بۆ به‌شیکی تایبه‌ت، جا هیوادارین چاوڕوانی به‌شی شه‌شه‌م بن!.

 ١٤-١-٢٠١٤.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

Go to top