We have 101 guests and no members online

 

له‌کۆتایی به‌شی پێنجه‌م،هاتینه سه‌رخاڵی هۆکاری ئه‌ودژایه‌تی کردنه‌ی که‌ڕوو ئه‌دات له ‌نێوان، به‌تایبه‌ت ئه‌‌و لایه‌نه سیاسیانه‌ی، که خۆیان به‌ خاوه‌نی ڕاسته قینه‌ی ڕێبازی کوردایه‌تی ئه‌زانن، له ‌کاتێکیشدا ئه‌و به‌ربه‌ره‌کانی کردنی یه‌کتره،به‌هیچ جۆرێک خزمه‌ت به‌دۆزی کورد ناکا،به‌ڵکو به‌‌پێچه‌وانه‌‌‌وه ته‌نها خزمه‌ت به‌دوژمنانی کورد و کوردستان ئه‌کات، وه‌ک ناوزه‌ند کراوه به‌شه‌ری براکوژی و کورد کوژه!.

هه‌رچه‌نده زۆر دژی ئه‌وه‌م، که‌ئه‌و ڕۆژگاره تاڵانه بهێنمه‌وه به‌رچاو، به‌ڵام لێره‌دا ناچاریشم بێ لایه‌نانه‌و بوێرانه‌، هه‌ندێ خاڵی سه‌ره‌کی بوروژێنم، تاکو بتوانین له‌ئه‌نجامدا بگه‌ینه ڕاستیه‌کان و که‌مێ گازه‌نده‌ی ڕه‌خنه‌گه‌ری ئاراسته‌ی لایه‌نی ده‌ست پێشخه‌ر بکه‌ین.

له‌سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بکه‌م،هه‌رتاکێکی کوردی ڕوناکبیر،واهه‌ست بکات هۆکاری مانه‌وه‌ی ئێمه‌ی کورد، به‌ژێر ده‌سته‌یی و ووڵات داگیرکراوی تاکو ئه‌م سه‌رده‌مه،به‌هێزبونی دوژمنان و هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه، به‌لای منه‌وه ئه‌وه ڕاست نیه، به‌ڵکو له‌ڕاستیدا هۆکاری سه‌ره‌کی خۆخۆری خۆمانه‌و، هه‌میشه له‌کاتی نزیک که‌وتنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کاندا،به‌شێک له‌پێناوی ده‌ستکه‌وتی دارایی ئه‌چته ژێر باڵ دوژمنه‌وه به‌شێوه‌ی جاشایه‌تی و سیخوڕی کرنه‌وه،ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ش ئه‌مینن له‌پێناو پایه‌و پله‌و به‌رژه‌وه‌ندی تاکه که‌‌سێ و لاینداریه‌تیه‌وه لێک دائه‌بڕین و ئه‌که‌ونه دژایه‌تی یه‌کتر و دوژمنیش ئه‌بێت به‌سه‌یر که‌ر له‌کاتی پێویستدا په‌لامار ئه‌دات و تێکیان ئه‌شکێنێت!.

بۆنمونه: به‌بێ ئه‌وه‌ی بکه‌وینه ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئایه ئه‌وه ڕاسته یان نا، ته‌نها سه‌یری مێژوو بکه‌ین ئه‌وڕاستیه‌مان بۆ ئه‌سه‌لمێنێت.دیاره من لێره‌دا به‌پێویستی نازانم ناوی ئه‌و هۆز و تیرانه بێنم،که‌هه‌میشه له‌ڕۆژه سه‌خته‌کاندا بونه به‌دارده‌ستی دوژمنان، جگه‌ له‌وانه‌ی له‌ئاستی سه‌رکردایه‌تی و به‌رپرسیاریه‌تیدا بونه‌و،له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی خلیسکاوه‌و ڕوی کردۆته خه‌یانه‌ت و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ژێر باڵی دوژمن، له‌شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیرانه‌وه وه‌رن پییدا تائه‌گاته ڕاپه‌ڕینی١٩٩١،له‌باشوری کوردستان، له‌پارچه‌کانی تریش ئه‌وا له‌به‌‌ر چاوه، به‌هۆی یه‌کتر قه‌بوڵ نه‌کردن و دوو به‌ره‌کی ناوخۆوه، دوژمن هه‌ندێک جار ئه‌بێت به‌دادوه‌ریان و پێکیان دێنێته‌وه، هه‌ر وه‌ک بینیمان له‌م ڕۆژانه‌دا،خودا خێری ئاخونده‌کانی ئێران بنوسێتن، که‌چاره‌سه‌ری ناکۆکی نێوان لایه‌نێکی کرد له‌باشوری کوردستان! ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، نازانین ئیتر به چ ڕویه‌که‌وه، ناوی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌رین به‌دوژمن، له کاتێکدا که‌‌دادوه‌ر و ناوبژێ کاربێت!.

ئاریشه له‌وه‌دایه،له‌ململانێ کردنی یه‌کتریدا، هه‌رچی ناو و ناتوره‌ی ناشیرن و قێزه‌وه‌ن و نه‌شیاویش هه‌یه له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتریدا به‌کاری ئه‌هێنین، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌یه‌نه‌وه تف سه‌ر به‌ره‌و ژوره‌و ناوچه‌وانی خۆمان ئه‌گرێته‌وه،چونکه به‌و پێیه بێت، نه‌نیشتمان په‌ر‌وه‌رهه‌یه‌و نه‌دڵسۆزی کوردایه‌تی،که هه‌مو‌ی به‌کرێ گیراو و خائین بێت،ئیتر به‌دوای چی که‌وتونه! ئه‌‌گێڕنه‌وه جارێک دوو کوڕ ئه‌بێ به‌شه‌ڕیان،یه‌کیان به‌ویتر ئه‌ڵێت، بڕۆ دایکت بێنه‌وه له‌ یانه‌کانی شه‌وانه، ئه‌ویش ئه‌ڵێت چۆن ئه‌زانی، ووتی وه‌ڵاهی دایکم به‌چاوی خۆی بینیویه، جا پێێ ووت ئه‌ی دایکی تۆ چی ئه‌کرد له‌وێ؟!.

ئاشکرایه کاتێک نه‌خۆش ئه‌چێت بۆلای پزیشکێک،که‌باسی نه‌خۆشیه‌که‌ی بۆکرد، پزیشکه‌که پڕسیاری ماوه‌و شوێنی سه‌ره‌‌تای په‌یدا بونی نه‌خۆشیه‌که‌ی لێ ئه‌کات.هه‌روه‌ها دادوه‌رێک له‌کێشه‌یه‌‌ک بکۆڵێته‌وه، پێشان به‌دووای سه‌ره‌تادا ئه‌گه‌ڕێت، تاکو سه‌ره‌داوی ده‌ستپێشخه‌ریه‌که بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی تاوانباری سه‌ره‌كی بۆ ده‌رکه‌ویت و به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چێت.بۆیه ئێمه‌ش لێره‌دا ناچارین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به ئویژدانه‌وه بڕیارێک بده‌ین، ئه‌بێ دوورله مه‌به‌ستی سیاسی و ترس و له‌رزه‌وه، سه‌ره‌دا‌وی ڕوداوه‌کان هه‌ڵده‌ینه‌وه، به‌ڵام نه‌وه‌ک بۆ بریندار کردن و خوێ کردن به‌سه‌ر برینی کۆندا، به‌ڵکو ته‌نها بۆ گه‌یشتن به‌ڕاستیه‌کان!.

لێره‌دا به‌پێویستی ئه‌زانم ته‌نها شرۆڤه‌ له‌سه‌ر ئه‌‌و ڕوداوه دڵ ته‌زێنانه‌ بکه‌م،که له‌سه‌رده‌می چالاکیه‌کانی خۆمدا ڕویانداوه‌،جا چ له‌نزیک و چ له‌دوره‌وه خودی خۆم ئاگاداری بوبم‌و هیچ گومانم له‌ڕاستی و دروستیان نه‌بو ‌بێت، دیاره که‌سانی تری به‌ڕیزیش زۆرن له‌وانه‌ی له‌ته‌مه‌نی مندان و ماون،ئه‌گه‌ر پێویست به‌گه‌واهی دان بکات، بۆ سه‌لماندنی ڕاستی ئه‌و خاڵانه‌ی ئه‌یان وروژێنم.

ئێمه زۆر جار ئه‌‌بینین و ئه‌شی بیستین،که ‌دڵسۆزان و هه‌وادارانی هه‌ندی لایه‌نی سیاسی، ته‌نانه‌ت له‌ناو به‌رپرسه باڵاکانیشیاندا، به‌ئاشکراو بێشه‌رمانه له‌دژی پارتی و نه‌ک ته‌نها سه‌رۆکه‌که‌ی، به‌ڵکو بنه‌ ماڵه‌ی بارزانی به‌گشتی، ئه‌دوێن و ناو و ناتوره‌ی نه‌شیاو و ناڕاستیان بۆ هه‌ڵ ئه‌به‌ستن و ته‌نانه‌ت زۆر جاریش به خه‌یانه‌ت کار تۆمه‌تباریان ئه‌که‌ن!.

ئایه ئه‌گونجێت، مرۆڤێک له‌ناخدا نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزی خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی بێت و به‌دروشمی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تی ئاماده‌ی گیان به‌خت کردنی خۆی بێت له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆێی نه‌ته‌وه‌که‌یدا،له‌ هه‌مان کاتدا، دژی لایه‌ن و که‌سانێک بێت، که به‌به‌ڵگه سه‌لماندبێتی نه‌ک به‌دروشم به‌رزکردنه‌وه، زیاتر له ‌یه‌ک سه‌ته له‌پێش ئه‌وانه‌وه بێت،له‌پیناو به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی و خزمه‌ت کردن به‌نه‌ته‌وه‌که‌ی؟!.

خۆ که‌س ناتوانێت نکۆڵی له‌و ڕاستیه بکات،که ‌له‌ساڵی"١٩٠٧"واته"١١٤"ساڵ به‌ر له‌ئێستا،شه‌هیدی نه‌مر شێخ عه‌بدوسه‌لام بارزانی له‌به‌ندی خانه‌ی موسڵ،له‌لایه‌ن ڕژێمی بۆگه‌نی به‌غداوه له‌سییداره درا، به‌هۆی چالاکی کوردایه‌تیه‌وه له ‌پێناو پێناسه‌و داواکاری مه‌فه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد.خۆ لێره‌شدا هیچ گومانێکیش له‌وه‌‌دا نامێنێت، له‌وکاته‌دا هیچ کامێک له‌وانه‌ی دژایه‌تیان ئه‌که‌ن له‌جیاتی ڕێز لێنان، نه‌ک هه‌ر خۆیان، باوکیشیان نه‌هاتۆته دونیاوه، تاکو درۆیه‌کی باڵداری بۆ هه‌ڵ به‌ستن.ئه‌ی ئیتر ئه‌و هه‌ڵوێسته قێزه‌وه‌نانه له‌پێناو جێدایه‌و چۆن ئه‌خرێته خانه‌ی خزمه‌ت کردن به‌دۆزی ڕه‌وای کورده‌وه؟!.

لێره‌دا ئه‌پرسین له‌خۆیان،ئه‌گه‌ر پاداشتی دڵسۆزی و خزمه‌ت کردن به‌گه‌ل و نیشتمان به‌و شێوازه بێت،ئایه شانازی چی به‌پێشمه‌رگایه‌تی و چالاکی خۆیانه‌وه ئه‌که‌ن،که‌نه‌ک گیانیان به‌خت نه‌کردوه،بگره به‌وهۆیه‌وه هه‌مو بونه به‌ملیۆنێر له‌ژێر په‌رده‌ی کوردایه‌تی کردندا،ئه‌وه‌ش پاداشت دانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌یه،که به‌بنه‌ماله‌وه‌ گیانی خۆیان هه‌میشه له‌سه‌رده‌ست بووه،له پێناو قوربانیداندا بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان، ئایه به‌ڵگه‌ چیه بۆ سه‌لماندنی دڵسۆزی خۆیان، به‌رانبه‌ر به ‌نه‌ته‌وه‌که‌یان، له ‌کاتێکدا ئه‌وه هه‌ڵوێستیان بێت، له ‌به‌رانبه‌ر تێکۆشه‌رترین و به‌ناوبانگ ترین هۆزی گه‌له‌که‌یان، ئایه ئه‌وه به‌سنیه بۆسه‌لماندن، که‌ئه‌وانه بۆمه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان، تێکه‌ڵاوی ئه‌و ڕێبازه پێرۆزه نه‌ته‌وایه‌تیانه بونه؟!.

ده‌رباره‌ی دژایه‌تی کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئه‌ی ئه‌بێت ئه‌مه‌یان له‌پێناوی چیدابێت،خۆ گومان له‌وه‌دانیه، هه‌ر هه‌مو ئه‌و پارت و ڕێکخراوه کوردستانیه ڕه‌سه‌نانه‌ی که ئێستا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسین و به‌جۆره‌ها شێوه شانازی به‌خۆیانه‌‌وه ئه‌که‌ن، که ‌پێشمه‌رگه بونه‌و خه‌باتی شاخیان کردووه، گشتیان زاده‌ی پارتین و له‌هه‌ناوی پارتیدا گۆشی ئه‌و ڕێبازه کراون، ته‌نانه‌ت سه‌رکرده باڵاکانیشیان، ئه‌ی ئیتر نازی چی به‌سه‌ر پارتیدا ئه‌که‌ن، به‌ چ هۆکارێکه‌وه به‌و جۆره دژایه‌تی ئه‌که‌ن، وه‌ک ئه‌ڵێن: تا خاوه‌ن ماڵ دزی گرت، دز خاوه‌ن ماڵی گرت!.

خۆشه ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی دیالۆگی سیاسیه‌وه ئه‌و ململانێیه،ڕوبه‌ڕوی یه‌کتر و به‌به‌ر چاو کامیرای جه‌ماوه‌ری سه‌ر شه‌قامه‌وه، هه‌ڵویست و کردار و ڕه‌فتار و سه‌نگی سیاسی و که‌سایه‌تی سه‌رکرده‌کانیش به‌راورد بکر‌ێن، به‌ڵکو جه‌ماوه‌ری دڵسۆز و بێ لایه‌نی گه‌له‌که‌مان دادوه‌ربێ له مه‌حه‌کی بدات، ئه‌وسا به‌ڕونی هه‌ر لایه‌نه‌و سه‌نگی تایبه‌تی خۆی ده‌رئه‌که‌وێت،به‌ڵام ئه‌وه‌ێ ئێستا ئه‌بینرێت له‌سه‌ر شه‌قام، ته‌نها گه‌ڕه‌ڵاوژێیه‌کی بێ بنه‌مایه‌‌و ته‌نها هۆکاری هه‌ست به‌لاوازی کردنی خۆیه‌تی،به‌و شێوازه ئه‌یانه‌ویت خۆیان ڕاستکه‌نه‌وه!.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌ک پارتێکی سیاسی شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وایه‌تی له‌جیهاندا پێگه‌ی خۆی دروست کردووه، هه‌ر به‌پێی ته‌مه‌نێک"٣٠)ی ساڵی له‌تێکۆشان و گیان فیداکاری و شۆڕشگێڕی،له‌پێش هه‌مو پارت و ڕێکخراوێکی سیاسی کوردستانیه‌وه‌یه،که له‌سه‌خت ترین ڕۆژگاری سیاسی و شۆڕشگێڕیدا، بردۆتیه سه‌ر زۆر به‌رزی و بوێری، ئیتر ئه‌بێت چی هۆکارێک هه‌بێت دژایه‌تی بکرێت.ئاشکرایه له دوو هۆکار زیاتر نیه، که بریتین: له‌ بوواری لۆژیکی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ماکی و مێناکی،هه‌رئه‌و دوو هۆکاره‌ش بون له‌سه‌ره‌تادا، دوبه‌ره‌کی لێ که‌وته‌وه له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانی سه‌ته‌ی ڕابردودا،له‌کاتی گه‌شه‌ کردنی شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زندا، لێره‌دا کۆتایی به‌م ووتاره‌ش ئه‌هێنم،تا له‌وتاری ئاینده‌دا به‌شی حه‌وته‌م، به‌تێر و ته‌سه‌‌لی شرۆڤه له‌سه‌ر ئه‌و دوو خاڵه بکه‌ین!.

له‌کۆتاییدا هه‌میسان ئه‌پرسم: ئێمه کیین و ئێوه کێن، له‌وه‌ڵامدا ئه‌ڵێم ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین، ئیتر دژایه‌تی کردنی یه‌کتری له‌پێناو چیدایه؟.تکایه چاوه‌ڕوانی به‌شی حه‌وته‌م بن!!.

 ١٧-١- ٢٠١٤.

 

 

 

 

Go to top