We have 52 guests and no members online

له‌ کۆتایی به‌شی شه‌شه‌مدا ده‌رباره‌ی هاتنه‌کایه‌ی ئه‌وگرژی و ئاڵۆزیانه‌ی، ناوه به‌ناوه ڕوو ئه‌ده‌ن له‌نێوان پارته سیاسیه‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌کیه‌تی به‌گۆڕانیشه‌وه،چونکه له‌ڕاستیشدا، له‌ بوواری لۆژیکیش، باڵێکن له‌ یه‌کیه‌تی و جیابۆتنه‌وه،به‌ڵام که‌چه‌ڵ حه‌سه‌ن،حه‌سه‌ن که‌چه‌ڵ هه‌ر یه‌کن!.

جا بۆدۆزینه‌وه‌ی هۆکاره‌کان باسمان له‌دوو خاڵی سه‌ره‌کی کرد که‌برتیبون، له بوواری لۆژیکی و به‌رژه‌وه‌ند په‌رستی تایبه‌تی لایه‌ن و تاکه که‌سی، که به ‌هیچ جۆرێک گوزارش له ‌دڵسۆزی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و ووڵات ناکات.به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی بچمه سه‌ر شرۆڤه کردن له‌سه‌ر ئه‌ودوو خاڵه گرینگه،ئه‌مه‌وێت پێشه‌کی هه‌ڵه‌یه‌کی کۆمێژووی ڕاست بکه‌مه‌وه، که‌ له‌به‌‌شی شه‌شه‌مدا ده‌رباره‌ی دژایه‌تی کردنی بنه‌ماڵه‌ی پیرۆزی بارزانی و پارتی،ئاماژه‌م به‌ساڵی"١٩٠٧"کردووه بۆ له‌سێداره‌دانی نه‌مر، شێخ عه‌بدوسه‌لامی دوه‌م، که‌له‌ڕاستیدا"١٩١٤"ده‌یه، به‌ڵام مێژوی تێکۆشان و گیان فیداکاری ئه‌وبنه ماڵه به‌ڕیزه، له‌وساڵه‌‌وه ده‌ستی پێنه‌کردووه، به‌ڵکو زیاتر له"١٣٠"ی ساڵیش له‌خۆ ئه‌گرێت،١٠٠ ساڵ ته‌نها به‌سه‌ر له ‌سێداره دانه‌که‌ی ئه‌و سه‌رکرده نیشتمانپه‌روه‌ره شه‌هیده‌یه، واته شێخ عبدالسلام بارزانی!.

ئه‌گه‌ڕیینه‌وه سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ووتاره‌که،که بریتیه له‌و دوو خاڵه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێکر، پێشه‌کی باس له‌بوواری لۆژیکیه‌وه ئه‌که‌ین.دیاره ئه‌وبه‌ڕیزانه‌ی ووتاره‌کانی پێشویان خوێندبێته‌وه، ئه‌وه‌یان له‌یاد ماوه ده‌رباره‌ی لادانی به‌ڕیز هه‌مزه عه‌بدوڵا له‌سکرتێریه‌تی پارتی،له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی له‌ئاواره‌‌یی، به‌ هۆکاری بونی هه‌ستی بیرۆکه‌ی چه‌پڕه‌ویه‌وه،که ناگونجێت له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی و شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وایه‌تیدا،باسمان له‌وه‌ش کرد،که ڕودانی دوبه‌ره‌کی له‌ساڵی١٩٦٤ر، هۆکاری سه‌ره‌کی بونی ئه‌وهه‌سته چه‌پڕه‌ویه‌ بو،جا لێره‌دا به‌پێوسیتی نازانم بچمه ناو شرۆڤه کردنی قوله‌وه له‌وبوواره‌وه، ئه‌وه‌ی گرینگه گه‌یاندنی نامه‌که‌یه،که یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان، هه‌ر وه‌کو پارتێکی سۆسیال دیموکرات بیر ئه‌کاته‌وه‌و بیرۆکه‌یه‌کی ئومه‌میه‌ت پێڕه‌و ئه‌کات، نه‌ک بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، که ئامانجی سه‌ره‌کی ڕزگار کردن و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک‌ بێت، بۆیه هه‌ر کات ئه‌گه‌ری ئه‌وه به‌دی ئه‌کرێت له‌ زۆر بوواردا نه‌گه‌نه یه‌ک هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ پارتیدا، هه‌روه‌ک له‌م سه‌رده‌مانه‌شدا زۆرجار به‌د‌یمان کردوه له‌هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رانبه‌ر به‌غدا، یه‌کیه‌تی زۆر نه‌رمی نوواندووه له‌بوواری هه‌ست و مافی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه،چه‌ندین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنن، که‌س ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، له‌دوواییشدا دێینه سه‌ر ئه‌و خاڵانه!.

هۆکاری دووهه‌م: له‌بوواری به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ماکی و میناکیه‌وه‌یه،بۆنمونه:جیابونه‌وه‌ی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌‌یان، له ‌دژی سه‌رۆک بارزانی، له ‌دووای به‌رپا کردنی دوو شۆڕش و به‌شداری کردنی به‌خۆیو هه‌مو هۆزی بارزان و زیاتر له‌"٥٠٠"پیشمه‌رگه‌ی‌،پاشماوه‌ی شکست هێنانی ‌شۆڕشه‌که‌ی له‌بارزاندا، خۆی گه‌یانده کۆماره ‌ساواکه‌ی کوردستان، که پێشه‌وای نه‌مر قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکایه‌تی ئه‌کرد، هه‌ر وه‌کو سه‌ربازێک و له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆمار پێشه‌واوه،کرا به‌سوپاسالاری سوپای کوردستان و ئاواره‌بونی بۆ وڵاتی شۆره‌وی دووای ڕوخانی کۆمار و مانه‌وه‌ی١٢ دانه‌ساڵ به‌ئاواره‌یی خۆی و هه‌ڤاڵه‌کانی.له‌دووای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێراق،خۆ ئه‌گه‌ر به‌‌هه‌ر پایه‌و پله‌یه‌کی ئیداری ڕازی بووایه،ڕژێمی به‌غدا به‌شانازیه‌وه پێی ئه‌به‌خشی.به‌ڵام ئاماده نه‌بو ده‌ست له‌ مافه‌ڕه‌وانی گه‌له‌که‌ی هه‌ڵبگرێت و شاخی هه‌ڵبژارده‌وه بۆ جاری سێهه‌م، ئایه کام ئویژدان، که به‌ڕاستی خاوه‌نی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بێت،ڕێگه به‌خۆی ئه‌دات هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌و تاوانباری بکات به‌خه‌یانه‌ت، به‌تایبه‌تیش، به‌فرۆشتنی کوردساتن، به‌‌مۆز و پڕته‌قاڵ وه‌ک بینیمان، ئیتر ئایه ئه‌گه‌ر له‌‌پێناوی پایه‌و پله‌ی ماکی و میناکیا نه‌بێت، ئه‌بێت له‌پیناوی چیتر دابێت؟!.

دووای ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناو چونه ناوسنوری ئێرانه‌وه،ئه‌گه‌ر بۆ به‌ده‌ست هێنانی میناکی نه‌بو،چۆن تووانیان بگه‌ڕینه‌وه بن باڵی دوژمنی کورد و کوردساتن و به‌ره‌نگاری شۆڕشی پیێرۆزی کوردستان ببنه‌وه‌و بۆ ماوه‌ی"٤"دانه ساڵ، شانبه‌شانی سوپای ئێراق دژ به‌پێشمه‌رگه شه‌ڕ بکه‌ن.من وائه‌زانم مرۆڤێ خاوه‌ن هه‌ستی پیرۆزی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بێت له‌ناخدا، هه‌رچه‌نده که‌م و کوڕی و ناڕه‌وایه‌تی بکرێ به‌رانبه‌ری،مه‌حاڵه بتوانێ پشت له‌نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات،هاوکاری ‌دوژمنی خوێنخۆری گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی بێ.چونکه به‌ به‌ڵگه ئه‌توانم بیسه‌لمێنم زۆر به‌کورتی،که ‌به‌سه‌ر خۆم و هه‌زارانیتر هاتووه، بۆنمونه:

له‌سه‌ره‌تای ساڵی/١٩٦٥،به به‌ڵاوکراوه‌ی پارتی و شۆڕشه‌وه گیرام، له‌دووای یه‌ک هه‌فته ئازاردان، ئه‌وانه‌ی زیندانی سیاسی کرابن ئه‌زانن چۆن ئازار ئه‌درێن،به‌ڵام چونکه دانم به‌وه‌دا نه‌نا که‌حیزبیم،له‌ئه‌من الدولة حوکم درام به‌ساڵێک به‌ندی و ساڵێک له ژێر چاودێری توند.یه‌ک مانگم مابو حوکمه‌که‌م ته‌واوکه‌م، لێژنه‌ی ناچه‌‌ی که‌رکوک گیرا،به‌رپرسی ناوچه به‌هجه‌ت حه‌سه‌ن زێباری بو، خودی خۆی ئیعترافی کردبو به‌سه‌رما، به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ئه‌ندام گه‌رتی پارتی بومه،له‌و سجنه‌وه گواسترامه‌وه "سجنی که‌تیبة معتقل٢٤"لای به‌هجه‌ت حه‌سه‌ن و سه‌بری بۆتانی و ئه‌وانی تری، که٣٥ که‌س بوین،له‌وێ مامه‌وه تاکو گوفتوگۆ ده‌ستی پێکرده‌وه له‌نێوان به‌غداو شۆڕش،له٢٠/٩/١٩٦٦،به‌ لێبوردنی گشتی ده‌رچوم!.

ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه لێره‌دا، له‌‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ هیچ جۆرێک نه‌یارمه‌تیه‌کی داراییی درام له به‌ندیخانه، وه‌نه که‌س په‌یوه‌ندی به‌ماڵه‌وه‌مان کردبو، به‌ڵام دووای یه‌ک هه‌فته،هه‌رچه‌نده له‌ژێر چاودێریشدا مابوم، به‌یانی و ئیواره ئه‌بو بچومایه بۆمه‌رکه‌ز شورته واژۆم بکردایه، ئه‌مجار په‌یوه‌ندیشم کرده‌وه به‌ڕێكخستنه‌وه.

هه‌روه‌ها که‌شه‌ڕ ده‌ستی پێکرده‌وه له‌گه‌ڵ به‌رپرسی لق٣ ،کاک عه‌لی سنجاری کێشه که‌وته به‌ینمانه‌وه،له سه‌ر سێ سیخوڕی ڕژێم که‌پله‌ی به‌ئه‌ندام ناوچه‌ی که‌رکوک پێدابون، منیش له‌دژیان بوم،له‌دوای شه‌ڕه‌که‌ی ڕویدا له‌خاڵه بازیانی له‌نێوان ئێمه‌و جه‌لالیه‌کانداو گه‌ڕاینه‌وه بۆ گوندی شێرده‌ره که‌ نانی نیوه‌ڕۆ بخۆین، به‌فیتی سیخوڕه‌کان و له‌به‌رچاو خۆیان و هه‌مو سه‌رپه‌ل و سه‌رلقه‌کانی پێشمه‌رگه،به‌منی فه‌رمو بڕۆ لێره، ووتم بۆ کوێ بڕۆم،ووتی بۆ کوێ ئه‌ڕۆی بڕۆ، ووتم بچم ببم به‌جاش،ووتی بڕۆ ببه‌ به‌جاش،ئه‌مجا منیش ووتم ئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێت من به‌به‌رگی جاشه‌تیه‌وه ببینێت،مه‌گه‌م خۆی له‌به‌ری بکات، له‌جیاتی ڕوو بکه‌مه‌ دوژمن، که"٣٠"کیلۆ مه‌تر لێمه‌وه دوربو، چ جه‌لالی و چ ڕژێم له‌خوایان ئه‌ویست پێشمه‌رگه‌یه ته‌سلێم بێته‌وه نه‌ک به‌تایبه‌تی کادیرێکی شاره‌زای ڕێکخستنی ناو شاری که‌رکوک،به‌ڵام ڕوم کرده‌ مه‌کته‌بی سیاسی له‌ناوپردان که زیاتر له"٤٠٠"کیلومه‌تر له‌وێوه دوربو،جاده‌ش هه‌موی به‌ده‌ستی ڕژێمه‌وه بو، به‌١١ ڕۆژ گه‌یشتمه ئه‌وێ، به‌ڕیز مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵا که ئێستاش له‌ژیاندایه،نامه‌یه‌ک و١٠ دیناری دامێ بۆخه‌رجی ڕێگا فه‌رموی ئه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ لقی٣ێ، کاک عه‌لی براگه‌وره‌تانه‌و ئه‌بێت ڕێزی لێبگرن،منیش ئه‌مزانی له‌وکاته‌ کاک عه‌لی،به‌ر‌پرسی لقی٣ و فه‌رمانده‌ی هێزی قه‌ره‌داخ بو،له‌و شه‌ڕه‌شدا سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێنا که چه‌ند کادیرێکی باڵای جه‌لالی تێدا چوو وه‌ک شوکر قادر و کامیلی مه‌لا وه‌یسی، زۆر ڕێزی لێ ئه‌گیرا، بۆیه منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ووت، من به‌هه‌ڵه هاتوم بۆ ئێره،کاک عه‌‌لی به‌منی ووت بڕۆ ببه به‌جاش،به‌ڵام منیش هاتم بۆ ئێره،دیاره که‌می به‌توڕه‌یه‌وه فه‌رموی:کوڕم تۆ وه‌کو کادریرێک ئێمه مه‌کته‌بی سیاسین،هه‌رچیه‌کت پێ بڵێن ئه‌بێ ئه‌وه بکه‌ی،ئێمه کتابمان بۆناردون،ئه‌گه‌ر به‌دڵی خۆت وه‌ڵامیان نه‌دایته‌وه،وه‌ره‌وه بۆلامان، ناچار گه‌ڕامه‌وه ئه‌مجاره‌یان بۆ سه‌نگاو،١٢ڕۆژ به‌ڕێگاوه ‌بوم، چونکه هه‌ر به‌پیاده‌ی و لاڕێدا ڕێگام ئه‌کرد.به‌هه‌ر حاڵ گه‌یشتمه‌وه به‌سه‌نگاو و کتابه‌‌که‌م دایه ده‌ستی ته‌باره‌ک محه‌مه‌د که‌به‌‌رپرسی ناوچه‌بو بیبات بۆ کاک عه‌لی، خۆشم به‌ڕۆژ له چایخانه‌‌کان و به‌شه‌ویش له‌ماڵی دوکتۆر محێدین ئه‌خه‌وتم، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ چاوه‌ڕوان بوم هیچ وه‌ڵامێک نه‌درامه‌وه،ناچار ته‌باره‌کم بینی و پێم ووت ته‌نها١٠ فلسم پێماوه ئیتر ناتوانم لێره بژیم،من ئه‌ڕۆمه‌وه بۆ مه‌کته‌بی سیاسی و که‌وتمه‌وه ڕێ،به‌پاره‌ی فیشه‌ک فرۆشتن خۆم گه‌یانده‌وه م.س به‌ڕێز، باسه‌که‌م بۆیان گێڕایه‌وه، ئه‌مجار به‌ڕیز عه‌لی عه‌بدوڵا، فه‌رموی جێگه‌ی خه‌وتنت هه‌یه،ووتم به‌ڵێ له باره‌گای ناوچه‌ی باڵه‌ک له‌‌‌لای کاک جه‌لیل فه‌یلیم،چونکه له‌‌که‌رکوک ماوه‌یه‌ک به‌رپرسم بو!.

له‌ڕیی خودا١٠ دیناری تری بۆم سه‌رف کردو ووتی چاوه‌ڕوانبه،لێژنه پێک ئه‌هێنین، کاتێک عه‌لی سنجاری گه‌یشت ئاگادارت ئه‌که‌ینه بۆ لێکۆڵینه‌وه.ئیتر ئه‌و ڕۆژه‌ی کاک عه‌لی گه‌یشته گه‌ڵاڵه، هه‌رسێ که‌سه‌که‌ی منیان دوچاری ئه‌و کێشه‌یه کرد،خۆیان کرده‌وه به‌ناو شاری که‌رکوکدا،که زانیان ئاشکرا ئه‌بن، که‌ بانگیش کرام بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌به‌رانبه‌ر کاک عه‌لیدا،به‌ڕیزان: مامۆستاعه‌لی عه‌بدوڵا،حه‌بیب محمه‌د که‌ریم،دوکتۆر مه‌حمود عوسمان دانیشتبون،به‌ڕیزمامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵا فه‌رموی کوڕم،هه‌مو شته‌کان ڕون بونه‌ته‌‌وه، بۆیه پێویستمان به لێکۆڵینه‌وه نه‌ماوه له‌گه‌ڵ تۆدا،کویت ئه‌وێت پێمان بڵێ کتاب بکه‌ین.بۆ گواستنه‌وه‌ت‌، دیاره منیش له‌ لایه‌ن کاک جه‌لیل فه‌یلی و عه‌بدوڵا شوانیه‌وه، داوام لێکرابو له ‌ناوچه‌ی باڵه‌ک بمێنمه‌وه، بۆیه که‌وتم له ‌ناوچه‌ی باڵه‌ک ئه‌‌مێنمه‌وه، یه‌كسه‌ر فه‌رموی بڕۆ ده‌وامی خۆت بکه‌، خۆمان کتاب ئه‌‌نیرین بۆیان، له باره‌ی کاک عه‌لیه‌وه،مه‌کته‌بی سیاسی خۆی بڕیار ئه‌دات.خۆش به‌ختانه‌ش، ئێستاش بێجگه له‌ ڕیزدار مامۆستا عه‌لی عه‌بودڵا،عه‌لی سنجاری و کاک جه‌لیل فه‌یلی له‌ژیاندا ماوه‌ن بۆڕاستی و دروستی ووته‌کانم، هیوادارام به‌ڕیزیانیش بیخوێننه‌وه!.

دور نیه هه‌ندێ له‌خوێنه‌رانی به‌ڕیز وای بۆبچن مه‌به‌ستی من له‌و شێکاریه‌دا، زیاتر ناساندنی خۆم بوبێت، به‌لام به‌دڵنییایه‌وه ئه‌ڵێم، مه‌به‌‌ستم ته‌نها هێنانه‌وه‌ی نمونه‌یه‌ک بووه، بۆسه‌لماندنی دڵسۆزی له ‌ناخدا،که ئاشکرایه هه‌زارانی تری هه‌یه له‌وه‌یه له‌منیش زیاتر هه‌ڵه‌و که‌م ته‌رخه‌می به‌رانبه‌ر کرابێ،که‌هه‌ر چاره‌ی نه‌مابێت، گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو خانه‌واده‌که‌ی و دانیشتوه‌و ڕوی نه‌كردۆته خه‌یانه‌ت کاری، بۆ پۆزش هێنانه‌وه‌ش ئه‌و جۆره که‌م و کۆریانه بکاته بیانو!.

بۆیه ئه‌ڵێم: ڕودانی دوبه‌ره‌کی٦٦و، په‌ڕه‌وازه بونی سه‌رکرده‌کانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان له‌دووای هه‌ره‌س هێنانی شۆڕشی ئه‌یلول و دروست بونی چه‌ند ڕێکخراوێک سیاسی وه‌ک پارتی سه‌ربه‌خۆ،ڕودانه‌وه‌ی شه‌ڕی براکوژی به‌ر له‌ڕاپه‌ڕین و دووای ڕاپه‌ڕین،له‌تبونی یه‌کیه‌‌تی نیشتمانی کوردستان،هه‌ر هه‌مو ئه‌مانه له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌ن و که‌سایه‌تیدا هاتونه‌ته‌کایه‌وه‌،له‌ژێر په‌رده‌ی دڵسۆزی بۆ کوردایه‌تیان کردۆته دروشم و ڕۆڵه‌ی کوردی دڵسۆزیان پێ له‌خشته بردووه به‌جۆرێک، که ده‌ستیان چۆته خوێن ڕشتنی یه‌کتری و ته‌نانه‌ت کاری قیزه‌وه‌نی هاوشێوه‌ی رژێمه بۆگه‌نه‌ یه‌ک له‌دووای یه‌که کانیشیان هێنایه ئاراوه وه‌ک تاڵان و ڕاودونان و ئاواره کردن!.

به‌ڵام هه‌روه‌ک ئاشکرایه‌ له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی دوژمندا،شانازیشمان به‌وه‌وه ئه‌کرد که تاڵان کراوین و ده‌ربه‌ده‌ر کراوین،چونکه په‌لاماردانی دوژمن بوو،ئه‌ی بۆ ئه‌وڕوداوانه‌ی ناوخۆ، ئه‌بێت چ ناوێک بدۆزرێته‌وه له‌شه‌مه‌زاری ڕزگارمان بکات،له‌وه زیاتر که بڵێن هۆکاری چاوچنۆکی پایه‌و پله‌ی ماکی و میناکی بوه، وای به‌سه‌ر هێناین، ده‌ ئیتر بابه‌س بێت چاوبه‌ست کردن له‌جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی کوردایه‌تی،دور بکه‌وینه‌وه له‌و هه‌ڵوێسته لاوازو نه‌ویستراوه‌ی له‌زیان گه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تی، هیچی تری تێدا به‌دی ناکرێت، هه‌مو وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه: ئێوه کێن و ئێمه کێین: به‌وه‌ی ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین، ده‌ست له‌ناو ده‌ست یه‌کتری که‌ین، هه‌ڵه‌ی ڕابوردو له‌بیر بکه‌ین و به‌ره‌نگاری دوژمنان بینه‌وه له‌پێناو ئه‌و دروشمه پیرۆزه نه‌ته‌وایه‌تیانه‌ی به‌رز کراوه‌تنه‌وه!.

بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌زیان و هه‌ڵه‌کان و ڕاستی و ناڕستیه‌کان بگه‌ین، له‌به‌شی داهاتودا، هه‌ندی له‌و خاڵه‌نه ئه‌خه‌ینه ڕو،که بونه به‌بنێشته تاڵه، ناوه‌ به‌ناوه یه‌کتری پێ بریندار ئه‌کریت، جا ئیتر نازانین به‌فیتی دوژمنانه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌ک هه‌ڵوێست نه‌بین، یا به‌هۆی بیری ته‌سکی پارتایه‌تیه‌وه‌یه‌، زیاتر نه‌زانانی دڵسۆز ئه‌ی وروژێنن، تکایه چاو‌وانی به‌شی هه‌شته‌م بن!!.

 ٢١- ١- ٢٠١٤.

 

 

 

 

 

Go to top