We have 120 guests and no members online

هه‌ر وه‌کو له ‌کۆتایی به‌شی هه‌شته‌مدا ئاماژه‌مان پێکرد، له‌م به‌شه‌دا شرۆڤه له‌سه‌ر دروستبونی ئه‌و پارته سیاسیانه‌ی دووای هه‌ره‌س هێنانی شۆڕشی ئه‌یلول له‌دایک بون ئه‌که‌ین، هۆکاره‌کان چێ بون و، وه‌تا چه‌ند له ‌به‌رژه‌وه‌ندی دۆزی سیاسی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد و کوردستاندا بون؟.

پێشه‌کی به‌پێویستی ئه‌زانم بۆچونی تایبه‌تی خۆم ده‌رباره‌ی بونی فره پارتایه‌تی ده‌ربڕم، ئه‌مجار بچینه سه‌ر شروڤه کردنی ئه‌وخاڵانه.نه‌ک هه‌ندێ خوێنه‌ری به‌ڕیز به‌هه‌ڵه لێم تێبگه‌ن، واهه‌ست بکه‌ن من ته‌نها بونی پارتی دیموکراتی کوردستانم به‌لاوه مه‌به‌ست بێت.دیاره هه‌مو ڕوناکبیرێ بڕوای به‌وه هه‌یه، پارتی سیاسی به‌بێ هۆکاری سیاسی دروست نابێت، ئه‌و هۆکارانه‌ش بوواری ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی له‌خۆ ئه‌گرێت و به‌پێی ناوچه‌و ووڵات و کۆمه‌ڵگا، لۆژیک و ستراتیژیه‌تی خۆی دائه‌ڕێژێت!.

ئاشکرایه مه‌به‌ستی ئێمه لێره‌دا گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی خۆمانه، بۆیه ئه‌بێت له‌و رووانگه‌یه‌وه هه‌ڵسه‌نگادن ئه‌نجام بده‌ین و ڕاستگۆ و ڕوناکبین و دڵسۆزانه بڕیار بده‌ین.خۆ هه‌مومان ئاگادار ئه‌وه هه‌ین، گه‌‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ین له‌م ڕۆژانه‌ له‌جیهاندا، که ‌‌نه‌ک ته‌نها ده‌وڵه‌تمان نیه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نیشتمانه‌که‌شمان کراوه به‌چووار به‌شه‌وه‌و داگیرکراوه له‌لایه‌‌ن سێ نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی دراوسێوه، به‌جۆرێ پێشێلکاری مافی مرۆڤمان به‌رانبه‌ر ئه‌نجام درابو، ته‌نانه‌ت ‌زمانی دایکیش بڤه کرابو لێمان، بۆمان نه‌بوله‌گه‌ڵ یه‌ک بدوێن و ئاخافتن به‌ز‌مانی شیرینی کوردی بکه‌ین، ئیتر ئه‌وه جیاوازیه‌ک زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، که ده‌وڵه‌تی خۆی هه‌یه‌و سه‌ربه‌خۆیه‌، ته‌نها که‌موکۆڕی ئیداری و کۆمه‌ڵایه‌تیان تێدا به‌دی ئه‌کرێت، که‌واته گیروگرفتی ئێمه، گیرو گرفتی ئێداری و کۆمه‌ڵایه‌تی نیه، به‌ڵکو ئاریشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیه‌و، له ‌بوواری مافی سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ماندا، له‌‌ژێر ده‌سته‌یی داگیرکه‌ران، جا پێویسته له‌و رووانگه‌یه‌وه، دڵسۆزانی نیشتمانپه‌روه‌ر بیر بکه‌نه‌وه‌و هه‌نگاو بنێن بۆ ‌دۆزینه‌وه‌ی ‌چاره‌سه‌رێک بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانج و مافه پیرۆزانه‌!.

دیاره مێژوو سه‌لماندویه‌تی ئه‌و مافانه مه‌حاڵه به‌ده‌ست بهێنرێت له‌ڕێگه‌ی، داواکاری و دیالۆگه‌وه، ئه‌گه‌ر هێزێکی تۆکمه‌و یه‌ک ده‌نگ و ڕه‌نگ و شاره‌زا له‌بوواری، به‌تایبه‌تی سیاسیه‌وه بونی نه‌بێت، ئه‌وه‌ش دیاره له‌ڕێگه‌ی ڕێکخستنی پارتی سیاسیه‌وه دێته کایه‌وه، که‌واته بونی فره پارتایه‌تی له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدایه، به‌مه‌رجێک، که‌ئامانجی ستراتیژی و سه‌ره‌کیان، پێشه‌کی ڕزگارکردنی گه‌ل و ووڵاتبێ له‌ژێر ده‌سته‌یی، نه‌ک هه‌ستی لایه‌نداریه‌تی و به‌ده‌ست هێنانی پۆستی سیاسی و ئیداری، بۆ مه‌به‌ستی ماکی و میناکی!.

من به ‌دڵنییایه‌وه ئه‌ڵێم، بۆنی فره ‌پارتی و بیری جیاواز له‌‌ناو نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌شدا، شتێکی پیرۆزه‌و گومانی تێدانیه سود به‌خش ئه‌بێت له‌بوواری چاکسازی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌وه، به‌ڵام به‌‌ومه‌رجه‌ی له‌ئه‌رکه سه‌ره‌کیه نه‌ته‌وایه‌تیه پیرۆزه‌کاندا، یه‌ک هه‌ڵویست و یه‌کڕێز و یه‌ک ده‌نگ بن، به‌ده‌ر له‌بیرۆکه‌ی سیاسی جیاوز، بویه لێره‌دا ئه‌پرسین، ئایه پارته سیاسیه سه‌ره‌کیه‌کانی کوردستان، که خۆیان به‌خاون داریه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌زانن له ‌پێناو به‌ده‌ست هێنانی مافی چاره‌ی خۆنوسین، که ته‌نها له‌سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل و نیشتیماندا به‌دی ئه‌کرێ، پابه‌ندی ئه‌‌و په‌ره‌نسیپه پیرۆزه‌ بونه، وه‌ڵامه‌که‌ی ئاشکرایه بۆیه من هیچ ناڵێم؟!.

زۆر به‌داخه‌وه، ته‌نانه‌‌ت، له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ نه‌خوێنده‌واره‌کان، ئه‌وانیش له‌و ڕاستیه گه‌یشتون، به‌شێ له‌لایه‌نه سیاسیه‌کان، که‌وه‌ک پارتێکی کوردستانی و دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمان، به‌ شێوازی پارتێکی نه‌ته‌وایه‌تی پیرۆز، دورشمی کوردایه‌تیان به‌رز کردۆته‌وه‌و، لاف و گه‌زافی بونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی نیشان ئه‌ده‌ن، له‌کاتێکیشدا بیرۆکه‌و ستراتیژیه‌تی سه‌رکردایه‌تیه‌کانیان، زۆر له‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌ودروشمه پیرۆزانه‌وه دورن، له‌ڕاستیدا ته‌نها بۆ چاوبه‌ست کردنی ڕۆڵه دڵسۆزه نیشتمان په‌روه‌ره‌کانی گه‌لی کورده، بۆیه له‌هه‌ڵویست و کرداردا، زۆر جار پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌‌ڵوێست وه‌رئه‌گرن، که‌له‌‌داهاتودا شرۆڤه‌ی له‌سه‌رئه‌که‌ین !.

ئاشکرایه سیاسه‌ت زانست نیه بتوانی به‌لێکدانه‌وه‌ی فیزیکی له‌ڕاستی و دروستی بگه‌ی، دیاره هه‌ڵوێستێکی هونه‌ریه‌ وه‌ک بڕوا، ناتووانرێت بیسه‌لمێنیت تاکو کردار و هه‌ڵویسته‌کان نه‌بینرێن، واش ئه‌زانم ئه‌وماوه‌یه‌ی‌ ڕابردووه‌‌ به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا، به‌تابه‌ت له‌باشوری کوردستان، زۆر به‌ڕونی ده‌ر که‌وتووه بۆ جه‌ماوه‌ر، پارته سیاسیه‌کان نه‌ک ته‌نها یه‌ک هه‌ڵویست و یه‌کرێز نین له‌ بوواره‌ هه‌ستیاره نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، به‌ڵکو به‌ئاشکرا دژایه‌تی یه‌کتری ئه‌که‌ن.به‌بۆچونی جیاواز، له‌ژێر دروشمی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا، له‌ ئه‌نجامدا ده‌رئه‌که‌ویت به‌زیانێکی گه‌وره ئه‌که‌وێته‌وه به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا، له‌بوواری دۆزی مافی نه‌ته‌وایه‌تیدا، بۆیه ئه‌توانین بڵێن له‌ڕووانگه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌وه، دروست بونی ئه‌و پارتانه له‌‌و سه‌رده‌مه‌داو تاکو ئێستاش، زور به‌داخه‌وه بواری لایه‌نی نێگه‌تیڤی زیاتره له پۆزه تیڤی، که ‌ئه‌بو پێچه‌وانه‌که‌ی بهاتایه‌ته دی!.

به‌ڵام خۆ دیاره که‌ هه‌مو لایه‌‌نه‌کان یه‌کسانین، به‌رانبه‌ر به‌و پرسه مه‌ترسیدارانه‌ی، که خزمه‌ت به ‌دوژمنان ئه‌کات، له‌ جیاوازی کاری بۆچون و تێکدانی شێرازه‌ی یه‌ک رێزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی گه‌له‌که‌مان، نه‌به‌ڕێبازی داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ یاساییش، به‌ڵکو به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی کردار و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌کانیان یه‌کلایی ئه‌کرێته‌وه، کام لایه‌ن زیاتر به‌رپرسی یه‌که‌مه، بۆ ڕونکردنه‌وه‌ی ئه‌وبوواره‌ش، ئه‌بێ چاو بگێڕینه‌وه به‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مو ‌ڕوداو و هه‌ڵوێست وه‌رگرتنه‌کاندا، به‌بێ ترس و دڵه ڕوکێ و سه‌ڵه‌مینه‌وه!.

پێشه‌کی لێره‌دا پرسیارێک ئه‌وروژێنم، ئایه ئه‌ولایه‌ن و که‌سایه‌تیه سیاسیانه‌ی، دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی پیرۆزی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌که‌ن، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌که‌و، ئه‌و ماکه چیه له‌ناخیاندا به‌جۆرێک جێگیر بووه، هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی پیرۆزی نه‌ته‌وایه‌تی، پێ خستونه‌ته ژێر پێ؟!.

جارێک تریش دوو باره‌ی ئه‌که‌مه‌وه، بنه‌ماڵه‌یه‌‌کی ئاینی پێرۆز، به‌سود وه‌رگرتن له‌و ڕێبازه پیرۆزه ئاینیه‌وه زیاتر له"١٣٠"ساڵ به‌ر له‌ئێستا، واته له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هریه‌وه، به‌بی بونی هیچ پارتێکی سیاسی، خزابێته‌ نیو بیرۆکه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه، وه‌ک خه‌مخۆری ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمان په‌روه‌ریه‌وه، له‌ دژی هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان، تورک و عه‌ره‌ب و فارس هه‌ڵویستی وه‌رگرتبێت، به‌به‌شداری کردنی چه‌کداریش نه‌ک ته‌نها ووته‌و دروشمی سیاسی، ئه‌وه مێژوو پێمان ئه‌ڵێت، که له‌شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانی باکوری کوردستان له‌دژی ڕژێمه فاشیستیه‌کانی تورک، له‌ باشوری کوردستان دژی ڕژێمی پاشایه‌تی بۆگه‌ن، له‌‌پاش له‌سێداره‌دانی شێخ عه‌بدوسلام بارزانی دووه‌م، شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی نه‌مر له‌"١٩٣٢)و، سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، شۆڕشی به‌ر‌پاکرد و سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌‌هێنا، دیاره ئه‌وه‌ش هۆکاری بێ پشتیوانی و لاوازی بیرۆکه‌ی کوردایه‌تی بو، له‌ناو هۆز و تیره به‌توواناکاندا ‌نه‌یانتوانی پشتگیریان بکه‌ن، به‌وه‌ش کۆڵیان نه‌داو، موسته‌فا بارزانی هه‌میشه زیندو، پێشه‌وایه‌تی گرته ده‌ست، له/٩٤٣ێ جارێکیتری شۆڕشیان به‌رپاکردوه‌، به‌ڵام به‌پشتیوانی کردنی هێزی فڕۆکه‌وانی به‌ریتانیا، له‌ڕژێمی پاشایه‌تی دیسان نه‌یانتووانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.‌له‌دوای شکست هێنانی شۆڕش له ساڵی/١٩٤٥.بارزانی‌ نه‌مر خۆی نه‌دابه‌ده‌سته‌وه‌و کۆڵی نه‌دا له‌تێکۆشان له‌دژی داگیرکه‌رانی کوردستان، ڕویکرده ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ به‌ به‌شێ له‌هێزی سه‌ره‌کی سوپای کۆماری، بارزانی ملی کچ کرد بۆ سه‌رۆک کۆمار پێشه‌وا‌ی نه‌مر، قازی محه‌مه‌د، به‌‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی پایه‌و پله، وه‌ک سه‌ربازیکی کۆمار، له ‌لایه‌ن پێسشه‌وا قازی محه‌مه‌دی نه‌مر، پله‌ی ‌سوپاسالاری گشتی به‌شانازیه‌وه پێ به‌خشراو، وه‌ک که‌سی دووه‌م له‌کۆماردا سه‌یرئه‌کرا.هه‌رله‌وکات و ساته‌ هه‌ستیارانه‌دا، به‌هۆی خه‌مخۆریه‌وه بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد، تووانی پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زرێنێت، وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ بنبه‌ست کردنی ڕێبازی کوردایه‌تی.

هه‌روه‌ک بینرا، دووای ڕوخانی کۆماریش.هه‌‌ر ئاماده نه‌بومل که‌چ کات بۆداگیرکه‌رانی کوردستان، ڕوی کرده‌ هه‌نده‌ران و بۆ ماوه‌ی"١٢)ساڵ له‌ووڵاتی شۆره‌وی به‌خۆیو"٥٠٠"هه‌ڤاڵی پێشمه‌رگه مایه‌وه، تادووای ڕودانی شۆڕشی/١٤ ته‌موزی/١٩٥٨له ئێراق، ئه‌نجا گه‌ڕایه‌وه‌‌و، بۆ سێهه‌م جار له/١١ی ئه‌یلول ‌ساڵی/١٩٦١، شوڕشی چه‌کداری به‌پشڕه‌وایه‌تی پارتی و سه‌رۆکایه‌تی خۆی به‌رپا کرده‌وه، به‌جۆرێک سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، بۆ یه‌که‌م جاربو، ڕژێمی به‌غدا ناچار بکرێت، دان به‌مافی ئۆتۆنۆمی سیاسیا بنێت بۆ گه‌لی کوردستان!.

ئه‌ڵێره‌دا داوای وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه ئه‌که‌م، ئه‌م پرسیاره‌شی ئه‌که‌مه پاشکۆ: ئایه به چ پێوه‌رێکه‌و کام ئویژدان ئه‌توانێت بیسه‌لمێنی، ئه‌وکه‌س و لایه‌نانه‌ی دژی بنه‌ماڵه‌و‌ که‌سایه‌تیه‌کی تێکۆشه‌‌ر و دڵسۆزی ڕاسته قینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، وه‌ک سه‌رۆک موسته‌فا بارزانی نه‌مرو بنه‌ماڵه پیرۆزه‌که‌ی بێت، له ‌کاتێکدا خۆی، دروشمی دڵسۆزی و به‌ئه‌مه‌کی بۆ گه‌ل و ووڵات به‌رز کردبێته‌وه، بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، له‌کاتێکدا به‌ هیچ پێوه‌رێک ناسه‌لمێندرێت، به‌بێ یه‌کڕیزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی گه‌ل، ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه نایه‌ته دی مه‌حاڵه؟!.

بۆیه کاردانه‌وه‌ی ئه‌وهه‌ڵوێست و بۆچونانه، ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنێت ته‌نها له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیاندا دروست بونه‌و، له‌ژێر په‌رده‌ی کوردایه‌تیدا ئه‌یانه‌وێت بگه‌ن به‌ئاواته ماکی و میناکیه‌ کانیان.چۆنکه مێژوو سه‌لماندویه‌تی، به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ئازادای و سه‌‌ربه‌خۆییدا ده‌سته‌به‌ر ئه‌کرێ، ئازادی و سه‌ربه‌خۆییش، ته‌نها به‌یه‌کڕێزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی و یه‌ک ده‌نگی به‌ده‌ست ئه‌هێنرێ، نه‌ک به‌دژایه‌تیکردنی یه‌کتری ناوخۆیی و ململانێ کردن له‌سه‌ر پایه‌و پله له‌پێناو ده‌سه‌ڵات، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی!.

لێره‌دا کۆتایی به‌م به‌شه‌ش ئه‌هێنین، هیوادارین چاوروانی به‌شی ده‌یه‌م بن، که ئه‌چینه سه‌ر ئه‌نجامه‌کانی شه‌ڕی براکوژی، سه‌رده‌می شاخ و دووای ڕاپه‌ڕین و به‌رده‌وام ئه‌بین له‌سه‌ر ڕونکردنه‌وه‌ی ئه‌وبابه‌تانه، تاکو ئه‌گه‌ینه ئه‌نجامی ئه‌و پرسیاره: ئێوه کیین و ئێمه کیین، که ئاشکرایه ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین؟!!.

 ٢٩- ١- ٢٠١٤

Go to top