We have 60 guests and no members online

ئێمه له‌به‌شی ڕابردودا کورته شرۆڤه‌یه‌کمان له‌سه‌ر ڕودانی شه‌ڕی کورد کوژه‌دا کرد،که ‌ڕویدا له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردودا،به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌کمانیش به ئه‌نجامه‌که‌ی نه‌کرد،بۆیه لێره‌دا به‌ پێویستی ئه‌زانم ئه‌وه‌ بخه‌مه‌وه پێش چاو، که ‌هه‌مومان بینیمان، ته‌نها دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری لێکه‌وته‌وه‌و، دوو ئیداره‌یی،که‌تاکو ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌مو داواکاری و هه‌وڵدانێکی خه‌م خۆرانی ڕاسته قینه‌ی کوردایه‌تی هه‌ر به‌رده‌وامه، ئیتر ئه‌کرێت ئه‌وه نا‌و ببرێت، به‌خزمه‌ت کردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی، خۆ ئاشکرایه له‌به‌رژه‌وه‌ندی بیری ته‌سکی پارتایه‌تی یه‌ک لایه‌نی زیاتر، هیچی تری تێدا به‌دی نه‌کرا، ئیتر جێگه‌ی خۆی نیه په‌رده پۆش بکرێت و هیچ که‌سێ شانازی پێوه نه‌کات، به‌ڵکو ئه‌بێ تامی شه‌رمه‌زاریش بچێژێت!.

دوای ئه‌وه‌ی خۆش به‌ختانه،‌ ئه‌و نه‌دامه‌تیه کورد کوژه‌یه‌ش تارمایی ڕه‌شی پێچایه‌وه‌و،گه‌ل و ووڵاته‌که‌مان جارێکی تری چاوی به‌ئارامی و هیوای سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر دوژمناندا په‌ێدا کرده‌وه‌و، ده‌رگای خۆشگوزه‌رانی کرایه‌وه به‌ڕویاندا،ماوه‌یه‌ک زۆری پێنه‌چو،ده‌رگای شه‌ر به‌سه‌ر دیکتاتۆره نه‌گریسه‌که‌ی به‌غدایا کرایه‌وه‌و، توناوتون رۆیی و له‌ناو چو،به‌وه‌ش زیاتر هیوای ده‌رکه‌وتنی ئامانجی سه‌ره‌کی گه‌له‌که‌مان، له‌سه‌ربه‌خۆیی بون و دروستبونی ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی له ئا‌سۆوه سه‌ری کێشا!.

به‌ڵام خۆ گومان له‌وه‌دا نیه،هه‌رچه‌نده زه‌مینه‌ی بوواری یاسایی نیوده‌ڵه‌تی له‌باربێت،بۆ ‌هه‌نگاونان به‌ره‌و ئه‌و ئاواته پیرۆزه مه‌زنه، کۆڵه‌گه‌ی بنه‌ڕه‌تی له دروستبون و پاراستنیدا، ته‌نها یه‌ک هه‌ڵوێستی و یه‌کڕێزی گه‌له به‌هه‌مو چین و توێژه‌کانیه‌وه.جا ئایه له‌دووای ڕوخانی ڕژێم و گۆڕانی ئێراق،له‌ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بیه‌وه، بۆ ده‌وڵه‌تێکی فیدرالی هاوبه‌ش،له‌نێوان کورد و عه‌ره‌بدا،گه‌لی کورد توانیویه‌ ده‌سته‌به‌ری ئه‌و یه‌ک هه‌ڵویستی و یه‌ک ده‌نگی و یه‌کڕێزیه بکات؟ دیاره گومانی تێدا نیه وه‌ک پێویست نه‌توانراوه!.

ڕاسته سه‌رکردایه‌تی سیاسی، ئه‌وه‌ی کردبوه به‌رنامه‌و، هه‌وڵی بێ ووچانی بۆ ئه‌داو، توانیبوی به‌داڕشتنی هاوپه‌یمانیه‌کی ستراتیژی، له‌نێوان هه‌ردو هێزه سه‌ره‌کی و بڕیار به‌ده‌سته‌که‌دا وه‌ک پاتی و یه‌کیه‌تی، بۆ ماوه‌یه‌کی باش ئه‌و یه‌ک هه‌ڵوێستی و کۆ ده‌نگیه به‌‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه که‌زۆری نه‌خایاند درزی تێکه‌وت، ته‌نها به‌ڕه‌واڵه‌ت مایه‌وه‌‌و، که‌هه‌تا ئێستاش جارجاره وه‌ک ڕیکڵام باس ئه‌کرێت!.

ئه‌وه‌ی زیاتر جیی سه‌رسوڕمانه بۆ ڕوناک بیرانی سیاسی کوردایه‌تی،نا ڕاستگۆی و چه‌واشه‌کاریه، له‌لایه‌ن هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیه سیاسیه‌کان،که‌به‌ناوی پارته‌که‌یانه‌وه وه‌ک ووته بێژی و نوێنه‌رایه‌تی، هه‌ڵوێست و بۆچونی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ به‌بادا ئه‌ده‌ن،که زۆر دورن له‌ڕاستیه‌وه‌و، ئاشکرایه ته‌نها خۆڵ کردنه‌ چاوی نه‌ک ته‌نها جه‌ماوه‌ری به‌رانبه‌ریانه،به‌ڵکو زیاتر جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆیانه،وادیاره ‌له‌و چه‌واشه‌کاریانه زیاتریان پێنیه، هه‌رچه‌نده دژی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تیمانه‌و به‌زیانی گشتی ئه‌که‌وێته‌وه،به‌رده‌وام کاری پێ ئه‌که‌رێت و له‌سه‌ری ئه‌ڕۆن !.

من لێره‌دا نامه‌وێت زۆر به‌‌ووردی بچمه ناو قوڵایی ورده کاریه‌کانه‌وه،که دڵ بریندار کردنی لێ بکه‌وێته‌وه، به‌ڵام ناچاریشم ئاماژه به هه‌ندێ هه‌ڵوێستی نه‌ویستراو بکه‌م،که ‌ڕویاندا‌ له‌ڕابردودا ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی پارتایه‌تی،نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی.هه‌روه‌ک هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌کان ئاگادارن،دووای ئه‌وه‌ کابینه‌ی یه‌که‌می حکومه‌تی ناوه‌ندی پێكهێنراو دوکتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی به‌سه‌رۆک وه‌زیران دیاری کرا،لایه‌نی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد به‌وه گه‌شبین بون،که‌ هه‌مو مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له‌به‌رچاو ئه‌گرێت و زۆر هه‌ڵویستی گونجاوی ئه‌بێت،به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌وجۆره ده‌رنه‌چو،وه‌ک پێشینان ووتویانه ئه‌وه‌ی له‌مشک بێت جه‌واڵدڕه، عه‌لاوی کۆنه به‌عسیش،ناخه بۆگه‌نه زگماکیه‌که‌ی پێ نه‌شاردرایه‌وه‌، زۆر بێشه‌رمانه هه‌ڵویستی سیاسی خۆی گۆڕی به‌رانبه‌ر به‌مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد،که‌ له ‌ده‌ستوری ئێراقی فیدرالیدا،په‌سه‌ند کراوه‌و له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی گه‌لی ئێراقه‌وه دانی پێدا نراوه!.

 به‌ڵام نه‌یتوانی خۆی ڕاگرێت له‌به‌رانبه‌ر ویستی پۆڵایینی یه‌کڕیزی و یه‌ک هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی گه‌لی کوردستاندا، کورسیه‌که‌ی لێ سه‌ندرایه‌وه‌و توڕ هه‌ڵدرایه ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕه‌زامه‌ندی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستان، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری له‌جێی ئه‌و دیاری کرا به‌سه‌رۆک وه‌زیران!.

وه‌ک عه‌ره‌ب وتویانه"الطیورعلی أشکالها طقع"باڵنده‌کان له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆیان ئه‌که‌ونه‌وه،دیاره ئیبراهیم جه‌عفه‌ریش ئه‌وڕاستییه‌ی سه‌لمانده‌وه،که ئه‌وه‌ی له مشک بێ جه‌واڵدڕه.ده‌رکه‌وت نه‌ک ته‌نها چاکتر نه‌بو به‌ڵکو زۆر خه‌راپتریش بو، به‌ڵام به‌هۆی گێلی و ده‌رون بۆگه‌نی خۆیه‌وه به‌رانبه‌ر به‌ کورد، ئاگاداری هێزی یه‌ک هه‌ڵویستی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد نه‌بو،چۆن ئه‌یادعه‌لاوی توڕ هه‌ڵدا، به‌رده‌وامبو له‌سه‌رکێشی و دژایه‌تی کردنی مافه ده‌ستوریه‌کانی گه‌لی کوردستان،هه‌تاکو گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی، یه‌ک هه‌ڵوێستی کورد، ئه‌ویشی توڕ هه‌ڵدا بۆ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌شه‌رمه‌زاریه‌وه!.

پێشینانمان فه‌رمویانه"که ‌ناچار بویت ئه‌بێت به‌جوله‌که‌ش بڵێت، به‌ڕێشی مه‌ردانه‌ت قه‌سه‌م"ڕۆژگاریش به‌ناڕه‌وایه‌تی چاره‌نوسی باشوری کوردستانی به‌ستۆته‌وه به‌‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی ئێراقی ناته‌باوه،چاره‌یه‌کی تری له‌به‌رده‌ست گه‌لی کوردانیه،له‌ده‌ستنیشان کردنی به‌چکه مشکه‌کان زیاتر،بۆیه ناچاره به‌رد داشێنیان پێ بکات به‌هه‌رجۆرێ بێت،تاکو ڕۆژگار ئه‌نجامه‌کان دیاری ئه‌کات، ئه‌وه‌بو ئه‌مجاره به‌ختی نوری مالیکی جوڵه‌ی کرد،بۆدزینی سامانی ئێراق و گێره ‌شێوێنی و دژایه‌تی کردنی مافه‌ڕه‌واکانی گه‌لی کورد،دیاری کرا به‌سه‌رۆک وه‌زیران، دیاره ئه‌ویش هاوشێوه‌‌ی ئه‌وانی پێش خۆی،کوتوپڕ ئه‌سپی خۆی تاودا بۆ جێگرتنه‌وه‌ی دیکتاتۆره تۆڕ هه‌ڵدراوه‌که‌ی پێشو"سه‌دام حوسین"تا وه‌ها نیشان بدات،‌ له‌وانه‌ی پێشوتر به‌تواناتره!.

زۆر ده‌مێکه بۆ کورد ڕون بۆته‌وه که‌‌عه‌ره‌ب به‌رانبه‌‌ر به‌کورد، ڕوی ڕه‌ش و سپییان تێدا نیه‌و، ته‌نها ڕویه‌کی ڕه‌شی نه‌گۆڕن،جا شیعه‌بێت وه‌یان سونه،مه‌لابێت یان شێخ ،شوان بێت یان وه‌زیر،جیاوزییان تێدانیه‌،هه‌مو له مشکه‌که‌ن،به‌ڵام ئایه کوردیش وه‌ک هه‌میشه ئه‌ڵێت براین،سودی له‌ویه‌ک هه‌ڵوێستیه‌ی ئه‌وان وه‌رگرتوه؟ بێگومان ئه‌وه‌ بۆته مه‌حاڵ،له‌ناو به‌شێک له‌ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی سیاسی گه‌له‌که‌ماندا،یه‌ک هه‌ڵوێستی وه‌ک بیرۆکه‌ی دوواکه‌وتویی سه‌یر ئه‌کرێت،به‌لایانه‌وه بیرۆکه‌ی جیاواز ئه‌بێ جێگه‌ی یه‌ک ده‌نگی بگرێته‌وه بۆیه ئه‌بینین وه‌ک نه‌خۆشی شیرپه‌نجه‌ی لێهاتووه‌،به‌ دوباره‌و سێباره بونه‌وه‌ی هه‌ڵه‌و ڕوداوی دڵ ته‌زێن، له ‌ناخیاندا ده‌رناچێت و بووه به‌پێناسه‌ی ڕامیاریان، دیاره به‌ به‌ڵگه ئه‌سه‌لمێندرێت، بۆ نمونه:

هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێکرد،که به‌هۆی یه‌ک هه‌ڵویستیه‌وه تووانرا له‌کات و ساتی پێویستا، هه‌ردو سه‌رۆک وه‌زیران، عه‌لاوی و جه‌عفه‌ری له ‌پۆسته‌کانیان دور بخرێنه‌وه، به‌هۆی هه‌ڵویستی دوژمن کارانه‌یان به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌وه به‌رانبه‌ر به‌کورد، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه به‌رانبه‌ر به‌نوری مالیکی، ده‌سته‌وه‌ستان مانه‌وه‌‌و سه‌رکه‌وتو نه‌بون، له‌کاتێکدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌کار بونیه‌وه،ئه‌وه‌ی لایه‌نی کوردی هه‌ستی پێکرد ئه‌وه‌بو، ئه‌بێت بڵێت: ساڵ به‌ساڵ خۆزگه به‌پار.سه‌د خۆزگه به‌کفن دز!.

خۆئاشکرایه به‌هۆی ئه‌وهه‌ڵوێسته نه‌ویستراو و دوژمن کارانه‌یه‌وه به‌رنبه‌ر به‌‌مافه یاسای و ده‌ستوریه‌کانی گه‌لی کورد، خودی سه‌رۆکی هه‌رێم ڕیزدار،کاک مه‌سعود بارزانی، تووانای زیاتر دان به‌خۆدا گرتنی نه‌ماو، به‌ره‌‌نگاری به‌غدا بووه‌وه،ته‌نانه‌ت تاگه‌یشته ئاستی ناو هێنانی هێزی چه‌کداری،به‌وه‌ش کورسیه‌که‌ی نوری مالیکیش که‌وته له‌رزین به‌ره‌و ڕوخان،به‌ڵام ئایه چ هۆکارێکبو کورسیه‌که‌ی گرت، له له‌رزین و له‌ناو چون ڕزگاری کرد، ئایه له‌وانی تری به‌هێزتر و سیاسه‌ت مه‌دارتر بو؟.دیاره هیچ کام له‌و دوو خاڵه نه‌بوو، به‌ڵام جیاوزیه‌که‌ی نوری مالیکی ته‌نها ئه‌وه‌بو، به‌فڕوفێڵ و ته‌‌ڵه‌که بازی، تووانی ‌یه‌ک هه‌ڵوێستی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌بار به‌رێت، ‌به‌شێکیان، به‌تایبه‌تیش یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و خۆدی ڕێزدار سه‌رۆک کۆمار، مام جه‌لال تاڵه‌بانی،‌ پشتگیری ته‌واوی لێ ئه‌کرد! ئه‌و لایه‌نه‌ی زۆر به‌توندی دژایه‌تی ئه‌کرد، ته‌نها پاتی دیموکراتی کوردستان و خۆدی سه‌رۆکی کوردستان ، ڕێزدار کاک مه‌سعود بارزانی بو، هه‌تاکو گه‌یشته ئاستێ، زۆر به‌داخه‌و ئه‌و‌لایه‌نانه ئه‌یانویست بۆ مه‌به‌ستی سیاسی خۆیان، هه‌ڵوێسته‌‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی بخه‌نه خشته‌ی ناکۆکی تایبه‌تی نێوان سه‌رۆک بارزانی و نوری مالیکیه‌وه، هه‌ر چه‌نده زۆر به‌ڕاشکاوانه‌وه سه‌رۆکی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه ئه‌کرد،که هیچ ناکۆکیه‌کی تاکه که‌سی نیه به‌رانبه‌ر به‌ نوری مالیکی،ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت، که‌دژایه‌تی مافه‌ ده‌ستوریه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد ئه‌کات زۆر به‌‌ڕونی، به ‌تایبه‌تیش ده‌رباره‌ی کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی وه‌ک یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی بودجه‌و، پێشمه‌رگه‌و،نه‌وت و غاز و،ناوچه کوردستانیه کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان،که له‌جێبه‌جێ کردنی ناوه‌ڕۆکی ماده‌ی"١٤٠)دادێنه چاره‌سه‌ر کردنی یاسای و ده‌ستوری،به‌ڵام مالیکی به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رله‌نوێ هه‌وڵی به‌عه‌ره‌ب کردنیانی ئه‌دایه‌وه!.

گومان له‌وه‌دا نیه ئه‌گه‌ر له‌بارچونی یه‌ك هه‌ڵوێستی کورد نه‌بوایه، نوری مالیکی نه‌یده‌توانی پێگه‌ی خۆی به‌و جۆره قایم بکات، که ‌گه‌یشته ئاستێکی هێنده مه‌ترسیدار،لایه‌نه کوردستانیه‌کان به‌گشتی هاتنه‌وه پاڵ هه‌ڵوێسته‌که‌ی سه‌رۆک بارزانی، به‌ڵام له‌پاش ئه‌وه‌ی هه‌له زێڕینه‌که له‌ده‌ست دراو، مالیکی بو به‌پاڵه‌وانی براوه‌و، تاکو ئێستاش هه‌ڕ‌‌شه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی شیعه، نه‌ک ته‌نها لایه‌نی کوردستانی!.

ئه‌گه‌ر بوێرانه بیرو ڕاکان ئاشکرا بکرێن، زۆر به‌ڕونی ده‌رئه‌که‌ویت سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، زۆر هه‌لی زێڕێنیان له‌ده‌ست داوه به‌هۆی نه‌بونی یه‌کڕێزی و یه‌ک هه‌ڵوێستیه‌وه، له ‌دووای له‌ناو چونی ڕژێمی به‌عس و هاتنه‌کا‌یه‌‌ی ئه‌و پێگه به‌رزو پیرۆزه‌‌وه بۆکورد ‌ڕه‌خسا، چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌و چ له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه‌ی ئێراقی فیدرال.به‌ڵام به‌‌ هۆی نه‌بونی یه‌کڕێزیه‌وه، سه‌رکردایه‌تی نه‌یتوانی سود له‌و ده‌ستکه‌وته مه‌زنانه وه‌ربگرێ که‌بۆی ڕه‌خسابو،ته‌نانه‌ت ئێستاش کادیره‌ ڕوناک بیره‌کانی به‌تایبه‌ت پارتی و یه‌کیه‌تی ناوێرن ئه‌وڕاستیانه ده‌ربڕن،دیاره بڕواناکه‌م له‌ڕوی هه‌ست پێنه‌کردنه‌وه بێت،له‌به‌رئه‌وه‌ی خاڵه‌کان هێنده زه‌قن، هه‌موو ڕوناکبیرێکی دڵسۆزی گه‌ل و نیشتمان هه‌ستی پێ ئه‌کات.دیاره به‌‌ڵگه‌ی نمونه هێنانه‌وه زۆرن بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستیانه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاڵه‌کان پێویست به‌شرۆڤه کردنی تێر و ته‌سه‌ل ئه‌کات، ناگونجێت بیانکه‌ینه پاشکۆی ئه‌م ووتاره، ئه‌یان هێڵێنه‌وه بۆ به‌شی ئاینده،واته دوانزه‌هه‌م،لێره‌دا کۆتایی به‌م به‌شه‌ش ئه‌هینین،له‌هه‌وڵدان بۆگه‌یشتن به‌مه‌به‌ستی ئه‌وپرسیاره: ئێمه کێین و ئێوه کێن،به‌‌و هیوایه‌ی هه‌مو لایه‌کمان به‌کرده‌وه له‌وه ئاگاداربینه‌وه، ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین،به‌سه یه‌کتر قه‌بوڵ نه‌کردن!!.

 ٦- ٢- ٢٠١٤.

 

 

Go to top