We have 70 guests and no members online

له‌کۆتایی به‌شی یانزه‌هه‌مدا، هاتینه سه‌ر شرۆڤه ‌کردنی ئه‌و هه‌له زێڕینیانه‌ی بۆ گه‌له‌که‌مان هاته پێش، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی نه‌یتوانی سودیان لێوه‌رگرێت،له ‌ده‌ست چون و ناگه‌ڕیته‌وه،لێره‌دا ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، که زۆر ئاساییه سه‌رکردایه‌تی دوچاری هه‌ڵه‌ی سیاسی، وه‌یان هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی ئیداری ببێته‌وه، هه‌ر وه‌کو که‌سانی ئاسایی، به‌ڵام نه‌ک له‌دوو هه‌ڵه‌ی یه‌ک له‌دووای یه‌ک زیاتر! چونکه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی یه‌که‌م نه‌زانین بیت و هه‌ڵه‌ی دوهه‌م ناچاری، ئه‌ی له‌وه به‌دواوه بۆچی؟!.

بۆنمونه: ئاشکرایه له‌سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیندا هێزی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌ری دڵسۆز و بوێری کورد،توانیان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌مو سنوری کوردستاندا بگرێته‌وه، هه‌ر له‌زاخۆوه تا خانه‌قین، به‌ناوجه‌رگه‌ی شاری که‌رکوکیشه‌وه.به‌ڵام له‌ژێر گوشاری هێزی سه‌ربازی هاوپه‌یماناندا، به‌ناچاری پاشه‌کشه‌ی له‌و ناوچانه کردوه، هه‌روه‌هاش له‌ڕوخانی سه‌دامیشدا له٢٠٠٣ێ،دوچاری هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌هات،که‌ده‌ستی به‌سه‌ڕ ئه‌و ناچانه‌‌دا نه‌گرته‌وه، که زۆر به‌ئاسانی ئه‌یتوانی کۆنترۆڵی بکات و ڕکابه‌رایه‌تی داواکاریه‌کانی ئه‌مریکا بکا، چونکه تاکه هێزی کاریگه‌ر و بڕوا پێکراو بو،له پشتیوانی کردنی هێزی هاوپه‌یمانان،له‌ سه‌رکه‌وتنیاندا به‌تایبه‌تی له‌وکاته‌دا.هه‌روا سه‌رکردایه‌تی کوردیش بوه هۆکاری داڕشتنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئێراق، له ‌سه‌ر بنه‌مای بڕبڕه ‌پشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان.جا به‌هه‌ر حاڵ له‌ده‌ست دانی ئه‌و دوو هه‌له گه‌وره‌یه با له‌بیر بکرێن، به‌ڵام ئه‌ی ئۆباڵی هه‌ڵه‌کانی دووای ئه‌‌وهه‌ڵانه،ئه‌‌بێ بخرێته ئه‌ستۆی کێ،ئایه سه‌رکردایه‌تی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ئه‌کڕێت سه‌رجه‌میان بکرێن به ‌به‌رپرسیار؟.

دیاره بۆ گه‌یشتن به‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره،به‌شێوه‌یه‌‌‌کی ڕاست و دروست و به ‌ئویژدانه‌وه،ئه‌بێت ئاماژه به‌و هه‌ڵانه‌ بکه‌ین که‌ڕویانداوه‌و هۆکاره‌که‌ی چیبووه،که ‌‌به‌ڕونی شێکرانه‌وه،ئه‌وسا یه‌کلایی ئه‌بێته‌وه چ لایه‌نێ به‌رپرسی یه‌که‌م بووه‌و،خه‌تاکه‌ی ئه‌خرێته ئه‌ستۆی ئه‌و، بۆیه لێره‌وه ئه‌چینه سه‌رده‌ست نیشان کردنی ئه‌و خاڵانه‌‌و شرۆڤه کردن له‌سه‌ریان.پێشه‌کی باس له‌‌خانه نشین کوردنی تورکمان ئه‌که‌ین و هۆکاره‌که‌ی:

یه‌که‌م: به‌پێوستی ئه‌زانم له‌سه‌ر هه‌ڵدانی کۆڕه‌وه گشتیه‌که‌وه له‌که‌رکوکه‌وه ده‌ست پێبکه‌م، چونکه خۆمیش که‌رکوکیم و زیتار له‌نیو سه‌ده‌ش ژیانم له‌ناو ئه‌وشاره‌دا بردۆته سه‌ر و چووار پشتیشم له‌سنوری ئه‌وشاره‌دا‌ ژیاون.لێره‌دا پرسیارێک ئاراسته‌ی تورکمانه ڕه‌سه‌ن و ‌به‌ڕیزه‌کانی که‌‌رکوک ئه‌که‌م، که‌ پاش ماوه‌ی سوپای سه‌ربازی پاسه‌وانانی خه‌تی هامڵتۆنی نیوان به‌غداو ئه‌سته‌مبوڵن، له ‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عوسمانیه‌کان، که ‌مێژووه‌که‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆنزیکه‌ی"٨٠٠"ساڵ به‌رله‌ئێستا،‌‌هه‌میشه وه‌کو برا له‌گه‌ڵ کورد پیكه‌وه ژیاون.به‌ڵام ئایه له ‌کۆڕه‌وه‌که‌دا، هه‌ڵوێستیان چیبو به‌رانبه‌ر به‌ڕژێم؟ ئایه ئه‌توانن ناوی چه‌ند سه‌د خێزانێکمان بۆ دیاری بکه‌ن له‌و کۆڕه‌وه گشتیه به‌شدار بوبێتن له‌دژی ڕژێم،که‌واته ئه‌وان هه‌میشه له‌پاڵ ڕژێم و له‌گه‌ڵ ڕژێمدا بونه‌و هیچ کێشه‌یه‌کی سیاسیان نه‌بوه، ته‌نها له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی کوردا خۆیان ده‌رخستووه؟!.

دوهه‌م: له چ سه‌رده‌مانێکدابزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی تورکمانی،له‌که‌رکوکدا ڕویداوه وه‌یان به‌دی کراوه له‌دژی ڕژێمی ئێراق،داوای تورکمانی بونی که‌رکوکیان کردبێت.هیچ گومان له‌وه‌دا نیه که‌ به‌سه‌دان خێزانی کورد له‌‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیاندا،له‌سه‌ر ژمێریه‌کانی ئه‌مدواییانه‌ی ڕژێمی به‌عسداخۆیان به‌ تورکمان ناونوس ئه‌کرد،بۆئه‌وه‌ی له‌مه‌ترسی ڕژێم به‌دوربن، زۆر ئه‌وه‌یان به‌لاوه پیرۆزتربو له‌وه‌ی، خۆیان به‌عه‌ره‌ب بناسێنن.دیاره مه‌به‌ستی من لێره‌دا پێناسه کردنی تورکمان و کورد نیه، بۆیه نامه‌ویت زیاتر له‌وباره‌‌یه‌وه بدوێم، ڕیزم بۆ تورکمانه ڕه‌سه‌نه‌کان هه‌یه،هیوادارم ئه‌وانیش له‌وه بگه‌ن،‌من مه‌به‌‌ستی سیاسی تریم هه‌یه له‌م ووتاره‌دا، نه‌ک دژایه‌تی وه‌یان ته‌وهین کردن، به برا تورکمانه‌‌کان.

سیهه‌م: به‌درێژایی ئه‌وماوه فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه به‌دفه‌ڕانه‌ی ڕژێمه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی به‌غدا،بڕواناکه‌م هیچ زیندانیه‌کی سیاسی تورکمان بینرابێت له‌زیندانه‌کاندا،بۆنمونه،خۆدی خۆم،له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردودا زیندانی سیاسی کرام،له‌‌که‌رکوک زیندانه‌کانی،شورته‌‌ی سه‌را،زیندانی گه‌وره، زیندانی ئینزیباتخانه ڕقـم"١"زیندانی که‌تیبه موعته‌قه‌ڵ٢٤ له‌ناو مه‌عه‌سکه‌ر،موخابه‌راتی که‌رکوک بومه نزیکه‌ی دوو ساڵ.له‌‌‌ زیندانی موخابه‌راتی عامه‌ی به‌غدا،شوعبه‌ی سێ و شوعبه‌ی پێنج و ته‌سفیرات ماوه‌ی زیاترله‌ ٦مانگ ماوه‌تمه‌وه،به‌ده‌یان زیندانی سیاسی عه‌ره‌بم بینی،به‌ڵام ته‌نهاکه‌سێکم نه‌بینی به‌ڕچه‌‌ڵه‌ک تورکمان بێت و زیندانی سیاسی بێت، چ له‌سه‌ر که‌رکوک وه‌یان تورکمانی بون!.

ئیتر ئه‌لێره‌دا ئه‌پرسم"٦"هه‌زار خانه‌نشین کردنی تورکمان به‌ناوی شه‌هیده‌وه،هۆکاری چیه‌و به‌واتای چیه ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ ململانێی سیاسی ئه‌نجام نه‌درابێت،له‌کاتێکدا سه‌ربه‌زانه ڕای ئه‌گه‌یه‌نم، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیندانی سیاسی و کادیری پارتی و،٩ ساڵ پێشمه‌رکایه‌تی و کادیری،تاکو ئیستاش نه‌هیچ موچه‌یه‌کم هه‌یه‌و نه‌خانه نشینیش کراوم.دیاره ئاماژه‌ کردنم به‌خۆمیش،ته‌نها بۆسه‌یر و سه‌مه‌ره‌‌ی پارتایه‌تی و کوردایه‌تیه نه‌ک خۆ نیشاندان‌!.

لێره‌دا دڵنیام که‌سانی دڵسۆز ئه‌ڵێن،چۆن ئه‌و ژماره‌یه ئه‌زانێت که خانه‌نشین کراون،بۆیه ناچارم ئاشکرای بکه‌م،که له‌ده‌می ئه‌ندامێکی به‌ڕیز و دڵسۆزی سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تی نیشتمانیم وه‌رگرتووه‌و، زۆر جێگه‌ی بڕواشه، به‌‌ڵام به‌پێستی نازانم ناوی بهێنم، چونکه مه‌به‌‌ستی من ته‌نها به‌راورد کردنه!.

چواره‌م: هۆکاری ناوهێنانی که‌رکوکی کوردستانی به‌ ئێراقی بچوک، بۆچی و له‌پێناو چیدا،ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست فره‌ نه‌ته‌وه‌ییه،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدا زۆرترین نه‌ته‌وه‌ی تێدایه ناوی بنێن ئێراقی گه‌وره‌و،که‌رکوکیش ئێراقی بچۆک،خۆ موسڵ و تکریت و به‌عقوبه‌‌‌ش له‌شێوه‌ی پێکهاته‌ی که‌رکوکن، ئه‌ی ئه‌وان به‌چی ناوبه‌رین؟!.

خۆ ناتوانرێ نکۆڵی له‌‌ڕاستی و دروستی سه‌رژمێری"١٩٥٧"بکرێت،که ‌له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا ئه‌نجام دراو هیچ توواناو ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی به‌سه‌ره‌وه نه‌بووه،که‌چی ده‌رکه‌وت دانیشتووانی ناوه‌ندی که‌رکوک،%٥٧ ی کورده‌،له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تیشه‌وه سه‌لمێندراو نکۆڵی لێ نه‌کرا،که‌واته به‌هه‌مو نه‌ته‌وه‌کانی تری وه‌کو: عه‌ره‌ب و تورکمان و ئه‌رمه‌نی و ئاسوری و جوله‌‌که‌و سابیئه/٤٣% یان پێکهێناوه.ئیتر له‌پێناوی چیدا سه‌رۆک کۆمار، به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی ڕێژه‌ی کوردی له‌وشاره کوردستانیه‌،که خراوه‌ته‌ ناوقه‌فه‌زی گومانه‌وه به‌ناڕه‌وا، له‌جیاتی پارێزگاری کردن له‌ڕێژه‌که که‌مافی خۆیه‌تی،له ‌سه‌ر نیوه دوو به‌رانبه‌ر دایگرته خوواره‌وه،هێنایه ئاستی:٣٠ی به‌٣٠ی به‌رانبه‌ر به هه‌ر یه‌ک له تورکمان و عه‌ره‌ب،له‌سه‌ر ئه‌وه‌شه‌وه له‌ بوواری یه‌کسانیه‌تی کردنی ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه به‌و پێوه‌ره،پشتی لێکرد و خستیه په‌راوێزه‌وه،که هه‌تاکو ئێستاش له‌ ئاستی کرێکارانی کۆمپانیای نه‌وتدا،له ‌نزیکه‌ی"٦٠"هه‌زار کرێکار،ڕێژه‌ی کرێکاری کورد ناگاته"١٠"هه‌زارێ جگه له‌دام و ده‌زگاکانی تری،که‌له هه‌مویاندا ڕێژه‌ی کوردی تێدا یه‌کسان نیه له‌‌به‌رانبه‌ر تورکمان و عه‌ره‌‌ب!.

له ڕێژه‌ی"٤١)ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک"٢٦"ئه‌ندامی لیستی برایه‌تیه،واته لیستی کورد،بۆچی کورد سازشی له‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌ن کرد، به‌خشی به‌‌سه‌رۆکی لیستی به‌ره‌ی تورکمانی،حه‌سه‌ن تۆران، که به‌هێزترین دژبه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورد و مافه‌ڕه‌واکانیه‌تی، به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ پێناسه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی،که‌ به‌به‌ر هێرشی سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌ب کردنی ناڕه‌وا که‌وتووه! ئایه کورد به‌سازش کردن له‌مافه چاره‌نوس سازه‌کان، داواکاری چی ئه‌کات ‌له‌وه پیرۆزتر بێت؟!.

دیاره گومان له‌وه‌دا نیه ئه‌وهه‌ڵوێسته زیان به‌خشه‌ گه‌وره‌یه،ته‌نها له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی لایه‌نێکه، نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد.خۆ ئاشکراشه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌کاربونیدا، به‌ڕیز حه‌سه‌ن تۆران، دڵسۆزی خۆی وه‌ک پاداشت دانه‌وه دیاری کرد بۆ کورد،که‌ داوای به‌فیدرالی بونی که‌رکوکی کرد وه‌ک شارێکی تورکمانی ئێراقی، نه‌ک کوردستانی!!.

ئاشکرایه هه‌مو ئه‌وکه‌سانه‌ی ئێستا له‌ته‌مه‌نی"٥٠"ساڵێ و به‌سه‌ره‌وه‌ترن، ئاگاداری ئه‌وه هه‌ن، به‌ بڕیاری سیاسی کۆماری، ئه‌و ناوچه کوردستانیه دابڕێندراوانه‌ی هه‌رێمی کورستان خراونه‌ته به‌ر ڕه‌حمه‌تی ماده‌ی "١٤٠)که‌"١٠"ساڵه ئه‌م ده‌س و ئه‌و ده‌سی پێ ئه‌کرێت و، مه‌‌حالێشه به‌غدا به‌خۆشی ده‌ست به‌رداری ببێت، ئیتر بۆچی سه‌رۆک کۆمار،به‌ڕیز مام جه‌لام، له‌کاتی ده‌ست به‌کاربونیه‌وه ئه‌وه‌ی نه‌وروژاند و به‌بڕیارێ له‌و شێوازه‌ی به‌عس ئه‌نجامی دابو، بۆبه‌عه‌ره‌ب کرن"تعریب"ئه‌وێش بگێڕایه‌ته‌وه سه‌ر بارودۆخی ڕاسته‌قینه‌ی کوردستانی بونی خۆی، که ‌به‌داخه‌وه له‌کاتی ململانێکانیشدا،زیاتر پشتگیری له‌به‌غدا ئه‌کرد؟!.

لێره‌دا ئه‌پرسین،ئایه ئه‌وکورسیانه‌ی کورد به‌ده‌ستی هێناوه له‌‌ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئێراقدا،بۆخزمه‌ت کردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌ته‌وایه‌‌تی کورده، وه‌یاخۆ هه‌رکورسیه‌و پشکی کام پارته،له‌ خزمه‌تی پارته‌که‌ی خۆیدا پارێزگاری لێ ئه‌کات و ڕای ئه‌گرێت؟.

هه‌مو ڕوناکبیر و سیاسه‌ت مه‌دارێک ئاگاداری ئه‌وه هه‌یه،تاکه کورسی کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا، ته‌نها کورسی سه‌رۆک کۆماره، که‌خاوه‌ند بڕیاری سه‌ربه‌خۆبێت له‌سنوری یاسای ده‌ستوریدا.که‌چی ئه‌وه یه‌ک دانه ساڵیش زیاتره،به‌به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌، پله‌ی سه‌رۆک کۆماری به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ،راده‌ستی لایه‌نی عه‌ره‌ب کراوه‌ته‌وه‌و،هیچ بونێکی کوردی به‌سه‌ره‌وه نه‌ماوه،ئایه ئه‌وه له‌پێناو کێدایه‌و هۆکاره‌که‌ی چییه، ئایه ئه‌وه له‌زیانێکی گه‌وره زیاتر، هیچ سودێک به‌کورد ئه‌گه‌یه‌نێت؟ ئایه ئه‌وه پشکی یه‌کیه‌تیه له‌سه‌ر ئاستی ته‌نها سه‌نگی خۆی، وه‌یان پشکی گه‌لی کوردستانه‌و،نوێنه‌رایه‌تی به‌وان سپێڕدراوه، که به‌دڵسۆزیه‌وه له ‌خزمه‌تی پارێزگاری کردن له‌مافه‌ یاساییه ڕه‌واکانی گه‌لی کوردستاندا به‌کاری بهێنێت؟.

گه‌لی کورد چاوه‌ڕوانی زۆر کار و کرده‌وه‌ی جووان و سودبه‌خشبون له‌ڕیگه‌ی ئه‌وکورسیه‌وه به‌ده‌ستی بهێنن، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی ڕێزدار مام جه‌لال خزمه‌تی عه‌ره‌ب و لایه‌نه‌کانی تری پێکرد، چووار یه‌کی ئه‌وان ئاوڕی له‌نه‌ته‌وه‌‌که‌ی خۆی نه‌دایه‌وه،به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه،ته‌نانه‌ت له‌زۆر بوواردا ئه‌توانین بڵێن زۆر سازشی له‌مافه ڕه‌واکانیشی کرد،وه‌ک له‌پێشه‌وه ئاماژه‌مان به‌هه‌ندێ خاڵ کردووه.به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ، ئه‌وه ئه‌پۆشین و خۆمان ئه‌خه‌ڵه‌تێنین، ئه‌‌یخه‌ینه پاڵ سیاسه‌تی دیبلۆماسیانه‌‌وه، به‌ڵام ئه‌ی به‌تاڵ هێشتنه‌وه‌ی جێگاکه‌ی له‌پێناو چیدایه،خۆ بۆ ڕیکڵامیش هیچ سودێک ناگه‌یه‌نێت،خۆ ئاشکرایه هه‌ڵوێستی یه‌کیه‌تی چیه له‌و بوواره‌وه، ته‌نها له‌پێناو ئاره‌زوی چه‌ند که‌سانێکدایه، ئه‌ی ئیتر سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌ڕیم بایه‌خی له‌کوێدایه،که‌ له‌ئاست ڕوداوێکی ئه‌وها گرینگ، بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه، ئه‌وه‌ش به‌واتای ڕازی بونه؟!.

هیوادار بوم له‌م به‌شه‌دا بتوانم ئه‌م بوواره‌ش تێپه‌ڕێنم، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر گرینگی پێدانی خاڵه‌کانی نه‌متووانی وه‌ک پێویست بیبه‌مه ‌سه‌ر، بۆیه لێره‌دا کۆتایی به‌م به‌شه‌ش ئه‌هێنین، له ‌به‌شی ئاینده‌دا،واته به‌شی سێنزه‌هه‌م‌، ئه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ری و له‌سه‌ری ئه‌ڕۆین،تا له‌ئه‌نجامدا بگه‌ین به‌‌جۆره یه‌ک هه‌ڵویستیه‌ک، له‌وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ماندا، ئێوه کێن و ئێمه کێن: له‌وه بگه‌ین ئێوه ئێمه‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین!!!.

 ١١- ٢- ٢٠١٤.

Go to top