We have 36 guests and no members online

له‌کۆتایی به‌شی دوانزه‌هه‌مدا، ئاماژه‌مان به ‌به‌تاڵی هێشتنه‌وه‌ی کورسی کۆماری کرد،له ‌پێناو ڕه‌زامه‌ندی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کدا له‌سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تیدا که ‌ئاشکران،له‌ کاتێکدا وه‌کو له‌م ڕۆژانه‌شدا ئاشکرابووه، که‌‌به‌شێک له‌ئه‌ندامه به‌ڕیزه‌کانی هه‌مان سه‌رکردایه‌تیدا،به‌تایبه‌تیش له‌ئاستی مه‌کته‌بی سیاسی ڕازینین به‌وهه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وچه‌ند به‌ڕیزانه له‌سه‌ری به‌رده‌وامن،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌هیچ جۆرێک ڕاستی ته‌ندروستی به‌ڕیز، سه‌رۆک کۆمار مام جه‌لال تاڵه‌بانی ئاشکرا نه‌که‌ن،ئه‌وه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمان و تێڕوانینه!.

من زۆرم به‌لاوه سه‌یره،که ‌ئه‌بینم زۆر له‌کادیران و ئه‌ندامانی به‌ڕیزی یه‌کیه‌تی، به‌جۆرێک بیر ئه‌که‌نه‌وه‌و دڵسۆزی خۆیان بۆبه‌ڕیز مام جه‌لال نیشان ئه‌ده‌ن،که ‌ته‌نها سه‌رکرده‌ی یه‌کیه‌تیه‌و هیچی تر، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌نه‌وه،ئه‌وه به‌واتای بچوک کردنه‌وه‌ی سه‌نگی به‌ڕیز مام جه‌لاله، ڕاسته به‌ڕیز تاڵه‌بانی سکرترێری گشتی و دامه‌زرێنه‌ری یه‌کیه‌تی نیشتمانیه،به‌ڵام به‌ڕیزیان وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی کورد،بۆزیاتر خزمه‌ت کردن به‌گه‌ل و نیشتمانه‌که‌ی به‌وکاره هه‌ڵساوه، هه‌روه‌ها ئه‌و پێگه‌یه‌ی له ‌به‌‌غداش به‌ده‌ستی هێناوه، ئاشکرایه دیاری یه‌کیه‌تی نیه بۆ به‌ڕیزیان،به‌ڵکو ئه‌وه دیاری گه‌لی کورده،چونکه ئه‌وکورسیه پشکی کورده‌و به‌خوێن‌ ده‌یان هه‌زار ڕۆڵه‌ی کورد به‌ده‌ست هێنراوه، که‌واته سه‌رۆک کۆمار، به‌ڕیز مام جه‌لال تاڵه‌بانی، ته‌نها هی یه‌کیه‌تی نیه، تاکو وانیشان بده‌ن ته‌نها ئه‌وان خه‌م خۆرین، بێگومان هه‌مو کوردێکی ڕوناکبیر، وه‌کو ئه‌وان به‌ته‌نگیه‌وه‌ن،چونکه که‌سایه‌تیه‌کی دیار و سه‌نگداری ناو سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردستانه، ڕێز لێنانیشی له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ڕیزدار سه‌رۆک مه‌سعود بارزانیه‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستیانه‌یه!.

دیاره کورسی سه‌رۆک کۆماری ئێراق،که ‌له‌ده‌ستی به‌ڕیز تاڵه‌بانی دابو،ئه‌وه به‌واتای ئه‌وه نیه،کورسیه‌که پشکی یه‌کیه‌تی نیشتمانیه‌و،هه‌ر چۆنێک بیانه‌وێت مافی خۆیانه مامه‌ڵه‌ی پێوه بکه‌ن، به‌ڵکو پشکی گه‌لی کوردستانه‌و، به‌ئه‌مانه‌‌ته‌وه به‌‌لایه‌نی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان سپێردراوه، بۆیه هه‌رکات یه‌کیه‌تی له ‌تووانای به‌ڕیوه بردن و پارێزگاری لێکردنی نه‌بو، ئه‌بێت سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، به‌ر پرسیاریه‌تی هه‌ڵبگرێت ،خۆ دیاره کاتی ئه‌وه‌ش به‌سه‌رچووه بیر له ‌شوێن پڕکردنه‌وه‌ی سه‌رۆک تاڵه‌بانی بکرێت،چونکه هه‌ڵبژاردنی گشتی هاتۆته پێشه‌وه‌و، کاریگه‌ری یاسایی کورسیه‌که هاتۆته کۆتایی، به‌ڵام خۆ ئه‌بێت ئه‌وه له‌بیر نه‌کرێت،له‌پێناوی چیدا ئه‌و کورسیه گرینگه به‌عه‌ره‌ب به‌خشرایه‌وه، ئایه ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان عه‌ره‌ب له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا نه‌بوایه، ئه‌وه‌‌یان له‌کورد قه‌بوڵ ئه‌کرد؟.

ئێمه له‌کاتێکدا ڕه‌خنه له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی سه‌رۆک کۆماری ئێراق،ڕێزدارمام جه‌لال تاڵه‌بانی، یان یه‌کیه‌تی بگرین،خۆ به‌واتای ڕێز لێنه‌گرتن و دژایه‌تی کردن نیه، دیاره مافی هه‌مو تاکێکی گه‌لی کوردستانه،له‌کاتی هه‌ست کردن به‌جۆره که‌موکوڕیه‌ک،که ‌به‌بٶچونی ئه‌و زیان به‌خشبێت به‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل و ووڵات،چ له‌ڕێگه‌ی تاکه که‌سایه‌تیه‌وه‌و چ له ڕیگه‌ی لایه‌نێکه‌وه بێت،ڕه‌خنه‌ی دروستکه‌‌ر و شایستانه‌ی خۆی ئاراسته بکات، هه‌رچه‌نده که‌سایه‌تیه‌که‌ش له‌ئاستێ سه‌رۆکی هه‌ڕێم، ڕێزدار کاک مه‌سعود بارزانیش بێت، دڵنیاشم ئه‌وکات ئه‌و به‌رپرسه پێی دڵخۆش ئه‌بێت ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تیه‌کی دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل و ووڵات بێت!.

خۆ شتێکی شاراوه نیه له‌دیدی جه‌ماوه‌ری کوردستانه‌وه،له‌سه‌ره‌تای ده‌سبه‌کاربونی یه‌کیه‌تی و پارتی وه‌ک هاوبه‌ش له‌فه‌رمانڕه‌وایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمداو،هاوپه‌یمانیه‌تی ستراتیژیشیان ڕاگه‌یاند له‌نێوان خۆیاندا، جا ڕاسته هاوپه‌یمانی به‌واتای یه‌کبونی لۆژیکی و تووانه‌وه نیه له‌ناو یه‌کتردا،به‌‌ڵام بێگومان ئه‌بێت جۆره یه‌ک هه‌ڵویستیه‌ک هه‌بێت،له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌ش و ستراتیژیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان،ئیتر ئه‌وخاڵانه ئه‌بێت چیبن؟ دابه‌‌ش کردنی هێز و داراییه له‌نێوان خۆیاندا،وه‌یان نوواندنی یه‌ک هه‌ڵوێستیه ‌به‌رانبه‌ر هه‌رجۆره ڕوداوێ ناوخۆی و ده‌ره‌کی، که‌زیان به‌خشبێت بۆگه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان؟.

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، ڕاگه‌یاندنی هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی به‌ڕیزی سه‌رکردایه‌تی و کادیره به‌ڕێزه‌کانی یه‌کیه‌تیه،گازه‌نده له‌پارتی ئه‌که‌ن گووایه پابه‌ندی هاوپه‌یمانیه‌تی ستراتیژی نێوانیان نیه، به‌ڵگه‌‌ش به‌وه دێێنه‌وه،له‌سنوری ئیداری ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیا،پۆستی فه‌رمانبه‌ری دام و ده‌زگاکان به‌ئه‌ندامانی یه‌کیه‌تی نادرێت.جا من لێره‌دا ئه‌وه ڕه‌تناکه‌مه‌وه،چونکه خۆشم که‌سه‌ردانی کوردستانم کردبێت، زۆر زۆر به‌داخه‌وه ئه‌ڵێم ئه‌وه ڕاسته، به‌ڵام نه‌ک ئه‌وه ته‌نها پارتیه،به‌ڵکو له‌ڕاستیدا هه‌ڵوێستی هه‌ردولا وه‌ک یه‌کن، ئه‌وه‌ش گومانی تێدا نیه،کاردانه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی نه‌ویستراوی جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی کوردستانه،که‌ئه‌وه‌ش به‌شێکه له‌نه‌بونی یه‌ک هه‌ڵوێستی،گومانیش له‌وه‌دا نیه،هۆکاره‌‌که‌ش یه‌کیه‌تیه،که‌واته هه‌ر وه‌ک خودا فه‌رمویه‌تی "ألعین بألعین والسن بألسن"به‌و پێیه‌ش یه‌کسانن!

به‌ڵام ئایه ئه‌وئاریشه‌یه‌ی یه‌کیه‌تی هێناوه‌تیه ئاراوه به‌رانبه‌ر به‌ پارتی له‌شاری که‌رکوکدا،له ‌هیچ شار و شارۆچکه‌یه‌کی سنوری پارتیدا بینراوه به‌رانبه‌ر به‌یه‌کیه‌تی ڕویدابێت؟ دیاره گومان له‌وه‌شدا نیه که‌ئه‌ڵێن خه‌راپتریش ڕویداوه، به‌‌س بێده‌نگیمان هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ڕابوردو و ئێستاشی یه‌کیه‌تی، ئه‌وه ئه‌سه‌لمێنێت ئه‌وه‌نده دڵگه‌وره‌و له‌سه‌رخۆ نین!.

به‌هه‌رحاڵ، گریمان ئه‌‌و بۆچونانه‌ی به‌ڕیزانی یه‌کیه‌تی هه‌موی له‌جێگه‌ی خۆیه‌تی.به‌ڵام ئایه ئه‌کرێ ئه‌وه بکرێته هۆکاری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی، پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵویستی پارتی وه‌ری ئه‌گرن،له ‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست و کرداره دوژمن کاریانه‌ی به‌غدا،به‌تایبه‌تیش خۆدی نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ری ئه‌بڕیێت و نیشانی ئه‌دات،له‌ دژایه‌تی کردنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌ ڕه‌واکانی گه‌‌لی کورد،که‌ له‌سه‌ڕ بنه‌مای ده‌ستوری دیاری کراوه.هه‌روه‌ک بینیمان له‌سه‌ر کێشه‌ی ڕه‌وانه کردنی هێزی سه‌ربازی بۆناوچه کوردستانیه دابڕێندراوه‌کان،هه‌روا پێکهێنانی سوپای دیجله، به‌فه‌رمانده‌یی کۆنه به‌عسیه‌کی ناسراو، وه‌ک جێگره‌وه‌ی"مکتب شئون شماله‌که‌ی عه‌لی کیمیاوی گۆڕبه‌گۆڕ چوو، سه‌رپێچی کردن له‌ئه‌نجامدانی ماده‌ی"١٤٠)به ‌په‌راوێز خستنی ئاریشه‌کانی موچه‌ی پشمه‌رگه‌و نه‌وت و گازی کوردستان،به‌هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی سه‌رۆکی هه‌رێم،ڕیزدار مه‌سعود بارزانی له‌به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی به‌غدایا به‌هۆی هه‌ڵویستی مالیکیه‌وه،بارودۆخ گه‌یشته ئاستی خزینی نوری مالیکی و دارو ده‌سته‌که‌ی،به‌ڵام یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان،به‌تایبه‌تیش خودی ڕێزدار، سه‌رۆک کۆمار مام جه‌لال تاڵه‌بانی، ئاریشه‌که‌یان گۆڕی بۆ کێشه‌ی که‌سایه‌تی نێوان بارزانی و مالیکی،به‌وه‌ش نوری مالیکیان ڕزگار کرد و تاکو ئێستاش له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته دوژمنکاریه نامرۆڤایه‌تیه‌کانی هه‌ر به‌رده‌وامه!!.

خۆ شکرایه ناوه‌ڕۆکی زنجیره ووتاره‌‌کانم وه‌ک ڕه‌خنه‌گه‌ری، به‌زۆری ئاراسته‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانیه، بۆیه دیاره ئه‌کرێت بوترێت بۆ؟ ئایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها یه‌کیه‌تی هه‌‌ڵوێستی پێچه‌وانه‌و دژایه‌تی کردنی پارتی ئه‌نجام ئه‌دات؟ بێگومان وانیه،به‌ڵکو هه‌مو لایه‌نه‌کان به‌پارتیشه‌وه،هه‌ڵویستی پێچه‌وانه‌و دژایه‌تی کردنی یه‌کتری ئه‌که‌ن،به‌ڵام دژایه‌تی کردن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، له‌بوواری که‌مته‌رخه‌می و ڕودانی که‌م و کوڕی و جیاوازی کاری و نه‌بونی شه‌فافیه‌ت له ‌هه‌ندێ خاڵ، جێگه‌ی دڵخۆشی و ده‌سخۆشی لێکردنه،چونکه گومانی تێدا نیه،که جگه له‌به‌رژه‌وه‌‌ندی تایبه‌تی لایه‌نه که‌ی خۆی،به‌رژه‌وه‌‌ندی گشتیشی تێدایه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه لێره‌‌دا،له‌ڕودانی خاڵه نه‌ته‌وه‌یه‌ هاوبه‌شه‌کاندایه،جا چ له‌ نێوان هه‌وڵیر و به‌غدابێت، وه‌یان ووڵاتانی ده‌ره‌کی بێت،که ‌چه‌ندین جار ڕوویان داوه‌و،سه‌رکردایه‌تی سیاسی له‌به‌رانبه‌ریاندا یه‌ک هه‌ڵوێست نه‌بون!.

هه‌ربۆ نمونه ئه‌لێره‌دا ئه‌پرسم،ئه‌و ماوه دورو درێژه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌گشتی و خودی به‌ڕیز،نه‌وشیروان موسته‌فا،ڕێکخه‌ری بزوتنه‌وه به‌تایبه‌تی،ئه‌وهه‌مو هه‌ڵوێسته نه‌ویستراوانه‌‌یان به‌رانبه‌ر پارتی و بنه‌ماڵه‌ی پیرۆزی بارزانی و به‌تایبه‌تی خودی سه‌رۆکی هه‌میشه زیندو،موسته‌فا بارزنی ده‌‌ریان ئه‌بڕی، ئه‌نجامه‌که‌ی به‌کوێ گه‌یشت،ئه‌گه‌ر ڕاستبون چۆن ئێستا ده‌ست له‌ناوده‌ستیان ئه‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ناڕاستیش بون،بۆ چی و له‌ پێناو چیدا.ئایه له‌خزمه‌ت کردن به‌دوژمنان و زیان گه‌یاندن به‌به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی زیاتر، هیچی تری تیدا به‌دی کراو وه‌یان ئه‌کرێت،ئایه ئه‌گه‌ر ئه‌وبارودۆخه‌ی ئه‌وساکه،له ‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستادا به‌راورد بکرێن، چ به‌رانبه‌ر به‌ناوخۆی کوردستان و چ به‌رانبه‌ر به‌نه‌یارانی ده‌‌ره‌کی،له‌ کوێی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا ئه‌بینرێته‌وه، خۆ له‌نه‌یاره‌کانیش بپرسین،ئه‌ڵێن کۆس که‌وتنی ئێمه‌ی تێدا هاتۆته‌دی؟!.

دیاره خاڵی ناکۆکی له‌نێوان پارتی له‌لایه‌ک و گۆڕان و یه‌کیه‌تیش له‌لایه‌ک،له‌ڕابردویه‌کی نزیکدا،زۆر بوه، ده‌با له ‌ئێستا به‌دواوه، به‌رژه‌وندی تایبه‌تی بیری ته‌سکی پارتایه‌تی بخرێته‌ لاوه، له ‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وییه پیرۆزه‌کانماندا،له ‌وه‌ڵام پرسیاره‌که‌ی سه‌ره‌وه‌ماندا، ئێمه کێین و ئێوه کێن: له‌وه‌ڵامدا لایه‌نه‌کان به‌گشتی بڵێن: ئێمه ئێوه‌ین و ئێوه‌ش ئێمه‌ین، به‌سه ناکۆکی و پشت له‌یه‌ککردن، با له‌ئێستاوه بیسه‌لمێنین هه‌مومان یه‌ک جه‌سته‌ین و نه‌هیڵین به‌‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی تاک لایه‌نی و نه‌خشه‌و پیلانی دوژمنان و نه‌یاران ، درز بکه‌وێته یه‌ک ڕێزی و یه‌ک ده‌نگی و یه‌ک هه‌ڵوێستیمان، بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی!

منیش هه‌ر له ‌ئێستاوه، کۆتایی به‌زنجیره ووتاره‌کانم ئه‌هێنم، تاکو نه‌بیته هۆکاری دڵ بزارکردنی که‌سانی دڵسۆزی کوردایه‌تی.بژێ یه‌کڕێزی، بژێ یه‌ک هه‌ڵویستی، بژێ کورد و کورستان!!.

 ١٦- ٢- ٢٠١٤٠ سوید.

 

Go to top