We have 77 guests and no members online

ئه‌وه ڕاستیه‌که ناشاردرێته‌وه که‌هه‌میشه هه‌ڵوێستی پارتی میانڕه‌وانه‌ بووه له‌هه‌مو بوارێکدا، به‌تایبه‌تیش له‌بواری به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌و ڕاگه‌یاندا، که‌زۆر جار گه‌یشتۆته ئاستێکی زیان به‌خش به‌خۆی، ئه‌و‌جار که‌وتۆته خۆیو هه‌ڵوێستی وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئایه ئه‌وهه‌ڵوێسته‌ی هیچ له‌به‌رچاو گیراوه له‌لایه‌نه سیاسیه‌کانی تره‌وه، که‌دان به‌وه‌دا بنێن، هه‌ڵوێستی پارتی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدایه پۆزه‌تیڤانه‌یه؟!.

دیار و ئاشکرایه، ماوه‌یه‌کی زیاد له‌پێویست تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن و یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی هه‌ڵبژێردراوی پاڕله‌مان، بۆسوێند خواردنی یاسایی و ده‌ستبه‌کار کردنیان، به‌ڵام هه‌تاکو ئێستا نه‌توانراوه کابینه‌ی هه‌شته‌م ڕابگه‌یه‌ندرێت، که‌چه‌ندجارێکیش ڕۆژی ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی دیاری کراو، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه، له‌گه‌‌ڵ دروستبونی ئه‌وبارودۆخه مه‌ترسیداره‌و، داواکاری سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی، به‌جۆرێک له‌چاو‌روانیدان، هێنده بێزارن خه‌ریکه له‌لایان ببێت به‌خه‌یاڵ!.

 دیاره مه‌به‌ستی من لێره‌دائه‌وه‌یه، ئایه چ لایه‌نێهۆکاری سه‌ره‌کی پێک نه‌هاتنه، خۆ ئاشکرایه ده‌نگۆکانی لایه‌نه‌‌ سیاسیه‌کانی خاوه‌ند کورسی به‌شداربوی حکومه‌ت، پارتیان ده‌ست نیشان کردوه به‌هۆکاری دواکه‌وتن به‌جۆرێ، ڕوی جه‌ماوه‌ریشیان ڕاکێشاوه به‌لا‌ی خۆیاندا، که‌ براوه‌ی یه‌که‌مه‌و به‌رپرسه له‌پێکهێنانی کابینه‌. به‌ڵام ئایه ئه‌وه ڕاسته، هۆکاره‌که ته‌نها پارتیه، له‌کاتێکدا ده‌ست پێشخه‌ر و خه‌مخۆری سه‌ره‌کی بو، بۆ پێک هێنانی حکومه‌تی بنکه فراوان. جا ئه‌گه‌ر ڕاستنیه بۆچی بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه، به هیچ جۆرێک به‌رپه‌رچیان ناداته‌وه‌و ڕاستیه‌کان ئاشکرا ناکات، ئه‌گه‌ر ڕاستیشه بۆچی و له‌پێناو چیدایه؟!.

لێره‌دا بابه‌ته‌که وه‌ک دراویکی دوو ڕوو به‌دی ئه‌کرێت. دیوێکی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌و، دێوه‌که‌ی تری ترسانه!. جێگه‌ی خۆیه‌تی لێره‌دا بڵێم، هه‌ڵگرتنی به‌رداشی گران، پێویستی به‌هه‌ره‌وه‌زی دڵسۆزی ڕاسته‌قینه‌یه، ئایه هه‌روه‌ک پارتی که‌لیستی براوه‌ی یه‌که‌مه، په‌رۆشی پێکهێنانی حکومه‌تی بنکه فراوانه، بۆئه‌وه‌ی بتواندرێت له‌و بوواره‌وه یه‌کڕیزی و یه‌کهه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان یه‌ک بخات، بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌رئه‌گه‌رێکی مه‌ترسیدار له‌داهاتودا، که‌له‌ئێستاداخه‌ریکه سه‌رهه‌ڵدا به‌هۆی که‌سانی، شۆفێنیزمی عه‌ره‌بی و مه‌زهه‌بی و ده‌ستی ده‌ره‌کیه‌وه. لایه‌نه سیاسیه‌ به‌ڕیزه‌کانی تری، هه‌مان هه‌ڵوێست و خواستی ڕاسته قینه‌یان سه‌لماندوه وه‌یان ته‌نها ده‌ربڕینی ووشه‌ی سیاسی پێڕه‌و ئه‌که‌ن‌ وه‌ک ڕیکڵام؟.

زۆر به‌داخه‌وه ‌له‌م سه‌رده‌مه‌دا درۆ و ته‌ڵه‌که بازی بۆته به‌شێ، له‌فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هه‌ندێ لایه‌ن، هه‌ست به‌وه‌ناکه‌ن ئه‌وڕۆژگاره به‌سه‌ر چوه به‌چه‌پڵه لێدانی سیاسیه‌ک کوێرانه جه‌ماوه‌ر به‌که‌وێته سه‌ما، به‌‌هۆی به‌رزبونه‌ویئاستی زانیاری و ڕوناکبیریه‌وه، ڕاست و ناڕاسته‌کان زۆر به‌ڕونی لێک جیا ئه‌کرێنه‌وه، بۆنمونه:

دیاره بینرا له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌کاربونی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانیه‌وه، وه‌ک کاندیدی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م، بۆماوه‌یه‌ک زۆر ده‌ستی به‌پرس و ڕاوێژ کردن کرد، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له لایه‌نه‌کان به‌جیاو، چاو پێکه‌وتنی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌رکرده باڵاکانیان، تابتوانێت ڕازیان بکات بۆ‌کۆ ده‌نگی له‌سه‌ر پێکهێنانی حکومه‌تێکی بنه‌که فراوانی به‌هێز. دیاره خۆش به‌ختانه ئه‌مجاره‌یان تارمایی ڕه‌شبینی خۆی شارده‌وه، زۆر به‌گه‌رمی هه‌مو لایه‌نه‌کان ڕه‌زامه‌‌ندی خۆیان نیشانداو، گوفتوگۆ له‌سه‌ر دابه‌شکردنی پشک، ده‌ستی پێکرا.

خۆ هه‌ربه‌پێی ڕاگه‌یاندنه‌کان ئاشکرایه‌، به‌کرده‌وه پارتی سه‌لماندویه‌تی، که‌مه‌حه‌کی سه‌نگی لایه‌نه‌کانه‌و، له‌به‌رانبه‌ر سه‌نگی خۆیدا، سازشی زۆریشی له‌مافی خۆیدا کردوه وه‌ک پارتی یه‌که‌می براوه‌ی زۆرینه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پارتی تاوانبار ئه‌که‌ن به‌هۆکاری دوواخستنی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م، هه‌رئه‌وانیشن له‌نێوان خۆیانداململانێ و ڕکابه‌ره‌ی یه‌کتر ئه‌که‌ن، له‌سه‌ر پێگه‌ی وه‌زاری و پێداگری له‌سه‌ر به‌‌ده‌ست هێنانی پشکی زیاد له‌ئاستی سه‌نگ و قه‌باره‌ی خۆیان، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵویستی پارتیه‌وه، که‌واته ئه‌وه سیاسه‌تی چه‌واشه کاریه که‌خه‌تاکه ئه‌خه‌نه سه‌ر ئه‌ستۆی پارتی، لێره‌دا ئه‌توانین بڵێن:له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن ماڵ دز بگرێ، دز خاوه‌ن ماڵ ئه‌گرێت! دیاره ئه‌وه‌ش بۆ سێ مه‌به‌سته وه‌کو:

یه‌که‌م: پارتی ناچارکه‌ن زیاد له‌پێویست سازش بکا له‌مافه یاساییه‌کانی به‌ده‌ستی هێناوه له‌هه‌ڵبژاردندا،  سه‌نگی به‌جۆرێ دابگرن، له‌گه‌ڵ ئاستی خۆیاندا جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بێت. سه‌یر له‌وه‌دایه ئێستا گووایه سه‌رده‌می ئۆپۆزسیونی گۆڕان به‌سه‌ر چوه‌و ئێستا لیستی دوهه‌‌مه‌و به‌شداری ‌حکومه‌تی بنکه فراوان ئه‌بێت، به‌ڵام من ئه‌پرسم، ئه‌گه‌ر چاودێری که‌ناڵی ئاسمانی(KNN) سه‌ر به‌گۆڕان بکه‌یت، هه‌ست به‌وه ئه‌کرێت هیچ جیاوازیه‌کی تێدا به‌دی ئه‌کرێ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆن بونیدا، دیاره من ئه‌ڵێم سه‌دخۆزگه به‌سه‌ده‌می پێشو، وائه‌زانم ئێستا هه‌مو سنورێکی به‌زاندووه له‌دژایه‌تی کردنی پارتی، شێوازی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانی سه‌ر به‌‌نوری مالیکی هه‌ڵویستی وه‌رگرتووه، به‌ڕاستی به‌راورد ناکرێت له‌گه‌ڵ نیاز پاکیدا، به‌رنامه‌کانی زیاد له‌پێویست له‌دژی پارتی و حکومه‌تی کابینه‌ی حه‌ته‌م خستۆته ئاراوه، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه!!.

دۆهه‌م: پارتی ڕابگرن به‌پێداگری له‌سه‌ر داوای نه‌گونجاو و بێ چاره‌سه‌ری، تاکو ناچاری بکه‌ن له ‌بیرۆکه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی بنکه فروان بکشێته‌وه‌و، بڕیاری تاک لایه‌نه‌ی خۆی بسه‌پێنێت وه‌کو پارتی براوه، که ئه‌وه‌ش هه‌رچه‌نده کارێکی یاساییه‌و مافی پارتیه، به‌ڵام خواستی دوژمنان و نه‌یارانی گه‌لی کورستانیشه‌و د‌ستیان له‌پشته‌وه له‌و‌کارانه‌دا هه‌یه، چونکه کۆده‌نگی به‌هیچ جۆرێک له‌به‌رژه‌وه‌ندی دوژمناندا نیه!.

سیهه‌م: زۆر به‌داخه‌وه، هه‌روه‌ک خووه زگماکیه‌که‌، هه‌وڵدان بۆ له‌که‌دار کردن و لاواز کردنی پێگه‌ی پارتی له‌‌ناو جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی کوردستان، به‌تایبه‌تیش ئه‌وچین و توێژانه‌ی ده‌نگیان به‌ پارتی داوه، ئه‌توانم بڵێم به‌لای هه‌ندێ لایه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌خاڵی یه‌که‌م و دوهه‌میش سه‌رکه‌وتو نه‌بون، دڵیان به‌وخاڵه‌ی سێهه‌م هه‌ر خۆش ئه‌بێت، به‌ڵکو تاماوه‌یه‌ک گیرفانی خۆیانی پێ گه‌رم بکه‌نه‌وه!.

دیاره من له‌و باوڕه‌دام، هه‌مو تاکێکی دڵسۆز و روناکبیری کورد و کوردستانی بڕوایان به‌وه هه‌یه، که پارتی به‌خه‌مخۆریه‌وه هه‌وڵی یه‌کخستنی ده‌‌نگ و ره‌نگی گه‌لی کوردستان ئه‌دات، به‌تایبه‌تی له‌م کاته هه‌ستیار و دژواره‌دا که هاتۆته ئاراوه له‌به‌غداو ناچه‌که‌دا، بۆیه هه‌وڵ ئه‌دات، به‌هه‌رنرخێک بێت سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، چونکه له‌ڕاستیدا دووا که‌وتنی زۆر به‌لاوه چاکتره له‌په‌شیمانی و په‌ک که‌وتن!.

لێره‌دا من وه‌ک تاکێکی کورد بڕوام وایه، که‌هه‌ر ئه‌وهۆکاره‌یه پارتی خه‌م ساردی نیشان ئه‌دات، به‌ڵام نه‌ک‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی هۆکار بێت، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه، لایه‌نه‌کانی تری هۆکاره‌که‌ن، پارتی لایه‌نی چاره‌سه‌ره بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته پیرۆزه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێکردووه!.

به‌ڵام ئه‌بیت، پارتی بۆبه‌رگری له‌و پێگه پیرۆزه‌ی خۆی، له‌به‌رانبه‌ر چه‌واشه‌کاریه زیان به‌خشه‌کانی لایه‌نه سیاسیه‌کان له‌به‌رانبه‌ریدا‌به‌کاری ئه‌هێنن، که‌م ته‌رخه‌می به‌کار نه‌هێنێت، پێویسته ڕاستیه‌کانی دیالۆگ و گرفته‌کان سڕ پۆش نه‌کات، له‌کاتێکدا دوو لایه‌نی سه‌ره‌کی وه‌ک لیستی دوهه‌م و سیێهه‌م له‌سه‌ر وه‌زاره‌تێک پێداگری ئه‌که‌ن، دیاره وه‌زاره‌تیش کوت ناکرێ ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی دوو ئیداره‌ییه‌وه نه‌بێ، ئه‌وه‌ش نه‌ویستراوه‌و مه‌حاڵه به‌هیچ جۆڕیک ڕێگای پێنادرێت، بۆیه ته‌نها کۆسپێکی دروست کراوه بۆگه‌یشتن به‌ڕێککه‌وتن!.

له‌لایه‌ک تره‌وه، پارتێکی خاوه‌ن ته‌نها یه‌ک کورسی، داوای وه‌زاره‌تێ بکات و به‌له‌وه که‌متریش رازی نه‌بێت. وه‌یان پارته‌کان به‌ده‌ر له‌ئاستی کورسی خۆیان پێداگری له‌وه‌زاره‌تی زیاتر بکه‌ن، ئه‌بێت خه‌تاباری پارتی چۆن بسه‌لمێندرێت، به‌ڵام دیاره بێده‌نگی پارتی له‌‌به‌رانبه‌ر چه‌واشه‌کاریه‌کاندا، که لایه‌نه‌کانیترله ‌ڕێگه‌ی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه، ئه‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن به‌سه‌ریدا، بێگومان مه‌به‌سته‌که‌یان ئه‌پێکن، چونکه بێ ده‌نگی پارتی به‌واتای سه‌لماندنه!.

بۆیه پێویسته پارتی، وه‌ک لیستی براوه‌ی یه‌که‌م بوێرانه بڕیاری خۆی بدا، پێویست ناکات زیاتر چاوه‌ڕوانی بکاتن وه‌ک ئه‌وه‌ی بترسێت له‌دروست بونی ئۆپۆزسیۆن، گۆمان له‌وه‌دا نیه دروستبونی ئۆپۆزسیۆن ئه‌گه‌ر روو بدات مه‌حاله جێگه‌ی ئۆپۆزسیۆنی پێشو بگرێته‌وه، چونکه ئه‌توانم بڵێم، ته‌نها شێکردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پێداکرییه‌یان ده‌رباره‌ی به‌ده‌ست هێنانی پۆستی زیاد له‌ئاستی سه‌نگی خۆیان، به‌سه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و ئابه‌ڕو چونیان. جا له‌کۆتاییدا ئه‌ڵێم: که قازان پڕ بو لێی ئه‌ڕژێت، ئه‌گه‌ر پارتی له‌وه زیاتر پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م دووا بخات، به‌بیانوی به‌ده‌ست هێنانی کۆ ده‌نگیه‌وه، به‌واتای ئه‌‌وه‌یه ئه‌ترسێ له‌بونی ئۆپۆزسیۆن، به‌داخه‌وه، بۆیه ئێمه‌ش له‌کۆتاییدا ئه‌پرسین: بێده‌نگی پارتی له‌پێناو چیدایه؟!!.

                                                     ٤- ٣- ٢٠١٤.

 

Go to top