We have 32 guests and no members online

پاش داڕووخانی ئەزموونی سۆشیالیستی سۆڤیەتیی - کە لە کۆتاییەکەی تەواو گەندەڵ ببوو و مانەوە و درێژەکێشانی تەنانەت وە زیانی خودی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی و چینە چەوساوەکانیش بوو - ماوەی دوو دەیە پترە هێزە چەپ و یەکسانییخوازییەکان لە سەرتاسەری جیهان دووچاری شکست و خۆخۆرادنەوە و کەمڕەنگییەکی بێ وێنە بوونە..ئەوەش کارتێکردنەکی گەورەی لەسەر ئەوە دانا کە کرێکاران و چینە هەژار و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵ تەنانەت توێژەکی بەرفراوانیش لە خەڵکی ناحیزبیی و پێشڤەڕۆ و مرۆڤپەروەری نێو چین و توێژەکانی دیکە بێ پشتوپەنا بمینێنەوە.

هەر لەو ماوەیەی بەرییدا چینە چەوسێنەرەکانی نێو دەسەڵات کە لە بیرۆکراس و مشەخۆرانی نێو چینە سەرمایەدارییەکان پێکدێن نەک هەر وە شێوەیەکی فرە ستەمگەرانە و هۆڤییانە جلەوی حوکمیان وەدەستەوە بووە و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵیان لە نێو خوون و فرمێسک و برسیێتیی و سەرکوتکردنی ئازادییەکان نوقم کردییە..بەڵکە هەردەمیش لە بۆشایی نائامادەگیی هێزە چەپ و یەکسانییخوازییەکان لە سیناریۆگەلەکی زۆر هەڵخەلەتێنەرانە و هەر لە خودی خۆیان وە شێوەی جۆراوجۆر بەرهەلستکاری چەواشەیان لە بەرانبەر خۆیان قوت کردیتەوە و خەڵکە ناهۆشیارەکانی نێو چینە هەژار و زەحمەتکێشکەکانیان پێ لەخشتە بردییە.

خەڵکی کوردستانیش سەرەڕای نەبوونی سەربەخۆیی نیشتیمانیی و نەتەوەیی - کە هۆکارەکی کاریگەری وەدواکەتنی میللەتە لە ژیان و بزاڤی پێشڤەڕۆیی - بێجگە لەوەی وەک خەڵکی هەر ناوچە و سەرزەمینەکی سنوورداری جیهان لە ژێر سایەی هەژموونی ئەوپەڕی دڕندەیی و دەستواڵایی چین و توێژە دەسەڵاتدارە مشەخۆر و گەندەڵەکان - کە لە پارتی و یەکێتی خۆ دەنوێنن - دەناڵێنن..هەر ئەو دەسەڵاتەشە ساڵانەکی دورودرێژە هێز و لایەنگەلەکی چەواشەکار - ئیسلامییەکان و گۆڕان و هێندەک حیزب و رێکخراوی پەڕپووت و لاواز - وەک بەرهەلستکار پێشان دەدا و هێز و بڕست و جوولەی تەوای ئەو جەماوەرەی پێ لەبار دەبا کە وەدوای ژیان و گوزەرانی باشتر و ئازادیی پتر و سەربەخۆیی کوردستانەوەن..ئەو لەخشتنەبردنەش لەو ناوچانە پتر جێی خۆی گرت کە لە رووی جوگرافیای سیاسیی و کەمی هۆشیاریی سیاسیی تێیاندا لەبارترن وەک ئەو نموونەیەی کە "گۆڕان و ئیسلامییەکان"لە دەڤەری سلێمانی قۆستیانەوە..بێجگە لەوەی زیانەکی گەورەی وە ئاسایشی ژیان و باری ئابووریی لە دەڤەرەکە گەیاند لەوانەش کوشتنی ١٠ کەس و سەدان بریندار و بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی و پەککەوتنی سەرلەبەری ژیان وە درێژایی چەندین مانگ..لە چەندین رووی دیکەشەوە هەر وە زیانی ماف و داخوازییەکانی خەڵکە هەژار و ئازادییخوازەکان تەواو بوو:

- لەبەرچاوخستن و لەباربردنی هێزی ناڕەزایی خەڵک لە تەواوی شار و شاۆچکەکان کە لە پێناو چاکترکردنی ژیان و گوزاران و وەدەستهێنانی ئازادیی پتر و هەنگاونان وە ئاراستەی سەربەخۆیی کوردستان رێچکەی خۆی گرتبوو و خەریکبوو وە شێوەی رێکخراوبوون خۆی رێکبخا و پەرەبستینی.

- وەهێزبوون و جەماوەرییبوونی هێزگەلەکی وەک "گۆڕان و ئیسلامییەکان"کە ئەگەر دەسەڵات وەک بەرهەلستکار کاری پێیان نەمینێ و بیانخاتە نێو دەسەڵات ئەوە نەک وە قازانجی خەڵک تەواو نابی بەڵکە ئەوانیش وەک بەشەک لە دەسەڵات و دڕندانەتریش بەردەبنە گیانی خەڵکی چەوساوە.

- وەپاشکۆکردنی هێز و لایەن و کەسایەتییە چەپ و پێشڤەڕۆیەکان و میدیای وەناو ئازاد و رۆشنبیران وە جۆرەک کە لە تەنیشت سیاسەتبازیی پاوانخوازانە و توندوتیژییەکانی "گۆڕان"خۆبگونجێنن و دەنگ و پەیامەکانیان لە ژێر سەدای گەورە و ناسازی "ئەلاهوئەکبەر و پەیامی جیهادی دژەمرۆییانە)ی ئیسلامییە پاشدامایەکان وە ئاستەم نووزەیان بێ و بکەونە ژێر پێیان و وەدیار "خوتبەی هەینیان"دۆش دابمینێن!

- وەکاربردنی منداڵان و نەجەوانان لە کاری سیاسیی و پڕ لە توندوتیژیی نێو خۆپیشاندان - کە وە پێی مافەکانی مرۆڤ لە رێزی تاوان دەژمێردرێ - سەرەنجام چەندین منداڵ و نەوجەوان گوڵی جوانیی تەمەنیان هەڵوەرێندران..ئەوە بێجگە لەوەی چەندین کەسی دیکە کوژران و وە سەدانیش بریندار کران.

- جوولاندن و بەرزکردنەوەی هەستی پاشڤەڕۆیانەی شارچیێتیی و ناوچەگەریی تا ئەو رادەیەی کە خەڵکی هەژار و ناڕازیی و پێشڤەڕۆیانی شار و ناوچەکانی دیکە نەتوانن هاوکار و هاوخەباتیان بن و دوور لە هێزە حیزبیی و سیاسەتبازەکان وەک راپەڕینەکی جەماوەریی و سەرتاسەریی تێکڕای کوردستان وە تایبەتییش پایتەخت کە شادەماری دەسەڵاتە بگریتەوە.

- و...هتد.

ئەوەی ئێستا وە ناوی "شۆڕش یان راپەڕین یان خۆپیشاندانەکان)ی ١٧ی شوبات ناوی دەبەن..دارەک بوو هەر لە رێوڕیشەوە کرم لێیدابوو! ئەویش لەبەرئەوەی چونکە تەنێ خۆدەرخستنی یەک کەرتی حیزبەکی نێو دەسەڵات بوو وە ناوی "گۆڕان"و ئیسلامییەکان و هێندەک خەڵکی دیکەشی - کە بوونە سووتەمەنی - تێوەردابوو و ئێستاش لەسەر کێکەکەی ئەو دەسەڵاتە ملهوڕ و گەندەڵە خەریکی شەڕەچەقەیە لە نێو پەرلەمانە پەڕپووتەکە و حکومەتە سەقەتە خێڵەکییەکەی بنەماڵەی بارزانی!!!

ئیدی ئێستا ئازادییخوازان و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش لە تەواوی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارتر بوونە کە وەدوو سیاسەتبازیی حیزب و حیزبایەتیی بکەون یان وەدوو کلاوی بابردەڵەی شارچیێتیی و ناوچەگەریی بکەون..هەر کاتەکیش بتوانن وە شێوەیەکی تۆکمەتر و وە پێی سەردەم لە ژێر رۆشنایی هزر و فەلسەفەی خۆیان کە هزر و فەلسەفەی چەپ و یەکسانییخوازییە خۆیان رێکبخەن ئەوە نەک هەر دەتوانن دەسەڵاتەکی پەڕپووت و شلۆقی وەک ئەوەی ئێستای کوردستان رابماڵن بەڵکە دەتوانن وەهێزترین دەسەڵاتی چەوسێنەریش تێکبشکێنن و خۆیان حوکمی یەکسانییخوازانەی خۆیان دابمەزرێنن.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

Go to top