We have 99 guests and no members online

له ‌دووای نوسینی چه‌ند دێرێک له ‌به‌شی یه‌که‌مدا وه‌کو پێشه‌کیه‌ک، که هاتمه سه‌ر مه‌به‌ستم له ‌ناوه‌ڕۆکی نوسینه‌که، ئاماژه‌م به‌وه کرد که ‌به‌چه‌ند پرسیارێک ده‌ست پێ بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگای شرۆڤه کردن زیاتر بکرێته‌وه، تاکو بتوانم به‌جوانی ئامانجه‌که‌م بپێکم، به‌ڵام دیاره پرسیاره‌کانم دووا خست به‌هۆی ئه‌وه‌ی که پێشه‌کیه‌که زیاتر ڕون بکه‌مه‌وه، بۆیه پرسیاره‌کان ئه‌لێره‌دا ئاماژه پێ ئه‌که‌م وه‌ک:

١/ ئایه ڕوداوی٩٦٤، له‌ نێوان م. س. ی پارتی و سه‌رۆکی پارتی، نه‌مر موسته‌فا بارزانی، له‌پێناو چیدا بوو، له ‌ئه‌نجامیشدا چێ لایه‌نیك سۆد به‌خشبو تێیدا؟.

2/ دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش له‌به‌ده‌س هێنانی ڕێککه‌وتننامه‌ی١١ ئازار، ده‌رکردنی لێبوردنی گشتی و قه‌بوڵ كردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵی جه‌لالی وه‌ک شۆڕشگێڕان، بۆ ناو ‌ڕێکخستنه‌کانی پارتی، هۆکاری چیبو، وه‌له ‌پێناو چیدا پارتی به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی، ئه‌و هه‌نگاوه پیرۆزه‌ی نا؟.

3/ دروست بونی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی خووازانه‌ی گه‌لی کوردستان، تاچه‌ند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کوردستاندا بوو؟.

4/ هۆکاری سه‌رکه‌وتنی سه‌ره‌کی ڕاپه‌ڕێن له‌ چێدابو، ئایه ئه‌و سه‌رکه‌وتنه ده‌ست که‌وتی کام لایه‌ن بوو؟.

دیاره ڕاپه‌ڕین وه‌رچه‌ر‌خانێکی مێژویی زۆر گرینگ بو، له‌ڕێبازی ئازادی خووازانه‌ی گه‌له‌که‌ماندا، بۆیه وام به ‌پێسویت زانی، مێژوی هه‌تاکو به‌ر له‌ڕاپه‌ڕین جیا بکه‌مه‌وه له‌گه‌ڵ دووای ڕاپه‌ڕیندا، چونکه هه‌ڵویست و بوواری سیاسی گۆڕان کاریه‌کی زۆر جیاوازی به‌سه‌ردا هات له ‌دووای ڕاپه‌ڕینه‌وه، بۆیه دووای شرۆڤه کردن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی دیاریمان کردووه له‌سه‌ره‌وه، ئه‌مجار ده‌ست ئه‌که‌ین به‌شرۆڤه کردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسی و په‌یوه‌ند داره‌کانی ‌بزاڤی ئازادی خوازانه‌ی گه‌له‌که‌‌مان، له‌ دووای ڕاپه‌ڕین.

به‌رله‌وه‌ی بچمه سه‌ر شرۆڤه کردن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی پرسیاره‌کان، هیوادارم خوێنه‌رانی به‌ڕیز، وای بۆنه‌چن مه‌به‌ستی من، خوێ کردنه ‌سه‌ر برینه‌کانی ڕابوردو بێت، به‌ڵکو بڕوای ته‌واویان به‌‌وه‌ هه‌بێت، مه‌به‌ستی من ته‌نها به‌راورد کردنی زیانه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه، که‌ به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ڵوێستی هه‌‌ڵه‌‌و به‌رژه‌وه‌ند داریه‌تی که‌سانی بازرگانی که‌ره به‌ڕێبازی کوردایه‌تیه‌وه، که زۆر جار ڕویانداوه‌و، ته‌نها دوژمنانی گه‌لی کورد لێی سود مه‌ند بونه، وه‌ک له‌دووای ‌رونکردنه‌وه‌کاندا ده‌رئه‌کوێت! لێره‌وه ئه‌چینه سه‌ر شرۆڤه‌ کردنی خاڵه‌کان:

پرسیاری یه‌که‌م: له‌دووای ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی به‌غدا، له‌سه‌رده‌می عه‌بدولکریم قاسمدا‌، به فیت و هاندانی حیزبی شیۆعی ئێراقی، گۆڕا به‌رانبه‌ر به پارتی و مه‌ترسی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی باره‌گاکانیان و ده‌ست به‌سه‌ر کردنی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی هاته ئاراوه، به‌ بلانێکی نه‌خشه بۆ داڕێژراوی ڕێک و پێک‌، مه‌کته‌بی سیاسی گه‌ڕانه‌وه کوردستان و له‌ماوت جێ گیربونه‌وه، بارزانی نه‌مریش گه‌ڕایه‌وه خاکی پیرۆزی بارزان. دیاره ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند به‌هۆی ڕوداوێکی له‌ناکاودا، بڕیاری گه‌ڵگیرسانی شۆڕشی چه‌کداری درا.

له‌ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا، به‌هۆی یه‌کڕێزی و یه‌ک هه‌ڵویستی بیری نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه، شۆڕش به‌جۆرێک گه‌شه‌ی کرد، به‌ماوه‌ی ته‌نها سێ دانه ساڵ‌، ڕژێمی دوژمنکارانه‌ی به‌غدای ناچار کرد، چۆک دابدات و ئاماده‌ی سه‌ر مێزی گوفتوگۆ بێت، بۆ چاره‌سه‌رکردنی داخوازیه‌کانی سه‌رکردایه‌تی سیاسی شۆڕش، ئه‌وه‌بو ‌له ‌سه‌ره‌تای ساڵی/١٩٦٤دا هاته‌کایه‌وه‌و گوفتوگۆ ده‌ستی پێکرد!.  

ئاشکرایه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا، گه‌لی کورد له‌هه‌مو مافێکی سه‌ره‌تایی نه‌ته‌وایه‌تیی بێ به‌شبو، ته‌نانه‌ت نه‌ک خوێندن به‌زمانی دایک، به‌ڵکو له‌داداگایی کردنیشدا زمانی کوردی گوێی بیستی نابون، بۆ بارودۆخی سیاسی ئه‌وسه‌رده‌مه، مافی فه‌رمان ڕه‌وایه‌تی(لامه‌رکه‌زی) زۆر گونجاو بو وه‌ک هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ گه‌یشتن به‌مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی نه‌ته‌وایه‌تی، بۆیه سه‌رکردایه‌تی شۆڕش، به‌تایبه‌تی خودی سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی نه‌مر، به‌به‌راورد کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وماوه‌که‌مه شۆڕشگێریه‌و، ئاستی خه‌ساره‌‌تمه‌ند بونی گه‌لی کوردستان به‌گشتی، له‌سه‌ر١١خاڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لامه‌رکه‌زی رێککه‌وتن، ‌به‌داخه‌وه ده‌قی ئه‌و خاڵانه‌م له‌‌لا نیه، که بیخه‌مه پێش چاو، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نیه له‌ئه‌رشیفی پارتی و حکومه‌تی ئێراقدا هه‌رماوه.

وه‌ک له‌پێشه‌وه ئاماژه‌مان به‌هه‌ڵوێستی سیاسی چه‌پڕه‌وی سکرتێری پێشوی پارتی، هه‌مزه عه‌بدوڵا کرد، که بارزانی ناچار کرد له‌ڕێگه‌ی گۆنگره‌وه له‌پارتی دوری خسته‌وه، به‌ڵام هه‌ستی ئه‌و چه‌پڕه‌ویه سیاسیه له‌ناو ئه‌ندامانی م. س. دا هه‌رمابو، به‌تایبه‌تیش له‌بوواری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، که‌هه‌مزه عه‌بودوڵا خاڵوانی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بو، دور نیه ئه‌وه‌ش کاریگه‌ری خۆی دروست کردبێت، بۆیه مه‌کته‌بی سیاسی جیابونه‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری پارتی، موسته‌‌فا بارزانی نه‌مر ڕاگه‌یاندو، به‌یاننامه‌یه‌کیان به‌ڵاو کرده‌وه، که بارزانی کوردستانی فرۆشتووه به مۆز و پڕته‌قاڵ، داوایان له‌ ئه‌ندامان و کادیران و هێزی پێشمه‌گه‌ کرد، به‌زوترین کات پاڵ بده‌ن به لایه‌نی مه‌کته‌بی سیاسیه‌وه‌و، بارزانیان تاوان بارکرد، به‌خۆفرۆش و بنه‌ماڵه‌ی عه‌شائیری و دووا که‌وتو. دیاره ئه‌وڕوداوه نه‌وێستراو و ماڵوێڕنکه‌ره‌ی گه‌لی کورد، وای له‌ڕژێمی به‌غدا کرد له‌و مافه‌ش پاش گه‌ز بێته‌وه، به ‌بۆچونی خۆیان وای بۆ ئه‌چون ئیتر سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر شۆڕشه ‌مه‌زنه‌که‌ی ئه‌یلولدا، ئاسان ئه‌بێت و سه‌رکه‌وتنی ته‌واو به‌ده‌ست ئه‌هێنن!!.

ئه‌لێره‌دا من دێمه سه‌ر بارودۆخی سیاسی پارتی,له‌ناو شاری که‌رکوک له ‌سنوری لقی٣ێ، که‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا‌‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی پیشه‌‌یی یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ئه‌ندامی لێژنه‌ی که‌رتی ئیمام قسم بوم له ‌ڕێکخستنی پارتیدا، بۆیه زیاتر ئاگاداری دۆخی ڕێکخستنی پارتی بوم له‌ناو شاری که‌ر‌کوک، ئه‌‌گونجێت شار و ناوچه‌کانی تریش به‌راورد بکرێن به‌شاری که‌رکوک، هه‌روه‌ک له ‌ئه‌نجامیشدا ده‌رکه‌وت به‌وشێوه‌یه‌بو که‌ده‌ر که‌وت له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا، ڕێکخستنه‌کان و هیزی پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی سه‌رۆکی پارتی مایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که به‌شی هه‌ره‌زۆری کادیرانی ڕێکخستن، چۆنه پاڵ مه‌کته‌بی سیاسی، بۆ نمونه:

له‌دووای ئه‌وه‌ی شێرازه‌ی ڕێکخستن تێکچو، لێژنه‌ی ناوچه‌ی که‌رکوک بڕیاریدا، لایه‌نگری هیچ لایه‌نێ نه‌که‌ن تاکو ڕاستیه‌کانیان بۆ ڕون نه‌بێته‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لێژنه‌یه‌کی سێ که‌سی پێک هێنرا، که ‌بریتی بون له: شه‌هید عومه‌ر شه‌ریف. مسته‌فا کرێکار، به‌هجه‌ت حه‌سه‌ن. سه‌ره‌تا ڕۆیشتن بۆخزمه‌ت مسته‌فا بارزانی نه‌مر ١١زه پرسیاریان لێ کردبو، که‌له‌بیرمه یه‌که‌م پرسیار ئه‌وه‌بو: ئایه ڕاسته بارزانی کوردستانی فرۆشتووه به مۆز و پڕته‌قاڵ!.

به چون و هاتنه‌وه ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌یان پێچو، دیاره له‌و کاتانه‌دا ئامێری چاپه‌مه‌نی له‌ناو شۆڕشدا بونی به‌وجۆره نه‌بو، نوسراو و به‌ڵاوکراوه‌ی ئاسایی به‌چاپ بنوسرێته‌وه، پرسیاره‌کان به‌یه‌ک نوسخه‌ی ده‌س خه‌ت نێردران بۆ که‌رته‌کان، هه‌ر که‌رته‌و به‌کاربۆن وێنه‌ی له‌سه‌ر بگرنه‌وه، له‌وکاته‌شدا، کاک فایق قادر کافرۆشی لێپرسراوی یه‌که‌م بو، منیش لێپرسراوی دوهه‌م بوم، نوسخه‌‌که درا به‌من تاکو به‌زۆترین کات وێنه‌ی له‌سه‌ر بگرمه‌وه، دیاره منیش به‌ته‌نهاو له‌یه‌ک شه‌و و ڕۆژدا‌، له‌و ڕٶژگاره سه‌ختانه‌شدا نامتوانی به‌ته‌نها به‌وکاره هه‌ستم، ئه‌ندامێک له‌شانه ڕێکخه‌ره‌کانم ده‌س خه‌تی زۆر جووان بو، که عه‌بدوڵای مه‌لا عومه‌ری خانه‌قا بو، نازانم له‌ژیاندا ماوه یان نه‌ماوه، ناردم به‌دوایداو ئه‌وشه‌وه نه‌خه‌و‌تین تاکو به‌یانی، تووانیمان(٦٠) وێنه‌ی له‌سه‌ر بگرینه‌وه. هه‌ر بۆ شه‌وی ئاینده دامان گرته ناو شانه‌کانی خوواره‌وه.

هه‌فته‌ی ئاینده فایق قادر، په‌یوه‌ندی پێوه کردم و ڕاپۆرتێکی ٦ لاپه‌ڕه‌یی پێدام و ووتی هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌بێ چه‌ندی پێتان ئه‌کرێت وێنه‌ی له‌سه‌ر بگره‌وه تاکو له‌کۆبونه‌وه‌ی داهاتو دایگرینه ناو شانه‌کانه‌وه. دیاره من وه‌ک به‌رپرسی دوهه‌م، بێ ئه‌وه‌ی ‌‌بزانم چی تێدایه وه‌رم گرت، به‌ڵام کاتێ له‌ماڵه‌وه کردمه‌وه، به‌جارێ سه‌رم سوڕما، ١٧ پرسیاری تێدابو، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ڵامه‌کان ته‌نها تۆمه‌ت بارکردنی لاواز و تاوانبارکردنێکی بێ بنه‌ماو نه‌سه‌لمێنراو، له‌سه‌ر سه‌رۆک بارزانی نه‌مر بو، بۆیه وه‌ک خۆی پێچامه‌وه‌و هه‌ڵم گرت، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سی لێ ئاگادار بکه‌مه‌وه، ته‌نانه‌ت کاک فائیقیش، چونکه ئه‌مزانی کێشه ئه‌که‌وێته به‌ینمانه‌وه!.

کۆبونه‌وه‌ی هه‌فتانه هاته پێشه‌وه‌، نه‌ریت وابو جێگه‌ی کۆبونه‌وه‌ لێپرسراوی ده‌هه‌م دیاری ئه‌کرد، ماڵی کاک به‌ختیار فائیق مه‌لا قادری ئیمامم دیاری کردبو، که‌ خۆشی ئه‌ندام که‌رت بو، خۆشبه‌ختانه ئێستاش له‌ژیاندا ماوه‌و ئه‌مجاره له‌ده‌سگای پێشمه‌گه‌ی ئه‌یلولدا له‌که‌رکوک بینم و زۆر دڵخۆش بوم به‌چاو پێکه‌وتنی، گومانی تێدا نیه هیوادارم که خۆشی ئه‌م زنجیره ووتارانه‌م بخوێنێته‌وه، هه‌رچه‌نده دڵنیام، زۆر ئاره‌زوی نوسین و خوێندنه‌وه‌ی نیه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر شتێکیشم له‌بیر چوبێت، بیخاته‌وه بیرم.

ئه‌ندامانی که‌رتی پارتی ئیمام قاسم بریتیبون له: به‌رپرسی یه‌که‌م، فائیق قادر کافرۆشی. به‌رپرسی دوهه‌م نه‌جمه‌دین وه‌هاب، واته به‌نده. ئه‌حمه‌د نه‌عیم. به‌ختیار فائیق مه‌لا قادر ئیمام. فائیق صادق معقب. عه‌لی خوشکه‌زای فائیق کافرۆشی. ته‌باره‌ک محه‌مه‌د. به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بکرێت به کۆبونه‌وه‌که، کاک فائیق داوای ڕاپۆرته‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی کرد، منیش ته‌نها وێنه‌که‌ی هێنابوی دامه‌وه ده‌ستی، ووتی ئه‌ی وێنه‌گرتنه‌وه‌، ووتم من به‌‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌و ڕاپۆرته ڕازی نیم و هه‌ڵبه‌ستراوه، خه‌ڵکیش به‌نه‌زان سه‌یر ناکه‌م، ئێمه هه‌فته‌ی ڕابوردو پرسیار و وه‌ڵامه‌کانی سه‌رۆکی پارتیمان داگرتۆته ناو شانه‌کان، هێشتا به‌ته‌واوه‌تیش نه‌یان بینوه، ئیتر چۆن ئه‌م هه‌ڵوێسته چه‌واشه کاریه بنێرین بۆیان!.

دیاره هه‌ر وه‌ک چاوه‌ڕوان بوم، زۆر تێکچو ووتی من به‌رپرسم یان تۆ، وه‌ڵامم دایه‌وه ئێستا له‌بوواری یه‌کلای کردنه‌وه‌داین، هه‌مومان ئازادین چۆن بڕیار ئه‌ده‌ین، من ئاماده نیم ئه‌وڕاپۆرته له‌ناو شانه‌کانی ڕێکخستنی لای خۆم به‌ڵاو بکه‌مه‌وه، له‌و کاتانه‌‌دا ئه‌و ده‌مانچه‌یه‌کی ١٤ده خۆری حیزبی له‌لابو، منیش ده‌مانچه‌یه‌کی سعودیم لابو، ئه‌وپه‌لاماری ده‌ما‌نچه‌که‌یدا، منیش ووتم، لێره ته‌قه ناکرێت، ماڵه‌که‌ و هه‌مومان له‌ناوه‌چین، فه‌رمو شه‌وه بامن و تۆ بچین بۆ ناو قه‌برسانه‌که، هه‌ڵسامه پاوه ووتم هه‌ڤاڵان کێ له‌گه‌ڵ مندایه، هه‌ستێ، من ئیتر په‌یوه‌ندی به‌فایقه‌وه ناکه‌م و ئه‌بم به‌مه‌لایی، دیاره ته‌نها کاک به‌ختیار هه‌ڵسایه پاوه‌و، ووتی من له‌گه‌ڵ تۆدام، ئه‌حمه‌د نه‌عیمیش قوتابی بو، له ‌خێزانێکی هه‌ژار بو، پارتی مانگی(٥) دیناری ئه‌دایه، بۆیه به‌ڕاشکاوانه ووتی، ئه‌گه‌ر بتوانی ئه‌و پێنج دیناره‌م بده‌یتێ، منیش له‌گه‌ڵ تۆدام، دیاره نه‌متوانی به‌ڵێنی پێ بده‌م، بۆیه ته‌نها خۆم و کاک به‌ختیار ماینه‌وه وه‌ک مه‌لایی، یادی به‌خێر که ئێستاش هه‌ر له ‌ژیاندایه‌ وه‌کو خۆم، به‌ڵام ئه‌و له‌که‌رکوکه،  ئه‌‌وانی تریش هه‌مو بون به‌جه‌لالی!.

هه‌ر وه‌ک له‌پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێکرد، که دوژمن به‌و ڕوداوه دڵته‌زێنه کورد کوژه، زۆر زۆر دڵخۆش بون، پێیان وابو ئیتر شه‌ڕی نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رۆک و دامه‌زرێنه‌ری پارتی، درێژه ئه‌کێشی و ئه‌وانیش ئه‌بن به‌سه‌یرکه‌ر و چه‌پڵه لێده‌ر و هانده‌ری هه‌ردولا، هه‌ر بۆیه‌ له ‌په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان خۆیاندا، له‌سه‌ر ئاستی ڕێکخستن و سه‌ربازیش، هێنده گه‌ڵاو و بێ شه‌رم بون، به ‌داوای لێبوردنه‌وه ئه‌ڵێم، جه‌لالیان به‌سه‌گی سپی ناوزه‌ند کردبو، مه‌لاییه کانیش به‌سه‌گی ڕه‌ش!.

جا ‌ئه‌بو سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، ده‌‌رسیان له‌و بۆچونه قێزه‌وه‌نه‌ی دوژمنان وه‌ربگرتایه‌، که‌چۆن دوژمن سه‌یری گه‌لی کورد ئه‌کات به‌یه‌ک جه‌سته! بۆیه منیش هه‌میشه ئه‌ڵێم: ئێوه کێن و ئێمه کێن. بیگومان ئێوه ئێمه‌‌ن و ئێمه‌ش ئێوه‌ین!!.

تکایه چاوڕوانی به‌شی سێهه‌م بن خوێنه‌رانی به‌ڕێز.

 ٣٠-١٢-٢٠١٣.

 

Go to top