We have 158 guests and no members online

 جگەرگۆشەکانمان، کوردیلە خوێن شیرین و چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان، کە نەوە و هیوای دواڕۆژی کوردستانن . . گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن. . تۆی ژیانن و، درێژەدەری مانمانن . منداڵەکانمان سپاردەیەکی زۆر گەورە و هەستیارن، لە ئەستۆ و لە بەردەستی دایکان و باوکاندان . . چارەنووس و دواڕۆژێکیگەشتر بۆ کورد و کوردستان، پەیوەستن بە رادەی بایەخدانمان بەئامادەکردن و بە راهێنانی منداڵانی ئەمڕۆمانەوە. هۆشی ناسکی منداڵ، زەوییەکی بەیارە، نەکێڵراوە و تۆو نەکراوە . . لاپەڕەیەکی سپییە و هێشتا هیچ پیت و رستەیەکی لەسەر نەنووسراوە . . هەویرێکی نەرم و شلە و هێشتا نەکراوە بە هیچ . . چۆن گۆش و پەروەردە و ئاراستەی بکەین، ئەوەی لێدێتە بەرهەم . . کورد وتەنی : " چی بچێنین، ئەوە دەدوورینەوە " بێگومان گۆشکردنی راست و پەروەردەکردنی دروستی منداڵان، کارێکیهەڕەمەکی و ئاسان نین . . پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵان، تەنها دابینکردنی خۆراک و شوێن خەو و جلوبەرگ و بابەتی یاریکردن نییە . . بەڵکو پەروەردەکردنی دروست، بنیاتنانی کەسایەتیی منداڵانە، کە گەورەکانی دواڕۆژن . . ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە دابمێنین و نەتوانین بەسەر کۆسپ و ئاستەنگییەکانی رێی پەروەردەکرنی منداڵاندا سەربکەوین . . بە تێگەیشتن و بەڵەدبوون لە هەڵسوکەوت و، لە بنەماکانی نەشونما و گەشەکردن و پێشکەوتن و، بە شارەزاییمان لە قۆناغەکانی هەراشبوونی منداڵان و، پێویستییەکانی هەر قۆناغێک، دەتوانین هەل و دەرفەت بڕەخسێنین و کارئاسانی بکەین و، کۆسپ و کێشەکان لغاو بکەین و سەرکەوین بە سەریاندا . . بەر لە هەموو شتێ پێویستە دایکان و باوکان بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست . . رۆشنبیر و شارەزابن، خۆیان بۆ ئەم ئەرکە پیرۆز و هەستیار و چارەنووسازە، ئامادەبکەن و رابهێنن . . چونکە دایک یەکەمین مامۆستای منداڵە و، ماڵیش ( خێزان ) یەکەمین قوتابخانە وژینگەیەتی .

هەندێ لە دایکان و باوکان، هێمنی و بێدەنگی منداڵەکانیان، لە یەکەمین ساڵەکانی تەمەنیاندا، بە مایەی خۆشی و شادییان دەزانن، شانازی بە ئەوەوە دەکەن، کە هێمنی منداڵەکانیان بۆ پەروەردەکردنی راست و باشی ئەمان دەگەڕێتەوە . . بەڵام بەبێ ئەوەی دایکان و باوکان هەست بەم راستییە بکەن . . کە توێژەران و پزیشکە دەروونییەکان، جەختیان لەسەر ئەم راستییە سەلمێنراوە کردوون، کە هێمنی و بێدەنگی و گۆشەگیری و شەرمکردن، زۆر مەترسیدارترن، لە لاساری و لە کەلەڕەقی و لە هاروهاجی .

مەبەستمان لە پەروەردەکردنی منداڵ، پەروەردەیە بە مانا زانستی و فراوانەکەی، هەندی کەس پەروەردەکردن، بە ملەکەچ بوونی منداڵ بۆ فرمان پێکردن و، بۆ گوێدێری بۆ ئامۆژگارییەکانیان و، رێزگرتن لە گەورەکان و، بێ دەنگی و دەم داخستن دەزانن. . ، ترسیان خستۆتە دڵی منداڵەوە و، هەموو شتێکیان لە کردووە بە " بڤەیە "

یۆنامات دەڵێ : " تا تەمەنی سیانزە ساڵیم . . وامدەزانی ناوم ـ دەمەت داخە ـ یە "

مەبەست لە پەروەردەی دروست، ئامادەکردن و راهێنانی منداڵەبۆ ئەوەی لە هەموو لایەنێکەوە کەسایەتییەکی دروست و ئاسایی و سەرکەوتووی لێبێتە کایەوە، لایەنی جەستەیی، دەروونی، هۆشی، کۆمەڵایەتی . . پەروەردەکردنیراست و دروستی منداڵان، نەوەیەکی هۆشیار و، داهاتوویەکی باشتر و گەشتر و، ژیانێکی شیاوتر دێنێتە ئاراوە .

هەموو خێزانێک، حەزدەکات کە بە ئەوپەڕی باشی و دروستییەوە منداڵەکانیان گۆش و پەروەردە بکەن . . ئەوەی کە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵان، ئەوەیە کە پەروەداکار و ئامادەکەر، ئامانجەکانیان راستبن و شیاوی جێبەجێ کردن بن و، لەگەڵ پێویستییەکانی قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵاندالوا و گونجاوبن، نەک هەر خەیاڵئامێز و قسە و باسبن . . پێویستە ئەوەش لەبەرچاوبگرن، کە لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و زەین و بیر و هۆشەوە جیاوازی لە نێوان منداڵاندا هەیە .

پێویستە منداڵانی ئەمڕۆمان وا پەروەردەبکەین و پێیان بگەیەنین . . کە شانازی بە ناسنامەی خۆیانەوە بکەن و، ئینتیما و دڵسۆزییان بۆ کورد و کوردستان هەبێت و، رێزیان بۆ کۆمەڵگاکانی تر و سەرجەم مرۆڤایەتی هەبێت و، بە سۆز و خۆشەویستی پێکەوە گرێ بدرێن و، یەکتری قبۆڵ بکەن و، ڕێز لە را و بۆچونی جیاوازی یەکتری بگرن، خۆپەرست و خۆسەپێن نەبن و، دووربن لە دەمارگیریی ئایینی و رەگەزی و لە تایفەگەری و، لە خێڵ وعەشیرەتبازی، دووربن لە رکەبەرایەتی و توندوتیژی و لە رق و دووژمنایەتی و تۆڵە سەندنەوە. . هەردەم هیوا و گەشبینی و بڕوابەخۆبوون بخەینە دڵیانەوە، ئازادبن و تەگەر و کۆسپ نەخەینە بەردەم هیوا و خواست و ئارەزوو و خولیاکانیانەوە، لێیان بگەڕێین با خۆیان تاقی بکەنەوە . . با لە ئەزموونەکانیانی خۆیان فێربن و کەڵک وەربگرن . . با جیهانی وەنەوەشەیی و پاکی منداڵان نەشێوێنین، خەیاڵ و خەونە سەوز و شیرینەکانیان لێ تێکنەدەین . . رێز لە کەسایەتی و راکانیان بگرین . رەفتارەکانمانو مامەڵەکردنمان لەگەڵمنداڵەکانماندا راست و دروستبن . . هەڵسوکەوت کردنی دروستمان، دەبنەزامنی بەرجەستەبوونی ئەو هەموو ئەو ئامانجانەی سەرەوە و ئامانجی زیاتريش . . ئەمانەش ئەرکێکی پیرۆز و پێویستی سەرشانی هەموو لایەکمانە، بەر لە هەموو کەس و لایەک ئەرکی دایکە، ئەرکی خێزانە، ئینجا قوتابخانە و کۆمەڵ و میدیا و راگەیاندنەکان، دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کە خەمخۆری راهێنان و پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵانن . . هەموو لایەکیشمان لە سایەی ئەنجامدانی ئەم ئەرکە پیرۆزەماندا، رەنجبێوەر نابین و، سوودمەند و شاد دەبین . . راستیشیان وتووە : " باخچەی گوڵ گەش و جوان . . شانازی بۆ باخچەوانە دڵسۆزکەی دەگەڕێتەوە"دەبا ئێمەش پەروەردەکاری دڵسۆزی کوردیلەکانمان بین و . . بۆ ئەوەی نەوەیەکی دروست و گەشبین پێبگەیەنین . . هاتنەدیی دواڕۆژێکی گەشتر لە سایەی پەروەردەکردنی دروستی نەوەی ئەمڕۆماندا . . شانازییە بۆ هەموو دڵسۆز و خەمخۆرێکی ئەم بوارە .

پەیوەندیی منداڵ لەگەڵ دایکیدا، پەیوەندییەکی سۆزدارییە زیاتر لەوەی کە پەیوەندییەکی پەروەردەیی بێت . . منداڵ لە هەناوی دایکیدا دروست دەبێ و، هەر لە باوەشی ئەویشدا چاوەکانی هەڵدێنێ و، منداڵ لە سایەی سۆز و خۆشەویستی دایکیدا گەورەدەبێت .

دایکان ئەرکێکی گەورەیان لە سەرشانە و، رۆڵێکی گرنگییان لە پەروەردەکردنی منداڵدا هەیە و، کە لە رۆڵی هەموو کەس و لایەنەکانی تر گرنگتر و کاریگەرترە . . ئەمەو کۆمەڵێک خەسڵەتی تایبەتی لە دایکاندا هەن، وەکو : سۆز و، خۆشەویستی و، بەزەیی و میهرەبانی و، ئارامی خۆڕاگرتن لە بەخیوکردن و پێگەیاندنی منداڵاندا . . هەموو ئەم خەسڵەتە جوانانە، پیرۆزی و شانازی و خۆشەویستی و رێزگرتن و پێزانینیان بە دایکان بەخشیون و، پلە و پایەیەکی بەرزیان لە دڵی هەموواندا هەیە . . بەشێک لەو خەسڵەتە تایبەتییانە، لە دایکایەتی گیانەوەرەکانی کەشدا هەن .

ئەمە ئەوەش ناگەیەنێت کە باوکان رۆڵیان نییە و، ئەرک و بەرپرسێتی پەروەردەکردنی منداڵانیان لە سەرشان نییە . . بەڵام نکووڵی لەوە ناکرێت، کە رۆڵی دایکان، لە گۆش کردن و پەروەردەکردنی منداڵاندا، لە رۆڵی باوکان گرنگتر و کاریگەرترن .

دایکانی رۆشنبیر و زانا و هۆشیاری کورد، سامان و سەرمایەیەکی گرنگی گەلەکەمانن، دەتوانن بە سەرکەوتوویی ماڵ بەڕێوەبەرن و، بە جوانی و بەدروستیش منداڵەکانیان گۆش و پەروردە بکەن . . ( تۆماس ئەدیسۆن ) دەڵێ : " دایـکم دروستی کـردم "

( ئەلبێرت هۆبارد ) یش دەڵێ : " ئەگەر دەتەوێ منداڵی ژیر و زرنگت هەبێت . . زانا و رۆشنبیربە ". . بەڵام دایکانی نابەڵەد و بێ ئاگا و نەزان، رۆڵێکی نێگەتیڤ و سەقەتیان لە پەروەردەکردنی منداڵان و، لە بەڕیوەبردنی کاروباری خێزاندا هەیە . . بۆیە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بایەخ بە راهێنان و ئامادەکردن و رۆشنبیریکردنی دایکان دەدەن . . شایشاعیرانی عەرەبمارف رەسافی کە ( بە رەچەڵەک کوردە ـ جەباری ـ یە) دەڵێ : " دایک قوتابخانەیەکە ئەگەر ئامادەت کرد . . . گەلێکی رەسەنزادە دێنێتە کایەوە "

منداڵ گەلێ شت لە دایکێوە وەردەگرێت و فێردەبێت . . چاو لە هەڵسوکەوتەکانی دایکی دەکات . . کەواتە رۆڵی دایک زۆر هەستیارە و، رەنگدانەوەی لە ژیانی ئەمڕۆ و، لە داهاتووی منداڵەکانیدا هەیە و دەبێت . . کورد دەڵێ " دایک ببینە و . . کچە بخوازە " . . ئەگەرچی لەم پەندەدا ئاماژە بە دایکی کچ کراوە، با هەمان پەندی کوردی بە دیوەکەی تردا وەربگێڕین و، بڵێین : " دایکی کوڕە ببینە و . . کچەی لێ مارە بکە "

هەر لەم رووەوە(جۆن ئادەمیز ) دەڵێ : " شانازیی ئەو هەموو ناوبانگ و پایە بەرزییانەی پێیان گەیشتووم . . بۆ دایکم دەگەڕێنەوە "

دایکانی دڵسۆز و بە سۆز : زۆر بە کورتی، کۆمەڵێک لە بنەما گرنگ و سەرەکییەکانی پەروەردەکردنی منداڵانم بۆ ریزبەند کردوون، هیوادارم سوودیان لێ وەربگرن :

یەکەم / چەخت لەسەر بنیاتنان و گەشەکردنی ویژدانی منداڵەکانتان بکەنەوە، لەرێی مەستکردنیان بە پێویستییە سروشتییەکانیان وەکو : ئاساییش و سەقامگیری و دڵنیایی، کە لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، ئارامی و ئاسوودەیی بە منداڵان دەبەخشن . . توێژێنەرە دەروونییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە ئەو کەسانەی بە منداڵی لە سۆز و لە خۆشەویستی بي بەشبوونە، زۆر زەحمەتە کە کەسانێکی تریان خۆش بوێت، یا بڕوا بە کەسانی تر بکەن، کە ئەویان خۆش دەوێت . . بۆیە پێویستە لە یەکەمین رۆژی لەدایکبوونی منداڵەوە، هەموو ئەندامانی خێزان ( دایک و باوک، خوشک و برا، داپیرە و باپیرە ) مەلۆتکەکەیان خۆش بوێت، ئەوەش سەلمێنراوە، کە ئەو کۆرپەلەیە گەرچی هێشتا لە گریان زیاتر، هیچ قسەیەیەک نازانێت، بەڵام هەست بەو سۆز و خۆشەویستییە دەکات . . دایکانی دڵسۆز و میهرەبان : دەتوانن لە ڕێی ئەم رەفتارانەوە، گوزارشت لەسۆز و خۆشەویستی و دڵسۆزی خۆتان بۆ منداڵەکانتان بکەن :

(*) ماچکردنی منداڵەکانتان .

(*) سوعبەت و پێکەنین و یاری کردن لەگەڵ منداکانتاندا .

(*) بە نەرمی دەستهێنان بە سەری منداڵەکانتاندا .

(*) لە باوەشکردنی منداڵەکانتان. . بە روویەکی خۆش و گەشەوە.

دووەم / لە قسەکردن لەگەڵ منداڵەکانتاندا، وشەکانی منداڵەکانتان و وشەی منداڵانە زۆر بەکارمەهێنن . . لاسایی دەنگیشیان دووبارە مەکەنەوە . . گەرچی منداڵەکانتان ناتوانن وەکو ئێوەی گەورە بدوێن . . بەڵام باش تێدەگەن . . بۆ نموونە گەر بە منداڵەکەت بڵێی ( ئەوکەوچکەم بدەرێ ) رەنگە نەتوانێت رستەکەت دووبارە بکاتەوە. . بەڵام تێدەگات و دەچێت بۆت دێنێت . . تۆش ماچی بکە یا سوپاسی بکە یا چەپڵەیەکی نەرمی بۆ لێبدە، تێدەگات کە کارێکی باشی ئەنجامداوە . . خۆشی و شادی پێ دەبەخشێ و دەبێتە مایەی هاندان بۆ ئەنجامدانی کارێکی تر . . هیچ شتێکیش نییە کە بە قەی هاندان و ستاییش دڵی منداڵان خۆش بکات .

سێیەم / لە بەردەم ئەندامانی خێزانەکەت وکەسوکار و هاوڕیکاندا . . هەر بە ناوی خۆێەوە ناوی بەرە، نەک ( کورە)، ( کچێ ) . . بۆ یەکەمین جاریش بە ناو، خزمان و هاوڕێکانی خۆت و باوکی پێ بناسێنە .

چوارەم / چیرۆکی ژیانی منداڵەکەت خۆی، یا ژیانی منداڵیی خۆت، یا ژیانی منداڵیی باوکی بۆ بگێڕەرەوە . . چونکە منداڵان زۆر حەز بەم جۆرە چیروکانە دەکەن . . کە پاڵەوانی چیرۆکەکە خۆیەتی یا دایکێتی یا باوکێتی، نامۆ نین و ناسراون بە لایەوە . . بۆ ئەم مەبەستەش، دەتوانی سوود لە وێنەکانی ناو ئەو ئەلبوومە وەربگرێ. . کە لە کاتی منداڵیی خۆی یا خۆت یا باوکی گیراون .

پێنجەم / زۆر جار کە تۆ بۆ منداڵەکەت دەدوێی، ئەو ئەو بیر و خەیاڵی لای تۆ نییە و، لە شوێنێکی ترە . . جا بۆ ئەوەی وابکەیت گوێت لێ بگرێت، هەوڵبدە بە ساکاری و سادەیی و خێرایی و بێ گرێ و گۆڵ و، بە دەنگێکی ناسکی مامناوەندی بۆی بدوێی .

شەشەم / کە منداڵەکەت لە ژوورەوە لەسەر زەویدا دانیشتووە و وێنە دەکێشێ، یا ماڵە باجێنە دەکات . . تۆ بە پێوە لەگەڵیدا مەدوێ، لە گەڵیدا دابنیشە و بەشداریی لەگەڵ بکە و، سەرنجی بدە و بێدەنگ مەبەو، وا خۆت دەرمەخە کە نەزانیت، را و تێبینیەکانیخۆتی پێ بڵێ و، بە ئەنجامدانی کارەکەی، ئافەرین و دەستخۆشیشی لێبکە .

حەوتەم / هەوڵبدە پەیوەندییەکی باش و خۆش لەگەڵ منداڵەکەتدا بنیات بنێیت، رەفتار و هەڵسوکەوتت لەگەڵ منداڵەکەتدا باش و سەرکەوتووبێت، وەکو کەسێکی سەربەخۆ رێزی لێ بگرە و، هانی بدە کە خۆی بەبێ دەسەڵات نەزانێت و، پشت بە خۆی ببەستێت و، بڕوای بە توانای خۆی هەبێت .

هەشتەم / هەردەم رەخنە لە رەفتارەکانی منداڵەکەت مەگرە، بەڵکو بە نەرمی و بە دڵێکی فراوانەوە ئاراستەی بکە و، هەڵەکانیشی بە هەڵە راست مەکەرەوە . . با جارێک و دووجار و زیاتریش کارەکانی بێ ئەنجامیش بن . . هێوا و گەشبینی بخە دڵیەوە و، هانی بدە کە بەردەوامی بێت و کۆڵنەدات. . دەتوانیت چیرۆکێکی دەربارەی شکستی و کۆڵنەدانی بۆ بگێڕیتەوە . . ( یوسف بۆبێرت ) دەڵێ : " منداڵان زیاتر پێویستیان بە نموونە هێنانەوە هەیە، وەک لەوەی کە رەخنەیان لێبگرن "

نۆیەم / بە سەرکەوتن و ئەنجامدانی کارە باشەکانی منداڵەکەت، ستاییشی بکە و، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێ بکە . . جاروبار خەڵاتیشی پێشکەش بکە .

دەیەم / زیاد لە پێویست ناز بە منداڵەکەت مەدە و، واشی لێ مەکە تەنها پشت بە تۆ ببەسێت و، لێی گەڕێ با پشت بە خۆی ببەستێ و، کارەکانی خۆی ئەنجام بدات .

یانزەیەم / لە ژووری منداڵەکەتدا، یەک یا دوو تابلۆ هەڵبوواسە، کە منداڵەکەت خۆی کێشاوین و بۆیەی کردوون . . هەست بەوە دەکا، کە تۆ دان بە کارە جوانەکەیدا دەنێیت .

دوانزەیەم / شەوان بەر لە خەوتن چیرۆکێکی کورت بۆ منداڵەکەت بگێڕەرەوە . . لەو چیرۆکانە نەبن، کە ترس بخەنە دڵیەوە .

سیانزەیەم / هەوڵبدە کە کتێبخانەیەکی قنج، لە ژووری منداڵەکەت دابنێیت، بە کۆمەڵێک کتێبی کوردی گۆنجاو بۆ منداڵا ن بیڕازێنەوە . . باشتر وایە ئەو گۆڤارانەشی بۆ بکڕێت کە مانگانە دەردەچن . . پێکەوە بابەتەکانی بخوێننەوە .

چواردەیەم / وەڵامی پرسیارەکانی منداڵەکەت بدەرەوە . . تەنانەت ئەگەر پرسیاری سەیر سەیریشی لێکردی . . بەڵام وریابە کە بە هەڵە وەڵامی هیچ پرسیارێکی نەدەیتەوە . . ئەو هەڵانە لە هۆش و بیری منداڵدا دەچەسپێن و، راستکردنەوەیان ئاسان نابێت .

پانزەیەم / لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکدا، پەیڕەویی گرنگترین ئامۆژگاری و بنەماکانی پەروەردەکردنی دروستی منداڵان بکە . . ئەگەرچی ئەمە کارێکی ئاسان نییەو، پێویستی بە ماندووبوون و ئارامی و پشوودرێژی و دانایی هەیە .

شانزەیەم / لە منداڵەکەت گەڕیبا خوی ئەو جلانە هەڵبژێرێت، کە حەزدەکات لەبەریان بکات، بەمەش ئەوەی بۆ دەردەخەیت، کە رێز لە بڕیار و حەزەکەی دەگرێت .

حەڤدەیەم / لە ( رۆژی جیهانیی منداڵان) دا، بە زەردەخەنە و ماچیمنداڵەکەت بکەو، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بکە و، بەم بۆنەیەوە دیارییەکی جوانیشی پێشکەش بکە .

هەژدەیەم / لە رۆژیجەژنی نەتەوەیی کورد دا ( جەژنی نەورۆز ) جلی کوردی لەبەرمنداڵەکەت بکە و، پێکەوە بەشداریی ئاهەنگی نەورۆز بکەن .

نۆزدەیەم / بە شێوازێکی ساکار و ئاسان . . باسی کیمیاباران و مەرگەساتی ( شاریهەڵەبجەی شەهید) و، جینۆسایدی کورد ( ئەنفال )ی بەدناوی بۆ بکە .

بیستەم / دایکانی دڵسۆز: ( کوردایـەتی ) رێبازمانە و، ( کوردسـتان پەروەری) یش پیرۆزترین ئامانجامانە . . زۆر گرنگ و پێویستە، کە کوردیلەکانی ئەمڕۆمان، بە سۆز خۆشەویستیی بۆ ( کورد و کوردسـتان ) گۆش و پەروەرد بکەن .

رەزا شوان / نەرویـج : ٢٣/ ٢/ ٢٠١٤

 

Go to top