We have 161 guests and no members online

شاری هەڵەبجە، یەکێکە لە شارە جوان و قەشەنگەکانی باشووری کوردستان . . شاری هەڵەبجە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی . . (٨٣) کیلومەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە . . رووبەری هەڵەبجە ( ١٥٥٩) کيلۆمەتری چوارگۆشە . . هەڵەبجە لە ساڵی (١٨٨٩) دا کرا بە قەزا . . لە ساڵی ( ١٩٨٨) دا، واتە لە کاتی کیمیابارانکردا ژمارەی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە (٧٥) هەزار کەس بوون . . بەڵام ئێستا ژمارەیان (١٢٥) هەزار کەسە . . سەرجەم دانیشتوانی قەزای هەڵەبجە کوردن .

قەزای هەڵەبجە بە چەند زنجیرە چیایەک دەوردراوە . . لە باکووریدا ( زنجیرە شاخـە سەرکەشەکانی هەورامـان ) ـە . . لە باشووریدا زنجیرە شاخـە جـوانەکانی ( باڵامبۆ ) یە . . لە رۆژهەڵاتیدا شاخی ( شنروێ ) و ( دەریاچەی دەربەندیخان ) ـە . . لە رۆژئاواشیدا دەشتی بە پیت و بە ناوبانگی شارەزوورە . . شاری هەڵەبجە (٧٢٦) مەتر لەسەر رووی دەریاوە بەرەزە . . ئەمەش ئاو و هەوایەکی خۆش و سازگاری پێ بەخشیوە، بە تایبەتیش لە وەرزی هاویندا . . لە قەزای هەڵبجەدا چەندین سەیرانگا و هاوینەهەوار و کانیاوی ئاوروون و شیرین و، چەند تاڤگەیەکی زۆر جوان و دڵگیری لێ هەن . . کە لە بەهاران و لە هاویناندا . . سەیرانکەر و گەشتیارێکی زۆری کورد و، بیانی روویان لێدەکەن . . چەندین رەزی بەرین و، باخاتی میوە هەمەجۆرەی بە ناوبانگی هەیە .

دەربارەی لێبوونەوەی ناوی هەڵەبجە، چەند را و بۆچوونی جیاواز هەن . . نزیکترینیان لە راستییەوە . . ئەوەیە کە ناوی هەڵەبجە لە وشەی ( هەڵوژەوە ) هاتووە . . کە جاران هەڵەبجە بەم ميوەیە بە ناوبانگ بوو . . بۆچوونیکی تریش هەیە، کە دەڵێ، پیاوێکیئەو دەڤەرە، بێچووە هەڵۆیەکی گرت و بەخێوی دەکرد بە ( هەڵۆ بەچە ) ناوی دەبرد . . ئەم ناوە کەوتە سەر زمانی خەڵکی ناوچەی هەڵەبجەوە، زۆر دووبارە دەبۆوە، دەشێ ناوی هەڵەبجە لە وشەی ( هەڵۆ بەچـە ) وە، هاتووبێت . . نـاوی( هەڵەبـجە) و وشەی( هەڵۆبەچە ) لە یەکەوە نزیکن .

شاری هەڵەبجە هەر لە کۆنەوە، شوێن و پێگەیەکی زۆر گرنگی جوگرافی و مێژوویی و بازرگانی و سەربازی و کشتوکاڵی و کۆمەڵایەتی و کەلەپووری و کولتووری هەبووە .

هەڵەبجە لە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆش مەڵبەندێکی گرنگی رۆشنبیریی کوردییە . . بە دەیان شاعیر و نووسەر و زانا و رۆشنبیر و هونەرمەندو ناودارانی پیاو و ئافرەتی ناسراوی لێ هەڵکەوتووە، کە شوێن پەنجەیان دیارە و رۆڵیکی گرنگیان لە بزووتنەوەی ئەدەبی و رۆشنبیری و هونەری و ئاوەدانی و دەسەڵاتداریی کوردیدا هەبووە .

خەڵکی هەڵەبجە کوردی دڵسۆزن و، کوردستان پەروەری ناسراوان، لە شۆڕشەکانی گەلەکەماندا رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە، پشکی شێری قوربانی و شەهیدیان بەرکەوتووە . . تا ئەمڕۆش کولتوور و داب و نەریتی رەسەنی کوردییان پاراستووە و، لایان کاڵ نەبوونەتەوە . . هەڵەبجەییەکان تا ئەمڕۆش جلوبەرگی رەسەنی کوردیمان لەبەردەکەن و . . لەسەر هەڵسوکەوت و رەفتا و رەوشتی جوان وبەرزی باووباپیرانی کورد ماونەتەوە، لە هەموو روویەکەوە کوردەواری و رەسەنایەتی بەم شارەوە دیارە .

لە کاتژمێری یانزە و سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆی رۆژی ( ١٦/ ٣/ ١٩٨٨) دا، شەش فرۆکەی جەنگی عێراقی، لە جۆری ( سیخۆ ) ی رووسی . . بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین خەڵکی، لە هەموو لایەکەوە . . ناو شاری هەڵەبجەیان بە گازی کوشندەی کیمیاوی ی قەدەغەکاری نێو دەوڵەتی بۆردوومان کرد . . بریتیبوون لە گازی ( خەردەل ) و ( سیانید ) و چەند جۆرە گازێکی تێکەڵەی تر . . لە هەمان کاتيشدا تۆپە دوورهاوێژەکانی سۆپای خوێنڕێژی عەرەبی عێراقی تۆپارانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریان دەکرد . . لە ئەنجامی ئەم بوردوومانەدا، لە ماوەیەکی کورتی ئەو رۆژەدا . . زیاتر لە پێنج هەزار کوردی بێ تاوان و بێ دەرتان شەهیدبوون، کە زۆربەیان منداڵانی کۆرپە و ساوا و، ژن و پیر بوون . . زیاتریش لە دە هەزار کورد بریندارو کەم ئەندام و جەستە شێواوبون . . کە زۆربەیان تا ئەمڕۆش دەناڵێنن، چ لە تاو برینی چەستەییان، یا برینی دەروونی ساڕێژ نەبوویان . . تا ئەمڕۆش هەڵەبجە بۆنسوی کیمیاوی لێدێت . . فرمێسک و دڵتەنگیی هەڵبجەییەکان، نەبوونە بە زەردەخەنە و شادی.

مەبەستی رژێمی شۆڤێنی عەرەب ئەوەبو، کە بە یەکجاری ژیان لە هەڵەبجەدا نەهێڵن، ئەوان هەر مرۆڤیان نەکوشت بەڵکو بە هەزاران، چۆلەکە، پەپوولە، کۆتر، هەنگ، مێروولە، مەر و ماڵاتی بێ زمان، گۆڵ و باخ، هەوای پاک، کانیاوی روون . . هتد، هەموویان بوونە قوربانیی ئەم ئەم تاوانە بێ وێنەیە، کە بە دڕندەترین و قێزەوەنترین تاوانی کۆمەڵکوژیی ئەم سەردەمە لە جیهاندا دەزانرێت . . ئەو بێویژدان و بێ رەوشتانە هەڵەبجەی جوانیان کرد بە وێرانەشار و، بە شاری تارماییەکان، کردیان بە گەورەترین گورستانبۆ کوردیبێ تاوانان، تاوان و گوناهیئێمەی کورد تەنها ئەوەیە کە کوردین وئازادیخوازین . . دەمانەوێت لە کوردستانی نیشتمانی شیرینماندا، بە ئازادی و بە ئاشتی بژین . . ئێمەش وەکو گەلانی تر، ماف و دەسەڵاتمان هەبێت .

تاوانی هەڵەبجە و ئەنفال یەکەمین تاوان عەرەبە شۆڤێنییەکان نین، بڕواش ناکەین کە دوا تاوانیان بێت . . ئەمانە لە سەردەمی خەلیفەکانیانەوە، لەژێر دروشمی جیهاد و بە تەماحی غەنائمیـ دەسکەوتی ـ جەنگدا . . هەر لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ کورد دەکوژن و، ماڵ وسامانی کورد بە تاڵانی ودزی دەبەن " سەر بۆ ئێمە و . . ماڵ بۆ ئێوە " . . ئەمە خوویەکی رەسەنیانە و بەشێکە لە کولتووری بۆگەن و، لە مێژووی پڕ لە خوێناویان . . وەکو دەڵێن : " خوویەکە گرتوویانە بە شیری و، وازی لێناهێنن بە پیری " ئەوان بە بیری رەگەزپەرستی عەرەبی گۆشکراون . . ئیسلامچێتیشیان پەردەپۆشی و رووکەشییە بۆ هەڵەخەڵەتاندن و تەفرەدان، بۆ لە ڕێ دەرکردنی گەلانی ساوێلکەی خۆشباوەڕە . . ئەمەیە کردەوە قێزەوەنەکانی، برای عەرەبی چاوڕەشم . . ئەمەیە پەیامە پیرۆزەکەی برای موسڵمانی ئاشتیخوازم . . کە خۆیان بە هەڵگری پەیامی " ذات رسالة خالدە = خاوەن پەیامێکی نەمر " دەزانن ؟!. . کەچی جاشە بەکرێگیراوەکانیان تا ئەمڕۆش بە ناوی( اللە أکبر) ەوە . . لە رۆژئاوای کوردستاندا . . رۆژانە منداڵ و ژن و گەنجی کورد سەردەبڕن و، ماڵ و سامان و، ئابڕووبدنی کوردیان رەوا و حەڵاڵ کردووە . . بەڵی ئەمەیە راستیی پەیامە نەمرەکەیان . . ئەمەیە جیهادیان، ئەمەیە بێ رەوشتیان . !

هەڵەبجە و ئەنفال، دوو تاوانی کوتوپڕی داگیرکەرانی کوردستان نەبوون . . بەڵکو بەپێی بەرنامەیەکی نەخشەداڕێژراو . . جێبەجێ کران . . بەرنامەیەکی رەشەکوژی و کوردقڕان ( ژینۆساید )بوون . بەرنامەیەکی سوتاندنی تەڕ و وشک و، کاولکردنی دێهات و ئاوەدانیی کوردستان بوو . . بەرنامەیەک بوو بۆ هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابووری کوردستان . . بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزانی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردیمان . . بۆ کاڵکردنەوەی داب و نەریتی رەسەنی کوردی و کولتووری گەلەکەمان . . بۆ سوکایەتیکردن بە بەها نەتەوەییەکانمان . . لە راستیدا، نیازگڵاویی ئەم شۆڤێنییانە زۆر لەم تاوانانەش زیاتر بوون . . گەورەترین و دڕندەتین سوپای رەگەزپەرتی رژێمی عێراق، بێ بەزەییانە دەستیان لە کوشتن و زیندەپەچاڵکردنی، منداڵ و ژن و پیری گەلێکی بێ چەک و بێ پشت و پەنا . . نەدەپاراست . . تازەترین و کوشندەترین چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییانبەکارهێنا . . بۆ قڕانکردنی گەلی کوردمان لە باشووری کوردستاندا، هەموو سنووریکی یاسایی و نێودەوڵەتی و رەوشتییان بەزاند .

تا ئەمڕۆش هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان و، زۆربەی دەوڵەتە ئیسلامییەکان، لە ئاستی ئەو توان و ناهەقیانەی دەرهەق بە ئێمەی کورد کران و دەکرێن، وێژدان مردوون، دڵبۆگەنن، دەمارگیرن، رەگەزپەرستن، کوێرن، کەڕن، لاڵن، بێ غیرەتن . . بەڵکو هەندێکیان پێخۆشحاڵبوون و، دەستخۆشیان لە سەدامی گۆڕبەگۆڕ کرد . . تا ئەمڕۆش بەشێک لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی شۆڤینیی عەرەبی، نکووڵی لەوە دەکەن کە سەدام حوسێن چەکی کیمیاوی، لە دژی کورد بەکارهێنابێت . . زۆریشیان شارێ هەڵەبجەش بە ( گوندێکی بچووک) ناودەبەن . . هەموو ئەم هەڵویستانەش بە لای ئێمەی کوردەوە نامۆ نیین، چونکە ئەوان بە بیری رەگەزپەرستی و خوێنڕشتن و تاڵانی و داگیکردن گۆشکراون .

بەڵام نە کیمیاباران، نە ئەنفال، نە زیندەبەچاڵکردن، نە لە سێدارەدان، نەڕاگواستنەوە . . هەرگیز ریشەی کورد ناهێنن لەبن . . چونکە ئێمەی کورد گەلێکی خۆڕاگر و قارەمان و کۆڵنەدەرین . . ناحەزانمان پێش دۆستەکانمان، دان بەم راستییەدا دەنێن . . کورد هەر ماوە و، هەڵەبجەش بۆتەوە شار . . بەڵام کوا ( سەدام حوسێن )ی دیکتاتوری فسفس پاڵەوانی لە خۆبایی ؟ . . کوا ستەمکاری بێڕەوشت ( عەلی کیمیاوی). . ؟ هەردووکیان سەرشۆڕ و گۆڕبەگۆڕکران و، بوونە پەندی زەمانەو، خرانە زبڵخانی مێژووەوە .

مەرگەساتی هەڵەبجە و کارەساتی ئەنفال ی بەدناو، دوو پەڵەی ڕەش و قێزەوەنن و شەرمەزاری و بێڕەوشتتین، بە نێوچەوانی شۆڤێنی عەرەبییەوە . . ئەم چارەنووسە رەشەیان با ببێت بە پەند و وانە، بۆ ئەو دیکتاتۆر و داگیرکەر و ستەمکار و زوردار و خوێنڕێژانەی، وادەزانن تا هەتایە دەخوڕن و دەبڕن . . بەڵام هیچ دیکتاتۆر و زۆردار و لە خۆباییەک . . ناتوانێت، لە بەردەم تەوژمی رەشەبای راپەڕین و، شەپۆلی سونامیی تووڕەیی گەلدا خۆی بگرێت .

لە بەرواری ( ١٧/ ٣/ ٢٠١١) دا، بە دەنگی تێکڕای ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق، تاوانی ( کیمیابارانی هەڵەبجە ) بە تاوانێکی کۆمەڵکوژی ( ژینۆساید )ناسرا .

بە پێی ئەم بڕیار و دانپێنانە، دەبوایە تا ئێستاخەڵکیزیان لێکەوتووی هەڵەبجە قەرەبوو بکرانایە . . بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەتی عێراق ئاوڕی لێ نەداونەتەوە . ئەڵمانیا ( ٧٠ ) ملیار دۆلار، قەربووی قوربانیانی ( هۆلۆکۆست) ی بە ئیسرائیل دا. بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا ( ٧٠ ) دیناریشی وەک قەرەبوو بە کورد نەداوە .

ئەمڕۆژ کورد بە گشتی و هەڵەبجەییەکان بە تایبەتی، لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردنی دوو بڕیاری گرنگی حکومەتی عێراقدان :

یەکەم : دەنگدانی پەڕلەمانی عێراق لەسەر ( بە پارێزگاری کردنی شاری هەڵەبجە ) . . هیوادارم لە ( یادی بیست و شەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە ) دا، ئەم مژدەیە رابگەیەندرێت . . ئەوبوو لە (٣١ /١٢ / ٢٠١٣) دا، بە زۆرینەی دەنگ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژە یاسای بە پارێزگاری کردنی شاری هەڵەبجەیان پەسەند کرد و، ناردیان بۆ پەڕلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەوە، تا باسی لێبکەن و دەنگی لەسەر بدەن . . ئێمە دژی ئەوەین کە بڕیاردانی پەڕلەمان عێراق لەسەر بە پارێزگاری کردنی هەڵەبجە، بە هیچ مەرجێکەوە ببەستێت . . داواش لە پەڕلەمان و لە حکومەتی عێراق دەکەین، کە چیتر یاری بە هەستی برینداری هەلەبجەییەکان نەکەن و بڕیارەکانیان جێبەجی بکەن . . ئەگینا ئێمەی خەڵکی کوردستان بێ دەنگ نابین و، لەمە زیاتریش خۆڕانگرین و، ناڕەزاییمان خۆمان دەردەبڕین و . . وازناهێنین . . پێویستە حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانتارانی کوردیشمان لە بەغدا . . بێدەنگ نەبن و فشار بخەنە سەر پەڕلەمانی عێراق . . زۆرمان پێ سەیرە کە سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق ( ئوسامە نجێفی ) ئەوە بڕیار و کێسانەی پەیوەندیان بە کوردە وە هەبێت، مالیکی ئاسایی پشتگویی دەخات و بۆ یا دەیانهڵێتەوە بۆ سازشکردنی سیاسی و بەرژەوەندی کیتلەکەی خۆی بۆ دانا ی مەرجێک لەسەر کورد . . ئەمەش لای ئێمەی کورد، ئەو گومانە دروست بووە . . کە ماليکی و نجێفی هاوڕان لە ئاستی ئەو کێسانەی پەیوەندیان بە کورد و کوردستانەوە هەیە . . چونکە پرۆژەکەی سەرکۆماری عێراق بە گەڕانەوەی قەزا و ناحیە دابڕاوەکانی پارێزگای کەرکوک و . . کە قۆناغی دووەمی جێبەجێکردنی مادەی ( ١٤٠) . دوو ساڵە هەر لە پەڕلەماندایە و، ئوسامە نجێفی نایەوێت بیخاتە بەرنامەوە بۆ دەنگدان لەسەری، پەڕلەمانتارانی کوردیشمان هێچ فشارێکی ئەوتۆیان نەخستۆتە سەر نجێفی بۆ ئەوەی بيخاتە بەرنامەوە .

دووەم : ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە ( ١٨/١٢ / ٢٠١٣) دا، بڕیاری دا، کە لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی سیانزەمینی ناوچەیی لە دژی بە کارهێنانی چەکی کیمیاوی، کە بڕیار وایە ئەمساڵ لە شاری هەڵەبجەی شەهیدا ئەم کۆنگرە ساڵانەیە ساز بکرێت . . بۆ داواکردن بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی لە جیهاندا . . گەرچی تا ئیستا بە فەرمی، کاتی بەستنی ئەو کۆنگرەیە دیاری نەکراوە . . داوا لە حکومەتی عێراق و، لە حکومەتی کوردستانیش دەکەین، کە بۆ سەرکەوتنی ئەم کۆنگرەیە، ئامادەکاری تەواوی بۆ بکەن .

هیوادارین هەموو خیرخوازان و ئاشتیخوازانی جیهان یەکبگرن و، دژی شەڕ و کوشتن و کیمیاباران و ژینۆسایدکردنی گەلانی مافخوراو و نیشتمان داگیرکراوبوەستنەوە . . تا لە کوردستان و لەهیچ شوێنێکی تری جیهاندا تاوانی کیمیاباران و ئەنفال و هۆلۆکۆست و ژینۆسایدکردن دووبارە نەبنەوە.

لە یادی بیست و شەشەمین ساڵڕۆژی مەرگەساتی هەڵەبجەی شەهیدا . . بە ئەوپەڕی رێزەوە . . سەری رێز و نوازشت بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و . . بۆ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین .

نەمری و شکۆداری بۆ شەهیدانمان . . مردن و رسواییش بۆ داگیرکەرانی کوردستان .

رەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج

نەرویج : ٣/ ٣ / ٢٠١٤

 

Go to top