We have 97 guests and no members online

لە لایەن وەزیری دادی عێراقی ( حەسەن ئەلشەمەری ) یەوە. . کە سەر بە ( پارتی فەزیلەی ئیسلامی ) شیعەیە، لە رۆژی ( ٢٣/ ١٠/ ٢٠١٣) دا، پرۆژەی( یاسای باری کەسێتی جەعفەری ) پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرا . . بۆ پەسەندکردن و دەنگدان لەسەری، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقيشکە زۆرینەی وەزیرەکانی شیعەن و، مالیکیش سەرەک وەزیران و بڕیاردەرە، لە رۆژی ( ٢٥/ ٢/ ٢٠١٤) دا، بڕیاریان لەسەر داو . . یەکسەر ناردیان بۆ پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ئەوە پرۆژەیە.

لە لایەن بەشێکی زۆری ژنانی عێراق و ژنانی کوردستانیشەوە، هەروەها بەشێک لە شیعەکانیش، بە توندی ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بەم یاسا شیعییە دەربڕی . . ئەم یاسایە دەستدرێژیکردنێکیزەق و ئاشکرایە، بو سەر کچانی منداڵ و نەباڵق و، بۆ سەر ژنان، یاسایەکی نایاساییەوە و، بێڕێزی و سووکایەتی، بە مافەکانی مرۆڤ و . . بە مافەکانی منداڵان و . . بە مافەکانی ژنان دەکات . . یاسایەکەتۆوی ناکۆکی و تایفی و مەزهەبی و دووبەرەکی دەخاتە نێوان پێکهاتە جیاوازە ئایینی و مەزهەبییەکانی عێراق و، یەکێتێ عێراقیش هەڵدەوەشێنێتەوە . . یاسایەکی مەزهەبپەرستییە و، عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمیتارێکی وکۆنەپەرستی و کۆیلایەتی و پیاوسالاری و ژن چوساندنەوە .

لە رۆژی جەژنی جیهانی ژناندا، بەشێکی زۆری ژنان لە شاری بەغدا و لە پارێزگاکانی تری عێراقدا، جلی رەشیان پۆشی و، گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان سازکرد ودروشمی دژ بەم یاسایەیان بەرزکردەوە . . لە جیاتی رۆژی جەژنیشناویان لێنا ( رۆژی ماتەمینی ژنانی عێراق ) . . چونکە ئەوان بە هیوای ئەوەوە بوون، کە مژدەی ماف و دەسکەوتی زیاتریان پێ بدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو کەمەمترین مافانەش کە پێشترهەیان بوون ئەوانەشیان لێیان سەندنەوە و، بەجاری بێ ماف و بێ ئومیێدیانیان کردن .

بە کورتی باسی چەند مادەیەکی ( یاسای باری کەسێتی جەعفەری ) دەکەین :

 

 

(*)بەپێی مادەکانی (١٦، ٤٨، ٥٠، ١٥٤) ی ئەم یاسایەی جەعفەری . . تەمەنی هاوسەرگیری ( ژنهێنانی ) کوڕان لە ( ١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ ( ١٥) ساڵ . . تەمەنەی ( بە شوودانی ) کچانیش لە (١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ (٩) ساڵ . .

بەپێی دەقەکانی پێوەرە نێو دەوڵەتییەکان ئەم تەمەنە، بە منداڵ و بە نەباڵق دانراوە . . هەر کەسێک تەنگی جینسی بە منداڵان هەڵبچنێت، لە ژێر هەر ناونیشان و، هەر پەردەیەکدا بێت، بە پێشێلکاری منداڵێتی و، بە گێچەڵ بە منداڵ دەزانرێت، سازایەکی قورس دەدرێت.

هەر لەم یاسایەی جەعفرەیدا، ئەوەش هاتووە کە دەکرێ کچان لە تەمەنی (٨) سالێشدا بدرێن بە شوو، ئەگەر باوکیان یا دایکیان رازیبن لەسەر بەشوودانیان . . خەڵکینە، چ یاسا و رێسایەک، چ نەریتێک، چ ویژدانێکو، چ رەوشتێک لە جیهاندا، بە رەوای دەزانێت کە خۆنچەگوڵێکی تەمەن هەشت یا نۆ ساڵان بە زۆر لە پیاوێک مارەبکرێت ؟! ئەی چ مەلایەک و، چ ئاخووندەیەک، چ قازییەک ئەمە بە شەرع و رەوا و دروست دەزانێت . . ؟؟ کچێکی تەمەن هەشت ساڵان، کە لە پۆلی سێی سەرەتاییدا بێت، هێشتا خێر و شەڕی خۆی نەزانێت . . نەزانێت هاوسەرگیری و شووکردن چیین و، هێشتا هەر بە بووکە شووشەکەی یاری بکات و، نەزانێت بەرپرسێتی و، ژن و مێردایەتی چین و، بە زۆر بدرێت بە پیاوێکی زرتەبۆز، کە بۆ حەز و هەوەسبازی و خۆ رەحەتکردنی، هیچ شەرم شکۆیەک نەکات و، ئەمە بەڕەوای بزانێت . . بێ ئەوەی گوێ بداتە ئازاری جەستەیی و دەروونی ئەو منداڵە ستەملێکراوە . . دەبێت ئەم کەسانە چ جۆرە مرۆڤێک بن ؟ . . دەبێ چ دڕندەیەیەکی رەوشت بەدەربن . . ؟؟ هەرگیز ئەمە هاوسەرگیری نییە، بەڵکو ئەمە دەستدێژییەکی سێکسی بۆ سەر کچەمنداڵێکی ئەو تەمەنە ناسکە . . ؟! ئەمە تاوانە، ئەمە کارەسەتێکی زۆر ترسناکە و، رەفتارێکی دوور لە مرۆڤایەتییە و، بێ رەوشتییە . . تەنانەت لە نێو ئاژەڵەکانیشدا رەفتاری قێزەوەنی وا بەدی ناکرێت . . ئەم یاسایە، پێشێلکارییەکی مەترسیداری مافەکانی منداڵانە و، بە پێچەوانەی هەموو یاسا و دەستوورێکی دەوڵەتانەوەیە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا تەمەنی هاوسەرگیریی کوڕان و کچان بە ( ١٨) ساڵ دیاری کراوە . . تەنها چەند دەوڵەتێک نەبێت، کە تەمەنی بە شوودانیکچانیان بە (١٦) ساڵ دیاری کردووە. . ئەم یاسایە، منداڵان لە خۆشییەکانی قۆناغی منداڵی و، لە یاری و، لە ئازادی بێ بەش کردووە.

بەپێی بەندی یەکەمی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، بەم جۆرە پێناسەی منداڵ کراوە : " منداڵ ـ کچ یا کوڕ ـ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕيبێت، مەگەر یاسا و وڵاتەکەی تەمەنێکی کەی بۆ دیاری کردووبێت "

(*)ئەم یاسایە رێ بە پیاو دەدات کە چەند ژنێک بهێنێت، گرنگ نییە کە ژنەکەی یا ژنەکانی تری رازی بن یا ڕازای نەبن . . بڕیار بڕیاری پیاوە . . ئەمەو ئەوەشی بۆ هەیە لەسەر ئەم فرەژنیەشەوە، هاوسەرگیریی رابواردن ( زواج المتعە ـ سیغە) ش بکات .

(*)بەپێی مادەی (١٠٦)و (١٠١) یاسایباری کەسێتی جەعفەری، پیاو مافی ئەوەی هەیە هەچ کاتێک هەوەسي بوو، زەوقیهەستا، ژنەکەی پێی خۆش بێت یا ناخۆشبێت خۆی بە ژنەکەی رەحەت بکات . . ئەگەر هاتوو ژنە بچووکە نۆ ساڵییەکەی یا ژنە بە تەمەنەکەی رازی نەبن و ئارەزووی جووتبوون نەکەن و، یا توانای سێکسیانلەگەڵ پیاوە هەوەسباز و سێکسیخوازەکەدا نەبێت . . پیاوە بۆی هەیە وازیان لێ بهێنت، بەبێ ئەوەی هیچ خەرجییەک وبژێوییەکیان بداتێ . . بۆشی هەیە سەلییەکی سێ بە سێیان پێوەبنێت ( سێ تەڵاقە)یان بدات و، یەکسەر لە ماڵەکەیدا دەریان بکات . . بەبێ ئەوەی مارەییان پێ بدات و، هیچ مافێکیان بەلایەوە هەبێت . . پیاوانی ئەم یاسایە، ژن بە لەشفرۆش دەزانن و . . دەبێت هەردەم لەشیان لە ئۆغری پیاودا بێت . . ئەگەر لەشیان نەدەنێ . . خەرجی و پارە و مارەییان نادەنێ . . ئەمە ناهەقی و تاوانانێکی گەورەیە . . ئەمانە دەبنە هۆکاری بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق و تێکچوونی شیرازەی خێزانی . . ئەمە یەکێکە لە گەندەڵییەکانی ئەم یاسایەی جەعفەری .

(*) بەپێی ئەم یاسایەی جەعفەری، ژن کۆیلەی پیاوە، یا وەک کەنیزە و کارەکەرێکوایە لەبەردەستی پیاودا، ماڵیش بەندیخانەی ژنە، چونکە بە پێی مادەی ( ٢١٣) ی ئەم یاسایە، ژن بەبێ پرسی مێردەکەی بۆی نییە لە ماڵ بچێتەدەرەوە .

(*) بەپێی ئەم یاسایە، پیاوی موسڵمان بۆی نییە، هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی ناموسڵماندا بکات . . تەنها هاوسەرگیریی رابواردن نەبێت، کە پیاوی موسڵمان دەتوانێت لەگەك ژنی ناموسڵماندا رابوێرێت " زواج المتعة "، ئەمەش بێڕێزی و سکایەتییە بە ئایینەکانی تر.

 

(*)هەر لەم یاسایەدا، چەند مادەیەکی ناڕەوای تێدایە، کە ژنانیان لە ( بەشی میراتی ) بێ بەش کردووە و، بە چاوی یەکسانی و هاومافییەوە لەگەڵ پیاودا لێیان ناڕوانن . . ئەمەش جیاوازی کردنە لە نێوان پیاوان و ژناندا و . . بە کەمتر لە ژن دەڕوانن . . ئەم مادانەش بە پێچەوانەی مافەکانی ژنان و مرۆڤە . . کە جەختیان لەسەر یەکسانیی ژنان و پیاوان لە مافەکاندا کردووە. . بە پێی ئەم یاسایە، ژن لە زەویی میراتی مێردەکەی بەشی ناکەوێت . . نە بەشە زەوی و نە نرخەکەشی دەدرێتی . . ئەمەش بە پێچەوانەی مادەی ( ١٤) ی دەستووری عێراقی ساڵی ( ٢٠٠٥) ە، کە لە دەقی ئەم مادەیەدا ئەوە هاتووە :" عێراقییەکان بەبێ جیاوازی رەگەزی ـ جینس ـ لە بەردەم یاسادا یەکسانن "

ئەم یاسایە، تایبەت نەکراوە بە تەنها مەزهەبی جەعفەرییەوە ( شیعەکان)ەوە، بەڵکو هەموو عێراقییەکان دەگرێتەوە . . بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی مەزەهەبی و ئایینی . ئەمەش رێ بۆ مەزهەبەکانی تر خۆش دەکات ( سونەی : مالیکی، شافیعی، حەنبەلی ) کە ئەوانیش بیر لە دانانی یاسای باری کەسێتی مەزهەبی خۆیان بکەنەوە . . ئەوسا دەبێتە هۆی شەڕی مەزهەبی و تایفەگەری، ئەگەرچی یاسای باری کەسێتی جەعفەری دەبێتە سەرەتای شەڕی مەزهەبی و، لێکهەڵوەشاندنەوەی عێراق . . ئەوەی جێی داخ و مایەی نيگەرانییە ئەوەیە، کە سەرانی دەسەڵاتدارانی شیعە، شانازی بەم یاسایەوە دەکەن و داکۆکیلێدەکەن و، بە هەنگاوێکی گرنگ و بە گۆڕانکاری و بە دەسکەوتێکی مەزنی دەزانن . . وەزیری دادی عێراقی ( حەسەن الشمری ) بێ شەرمانە وتی : "ئەمە دەسکەوتێکی مەزنی ژنانە و لەمەوە پێش دەسکەوتی وایان بووە " دیارە ( حەسەن الشمری ) خەڵکی بە نەزان و بە نەخوێندەوار دەزانێت . . ئایا ئەوەی وەزیری داد بێت ئەوە نازانێت . . کە یەکەمین یاسای باری کەسێتی لە عێرقادا، یاسای ژمارە (١٨٨) تەکە لە رۆژی ( ١٩/ ١٢/ ١٩٥٩) دا دەرچووە، لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانیشدا، چەند دەستکاری و گۆڕانکارییەک لەم یاسایەدا کران . . هەموو ئەم دەستکارییانەش لە پێناوی سوود بەرژەوەندی ژنان و، چاکسازیی خێزاندا بوون . . ئەم مادەیە کە تا ئەمڕۆش هەڵنەوەشاوەتەوە و، کاری پێ دەکرێت . . بە باشترین یاسا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناسراوە . . ئەم یاسایە بە بەشداری و رەزامەندی هەموو گەورە زانا ئایینیەکان و مەزهەبییەکان و یاساناسانی عێراق دانراوە و . . بەپێی پێوەری فرە ئایینی و مەزهەبی و شەریعەت دانراوە . . رەنگە هەندێ لەبڕگە و بەند و مادەکانی ئەم یاسایەش پێویستی بە دەسکاریکردن و لادان و زیادکردن هەبێت، تا لەگەڵ رەوتی ئەم سەردەمە و، پێویستییەکانی کەسی و خێزانی ئەمرۆدا بگونجین، بەڵام ئەگەر نەکرێت مادەکانی باشتر بکەین. . بۆ خراپتری بکەین . . یا بۆ یاسایەکی تری کۆنەپەرستی نادادپەروەری بێنینە کایەوە . . بەبێ خواست و رەزاماندیی خەڵکییەوە . . ؟!

رەنگە ( نوري المالکی) بە پەسەند کردنی ئەم یاسایە، ئەوە بە گەلی عێراق بڵێت، کە من نوری مالیکی پاشام . . هەموو شتێکم پێم دەکرێت و، دەیکەم و، گوێش بە را و بە خواستی تایفەکەی خۆم نەبێت، گوێ لە هیچ لایەنێکی تر ناگرم و . . حیساب بۆ مافی هيچ کەس و توێژ و لایەنێکی تریش ناکەم . . پێویستە هەمووتان کڕنۆشم بۆ بەرن و . . قسەکانم و بڕیارەکانیشم لە سەرووی مافەکانتان و یاسا و دادپەروەرییەوە بزانن . . دەبێ ئەوەش بزان ( گەر من بڵێم . . بە مانای عێراق دەڵێت) . . ! یاساش بەلای نوری مالیکییەوە . . لاستیکە چۆنی بوێت وا رایدەکێشێت .

بەپێی یاسای باری کەسی جەعفەری، ژن کاڵایەکی بازرگانییە و موڵکی پیاوە و، هەر ئەمیش دەتوانێت وەکو کەلوپەلێک، ئاڵووێڵ و کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات . . حیساب بۆ مافەکان ژن نەکراوە . . ژن دەبێت هەمیشە ژێردەستەی پیاوی هەوسباز بێت .

ئێمە لە حەسەن الشمری ونوری المالکی و ئەو وەزیرانەی دەنگیان بۆ ئەم یاسایا دا و پەسەندیان کرد، زۆربەی سەرانی شیعەکانیش کە دەستخۆشیان لە دەرکردنی ئەم پرۆژە یاسایە کرد . . هەروەها رووی پرسیارمان لەو پەڕلەمانتارانەش دەکەین کە نیازیان وایە دەنگ لەسەر ئەم یاسایە بدەن . . ئەگەر راستگۆن و دوو روونین، ئایایە ئێوە ئامادەن کە کچەکانیخۆتان یا کچانی خانەوادە و کەسوکارتان بە هەشت یا بە نۆ ساڵی بە زۆر بدەن بەشوو . . ؟! . . ئەگەر وەڵامەکانتان بە بەڵێیە کە تاوانێکی وا ئەنجام بدەن . . دەیرچکە شکێن بن و، دەستپێشکەری بکەن و، کچەکانتان لەم تەمەنەدا بە شووبدەن . . تا ببنە نموونە و خەڵکیش چاوتان لێبکەن . . ؟! . . ئەگەر وەڵامەکانیشتان بە نەخێرە . . ئەی بۆ ـ شەکر دەشکێنن ـ و، خەڵکی سڤیل و هەژار تەفرە دەدەن و، ستەمیان لێدەکەن. . ؟! یان یاساکەتان دوو رووی هەیە . . بۆ خۆتان نەخیر و، بۆ خەڵکیش بەڵێ . . ئایا یاسای کەسی جەعفەری بەوە نازانن کە دژی هەموو یاساکان و هەموو ئایینەکان و هەموو پێوەرە رەوشتی و ويژدانییەکانە . . ؟؟ئەم یاسایەتان گوزارشتە لە دەسەڵاتی تاکەڕەویتان لە، توندڕەوی و شیعەپەرستیتان و . . لە پەراوێزکردنی سەرجەم لایەنەکانی تری عێراق و، لە پێشیلکردنی سەروەریی یاسا و دەستووری عێراقە . . ئەم یاسایەتان تاکبڕیارییەوە و، رێزنەگرتنە و، بە پێچەوانەی بڕیار و ریکەوتنەکانی و هاوبەشیی نيشتمانی و کۆدەنگییە .

ئەم یاسایە، بە پێچەوانەی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی ( سیداو) ە، ( رێکەوتننامەی لە ناوبردنی هەموو شێوازێکی جیاوزی لە دژی ژن ) کە عێراقیش واژووی لەسەر ئەم رێکەوتنامەیە کردووە .

ئەو سووکایەتی و بێڕێزییەیکە لە ئەمڕۆدا ئەم یاسایە و، بڕیارەکانی جاشە ئیسلامییە خۆفرۆش و بەكرێگیراوەکانی ( بەرەی نوسرە) ی بێ رەوشت و، دڕندە خوێنڕێژەکا نی ( داعش ) ی رەگەزپەرست و کۆنەپەرست بە ژنانی دەکەن . . لە هیچ کات و لە هیچ شوێنێکدا نەکراون . . ئەم جاشە ئیسلامییان بە ناوی( نکاح الجهاد ) ەوە، قێزەوەنترین تاوان لە دژی کرامەت و شکۆمەندی و پاکیزەیی ئافرەت ئەنجام دەدەن . . دەپرسین : کام لەم نامجاهیدە بێ رەوشتانە تا ئیستا، کچەکەی خۆی یا ژنەکەی خۆی یا ژنێکی بنەماڵەکەی لە بڕیاری( زواج النکاح ) دا، بووە دەستپێشکەر و نموونەی بۆ ئەوانەی کە ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن . . ؟! ئایا کچەکانیان لە ڕیزبەند کردوون بۆ رابواردن لەگەڵ هاوتاوانەکانیاندا. . ؟! ئایە ئەم بێڕەوشتانە، کچەکانی خویان یا ژنەکانی خۆیان یا خوشکەکانی خۆیانیان . . خستوونەتە باوەشی نا مجاهیدێکی هاوبێرەوشتییانەوە . . ؟!

ڕێکخراوی چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ ( هیومان رایتش ۆچ ) بە توندی رەخنەی لە پرۆژە یاسای جەعفەری گرت و، پرۆژە یاساکەی بە کارەسات و، بە جیاوازی دژی ژنانی عێراق ناوبرد .

( نیوکلای مەلادینۆڤ)سەرۆکی دەستەی نێراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ( یۆنامی ) لە عێراقدا، لەو بەیاننامەیەی کە بە بۆنەی جەژنی جیهانی ژنانەوە دەریان کردووە. . تێیدا ناڕەزایی خۆیان لە دژی ئەم پرۆژە یاسایەی جەعفەری و پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەربڕیوە . . هۆشیاریشیان داوەتە عێراق، کە ئەم یاسایە : " لەوانەیە یەکێتی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە " داواشیان لە ئەندامانی پەڕلەمان کردووە کە دەنگی لەسەر نەدەن . . بە زوترین کاتیش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەم پرۆژە یاسایە لە پەڕلەمانی عێراق بکێشنەوە و، هەڵیبوەشێننەوە .

ئەوەی بە لای ئێمەوە سەیرە، ئەم پرۆژە یاسایەی جەعفەری کۆتاییەکەی بەم رستەیە هێناوە : " بۆ جێگیرکردنی بنەماکانی دیموکراتی و خستنەڕووی دیاردەکانی لە عێراقی دوای دیکتاتۆری " یەوە . . شەرمەزارییە بۆ دانەرانی ئەم یاسایە کە ناوی دیموکراتییان هێناوە . . کامەیە دیموکراتیتان . . دەسترێژیکرنە سەر کچانی جەستە ناسکیهەشت و نۆ ساڵان، بە ئازادی و بە دیموکراتیی دەزانن . . داگیردنی مافەکانی ژنان و منداڵان بە دیموکراتی دەزانن . . فرەژنی و هاوسەرگیریی و رابواردن بە دیموکراتی دەزانن . . قورخکردن و تاکڕەویی دەسەڵات و تاکبڕیاری بە دیموکراتی دەزانن . . ؟! کوا ئازادی . . کوا دیموکراتی . . لە سایەی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری و مەزهەب سالاریدا . . ؟؟!

بێجگە لەو مادانەی کە لەسەرەوە ناومان بردن . . چەند مادەیەکی تریش لەم یاسایەدا هەن، کە دژی مافەکانی ژنانن و . . لەگەڵ شارستانییەت و ئەم سەردەمەشدا ناگونجێن و عێراقیان بەرەو دواوە و تاریکی بردووە .

رەزا شـوان / نەرویـج : ١٥/ ٣/ ٢٠١٤

 

Go to top