We have 102 guests and no members online


 بە تەواوی هاوڕای ئەو ئازیزانەم کە پێیانوایە بەتەنیشتی جەژن‌و شادی‌و خۆشییەکانی سەری ساڵەوە، ملیۆن ملیۆن ئینسانی سەر گۆی زەوی هەر لەو ساتانەدا کارئەکەن، وە ملیۆنانی دیکەش هەر لەو ساتانەدا بۆ ژەمە خۆراکێک و گڵاسێک ئاو موحتاجن‌و نییانە، ئەگەر پێیانبگات ژیانیان بۆ نوێئەبێتەوە، ملیۆنان منداڵ بە واکسینێک گیانیان ڕزگار ئەبێت‌و بەداخەوە پێیانناگات‌و گیانلەدەست ئەدەن، ملیۆنانی تریش یان ئاوارەن یان گرفتاری نێو جەنگی ئایینی‌و تائیفی‌و جەنگی جۆراو جۆری ترن، ملیۆن ملیۆن منداڵ یان کۆیلەی قەرزن یان کارگەرن، ملیۆن ملیۆن لە هاونەعەکانمان، یانی ژنان‌و دایکانمان لەژێر کاریگەریی نەریت‌و کەلتووری پڕتوندوتیژیی ناموسپەرستانەو پیاوسالاری‌و ئایینی و قەومی و دواکەوتووانەو دەیان گوشاری ئایدیۆلۆژیکی دیکەدا ئەناڵێنن‌و وەکو کۆیلە مامەڵەئەکرێن، هەتا دەیان گرفتاری دیکە!

 بەڵام وەکو چۆن بە پیرزۆبایی کردن لە یەکتری ڕەنگە هیچی وا لە کۆمەڵگا گۆڕانی پۆزەتیڤی بەسەردا نەیەت، هەرواش بە بایکۆتکردنی شادییەکانی سەری ساڵ هیچی وا گۆڕانکاری بەسەردا نایەت‌و ئەو دەردو بەڵاو گرفتاریانەی هەندێکیانم ژماردن هەروا بەردەوام ژیان لە مرۆڤ ئەکەنە دۆزەخ‌و هەر سات ناساتێک لە گۆشەیەکی ئەم زەوییەوە درامایەک یان تراژیدیایەکی جەگبڕ، جا بەتاک یان بەکۆمەڵ ویژدانمان ڕائەچڵەکێنێت‌و بانگەوازمان ئەکات بەرانبەر بەم زوڵم‌و نایەکسانی‌و بێئینسافییە ڕاوەستین.   هەروەکو باوباپیرانمان لە چینە کارکەرو ژێردەستەکان خەباتێک درێژەپێبدەین کە ئازادی‌و یەکسانی‌و دادپەروەریی واقعیی بەرقەرار ئەکات بۆ هەموو مرۆڤایەتیی بەبێ هیچ جیاوازی‌و هەڵاواردنێک.   

من بڕوام وایە، مرۆڤ بەڕەهایی لە ناخی ئازادی خۆیدا بێ جیاوازی، کۆمۆنیزم وەکو هێزێکێکی خێرو نەفرەتئامێز لە خراپەکلاریی ئامادەگیی هەیەو بە قووڵی خوازیاری ئازادی‌و ڕەهایی‌
و یەکسانی و دادپەروەرییە بۆ ئینسان.   بۆیە مرۆڤی ئەمڕۆ دێن‌و لە ڕێو ڕەسمێکی وەکو بەڕێکردنی ساڵی پێشوو وە پێشوازی ساڵی ئاییندە، کە حەتمییەتێکی مێژووییشە، بۆ نرخاندنی شادی‌و بەختەوەری، ڕەنگە گونجاوتر بێت جەژنی سەری ساڵ‌و ساڵگۆڕینەکان، نەک "کریسمس" شادمانی و جەژن‌و پێکەوەبوونی خۆشی‌و بەکۆمەڵ‌و بەرفراوان سازمان بدەین.   هەتا نیشانی دەین کە ژیان بۆ مرۆڤ واتای شادی‌و کامەرانی‌و سەرفرازیی هەیە، نەک هەڵاواردن‌و جیاکاری‌و خراپەکارییەکان‌و پەسەندکردنی جیاوازیی چینایەتی! بۆ هەڵپێچانی جیهانی ئێستاو لەپێناو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی شاییستەی مرۆڤی ئەمڕۆ، کە جیاکاری‌و هەژاری‌و شەڕو دوژمانیەتیی تێدا نەمێنیت، پێویستمان بە یەکریزیی‌و یەککگرتن‌و یەکپارچەیی چیانیەتیی هەیە لەدەوری ئاڵای چینی کرێکارو کۆمۆنیزم! ئەم کارەش گۆشەیەکی بچوکی لە نرخاندنی شادی‌و خۆشییەکانی سەری ساڵدایە کە مۆرکی ئایین‌و ئایدیۆلۆژیاو ئەحزابی پێوە نییەو نابێت ڕێگابدەین هیچ مۆرکێکی وەهای پێوە بلکێنرێت.   جەژنێکی جیهانییە بۆ نیشاندانی هیواو ئاواتی بەکۆمەڵی مرۆڤ لە هەر چوارگۆشەی جیهانەوە بۆ ڕەتکردنەوەی زوڵم‌و ستەم و دڵتەنگی و خراپکارییەکان، وە نرخاندنی بەها باڵاکانی ژیان‌و مرۆڤایەتیی، کە گرنگترینیان شادی‌و کەیف‌و خۆشی‌و خۆشگوزەرانییە بۆ هەمووان
!

لەم ڕووەوەیە کە بەشداری کردن لە شادی‌و خۆشییەکانی جەژنی ساڵگوڕینەکان، بە فراوانترین شێواز لە هەزاران‌و دەیان هەزار کۆڕو مەراسیم‌و کەڕنەڤاڵی شادی‌و خۆشەویستی‌و لەباوەشیەکگرتنی یەکتریی‌و بەکۆمەڵی پڕ محیببەت‌و لوتف‌و وەفاو یەکترنرخاندنەکانی سەری ساڵی شارەکانی جیهاندا، گرنگیی خۆی هەیەو برەودانە بەو نەریتە لێوانلێوە لە خۆشەویستیی کە دڕدۆنگی‌و دوژمنایەتی‌و ڕکابەری‌و دەیان گرفتاریی دیکە توڕهەڵئەداو لەجێگایدا خۆشەویستی ئەکاتە ئامانج.   لەپێناو بنیاتنانی جیانێکی لەم چەشنەدا، پێویستمان بە یەکگرتن‌و یەکڕیزی‌و تەبایی هەیە، مەبەستم چینە کرێکارو زەحمەتکێش‌و هەژارەکانی کۆمەڵگاکانە لەدەوری یەکترو لەژێر پەرچەمی ئازادی‌و یەکسانیدا.  

١کانونیدووهەم٢٠١٤

دوو کەس لەسەر یەک مەتر چوارگۆشەی زەوی ئەم جیهانە، باوەشی خۆشەویستیی کۆیکردوونەتەوەو بە ماچێک پێشوازی لە ساڵی ئاییندە ئەکەن، وەکو هێمایەک بۆ ڕەتکردنەوەی دڕدۆنگییەکان.   کەس ئەتوانێت بزانێت ناسنامەی ئەم دوو مرۆڤە چییەو، جگە لە نێرو مێبونیان!؟

 

 

 

 

Go to top