We have 141 guests and no members online

دڵشاد تاقانە

 

 

 

تۆزی ته‌پاشیر هه‌موو ده‌مێ سه‌رپه‌نجه‌کانی سپی ده‌کرد، لۆ هاوکێشه‌کردنی سین و صادی خوێندکاره‌کانی بێ پشوو ماندی نه‌ده‌بوو، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک هه‌میشه‌ ده‌رگای هه‌ست و دڵی ده‌سمی، نه‌رمه‌دوێ پیتی ڕ و رری ده‌په‌ڕاند و ده‌توانده‌وه‌ له‌خۆشگۆییدا، چاوکێش و ڕۆحپه‌ره‌ی باریکه‌له‌ به‌هزرێکی به‌رز، ئه‌وه‌نده‌ نزیک ده‌بۆوه‌ له‌ڕۆحت وات ده‌زانی ئاوه‌ڵی تۆیه‌ قوتت ده‌دا به‌رام که‌به‌خۆت ده‌زانیه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌گه‌وره‌یی خۆی قوتی د‌ایی له‌باوه‌شی میهره‌بانیدا داڵده‌ی داوی ! که‌سایه‌تی ئیسفنجی بوو هه‌رچه‌ند بگوشرێ هه‌رده‌هاته‌وه‌ قه‌باره‌که‌ی خۆی به‌و نه‌رمیه‌ی به‌رگه‌ی هه‌موو هێزێکی ده‌گرت و له‌خاڵی کۆتا هه‌رئه‌و براوه‌بوو

ڕێکه‌وت و مێژوو . .

گه‌له‌ک جار ڕێکه‌وته‌کانی ژیان بێدادن هه‌ل ناده‌نه‌ که‌سه‌ شیاوه‌کان به‌ڵام مێژوو بوخچه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی مێشکی مرۆڤه‌ بۆ هه‌موو شتێ لاپه‌ڕه‌ک ده‌نوسێته‌وه‌ . هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕووپه‌ڕێکی ڕازاوه‌ی خۆی ئه‌هوا نوسیته‌وه‌ که‌ سه‌ره‌تا ده‌ستت به‌خوێندنه‌وی کرد، لێره‌وه‌ش وێنانوسی هه‌ندێک له‌هه‌ڵکه‌وته‌یی مامۆستای به‌رز بخوێنه‌وه‌

سه‌رکرده‌ی سیاسی . .

هه‌موو مه‌رجه‌کانی سه‌رکرده‌ی سیاسی تێدابووه‌ له‌پاشه‌بنه‌ی ڕۆشه‌نبیری و خاوه‌ن بۆچوون، دانوستانێکی نه‌رم و نیانی گوێگری هه‌مووان، بوێری مه‌یدانی خه‌بات، کوردپه‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر، میانڕه‌وی سیاسی بێ که‌فوکوڵ، بێ هه‌ڵچوونی ده‌مارگیری . زۆرکه‌س له‌ئاستی ئه‌و نزمتربوون هه‌لی چوونه‌سه‌ره‌ویان پێدرا و هیچیان پێنه‌کرا به‌ڵام مامۆستا وریا و چه‌ندانی تری له‌و ئاستانه‌ ڕێگریان لێکرا به‌ڵام زێڕی عه‌یار بیستوچاربوون هه‌رگیز خڵت و خاش نرخی دانه‌به‌زاندن و ئه‌وه‌ش‌ حوکمی مێژووه‌ 

پێشڕه‌وی ڕه‌چه‌شکێن . .

ئه‌وه‌ی ده‌ی خونیه‌وه‌ پێهه‌ڵدان و شینی دوای مردوو نی یه‌ به‌ڵکو باسی دروستی مرۆڤێکی بوێری پێشره‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌چه‌شکێنی کۆت و به‌نده‌ کۆنه‌ به‌ده‌کان، چه‌کدار به‌بیری ڕۆشه‌ن و کرداری نوێخواز، کوردێکی ڕاسته‌قینه‌ هیچ که‌لتورێکی داگیرکار پاوانی بیروبۆچوونی نه‌کردبوو ! بڕوای به‌ئازادی ژن و مافی هه‌موو تاکه‌کان بوو له‌گچکه‌وه‌ تا پیر . دژی زه‌بروزه‌نگ و لێدان و کوشتن له‌هه‌مبه‌ری ئه‌وانه‌ش مرۆڤێکی خۆگری پڕ جوامێری ئازایه‌تی بوو

هاوکاری پارتیزانه‌کان . .

هه‌رچه‌نده‌ باسی پارتیزانه‌کانی کۆیه‌ ڕوپه‌ڕێکی تری مێژووه‌ به‌جیا نوسرایته‌وه‌ له‌کتابێک به‌ڵام لێره‌ تیشکێک وه‌رده‌گرین له‌دووسێ ڕسته‌ زیاتر نه‌بی، ئه‌و شه‌وانه‌ی خواردنیان لێده‌بڕا و ده‌هاتنه‌ شار ماڵی مامۆستا وریا ئه‌و په‌ناگه‌یه‌بوو باروتای لۆ ده‌پێچانه‌وه‌ به‌وایه‌ری ڕستی جلکان له‌پشتی که‌ره‌ کوێری ده‌به‌ست و به‌ڕێ ی ده‌کرد، خاو خێزانه‌که‌شی خاکی به‌رپێ ی پێشمه‌رگه‌کان بوون له‌شه‌وه‌ توشه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا ! خۆی کادیری کارای ڕێکخستنی ناوشار و یه‌کێتی هه‌موو ڕه‌نجده‌رانی بیر و بازوو بوو

ده‌ریایه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ . .

په‌ڕاوه‌که‌ی مامۆستا پڕ گه‌وهه‌ری ده‌ریایه‌کی قوله‌ وه‌ک چاوه‌کانی تا لێ ی وردبووبایه‌وه‌ زیاتر فێرده‌بووی . له‌وانه‌یه‌ مافی خۆی وه‌رنه‌گرتبی به‌ڵام ئێسته‌ش ته‌واوی مافه‌که‌یمان پێ نادرێ چونکه‌ ئێمه‌ش ئه‌و ده‌ریاوانه‌‌ لێزانه‌ نه‌بووین بتانین لێ ی تێبگه‌ین ته‌واوی یاقوت و مه‌رجانه‌کانی په‌ی پێببه‌ین ! دروود بۆ ڕوحانیه‌تی مامۆستای گه‌وره‌

هه‌رده‌ژی . .

بیۆگرافیای خودی مامۆستا وریا ساڵی چه‌ند له‌دایک بوو؟ چی خوێند؟ چی کرد؟ که‌ی کۆچی کرد؟ هیچ شتێک ناگۆڕێ چونکه‌ ناتوانی ناوی بهێنی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێ ی : مامۆستا وریا واته‌ له‌لایه‌ک مام و له‌لایه‌ک وه‌ستای فێرکردنه‌، دوای ئه‌ویش قوولی چاوه‌ ڕه‌شه‌کانی وریایی وێناده‌کرد، هه‌رگیز کۆچی نه‌کردیه‌ و ئێستا له‌کاکره‌ی ناخی هه‌موومان هه‌تایی ده‌ژیه‌ .

                       

                                    This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

 

 

 

فشاری خوێن . .

وشه‌ بیانیه‌کان وا خزاونه‌ ناو زمانی کوردیه‌وه‌ بێ ئاگا مرۆڤ هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی ده‌کا، بۆ منداڵه‌ هه‌رنده‌رانیه‌کانی کوردیش ده‌ردێکی گرانتر له‌ژێرباری ده‌ربازنابن هه‌رچه‌ندی هه‌ڵه‌ش بێ چونکه‌ گوێ له‌زمانی دایه‌ و بابه‌ ده‌گرن فێرده‌بن . ئامێری تۆماره ده‌نگیه‌‌که‌ی ماڵێ تێکچوو، یه‌ک له‌پلاکه‌کانی خراپ ببوو ئیدی نوقه‌ی لێ بڕیبوو ! باوکه‌ش بۆ گوێگری گۆرانیه‌ک دایگیرساند نوزه‌ی لێوه‌ نه‌هات ! پرسی: کێ ده‌ستی داوه‌تێ وا خراپی کردووه‌ ؟ زۆرینه‌ به‌دایه‌وه‌ش خۆیان په‌ڕانده‌وه‌ که‌ ئه‌وان نه‌بوون و ده‌ستیان لێ نه‌داوه‌ . ماوه‌ له‌سه‌ر کچی پاشه‌به‌ره که‌‌ پێنج نه‌ورۆزی له‌م ماڵه‌ کوردستانیه‌ هه‌نده‌رانیه‌ کردبۆوه‌، هه‌موویان ته‌ماشایان ئه‌کرد به‌گومانه‌وه‌ که‌ ئه‌و خاپه‌کاری کردبێ ! هاته‌ ده‌نگ : به‌خوا من نه‌م شاکانووه‌ ! باوه‌ش له‌سه‌ری ده‌ڕۆیی : ئه‌ی ئێوه‌ نه‌بن خۆ من نه‌مشکانووه‌ ؟ دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌زه‌خت شکاوه‌ ! ماوه‌یه‌ک هه‌موو کڕومات بوون ده‌نگی سه‌یار و به‌یاری نه‌ما . کیژۆڵه‌ هاته‌ به‌ردمی باوه‌ : من ئه‌زانم کێ شکانوویه‌تی ! ئه‌وانیش تێکڕا ته‌ماشایان کرد ! به‌رده‌وام بوو: ئه‌وه‌ دایه‌ گه‌وره‌ شکانی . ئه‌وانیش پێکه‌نین : ئه‌ی دایه‌ گه‌وره‌ له‌کوردستان نی یه‌ ؟ چۆن ئه‌و شکانی ؟ کچه‌ش: بابه‌ نه‌یووت: ئه‌مه‌ به‌زه‌خت شکاوه‌ ؟ ئایه‌کی به‌چاویان وه‌ڵامداوه‌ . خۆ ئێمه‌ زه‌ختمان نی یه‌ ؟ هه‌ر دایه‌ گه‌وره‌ زه‌ختی هه‌یه‌ !  

                          Dlshadtakana@yahoo.  com

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

پیاومان له‌ماڵێ نی یه‌ ..دڵشاد تاقانە

له‌پێخه‌فی

شه‌وێکی پێشمه‌رگایه‌تیدا

گرمۆڵه‌بووم

خه‌ونی ئازادیم ده‌دیت .

؛ ؛ ؛

تنۆکه‌‌‌ بارانی

شه‌وێکی تاریک

ڕێگاکه‌ی

زۆر دوورخستم

؛ ؛ ؛

له‌بن میچی

مزگه‌وتێکا

دوو پیسپیسۆک

شه‌ڕی

سنوریان ده‌کرد

؛ ؛ ؛

‌له‌تۆڕی

جاڵجاڵۆکه‌یه‌ک فێربووم

ژیان ته‌ونێکی

ئه‌ندازه‌ییه‌

؛ ؛ ؛

بۆ خواردنی

ژه‌مه‌نانێ

کابان گۆتی:

بڕۆ

پیاومان له‌ماڵێ نی یه‌ .

 

                       

                                     This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

سرود وه‌ک شێوازێکی تایبه‌تمه‌ندی گۆرانی ده‌رهاوێشته‌ی ‌بۆنه‌ نیشتمانی و سیاسیه‌کانه‌ . خاوه‌ن ڕتم و ئارایشکاری هۆنراوه‌ پڕ جۆش و خرۆشی هاندانه‌ سه‌روه‌ریه‌کانه‌ . تۆنی تایبه‌ت و ڕسته‌ی موزیکی خۆی هه‌یه‌ له‌هاڕمۆنیه‌تیدا ماڕشی نیشتمانی و شار و ده‌سه‌ڵاته‌کانی لێده‌که‌وێته‌وه‌ . هه‌موو گۆرانیبێژێک سرودبێژ نی یه‌ هه‌روه‌ها هه‌موو شاعیر و موزیک زانێک سرودهێن نی یه‌ !

کۆی وێژه‌ و هونه‌ر بۆ خزمه‌تی کلتوره‌ . .

له‌هه‌موو به‌رهه‌مێک په‌یامێک کاکڕه‌ی داهێنانیه‌تی ئینجا په‌یامه‌که‌ به‌وشه‌ی هه‌ستمه‌ندی شاعیرانه‌ی هاوتای ده‌ربڕ ده‌هۆندرێته‌وه‌، ئاواز سۆزێکی ڕۆحی ده‌داتێ ئاسانتر ده‌یگه‌یه‌نێ، بۆئارایشتی زیاتر موزیکی بۆداده‌نرێ و دابه‌ش ده‌کرێ . له‌دوای ئه‌وانه‌ش ده‌نگێکی شیاوی بۆ هه‌ڵده‌بژێردرێ سروده‌که‌ی پێ بچڕێ . دواتر دێته‌ سه‌ر تۆمار و کلیپ کردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئینجا به‌بانگه‌شه‌وه‌ یا بێ بانگه‌شه‌ ! به‌واتایه‌کی تر بڵاوکردنه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ له‌خزمه‌تی ده‌نگ و ده‌نگیش له‌خزمه‌تی موزیک و ئاواز، موزیک و ئاوازه‌که‌ له‌خزمه‌تی شیعر، شیعریش له‌خزمه‌ت په‌یامه‌که‌دایه‌ . هه‌ر پێگه‌یه‌ک له‌وانه‌ گرینگی پێنه‌دری به‌رهه‌مه‌که‌ نیوه‌چڵ ده‌کا و ناوی نه‌مری پێنابه‌خشێ . جار هه‌یه‌ ئاواز و موزیک زۆر خۆشه‌ به‌ڵام شیعر به‌یت و بالۆره‌یه‌ یان شیعر به‌هێزه‌ موزیک لاوازه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگیش باش بێ تۆمار خراپ هه‌مان ده‌رده‌سه‌ریه‌ و به‌رهه‌مه‌که‌ ده‌کوژێ .

مزه‌وره‌ی سرود و گۆرانی کوردی . .

ناکرێ گۆرانی بکرێ به‌سرود یا پێچه‌وانه‌که‌ی سرود بکرێ به‌گۆرانی ! ئه‌گه‌ر کراش ئه‌وه‌ کارامه‌یی و لێزانی ده‌وێ له‌شێوازێک بیسه‌ر ماندوو نه‌کا، بتوانێ چێژێکی ڕۆحی لێ وه‌رگرێ به‌ڵام ئه‌و تێکهه‌ڵکێشیه‌ به‌رهه‌مێکی نه‌مر دروست ناکا به‌ڵکو ته‌مه‌نی درێژنابێ هه‌رزوو گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌ ده‌یشێرێته‌وه‌ . ئێستا به‌هۆی هه‌ڵسانه‌وه‌ی کێرڤی نیشتمانپه‌روه‌ری له‌هێرشی داگیرکاران و تیرۆرستان بۆ سه‌ر کوردستان له‌هه‌ڵدان به‌سه‌ر کۆبانی و پێشمه‌رگه‌ گوێمان کاس بووه‌ به‌هه‌رزه‌فرۆشی کاره‌ هونه‌ریه‌کان ! له‌وانه‌یه‌ له‌چاوگی دڵسۆزیه‌وه‌ هه‌ڵقوڵابێ، هه‌ڵوێست و جوامێری نواندن بێ خواستی هه‌مووانیشه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێته‌ شاکار لانی که‌م جوانکاربێ به‌ڵام هه‌نده‌ په‌له‌ په‌لی پێوه‌دیاره‌ کاره‌کان چروک و ساده‌ و ئاستی هونه‌ریان دابه‌زیوه‌ که‌ نه‌ک هه‌رگیز جێ ی ‌سروده‌کانی ئه‌ی ڕه‌قیب و ئه‌ی کوردینه‌ و خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی . . . . تاد ناگرنه‌وه‌ هه‌ر شایه‌نی پێوانه‌کردن نین به‌وان ! ‌که‌چی ئێستا سه‌رده‌م پێشکه‌وتووه‌، که‌رسته‌ی به‌رهه‌مهێنان زۆرن به‌ڵام (خۆمه‌ خۆمه)‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌ جوانه‌کانی کاڵ کردووه‌، بێ ڕاگۆڕکێ و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هونه‌ریه‌ .

گۆرانیبێژی . .

گۆرانی له‌هه‌ستی تاکه‌وه‌ بۆتاک ده‌رده‌بڕێ خاوه‌نی هه‌ر ناواخنێکی مرۆڤایه‌تی یا هه‌ڵگری خۆشه‌ویستی و شه‌یدایی بێ هه‌ر به‌گۆرانی ده‌مێنیته‌وه‌ تایبه‌تیه‌ بۆ هه‌وادارنی خۆی به‌ڵام سرود مۆرکی گشتی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌رده‌گرێ ده‌بێته‌ وێردی سه‌رزمانی پیر و گه‌نج له‌نیشتمانێکدا بۆیه‌ جیاکاریان پێویستیه‌. هه‌رگیز ناکرێ سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب به‌شێوازی گۆرانبێژانی وه‌ک حه‌سه‌ن زیره‌ک یان تایه‌ر تۆفیق، عه‌لی مه‌ردان یا مامڵێ . . . . تاد بگۆترێ هه‌روه‌ها هۆنراوه‌ی سرودێکی وه‌ک : ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌ جه‌ژنێکی کۆنی کورده‌ به‌خۆشی و به‌هاته‌وه‌ . . به‌شێوازی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ک چڕیویه‌تی ناکرێ به‌سرود پێوانه‌ بکرێ چونکه‌ به‌شێوازی گۆرانی فه‌رموویه‌تی ! مه‌به‌ست لێره‌ شیعری سرود بۆ سرود لێگه‌ڕێن هۆنراوه‌ی گۆرانیش بناسرێته‌وه‌ .

زۆروبۆر یا که‌م و پوخت ؟

چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی له‌به‌رهه‌مه‌کان بێژینگی ده‌وێ، له‌به‌رزۆری توانا و بواره‌کانی به‌رهه‌مهێنان یا فره‌یی چاوگه‌ میدیایه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ ئیدی هه‌رچی ڕاست ده‌بته‌وه‌ به‌ڕه‌کی خۆی داوێته‌ مزگه‌وتێ . کابرا نه‌ده‌نگی هه‌یه‌ و نه‌به‌هره‌ی هونه‌ری بووه‌ به‌گۆرانبێژ، جگه‌ له‌و تێکست نوسانه‌ی به‌ئه‌مری خوای بووینه‌ شاعیر و نه‌ک قسه‌ی ڕێکوپێک بگره‌ حه‌له‌مشایی به‌ناوکه‌وتیین ئه‌وه‌‌ی ده‌یرێن نایرێنه‌وه‌ "ها ها ها " ده‌ڵێن: پێکه‌نین له‌خۆشیان نایه‌ هه‌نده‌ک جار له‌ناو که‌وانه‌ی ته‌وسه‌ و له‌جێ چه‌ندین دڵۆپه‌ فرمێسک گوزه‌رده‌که‌ن .

هۆنراوه‌ یا تێکست . .

به‌کارهێنانی وشه‌کان له‌سرود و گۆرانی دا جیاوازی له‌واتا و ده‌ربڕین هه‌یه‌ وه‌ک وشه‌ی ( قوربانی ) له‌گۆرانی هه‌ستۆکی و سۆز و پاڕانه‌وه‌یه‌ به‌هه‌ر پێشگر و پاشگرێک بگۆترێ به‌ڵام له‌سرودا نیشانه‌ و سیمبوله‌ تۆنێکی ڕشت و ده‌ربڕێکی جوایه‌زه‌ . ئه‌مڕۆ هه‌ربابایه‌ وشه‌ ڕێک ده‌خا، ئاواز داده‌نێ، خێرا خێرا موزیک ده‌ژه‌نێ، تۆمارده‌کا بێ گوێدانه‌ دێمدانی به‌رهه‌مه‌که‌ به‌کرچ و کاڵی یا به‌سوتاوی هه‌ڵی ده‌ڕێژێ جاری واهه‌یه‌ ته‌مه‌نی‌ به‌رهه‌مه‌که‌ لای گوێگر چه‌ند خوله‌کێک ناخایه‌نێ ببڕای ببڕ گوێ ی لێ ناگرێته‌وه‌ که‌چی ئاماده‌کارانی سه‌دان کا‌تژمێریان بۆ ته‌رخان کردووه‌ تا به‌رهه‌م هاتووه‌ چ جای تێچوونی پاره‌ و شه‌ونخونی ماندبوون . ده‌سخۆشی بۆ هه‌وڵه‌کان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌کان له‌ئاستی هیوادانین پێداچوونه‌وه‌مان ده‌وێ .

 

                 

Dlshadtakana@yahoo.  com                            

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

هه‌رشیعر و ستران یا سرود نی یه

دروشمی ڕازاوه‌ی پێهه‌ڵدان نی یه‌

ڕووگه‌ی کوردانه‌ گشت جیهانی یه‌

‌ترۆپکه‌ی خۆگری و به‌رخۆدانی یه‌

نر‌که‌ی پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانی یه

شه‌ڕگه‌ی شێره‌ژن له‌ مه‌یدانی یه

خه‌مگه‌ی سه‌رده‌می مرۆڤا‌نی یه‌

له‌ کۆی شاراندا بێ هاوشانی یه‌ ‌

 

                          

                          This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Go to top