We have 20 guests and no members online

 

 

 

پورێ مارێ هه‌یبه‌تی له‌کێ یه‌ ؟ پرسیارێکی خێرای وادی ناوێکی ئه‌من بوو (خه‌ڵکی لای گوێڕ و کوردیشی ده‌زانی) له‌به‌رده‌رکه‌ی ماڵێ خۆمان له‌داکمی کرد له‌گه‌ڵ وه‌ستانی لاندکرۆزه‌ره‌که‌ی منه‌زه‌مه‌یکۆیه‌ و سیڕه‌ی ئیستاپه‌که‌ی که‌ غه‌فوره‌ی یائامانێ ی ئه‌ودیوی کۆرانه‌که‌مان ده‌یهاژووشت دابه‌زی.  داکیشم بێ پلان و به‌رنامه‌ یه‌کسه‌ر‌ گۆتی: نازانم ! وادی زله‌کی قایمی له‌بنی گێ ی غه‌فوره‌ دا تێیڕاخوڕی گۆتی: سه‌گباب قه‌شمه‌ریم پێ ده‌که‌ی به‌و شه‌وه‌ی په‌نجا ده‌رکه‌ت پێکردم لێخوڕه‌ ده‌ی بڕۆ.  هه‌ردووک ده‌ترسان و خواخوایان بوو بگه‌ڕێنه‌وه‌ مۆڵگاکانیان ، ئه‌ویش به‌ته‌ناشیکه‌وه‌ پێ ی لێنا و ڕۆیشتن.  ئه‌من و ئازاد حه‌میدی وه‌ستاسوره‌ی له‌سه‌رسوانده‌ی بانی خۆمان له‌به‌ر شه‌وقی گڵۆپی عاموده‌که‌ی ناوه‌ندی کۆرانێ‌ خه‌ریکی خوندنه‌وه‌ی کتابی مه‌کته‌بێ بووین چونکه‌ له‌به‌رته‌قه‌کان کاره‌بای ماڵان کوژابۆوه‌.  له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی ئه‌منه‌کان داکم بانگ کرده‌ سه‌ربانی له‌کاتی به‌سه‌رکه‌وتنی قادرمه‌ داره‌که‌مان هه‌ردوو نه‌عله‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو وا شڵه‌ژا زۆر ده‌ترسا ئه‌منه‌کان بێنه‌وه‌ بیگرن له‌بیری چوو له‌پێی بکاته‌وه‌ به‌پێخواسی ده‌ڕۆیشت چونکه‌ گیران و بردنه‌ دائیره‌ی ئه‌من بۆ ژنان کارێکی زۆرگران و پڕ ترس بوو.  ئه‌مه‌ش هه‌ر سه‌ربان و سه‌ربان به‌ماڵی حاجی خدری سه‌ره‌خۆره‌ی په‌ڕینه‌وه‌ بانی ماڵی ئازاد ، شه‌و له‌لای یاخه‌جاوی دایکی خه‌وتین سبه‌ی ڕۆیشتینه‌ مارێ خزمان.  هه‌ر ئه‌وه‌بوو دوو سێ کاتژمێر دوای ته‌قه‌کان به‌‌رپرسی ئه‌منی شاری کۆیه وادی ئه‌منی ناردبوو : ئه‌وشۆ موخه‌ڕیبه‌کان هه‌یبه‌ت ناوێکیان بانگ کردیه‌ هه‌ر ئێستا بڕۆ بیبینه‌وه‌ و بزانه‌ کێ یه‌ ؟  

هه‌شتاکان وێنه‌گر و هه‌ڵگری کۆڕووداوی‌ سه‌مه‌ره‌بوو ، ئه‌و ده‌ساڵه‌ی وه‌ک زه‌ریایه‌کی شڵه‌ژێنه‌ر بێ ئارام کورد و کوردستانی ده‌هه‌ژاند له‌ژێرکه‌وتن و سه‌رکه‌وتن ، کاره‌سات و سه‌روه‌ری ، خوێن ڕژان و خوێنبه‌خشی گه‌وزاند و خاراند.  هاوینی ساڵی هه‌شتا لێره‌وه‌‌ وه‌ک یاده‌وه‌ری هه‌روا ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی مێژوویی بۆ ئه‌م ساته‌مان به‌خه‌یاڵ ده‌چینه‌وه‌ شه‌وێکی هاوینه‌ی ئه‌وکات نۆی شه‌وی ده‌خولانده‌وه‌ ، ئه‌من و ئازاد له‌سه‌ر جاده‌ی گردی به‌رشه‌وقی عاموده‌که‌ی سه‌رجاده‌ی سه‌ری کۆرانێ دانیشتبووین.  زیره‌ک حه‌مه‌ده‌مین هات گۆتی: دلشاد ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌خوار کۆرانی خۆمانن.  ئه‌من و ئازادیش به‌غاردان هاتینه‌ خوارێ له‌ده‌رکه‌ی حه‌وشی خۆمان‌ زۆر به‌ده‌نگی به‌رز ‌بانگی داکم به‌هاواره‌وه‌ کرد: ( هه‌یبه‌ت هه‌یبه‌ت کچێ هه‌یـــــــبـــــــــــه‌ت وه‌ره‌ وه‌ره‌ ).  هه‌موو گه‌ڕه‌ک به‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌ ده‌نگی داوه‌ تا لای کارگه‌ی مافور و ده‌وروبه‌ر گوێبیستی بوون ! سه‌یره‌که‌ ئه‌وه‌بوو جاسوسه‌ به‌عسیه‌کان له‌وانه‌یه‌ غه‌فوره‌ یان  که‌سێکی تر که‌ تائێستاش نه‌مانزانی کێ یه‌ ! هه‌واڵیان دابوو : پێش ده‌سپێکردنی ته‌قه‌کان پێشمه‌رگه‌کان بانگی ناوێکیان کردیه‌ ( هه‌یبه‌ت هه‌یبه‌ت ) ، ماڵی ئه‌و هه‌یبه‌ته‌ش سێ یه‌م خانووه‌ له‌گه‌ڕه‌کی گردی.  بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی کۆیه‌ وادی ئه‌منی ناردبوو هه‌یبه‌ت بگرێ ! له‌وه‌ش سه‌یرتر له‌گه‌ڕه‌کی گردی جوان کۆرانه‌ی یه‌که‌م ده‌ستی چه‌پ سێیه‌م خانی ماڵی هه‌یبه‌تی حه‌مامچی بوو ! کۆرانه‌ی دووه‌م ده‌ستی ڕاست خانی سێ یه‌م ماڵی هه‌یبه‌تی ژنی حه‌وێز لۆری بوو ! کۆرانه‌ی چواره‌م ده‌ستی چه‌پ خانی سێ یه‌م ماڵی خۆمان بوو که‌ ده‌کاته‌ داکم ناوی هه‌یبه‌ته‌ ! تا دوکانه‌که‌ی حه‌مه‌عه‌لی خوارگردی ده‌یان هه‌یبه‌تی دیشت ده‌دیته‌وه‌ ! ئه‌وه‌ش هه‌مووی هیچ ڕاستیه‌کی تێدانه‌بوو گوایه‌ پێشمه‌رگه‌کان بانگی هه‌یبه‌ت ناوێکیان کردبی یا هه‌یبه‌ت پێشڕه‌و چاوساغیان بووبێ له‌هاتنه‌شار یانیش وایان لێکداوه‌ ‌نهێنی ئه‌وشه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کان بووبی ! به‌ڵکو ته‌نیا هاوار هاواره‌ شاگه‌شکه‌ییه‌که‌ی من بوو له‌بانگی داکم و چوون لۆ دیتنی پێشمه‌رگه‌کان ! به‌بێ مه‌به‌ست خه‌ریک بوو داکیشم بگیرێ که‌هیچ ئاگاداری پێشه‌کی هاتنی پێشمه‌رگه‌کان نه‌بووین ته‌نیا ڕێکه‌وتێک بوو که‌ئێستا تۆی خوێنه‌ریش ده‌باته‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌م وه‌ک زانیاری و ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌کان هه‌روه‌ها به‌بێ پاکانه‌ بۆ ڕه‌واندنه‌وی گرژی به‌رچاو ڕوونیت ده‌داتێ !

له‌وێوه‌ مه‌به‌ستم دوای بانگه‌ بانگه‌که‌ی من به‌و ده‌نگه‌ زله‌م چوینه‌ ‌خوارێ ی کۆرانه‌ی خۆمان له‌سه‌ر گۆشه‌ی چه‌پ‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ک وه‌ستابوو ده‌مامکی کردبوو ئه‌منیش یه‌کسه‌ره‌ ده‌ستم برد تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م گۆتم: کاک جه‌مال چۆنی ؟ وامزانی جه‌مالی سه‌ید حه‌مه‌ده‌مینی جیرانمانه‌ ئه‌وکاته‌ پێشمه‌رگه‌بوو ! که‌چی پێشمه‌رگه‌که‌ گۆتی: من جه‌مال نیم ! لێ ی وردبوومه‌وه‌ گۆتی: ئه‌من دلێر حاجی قه‌راییم.  ئه‌ویشم ده‌ناسی پێشتر له‌حه‌فتاوچوار له‌‌خانی ماڵی کاک حه‌مه‌غه‌ریب بوون که‌گۆشه‌ی خانیه‌که‌مان یه‌کبوو هه‌زار جار باز بازانێ و ڕاوی کۆتره‌کانم به‌سه‌ر بانیاندا کردبوو.  له‌و کاته‌ فه‌ره‌ج ئه‌سعه‌د شه‌وگێڕی له‌ماڵێک هاته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌منیش لێ ی نزیک بوومه‌وه‌ داکم گۆتی ئه‌وه‌ دلشادی کوڕمه‌.  فه‌ره‌جیش ده‌ستی هینا به‌خۆشی و پێکه‌نینه‌وه‌ تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ کردم گۆتی: چۆنی دلشاد ؟ دیاربوو ده‌یزانی چه‌ندین جار چووبوومه‌ ماڵی پلکم له‌گوندی شه‌وگێڕ لۆ دیتنی پێشمه‌رگه و هیچ جاره‌کیش ڕێک نه‌ده‌که‌وت فه‌رج ببینم که‌ ئه‌وکات فه‌رمانده‌ی هێزه‌که‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ‌بوو له‌ده‌شتی کۆیه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌کیشیم هه‌بوو به‌داخه‌وه‌ کاتی ئه‌نفاله‌کان فۆتا ! ڕاستیه‌کی تر ئه‌و فه‌ره‌جه‌ پیاوێکی زۆر زۆر ئازای چاونه‌ترس بوو که‌ به‌چاوی خۆمان بینیمان هاتبووه‌ نزیکترین شوێن له‌منه‌زه‌مه‌ی حیزبی به‌عس و کۆڵانه‌ک پشت ڕه‌بایه‌که‌ی سه‌ر کارگه‌ی مافورچنین ! ئه‌و شوێنه‌ بۆ که‌سێک که‌ پێشمه‌رگایه‌تی کردبی ده‌زانێ هاتن له‌ده‌شتی کۆیه‌وه‌ تا ئه‌وێ چه‌نده‌ گرانه‌ پڕ مه‌ترسی و ئازایه‌تی خۆی ده‌وێ ! ڕووی له‌پێشمه‌رگه‌کانی کرد که‌ چار پێنجه‌ک بوون ‌گۆتی: کا ئاربیجیه‌که‌م ده‌یه‌ ؟ یه‌کیان کلاشینکۆفه‌که‌ی لێوه‌رگرت و ئاربیجیه‌که‌ی دا ده‌ستی.  ئه‌منیش پرسیارێکی منداڵانه‌م کرد: ئه‌وه‌ چ ده‌که‌ی کاک فه‌ره‌ج ؟ ڕووی تێکردم پێکه‌نی گۆتی: ئێستا له‌منه‌زه‌مه‌ی ده‌ده‌م.  زۆرم پێخۆشبوو له‌و کاته‌ که‌مه‌ ئه‌و هه‌موو سه‌ربرده‌ ڕوویدا ! پێشمه‌رگه‌کان به‌هه‌موو ژن و منداڵه‌کانی گه‌ڕه‌کێیان گۆت ده‌ی بڕۆنه‌وه‌ ژوورێ هه‌موو بڵاوه‌یان لێکرد ، ئه‌منیش له‌به‌رچاویان دوایین که‌س بووم به‌کۆڵانه‌ی خۆمان هه‌رده‌گه‌ڕامه‌وه‌.  کاک حه‌مه‌ده‌مین تێی ڕاخوڕیم خێرا وه‌ره‌ژوورێ ئێستا ده‌بته‌ ته‌قه‌ ؟ له‌وکاته‌ ئاوڕم داوه‌ پێشمه‌رگه‌ی لێ نه‌مابوو گێم نه‌دا کاک حه‌مه‌ده‌مین ! به‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌ به‌غاردان چوومه‌وه‌ خواری و سه‌ری کۆرانه‌که‌ له‌خوارێوه‌ به‌لای ڕاست ته‌ماشام کرد فه‌ره‌ج و پێشمه‌رگه‌کان به‌ره‌و کۆڵانه‌ی ماڵی مام مرادی ده‌کاته‌ به‌رامبه‌ر کۆڵانی ماڵی مامه‌ ڕووته‌ ده‌ڕۆیشتن پێشمه‌رگه‌کان خۆیاندا لای ڕاست دیواری خانیه‌کانی گردی.  له‌وێوه‌ ئه‌من ماندی بووم له‌سه‌ره‌ تاتکێ چوومه‌ پشت ته‌نیا مه‌کینه‌ی سه‌یاره‌ی که‌ کاک حه‌مه‌ده‌مین له‌وێ فڕێیدابوو تا جوانتر بیانبینم.  ئه‌وان له‌وێشه‌وه‌ ڕه‌تبوون تابه‌رده‌می ماڵی فه‌تحه ‌کورد و سه‌ر گۆشه‌ی پشته‌وه‌ی ماڵی ئه‌حمه‌د وه‌تمان ڕێک به‌رامبه‌ر منه‌زه‌مه‌ی کۆیه‌ی به‌عسی ئه‌وکات.  ته‌ماشای فه‌ره‌جم ده‌کرد چۆکی ڕاستی دادا سه‌رزه‌وی له‌سه‌رچیچکانه‌وه‌ سێره‌ی له‌جاسوسی ئاربیجیه‌که‌ به‌ره‌و منه‌زه‌مه‌ ده‌گرت ، له‌کورته‌ساتێکدا ڕمب ته‌قاندی ئاگرێکی گه‌وره‌ ڕه‌وه‌و من هات بووه‌ ده‌سڕێژی ته‌قه‌ وای لێهات هه‌موو کۆیه‌ی گرته‌وه‌ له‌هه‌موو لاوه‌ ئاگر ده‌باری ! که‌ پێشمه‌رگه‌کان کشانه‌وه‌ به‌ره‌و لای من نزیک بوونه‌وه‌ ئه‌منیش هاتمه‌وه‌ ناو کۆڵانه‌که‌ی خۆمان ‌له‌خۆشیان خه‌ریک بوو بفڕم باڵام ده‌کرد ، ده‌مدیت ئه‌وه‌ به‌ڕاستی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رچاوم شه‌ڕ ده‌کا و ته‌قه‌کردنی ڕاستی چۆنه‌ وه‌ک ئه‌وه‌نی یه‌ له‌ساڵی 1975 له‌کاتی پێشمه‌رگایه‌تی ‌بابم له‌گوندی میرسه‌ید له‌چاخانه‌ی توه‌ڕه‌ش به‌ره‌و به‌رده‌که‌ی قه‌دی گرد بێ خێری جا سیمینۆف یا بڕنه‌وم به‌نیشان ده‌ته‌قاند.  ئه‌وان ورده‌ ورده‌ پشتاو پشت به‌ده‌م ته‌قه‌وه‌ ده‌کشانه‌وه‌ ڕوویان له‌دوژمن به‌نیمچه‌ ده‌سڕێژ ته‌قه‌یان ده‌کرد له‌ناویان محه‌مه‌د عه‌باس حاجی قه‌رایی بوو په‌سته‌کێکی سپی له‌به‌ربوو ته‌ماشایه‌کی کردم به‌ده‌ستی نیشانیدا بڕۆ خێرا بڕۆ.  ئه‌منیش غارم داوه‌ ده‌رگای ماڵی کاک حه‌مه‌ده‌مین به‌س ئه‌و ده‌رکه‌ی دا‌خستبوو ناچار یه‌کسه‌ره‌ به‌ره‌و ماڵی خۆمان پێداهه‌رگه‌ڕام.  له‌وانه‌یه‌ ئێستا به‌شێتم بزانن و له‌خۆتان بپرسن ئه‌و منداڵه‌ ته‌مه‌ن پازده‌ ساڵه‌ چی ده‌وێ چوویته‌ ئه‌و جێگا مه‌ترسیداره‌ ؟ پێموایه‌ نێوانی من و پێشمه‌رگه‌کان کاتی ته‌قه‌ ده‌سپێکردنه‌که‌  بیست مه‌ترێک ده‌بوو ، ڕاستیه‌که‌ی بیستبووم که‌ پێشمه‌رگه‌ ئاربیجی ده‌ته‌قێنی ‌له‌دوایه‌وه‌ ئاگر فڕێده‌دا ، ها ها ها وه‌ک پێشینان ده‌ڵێن: عه‌قڵی منداڵی و قونی قرژاڵی.  ده‌مویست ئاگری ته‌قاندنی دواوه‌ی ئاربیجیه‌که‌ ببینم و هیچی تر !

 

 

  Dlshadtakana@yahoo. com

 

 

 

Go to top