We have 28 guests and no members online

هه‌ردوودوو به‌سه‌ر ماڵه‌کانی گوندی دابه‌ش ده‌بوون ، ئه‌گه‌ر هێزه‌که‌‌ی پێشمه‌رگه‌ زۆر گه‌وره‌با ناچار سێ و چار به‌سه‌ره‌وه‌ به‌رماڵه‌کان ده‌که‌وت یان له‌چه‌ند گوندێکی نزیک یه‌ک ده‌مانه‌وه‌ .ژه‌می نیوڕۆیان گۆڕاو بوو واته‌ هه‌ر نیوه‌ڕۆیه‌ی له‌ماڵێکی جیا نان ده‌خورا به‌س ژه‌می ئێواره‌ له‌کوێ نانت بخواردبا به‌یانیش له‌گه‌ڵ بردنه‌وه‌ی پێخه‌فه‌که‌ ده‌چوویه‌وه‌ هه‌مان ماڵ بۆ خواردنی به‌یانی ، کۆی ژه‌مه‌کان هه‌رچی له‌خوانی ‌ماڵان‌ هه‌بووایه‌ پێشمه‌رگه‌ش ده‌بووه‌ میوان ، دێ به‌دێ به‌سه‌رده‌کرانه‌وه‌ تا قورساییه‌که‌ له‌سه‌ریان سوک بکرێ .له‌و شوێنانه‌ی باره‌گای سه‌ره‌کی و به‌رده‌وامی لێ نه‌بوو دابه‌شبوون پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وام بوو .ئه‌و دێیانه‌ی زۆرزوو پێشمه‌رگایه‌تی لێکرابوو خه‌ڵکه‌که‌ی مه‌یله‌و بێزاربوون به‌هه‌زار تڕ و ته‌شقه‌ره‌ نانه‌کیان ده‌دایه‌ی ! له‌هه‌ندێ گوند ناو ناوتۆره‌ی خراپیان لێده‌نان پێشمه‌رگه‌کانیش گوێبیستی ده‌بوونه‌وه‌ به‌ڵام به‌سه‌رخۆیان نه‌ده‌هینا له‌زمانی ئه‌وانه‌وه‌ به‌زمگێڕێ به‌په‌لار ده‌یانگۆته‌وه‌: دیسان سه‌یه‌له‌که‌ هاتنه‌وه‌ ! واته‌ سه‌گه‌ل یا گه‌له‌ سه‌گ .جاریش هه‌بوو له‌ئه‌نجامدانی چالاکیه‌کی پێشمه‌رگانه‌ مانگێک له‌گوندانی ده‌وروبه‌ر گۆشت و گۆشتاو ده‌خورا ئه‌وه‌یان هاوکێشه‌ی پاداشتی بوو .کاتی دابه‌شبوون به‌پێ ی وه‌رزه‌کان جیاوازی هه‌بوو زستانان له‌مزگه‌وته‌وه‌ له‌لایه‌ن مه‌لا یا ڕیشپیه‌کی ئاوایی ده‌کرا به‌ڵام هاوینان ماڵ له‌هه‌واران دوور له‌یه‌کتری ناچار هه‌رچه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک بڵاوه‌یان لێده‌کرد ده‌که‌وتنه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌وار و که‌پره‌کان خواردنیش به‌زۆری شوتی و ته‌ماته‌ جگه‌ له‌هاو‌کاری توتن له‌شیشدان .نادادپه‌وره‌ی له‌هه‌موو جێیه‌ک هه‌رهه‌بووه‌ چۆن ئێستاش هه‌یه‌ ، زۆربه‌ی جار به‌رپرسه‌کان واته‌ کادیر و فه‌رمانده‌کان له‌ماڵی کێخوا یا ئاغای گوندی بانگهێشت ده‌کران بۆ خواردنی خۆش پێشمه‌رگه‌ داماوه‌کانیش ئه‌گه‌ر خانه‌خوێیان نه‌با ئه‌وا له‌ماڵه‌ هه‌ژاران داده‌مه‌زران ! خه‌ڵکی دێکان بارته‌قای پێشمه‌رگه‌ ڕۆڵیان له‌شۆڕشگێڕیدا هه‌بوو کوردی میواندۆست و نانبده‌ی دڵسۆزبوون جگه‌ له‌هاوکاری ده‌روونی و چاره‌سه‌ری بریندار هه‌روه‌ها داڵده‌ی خانه‌واده‌کانی پێشمه‌رگه‌بوون .پێشمه‌رگه‌ کوڕی ماڵان بوو سه‌لاموعه‌لێکوم بێ سێ و دوو ده‌چووه‌ ژووره‌وه‌ هه‌ندێ جاریش ده‌یان پرسی میوانان ڕاده‌گرن ؟ له‌هه‌ندێ گوندی بێزاربوو یان زیان پێکه‌وتووی ده‌ستی شۆڕش له‌کاتی لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ڵه‌کاریان ژنه‌کانیان به‌ڕوو قایمی ده‌یانگۆت: پیاومان له‌ماڵێ نی یه‌ ! جارێک ده‌بینن پێڵاوی پیاوه‌که‌ له‌بێرایی ژووره‌که‌یه‌ پێشمه‌رگه‌کان هه‌رده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ داده‌نیشن ده‌بینن کابرای سمێڵ فش ئانیشکی له‌سه‌ر بالیفه‌ کوڵکنی کورده‌واریه‌ گه‌ری لێ فش کردیته‌وه‌ ! یه‌کێ له‌پێشمه‌رگه‌کان به‌گاڵته‌وه‌ ده‌ڵێ: چۆنی بچکۆل ؟ کابراش توڕه‌ ده‌بێ : بۆ وا ده‌ڵێ ی ؟ پێشمه‌رگه‌که‌ش به‌پێکه‌نینه‌وه‌ ئاخر براژن له‌ده‌رگاوه‌ وتی: پیاومان له‌ماڵێ نی یه‌ ! هه‌رپێشمه‌رگه‌ی ده‌یان و سه‌دان یاده‌وه‌ری له‌به‌سه‌رهاتی خۆش و ناخۆشی دابه‌شبوونی هه‌یه‌ هه‌نده‌کیان تاماوه‌ له‌بیری ناچن .شه‌وێک له‌ماڵێک لێفه‌یه‌کیان دامێ تا له‌مزگه‌وت پێ ی بنوم ، له‌بن هه‌نگرم ناو ڕۆیشتمه‌وه‌ مزگه‌وت ، کاتی خه‌وتن وه‌ک هه‌موو جارێ چه‌ک و تاقمه‌که‌م له‌ژێر جه‌مه‌دانه‌یه‌که‌‌ کرده‌ بالیف ، که‌ لێفه‌که‌م به‌خۆم دادا زۆر کورت بوو به‌لاقم داده‌دا سه‌رم سه‌رمای بوو به‌سه‌رم داده‌دا لاقم سه‌رمای بوو سه‌رڕاش بۆن میزه‌کی خه‌ستی لێده‌هات هه‌ناسه‌م پێنه‌ده‌درا به‌ڕاستی خنکێنه‌ربوو نه‌ک هه‌رخۆم ئه‌وانه‌ی ته‌نیشتمیشی بێزارکردبوو .له‌وانه‌ له‌هه‌مووی سه‌یرتر سه‌رڕای گیانی هاوکاری و برایانه‌ی یه‌کتری له‌نێوان پێشمه‌رگه‌کان به‌ڵام ڕقت له‌و ‌براده‌ره‌ پێشمه‌رگه‌که‌ت ده‌بۆوه‌ کاتی جه‌مێ بهاتبا ئه‌و ماڵه‌ی که‌ تۆ‌ لێ ی میوانی وا مۆڕه‌یان لێک ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی بابی یه‌کتریان کوشتبی که‌چی له‌شه‌ڕ خۆت له‌سه‌ر به‌کوشت ده‌دا !

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

Go to top