We have 24 guests and no members online

هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م ناتوانم خۆشتم بوێت، ئینتیمام بۆت هه‌بێت، به‌ نوێنه‌ری خۆمت بزانم، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سێكی دژه‌ نه‌ته‌وه‌یی یاخود كوردستان بم، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناتوانم به‌درۆ دڵم پێت خۆشبێت كه‌ به‌راستی نه‌بویته‌ته‌ شوێنگه‌یه‌ك بۆ نوێنه‌رایه‌تی كردنی خه‌ڵكی به‌ بێ جیاوازی بۆچوونی سیاسی.

ئه‌وه‌ی له‌م په‌رله‌مانه‌دایه‌، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست په‌رله‌مانتارانه‌ كه‌ ناتوانن خاوه‌نی قسه‌و تێگه‌یشتنی خۆیانبن، به‌ڵكو وه‌ك رۆبۆتوان و كۆنترۆڵه‌كانیان له‌ ده‌ستی كه‌سانی تردایه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆیان قسه‌كانیان پێ ده‌گۆڕن، هه‌رچه‌ندی ده‌كه‌م ناتوانم ئینتیمام بۆت هه‌بێت، كاتێك ده‌زانم ئه‌وانه‌ی له‌وێدان گه‌نده‌ڵ و ماستاوچی و پاره‌خۆرو به‌رژه‌وه‌ندخوازن و میلله‌ت به‌ گه‌مژه‌ ده‌زانن! ئه‌گه‌ر ئینتیمام بۆت هه‌بێت له‌ گه‌مژه‌یه‌ك به‌و لاوه‌ هیچی تر نیم! ئاخر ئه‌و دامه‌زراوه‌ی گوناهه‌ پێی بگوترێت په‌رله‌مان نه‌ك هه‌ر ناتوانێت نوێنه‌ری میلله‌ت بێت، به‌ڵكو ناتوانێت نوێنه‌ری خۆیشی بێت، ئه‌وه‌تا چوار مانگه‌ ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تییه‌ك بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فێره‌ ده‌ست هه‌ڵبڕین نین، به‌ڵكو شاره‌زان له‌ ده‌ست هه‌ڵبڕیندا ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ویشدابن، دكتۆرایان هه‌یه‌ له‌ ده‌ستهه‌ڵبڕیندا، نه‌خێر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئاغا سیاسییه‌كانیان هێشتاكه‌ رێكنه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌ داماوه‌ گۆڕان سه‌رۆكایه‌تی بكات یان یه‌كێتی، ئاخر ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی له‌ رابردوودا گۆڕان به‌ تاكه‌ دامه‌زراوه‌ی هه‌ستیار و كاریگه‌ری ده‌زانی كه‌ گوایه‌ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك ده‌كات، به‌ڵام ئێستاكه‌ نایه‌وێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی لێی سودمه‌ند ده‌بێت چه‌ند كه‌سێكه‌و ناتوانن به‌ لێشاو پاره‌ بۆ گۆڕان كۆكه‌نه‌وه‌و له‌وه‌ها حاڵێكیشدا جێگرییه‌كه‌ باشترین شته‌ بۆیان، چونكه‌ پاره‌كه‌ له‌وێدایه‌و سه‌رۆكی حكومه‌تیش ده‌ست كراوه‌یه‌ بۆ به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌ به‌ مه‌به‌ستی رازیكردنی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی.گه‌مژه‌ییه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌ به‌دامه‌زراوه‌یه‌ك بزانێت گوایه‌ نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات، نه‌خێر ئه‌و دامه‌زراوه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی خێری بۆ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌بێت، زیانیشی هه‌یه‌و بۆته‌ بار گرانیش به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌و مه‌سروفات و موچه‌ و خانه‌نشینیه‌ خه‌یاڵیه‌ی له‌و دامه‌زراوه‌ سه‌رف ده‌كرێت بدرێته‌ هه‌ژاران ژیانیان باشتر ده‌بێت و ره‌نگه‌ چیتر له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ی مه‌سئوله‌ چاوچنۆكه‌كاندا ده‌ست پان نه‌كه‌نه‌وه‌.
په‌رله‌مانێك نه‌توانێت لێپرسینه‌وه‌ له‌و داهاته‌ خه‌یالییه‌ی كوردستان بكات، چۆن ده‌كرێت به‌ نوێنه‌ری خۆتی بزانیت، ئاخر په‌له‌مان زۆر باش ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت خه‌ڵكی له‌و داهاته‌ زۆره‌ی كوردستان ناعه‌داله‌تی به‌رانبه‌ر ده‌كرێت، هه‌ندێك تاكو بینه‌قاقا تێیكه‌وتوون و هه‌ندێكی تریش ناتوانن ده‌به‌یه‌ك نه‌وت بكڕن له‌و هه‌رێمه‌ی گوایه‌ ده‌ریای نه‌وته!

 

Go to top