We have 48 guests and no members online

له‌وكاته‌وه‌ی تاڵه‌بانی بردراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی شارێته‌ی ئه‌ڵمانیا، به‌رده‌وام میدیای یه‌كێتی هه‌وڵیداوه‌ راستییه‌كان وه‌ك خۆی كه‌ هه‌یه‌ له‌باره‌ی ته‌ندروستی یاخود مه‌سه‌له‌ی مردن و زیندووێتی تاڵه‌بانی‌ له‌خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بشارێته‌وه‌، سه‌رباری شێواندنی راستییه‌كانیش، رۆژانه‌ هه‌واڵی باشتربوونی ته‌ندروستی پیاوه‌ هه‌شتا ساڵییه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نن و موژده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هاونیشتمانیان ده‌ده‌ن و وێنه‌ی فۆتۆشۆپ له‌میدیاكانیانه‌وه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ی زینووێتی په‌خش ده‌كه‌ن‌‌، به‌ڵام كات به‌خێرایی‌ تێده‌په‌ڕێت و تاڵه‌بانیش دیار نییه‌! ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌‌ حیزبه‌كه‌ی، واته‌ یه‌كێتی نیشتمانی له‌كۆی ‌29 كورسی په‌رله‌مانی، پێگه‌ی بۆ18 كورسی داده‌به‌زێت و ململانێیه‌كی سه‌ختیش له‌ناوخۆی یه‌كێتی ده‌ستی پێكردووه‌ له‌سه‌ر جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌ناو حیزبداو له‌به‌رانبه‌ر ته‌واوی گۆڕانكاری و پرسه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كوردستانیش تاڵه‌بانی هیچ لێداون و قسه‌و هه‌ڵوێست و بڕیارێكی دیار نییه‌‌‌، له‌كاتێكدا‌‌ تاڵه‌بانی له‌رابردوودا به‌یه‌كێك له‌و سیاسییه‌ باڵایانه‌ی كوردستان و ناوچه‌كه‌ داده‌نرا كه‌ به‌رده‌وام خاوه‌نی قسه‌بووه‌، بێده‌نگ نه‌بووه، هه‌ڵوێستی هه‌بووه‌‌ له‌پرسه‌ سیاسییه‌ ناوخۆیی و هه‌رێمییه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراقێكی پڕ له ‌كێشه‌و ململانێ بوو. به‌ڵام‌ له‌وكاته‌وه‌ی نه‌خۆشكه‌وتووه‌ ده‌نگ و ره‌نگی نییه‌، ته‌واوی ئاماژه‌كانیش پێمانده‌ڵێن مردووه‌، یاخۆ هاوشێوه‌ی ئارییل شارۆن بێ هۆشكه‌وتووه‌و هاكه‌ مرد! میدیاكانی یه‌كێتیش وه‌ڵامێكی قه‌ناعه‌ت پێكه‌ریان پێ نییه‌‌ له‌مه‌ڕ ته‌ندروستی تاڵه‌بانییه‌وه‌، ته‌نیا ئه‌وه ‌نه‌بێت‌ بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌و چاكبوونه‌وه‌ی ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر به‌قسه‌ی سه‌ركرده‌و گوته‌ی میدیای یه‌كێتی بووایه‌ هه‌نووكه‌ ده‌بوایه‌‌ مام له‌ ته‌ك عێراقییه‌كاندابووایه‌‌ بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌‌ی دووچاری عێراق و كوردستان بۆته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نه‌ناردنی بودجه‌ی هه‌رێم و هه‌ڕه‌شه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) و هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی كانتۆنی له‌رۆژئاوای كوردستان و كه‌یسی نه‌وتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداو پرسی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و شكستی حیزبه‌كه‌ی و به‌شداری ئۆپۆزسیۆن له‌ حكومه‌تداو زۆر پرسی تریش كه‌ به‌راستی ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی ئاگادارییان بووایه‌ قسه‌ی خۆی له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌كرد! به‌ڵام كه‌ نه‌یكردووه‌، ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ تاڵه‌بانی یان مردووه‌! یان به‌ یه‌كجاری له‌هۆشخۆی چووه‌و یه‌كێتییه‌كان نایانه‌وێت به‌راگه‌یاندنی راستییه‌كان زیاتر حیزبه‌كه‌یان دووچاری شكست و لێكترازانی تر بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ سه‌ركرده‌و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی ئه‌و راستییه‌ ده‌زانن مام به‌خۆی و گۆچانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌یتوانی دڵی یه‌كێتییه‌كان رابگرێت، ده‌یزانی چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌و ئه‌ندامه‌كانی و حیزبه‌كانی باشوور و پارچه‌كانی تری كوردستاندا بكات.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی به‌كاروباری عێراقه‌وه‌ سه‌رقاڵ بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ پارچه‌ك له‌ رۆحی لای یه‌كێتی و كاروباره‌كانییه‌وه‌ بوو، ئه‌و زۆرباش ده‌یزانی به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان و دروستبوونی گۆڕانه‌وه‌، یه‌كێتی بووه‌ به‌سێوێكی له‌ت كراو، به‌ڵام زیره‌كی مام وای كردبوو ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ی یه‌كێتی ده‌رنه‌كه‌وێت، ئه‌وه‌بوو به‌لیستی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوپه‌یمانه‌ به‌هێزه‌كه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كردو له‌ پشكی پارتیشی بۆ یه‌كێتی بردو شكستی حیزبه‌كه‌ی له‌پاڵ پارتیدا شارده‌وه‌، خۆ تاڵه‌بانی ده‌یزانی له‌گه‌ڵ دروستبوونی گۆڕان، ئیدی پێگه‌ی یه‌كێتی نزیك به‌ ده‌ كورسی دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ش رێك دوای غیابی تاڵه‌بانی ده‌ركه‌وت، كاتێك سه‌ركرده‌كان به‌هۆی غروریانه‌وه‌ به‌رانبه‌ر پارتی به‌لیستی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردنبوون و ئیدی باجی حیكمه‌تی بێ تاڵه‌بانیانداو یه‌كێتیان گه‌یاند به‌بارودۆخێكی ئه‌وتۆ كه‌ پۆسته‌كانی جارانی هه‌ندێ جار به‌ پاڕانه‌وه‌و باسكردن له‌ سه‌روه‌ری شاخ و هه‌ندێ جاریش به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه داوا بكاته‌وه‌، له‌ كاتێكدا كورد باسی دیموكراسی ده‌كردو لایه‌نه‌كان رازیبوون به‌ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌م زمانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی بوو له‌ دواكه‌وتنی حكومه‌تدا، چونكه‌ یه‌كێتییه‌كان داوای شتێكیان ده‌كرد كه‌ هی ئه‌وان نه‌بوو، به‌ڵكو هی گۆڕان بوو، واته‌ نایانه‌وێت بڵێن ئێمه‌ حیزبی سێیه‌مین، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ی دوای تاڵه‌بانی بیر له‌ چاره‌سه‌ری ناوخۆییان بكه‌نه‌وه، دێن شكستی خۆیان به‌ جنێودان به‌ پارتی ده‌شارنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ شكستی تریان نزیك ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ئیدی تاڵه‌بانی نه‌ماوه‌ تا جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی له‌ژێر ده‌سكه‌ گوڵه‌كه‌ كۆ بكاته‌وه‌و به‌قسه‌ حه‌كیمه‌كانی جه‌ماوه‌ر رازی بكات و ده‌نگ بۆ یه‌كێتی كۆ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و راستییه‌ی هیچ یه‌كێك له‌ خانه‌واده‌كه‌شی ناتوانن له‌ سه‌دا 40ی ئه‌و رۆڵه‌ی تاڵه‌بانی بگێڕن چ له‌ ناوخۆی حیزب و چ له‌ سه‌ر ئاستی كوردستاندا، راسته‌ خاتوو هێرۆ خێزانی تاڵه‌بانییه‌ و كچی برایم ئه‌حمه‌ده‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نن كه‌ خاتوو هێرۆ بتوانێت یه‌كێتییه‌كان له‌چوارده‌وری ده‌سكه‌گوڵه‌ی تاڵه‌بانی كۆ بكاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ره‌نگه‌ نه‌شاره‌زایی ئه‌و له‌ سیاسه‌تكردندا وا بكات زیاتر قه‌یران بۆ یه‌كێتی دروست بكات و یه‌كێتیش به‌ یه‌كجاری كۆتایی پێ بێت، یان رۆڵی كۆمپانیایه‌ك بگێڕێت!

 

هه‌نووكه‌ كه‌ تاڵه‌بانی به‌ یه‌كجاری غیابه‌، یه‌كێتییه‌كان دووچاری پشێویه‌كی ترسناك بوونه‌ته‌وه‌و‌ ره‌نگه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا رووبه‌رووی شكستی گه‌وره‌تریش ببنه‌وه‌، ئه‌وان واده‌زانن دژایه‌تی پارتی پێگه‌یان به‌هێزتر ده‌كاته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی لاوازكردووه‌ نه‌مانی تاڵه‌بانییه‌ كه‌ هه‌وڵی ده‌دا دژایه‌تی پارتی نه‌كات، له‌به‌رانبه‌ریشدا غیابی تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی پێگوتین گومان له‌ سۆسیال دیموكراتییه‌كه‌یان بكه‌ین به‌وه‌ی نابێت سه‌ركرده‌ پیرۆز بێت، به‌ڵام مام له‌ ناو یه‌كێتییه‌كاندا له‌بری ئه‌وه‌ی پێویستی بێت، پیرۆزبوو، هاوكات ململانێی سه‌ركرده‌كان و گوێ نه‌گرتن له‌ جه‌ماوه‌رو پشتگوێ خستنی كادیره‌كانیان و تێوه‌گلانی حیزب له‌ گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی، ئه‌مانه‌ شكستی یه‌كێتی بوون، ئه‌وه‌ ماوه‌ بڵێین ئه‌گه‌ر مام زیندووبایه‌ یان ئاگاداربووایه‌، یاخود به‌ده‌ست خۆی بایه‌، ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ بێده‌نگ نه‌ده‌بوو كه‌ خه‌ریكه‌ حیزبه‌كه‌ی له‌ لێكترازانی تر و شكستی گه‌وره‌تر نزیك ده‌بێته‌وه‌!

 

ئه‌گه‌رچی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا تۆڕی میدیایی رووداو هه‌واڵی ئه‌وه‌ی په‌خشكرد گوایه‌ له‌ یه‌كێك له‌ سه‌ردانه‌كانیدا دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریم ڤیدیۆیه‌كی هێناوه‌ته‌وه‌و تیایدا تاڵه‌بانی به‌ته‌ندروستیه‌كی باش‌ ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا له‌لایه‌ن میدیای یه‌كێتییه‌وه‌ په‌خش ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و راستییه‌ ده‌زانێت كه‌ دكتۆر له‌وه‌ته‌ی تاڵه‌بانی بردراوه‌ته‌ ئه‌ڵمانیا هه‌ر رۆژه‌ی به‌جۆرێك هه‌واڵی باش بوونی ته‌ندروستی تاڵه‌بانی راده‌گه‌یه‌نێت و هیچ یه‌كێكیش له‌ قسه‌كانی به‌ڵگه‌ی به‌دوای خۆیدا نه‌هێناوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ یه‌كێتییه‌كان به‌هۆی غیابی تاڵه‌بانییه‌وه‌ دووچاری چه‌ندان قه‌یرانی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌ چ له‌ ناوخۆی یه‌كێتی كه‌ سێ سه‌ركرده‌ سه‌ره‌كیییه‌كه‌ له‌ ململانێیه‌كی سه‌ختدان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی و چ له‌سه‌ر ئاستی كوردستاندا كه‌ حیزبه‌كه‌یان له‌ 29 كورسی په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ 18 پێگه‌ی دابه‌زیوه‌ و هاوكاتیش پێداگری له‌سه‌ر داواكردنی هه‌ندێ پۆست له‌ حكومه‌تدا ده‌كات كه‌ خۆیانیش ده‌زانن به‌پێی پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردن بێت هی ئه‌وان نییه‌، ره‌نگه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی رووداو سیناریۆ بێت و بیانه‌وێت به‌ گۆڕان بڵێن یه‌كێتی هێشتاكه‌ ماوه‌، ئێوه‌ هێنده‌ پێداگری له‌سه‌ر پۆسته‌كان مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر مام بێته‌وه‌ ئێوه‌ په‌راوێز ده‌كه‌ونه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ركاتێكدا یه‌كێتی بۆ پارتی گرنگتره‌ وه‌ك له‌ گۆڕان، كه‌واته‌ رووداو هه‌وڵ ده‌دات له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی شكستی یه‌كێتی بشارێته‌وه‌، ئه‌گینا مام هیچ ئاماژه‌یه‌كی باشتربوونی ته‌ندروستییه‌كه‌ی له‌ ئارادانییه‌، ئه‌گه‌ر وابووایه‌ له‌ ئه‌ڵمانیایه‌وه‌ مام خۆی نیشانی خه‌ڵكی ده‌دا!

 

Go to top