We have 85 guests and no members online

 له‌ سه‌ره‌تای تیرۆرکردنی شه‌هید "کاوه‌ گه‌رمیانی )،وێڕای شه‌رمه‌زارکردن و ئیدانه‌کردنی ئه‌و کاره‌ قێزه‌ون و دڕندانه‌ و دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌، چونکه‌ تیرۆرکردنی مرۆڤ به‌و شێوازه‌ دڕندانه‌ له‌ باوه‌شی دایک له‌سه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین، هه‌موو به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان له‌ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام له‌و که‌یسه‌دا هه‌ندێک له‌ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌ مه‌رامی سیاسی و پێشوه‌خته‌ هه‌ڵمه‌تێکی ناڕه‌واو به‌رنامه‌ڕێژکراو به‌ هاوکاری میدیاکاران کرایه‌ سه‌ر یه‌کێتی، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیان به‌لاڕێدابردن و شێواندنی ڕاستیه‌کان بوو، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستیان دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی سه‌ره‌کی تاوانه‌که‌ نه‌بوو‌، به‌کارهێنانی ئه‌و که‌یسه‌ بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و به‌ فیرۆدانی خوێنی لاوانی کوردو شه‌هید کاوه‌یه‌، یه‌کی له‌و میدیاکارانه‌ خاتوو "ژیار محه‌مه‌د‌ )ه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ئه‌سته‌می ده‌زانم، که‌ وه‌لامی خاتوونێکی چاڵاکوان و ڕۆژنامه‌نووس و یاساناس بده‌مه‌وه‌، چونکه‌ یه‌کێتی وای گۆشکردووین که‌ له‌خه‌می پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ و گه‌نجان بین، به‌ڵام چه‌ند ڕۆژێک پێش ئێستا خاتوو ژیار، وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس و یاساناس و پارێزه‌ری خۆبه‌خشی که‌یسی کاکه‌ کاوه‌ی جوانه‌مه‌رگ، بابه‌تێکی به‌ ناونیشانی بۆ مێژوو، سیناریۆکان و یاریکردن به‌ که‌یسی کاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌ نوسیوه‌، ئه‌و خاتوونه‌ به‌ڕێزه‌ له‌ جیاتی به‌ ڕه‌هه‌ندو لۆژیکی یاسایی بدوێت، کۆمه‌ڵیک تۆمه‌تی بێ بنه‌مای خستۆته‌ پال یه‌کێتی و هه‌ڤاڵه‌کانی، دیدو تێڕوانینی ئه‌و به‌ڕێزه‌ جگه‌ له‌ بانگه‌شه‌یه‌کی سیاسی دووره‌ له‌ ئه‌ته‌کێتی ڕۆژنامه‌نووسی و پارێزه‌ری، وه‌ک فالگره‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی بۆ مێژوو ده‌دات، چونکه‌ بڕیاری ئازادکردن و ڕاگرتن و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ لای دادوه‌رو ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌رییه‌‌، نه‌وه‌ک لای یه‌کیتی و که‌سێکی تر، من پاکانه‌و به‌رگریکردن له‌ هیچ به‌رپرسێک ناکه‌م، وه‌ که‌سیش له‌ سه‌ره‌وه‌ی یاسا نابینم، به‌ڵکو به‌رگریکردنه‌ له‌ هێزێکی نیشتمانی، که‌ هه‌میشه‌ پشتیوان و پارێزه‌ری له‌ سه‌روه‌ری یاساو سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری کردووه‌، چوونی‌ دوو سه‌رکرده‌ی باڵای یه‌کێتی بۆ به‌رده‌م دادگا، به‌هاو ماناو گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، ئه‌و باگراو‌نده‌ی ئایدولۆژییه‌ی که‌ ئه‌ندامانی یه‌کێتی له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌کراون، که‌ هیج جیاوازییه‌ک له‌ نیوان سه‌رکرده‌یه‌کی باڵاو و هاووڵاتیه‌کی ئاسایی نیه‌ له‌به‌رده‌م سه‌روه‌ری یاسادا، ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی ته‌واوی هاووڵاتیانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادگاکان بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌کان، له‌ پێناوی سه‌روه‌ری یاسا و سه‌ربه‌خۆی ده‌سته‌ڵاتی دادوه‌ریدا، ئاماده‌ی لێکۆلینه‌وه‌و هه‌موو بڕیارێکی دادگا بن، دیاره‌ هه‌موو گومانلێکراوێک بێ تاوانه‌، تاکو تاوانه‌که‌ی له‌لایه‌ن دادگاو دادوه‌ر پشتڕا‌ست ده‌کرێته‌وه‌، به‌شێک له‌ یاساناسان و ڕۆژنامه‌نووسان و چاڵاکوانانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌کێتی به‌رز ده‌نرخێنن،ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌کێتی داهێنانه‌و گۆرانێکی چۆنایه‌تییه‌ له‌ جیوسیاسی کوردستان، که‌ هیچ ئه‌ندامێکی یه‌کیتی له‌هه‌ر پله‌و پایه‌ک دابێت، له ‌سه‌روه‌ری یاسا به‌ده‌ر نیه‌، به‌ڵام ئه‌و شرۆڤه‌و خوێندنه‌وه‌ی خاتوو ژیار بۆ که‌یسه‌که‌ خوێندنه‌وه‌یه‌کی نالۆژیک و نایاساییه‌، له‌ ڕێڕه‌وی یاسایی ده‌رچووه‌، چۆته‌ خانه‌ی بانگه‌شه‌ی سیاسی و تۆمه‌ت به‌خشین و ناوزڕاندنی هێزێکی سیاسی گه‌وره‌، که‌ له‌ ڕۆژانی سه‌ختی خه‌بات پێشه‌نگی هێزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان بووه‌و سه‌روه‌رییه‌کی پڕشنگداری له‌ شێوازی خه‌بات و به‌رخودان و به‌رگری له‌ نیشتمان و ئازادی و مافی مرۆڤ تۆمارکردووه‌..

 ئه‌و خاتوونه‌ به‌ڕێزه‌ باسی مێژوو ده‌کات، ئه‌گه‌ر مێژوو به‌و شێوه‌یه‌ تۆمار بکرێت، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ چه‌واشه‌کاری پێوه‌ دیاره‌، چونکه‌ یه‌کێتی نه‌ حزبیکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌نده‌ڵ و په‌رپوته‌و نه‌ خیانه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌نجام داوه‌، تاکو ڕووی ڕه‌ش بێت و هه‌وڵی سپیکردنه‌وه‌ی ڕووی خۆی بدات، حزب هه‌یه‌ خیانه‌ت ده‌کات و شانازی پێوه‌ ده‌کات!! به‌ڵام یه‌کێتی وه‌ک هێزێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی خه‌بات ده‌کات و قوربانیشی له‌و پێناوه‌داوه‌.

 ئه‌و کاره‌ نه‌خوازراوه‌ی شه‌هیدی قه‌له‌م کاوه‌ گه‌رمیانی، ئه‌وه‌نده‌ی یه‌کێتییه‌کانی په‌رێشان و سه‌رگه‌ردان کرد، خه‌ڵکانی تر ئه‌وه‌نده‌ له‌خه‌می که‌یسه‌که‌ نه‌بوون، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ به‌ لارێدابردنی که‌یسه‌که‌ن، وه‌ک پڕوپاگه‌نده‌و بانگه‌شه‌ی حزبی کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن!! له‌و کاته‌ی گوێبیستی ئه‌و تاوانکاریه‌ قێزه‌ون و نا مۆڕال و دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌ بووین، من له‌گه‌ل یه‌کێ له ‌سه‌رکرده‌ باڵاکانی یه‌کێتی تاوتوێی ئه‌و ڕووداوه‌مان ده‌کرد، من گوتم ده‌ستێکی شاراوه‌ له‌ پشتی تیرۆرکردنی کاکه‌ کاوه‌ هه‌یه‌، بۆ ناشیرنکردنی یه‌کێتی ئه‌و تاوانکاریه‌ی ئه‌نجامداوه‌، ئه‌و به‌ڕێزه‌ گوتی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ حوکمڕانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ده‌که‌ین، به‌رپرسیاره‌تی سه‌ره‌کی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌یه‌ بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران، بۆیه‌ ده‌بێت یه‌کێتی هه‌وڵ و کۆششی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، هه‌ر که‌سێک بێت و له‌هه‌ر پله‌وپایه‌ک دابێت، ده‌بێت ئاماده‌ی به‌رده‌می دادگاو به‌رزڕاگرتنی سه‌روه‌ری یاسا بێت، ئاماده‌نین یه‌کێتی بکه‌ینه‌ قوربانی هیچ که‌سێکی دڕنده‌و بێ ویژدان، خه‌باتی یه‌کێتی له‌ پێناوی ئازادی و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا بووه‌..

 ئه‌و خاتوونه‌ به‌ڕێزه‌ باسی گۆڕینی دادوه‌ر ده‌کات، که‌ هیج په‌یوه‌ندی به‌ یه‌کێتیه‌وه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ کاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و وه‌زاره‌تی داد و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌، نه‌وه‌ک ده‌ستێوه‌ردان و فشاری حزبی ..وه‌ له ‌هه‌مانکاتدا باسی داتاشینی پۆست ده‌کات، بۆ به‌ڕێزان مه‌حمود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا، ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ جگه ‌له‌وه‌ی خاوه‌نی ده‌یان شه‌هیدن، هه‌موو ته‌مه‌نی لاویه‌تی خۆیان وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی بوێرو نیشتمانپه‌روه‌ر به‌ کوردستان به‌خشیوه‌، ئه‌گه‌ر پله‌ی سه‌ربازی بۆ جاش و به‌کرێگیراوانی دوێنێ ڕه‌وا‌ بێت، ئه‌ی بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌کی خاوه‌ن ده‌یان ساڵی خه‌بات ڕه‌وا نه‌بێت؟

 دیاره‌ ئه‌و خوشکه‌ به‌ڕێزه‌ بێ ئاگایه‌ له‌و دۆسیه‌و سکاڵایانه‌ی که‌ له‌ دادگاکان تۆمار ده‌کرێن، هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌ پێوه‌ر نیه‌ گومانلێکراوا‌ن پۆلیس قۆڵبه‌ستیان بکات و بیانگرێت، زۆرێک له‌ گومانلێکراوه‌کان خۆیان ده‌چن بۆ بنکه‌ی پۆلیس، به‌ ئامانجی لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تی خراوه‌ته‌ پاڵیان، هیچ که‌سێک تاوانبار نیه‌، تاکو به‌ به‌ڵگه‌ی فه‌رمی تاوانه‌ی له‌لایه‌ن دادوه‌ر پێشتڕاست ده‌کرێته‌وه‌.

 خۆزیه‌ خاتوو ژیار ئه‌وه‌نده‌ی خۆی سه‌رقاڵکردووه‌ بۆ ناشیرنکردنی یه‌کێتی، نیو ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵی خۆی خستبا‌گه‌ڕ بۆ په‌لکێشکردنی 250 مسته‌شاری سه‌رده‌می ڕژێم بۆ به‌رده‌م دادگا، که‌ ده‌ستیان سووره‌ به‌ خوێنی 182000 هه‌زار ئه‌نفالکراو، یاخود هه‌وڵی ڕاده‌ستکردنی تاوانبارانی 17 ی شوباتی بدایه‌، که‌ 3 ساڵه‌ بڕیاری ده‌ستگیرکردن ده‌رچووه‌ به‌ ئازادی ده‌چن و دێن، یاخود بۆ ئه‌وان بڤه‌یه‌!! ده‌یان ڕۆژنامه‌نووس و خه‌ڵکی سڤیل تیرۆرکران و چه‌ندانی تر له‌ زیندانن که‌س فشار دروست ناکات، یاخود ئه‌و به‌ڕێزه‌ وه‌ک هاوپیشه‌کانی تری به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆ ئاماده‌کاری بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات له‌سر لیستیک خۆی کاندید بکات، بۆیه‌ چۆته‌ به‌ره‌ی دژ به‌ یه‌کێتی!!

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خاتوو ژیار بۆ شێواندنی که‌یسی شه‌هید کاوه‌ گه‌رمیانی و سیناریۆیه‌که‌ بۆ لێلکردنی سه‌روه‌ریه‌کانی یه‌کێتی و نادیده‌گرتنی ئه‌و داهێنانه‌ی یه‌کێتی که‌ هێنایه‌ کایه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌چێته‌ خانه‌ی ناوزڕاندن و ته‌شهیر دژ به‌ یه‌کێتی و دژ بنه‌ماو پڕه‌نسیبی یاساو دادوه‌ری..

ئه‌مه‌ لینکی بابه‌ته‌که‌ی خاتوو ژیار محه‌مه‌ده‌

http://www.niha24.com/drejaWtar.aspx?NusarID=39&Jmare=50

م.عه‌ونی خۆشناو

هۆڵه‌ندا / لاهای

 

Go to top