We have 93 guests and no members online

  هه‌موو یه‌کێتییه‌کان ده‌زانن یه‌کێتی ناو یه‌کێتی به‌ ساته‌وه‌ختێکی هه‌ستیارو به‌ دووڕیانێکی چاره‌نووسسازدا گوزه‌رده‌کات، داوای سازانی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین، که‌چی له‌ ناو خۆمان ناسازێین! تا دێت دوورکه‌وتنه‌وه‌کان فراوانترو ڕێکخستنه‌کان په‌رته‌وازه‌ترو مه‌ترسییه‌کان زیاتر ده‌بێت، دیالۆک و لێکتێگه‌یشتن له‌ نێو جه‌مسه‌ره‌کان که‌متر هه‌ستی پێ ده‌کرێت، ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌ن و بوێر و دلێره‌کان که‌نارگیرو په‌رواێز ده‌خرێت، هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کان له‌ پێناوی مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات په‌یڕه‌و پێشێل ده‌که‌ن و پڕۆژه‌کانی نوێبوونه‌وه‌و چاکسازی فه‌رامۆش ده‌کرێت، ململانێی نێوان کاراکته‌ره‌کان له‌سه‌ر پێگه‌ ده‌سه‌‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی په‌ره‌ ده‌سێنێت!! به‌و میتۆده‌ ئارامگای شه‌هیدان ئازار ده‌ده‌ن و ڕه‌نج و خه‌بات و تێکۆشانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کان زینده‌به‌چال ده‌که‌ن و خۆڕاگری و وره‌به‌رزی زیندانه‌ سیاسییه‌کان له‌رزۆک ده‌که‌ن و شه‌ونخوونی و چاونه‌ترسی ڕێکخستنه‌ نهێنییه‌کان به‌فیرۆ ده‌ده‌ن و دروشم و به‌هاکانی شۆڕشی نوێ هه‌راج ده‌که‌ن، تونێلی دیموکراسی له‌ کوردستان به‌ره‌و داخران ده‌به‌ن!! یه‌کێتییه‌ک له‌ شه‌وه‌زه‌نگی تاریکی مۆمی خه‌باتی داگیرساندبێ، ترووسکه‌یه‌ک هیوا نه‌بووبێ، شۆڕشی نوێی ڕاگه‌یاندبێ، چه‌مکێکی نوێی خه‌باتی سیاسی داهێنابێ، ده‌ریایه‌ک خوێنی به‌خشیبێ، سه‌دان داستان و سه‌روه‌ری تۆمارکردبێ، ئه‌نفال و کیمیاباران کۆڵی پێنه‌دابێ، شۆڕشی نوێی به‌ مه‌نزڵگا گه‌یاندبێ، ئایا ڕه‌وایه‌ له‌سه‌ر پێگه‌و ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی، ئه‌و ئه‌ستێره‌ دره‌وشاوه‌ی کوردایه‌تی به‌ره‌و خامۆشی بچێت؟؟

 هێشتا یه‌کێتی وه‌کو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار، بڕیارو ئاراسته‌کانی له‌سه‌ر حکومه‌ت و دام و ده‌زگاکان کاریگه‌رن، بۆیه‌ چاکسازیکردن له‌ناو حزب پێویسته‌، هه‌ر بۆیه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌دوای چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی بچین و په‌نجه‌ له‌سه‌ر برینه‌ قووڵه‌کان دابنێین و به‌ شێوازێکی هاوچه‌رخانه‌و زانستیانه‌و دادپه‌روه‌رانه‌ ساڕێژیان بکه‌ین، دوور له‌ گیانی ئازاردان و شکاندنی که‌سایه‌تییه‌کان،    ئه‌و دیارده‌ دزێوانه‌ی کوتله‌بازی و ده‌سته‌گه‌ری دووچاریان بووین ریشه‌كێش و بنبڕیان بکه‌ین و ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌ن و به‌ زۆر په‌رواێزخراوه‌کان کۆبکه‌ینه‌وه‌و له‌ خزمه‌تی پێشخستنی ڕیزه‌کانمان و به‌ره‌و پێشبردنی پڕۆسه‌ی سیاسی گه‌له‌که‌مان به‌کاریان بهێنین و به‌دوای هۆکاری په‌راوزخستنیان بگه‌ڕێین ئینجا هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنیان بده‌ین، هه‌ر بۆیه‌ پێویستیمان به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ هه‌یه‌. ده‌شبێ وه‌ڵامه‌کانیان بدۆزینه‌وه‌و دوای دۆزینه‌وه‌شیان، چاره‌سه‌رێکی تێکڕای کێشه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی بکرێت و واز له‌ سیاسه‌تی پینه‌وپه‌ڕۆ بهێنین!! ململانێ که‌سییه‌کان وه‌لاوه‌ بنێین و گیانی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و لێك تێگه‌یشتن بکه‌ینه‌ به‌ردی بناغه‌ی کاره‌کانمان.

 ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ خه‌باتی ڕابردووی چه‌ندان ساڵه‌ی ( ی. ن. ک ) بخشێنینه‌وه‌، ده‌بینین      له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کان له‌ نێوان خۆیاندا ته‌با بوون توانیان له‌ دژوارترین ڕۆژگاره‌کانی سه‌ختی خه‌باتدا به‌سه‌ر هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کان زاڵ بن، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ کاتێک سه‌رکرده‌كان له‌ناو خۆیاندا وه‌کو سه‌رده‌می شاخ رێك و ته‌با نه‌مان، هه‌ر بۆیه‌ تاکو ئێستا پرنسیب و دیسپلینی ناو ئۆرگانه‌کان له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ لاواز بوون و چاو له‌ خراپه‌کاری و که‌م وکوڕی و که‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی تا ڕاده‌یه‌ک پۆشراوه‌!!.

 ئێستا پێویستیمان به‌ ڕێکخستنێکی پته‌وو کاریگه‌رو تۆكمه‌ هه‌یه‌، که‌ بتوانین له‌گه‌ڵ ئه‌و باهۆزی گۆڕانکاری و ڕووداوانه‌ بڕۆین که‌ هه‌یه‌و که‌ به‌ڕێوه‌یه‌. . ناکرێت به‌م بارودۆخه‌ ڕێکخراوییه‌ی ئێستامانه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و هه‌موو ئه‌رکه‌ گه‌وره‌و گرانه‌و حزبی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جۆراو جۆرانه‌ ببینه‌وه‌، چونکه‌ پڕنسیپ و مۆڕاڵی حزبی هه‌ستی پێنا‌کرێت و گیانی نه‌ته‌وه‌یی به‌ره‌و کاڵبوونه‌وه‌ ده‌چێت له‌ نێو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵدا.

  له‌ کۆتاییدا داوا له‌ کاراکته‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی یه‌کێتی ده‌که‌م، له‌ پێناوی به‌رزو پیرۆزڕاگرتنی سه‌روه‌رییه‌کان و پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان و ئازارنه‌دانی ئارامگای شه‌هیدان، جیاوازیه‌کانیان که‌نارگیر بکه‌ن، هه‌موو هه‌وڵ و کۆششه‌کان له‌ پێناوی گه‌شه‌پێدان و جۆشدانه‌وه‌ی خه‌بات بێت، له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنیایه‌تی، به‌ ئامانجی پاراستنی یه‌کێتی ناو یه‌کێتی، هه‌تا زووه‌ ریفۆڕم له‌سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کانی حزب بکرێت، به‌مه‌به‌ستی نوێبوونه‌وه‌و چاکسازی و پیاچوونه‌وه‌ی که‌م وکوڕیه‌کانی ڕابردوو، نه‌خشه‌کێشان بۆ ئاینده‌ و چاره‌سه‌رکردن و جێ به‌جێکردنی ته‌واوی بڕیارو ڕاسپارده‌کان، چونکه‌ هه‌ڵ ومه‌رجی ئه‌م قۆناغه‌ وا ده‌خوازێت، که‌ ئاراسته‌و تێڕوانینی خه‌بات به‌و شێوازه‌ بێت، که‌ گوزارشت له‌ خواستی سه‌رجه‌م یه‌کێتیه‌کان بکات، نه‌وه‌ک هه‌ندێک له‌ که‌سانی به‌رژه‌وه‌ندخوازو خودپه‌رست، ته‌خشان و په‌خشان به‌ سامانی یه‌کێتی بکه‌ن و بۆ کرینی کۆیله‌کان به‌کاری بهێنن و دروشم و چه‌مک و به‌هاکانی شۆڕش له‌که‌دار بکه‌ن و سه‌روه‌ریه‌کانی ڕابردوو هه‌رزانفرۆش بکه‌ن!!

  دوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و یه‌کخستنه‌وه‌ی ماڵه‌ گه‌وره‌که‌ی ( ی. ن. ک )، هه‌روه‌ها بۆ په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌ به‌ڕێز ( مام جه‌لال )ه‌وه‌، له‌ کۆنگره‌یه‌کی هاوچه‌رخ و سه‌رکه‌توودا میکانیزمێکی نوێ بۆ کاری ڕێکخراوه‌یی دیاری بکرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ ڕه‌چاوی ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ین. . .

  1. پێویسته‌ پێش هه‌موو شتێک به‌ مانای ووشه‌ دیموکراسی بونیاد بنێین. . دیموکراسیش به‌ قسه‌و گوتارو نوسین ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵکو کردارو ئیراده‌یه‌کی پۆلایینی ده‌وێت، دروشم و پڕنسیپه‌کان وه‌ک خۆی جێبه‌جێ بکرێت، نه‌وه‌ک بانێک و دوو هه‌وا بێت، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ هه‌ستی پێ ده‌کرێت، زۆرێک له‌ کادیران و دلسۆزانی گه‌ل و نیشتمان هاوکاری و پشتیوانی خۆیان بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی چاکسازی و نوێبوونه‌وه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی یه‌کێتی ده‌ربڕیووه‌. .
  2.  که‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو ده‌ستنیشان بکرێت وجێگۆڕکێ له ‌هه‌موو پۆست و ئۆرگانه‌کان بکرێت، له‌سه‌ربنچینه‌ی پسپۆڕی و شاره‌زایی له‌ بواره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی شارستانیانه‌و دیموکراسییانه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بدرێت. .
  3. په‌رله‌مانی حزب چالاك بکرێت و که‌سی شاره‌زاو پسپۆر بۆ لیژنه‌و کۆمسیۆنه‌کان هه‌لبژێردرێن، بۆ ئه‌وه‌ی به ‌شێوه‌یه‌کی ڕێک وپێک چاودێری کاروباره‌کانی حزب بکه‌ن. .
  4. دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی چاودێری بۆ لێپرسینه‌وه‌و به‌دواداچوونی هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کان و ئاشکرا کردنیان بۆ ڕای گشتی حزب.

به‌ هیوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و پاراستنی ڕیزه‌کانمان و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان.

 

                  م. عه‌ونی خۆشناو

                   هۆڵه‌ندا / لاهای

 

Go to top