We have 77 guests and no members online

ئاریتما موحەمەدی

 

 

 

بیروهزری نوێ بە مەزنترین ویستگەی خێراگۆڕی ژیان پێناسە دەکرێت و ئامانج لەوەش تەپاوتل کردنە بە زانست و ژیانبینی مرۆڤەکان و هێنانەئارای گۆڕانکاری و ڕووداوی نوێ؛ ئاریتما مو‌حەممەدی)

نەوەی نوێ و پێناسە؛

پێناسەی نەوه‌ی نوێ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستیی ئه‌وه‌یه‌ کە هه‌ر کەسایەتییه‌كی نوێخواز بەبێ لەبەرچاو گرتنی تەمەن ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگادا دەگێڕێت و بیروهزری نوێ دێنێتە کایەوە و کێشەکان بەرەو چارەسەریی دەبات و بە هزروبیری خزمەت بە کۆمەڵگا دەکات و کۆمەڵ به‌ره‌و‌ گەشانه‌وه‌ی سیاسیی، زانستیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی دەخاتەڕێ و دەبێتە پێشەنگ و پێشڕەوی گەل و‌‌ له‌ ڕۆژگارەکانی دژوار و پڕ لە هەورازونشیودا هیوای ترووسكایی و ڕووناکیی كۆمه‌ڵگا دەبێت‌، هاوکات هەمیشە ئاسانترین ڕێ بۆ چارسەریی کێشەکان دەدۆزێتەوە و ته‌نیا به‌ بیری‌ تیژ و وردی له‌ که‌سایەتییەکانی دیکە جیا ده‌كرێته‌وه‌ و هەردەم بۆ پێشکەوتنی زانست و باییخە کۆمەڵایەتییەکان بەپەرۆشە، بە ئەزموون و زەین زیندووه‌ و هەمیشە لە هەمبەر ڕەخنەکان بیری بەرفەراوان و کراوەیه‌ و ڕەخنەی زانستیی و تاییبەت بەژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا بە بنەمای پێشکەوتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی كۆمه‌ڵ ئەژمار دەکات و به‌ هۆكاری ژیریی و وردبینیی تاكی كۆمه‌ڵگا پێناسه‌ی ده‌كات و ڕەخنەی ڕۆخێنەریش به‌ هۆكاری بوونی كێشه‌ی مه‌زن و قووڵ له‌ كۆمه‌ڵگا و درزی پان و به‌رین له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵ هەژمار ده‌كات. ئەو كه‌سایه‌تییانه‌ی کە ئەو تاییبەتمەندییانەیان هەیە و خوێندنه‌وه‌ی زانستیی و نوێ و گونجاو بۆ دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگا دەکەن، به‌ نەوەی نوێ پێناسە ده‌كرێن، چونكه هزریان‌ داهێنه‌ری خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌، نەک قووڵ کردنەوەی قەیرانەکان. مەزنترین تاییبەتمەندی نەوەی خاوەن هزر و تیژبین ئەوەیە کە قەیران بە قەیران چارەسەر ناکات. بەڵکوو هەوڵی داڕشتن و دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی زانستیی و جڤاکیی دەدات و لەو ڕێگایەوە تێدەکۆشێت کە ئارەستەی سیاسەت و ستراتیژی سیاسیی کۆمەڵگا بگۆڕێت و تۆکانی بلیمەتی کۆمەڵگا ببووژێنێتەوە و چالاک بکاتەوە.

هاوکات سەرمایە بە یەکێ لە کۆڵەکەکانی پێشکەوتن و پێشخستنی ژیانی ئابووریی کۆمەڵگا پێناسە دەکات، ئیزن بەوە نادات کە سەرمایە ژیانی کۆمەڵگا داگیر بکات و کاریگەری لاواز لەسەر ژیان و گووزەرانی کۆمەڵگە بە چەشنێکی نەرێنیی دابنێت. چونکە ئەوە یەکێتیی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگایە کە دەبێتە هۆی ئەوەکە ژیانێکی جڤاکیی لەناخی کۆمەڵگادا جێگیر بکرێت. گشتگیر بوونی سەرمایە بناغەی پەیوەند و باییخە کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەکات، دەرئەنجامی ئەوەش دابەشبوونی کۆمەڵگا بەسەر چەندین چینی نایەکسان و دژبەیەکە کە هەمیشە پێناسەی چین و پێکهاتەکان جیاوازیی بنەڕەتیی بەخۆیانەوە دەبینن و خوێندنەوەی کێشەکانی هەر چین و پێکهاتەیەکیش لەگەڵ شرۆڤەی ئەوەی دیکە پڕ لە جیاوازی نایەکسان دەبێت. ئەمەش بەختەوەی کۆمەڵگا تێک دەشکێنێت و ئامانجی بنەمایی خۆی ناپێکێت. ژیان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا خووڵقی قەیرانە و تێپەڕاندنی قەیران بە قەیرانە. هیند یەکێ لەو وڵاتانەیە کە لەگەڵ ئەوەدا مەزنترین وڵاتی دیموکراتییە لە جیهان، بەڵام خاوەن کۆمەڵێکی بەختەوەر نییە، بەختەوەر بەو واتایە کە دۆخی ژیانی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە نایەکسانە و ئابووریی و سەرمایە ڕۆڵی نەرێنیی تێدا دەگێڕێت. ئەگەر نەوەی خاوەن هزر خوێندنەوەیەکی نوێی زانستیی بەلەبەرچاو گرتنی دۆخی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە نەکەن، ژیانی دژوار چارەنووسی بەشێکی مەزن لە پێکهاتەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە و قەیران پەرە دەستێنێت و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی قۆناغەکان بە چەشنێکی خۆماڵیی و سرووشتیی تێپەڕ ناکات.

نەوه‌ی نوێ ئەمڕۆیی بیر ده‌كاته‌وه‌، بە واتای ئەوە نییە ئەو کەسەی کە ئەمڕۆ لە دایک دەبێت نه‌وه‌ی نوێیه‌، نه‌وه‌ی نوێ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نوێ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت و بنه‌مای ئه‌و هێز و وزه‌ زانستیی و هزرییانه‌یه کە ئاڵوگۆڕی مەزن و کاریگەر، گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگادا دەخوڵقێنێت و دەیان بزووتنەوەی هزریی، سیاسیی و مەدەنیی به‌ دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت و ساز دەکات و ده‌بێته‌ هۆی كرانه‌وه‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی لە کۆمەڵگا دا. زانست و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی و هزریی ئەمڕۆ بەرهەمی تێكۆشانی مرۆڤی ئەمڕۆیی نییە، بەڵکوو به‌شێك له‌و زانسته‌ لە قووڵایی مێژووەوە سەرچاوە دەگرێت کە ده‌یان فیلسووفی مەزن ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە و لە پێناویدا تێكۆشاون. کەواتا لە هیچ سەردەم و قۆناغ و دۆخێکدا مرۆڤی ئەو سەردەمە بە نەوەی نوێ پێناسە ناکرێت، چونکوو نەوەی نوێ بەواتای هزری نوێ دێت کە تەپاوتل بە قۆناغەکانی مێژوو دەکات و ئاڵوگۆڕە قووڵەکان پێك دەهێنێت و كاریگه‌ری قورس له‌سه‌ر مێشك و هزری مرۆڤەکان داده‌نێت و بەرهەمی نوێ دەخاتەڕوو کە نەوەی داهاتووتر دەتوانێ شرۆڤەكاری پتری بۆ بکات و پەیامەکە وەک خۆی ببیستێ و لێی تێبگات و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەی بنه‌مایی لەو پێناوەدا ئەنجام بدات. هاوکات مرۆڤی هه‌ر سه‌رده‌مێك به‌ پێی دۆخ و هه‌لومه‌رجی ئەو کۆمەڵگایەی کە ژیانی تێدا دەکات ده‌توانێ كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی مه‌زن بهاوێژێت و سه‌ره‌تای گۆڕانكاری و ڕێفۆرم ده‌ست پێبكات، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ لە ئاکامدا گۆڕانكاری ڕیشه‌یی بێته‌‌ كایه‌وه‌ و بیروهزری نوێ له‌ دایك ببێت. به‌ كۆی ئه‌و هه‌وڵدانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی گۆڕانكاری قووڵ و سیستەم و كولتوورێكی نوێ درووست ده‌كات و ئاڵوگۆڕه‌كانیی هه‌موو قوژبنێكی كۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه، بیری نوێ ده‌وترێت، هه‌روه‌ها ئه‌و تاك و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ كۆمه‌ڵگا و ڕێفۆرم و گۆڕانكاری نوێ ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌ و داهێنانی بیروهزری نوێ ده‌كه‌ن، پێکهێنەری تاییبەتمەندییەکانی هزری نەوەی نوێن.

ئه‌ركی نه‌وه‌ی نوێ؛

ئەرکی نەوەی نوێ ئەوەیە کە بیروهزری نەبێتە پەیجە و کەرەستە بۆ سەرخستنی کەسانی هەلپەرست و گەندەڵ و دەست بەسەردا گرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەو چەشنە کەسانەوە کە بنەمای هزرییان لەسەر پێوەری گەندەڵی و سەرمایە دانراوە. نەوەی نوێ بنەمای هزر و کار و تێکۆشانی دەبێ لەسەر تیژیی زانست و سیستەم، ڕێکخراو و جڤاک دامەزرابێت و هەموو هەوڵەکانی لە پێناو نوێگەریی و نوێبوونەوە، خزمەت و تێکۆشان بەگەل و وڵات بێت. نەوەی نوێ بەواتای هزر و بیری نوێ دێت کە کۆمەڵگا لە دۆخە نالەبار و هەلومەرجە کێشاوییەکان ڕزگار دەکات. ئەرکی نەوەی نوێ ئەوەیە کە بنەمای نوێ بۆ خزمەتکردن دابڕێژێت و هەمیشە پێشەنگی ڕزگاریی کێشەکان بێت و دۆخە تاییبەت و هەلە مێژووییەکان بقۆزیتەوە و ڕێگه‌چاره‌ی نوی بۆ ئه‌و قەیرانانه‌ پێ بێت کە كۆمه‌ڵ لە چارەسەرکردنیان بێ هیوا بووە. نەوەی نوێ شۆڕشی نوێ هەڵدەخات و ڕژیمە زاڵ و دیکتاتۆرەکان دەڕۆخێنێت و برەو بە کرانەوەی سیاسیی و کولتووری دەدات و پێشڕەوی گەل بۆ ئاوەدان کردنەوەی وڵات ده‌بێت. نەوەی نوێ بە واتای قوربانیدان بۆ دەستبەرکردنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگا دێت، نەوەی نوێ ئەو هێزە ڕزگارکەرەیە کە ئەرکی قورس لە پێوەندی بە کۆمەڵ لە ئەستۆ دەگرێت و زانست بە سەرچاوەی یاسا و ماف، ویست و داخوازی و خزمەتکردن ئەژمار دەکات و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە بە سەرچاوەی چارەسەریی کێشەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچاره‌ی بنه‌ڕه‌تیی پرسەکانی ئاڵۆزی کۆمەڵگا پێناسە دەکات. نەوەی نوێ گۆڕانکاریی نوێ لە زانستی ڕۆژدا دێنێتە گۆڕێ و پەرە بە زانست لە بوارەکانی جیاواز دەدات.

ئه‌ركی نه‌وه‌ی نوێی كوردستان؛

لە کۆمەڵگای کوردستانیشدا بەهەمان چەشن، نەوەی نوێ ئەرکی مەزنی لە ئەستۆیە، ئەرکی ڕزگاركردنی نەتەوەیەکی بندەست لە ژێر دەستیی و بووژاندنەوەی کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی، زمان و ئەدەب و ڕەسەنایەتی ئەم گەلەی پێ سپێردراوە، ئەوەش ئەرکێکی قورس و هاوکات گرینگ و مەزنە، پێوەندی بە پێشگیری لە توانه‌وه‌ و لەنێوچوونی نەتەوەی کوردەوە هەیە. کەواتا نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەدا کە پێویستی بە هێز و هزر، بناغە و بنەمای نوێ هەیە کە دەبێ لە کۆمەڵگای کوردستاندا ساز و جێگیری بکات، هاوکات پێویستە کە لە تێکڕای ئاستە جیاوازەکانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و مەدەنییدا خۆی بەسەر گەندەڵی بسەپێنێت، هەروەها ده‌بێ لەو پێناوەشدا ئامادەی قوربانیدان بێت، بۆیه‌ پێویستی بە پشوو درێژی هەیە. یەکێ لە کێشەکانی نەوەی نوێ لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستاندا ئەوەیە کە هەمووان تێکەڕا خۆیان بە پێشڕەو و نوێگه‌را و به‌ پێشه‌نگی بیروهزری نوێ پێناسه‌ ده‌كه‌ن و کۆمەڵگا لە ئاست هەوڵەکانیان بە قەرزدار دەزانن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ خاوه‌نی بیروهزری نوێ بێت نابێ‌‌ كۆمه‌ڵگا به‌ قه‌رزداری خۆی ئەژمارکات، ده‌بێ بنه‌مای هزریی و كار و چالاكییه‌كانی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز و ڕوون بن كه ببێته‌‌ هه‌وێنی‌ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تیی له‌ كۆمه‌ڵگا و ڕای گشتیی بگۆڕێت و کۆمەڵ لە ئاست کێشە و دۆزینەوەی چارەسەرییەکان بە قەرزداری خۆی هەژمار نەکات.

ئەوە کۆمەڵ و کۆمەڵگایە کە نەوەی نوێ و بیروهزری نوێ بەرهەم دەهێنێت و هەموو تاکێکی کۆمەڵگاش لە ئاست گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵەکەی ئەرکی لەسەر شانە. کۆمەڵگا خاوەن تێکڕای ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگەیە و ڕووداوەکانی کۆمەڵیش بەهۆی هزر، ئەرک، پیشە و هەست بەبەرپرسیارێتی کردنی دانیشتووانی کۆمەڵگا ڕوو دەدات. کەواتا ئەوەی کە لە کۆمەڵگادا ڕوو دەدات، هۆکاری پاڵپێوەنەری هەیە، پێشکەوتن یانخود پاشکەوتنی کۆمەڵگا پێوەندی بە ئاستی تێگەییشتنی دانیشتووانی کۆمەڵگاوە هەیە کە دەلاقەی ڕوانینییان لە کام ئاستی گەشەسەندنی هزریی و کۆمەڵایەتیی دایە. هەروەک چۆن زانستی فیزیک، کیمیا و بیرکردنەوەی فیلسووفەکانی مەزنی جیهان ناتوانێت زانستی پشت سازکردنی ژیانی سرووشت و تێکڕای ژیانی زیندەوەرەکانی سەرگۆی زەوی و گەردوون و هەموو پێکهاتەیەکی ژیان و کەون پێناسە بکات و تەنانەت هیچ زانستێک ناتوانێ هۆکاری چالاک نەبوونی بەردەوامیی سلولەکانی لەشی زیندەوەر کە هۆکاری بنەڕەتیی پیربوون و مردنە شرۆڤە بکات و ناتوانێ کە درووست بوونی ژیانی سرووشت و زیندەوەرەکان و پێکهاتەی کەون بە چەشنێکی سرووشتی و خۆزا بسەلمێنێت. من هێزی یەکەم و بنەڕەتیی و سەرەکیی پشت هەموو پێکهاتەیەکی کەون، ژیانی زیندەوەر و سرووشت و گەردوون لە هێزی خودا واتە اللە پێناسە دەکەم و پێم وایە هێزی یەکەم کە خوڵقێنەری هەستیی و زانست و ژیانی زیندەوەرەکان و پێکهێنەرەی پێکهاتەی هەموو کەونێکە لە هێز و زانستی اللە خۆی دەبینێتەوە. هاوکات وتەی هەموو فیلسووفەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی تیئۆریدا پێناسە دەکرێن. بەهەمان چەشنیش ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگاش پێوەندی بە ئاستی تێگەییشتنی مرۆڤەکانەوە هەیە و مرۆڤەکان لە ئاست پاشکەوتوویی کۆمەڵایەتیی و زانستیی کۆمەڵگاکەیان بەرپرسیارن. پێویستە بە دوای چارەسەری کێشەکان لەنێو خودی کۆمەڵگاکەیاندا بگەڕێن، چونکە هەموو تۆیەکی چارەسەری لە کۆی پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا بەدی دەکرێت.

كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ و چاوێكی خێرا به‌‌ ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی مێژوودا ده‌خشێنین ده‌یان كه‌سایه‌تیی فیلسووف و مێژوویی به‌رچاومان ده‌كه‌ون كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگاكانیانه‌وه‌ به‌ هۆی هێنانه‌ئارای گۆڕانكاری نوێ له‌ دۆخی ژیان و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ده‌لاقه‌ی ڕوانینی‌ كۆمه‌ڵگا كوژراون و به‌ردباران كراون و بوونه‌ته‌ قوربانی هێنانه‌كایه‌ی ڕه‌وت و ڕووداوی نوێ. یه‌كێ له‌ تاییبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و كه‌سایه‌تیی تیژهزر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ی قوربانی دانه‌ و له هه‌ر هێرشێك كه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ری سڵ ناكاته‌وه‌ و‌ گوشاره‌كان له‌ بیروبڕواكانی پاشگه‌زی ناكا‌ته‌وه‌ و تا گه‌ییشتنه‌ ئامانج و ئاكام درێژه‌ به‌و ڕێگه‌یه‌ ده‌دات كه‌ به‌دیهێنه‌ری خه‌ون و خه‌یاڵەکانێتی. ئه‌وه‌ بیروهزری نوێیه‌‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئاره‌سته‌ی ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕێت و بنه‌مای نوێ ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌ ‌و كۆتایی به‌ کێشەکان دەهێنێت و دژه‌هزری و پاشكه‌وتوویی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بنکۆل و بنبڕ دەکات و ده‌لاقه‌یه‌كی نوێ و به‌رفه‌راوان به‌ ڕووی كۆمه‌ڵگا و ژیان ده‌كاته‌وه‌ و گۆڕانكاری له‌ ژیانبینیی مرۆڤه‌كاندا له‌ پێوه‌ندی به‌ پرس و باسه‌كانی جیاوازی نێو كۆمه‌ڵگا پێک دەهێنێت. بیروهزری نوێ به‌ یه‌كه‌م ویستگه‌ی خێراگۆڕی ژیان پێناسه‌ ده‌كرێت و ئامانج لە بیروهزری نوێ تەپاوتل کردنە بە ئارەستەکانی دۆخی ژیان و زانست بە مەبەستی هێنانەئارای خەونی ژیانبینیی نوێ و گۆڕانکاری لە ڕەوتی رووداوەکان و پەرەسەندنی ئاستی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی و زانستیی و تەنانەت سیاسییش لە هەموو بووارەکان دا.

ڕۆڵی نەوەی نوێ؛

دەبێ نەوەی نوێ ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگا و بزووتنەوەکانی سیاسیی و مەدەنییدا بگێڕێت و بەسەر بیری چەقبه‌ستوو و سیستەمی داخراوەیی و نازانستییدا زاڵ بێت و ئەو بیرە کە پێی وایە ئەوە تەنیا سەرمایە و قورخکەرانی جمگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتین کە پێشڕەو و پێشەنگی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن وەلا بنێت و ئاڵوگۆڕ بەسەر بنەما سیاسیی و ستراتیژییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات بهێنێت و كۆتایی به‌ ناوه‌ندخوازی سیاسیی و ڕێكخراوه‌یی بهێنن و سیستەمێكی نوێی جڤاكیی كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی تێكڕای كۆمه‌ڵگا به‌ هەموو پێکهاتەکانییەوە بكات، پێك بهێنن. هه‌نووكه‌ زۆربەی ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە کوردستانیشەوە ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌ندام و لایه‌نگرەكانی خۆیان ده‌كه‌ن و باییخ به‌ ڕوانگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حیزبیی ناده‌ن و بگرە بیروبۆچوونی كه‌سایه‌تییه‌كان له‌ دژی ڕێكخراوه‌‌كانیان پێناسه‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م دۆخه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان تێپه‌ڕی ده‌كات، دۆخێكی مه‌ترسیداره‌ و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی، پڕۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و کولتوور و دابونەریت داده‌نێت، چونكه‌ ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگای كوردستان بووه‌ته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی حیزبیی و كۆمه‌ڵی كوردستان لە نێوان حیزبەکاندا دابه‌ش كراوه‌، چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و دۆخه‌ش پێویستی به‌ شۆڕشێكی هزریی نوێ هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ڕه‌شه‌با هه‌ڵكات و سیستەم و چوارچێوه‌ی كۆنی ستالینیی ڕێكخراوه‌یی هه‌ڵته‌كێنێت، به‌و چه‌شنه‌ هیوای گۆڕانكاری نوێ له‌و حیزبانه‌ به‌دی ده‌كرێت. ئه‌وه‌ش به‌ شۆڕشێكی كولتووریی ده‌كرێت و‌ ئه‌گه‌ر نه‌وه‌ی نوێ به‌ هێز و وزه‌، هزری ڕۆژ و سه‌رده‌م ته‌یار بێت، ده‌توانێت ڕۆڵی گرینگ و پڕ باییخ له‌و پێوه‌ندییه‌دا بگێڕێت. بێگومان پارتەکانی سیاسیی کوردستان بەشێک لەو بۆشاییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەی گۆڕەپانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی کوردستانیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام دەبێت پارتەکان لەژێر هەژموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و بیروبڕواکانی کۆمەڵگاش دەرنەچن و کرانەوەی سیاسیی پتر بەخۆیانەوە ببینن و پەل ڕاکێشن بۆ سرنجدان بە سرنجی نوێخواز کە بەرهەمی هەوڵ و تێکۆشانی نەوەی تێژهزری کۆمەڵگایە. دەبێ گرینگیی و باییخ بە تۆی گەشەسەندی کۆمەڵگا بدرێت و هەموو کۆمەڵێک تۆی پێشکەوتن و چالاکبوونی تێدا بەدی دەکرێت، گرینگ ئەوەیە کە تۆکان چالاک بکرێن و وزەی پێویستیان بۆ خۆڕێکخستنەوە دابین بکرێت.

سەرکەوتن لە خۆناسینەوە دەست پێ دەکات؛

کۆمەڵگای گەشەسەندوو کۆمەڵگایەکە کە تۆی پێویستی بۆ گەشەپێدان هەیە و قەد هاوردە ناکات، تۆی هاوردە لەگەڵ سرووشتی خۆیدا سازگارە و لە دۆخ و هەلومەرجی جیاواز و نەناسراودا سەرکەوتن مسۆگەر ناکات. هەر تیئۆری و فەلسەفەیەکی هزریی و کۆمەڵایەتیی تاییبەت بە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی وڵات و ناوچەیەکی تاییبەت، پێی ناوەتە گۆڕەپانی تۆژینەوە، بۆیە هەلومەرجەکان و دۆخی ژیانی کۆمەڵگاکان جیاوازن و لەگەڵ یەک تەبا نین. ناکرێ کۆمەڵگای کوردستان لە تیئۆری و فەلسەفەکانی فیلسووفەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دوور کەڵک وەرگرێت، بێگومان گەلێک فەلسەفەی هزریی فیلسووفگەلی کورد بوونیان هەیە کە بەشێکی مەزن لە مێژوو و ڕابردووی کوردستان لەخۆ دەگرێت. پێویستە تۆی ئەو هزرانە چالاک بکرێن و گەشەیان پێ بدرێت. کۆمەڵگای کوردستان قەد بە مانیفیستی مارکس و هزری مائۆ و دەیان کەس و کەسایەتیی فەلسەفیی و هزریی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کێشەکانی چارەسەر ناکرێت، چونکە ئەو فەلسەفە و هزرانە قەیرانن و بەرهەمی قەیراناویی بۆ کۆمەڵگا بەجێ دەهێڵن. کوردستان و میزوپۆتامیا هەزاران ساڵە مێژوو ئەزموون دەکەن و سەدان فیلسووف و زانستپەروەری خوڵقاندووە و درووست کردووە. گرینگ ئەوەیە کە ئێمە کوردی بیر بکەینەوە و کوردانە لە میژووەوە فێر بین.

دەبێ لە مێژووێکەوە فێر بین کە دەستنووسی خۆمانە و بەرهەمی لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەی هزری خۆمانە. ئێمە ناتوانین کەڵک لەو مێژووە وەرگرین کە دەستنووسی داگیرکەران و مێژووناسانی دەرەکییە. چونکە تێکڕای دەستنووسەکان دەستکاری کراون و وەک خۆیان نەماون. هەموو مێژووناسێکیش باییخ بە ڕۆڵی گەلەکەی دەدات و لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی دەنووسێت، کەواتا مێژووێک بۆ ئێمە بەنرخ و گرینگە کە دەستنووسی خۆمان و بەرهەمی هەڵکۆڵینی خۆمان بێت. ئەو مێژووە ڕێگەی داهاتوو و چارەسەر کردنی کێشەکان پێشان دەدات. ئێمە تاکوو ئیستاش فیلسووفانی کورد و هزربیرانی مەزنی کورد ناناسین و ئەوەی کە دەیزانین و دەیناسین لە زمانی بێگانەکانەوە دەستمان کەوتووە و بەدەستمان گەییشتووە. فێربوون لە خۆناسینەوە دەست پێ دەکات، چارەسەری هەموو کێشەیەکی کۆمەڵگا و ناسینی تۆی گەشەسەندنی خۆماڵیش لە خۆناسینەوە تێپەر دەبێت. ئێمە تاکوو خۆمان و نەتەوەکەمان، ڕابردوو و مێژوو، کەسایەتییەکانی میژووی خۆ و زانست و هزری خۆمان نەناسین، دژوار و ئەستەمە کە ڕێگەی سەربەخۆبوون بدۆزینەوە و سەرەتای ڕێی ڕزگاربوون لە کێشەکان دەستکەوێت. سەرکەوتن لە پەنابردن بۆ فەلسەفەی فیلسووفەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات دەست ناکەوێت.

سەرکەوتن لە هەڵکۆڵینی هزری خۆ و هەوڵ و تێکۆشانی وزەی هزریی خۆمان دەردەکەوێت. پشتئەستوور بە فەلسەفەی هزریی کۆمەڵگا سەرەتای هەموو دەستکەوتێکی کۆمەڵایەتیی، نیشتمانی و بەدی هاتنی بەختەوەریی گشتییە. لە فەلسەفەی زانستیی، شیعر و ئەدەب، داستان و چیرۆکی کوردییدا لەگەڵ گەڵێک ڕووداو، تارمایی و بەسەرهاتی مێژوویی ئاشنا دەبین. بۆ ئاشنابوون و تێگەییشتن لەو فەلسەفە زانستیی و کۆمەڵایەتییانە پێویستە کە نووسەرانیان بناسین، تاکوو لە نێۆڕۆکی هزریان تێبگەین. تێپەربوون بەسەر ئەو نووسراوانە و هەوڵنەدان بۆ دۆزینەوەی هزر و فەلسەفەکانیان تەنیا شیعر و چیرۆک یانخود داستانێکی وشک و ناتەواومان بۆ دێڵێتەوە. تاکوو هەنووکە سەدان کتێب و نووسراوەی دەیان کەسایەتیی مەزنی مێژوویی و فەلسەفیی کورد ونە و کەس لە شوێنی بوونیان ئاگادار نییە. بەشێکی سەرەکیی مێژووی کورد و چارەسەری کێشەکانی کوردستان و ڕێگەی داهاتووی نەتەوەی کورد لە کتێب و زانستی ئەو فیلسووفە بێناو و ونانەدا خەوتووە. هەر هەوڵێکی ڕاچڵەکێنەر بۆ دۆزینەوەی ئەو زانست و مێژووە ئاماژەی سەرکەوتنە. وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئەورووپا پێش ئەوەکە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەدوای مێژوویاندا گەڕان و ڕێچکەی مێژووییان دۆزییەوە، یانخود ساز کرد و باوەڕییان پێی هێنا، سەرکەوتنی ئەو وڵاتانە و بەدەست هێنانی زانستی ڕۆژ و کەوتنەڕێی چەرخی پیشەسازی لە ئەورووپا لەپاش قۆناغی خۆناسینەوە دەستی پێکرد.

کۆی تۆژینەوە؛

ئه‌و بزووتنەوانەی كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاریگه‌ری به‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی و تاكی خاوه‌ن بیروهزر دابنێن، ڕێ لە پێشکەوتنی كۆمه‌ڵگا دەگرن و هیوایان به‌ چاكسازی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه‌ و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و وڵاتانه‌ش نایهه‌وێت كه‌ گۆڕانكاری قووڵ و نوێ ڕوو بدات، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی خۆیان له‌ ژێر مه‌ترسی و هەڕەشەدا ده‌بینن، ئه‌وه‌ش له‌ وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و بە تاییبه‌ت لە ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی گه‌ورەدا‌ باوه‌ و كوردستانیش‌ له‌و جوگرافییایه‌دا هه‌ڵكه‌وتووه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین كه‌ پێناسه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ كۆمه‌ڵگا به‌ كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌ و دۆخی ژیان و هه‌لومه‌رجی جوگرافی و سیاسیی كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێت، بۆیه‌ ناكرێ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ كه‌ له‌ نه‌وه‌ی نوێی وڵاتانی پێشکەوتوو هه‌مانه‌ هه‌مان چاوه‌ڕوانیمان له‌ نه‌وه‌ی نوێی كوردستانیش هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه‌ ئێمه‌ بنه‌مای هزرییمان لاوازه‌، پێچه‌وانه‌ بنه‌ما هزرییه‌كانی ڕۆژئاواش له‌ شارستانییەتی زاگرۆس و میزوپۆتامیاوە سەرچاوە دەگرن. به‌ڵكە له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ نه‌وه‌ی نوێی كوردستان كه‌ره‌سته‌ و ڕاگه‌یاندنی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆی له‌ خزمه‌تدا نییه‌ و ڕووداوه‌كان خێرا ڕوو ناده‌ن و قه‌یرانه‌كان پێویستیان به‌ بنكۆڵ کردنی زیاتر هه‌یه و کەرەستەی سەردەم و تێکنۆلۆژییش لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی سەرەکیی و مەزن دەگێڕێت، ئەوەی کە نەوەی نوێی کوردستان لێی بێبەشە‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت كه‌ دۆخی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی چاره‌سه‌ر بكرێت و دەرفەتی نوێ و یەکسان بۆ هەمووان دەستبەر بکرێت و کۆمەڵگاش گۆڕانکاری قووڵ بەخۆیەوە ببینێت، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی لە ناوچەکە گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتیی ئەزموون بکات، ئەوەش کاتێک مسۆگەر دەبێت کە دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی سیاسیی گوێچکە بۆ نه‌وه‌ی خاوه‌ن هزر بگرن و باییخ بە پێشنیار و ڕاسپارده‌كانیان بدەن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌ و درزی نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا پڕ بكه‌نه‌‌وه‌. به‌و چه‌شنه‌ ئه‌و دیواره‌ مه‌زن و به‌رزه‌ كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا ده‌ڕۆخێت و سه‌ره‌تا و ده‌سپێكێكی نوێ كه‌ پڕه‌ له‌ متمانه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا درووست ده‌بێت. ئەوەش کۆتایی بە هزری؛ گەندەڵ، سەرمایەخوازی دەسەڵاتخواز و دەسەڵاتخوازی سەرمایەخواز، قورخکەری سەرمایە و دەسەڵات، داماڵینی سەربەستیی لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، ژینگەی گەندەڵ، ڕۆخاندنی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگا، ئاڵۆزکردنی دۆخی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵ دەهێنێت و نەوەیەکی خاوەن هزروبیر و خاوەن بۆچوون ڕەوانەی گۆڕەپانی خزمەت کردنی کۆمەڵگا دەکات و بزووتنەوەکانی کۆمەڵایەتیی و جڤاکیی کە هێزی یەکەم و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی گەلن ئارەستەی ستراتیژییەکانی کۆمەڵگا دەگرنە دەست. واتا سەربەستیی، ئازادی، کۆمەڵگایەکیی جڤاکیی، بەختەوریی، ژینگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوو، دادپەروەری کۆمەڵایەتیی و باییخە مرۆڤایەتییەکان بەرهەمی هزروبیری نوێن.

لەنووسینی؛ Aritma Mohammadi

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

 

 

 

ئایا نەوەی نوێ بە واتای بیری نوێ دێت! ... ئاریتما موحەممەدی (بەشی دوو)

”هەڵخستنی شۆڕشی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو نەتەوەیەکی لەم چەشنەدا گەلێک ئاسانە، چونکە تۆی شۆڕش و تێکۆشان لەنێو لەش و خوێنی ئەم گەلەدا زیندووە و هەمیشە کورد هیوای مەزن لەخۆیدا دەپەروەرێنێت. ئاریتما موحەممەدی”

لە كۆی خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا بەو ئەنجامە گەییشتین کە مرۆڤی مەزن و تێکۆشەر، مرۆڤی بە هەست و لەخۆبردوو و خزمەتکەر، ڕێگر و بەربەستەکان تێک دەشکێنێت و تەمەن و پیری و لاوی ناتوانێ ببێتە بەربەستی سەرەکیی سەرەڕێی، کەواتا پیربوون و لاوبوون بەربەست و هۆکار نین، بەڵکوو تەنیا هۆیه‌ك کە مرۆڤە زیندوو و مردووەکان یانخود تەنیا پرسێک کە مرۆڤە لێهاتوو و هه‌لپه‌ره‌سته‌كان لێک جیا دەکاتەوە، ڕۆڵ، هه‌وڵ و تێکۆشانی ئەو مرۆڤانەیە، ئاستی خزمەت و باییخ و گرینگیی ڕوانگە و دەلاقەی ڕوانینی هزریی ئەو مرۆڤانەیە بۆ کۆمەڵگا کە پێناسەی نوێ و گرینگ یانخود کز و لاوازیان پێ دەبەخشێت و کەسایەتییان هەڵدەخات و پێگەی کۆمەڵایەتییان بەهێز یانخود لاواز دەکات. مرۆڤی مەزن و تێکۆشەر لەهەر تەمەن و دۆخێكدا بێت بەپێی بارودۆخی گونجاو و لەبار هەڵوێست وەردەگرێت و هەنگاو هەڵدەنێتەوە، قەد نابێتە بەربەست لەبه‌رده‌م پێشکەوتن و خزمەت و تێکۆشانی کەس و کەسایەتییەکانی دیکە کە بیانهەوێت ڕۆڵی مەزن و ئه‌رێنیی له‌نێو كۆمه‌ڵگادا بگێڕێن، پێچه‌وانه‌ مرۆڤی لێهاتوو و تێكۆشه‌ر هەمیشە کەسایەتییەکانی دیکە بە هاوکار و هاوڕێی خۆی پێناسە دەکات. پێناسه‌ی هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك دەلاقەی بیروهزری ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ و هه‌مان پێناسە پێگه‌ی کەسایەتی ئەو مرۆڤەش دەستنیشان دەکات و لەو ئارەستەیه‌دا هەنگاوی پێ هەڵدەنێتەوە. مرۆڤە تێکۆشەر و بەنرخەکان بەبێ ڕەچاو کردنی دۆخی ته‌مه‌ن هەمیشە بەربەستەکان دەشکێنن و پێشەنگی تێکۆشان لە بووارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، سیاسه‌ت، زانست و ئه‌ده‌ب ده‌بن و هەردەم لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی نوێ دان.

لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندنی ته‌مه‌ن له‌ هیچ قۆناغێکی مێژوویی و دیرۆکییدا هۆکاری کێشە و ئاڵۆزی یانخود ڕێگەی چارەسەر کردنی کێشە و به‌ربه‌ستەکانی پێشکەوتن و ژیان نه‌بووه‌ و هاوکات به‌ هۆكاری لەمپەر و قه‌یرانیش نه‌زانراوه و پێناسه‌ نه‌كراوه‌‌، تاكه‌ هۆكاری درووست بوونی كێشه‌، قه‌یران، ده‌سه‌ڵاتخوازی، هه‌لپه‌ره‌ستی، لەمپەر و بەربەست، هزری مرۆڤەکانە، بیروباوەڕی مرۆڤەکانە، کە هەرکام به‌ چه‌شنێكی جیاواز و كێشه‌خوڵقێن و كێشه‌زا خۆ و پێی گرتووە و له‌و ئاره‌سته‌یه‌‌دا هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێته‌وه‌ و گەشەسەندنی ئەو شێوە لە هزریش قووڵبوونەوەی کێشەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو دۆخە لە ژیان و ئەو قۆناغە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژوو و هاوکات تێپەڕبوون لە ئاڵۆزییەکانی هەر دۆخ و قۆناغێکیش پێویستی بە گۆڕانکاری نوێ هەیە کە دەبێتە بەرهەمی خوێندنەوەی نوێی هزریی چینەکانی کۆمەڵگا. چونکە کاتێک کە کێشە بەرۆکی کۆمەڵگا دەگرێت و بەردەوام قووڵتر دەبێتەوە و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەریی دژوار دەبێت، بەواتای ئەوە دێت کە کۆمەڵگا پێویستی بە هەڵزنان و گۆڕانکاریی لە یاسا و هاتنەکایەی ئاڵوگۆڕی سیاسیی و زانستیی پتر هەیە و هەروەها پێویستە کە چینەکانی کۆمەڵگاش لەو نوێکاریی و گۆڕانکارییە هزرییانە خۆیان بەدوور نەگرن و ئەرکە کە لەگەڵی بگونجێنن و وەک بەربەستی ژیان سەیری نەکەن، بەڵکوو وەک دەرفەتی نوێ بۆ کۆمەڵگا ئەژماری بکەن.

چارە و چارەسەری کێشەکان؛

چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ش کە لە بەشی یەکەم و هاوکات لە دەسپێکی بەشی دووەمی ئەم بابەتەدا ئاماژەی پێکرا له‌ خوێندنه‌وه‌ی زانستیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و لە بارودۆخی هەنووکەیی كۆمه‌ڵگا سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ پێویسته‌ دەرئەنجامی هەر هەنگاوێکی قووڵ ڕێفۆرم و گۆڕانكاری بێنێته‌‌ كایه‌وه‌ و هاوسه‌نگی نێوان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بپارێزێت و بە چەشنێکی ڕیشەیی لە بنەمای هەر قەیرانێکی کۆمەڵگا بکۆڵێتەوە و لەو پێوەندییەدا تۆژینەوەی پێویست ئەنجام بدات. ئەگەر ئاماژە بە گرینگترین خاڵی بنەڕەتیی هەڵزنانی کۆمەڵگا بکەین و وەک یەکەم ویستگە و دەسپێک باییخی پێ بدەین، ئەو یەکەم هەنگاوە په‌روه‌رده‌یه‌كی زانستیی دەبێت کە پێویستە پێك بێت و به‌‌پێی دۆخی كۆمه‌ڵگای كوردستان دابڕێژرێت و بنچینه‌ و بناغه‌ی دامووده‌زگاكانی حوكوومیی له‌سه‌ر دابمەزرێت. په‌روه‌رده‌یه‌كی زانستیی كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زن و چالاك و جێگرتوو به‌ لاوانی وڵاتی ئێمه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ له‌ داهاتوودا ڕۆڵی مەزن له‌سه‌ر خستنی پڕۆسه‌ی پێشكه‌وتن و پێشخستنی كۆمه‌ڵگا بە چەشنێکی ئه‌رێنی و پڕ باییخ دەگێڕن. هەروەها پەروەردەیەکی زانستیی و کۆمەڵایەتیی نەوەیەکی لەشساق و ڕووناکبیر ڕەوانەی کۆمەڵگا دەکات، کاتێک کە کۆمەڵێکی لەشساق بار بێت، کۆمەڵگاش لە هەموو بووارە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابوورییەکان بەرەوپێشەوەچوون بە خۆیەوە دەبینێت و گەشە دەکات. گەشەسەندن بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییانەیە کە لە یاساکانی بنەڕەتیی وڵاتدا جێگیر دەکرێن و بە کردەوە دەچنە بوواری کردارەوە. بەواتا دەکرێت کە ئاڵوگۆڕی بنەمایی لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتێکدا پێک بێت، بەڵام تاکوو ئەو یاسانە نەچنە بوواری کردارەوە گۆڕانکارییەکان بەدی ناکرێن. ”وەک ئاماژە، لە یاساکانی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە سیستەمێکی دیکتاتۆری و لە هندێکیشاندا سیستەمگەلی فاشیستی پێناسەی سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی وڵاتن، کۆمەڵێک بەند و مادەی ئەرێنیی بەدی دەکرێن، کە ئەگەر بچنە بوواری کردارەوە گۆڕانکاری قووڵ لەو کۆمەڵگانەدا ڕوو دەدات و لە درێژماوەدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتانە دادەنێت”

یەکێ لە کێشەکانی هەرە مەزنی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە کە هەرچەند ئاستی خوێندەواری چینەکانی کۆمەڵگا لەسەر بێت، بەڵام کۆمەڵێکی ڕووناکبیر پێک نایەت، کەواتا بەربەستە هەرە مەزنەکە ئەوەیە کە پەروەردەی کۆمەڵایەتیی لەو وڵاتانە کرچ و کاڵە، یانخود بەچەشنێکی زانستیی دانەڕێژراوە و فاشیسم و بیروبۆچوونی بەشێک لە کۆمەڵگا زاڵە بەسەر ئەو پڕۆسە گرینگەوە، ئەوەش بۆ بەدیهێنانی مەبەستگەلی تاییبەتیی و سیاسیی. گرینگترین هۆی ئەو چەشنە لە پەروەردەش بۆ دەسەڵاتی سیاسیی دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگایەکی ڕووناکبیر بە بەربەست و نەیاری سەرەکیی خۆی پێناسە دەکات. بۆیە کاتێک کە هەژاری پەرە دەستێنێت و بێکاری ڕوو لە کۆمەڵگا دەکات، ئاساییشی کۆمەڵگا تێک دەچێت، ئەو کات مەودا و ڕووبەری مانوڕدانی دەسەڵاتیش بەربڵاوتر و ئاوەڵاتر دەبێت و دەسەڵات هێز بە سەر پێکهاتەکانی کۆمەڵگادا زاڵ دەکات و وڵات بەرەوپاش دەگەڕێتەوە و پێشکەوتنی پێویست مسۆگەر نابێت. هەروەها پێشکەوتنێکی بەدیهاتوو لە بووارێکی تاییبەتشدا مانای بەختەوەری کۆمەڵگا ناگەیەنێت. وەک ئاماژە، وڵاتی چین ساڵانە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانەکەی لە بوواری ئابوورییدا سەرکەوتنێکی باش مسۆگەر دەکات و یەکێ لەو وڵاتانەیە کە ئابوورییەکەی بەهێزە، بەڵام بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە هەست بە ئارامی و بەختەوەری ناکەن و لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەو وڵاتە بێزارن و هەست بە نەبوونی ئازادی دەکەن و بە بەردەوامی مافی کرێکاران و چینەکانی کۆمەڵگا پێشێل دەکرێت. کەواتا کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بە کۆمەڵێک دەوترێت کە لانیکەم لە بووارەکانی سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، دادپەروەری و دابەش کردنی سامانی سرووشتی وڵات هەست بە یەکسانی و بەختەوەری بکەن و لەبەردەم ویست و داخوازییەکانیاندا لەمپەر نەبینن.

کۆمەڵگای کوردستان؛

ئەگەر باس لە کۆمەڵگای کوردستان بکەین دەبێ بڵەیین کە هۆكاری درووست بوونی له‌مپه‌ر و به‌ربه‌سته‌كان له‌سه‌ر ڕێی پێشخستنی كۆمه‌ڵگا بۆ لاوازی كه‌سایه‌تیی تاكی كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخ و هه‌لوومه‌رجی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناوه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌ش له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی تێكشكاندنی كه‌سایه‌تیی تاكی كوردستان سەپاوەتەسەر کۆمەڵگا و له‌پێناو شۆردنه‌وه‌ و توانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی كورد پیلان و پلانی تاییبەت بەڕێوە چووە، ئەوەش بە مەبەستی ون کردنی پێناسه‌ی خۆی و هه‌رده‌م تاكی وڵاتی ئێمه‌ وه‌ك تاكێكی لاواز ڕۆڵی‌ كه‌سایه‌تییه‌كی دۆڕاو بگێڕێت و لێهاتوویی كه‌سانی ده‌ورووبه‌ر به‌ هۆكاری لاوازی پێگه‌ و كه‌سایه‌تیی خۆی پێناسه‌ بكات‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌لپه‌ره‌ست بار دێت و هه‌وڵ بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی زێتر ده‌دات و كاتێك‌ كه‌ گه‌ییشته‌ ده‌سه‌ڵاتیش ئیتر هه‌وڵ بۆ قورخ كردنی ده‌سه‌ڵات ده‌دات و وزەی خۆی بۆ دەستبەسەردا گرتنی جمگەکانی گرینگی دەسەڵات تەرخان دەکات و وڵات بە مڵکی تاکەکەسیی خۆی ئەژمار دەکات، ئه‌و کێشە مەزنەش زاده‌ی دۆخی سیاسیی و ئابووری كوردستانه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ سه‌پاوه‌ته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد. وەک ئاماژە، بەردباران کردنی ژنان بەشێکە لە کولتووری عەرەب و پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەنێو کۆمەڵگای عەرەبستاندا باو بووە و دواتر هاتووەتە نێو کۆمەڵگای کوردستان و جاروبار ژنانی کورد لەلایەن ئەو بەشە لە کوردانی تنئاژۆوە بەردباران کراون، وەک ئاماژە، دوعا کچە کوردی ئێزیدی لەلایەن کۆمەڵێک هاوڵاتییەوە بەردباران کرا، یانخود ڕەشەکوژی ژنان و کچانی کورد دیاردەیەکی نامۆیە و پێشتر لە کۆمەڵگای کوردستاندا ئەو دیاردە بوونی نەبووە و زادەی کۆمەڵگای کوردستان نییە و شەرەفپارێزیی لەو چەشنەش بەڕێوە نەچووە و مێژووی کوردستان ڕووداوی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

هەنووکە دیاردەیەکی نامۆ لەژێر ناوی ”ئەسیدپاشی” لە کۆمەڵگای ئێران لە گۆڕێ دایە و مانگانە کۆمەڵێک لە ژنان و کچانی ئێرانی و فارس دەبنە قوربانی ئەو دیاردە نامۆیە و ڕووخسار و ڕوومەتیان لە دەست دەدەن، دەسەڵات و یاساش تا ئاستێکی بەرچاو ڕێگەی بۆ ئەو دیاردەیە خۆش کردووە و بەشێک لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنییش ڕژیمی ئێران بە بەڕێوەبەران و پلاندانەرانی بنەڕەتیی ئەو دیاردەیە ئەژمار دەکەن و دەڵێن تاکوو هەنووکە ئەو ژن و کچانەی کە تێبینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە پێوەندی بە داپۆشینی زۆرەملێ لەبەرچاو نەگرتووە و ڕەچاو نەکردووە بوونەتە قوربانی دیاردەی ”ئەسیدپاشی” ئەمەش وەک پلانێکی ڕژیم و ناوەندەکانی داپڵۆسێنەری ئێران سەیر دەکرێت. یانخود بەستنەوەی ژن و کچ لە ماڵ و ئیزن نەدان بە بەشداری کردنیان لە ئەرک و کاری ڕۆژانە وەک مرۆڤێکی ئاسایی لە دەرەوەی ماڵ و لەنێو کۆمەڵگادا بە بەشێک لە کولتووری نەتەوکانی دەورووبەر پێناسە دەکرێت و بەشێک لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد پێک ناهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ بەشێک لەم دیاردانە لە هندێک لە ناوچەکانی کوردستاندا جێی گرتووە و بووەتە بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگا. هەروەک بۆ هەموومان ڕوونە کە لە مێژووی کۆن و دیرۆکیی کورد و کوردستان، زاگرۆس و مێزوپۆتامیادا ژنان ڕۆڵێکی پڕ باییخ و مەزن لە ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکی ڕۆژانەی کۆمەڵگا گێڕاوە و هاوشانی پیاوان لە ژیان و خەباتدا بەشدار بوونە.

کۆمەڵگای کوردستان بە کۆمەڵگایەکی فرە چەشن و فرە ڕەهەند و فرەگەر ئەژمار دەکرێت کە چەندین چین و توێژی جیاواز لەخۆ دەگرێت و هەرکام لەو چین و توێژانەش کۆمەڵێک کەسایەتیی خاوەن هزر و خاوەن زانست و بیروڕا لەخۆیدا جێ دەکاتەوە. پێگەی هەرکام لەو کەسایەتییانە لەنێو کۆمەڵگادا بەهێزە و گەل هەست بەبوونیان دەکات، ئەمەش واتای ئەوە دەدات کە لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵگا تووشی دەیان قەیرانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بووە، کەچی تاکوو هەنووکەش چینەکانی کۆمەڵگا و نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی خاوەن هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیین. ئەمە مانای ئەوە دەدات و پەیامی ئەوەی پێیە کە کۆمەڵگای کوردستان تاییبەتمەندی گۆڕانکاری و هاتنەکایەی ئاڵوگۆڕی قووڵ هەڵدەگرێت و ئەگەر بزووتنەوەیەکی جەماوەریی ڕێکبخرێت و لەلایەن نەوەی نوێخواز و پێشکەوتووخوازی کۆمەڵگاوە سەرکردایەتیی بکرێت هیواکانی گەل زوو گەشە دەکات. ئەم تاییبەتمەندییەی کۆمەڵگای کوردستان ئەمڕۆیی نین و لە مێژووی کۆنی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و کاتێک کە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە هەست بە مەزنی نەتەوەیەکی خاوەن پێگە لە مێژوودا دەکەین کە زاگرۆس و میزوپۆتامیا ناوەندی ئەو ئیمپراتوورییە بووە و ئەو نەتەوەش کوردە، نەتەوەی کورد تاکە نەتەوەیەکە لە جیهاندا کە زمان و ناسنامە، کولتوور و جلوبەرگی کۆن و دیرۆکیی و مێژوویی چەندین هەزار ساڵەی خۆی پاراستووە، لەپاش ئەوەش کە لە هندێک قۆناغی مێژوویدا دەسەڵاتی سیاسیی لەدەست داوە، بەڵام قەد دەستی لە خەونی مەزن هەڵنەگرتووە و بەردەوام خەونی بەو هێزە مێژووییە بینیوە کە لە گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچووکدا کاریگەرییەکانی پڕ باییخ بووە. بۆیە دەڵێم هەڵخستنی شۆڕشی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو نەتەوەیەکی لەم چەشنەدا گەلێک ئاسانە، چونکە تۆی شۆڕش و تێکۆشان لەنێو لەش و خوێنی ئەم گەلەدا زیندووە و هەمیشە هیوای مەزن لەخۆیدا دەپەروەرێنێت. نەتەوەکانی داگیرکەری کوردستان لە ماوەی سەدان ساڵ داگیرکاری کوردستاندا نەیانتوانی تۆی خەبات و تێکۆشان لەنێو هزر و مێشکی نەتەوەی کورددا بکووژن و هێز و وزەی خەبات و بەرخۆدان لەناو کۆمەڵی کوردەواریدا کز و لاواز بکەن. تاکوو ئەم تۆیە مابێت، هیواکانی نەتەوەی کورد هیواگەلێکی زیندوو دەبن و کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست و ژێردەست ئەژمار ناکرێت. چونکە ئەو تۆیە داگیرنەکراوە و لەهەر دەرفەتێکی گونجاودا چالاک دەبێت و گەشە دەکات و دەبزوێت، ئاکامی ئەوەش ڕزگاریی نەتەوەیی و گەشەسەندنیی کۆمەڵایەتییە.

کەواتا مەرج نییە ئەو دیاردانەی نامۆ کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردستاندا دەبینرێن و ڕوو دەدەن بەشێک لە ناسنامەی کورد بووبێتن، چونکە کوردستان لە مێژوودا لانکە و بێشکی گەشەسەندنی مرۆڤایەتیی بووە و کانگای زانست و وەرچەرخان بووە و سیستەمی سیاسیی و بەڕێوەبەرایەتیی مادەکان جڤاکیی و پێشکەوتووتر لە سیستەمی دیموکراسیی ئەمڕۆیی ڕۆژئاوا بووە. بەڵام داگیرکارییەکانی وڵاتانی زلهێز لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا پێشی بە پەرەسەندنی ناسنامەی کورد گرتووە و لە درووست بوونی دەوڵەتی کوردی ڕێگریان کردووە. کەواتا ئەرکی نەوەی نوێخواز و پێشکەوتووخوازی ئەمڕۆی کوردستان ئەوەیە کە پێش بە داگیرکارییە هزرییەکان بگرێت و برەو بەوە نەدات کە ناسنامەی کورد بکەوێتە ژێر کاریگەری دیاردەکانی نامۆی نەتەوەکانی دەورووبەر. دیاردەکانی نامۆ خۆیان لە گەندەڵی، هەلپەرەستیی، داپڵۆسینی هزریی، قورخ کردنی دەسەڵات و ئاژاوەگێڕییەکانی سیاسیی و ئابووری و دەیان دیاردەی کۆمەڵایەتیی وەک ڕەشەکوژی ژنان و هتد. . . دەبینێتەوە و ئەو دیاردانەی کە ڕێگرن لە نوێبوونەوەی کۆمەڵگا و بە لەمپەری سەرەکیی سەربەستیی و ئازادیی پێناسە دەکرێن و پێش بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەگرن، هەمان ئەو دیاردانەن کە لە بەختەوەری کۆمەڵگا ڕێگری دەکەن و خەونی مەزنی نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو لەچاڵ دەنێن.

درێژەی هەیە. . .

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بوومە کە خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی ‌حاشا هەڵنەگرە و دەمێکە سێبەری نەبوونی خەباتی چەکداری لەو پارچەیەی کوردستان کاریگەری نەرێنی لەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کورد داناوە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین بابەتی گرینگم لەو پێوەندییەدا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەم بە گرینگیی و پڕ باییخیی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. دەمێکە لەسەر ئەو بۆچوونە بوومە کە دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەن پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قورسایی سیاسیی ئەو پارتانە بۆ ئاستێکی باڵا بەرز دەکاتەوە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە دادەنێت. هاوکات پێم وابووە کە ڕاگەیاندنی ئەو خەباتە بە چەشنێکی نوێ و بەربڵاو و هەروەها پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی و بنەمایی دەبێتە هۆی ئاشتبوونەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو پارتانە و ئەوەش هیوای گەل زیندوو دەکاتەوە. هیوایەک کە هەمیشە لەگەڵ دەسپێکی خەباتی چەکداری بزواوە و گەشەی کردووە و چەندین قۆناغی مەزنی تێپەڕ کردووە، هەروەها ئەو هەست و تینە گەرمەی شۆڕش و خەبات و تێکۆشان لەگەڵ ڕاگرتنی ئەو خەباتەدا سارد بووەتەوە و تەنانەت گەلی بێ هیوا کردووە و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی نەتەوەی کوردیشی لاواز کردووە. بۆیە هەمیشە لەهەر قۆناغ و دۆخێکی سیاسیی و لە ڕێڕەوی مێژوودا، هەروەها لەهەر کاتێکدا کە کورد دەستکەوتی بەدەست هێناوە و هەنگاوێک خەباتەکەی چووەتە پێش، تاکە هۆکەی شۆڕش و خەباتی چەکداری بووە.

هیچکات لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا نەتەوەی کورد دەستکەوتی سیاسیی مەزن و جێگری لەڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان بەدەست نەهێناوە و بگرە دیالۆگ و گفتوگۆ تاکە ڕێگای لەنێو بردنی سەرکردەکانی کورد بووە. زۆربەی هەرەزۆری سەرکردەکانی کورد لە ڕەوتی مێژوودا لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و لەکاتی ئاخاوتن و وتووێژ لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی کورد تیرۆر کراون. سمکۆی مەزن، قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی و بگرە دەیان سەرکردەی مەزنی دیکەی کورد لەکاتی ئاخاوتن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی کێشەی کورد شەهید بوونە. بۆیە هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان، لەڕێگای خەباتی چەکداری و لولەی چەکەوە دانیان بەبوونی کێشەی کورددا ناوە و هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە کە کورد لەبەڕێوەبردنی ئەو خەباتە پاشگەز بکەنەوە، یانخود لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە دەرفەتی بەڕێوەبردنی ئەو چەشنە لە تێکۆشان بۆ کورد نەڕەقسێت، ئەوەش بەسەپاندنی گۆشاری سیاسیی و سەربازی و بە میلیتاریزە کردنی کوردستان. هاوکات تاکە ڕێگای بەربەرەکانێ کردنی کورد و پارێزگاری کردن لەماف و ئازادی و کولتوور و زمان و ناسنامەی خۆی چەک و خەباتی چەکداری بووە.

من هەمیشە باییخی گرینگم بە خەباتی چەکداری داوە و هەردەم لەسەر ئەو ڕوانگە بوومە کە خەباتی چەکداری هەوێنی هەموو چەشنە دەستکەوتێکی سیاسیی، کولتووری و تەنانەت ئابووریشە. بەڵام قەد لەگەڵ ئەوەدا نەبوومە کە خەباتی چەکداری بە شاراوە بەڕێوە بچێت، یانخود بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئەنجام بدرێت. چونکە بەرێوە بردنی خەباتی چەکداری و هەڵگیرسانی شۆڕش و گەرمەی تێکۆشان بەو چەشنە چەند پەیامێکی لاواز و نەرێنی لەگەڵ خۆی دێنێت. یەکەم ئەگەر باوەڕت بە خەباتی چەکداری هەیە، بۆ بە شاراوە بەڕێوەی دەبەیت؟ یانخود ئەگەر خەباتی چەکداری پڕ باییخە و پێت وایە هەنووکە دۆخەکە بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی چەکداری لەبارە، بۆ بە چەند پێشمەرگەی ناشارەزا و پەروەردە نەکراو ئەو هەنگاوە مەزنە دەهاوێژیت؟ یان بۆ بە فەرمی ناڵەیت پێشمەرگەی منە و باوەڕم بە خەباتی چەکداری هەیە و پێم وایە ئەو شێوە لە خەبات پێویستییەکی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؟ بۆیە دەڵێم ئەو هەوڵە هەر لەبنەڕەتەوە هەوڵێکی نەزۆک بووە و پەیامی سیاسیی و گۆڕانکاریی سیاسیی و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەت و ئیستراتیژیی ئەو پارتانە لەخۆ ناگرێت و ئامانجی ڕاستەقینە نەبووە و نییە، تەنیا تاکتیکێکی سیاسییە کە لەگەڵ ئەوەدا گیانی چەند تێکۆشەری نەتەوەیی کورد دەکاتە قوربانی، هاوکات چەند پەیامێکی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستان پێیە.

لەپاش هاتنە کایەی کێشەی ئابووری و سیاسیی لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندیی ئێراق و هەرێمی کوردستان، کە دواتر بووە هۆی ئەوەکە ‌حوکوومەتی بەغدا بوجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەرێم تووشی کەم و کورتی لە بوجە هات و ئابڵۆقەی ئابووری خرایە سەر هەرێم و خەڵکی کوردستان تووشی کێشەی ئابووری بوون، ساردی و سڕی کەوتە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی باشوور، واتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی ڕۆژهەڵات، چونکە حوکوومەتی هەرێم بەشە بوجەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڕی، ئەوەش ڕۆژهەڵاتییەکانی نیگەران کرد. ئەگەر لەو ماوەیەدا سرنجی میدیاکانی سەر بەو پارتانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابێت، بۆتان دەردەکەوێت کە لەو کاتەوە بوجەیان بڕاوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە یەکێتی و پارتی دەگرن و تەنانەت سکرتێرەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵات ئاماژە بە مەترسییەکانیان کردووە و باس لەوە دەکەن کە هەرێم ئەوان بە ئێران دەفرۆشێت، بەڵام ئەم چەشنە لە ڕەخنە و ڕوانگە لە پاش کەمپنشین بوونی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور تاکوو ئەمڕۆ سیاسەت و تاکتیکێکی غەریب بووە، یانخود، قەد بە فەرمی نەدرکێنراوە و باسی لەسەر نەکراوە، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە بوجەیان بڕا. بۆیە بەڕێوەچوونی خەباتی چەکداریی لەو چەشنە، یانخود ناردنەوەی چەند پێشمەرگەی تێکۆشەر بە شاراوە کە دواتر بە لایەنگەر و سەرەڕۆ لە قەڵەم بدرێن و بڵێن کە لەژێر دەسەڵاتی سیاسیی ئەواندا نین و ناتوانن بڕیاریان بەسەردا جێبەجێ بکەن، تەنیا لە تاکتیکێکی نەزۆک و ناسەرکەوتوو بەدەر شتێکی دیکە نییە و هیچ دەستکەوتێکی سیاسیی نەتەوەیی لێ شین نابێت و پێ دەستبەر ناکرێت.

چونکە پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەوانە پێشمەرگەی ئەو حیزبە نین، تەنیا لایەنگرن و لەژێر بڕیاری سیاسیی و سەربازیی ئەواندا چالاکی بەڕێوە نابەن، بەڵام هەنووکە دەرکەوت کە یەکێ لە پێشمەرگەکانی شەهیدبوو پێشمەرگەی فەرمی ئەو حیزبە بووە و پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەو دەستە لەو چەکدارانەی کە لە ڕۆژهەڵات چالاکی دەکەن تەنیا دۆست و لایەنگری ئەوانن. لە لایەکی دیکەوە بەڕێوە بردنی خەباتی چەکداری لەو شێوە کە هەنووکە یەکێ لە پارتەکانی رۆژهەڵات بەڕێوەی دەبات هەموو دەرفەتێکی نافەرمانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات لەبار دەبات و کوردستان پتر میلیتاریزە دەکات، بەڵام ئەگەر خەباتی چەکداری بەرفەراوان بێت و گشتگیر بێت، ڕاستە ئەو دەرفەتەی کە ئاماژەم پێکرد لەبار دەبات، بەڵام هاوکات لە درێژماوەدا دەرفەتی باشتر و دەستکەوتی مەزنتر بەدەست دەهێنێت و مسۆگەر دەکات. بۆیە ئەو چەشنە لە تێکۆشان بە تاکتیکی گۆشار خستنە سەر دەسەڵاتی باشوور پێناسە دەکەم و هاوکات بۆ ماوەیەکیش ئەو هەوڵە چەکدارییە لە ڕۆژهەڵات دەنگدانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتاییبەت کە ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر گوشارەکانی ئابووری و سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و سەربازیی ڕژیمی ئێراندا داڕمانی بەخۆیەوە بینیوە و گەل تامەزرۆی خەباتی چەکدارییە و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردستان لەژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان تێپەڕ دەکەن و هەموو دەرفەتێکی سیاسیی و کولتووری و ئابووری لە خەڵکی کوردستان یاساغ و لەمپەرڕێژ کراوە.

هەروەها پێشتریش ئەو تاکتیکە لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک بەڕێوە چووە و سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، هەرچەند بووە هۆی ئەوەکە کۆمەڵێکی زۆر لە لاوانی تێکۆشەر ڕوو بکەنە ئەو پارتە، بەڵام لە ئاکامدا ئەو سیاسەتە بۆ هەموو لایەک ڕوو کرا و بۆ گەلیش ڕوون بووەوە کە ئامانج لەو تاکتیکانە چی بووە! من پێم وایە ئەم هەوڵەی حیزبی دیوکراتی کوردستانیش لە چوارچێوەی هەمان ڕێباز و تاکتیکی سیاسیی پژاک بەڕێوە دەچێت و پتر خۆی لە تاکتیکی ئەزموونکراو دەبینێتەوە تاکوو ئامانج و ئیستراتیژی دوورهاوێژ و درێژماوە. بۆیە بە سیاسەتێکی سەرکەوتووی نازانم. من ئەو چەشنە لە خەباتی چەکداری ڕەد ناکەمەوە، بەڵام ڕەخنەی بنەمایی و بنەڕەتیی ئارەستە دەکەم، چونکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە خەباتی چەکداری بەو شێوە بەڕێوە ناچێت و بێ ئاکام دەبێت. من هیوادارم کە ئەو خەباتە دەسپێکی هەوڵێکی گشتگیرانە بێت، نەک تاکتیکێکی سیاسیی حیزبییانە و بەرژەوەندیخوازانە! لێرەوەش سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی کوردستان دەنێرم و دەڵێم ڕێ و ڕێبازتان هەمیشە پیرۆز و پڕ ڕێبوارە.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛

هەرکام لە بەشەکانی کوردستان بەپێی هەلومەرجی سیاسیی و ئاڵۆزبوونی کێشەی کورد و جیاوازبوونی داگیرکەرەکەیان تاییبەتمەندی خۆی هەیە، بۆیە دۆخی سیاسیی کورد‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان جیاوازه‌، نه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی توركیه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی سیاسیی كورد ده‌دات، نه‌ وه‌ك سیسته‌می سیاسیی توركیه‌ باوه‌ڕی به‌ بوونی كێشه‌یه‌ك به‌ نێوی كێشه‌ی كورد هه‌یه‌، هاوكات نه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش پارت و ڕێكخراوێكی سیاسیی كاریگه‌ر و چالاكی هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌ خه‌باتی چه‌كداری مابێت و كاریگه‌ری ئه‌رێنی و ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دابنێت و به‌ چه‌شنێكی گشتگیر و بنه‌ڕه‌تیی كێشه‌ی سیاسیی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات بخاته‌ ڕۆژه‌‌ڤی سیاسیی میدیاكانی جیهانیی و بیكاته‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نێوان كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵات و كۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات نه‌ ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك باكووری كوردستان پارتێکی به‌هێز و كاریگه‌ری وه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستانی هه‌یه‌ كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌چۆكدا بهێنێت و ڕژیمی ئێرانیش به‌ده‌ر له‌ ڕێگای وتووێژ و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد، ڕێگه‌یەکی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌مێنێت. هه‌روه‌ها ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌پاش شەهید بوونی د. قاسملوو كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و كاریزماتیكی وه‌ك ئۆجه‌لانی لێ هه‌ڵ نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ هه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا دابنێت و هه‌م له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیه‌ ده‌ڵێم ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌موو بارێكه‌وه‌ جیاوازه‌، ته‌نانه‌ت پتر له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان تاكی سیاسیی و سكرتێر و سه‌رۆك و پارت و ڕێكخراوی سیاسیی، ڕووناكبیر و شرۆڤه‌كاری سیاسیی و میدیاكار و په‌نابه‌ری هه‌یه‌، كه‌چی پتر له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش گیرۆده‌ی ئاژاوه‌ی سیاسیی و دووبه‌ره‌كیی و دابڕانه‌ و به‌ده‌ست نه‌بوونی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و سەرتاپای گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵۆزی سیاسیی بەخۆیەوە دەبینێت. وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ بڵێن ماڵی خۆمه‌ و وێرانی ده‌كه‌م و كه‌سیش مافی ڕه‌خنه‌گرتنی لێم نییه‌. به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێویستی به‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزماتیكی له‌و چه‌شنه‌ هه‌یه‌ كه‌ بتوانێ پاشه‌كشه‌ به‌ سنوورەکانی‌ دوور و داخراو بكات و دیواره‌كانی به‌ندیخانه‌ تێك بشكێنێت و پەرژێنێکی نەتەوەیی ساز بکات و یه‌كێتی و یه‌كڕیزی له‌نێو گه‌لدا پێك بهێنێت و به‌كرده‌وه‌ جوڵه‌ به‌ كۆمه‌ڵگا بكات و كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ دابنێت و وەک باکووری کوردستان خەبات و بەرخۆدان لەنێو بەندیخانەکانی ڕەش و تاریکی داگیرکەر دەست پێ بکات و خەباتی سەرەکیی بگوازێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام به‌داخه‌وه‌ هەنووکە کێشەی سەرەکیی ڕۆژهەڵات تەنیا بە خەبات و بەرخۆدان گرێ نەدراوە، بگرە ئه‌مڕۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا تیئۆریسێنی نه‌ته‌وه‌ییشی نییه‌ كه‌ بتوانێ په‌ره‌ و گه‌شه‌ به‌ هزر و بیری نه‌ته‌وه‌یی بدات و كاریگه‌ری نه‌رێنی كولتووری ئێرانی لەسەر گەل لاواز بكات و گه‌لی كورد له‌ ڕووداو و پێشهاتەکانی گرینگی مێژووی خۆی ئاگادار بكاته‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ ئه‌و بۆشاییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا به‌دی ده‌كرێت، بۆیه‌ هه‌م تاكی سیاسیی و هه‌م تاكی ڕووناكبیری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هاوكات كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش چاوی له‌ پێشكه‌وتنه‌كانی باشووری كوردستانه‌ و هیوادارن كه‌ باشوور ڕزگاری بێت و ده‌وڵه‌تی كوردی پێك بێت و ببێته‌ هیوایه‌كی نوێ بۆ گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. چونكه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئاواتی له‌ مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد بەدی دەهێنێت و خەباتی کورد دەباتە قۆناغێکی دیکە و كورد له‌ هه‌ر كوێ بێت دڵی پێی خۆشە. هاوكات تێكڕای نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانن، هه‌رچه‌ند به‌شێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ به‌سه‌ر به‌شێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا دابه‌ش كراون، به‌ڵام هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا، نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت نین. بۆ نمونه‌؛ عه‌ره‌ب له‌ ئێران بنده‌ستی ڕژیمی تارانن، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ت نین و هه‌میشه‌ و له‌هه‌ر دۆخێكدا كه‌ تووشی كێشه‌ بوونه‌، وڵاتێك هه‌بووه‌ پشتیوانیان لێ بكات و په‌نای بۆ ببه‌ن، ئازه‌رییه‌كانیش به‌ هه‌مان چه‌شن هه‌م توركیه‌ پشتیوانیان لێ ده‌كات و هه‌م ئازه‌رباییجان هاوكارییان ده‌كات، توركه‌مه‌نه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌. ئەوانەی کە ئەمڕۆ دۆخەکە بەرەو ئەو ئارەستە دەبەن کە گوایە بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد، بەتاییبەت باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە سازگارییان نییە، پلانێکی داگیرکارییە کە جێبەجێی دەکەن و لە ڕاستیدا هەموو کاتێک بەرژەوەندی نەتەوەی کورد یەک بووە و کێشە و ئازارەکانیش هەریەک بووە، ئەوە کایەکەرانی ناشارەزای سیاسیی کورد و ناوچەکە بوونە کە یەکێتی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردیان نەویستووە و هەمیشە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکەدا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە، بەخۆشییەوە هەمیشە جمگەکانی سەرەکیی و بنەڕەتیی جڤاکیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردستان لەبە ئاکام گەییشتنی ئەو پڕۆژە داگیرکارییە ڕێگر بووە. داگیرکەرانی کوردستان هەردەم هیوای بەشبەش کردن و بچڕبچڕ کردنی وزەی کوردیان هەبووە و هەمیشە لە هەوڵی ئاڵۆزکردنی پێوەندی نێوان لایەنەکانی کوردستاندا بوونە و لەو پێوەندییەدا ڕۆڵی نەرێنیان گێڕاوە و هندێک جاریش وەک خەمخۆری کورد خۆیان پێشان داوە.

 

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ باشووری كوردستان پێك بێت، هیوایه‌كی نوێ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان لەدایک ده‌بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێك بێت، مه‌به‌ست له‌ بزووتنه‌وه‌ی نوێ، پارت و ڕێكخراوی سیاسیی نییه‌، مه‌به‌ست له‌ بزووتنه‌وه، شۆڕش و خه‌باتێكی خۆڕسكانه‌ی گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانە کە پتر جەماوەریی دەبێت و هەڵگری بیری نەتەوەیی و ڕزگاریی نەتەوەیی دەبێت، بێگومان ئەو بزووتنەوەش لە دەرەوەی بازنەی کۆن و پتوورکاوی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی سیاسیی لە چەشن و پێناسەی لنینی-ستالینی-مارکسیستی و کاپیتالیستی خۆی دەبینێتەوە و ئەو کۆڵەکانەش کە هەنووکە لایەنەکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەسەری ڕاوەستاون بنکۆڵ دەکات، چونکە ئیتر ئەو کۆڵەکانە هەمان بناغە و بنەما نین کە لەسەری دامەزراون و لە سەرەتای دەسپێکی خەباتیاندا بۆی تێکۆشاون. هەروەها ئه‌م قۆناغە له‌ خه‌بات كه‌ پارته‌كانی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان تێپه‌ڕی ده‌كه‌ن، وڵامده‌ری ویست و داخوازی گه‌ل نییه‌ و بگره‌ قه‌یران ده‌خوڵقێنن و پێویستە هه‌نگاوی مەزن، گرینگ و جێی باییخی كۆمه‌ڵگا بنێن، دەبێ بناغەی پڕۆژەی نوێ دابڕێژن و كۆمه‌ڵگا ئاشت بکەنەوە. پێم خۆشه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌واشه‌كارییه‌ك بكه‌م كه‌ هندێكجار له‌ زمانی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌کانی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ بڵاو دەبێتەوە كه‌ گوایه‌ ئه‌وان سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نیی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن و ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا چالاكی مەدەنیی ئەنجام دەدەن، له‌ژێر كاریگه‌ری خەباتی سیاسیی ئه‌وان دان، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خه‌باته‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بوونی هه‌یه‌ و له‌ گۆڕێ دایه‌، خه‌باتێكی خۆڕسكه‌ و له‌لایه‌ن هیچ پارت و ڕێكخراوێكی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ ڕێكخستنی بۆ نه‌كراوه‌ و ته‌نیا به‌رهه‌می سیاسه‌ته‌كانی چەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ كه‌ خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌زاڵه‌ هێناوه‌ و گوشاره‌كانی سه‌ر كۆمه‌ڵگاش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ نافه‌رمانی مه‌ده‌نیی بێته‌ كایه‌وه‌ و به‌ چه‌شنێكی خۆڕسك و مه‌ده‌نیی له‌ دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ڵوێست وه‌ربگرن. بۆیه‌ نابێ ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ خه‌بات كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا بوونی هه‌یه‌، پێون بكرێت به‌ لایه‌نێكی دیاریكراوی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتەوە.

 

چونكه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات وه‌ك یه‌ك پاسیڤن و له‌ پێوه‌ندی به‌ كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ری له‌نێو گه‌لدا وەک یەک كز و لاواز و بێ هێزن. به‌ڵگه‌ی لاوازبوونی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆرە، بەڵام له‌گه‌ڵ ئیدانه‌كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆككۆماری له‌ ئێران دا، خه‌ڵك به‌شداری له‌و یارییه‌ كارتۆنییه‌دا كرد و پێچه‌وانه‌ی ویستی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌نگیان به‌ هیوای مردووی پێكهێنانی ئاڵوگۆڕ له‌نێو سیسته‌می كۆماری ئیسلامیی ئێران دا. هۆكاری به‌شداری كردنی خه‌ڵك له‌و شانۆیه‌دا ئه‌وه‌ بوو كه‌ پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئاست ڕۆخان و لاواز كردنی ڕژیم بێ هیوا بوون و ئیتر كۆمه‌ڵگاش له‌و پارتانه‌ بێ هیوا بوو! كێشه‌ی به‌شداری كردنی گه‌ل له‌و شانۆیه‌دا ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ گه‌ل كۆماری ئیسلامیی ئێران ناناسێت و فریوی سیاسەت و پلانەکانی ڕژیم دەخوات، پێچه‌وانه‌ گه‌لی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌چاو به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئێران به‌ گه‌لێكی چالاك و كراوه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت، من لاوازی و بێ ئیستراتیژیی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و به‌شداریكردنه‌ی گه‌ل له‌و شانۆیه‌دا پێناسه‌ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌شه‌ له‌ به‌رپرسی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ئاماژه‌یان به‌ بوونی ڕێكخراو گه‌لی مه‌ده‌نی كردووه‌ كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌واندا له‌ ڕۆژهه‌ڵات چالاكی ده‌كه‌ن، هێزه‌كانی ڕژیم ته‌نگیان به‌ ڕێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی و چالاكوانانی سیاسیی و ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵچنیوه‌ و هه‌نووكه‌ به‌ندیخانه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران پڕ كراون له‌ چالاكی سیاسیی و مه‌ده‌نیی كورد. ناکرێ بۆ پڕوپاگەندەی ‌حیزبیی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین بە قوربانی هندێک تاکتیکی ناسەرکەوتوو کە زەرەرمەندی یەکەم تێیدا گەل دەبێت.

 

باشووری كوردستان؛

ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ به‌ ده‌ستی داگیركه‌رانی كوردستان ده‌یان كاره‌ساتی مه‌زن به‌دژمان ئه‌نجام دراوه‌ و ده‌یان پڕۆسه‌ی تواندنه‌وه‌ی زمان و ناسنامه‌ به‌سه‌رماندا تێپه‌ڕ بووه‌ و جێبەجێ کراوە، كه‌چی تاكوو هه‌نووكه‌ ڕای گشتیی كۆمه‌ڵگای كوردستان ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شانه‌ی ڕەوڕەوەی مێژوو به‌بیری سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورددا بهێنێته‌وه‌ و گوشار بخاته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ چیتر هه‌وڵی ڕێكخستنه‌وه‌ی ماڵی ئێراق نه‌ده‌ن و به‌ دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشەکانی ئێراقەوە نەبن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو و شیعه‌ و سوونه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر كرا ئه‌وا هێزه‌كانیان دژبه‌ هه‌رێمی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورد یه‌ك ده‌خه‌ن، مێژووی نوێی دوای ڕۆخانی ڕژیمی به‌حسی ئێراق ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ چیتر عه‌ره‌ب جێی متمانه‌ نییە و پێویسته‌ کە كورد خۆی لێیان به‌دوور بگرێت و ته‌نانه‌ت پێویسته‌ كورد هه‌وڵی قووڵ كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان سوونه‌ و شیعه‌ بدات. لاواز بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له‌ ناوه‌ندی ئێراق به‌ واتای به‌رفه‌راوان بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی زێتر له‌ هه‌رێمی كوردستان دێت. هاوكاری كردنی داعش له‌لایه‌ن گوندنشینه‌كانی عه‌ره‌بی دانیشتووی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ بوو كه‌ عه‌ره‌بەکان جێی متمانه‌ نین و ناكرێت وه‌ك دۆستی ڕۆژی ته‌نگانه‌ كه‌ڵكیان لێوه‌ر بگیرێت. ئاماژەکانی به‌شێك له‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و به‌تاییبه‌ت به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی كه‌ وتی كاتی ئه‌وه‌ گه‌ییشتووه‌ كه‌ كورد له‌ باشووری كوردستان بڕیاری جیابوونه‌وه‌ له‌ ئێراق بدات، تاكه‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌كی سیاسیی و درووست و نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان‌ له‌پاش ڕۆخانی ڕژیمی به‌حسی ئێراق داوێتی، چونكه‌ هه‌ر كه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ك، هه‌ر تاكێكی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كاتێك كه‌ له‌یه‌كێ له‌و وڵاتانه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌ییشتووه‌، نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ نه‌یار و دژبه‌ری سه‌ره‌كیی و مێژوویی خۆی پێناسه‌ كردووه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵی سه‌ركوت كردنی کوردی داوه‌.

 

کورد ئایین و یاسا؛

هیچكام له‌ بنەماکانی ماڤی مرۆڤ و باییخە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە هیچکام لە پێناسەکانی ئایین و هیچكام له‌ دادپه‌روه‌رییه‌كانی یاسا ئایینیی و مرۆڤایه‌تییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ هۆكار و ڕێگە و هێڵێک بن بۆ ئەوەکە کورد ڕزگاریی نەتەوەیی بەدەست بهێنێت و بگره‌ ئه‌و یاسا ئایینی، یانخود مرۆڤایه‌تییانه‌ هه‌میشه‌ هۆكار و بیانوو بۆ داپلۆسینی كۆمه‌ڵگای كوردستان بوونه‌، كه‌ڵك وه‌رگرتنی ڕژیمی به‌حسی ئێراق له‌ قورئان بۆ له‌نێو بردنی كورد، نموونه‌ی ئه‌و هه‌زاران هه‌وڵه‌ی داگیركه‌ران بووه‌ كه‌ له‌ دژی كورد داویانه‌ و ویستوویانه نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردی پێ له‌نێو به‌رن. هاوکات لەنێو ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە قەد دەرفەتی نوێ بۆ کورد پێک نەهاتووە کە بتوانێ پێناسەی خۆی پەرە پێ بدات و هەمیشە دەرفەتەکانی بەدەست هاتوو بە هۆی لاوازی دەسەڵاتی ناوەندییەوە هاتووەتە کایەوە و هەرکات کە دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە حوکوومەتی ناوەندی گۆشاری خستووەتە سەر کورد، دەکرێ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حوکوومەتی بەغدا لەو پێوەندییەدا ئاماژەیەکی درووست و لە جێی خۆیدا بێت. هەروەها داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە ڕێگایان لە پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردستان گرتووە و قەد ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان به‌ كورد نه‌داوه‌ كه‌ پێوه‌ندی قووڵ له‌گه‌ڵ دوونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ساز بکات، به‌ڵام ئه‌و ئابڵۆقه‌ ئابووری، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ سه‌پێنراوه‌ته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستان و ڕێیان به‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌داوه‌ كه‌ تێكه‌ڵی بێگانه‌ ببێت و له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ پێوه‌ندی دابێت، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ كولتوور و ناسنامه‌ی كورد ڕه‌سه‌ن بمێنێت و كه‌متر بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری نه‌رێنی نه‌ته‌وه‌كانی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و پێگه‌ له‌ ئاستی جیهان و ناوچه‌كه‌. هاوکات ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە نەتەوەی کورد لە مێژووی خۆیدا لە پێناو پاراستنی زمان و ناسنامەی خۆی قوربانییەکی زۆری داوە و قەد ڕێی بە داگیرکەران نەداوە کە ناسنامەکەی لەنێو بەرن. هەنووکە ئاڵۆزی و کێشە و لەمپەرەکانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری هۆکاری سەرەکیی بێ پلانیی کوردە و سەرکردەکانی سیاسیی کورد لە دۆزینەوەی رێگای چارەسەریی لاوازن و هێزی ڕیسک کردنیشیان نییە، بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم بەشێک لە چارەسەریی کێشەی بنەڕەتیی نەتەوەیی کورد لە بەشێک لە نووسینەکانی بەڕێز ئۆجەلاندا خۆ دەنوێنن و پێویستە باییخی پێ بدرێت. ئەوەش لە کاتێک دایە کە ئۆجەلان لە بەندیخانەدا بە شوێن چارەسەریدا دەگەڕێت و سەرکردەکانی دیکەی بەشەکانی کوردستان لە دەرەوەی بەندیخانەدا ڕێی سەرەکییان لێ ون بووە و نازانن کە چارەسەری کێشەکان لە کوێی هاوکێشەکان دایە. کەواتا مەرج نییە هەموو هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجەلان بە ئەنجام بگات، بەڵام خۆ بەو ئەنجامە دەگات ئەو ڕێگانەی کە ئەزموون کردووە جارێکی دیکە پێیدا نەڕوات.

 

تێبینی: تورکیە لە ڕوانگەی منەوە وڵاتێکە کە ڕاستە کۆمەڵێک هەنگاوی باشی لە پێوەندی بە کێشەی کورد ناوە، بەڵام جارێ زووە کە بڵێین ئەو هەنگاوانە بنەڕەتین و دەکرێ تاکتیک بن، بۆیە ئەگەر بمانهەوێت لە شیکردنەوەدا تووشی هەڵەی سیاسیی نەبین، دەبێ چاوەڕێی ڕووداوەکانی داهاتوو بین و دەبێ ئەو وڵاتە هەنگاوی مەزنتر بهاوێژێت و کێشەی کورد بە چەشنێکی بنەڕەتیی بەرەو چارەسەریی ببات. هاوکات نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت کە تورکیە نەیاری لە مێژینەی کورد بووە و دەبێ بە ئەسپایی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. تورکیە وڵاتێکە کە تەنانەت بەشێکی زۆر لە گەلەکەشی فاشیستن و دژی نەتەوەی کوردن، بۆیە هەر هەنگاوێکی ڕژیمی تورک دژبە کورد پشتیوانی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتەی بۆ مسۆگەرە. هەنگاوەکانی تورک لە دژی نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوا و هاوکاری کردنی داعش دژبە کورد و هاوکاری نەکردنی دەسەڵاتی باشووری کوردستان لە دژی داعش ڕووێکی دیکەی سیاسەتەکانی تورک دژبە کورد پێشان دەدات، ئەوە لە کاتێک دایە کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی قووڵی ئابووری لەگەڵ تورکیە ساز کردووە و بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی تورکیە لە هەرێمی کوردستاندا خەریکی بەرهەمهێنانن. نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە پێش بەهاری عەرەبی تورکیە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بەشار ئەسەددا هەبوو، بەڵام هەرکە شۆڕش لە بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی دەستی پێکرد و دواتر سووریەی گرتەوە، ئیتر لەناکاو تورکیە کەوتە دژایەتی کردنی بنەماڵەی ئەسەد و هەوڵی ڕۆخاندنی ڕژیمی ئەسەدی دا. تورکیە بۆ بەرژەوەندی ئابووری هەنگاوی جیاواز و شرۆڤەنەکراو هەڵدەگرێت، بەڵام هەرکە دەرفەتی بۆ ڕەقسا ژەهرەکەی دەڕێژێت، ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان ڕوون بووەوە کە نابێ بە ئاسانی پشت بە تورکیە ببەستێت و دڵی پێی خۆش بکات. چونکە تورکیە نەیاری لە مێژینەی کوردە و برینەکانیش بە ئاسانی سارێژ نابن و هەرکات دەرفەتی گونجاوی بۆ بڕەقسێت ژەهرەکەی دەڕێژێت، هەروەک چۆن بە بەشار ئەسەدیدا ڕشت.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

ڕۆژی ١٨ی ٩ی ٢٠١٤ نەتەوەی سکۆتلاند لە بریتانیا لە گشتپرسییەکی ئازاددا بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات و هاوکات ڕۆژی ٩ی مانگی ١١ی ٢٠١٤ نەتەوەی کەتالۆن بەهەمان چەشن لە ئەسپانیا پرسی مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا یەکلایی دەکاتەوە. ئەمەش بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە درووستبوونی دەوڵەت نەتەوە لەسەر بنەمای نەتەوەی ئازاد ئەژمار دەکرێت.

ئەرکی سەرەکیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان؛

لە کاتێکدا کە ئەزموونی فیدراڵی لە ئەورووپا شکستی خواردووە و نەتەوەکانی بندەستی ئەو وڵاتانە کە دەیان ساڵە بە چەشنی فیدراڵی چارەسەری کێشەی نەتەوایەتییان کردووە، ئەمڕۆ فیدراڵی بە ئەزموونێکی بێ کەڵک پێناسە دەکەن، کەچی بەشێکی زۆر لە پارتەکانی سیاسیی کوردستان لە هەوڵی جێگیرکردنی پڕۆسەی فیداڵیی دان. ئێمە دەبێت لە شکستی ئەزموونی فیدراڵی و ئەتەنۆمی لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان کەڵک وەرگرین و ئەزموونی شکستخواردووی فیدراڵی کە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی کێشەی سیاسیی و نەتەوایەتیی کورد دووپات نەکەینەوە. ئەو وزەیە کە نەتەوەی کورد بۆ جێگیر کردنی پڕۆسەی فیدراڵی بەفیڕۆی دەدات، دەتوانێت چەندین هەنگاو ئەم نەتەوەیە لە سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجارەکیی نزیک بکاتەوە. ئێمە ئاسانتر دەتوانین نەتەوەکانی دەورووبەر لەوە تێبگەیەنین کە سەربەخۆیی و درووست کردنی دەوڵەتی کوردستان مافی سرووشتیی و ڕەوای نەتەوەی کوردە، بەڵام بۆ دیموکراتیزە کردنی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و جێگیرکردنی پڕۆسەی فیدراڵی کە هەنگاوێکی مەزنتر لەپاش جێگیرکردنی کولتووری دیموکراتی دێت، نە وزەی پێویستمان هەیە و نە هێزی پێویست. هاوکات ئەو چەمکانەی جیاوازیش ڕێگری تاییبەت بەخۆیان هەیە، ئایین و کولتووری فاشیسم و دابونەریتی کۆن بە بەربەستی سەرەکیی جێگیرکردنی ئەو پڕۆسانە بە ئەژمار دێن، بەڵام سەربەخۆیی کوردستان تەنیا یەک بەربەستی سەرەکیی لەسەر ڕێیە، ئەوەش باڵادەست بوونی نەتەوەی باڵادەست و داگیرکەرە، بۆیە خەبات کردن لە دژی فاشیسم ئاسانترە لە خەبات و تێکۆشان لە دژی کولتوور و دابونەریت و تەنانەت ئایینیش. کێشەی نەتەوایەتیی کوردیش پێوەندی بە ئایین و کولتوور و دابونەریتەوە نییە، بەڵکوو ئایین و دابونەریت و کولتوور بەبەشێکی سەرەکیی ناسنامە پێناسە دەکرێن کە دەکرێت لە ڕێگای جیاوازەوە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی و بنەمایی لە کۆڵەکەکانی ئەو کولتوورەدا پێک بێت و لە ئەنجامی دەیان گۆرانکاری قووڵ هێدی هێدی کولتوورێکی نەرمتر و کراوەتر ساز بێت، ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری بەردەوام لە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە دایە، ئەگەر گۆڕانکارییەکان بە هێڵێکی درووستدا ئارەستە بکرێن، بێگومان ئامانجی بنەڕەتیی خۆی دەپێکێت، بەڵام ئەرکی نەتەوەی کورد لە ئەمڕۆدا گۆڕانکاری لە کولتوور و دابونەریت و ئاییندا نییە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ڕزگاربوونە لە بندەستی. ئەمە دەسپێکی خەباتی سیاسیی نەتەوەی کوردە. نابێ لەسەر ئەو هێڵە لابدەین، چونکە لە ئامانجی خۆمان دوور دەکەوینەوە. دوور کەوتنەوەش لە ئامانجی بنەڕەتیی نەتەوەی کورد لە خزمەت و بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستان دایە. ئەوەش ویستی مێژوویی داگیرکەر بووە کە کورد لە ئامانجە مەزنەکەی دوور بخاتەوە و بە پرسێکی لاوەکیی و بێ باییخەوە سەرقاڵی بکات.

ناسیۆنالیسمی ڕەوا لە ئەورووپا؛

لە پاش شۆڕشی پیشەسازی لە ئەورووپا و پێشهاتەکانی سەدەی نۆزدە لەو کیشوەرەدا، سەرهەڵدانەوەی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی و هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی سەربەخۆیی سیاسیی ئەو نەتەوانە کە خاکەکەیان بەسەر هندێک لەو نەتەوانە کە خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیین دابەش کراوە، بە سەرەتایەکی نوێ و قۆناغ و دەسپێکێکی نوێ لەو کیشوەرەدا سەیر دەکرێت، بەڵام بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسیی ئەمە بە مەترسی بۆ سەر ئەورووپا دەبینن و هاوکات بەشێکی دیکەش بە سەرەتایەکی نوێ لە ژیانی سیاسیی وڵاتانی ئەورووپایی پێناسەی دەکەن، کە بۆ جێگیر بوونی کولتووری دیموکراتی بە پێویستی دەزانن و بە پرسێکی چاوەڕوانکراو ئەژماری دەکەن. هەنووکە لە وڵاتانی ئەورووپادا دەیان نەتەوە هەن کە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی نین و بەشێک لەو نەتەوانەش دەیان قۆناغی گرینگ و چارەنووسسازیان بڕیوە و وەک نەتەوەی کورد دەیان ساڵە بۆ بەدەستەوە گرتنی سەربەخۆیی سیاسیی و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خەبات و تێکۆشان دەکەن. هەنووکە کاتالۆنییەکان لە ئەسپانیا ڕێگە خۆش دەکەن بۆ ئەنجام دانی ڕێفراندۆم بە مەبەستی وەرگرتنی سەربەخۆیی سیاسیی و جیابوونەوە لە وڵاتی ئەسپانیا. ئەو هەوڵەش ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا هێناوە و وەک مەترسی بۆ سەر ئابووری ئەسپانیا پێناسە دەکرێت. نەتەوەکانی وەک سکۆتلەند لە بریتانیا، کاتالۆن و باسک لە ئیسپانیا، تیرولی باشوور لە ئیتالیا و فلاندرەکان لە بلژیک و سامییەکان لە وڵاتانی ئیسکاندیناڤی بەشێک لەو نەتەوانەن کە خاکەکەیان بەسەر وڵاتانی ئەورووپیدا دابەش کراوە و بەشێک لەو نەتەوەانەش دەیان ساڵە بە دەیان شێوازی جیاواز خەبات و تێکۆشان دەکەن و تەنانەت بەشێکیان وەک باسکەکان و کاتالۆنەکان خەباتی چەکداریشیان بە مەبەستی دەستبەر کردنی ئازادی و سەربەخۆیی سیاسیی بۆ نەتەوەکەیان کردووە. سەربەخۆیی سیاسیی پرسێکە کە لەنێو جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا پێداگری لەسەر کراوە، بەڵام دەسەڵاتخوازی و زێدەخوازی دیکتاتۆران و نەتەوەکانی باڵادەستی جیهان، ئەو پرسە بەمەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان و نەتەوەکانیان پێناسەی دەکەن و بەهەموو شێوەیەک لەدژی ڕادەوەستن و ڕێگری لە بەدەست هێنانی سەربەخۆیی سیاسیی نەتەوەکانی بندەستیان دەکەن و ئەوەش بەپاساوی بچووک بوونەوەی جوگرافیای وڵات و لاواز بوونی ئابووری وڵاتەکەیان پێناسەی دەکەن، لە ڕاستیدا ئەوانە لە گۆشەنیگای نەتەوەی باڵادەستەوە چاو لە کێشەکە دەکەن، نەک لە چاوی نەتەوەی بندەستەوە کە سەدان هەزار قوربانیان داوە و بوونەتە قوربانی زێدەخوازی نەتەوەی دەسەڵاتدار و فاشیستان و ڕەگەز پەرەستانی نەتەوەی باڵادەست. دەیان ساڵە زمانی زگماکی خۆیان لەبیر کردووە و باییخی پێ نادرێت و ڕێگری لێ دەکرێت، جیاوازی نێوان زمانی نەتەوەی باڵادەست و زمانی نەتەوەی بندەست تەنیا لە دەوڵەت و سەربەخۆیی سیاسیدا کورت دەبێتەوە.

بۆ نموونە زمانی کوردی لە زمانی تورکی و فارسی و پەشتوون و دەری دەوڵەمەندتر و مەزنترە، کەچی زمانی کوردی فەرمی نییە و ئەوانی دیکە فەرمین و لە جیهاندا ناسراون. ئەگەر وشەی کوردی و عەرەبی لە زمانی فارسی جیا بکەنەوە، تەنیا دەتوانێ ڕۆڵی زاراوەیەکی لاواز و بێ هێز و بێ نێۆڕۆک بگێڕێت. کەچی تەنیا یەکێ لە زاراوەکانی زمانی کوردی بە قەد زمانی فارسی دەوڵەمەند و خاوەن وشە و ئەدەب و شیعر و چیرۆکە. ئەوە تەنیا سەربەخۆیی سیاسییە کە زمانێکی مەزنی لەو چەشنە بچووک دەکاتەوە و لە بەرامبەر زمانی فارسی و عەرەبی و تورکی و دەڕیدا لاوازی دەکات. ئەوە تەنیا نەبوونی مافی سەربەخۆیی سیاسیی و کیانێکی سەربەستە کە زمان و جلوبەرگی کوردی وەک زمان و جلوبەرگێکی ناوچەیی پێناسە دەکات.

هەنووکە کە جیهان بە قۆناغێکی دژواری ئابووری و دەسەڵاتخوازیی تێپەڕ دەبێت و ئاستی گەشەی سیاسیی و کولتووری و دیموکراتی و جێگیربوونی مافەکانی مرۆڤ بەرز بووەتەوە و پەرە بە فرەگەری و پلۆرالیسمی سیاسیی و کولتووری و زمانەوانیی دەدەن و ڕێگری لە توانەوە و ئاسیمیلە بوونی زمانەکانی جیاواز و ڕەسەن و کەون و دیرۆکیی دەکرێت و بە سەرمایەی کەونی هەزاران ساڵەی مرۆڤ پێناسە دەکرێت و هەوڵ بۆ پاراستنیان دەدرێت، ئەمەش بە یەکێ لەو خاڵانە ئەژمار دەکرێ کە بووەتە هۆی ئەوەکە بەشێک لەو نەتەوانە بەخۆیاندا بچنەوە و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی سیاسیی بدەن و ئاڵای نەتەوەکەیان لەنێو ئاڵای کۆمەڵگای جیهانی ببینن و ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لە پێوەندی بە نەتەوە و کۆمەڵگا و وڵاتەکەیان بگێڕن. خاڵێکی دیکە کە بووەتە هۆی ئەوەکە ئەو نەتەوانە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی سیاسیی بدەن، ئەوەیە کە خاکەکەیان بە خاکێکی بە پیت و بەرەکەت پێناسە دەکرێت و ڕێژەی بەرهەم هێنانی سەرمایەی سرووشتیی و ژێر زەوی زۆرە و نایانهەوێت کە ئەو سەرمایە لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست دابەش بکەن و ئاستی پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی ئابوورییان دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و سەرمایەکەشیان لە خزمەت دەوڵەت و نەتەوەی باڵادەستدا بێت. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە بەشێک لەو نەتەوانە تینووی بەدەست هێنانی سەربەخۆیی سیاسیین و ئەو مافە بە مافێکی ڕەوا و هاوکات سرووشتیی خۆیان دەزانن و دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکەن و نایانهەوێت کە ببنە پاشکۆی نەتەوەیەکی دیکە و مافەکانیان پێشێل بکرێت و لەمەڕ چارەنووسی خۆیان بێدەسەڵات بن.

تاکوو نەتەوەکانی بندەست دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان ساز نەکەن و چارەنووسی سیاسیی خۆیان بەدەستەوە نەگرن کێشەی سیاسیی و کولتووریی و ئابووریی نەتەوەکانی بندەست کۆتایی پێنایەت، چونکە تینووی ئەو مافەن و ئەو کێشەیەش ئەو کاتە کۆتایی پێدێت کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان پێک بهێنن و دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەیان بەدەستەوە بگرن و لە بندەستیی و ژێر دەستیی ڕزگاریان بێت و خۆیان لەمەڕ چارەنووسی کۆمەڵگاکەیان بڕیاردەری سەرەکیی بن. بەشێک لە نوێنەرانی نەتەوەکانی بندەست لەسەر ئەو ڕایەن کە دەتوانن کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی بە شێوەی فیدراڵی چارەسەر بکەن، بەڵام سیستەمی فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی و شێوازەکانی دیکەی چارەسەری لە ئەورووپا پێشانیدا کە ڕێگای چارەسەریی و بنەڕەتیی نین و کێشەی نەتەوەکانی بندەستی ئەو وڵاتانە بەو شێوازانە چارەسەر ناکرێت و مافەکانیان بەدەست ناهێنن و دەبێت هەنگاوی مەزنتر بنێن و خەبات بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی بخەنەگەڕ. کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی کوردیش لە چوارچێوەی وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریە و تورکیەدا بە شێوازی فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی و بە بەدەست هێنانی کۆمەڵێک مافی کولتووری چارەسەر ناکرێت و پێویستە کە خەباتەکەمان بەربڵاوتر و بەرفەراوانتر بکەین و هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی بدەین و دەوڵەتی نەتەوەیی پێک بهێنین. نابێ نەتەوەی کورد ئەزموونی نەتەوەکانی بندەستی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئەورووپا دووپات بکاتەوە، ئەزموونێک کە پێشانی داوە چارەسەری بنەڕەتیی نییە و لەوانەیە سەدان ساڵی دیکەش نەتوانین ئەو مافانەی کە نەتەوەکانی بندەست لە ئەورووپا لە چوارچێوەی وڵاتانی پێشکەوتوودا و بە کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی فیدراڵی بەدەستیان هێناوە، بەدەستی بهێنین. چونکە نەتەوەی کورد بەسەر کۆمەڵێک وڵاتی دواکەوتوو و ڕەگەزپەرەست دابەشکراوە و هاوکات لە ناوچەیەکیی ئاڵۆز و پڕ کێشەدا هەڵکەوتووە. ئەمانەش هەرهەموو بەربەستی مەزنن و پێویستیان بە خەباتی لێبڕاو و دەرهەست هەیە.

بۆیە کاتی ئەوە گەییشتووە کە ئیتر لایەنەکانی فیدراڵیخواز و ئەتۆنۆمیخوازی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە هەمیشە ئەورووپا و سیستەمی سیاسیی ئەو کیشوەرە بە نموونە دەهێننەوە و باس لە شێوەی چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ئەورووپا دەکەنەوە، بەخۆیاندا بچنەوە و ئەوەش لەبەر چاو بگرن کە هەنووکە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتی سیاسیی ئەو وڵاتانە کە بە شێوازی فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی لەو کیشوەرەدا بەڕێوە دەچن، نەیانتوانیوە کێشەی نەتەوایەتی ئەو نەتەوانە چارەسەر بکەن و هەنووکە ئەو نەتەوانە خەبات بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکەن، نەتەوەی کوردیش کە جوگرافیاکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵکەوتووە و ئەو ناوچەیەش ئەزموونی دیموکراسی و ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤییان نییە و ئەو دەستکەوتانەی کە نەتەوەکانی بندەستی ئەورووپا بەدەستیان هێناوە، نەتەوەی کورد قەد لە چوارچێوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەشێوازی دیکتاتۆری و فاشیستی و ڕەگەزپەرەستی بەڕێوە دەچن، بەدەستی ناهێنێت، بۆیە دەبێت ئیستراتیژی سیاسیی خۆمان بگۆڕین و بەکردەوە خەبات بۆ سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە کوردستان دەست پێبکەین. کاتێک کە کێشەی سیاسیی و نەتەوەیی نەتەوەی کورد کۆتایی پێ دێت کە دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان پێکهاتبێت و نەتەوەکەمان ڕزگاری بووبێت و خۆی لەمەڕ چارەنووسی سیاسیی خۆی بڕیاری بەدەستەوە گرتبێت.

کەتالۆن؛                                  

به‌و شێوه‌یە كه نه‌ته‌وه‌ی كه‌تالۆن باس له‌ مێژووی سیاسیی خۆیان ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن له‌ ساڵی ١٧١٤ و له‌پاش شكستی یه‌كێتی نێوان ئه‌وان و ئیمپراتووری هابسورگ له‌شه‌ڕ لە بەرامبەر بوربوونه‌كان، سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركاری پاشاكانی بوربوونی كه‌ ئه‌و كات له‌ ئه‌سپانیا حوکوومەتیان دەکرد. نه‌ته‌وه‌ی كه‌تالۆن له‌ پاش نه‌ته‌وه‌ی باسك زۆرترین ده‌ستكه‌وتی ئابووری و سیاسییان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئەسپانیا به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام هه‌نووكه‌ نه‌ته‌وه‌ی كه‌تالۆن مافی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی په‌نجا له‌ سه‌دی سامانی سرووشتیی ناوچه‌كه‌ی خۆیانیان هه‌یه‌ و له‌ هندێك بواری تاییبه‌تیشدا ئه‌و ڕێژه‌ بۆ په‌نجاوهه‌شت له‌سه‌د به‌رز ده‌بێته‌وه‌. لەگەڵ ئەوەشدا پارله‌مانی كه‌تالۆن بڕیاری داوه‌ كه‌ ڕۆژی ٩ی مانگی ١١ی ٢٠١٤ ڕێفراندۆمێك بۆ جیابوونه‌وه‌ی كه‌تالۆن له‌ ئه‌سپانیا به‌ڕێوه‌ ببات. حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌سپانیا تاكوو هه‌نووكه‌ له‌ دژی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ڕێفراندۆمه‌یه‌، به‌ڵام هاوكات هه‌وڵی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌كه‌ خه‌ڵكی كه‌تالۆن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌و بڕیاره‌ پاشگه‌ز بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ دانی مافی ئابووری پتر‌ به‌و هه‌رێمه‌ و به‌و گه‌ڵه‌. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی كه‌تالۆن بڕیاری ئه‌وه‌ی داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حوكوومه‌تی ناوه‌ندیی ئه‌سپانیا به‌رده‌وام دژایه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كه‌تالۆن بكات، ئه‌وا یه‌ك لایه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نن و له‌و وڵاته‌ جیا ده‌بنه‌وه‌. لە سەدەی بیستەمدا نەتەوەی کاتالۆن خەبات و تێکۆشانی بۆ جێگیرکردنی سیستەمێکی کۆماری لە ئەسپانیا دەست پێکرد و دواتر کە ئەو سیستەمە جێگیربوو بەبەشێک لە مافەکانی کولتووریی خۆیان گەییشتن، بەڵام کاتێک کۆماری ئەسپانیا ڕووبەڕووی ڕۆخان بووەوە و دیکتاتۆری باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشا، نەتەوەی کاتالۆن هەموو مافێکی لە دەستدا و بووبە نەتەوەیەکی بەتەواو بندەست کە دەبوایە بەزمانێکی دیکە واتا زمانی فەرمی وڵات و بە زمانی نەتەوەی باڵادەست کاروباریان ڕاپەڕێنن و زمانەکەیان یاساغ کرا. ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەگەر سبەی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کوردەکان بتوانن مافێکی کولتووری بۆ خۆیان دەستبەر بکەن، ئەو مافە بۆ هەمیشە بۆ کورد مسۆگەر نییە و لەهەر ئانوساتێکدا و لە ئەگەری هاتنەگۆڕی هەر ئاڵوگۆڕێکی چاوەڕواننەکراودا لەوانەیە کە ئەو مافە ڕووبەڕووی مەترسی و کێشە بێتەوە و لەدەستی بدات. ئیتر خەبات و تێکۆشان و قوربانی دانەکەشی بەفیڕۆ دەچێت، تاکە ڕێگەی گەرەنتی هەمیشەیی مافەکانمان خەباتکردنە بۆ دەوڵەتی کوردی و دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ. بەڵام ساڵی ١٩٧٥ کاتێک کە دیکتاتۆری ئەو وڵاتە واتا فرانکۆ کۆچی دوایی کرد، جارێکی دیکە دیموکراسی باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشا و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ ڕێزی لێنرا و لە سیستەمی سیاسیی وڵاتدا جێگیر کرا، نەتەوەی کاتالۆن و باسک زۆرترین قازانجیان لەو هەلە مێژووییە کرد و دەسەڵاتی ئەتۆنۆمیان بەدەست هێنا و زمانی نەتەوایەتییان بووژانەوەی بەخۆیەوە بینی و بەفەرمی کرا. لە ساڵی ١٩٧٩ یاسای بنەڕەتی ئەسپانیا نووسرا و تێدا ئاماژەی بە زمانەکانی جیاوازی ئەو وڵاتە کرد و ڕۆڵی نەتەوەکانی دیکەی وەک باسک و کاتالۆن بەرز نرخێنرا و بەسەرمایەی مەزنی ئەسپانیا پێناسە کران و لە هەموو بوارەکانی دیکەشدا خزمەت بە کولتوور و زمان و ئەدەبیاتی ئەو نەتەوانە کرا.

 

بەڵام لە پاش ئەوەکە پارتی چەپی سۆسیالیست لە کاتالۆن زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦ حوکوومەتی سۆسیالیستی کاتالۆن یاسای بنەڕەتیی ئەو هەرێمەی پەسەند کرد و تێیدا تەنیا زمانی کاتالۆنی لەو هەرێمە بە فەرمیی پێناسە کرد و لە قوتابخانەکانیشدا تەنیا ئەو زمانە بەفەرمی ئەژمار کرد و بڕیاری لەسەر ئەوەدا کە هەر کەس بەسەر ئەو زمانەدا زاڵ نەبێت، لە ناوەندەکانی حوکوومی ئەو هەریمەدا دانامەزرێت و تێکڕای تابلۆ و دووکان و هێماکانی هاتووچۆ و لە هەموو ئاست و بوارەکانی دیکەی وەک نەخۆشخانە، تەنیا بەزمانی کاتالۆنی دەبێت و تەنانەت بەشی زۆرتریان لە بووجەی گشتیی داوا کرد و سیستەمی سیاسیی و حوکوومڕانییان بەتەواوەتی لە ئەسپانیا جیا کردەوە. بەپێی یاسای بنەڕەتیی کاتالۆن، ئەو هەرێمە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی تاییبەت بە خۆی هەیە و تەنانەت دادگای باڵای ئەو هەرێمە توانای ڕەدکردنەوەی بڕیاری دادگای گشتیی ئەسپانیای دەبێت و خاوەن ڕۆژانی پشووی فەرمی تاییبەت بە خۆیە. کەچی پاش نزیک بە ٤٠ ساڵ لە بەدەست هێنانی ئەتۆنۆمی و مافی کولتووری و دەیان مافی دیکە لە بوارەکانی دیکەشدا و بەفەرمی ناسینی نەتەوەکانی باسک و کاتالۆن، هەنووکە چالاکان و سیاسەتمەدارانی ئەو نەتەوانە و تەنانەت زۆربەی خەڵک و دانیشتووانی کاتالۆن و باسک بەو دەرئەنجامە گەییشتوون کەبە بەدەست هێنانی ئەو مافانە کێشە سیاسیی و زمانەوانیی و کولتووریی و ئابوورییەکانیان چارەسەر نەکراون و ئیستاش کۆمەڵگاکەیان بەو کێشانەوە دەناڵێنێت. ئەمە پەیامێکی زۆر ڕوون و شەفافی بۆ نەتەوەی کورد پێیە کە خەباتی خۆیان بۆ پرسە لاوەکیی و چارەسەرەکانی کورتخایەن بەفیڕۆ نەدەن، هەر چەند ئەو مافانەی کە کاتالۆن و باسک بەدەستیان هێناوە نەتەوەی کورد بە لەبەرچاو گرتنی جوگرافیا و دۆخی سیاسیی وڵات و فاشیست بوونی نەتەوەی باڵادەست، ئەستەم و دژوارە کە بەدەستی بهێنێت، بۆیە با خەباتی سیاسیی خۆمان بۆ درووست کردنی دەوڵەتی کوردی بخەینەگەڕ.

سکۆتلاند؛

ڕۆژی ١٨ی مانگی ٩ی ٢٠١٤ واته‌ نزیك به‌ یه‌ك حه‌وتووی دیكه‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌ ڕێفراندۆمێكی ئازاد و دیموكراتیكدا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی سیاسیی و داهاتووی خۆیان ده‌ده‌ن. دیاری كردنی ڕۆژی ١٨ی مانگی ٩ له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاندا ڕۆژێكی پڕ باییخ و گرینگه‌، چونكه‌ حه‌وت سه‌ده‌ پێش ئه‌مڕۆ و له‌ ڕۆژی ١٨ی مانگی ٩دا سپای سكۆتلاند له‌ شه‌ڕی بناكبه‌ڕن به‌سه‌ر سپای بریتانیادا سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زنی تۆمار كرد. هەنووکە نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاند ده‌یهه‌وێت له‌ ڕفراندۆمێكی ئازاد و دیموكراتیكدا یه‌كێتی ٣٠٧ ساڵه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌ل كۆتایی پێ بهێنێت. هاوكات ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بریتانیا داوای له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ یه‌كێتی بریتانیا و سكۆتلاند بده‌ن، ئه‌وا ئاڵوگۆڕی قووڵ و ڕیشه‌یی له‌ سیسته‌می سیاسیی و ئابووری سكۆتلاندا پێك ده‌هێنێت و له‌ قازانجی نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاند هه‌نگاوی مه‌زن ده‌هاوێژێت. بریتانیا ده‌ڵێت كه‌ جیابوونه‌وه‌ی سكۆتلاند له‌ بریتانیا، هه‌ردوولا لاواز ده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌ قازانجی هیچكاممان نییه‌، به‌ڵام هاوكات بریتانیا ڕێز له‌ ئیراده‌ی سیاسیی خه‌ڵكی سكۆتلاند ده‌گرێت. كێشه‌ی مه‌زنی نێوان سكۆتلاند و بریتانیا له پێوه‌ندی به‌ كێشه‌ی دادپه‌روه‌ری کۆمەڵایەتیی و ئابوورییه‌، چونكه‌ سكۆتلاند له‌ زریای باكووردا سامانی سرووشتیی نه‌وت و گازی هه‌یه‌ و ده‌یهه‌وێت ئیتر ئه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌ له‌گه‌ڵ بریتانیا دابه‌ش نه‌كات، هه‌رچه‌ند خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌چاو خه‌ڵكی بریتانیا له‌ دۆخێكی ئابووری باشتر و پێشكه‌وتووتردا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و بریتانیا تاییبه‌تمه‌ندی سكۆتلاندی له‌به‌رچاو گرتووه و پاراستووه‌‌. سیسته‌می سیاسیی و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ سكۆتلاند، سیسته‌مێكی سۆسیالیستیی پێشکەوتووە، به‌مه‌ش تێكڕای پێداویستییه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ و خوێندن و پێداویستییه‌كانی گشتیی له‌لایه‌ن بریتانیاوه‌ بۆ خه‌ڵكی سكۆتلاند به‌بێ به‌رامبه‌ر دابین ده‌كرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵكی سكۆتلاند دەیانهەوێت هه‌نگاوێكی دیكه‌ی مه‌زنی سیاسیی بنێن و مافی دابه‌ش كردنی سامانی سرووشتی و چاره‌نووسی سیاسیی خۆیان بۆ خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه‌. بریتانیا تاكوو دواین خووله‌كی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ڕێفراندۆمه‌ هیواداره‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌ی سكۆتلاند ده‌نگ به‌ مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بریتانیا بدات، مانه‌وه‌یه‌ك كه مافی پتر و ده‌ستكه‌وتی زیاتری ئابووری له‌گه‌ڵدا ده‌بێت. به‌پێی ئه‌و ڕاپرسییه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هندێك ناوه‌ندی تاییبه‌ت به‌ ڕێفراندۆمه‌وه‌ كراوه‌، به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ی ئەو نەتەوە له‌ بریتانیان و هاوكات به‌شێكیش له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بریتانیا دان، به‌ڵام پارتی نه‌ته‌وه‌یی سكۆتلاند ده‌ڵێت كه‌ بریتانیا له‌ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ داگیركاری سكۆتلانددا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌روونی به‌شێكی زۆر له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند داناوه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵكی سكۆتلاند له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بریتانیا دان. هاوكات سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆی گشتییدا خه‌ڵكی سكۆتلاند ده‌نگ به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ بریتانیا ده‌ده‌ن.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Go to top