We have 73 guests and no members online

«فەلسەفەی ڕەخنە ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە گەلی ئێمە لێی تێناگات»(ئاریتما موحەممەدی)

ماوەیەکە لەلایەن کەسانێکی ناسراو و نەناسراو بێ ڕێزی بەهندێک کەسایەتیی و سەرکردەی کورد لە قۆناغ و دۆخە جیاوازەکانی مێژووی نەتەوەکەمان دەکرێت.  لەگەڵ ئەوەدا کە بەشێک لەو ڕەخنانە کە ئارەستەی ئەو سەرکردانە دەکرێ لە جێی خۆیان دان و گرینگ و پێویستە کە ئێمە خوێندنەوەی نوێمان بۆ مێژووی دوور و نزیک هەبێت و هەڵەکان نۆژەن بکەینەوە و ڕێگەی نوێ و درووستتر و کاریگەرتر لە پێش بگرین.  لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ دۆخی ئەو سەردەمەش لەبەرچاو بگرین و کاتێ کە ڕەخنە دەگرین و خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە تاییبەتییانە دەکەین، باشتر وایە کە خۆمان ببەینەوە ئەو قۆناغ و هەلومەرجەی مێژوو کە ئەو ڕووداوانەی تێدا ڕووی داوە و هاوکات پێم وایە کە دەبێ پتر ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵوێستی لایەنەکانی ئەمڕۆ بگرین کە لە گۆڕەپانی کردەوە و تیۆری دان.  بەڵام هاوکات درووست نییە کە بێ ڕێزی بەو کەسایەتییانەش بکرێ.  ئەو کەسەی کە لە پێناو کورددا گیانی خۆی فیدا کردبێت یان خود ماوەیەک بەند کرابێت، پێویستە ڕێزی لێبگرین و بێڕێزی کردن بە سەرکردەکانی مێژوویی کورد کە بەدەست داگیرکەرانی کوردستانەوە شەهید کراون یان خود بەند کراون، بەهێڵی سوور بزانین.  هێڵی سوور بەو واتایە کە ئێمە خۆمان بە خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕ دەزانین و بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەر بوونی بنەما گشتیی مافی مرۆف خەبات دەکەین، ئیتر نابێ هەموو سنوورە نەتەوەییەکانی نەتەوەکەمان تێک بشکێنین و رەخنەی ڕۆخێنەر بەبنەمای پێشکەوتن و بەدەست هێنانی دەستکەوتی مەزن و گرینگ پێناسە بکەین.  نەتەوەکەمان تاکوو ئیستاش لە قۆناغی یەکەم دایە، واتە لە قۆناغی ڕزگاریی داین، بگرە کە ئەو قۆناغەش وەک پێویست و بەکردەوە دەستی پێنەکردووە، یان خود بە قۆناغ و دۆخێکی تاییبەت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، کەواتا ئەو چەشنە بێڕێزییانە لەناو بازنەی ڕەخنەی بوونیادنەردا جێیان نابێتەوە و لە بەرژەوەندی گەلەکەمان لە هیچکام لە پارچەکانی کوردستانیشدا نییە کە تەنیا لە پێناو خۆزەق کردنەوە و گرتنی ڕەخنەی ڕۆخێنەر و بێبنەما بپشێینە سەر دۆخە ئاڵۆزەکانی مێژوو و هەموو پەرژێنەکانی پاراستنی خەباتی نەتەوەیی و مرۆڤایەتیی ناشیرین بکەین و ژێرپێ بخەین.  بەبۆچوونی من لە جێی ئەوەکە ئەو شرۆڤە کرچ و کاڵانە ئەنجام بدەین، باشتر و درووستتر وایە کە پتر خۆمان بە داڕشتنی پلان بۆ داهاتوو سەرقاڵ بکەین، یان خود بابەتی گرینگ و چارەنووسساز کە ئاماژە بەکێشەکانی داهاتووی نەتەوەکەمان دەکات بورووژێنین و بکەینە ڕۆژەڤی میدیا و ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژی کوردستانیی.

تەنانەت ڕەخنەی بوونیادنەریش دەبێ هەردەم بەپێشنیار و پلانی نوێ و بەجێ دەست پێبکات و لەگەڵ بەرژەوەندییە نشتیمانیی و نەتەوەییەکان یەکانگیر بێت و لەگەڵ ئارەستەی نشتیمانیی بوونیشدا هاوتەریب بێت.  ئەو کات بەهەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک دەتوانین ئەم قۆناغە دژوارە ببڕین و هەنگاوێک لە ئامانجی گشتیی کورد نزیک ببینەوە.  لەوە دڵنیام کە کۆگا و هێڵ و بنەما سیاسیی، فەلسەفی، نەتەوەیی، نشتیمانیی و مرۆڤایەتیی ئەو سەرکردانە هیچکات لەگەڵ ئەو چەشنە ڕەخنانەدا نەبووە و نین کە بەرهەمهێنەری کێشە و ئاژاوا بێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی گەلەکەمانی تێدا بەدی نەکرێت.  پێش هەموو شتێک دەبێ ئێمە تاییبەتمەندی شۆڕشگێڕانەمان هەبێت، هەرچەند دۆخ و قۆناغەکە جیاوازن بن و لە خەباتی چیاش دوور بین، بەڵام خۆ دەکرێ ئەو تاییبەتمەندییانە لە ناو کەسایەتیی خۆماندا درووست و جێگیر بکەین بۆ ئەوەکە بتوانین سنوورە گشتییەکان بپارێزین و بەئازادی کەس و ژیانی تاییبەتی هیچکەس بێڕێزی نەکەین و هێرش نەبەینە سەر ئەو کەسانە کە هەموو ژیانی خۆیان بۆ گەلەکەیان فیدا و تەرخان کردووە، ئیتر بەهەڵە بووبێت یان خود درووست و لەجێدا ئەنجامیان دابێت.  بەرژەوەندی گەل لەوەدا نییە کە ئێمە هەرچیمان بینی ڕەخنەی لێبگرین و ڕەخنەگرتنی لەو چەشنەش پێچەوانە بەمانای پێشکەوتن و سیاسییبوون، نەتەوەییبوون و دڵسۆزبوون نییە.  مێژووی گەلەکەمان پێشانی داوە کە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە لە هێزی گەل بۆ بەگرژدا چوونەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان کەڵکیان وەرگرتووە و قەڵغانی بەربەست لە پێوەندی بە تێکۆشانی گەلەکەمان خودی کورد بووە نەک هێزە داگیرکەرییەکان، ئەوەش دەبێ سەرچاوەی هێز و ئەزموونی کورد بێت بۆ کۆتایی هێنان بەو کێشانە نەک بۆ درز خستنە ناو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان و مەزن کردنی قەیرانەکان.  بەداخەوە ڕەخنەگرەکان بەشێکی زۆریان لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی حیزبەکانەوە و لەو دەلاقەیەوە ڕوو بە تێکۆشانی کەسایەتیی و سەرکردە و پارتەکان دێنە ئاخافتن، هاوکات بەشێکیشیان لەناوەی ئەو حیزبانەوە لە دژی کارکردی سیاسیی و فەلسەفی لایەنەکانی دیکە هەڵوێست وەر دەگرن و دەست بەڕەخنەی ناپێوەندیدار و دوور لە بنەمای زانستی کێشە و پرس و باسەکان دەگرنەبەر.  ئەو هەوڵە ڕەخنەئامێزانەش دوو لایەنی تەوەر و کێشەکە لەخۆ دەگرێت و لە کۆدا بەو دەرئەنجامە دەگەین کە تاکوو ئیستا کەسایەتیی و تاکی ڕەخنەگری ڕەئالیستی و نابەرژەوەندیخواز لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوونی نییە و تێکەڕای ڕەخنەگرەکان هەڵگری بیرو بۆچوونی مەکتەبێکی بەرژەوەندیخوازی سیاسیی و دیاریکراون و پاشکۆ و بەرهەمی قەیران و ئیدۆلۆژییە سیاسییەکانی ناوچەکەن.  واتا ئەوەی کە ڕەخنە دەگرێت، لە ئارستەکردنی ڕەخنەکەدا بەرژەوەندی گرووپێکی دیاریکراو لە بەرچاو دەگرێت.  لە خوارەوە هەوڵ دەدەم کە بە کورتی هەر دوو لایەنی ئەو پرسە شرۆڤە بکەم.

بازنەی ڕەخنەگرەکان و ڕێگای چارەسەریی؛
یەکەم؛ ئەو بەشە لە ڕەخنەگرەکان کە ڕەخنە ئارەستەی تێکەڕای پارتەکان و سەرکردەکان و سیاسەتی گشتیی و بنەمایی حیزبەکان دەکەن، لە بنەڕەتدا خۆی لەهەر چەشنە پێناسەیەکی زانستی و نەتەوەیی کە لە چوارچێوەی بزاڤ و بزووتنەوەدا کە بەشێوەی پراکتیکی ڕێکخرابێت بەدوور دەگرن و تەنیا توانای بەزمان هێنانی کێشەکەیان هەیە، ئەوەش بەکرچ و کاڵیی، ئەو بەشە لە ڕەخنەگرەکان ڕەخنە لە هەموو شێوەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکان و تەنانەت نەتەوەکەمان دەگرن و هیچ شێوەیەک لە خەباتیشیان پێ درووست نییە و تەنیا ڕۆڵی کەسایەتیی ڕەخنەگر دەگێڕن کە لە ڕوانگەی دەسەڵات و تاکەوە بۆ پرس و کێشەکان دەڕوانێت و هیچ پێشنیارێکیشیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و باشتر کردنی دۆخەکەیان پێ نییە، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کەموکووڕییان هەیە و تەنانەت بەشێک لەوانیش لە قەیرانی سیاسیی، فەلسەفی و نەتەوەیی دان و سەریان لێشێواوە و نازانن کە لە کوێی ئیستراتیژی جیهانیی و هاوکێشەکانی ناوچەکە ڕاوەستاون، بۆیە سەرجەم پارتەکان پێویستیان بە ڕێکخستنەوە هەیە و دەبێ پێداچوونەوە بە سیاسەت و ئیستراتیژی و ئامانجەکانیان بکەن، ئەوە ئیتر لەکەس شاراوە نییە و دەبێ هەنگاوی بۆ هەڵنێنەوە، بەڵام ئایا ڕۆڵی ڕەخنەی ڕۆخێنەر چەندە کاریگەری ئەرێنی هەیە!؟ و چەندە کێشەکان بەرەو چارەسەری دەبات!؟ بێگومان ڕەخنەی ڕۆخێنەر ڕۆڵی لاواز دەگێڕێت و خەڵک و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بێ هیوا دەکات و کێشەکانیش پتر ئاڵۆز دەکات.  بەتاییبەت لەم دۆخەدا کە هەموو لایەنەکان هەست بەو بۆشاییە سیاسیی و نەتەوەیییە دەکەن کە پێش هاتووە!.  هوونەرمەندان و شاعیرانی نۆروێژ لە دەیەکانی سی، چل، شەست و حەفتای سەدەی بیستەمدا لە دوو بەش پێک دەهاتن، بەشێکیان ڕەخنەی بوونیادنەریان دەگرت و لەناو هوونەری شیعر و وێنەکێشانیاندا ڕووخساری وڵاتێکی ئاوەدان و خەڵکێکی لەش ساق و تەندرووستیان دەکێشا و دەیانویست کە کۆمەڵەکەیان بەوە پەروەردە بکەن کە ئەوەی مرۆڤ بیهەوێت دەتوانێ بەدەستی بهێنیت و پێی بگات، ئەو بەشەکەی دیکەیان ڕەخنەی ڕۆخێنەریان دەگرت و ڕەشبین بوون و بیروبۆچوونەکانی ئەو بەشەی دیکەیان کە گەشبین بوون بە خەیاڵ پێناسە دەکرد، لە ڕاستیدا ئەم بەشە زۆر ڕەئالیست بوون و زۆریش ڕەشبین و پێیان وانەبوو کە لەو دۆخە نالەبار و ئابوورییە ڕۆخاوە ڕزگاریان بێت و ئابوورییەکی بەهێز و وڵاتێکی پێشکەوتوو ڕێکبخەن و قۆناغە دژوارەکان ببڕن و خۆیان بگەینە ترۆپی کێوە بەرزەکان کە ئاسۆیان لێوە دیارە، ئەو بەشەیان هەر وەک باسمان کرد کە زۆر ڕەئالیست و هاوکات ڕەشبین بوون دەیانویست کە خەڵک لەگەڵ ئەو دۆخە دژوارەدا ڕابێنن و وەک چارەنووس چاو لەو کێشانە بکەن کە وڵات و کۆمەڵگاکەیان پێوە دەناڵێنێت و هەوڵ و تەقەلای خۆیان بدەن، بەڵام ئەمڕۆکە دەبینین کە ڕۆڵی ئەو بەشە لە هوونەرمەندان و شاعیران و وێنەکێشەکانی کۆمەڵگای نۆروێژیی کە وێنەی داهاتوویان بەشێوەیەکی ڕۆمانسی دەکێشا زۆر کاریگەری ئەرێنی هەبووە لەوە کە نەوەی نوێ چۆن پەروەردە بکەن و هاوکات چۆن داهاتووی وڵاتەکەیان بوونیاد بنێن و پێشی بخەن، ئەو شێوە لە خەبات و تێکۆشان لە نۆروێژ سەرکەوتوو بووە، هەنووکە وڵاتی نۆروێژ یەکێ لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانە لە بواری ئاوەدانی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یەکێ لە باشترین وڵاتانە بۆ ژیان، هاوکات بە خەڵکێکی لەش ساق و تەندرووست ناسراون کە تەمەنی زۆربەیان لە سەرەوەی نەوەد ساڵە و بەشێکیشیان دەگاتە سەرەوەی سەد ساڵ و ئاستی بەچینایەتی کردنی کۆمەڵگاش لاوازە و هەمووان وەک یەک لە ئاست ماف و ویست و داخوازی یەکسانن.  لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگەین کە ڕەئالیستبوون هەمیشە درووست و پێویست و لەجێی خۆیدا نییە و کۆمەڵگا و خەڵک بەوە ناچار دەکات کە ئەو دۆخ و هەلومەرجەی کە تووشی بوون ئەزم بکات، واتا خەڵک بەوە ڕادێنێت و بار دەهێنێ کە ئەو دۆخە دژوارانە وەک چارەنووسی خۆیان پێناسە بکەن و هیچ پەلەفڕتەیەک نەکەن.  مرۆڤە ڕەئالیستەکان زۆر زووتر خۆیان لەگەڵ دۆخەکانی کۆمەڵگا دەگونجێنن و کێشەکان بەچارەنووسیانەوە دەبەستنەوە، ئەم ڕوانگەیە زۆر هەڵەیە و بەداخەوە بەشێک لە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات بەشێکیش لە ڕەخنەگران و بەناو ڕۆشەنبیرانی کورد تووشی بوونە و تاکوو ئیستاش پێوە دەناڵێنن.  دیارە کاریگەری هزر و بیری داگیرکەریان لەسەر ماوە.  ڕەئالیستبوون بۆ کورد سەرەتایەک دەبێ بۆ ئاسیمیلەبوون و شۆردنەوەی هزر و بیری نەتەوایەتیی و دوور خستنەوەی بیری پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بەدەستی خودی کورد.  نابێ نەتەوەکەمان و کۆمەڵگاکەمان بەوە بار بهێنین کە خاکەکەمان لەت لەت کراوە و ئیتر دەوڵەتی کوردی پێک نایەت.  نابێ خۆگونجاندن لەگەڵ داگیرکەران ببێتە هزر و بیر و لەو پێناوەدا ئیستراتیژی سیاسیی بۆ دابڕێژین، بێگومان تاکوو ئێمە خەیاڵێک درووست نەکەین، ناتوانین کە بەرنامە و پلانی بۆ دابڕێژین و بیخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە، لە ڕاستیدا ئەوە خەیاڵە، کە بیری لێناکرێتەوە و پلانی بۆ دانانرێت.  هەنووکە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان پێویستی بە هێزی هزریی هەیە و دەبێت لە گۆڕەپانی کردەوەدا ڕەخنەکان ئارەستە بکەین، نەک لە دەرەوەی بزاڤی نەتەوەیی کورد کە پتر بەلای کۆماری ئیسلامی ئێراندا و لە قازانجی ڕژیمی داگیرکەران بشکێتەوە، دەبێت ڕۆڵی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەناو حیزبە کوردییەکاندا بەهێزتر بێت تاکوو ئەو پڕۆژە نەتەوەیی و هزرییانە پێک بێت.

دووەم؛ بەشێکی دیکەی ڕەخنەگرەکان ئەو کەس و تاکانە پێکی دەهێنن کە لەناو حیزب یان خود پارت و ڕێکخراوێکی سیاسیی تاییبەت دان، هۆکاری ئەوەش بۆ بێ بەرنامەیی و بێ پلانی ئەو حیزبانە دەگەڕێتەوە کە بەشێکیان بوونەتە پاشکۆی لایەنێکی تاییبەت و هەموو ئیستراتیژی و ئامانج و سیاسەتێکیان لە کۆی گشتیی بەرنامە و پلانی ئەو لایەنە دیاریکراوانەدا سەرچاوە دەگرێت و سەربەخۆیی سیاسیان لەدەست داوە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری لایەنێکی دیکە و هیچکام لەو هەوڵانەش لە بەرژەوەندی کورد و بزاڤی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵات نین و پێویست بەوە دەکات کە تاکەکانی ناو ئەو حیزبانە و هەروەها تاکە ڕەخنەگرەکانی دەرەوەی پارتەکانیش بەخۆیاندا بچنەوە و ڕەخنەی بێ بنەما ئارەستەی یەکتر نەکەن و خۆیان بەپرسە لاوەکییەکانەوە سەرقال نەکەن.  داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا ڕۆژهەڵاتییەکان و کۆمەڵگای ئەو بەشەی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدات و پێویستە تا ئەو کاتە چارەسەریی بۆ کێشەکان دەدۆزینەوە، خۆمان لە هێرش کردنەسەر لایەنەکانی دیکە و کەسایەتییە سیاسیی و مێژووییەکان ببوێرین و خەباتەکەمان بەردەوام و درێژە پێ بدەین، بەمەبەستی ئەوەکە چارەنووسی کورد دیاری بکەین، نەک ڕۆڵی یەکتر کز و لاواز بکەین، ئاکامی پرشی و بڵاوی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات بزاڤی نەتەوایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سڕ دەکات و ژێر دەستی و چەوسانەوە درێژە دەکێشێت و گەل بێ هیوا و ناچار بە ملکەچبوونی زێتر دەکات.

هۆکار و چارەسەریی؛
تێکەڕای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەموکووڕیان هەیە و بەهۆکاری ئاڵۆزبوونی بەشێک لە کێشەی نەتەوەیی و ڕێگاکانی چارەسەریی پێناسە دەکرێن، کەواتا هەموویان بەیەک ئاست تووشی کێشەی سیاسیی و هزریی بوون و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری لایەنەکانی دیکە، ناکرێ یەکێ خۆی بەشۆڕشگێڕ بزانێت و ئەویتریشی پێ ناشۆڕشگێڕ بێت، ناکرێ یەکێ خۆی پێ ڕەوا بێت و ئەویتری پێ ناڕەوا، ناکرێ یەکێ خۆی پێ تێکۆشەر بێت و ئەویتری پێ داردەستی داگیرکەر یان خود گێرەشێوێن، دابڕان و لێکترازان و دووبەرەکییەکانیش هەڵەی هەمووانن، بەڵام پێویستە کە مرۆڤ لە ڕێڕەوی خەبات و تێکۆشاندا ددان بەخۆداگرتن فێر بێت و بەڕەشەبایەک نەڕۆخێ و نەوەرێ، بۆ دەستبەر کردنی دیموکراسی دەبێ قوربانی بدەین، ئەوەش کە دەبێتە قوربانی و لەو کایەدا براوە نابێت، پێویستە کە لە هۆکارەکەی بکۆڵێتەوە و نەیخاتە ئەستۆی کەس و لایەنێکی دیکە، هاوکات دەبێ دیالۆگ بەبنەمای تێگەییشتن و بەچارەسەری کێشەکان بزانین و ڕێز لە فرەچەشنی و فرەگەری و پلۆرالیسمی سیاسیی و جیاوازی ڕەنگ و دەنگەکان بگرین و تاسەر و تا کۆتایی خۆمان بەپێشڕەو و نوێنەری گەل نەزانین.  هۆکاری کێشە ناوخۆییەکان و هاوکات بەکێشەی تاکەکەسی پێناسەکردنی پرس و باسەکان و هەوڵدان بۆ سازکردنی گرووپی جیاواز، دەرئەنجامی لەبەرچاو نەگرتنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی و داخوازی گەل و تەگەییشتنی هەڵە لە پرەنسیپە دیموکراتییەکانە.  تاکوو بەسەر ئەو بەربەستانەدا زاڵ نەبین، کولتووری دیموکراتی جێگیر نابێت و ئەو کێشانە بەرفەراوانتر دەبن.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Go to top