We have 221 guests and no members online


لەهەموو سیستەمێكی دیموكراتی دا ماف بەتاك و گروپ و رێكخراو لایەنەكان دراوە خۆپیشاندان بەمەبەستی هێنانەدی داواكاریەكان یان نارەزایەتیەكان ئەنجام بده‌ن , بەڵام بۆخۆپیشاندانێك رێكخراوبێت و ره‌زامه‌ندی لایه‌نی پەیوەندیدار وه‌رگیرابێت بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانه‌که‌, هه‌رچه‌ند باوەرم نییە لەهیچ یه‌کێک له‌ووڵاتانه‌ی که‌ هەڵقوڵای دیموكراسین بەبێ مۆڵەت خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت , له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یاسای خۆپیشاندان و داواكاری خۆپیشاندان لەوڵاتێكەوە بۆوڵاتێكی تردەگوردرێت , هەرێمی كوردستانیش بەدەرنییە لەووڵاتانەی كەیاسای تایبەت بە خۆپیشاندانی خۆی هەیە بە ژمارە 11 ی ساڵی 2010 كە تیایدا رێگەی داوە بەوكەس و گروپ و رێكخراو لایەنانەی داوای خۆپیشاندان دەكەن بەو مەرجەی داواكار مەبەستی خۆپیشاندانەكە رونبكاتەوە بۆلایەنی پەیوەندیدارو خۆشی نەحەمولی دەرەنجامەكەی بكات ئەگەر لەماوەی 48 كاتژمێر وەڵامی نەدرایەوە ئەوا لایەنی داواكار ئازادە لەئەنجامدانی خۆپیشاندانەكەی.

 

بەڵام دەبینین لەهەندێك وڵات یان لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەبەر چەند هۆكارێك كەهەندێك جار پەیوەندی بەباری ئەمنی ناوچەكەوە هەیە رێگە بەداواکاری لایەنی خۆپیشاندەرنادرێت لەوكاتەدا خۆپیشان ئەنجام بدات ,بەڵام لایەنی داواكار هەرسورە لەسەر ئەنجام دانی خۆپیشاندانەكەی , ئایا دەستێكی دەرەكی یان چەند لایەنێك هاندەری ئەوخۆپیشاندانە بن بەمەبەستی مەرامی تایبەتی خۆیان بێت بۆ تێكدانی بارودۆخی ناوچەكە بێت ، هەندێك جار ئەگەر زانرا خۆپیشاندانەكە ئەنجامی خۆی پێكاوە ئەوا وەك چۆن پاڵنەری خۆپیشاندانەكە بوە ئاواش دەیكات بەدەست كەوتێك بۆ خۆی , وەئەگەر خۆپیشاندانەكە ئەنجامی نەبوو بوەهۆی كەوتنەوەی توندووتیژی وەك ئەوەی لەهەرێمی كوردستان رویاندا و بینیمان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت كوری چەند هەژارێكی ئەم وڵاتە بەكوشت ده‌درێت و دواتر فرمێسكی تیمساحییان بۆدەرژن.

وه‌ک ده‌بینین زۆربه‌ی کات له‌ئه‌نجامی خۆپیشاندانی بێ مۆڵه‌تدا کارله‌کارده‌ترازێت ، به‌ڵام له‌م کاتانه‌دا له‌سه‌رده‌زگائه‌منیه‌کان پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌کی دروست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بکه‌ن و بڵاوه‌یان پێبکه‌ن هه‌روه‌ک چۆن له‌زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان ده‌بینین چه‌ندین شێوازو ئامێری جۆربه‌جۆر به‌کارده‌هێنرێت بۆبڵاوه‌پێکردنی خۆپیشاندان ، وه‌ک به‌کارهێنانی ئاو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ که‌سانی شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زمون رۆڵیان هه‌بێت له‌ بڵاوه‌پێکردن و نه‌که‌وتنه‌وه‌ی قوربانی ، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی کوردستان ده‌‌بینین ده‌ست به‌جێ له‌لایه‌ن هێزه‌ئه‌منیه‌کانه‌وه‌ ته‌قه‌ به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا ده‌کرێت ، ره‌نگه‌ هه‌ندێک کات و به‌که‌می وه‌ک له‌ هه‌ندێک گرته‌ ڤیدیۆیه‌کانی خۆپیشاندانه‌کان بینیمان هه‌ندێک به‌رپرسی ئه‌منی داوا له‌ پاسه‌وان و هێزه‌کانی خۆی ده‌کات ته‌قه‌ نه‌که‌ن به‌ڵام دوای چی دوای که‌وتنه‌وه‌ی قوربانی ، هه‌ندێک جاریش به‌رپرسه‌ ئه‌منیه‌کان هانده‌رن بۆته‌قه‌کردن ، جائه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ئه‌منیه‌کان توندوتیژی به‌رامبه‌ر یه‌کدی بنوێنن ئه‌وا ئه‌وکاره‌ساته‌نه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار بینیمان و رویاندا.

 

مەبەستی سەرەكی من لێرەدا ئەوەیە بۆچی خۆپیشاندان لەكوردستان بەتایبەت لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری بوە بە دیاردە ؟

 

بۆچی دەبێت حكومەتی هەرێم لەژێر فشاری خۆپیشانده‌ران و که‌وتنه‌وه‌ی کاره‌سات و قوربانی و زه‌ره‌ر گه‌یاندن به‌ماڵ و موڵکی گشتی داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات ؟

 

بۆچی حكومەت دەبێت دوای هەموخۆپیشاندانێك لیژنەیەك لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاو لایەنە پەیوەندیدارەكان و نوێنەرانی خۆپیشاندان پیکبهێنێت و دواتر داواكاریەكانیان بەزیادەوە جێبەجێبكەن ؟

 

بۆدەبێت بەرپرسەكەمتەرخەمەكانی حكومەت لەژێرفشاری خۆپیشاندەر بگۆردرێ؟ بۆدەبێت خوێندكارانی بەشەناوخۆیی لەبەربێ ئاوی بێنە سەرشەقامەكان و دوای كاتژمێرێك ئاوی بۆدابین بكەیت ؟

 

بۆدەبێت گەرەكێك سێ رۆژ بێكارەبابێت دوای داخستنی شەقامێك لەلایەن هاوڵاتیانی گەرەكەوە بە چەندكاتژمێرێك كارەبای بۆدابین بكەیت ؟

 

بۆدەبێت چەندخانویەكی بێتاپۆ لەلایەن خاوەنەكانیانەوە لەگەڵ هێزە ئەمنیەكان روبەروی یەكببنەوە دواتر لەگەڵیان دابنیشیت و خانوەكانیان بۆتاپۆبكەن ؟

 

بۆدەبێت فەرمانبەرانی هەندێك لەفەرمانگەكان كە ماندەگرن و داوای دابینكردنی دەرماڵەدەكەن بۆیان دابین دەكەن  ؟

 

هەزاران بۆی تر كەرۆژانە لەم كوردستانە دەیبینین دواتر بەدروستكردنی لیژنەیەك لەلایەن حكومەتەوە زۆربەیان جێبەجێدەكرێن كەسەرجەم ئەم داواكارییانە مافی رەوای هەرتاكێكی ئەم كۆمەڵگایەیە , بۆئەم حكومەتە ئەوەندە بێئاگایە لەم كەموكوریانە كەرۆژانە دوبارەدەبنەوە ؟ لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم لەدوای روداو كارەساتەكان و بەكوشتدانی كوری هەژاری ئەم وڵاتە لیژنە پێك بهێنێت بۆ كەموكوریەكانی خۆپیشاندەران , واباشترە پێشتر لیژنەیەكی ئەكتیڤ و دەسەڵات پێدراو پێك بهێنێت  لەكەموكوریەكان  بكۆڵیەتەوە پێش رودانی كارەسات و قوربانی.

پێویستە حكومەتی هەرێم هەموو وەزارەتەكان  رابسپێردرێت  بە پێكهێنانی به‌شێک بۆ بەدواداچونی كێشەكانی شارو شارۆچكەكانی كوردستان ئەم بەشانە, ئەگەر مەبەستان خزمەتكردنی كوردستان بێت با پەیوەندی راستەخۆیان بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەبێت بۆ ئەوەی وەك چۆن لەدوای خۆپیشاندانەكان داواكاریەكان جێ بەجێدەكەن , پێش روداوەكانیش كەموكورتی و داواكاریەكان جەماوەر جێ بەجێ بكەن , هه‌رچه‌ند حکومه‌تی هه‌رێم لەدوای روخانی رژێمەوە كەیازدە ساڵە زۆربه‌ی کاره‌کانی لەژێر فشاری جەماوەردابوه‌ ، هەموان دڵنیان لەوەی لەتوانای حكومەتدا هه‌یه‌ پێش روداوەكان ئەوكارە خزمەتگوزاریانەی خەڵك جێبەجێ بكات بێ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فشار به‌کاربهێنێت , هەندێك جاردەبینین لە پاڵ داواكاری خۆپیشاندەراندا داوای نایاسای لە حكومەت دەكرێت داوای گۆرینی فڵان وەزیرو فڵان بەرێوەبەر و زیادکردن وحساب نەكردنی نمرەی فڵان وانەی خوێندن  ,  چەندان داوی تری نایاسایی

 

بۆیه ‌تكا و هاوارم لە حكومەتی هەرێم هەیە بۆ بەرزراگرتن و پیرۆزی  ناوی حكومەتی كوردستان با پێش روداو كارەساتەكان داواكاریە رەواكانی جەماوەری كوردستان جێبەجێبكرێت باناوی حكومەت نەنرێت " حكومەتی فشاری جەماوەر "

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

Go to top