We have 66 guests and no members online

لاوان به‌شێکی گرنگ و چالاکی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگه‌ن.لاوان هێزی بزوێنه‌ر و سازێنه‌ری زۆربه‌ی دیارده‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ن.ئه‌م به‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ پێکهاته‌یه‌کی تێکه‌ڵ و جۆراوجۆرن له‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ.لاوان پێکهاته‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تین له‌ خوێندکاران، کرێکاران، بێکاران و زۆربه‌ی پیشه‌ جیاوازه‌کانی دیکه‌‌ی ناو کۆمه‌ڵگه‌.به‌ڵام لاوان چین و توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت نین، زۆرجار به‌ هه‌ڵه‌ لاوان وه‌کو چین و توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پێناسه‌ ده‌کرێن، ئه‌م پێناسه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مانای زانستییانه‌ی چیندا یه‌کناگرێته‌وه‌ و دژ و ناته‌بان.

 ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو جیهاندا، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌‌ت و داموده‌زگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه‌ گرنگی و بایه‌خی زۆر به لاوان ده‌درێت و بوودجه‌ی تۆکمه‌ و ر‌ه‌چاوکراو، ته‌رخانکراوه‌ بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانی لاوان، له‌ خوێندن و وه‌رزش کردن و نیشته‌جێگه‌‌ی ژیان و گه‌شتوگوزار و شوێنی تایبه‌تیی لاوان بۆ خۆشگوزه‌راندن و به‌سه‌ربردنی سوودمه‌ندانه‌ی کاته‌کانی پشوودانانیان.به‌ ده‌یان و سه‌دان سه‌نته‌ر و بنکه و مه‌ڵبه‌ندیان بۆ داده‌مه‌زرێنرێت و به‌ هه‌زاران مامۆستا و ئامۆژگار، له‌ که‌سانی کۆمه‌ڵناس و ده‌روونناس و په‌روه‌رده‌کاری گشت بواره‌ جۆراوجۆره‌کانی په‌روه‌رده‌ و را‌هێنان و بارهێنانیان، وه‌کو ئه‌رک و فه‌رمان و پیشه‌، خه‌ریکی په‌روه‌رده‌ کردن و ئاماده‌کردنی لاوانن.سه‌ربای هه‌موو ئه‌مانه‌، لاوان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و کێشه‌ و گیروگرفتی تایبه‌ت به خۆیانن.له‌ناو خێزانه‌کاندا، زۆربه‌ی کاته‌کان، لاوان سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ و گیروگرفتی جۆراوجۆرن.له‌ ده‌ره‌‌وه‌ی خێزانیشدا، به‌شێکی زۆری کێشه‌کان هه‌ر له لاوانه‌وه‌ په‌یدا ده‌بن.له‌ خۆپیشاندان و راپه‌ڕین و شۆڕشه‌کانیشدا، لاوان هه‌میشه‌ پشکی سه‌ره‌کی و به‌رچاویان بۆ خۆیان پاوان کردووه‌.ئه‌م پێکهاته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، هێزێکی گه‌وره‌ و چالاک و زیندوو و بزوێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ن.هه‌ر بۆیه‌ له‌لایه‌ن کۆڕ و کۆمه‌ڵ و رێکخستنه‌ رامیارییه‌کانه‌وه‌ هه‌وڵی زۆر له‌گه‌ڵ لاواندا ده‌درێت و پاره‌ و کات و وزه‌یه‌کی زۆریان تێدا به‌خه‌رج ده‌درێت بۆ راکێشانی سه‌رنجیان به‌لای خۆیاندا و بۆ به‌ ئه‌ندام کردنیان و سوود وه‌رگرتن له هێز و توانا و کات و وزه‌‌یان.سیاسه‌تمه‌داره‌کانیش لاوانیان مه‌به‌سته‌ و هه‌رده‌م به‌شێکی زۆری هه‌وڵدان و وتاردانه‌کانیان ئاڕاسته‌ی جه‌ماوه‌ری لاوان ده‌که‌ن.ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ هه‌ر کۆڕ و کۆمه‌ڵ و دامه‌زراوه‌ و رێکخستنێکی رامیاری بتوانێت جه‌ماوه‌رێکی زۆری لاوان به‌لای خۆیدا رابکێشێت و تێکه‌ڵێ کار و چالاکی و بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆیانیان بکه‌ن، له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا کارا و کاریگه‌ر ده‌بن و داهاتوویه‌کی باش و مسۆگه‌ر بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن.

ململانێ له‌سه‌ر لاوان، ته‌وه‌رێکی گرنگ و پڕ کێشه‌ی هه‌موو دامه‌زراوه‌ رامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵا‌یه‌تی و فه‌رهه‌نگی و پیشه‌ییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌.زۆربه‌ی جاریش لاوان وه‌کو هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ کاری ئاژاوه‌گێڕی و تێکدان و ته‌نانه‌ت تێرۆر و کوشتوکوشتاریش به‌کار ده‌هێنرێن.هه‌ربۆیه پێویست و گرنگه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌، گرنگی و بایه‌خی پێویست به‌ په‌روه‌رده‌کردنی پۆزه‌تیڤانه - ئه‌رێتییانه‌ی لاوان بدرێت و بوودجه‌ و کات و وزه‌یه‌کی ته‌رخانکراویان تێدا به‌خه‌رج بدرێت.ئه‌مه‌ش هۆکارێکه‌ بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئاشتی و ئاساییش و ژیانی دێمۆکرسییانه‌ و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌.پێویسته لاوان به‌ راهێنانی دروست و به‌ ده‌ستاوێژی پێشکه‌وتووانه‌ی سه‌رده‌مییانه‌، به‌ بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانه و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌‌ی مرڤدۆستانه‌، به‌ هه‌ست و هۆش و گیانی ژینگه‌پارێزانه و ئاژه‌ڵدۆستانه‌، گۆش و په‌روه‌رده‌ بکرێن و دوور بخرێنه‌وه‌ له‌ هه‌موو کار و کرده‌وه‌ و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی توندوتیژانه‌ و زیینبه‌خشانه‌.بێگومان پێش هه‌موو لایه‌نێک ئه‌مه‌ ئه‌رک و فه‌رمانی ده‌وڵه‌ته‌ و بۆ ئه‌م ئامانج و مه‌ىه‌سته‌ش، دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کانیش ده‌بێت هاوکار و پشتیوانی ده‌وڵه‌تبن بۆ باشتر په‌روه‌رده‌کردنی لاوان.

ئه‌مڕۆ کێشه‌کانی لاوان له هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا، گرنگ و هه‌ستیارن.چونکه‌ لاوان به‌گشتی که‌سانی ساده‌ و که‌مئه‌زموونن و زوو ده‌که‌ونه‌ ژێر کاریگه‌ریی دیارده‌ و ئایدۆلۆژیا و بیروباو‌‌ڕه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌، ده‌توانرێت به‌ ئاسانی لاوان به‌ هه‌موو ئاڕاسته‌کاندا ببرێن و به‌کار بهێنرێن بۆ هه‌موو مه‌به‌ستێکی باش و خراپ.

کۆمه‌ڵگه‌ی پێشکه‌وتوو و ته‌ندروست و خۆشگوزه‌ران، ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ که‌ خاوه‌نی سیسته‌م و شێوازێکی پێشکه‌وتووانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ و سه‌رده‌مییانه‌ بێت بۆ ئاراسته‌کردن و راهێنان و په‌روه‌رده‌کردنی لاوان به باشترین شێوه‌ و سێوازی زانستیانه، تاوه‌کو جه‌ماوه‌ری لاوان، پێکهاته‌یه‌کی پێشکه‌وتوو و کارا و خۆشگوزه‌ران و سوودمه‌ندبن بۆ خۆیان و بۆ ئه‌مڕۆ و داهاتووی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌.

ئه‌مسته‌ردام

٢٣/١/٢٠١٤

 

Go to top