We have 127 guests and no members online

 دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان جێی خۆیەتی شرۆڤەیەکی ڕاستگۆیانە بۆ ئەو دەرئەنجام و ڕووداوانە بکەین کە لە ئەنجامی ئەم ڕاپەڕینە بەدیهاتوون، هاوڵاتییانی باشوری کوردستان بەتایبەتی و گەلی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە 3 پارچەکەی تری کوردستان و تەواوی جیهان زۆر بە هیواو ئێومێدەواریەوە لەم ڕاپەڕینەیان دەڕوانی، بەڵام ئەگەر دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ئەم ڕاپەڕینە سەیرێکی مێژووی فەرمانڕەوەی کورد بکەین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، ئەوا ساڵانێک پڕ لە مەینەتی و شەڕی ناوخۆ و دامودەزگایەکی حکومی بە حزبی کراو و وەردەکەوتنی کۆمڵێک سەرکردەی گەندەڵ نەبێت شتگەلێکی تر نابینین.

  ئەگەر ساڵانی دوای ڕاپەرین ناوبنێین ساڵانی شکست ئەوە زیادەڕۆی نابێت، لە ئاست ئەو هەموو سیاسەت و کارە پڕلە هەڵەیەی کاربەدەسانتی کورد لەم ماوەیەدا پێیهەڵستاون، پێش ڕاپەڕین زۆرینەی گەلی کورد چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بوون، کە لە زوڵم و ستمەکاری بەعس ڕزگاریان ببێت و کارەساتەکانی ئەنفال و کیمابارانکردن و ڕاگواستن چەندین کارەساتی تر لەژێر حکومڕانی کوردی بتوانن ساڕێژی کارەساتانە بکەن و ڕۆژێک بێت بە چاوی خۆیان حکومەت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کوردی ببینن، بەڵام بەهۆی سیاسەتی پڕ لە هەڵەو کەموکورتی چەند حزب و کاربەدەستێکی کوردی لە جێگای پیشاندانی حکومڕانیەکی دادپەروەر و بنیادنانی بناغەی دەوڵەتی کوردی هەڵستان بە تاڵانکردن و داگیر کردنی موڵکی گشتی و بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ و چەندین کاری دوور لە بەرپرسیارەتی بەرامبەر گەل و نیشتمان.

  دوای پێشهاتنی چەندین و هەل و دەرفەتی زێرین بۆ بەرەو پێشبردنی حکومڕانی کوردی و بە‌هێز کردنی هەستی نەتەوایەتی، لەگەڵ پێشخستنی تەواوی کەرت و بوارە جیاوازەکان و گەڕانەوەی تەواوی ناوچە دابڕاوەکانی باشوری کوردستان، کە خۆی دەبینیەوە لە ساڵانی دوای ساڵی 2003، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و بنەماڵەیی هەموو ئەم هەل و دەرفەتانە لەدەست چوون و نەتوانرا نە حکموڕانیەکی دادپەروەرانە، نە گەڕانەوەی %40 خاکی باشوری کوردستان بەدیبهێنرێت و هاوشان لەگەڵ ئەمەش دا هەستی نەتەوەیەتی پیرۆز بوونی کورد و کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ کاڵتر بووەتەوە و زۆربەی کەرت و بوارە جیاوازەکان توشی قەیران یاخود شکست بوونەوەتەوە.

  ساڵ لە دوای ساڵ شکست و کەموکورتیەکان زۆر بە ڕوونی بە چاوی خۆمان لە سەرجەم کەرت و بوارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەبینین، ئەگەر لە ڕووی دیموکراسی و بەرقەرارکردنی مافی مرۆڤ سەیری هەرێمی کوردستان بکەین دەبینین لە چ ئاستێکی خراپ دایە، بە جۆرێک تەنیا هاوڵاتییان بەهۆی داواکردنی ماف و ئازادی ئەوا ڕووبەڕوی دەستگیرکردن ولێدان و کوشتن دەبنەوە، هەروەها ئەگەر لە ڕووی بەسیستەمکردنی دامودەزگاکانی حکومەت سەیرێکی حکومەتی هەرێم بکەیەن ئەوا دەبینن لەماوەی ئەم 23 ساڵە تەنیا کار لەسەر بە حزبی کردنی حکومەت و سەرجەم دامودەزگاکانی کراوە .

  هەروەها ئەگەر بمانەوێت زۆر بەڕوونی شکستەکانی ئەم فەرمانڕەیە ببینین ئەوا دەکرێت بە چاوخشاندنێکی کورت بە زۆربەی کەرت و بوارە جیاوازەکان ئەم شکستە بە ڕوونی ببینین، ئەگەرلە کەرتی کشتوکاڵەوە دەستپێبکەین ئەوا دەبینین لەگەڵ بوونی ئەم خاکە بەپیت و بەرەکەتە و لەوەڕگای سروستی لە هەرێمی کوردستان کەچی پەتاتای هۆڵندی و تەماتەی ئێرانی و سەوزەی لوبنانی و هلێکەی تورکی و گۆشتی ئاژەڵ . . . هتد، بازاڕەکانی هەرێمی پرکردوەو ساڵ لەدوای ساڵ بەرهەمی خۆماڵی بەرەو کەم بوون و لەناوچوون دەچێت، هەروەها کەرتی پەروەردە و خوێندی باڵای حکومی شکستی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە پاشەکشێ بەردەوامدان، ئاستی زانیاری خوێندکاران و بوون لە ڕیزبەندی شەشەم هەزارمین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهان دەرهەقی ئەو ڕاستییەن و ڕیزبەندی بەرمیلی نەوت لە کوچە و کۆڵانەکان و ڕیزی ئۆتۆمبێلەکان لە پێش بەنزینخانەکان و بوونی چەندین مۆلیدەی کارەبایی لە بازاڕ و گەڕەکانی گشت شارو شارۆچکەکانی هەرێم شکستی کەرتی ووزە و کارەبا دەردەخەن، جگە لەمە کەرتی تەندروستیش پڕاوپڕە لە شکست و کەموکوڕی دواهەمین ئەو شکست و کەموکوریانەش، کە بە خۆیەبینی کوێر کردنی چاوی دایەن کەس بوو بە دەرمانی خراپ و نەگونجاو، هەروەها ئەگەر سەیری کەرتی گواستنەوەو گەیاندن و بکەیەن ئەوا گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتی ساڵانە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ئەوامان بۆ دەردەخات ڕێگاو بان و کەرتی گواستەنەوەو گەیاندن لە ئەم هەرێمەدا لە چ ئاستێکی وێراندایە، وە لە هەموویان دیاتر لایەنی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستانە کە بەبێ ڕەوانەکردنی پارە لە حکومەتی ناوەندەوە ناتوانرێت خۆی بۆ چەند مانگێک بگرێت و تائێستا جگە لە چەند بنماڵە و کەسێک نەبێت داهاتی نەوت سەرجەم داهاتە ناوخۆیەکانی تر بۆ کوێ دەچن، ئەمەش ئەوامان بۆ دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بیریان لە داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ گەل و نیشتمان نەکردوەتەوە، بەڵکو تەنیا لە بیری پڕ کردنی مەخزەنەکانیان بوون لە دۆلار و زیاتر کردنی ڕێژەی بڕی پارەکانیان لە بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، هەروەها بەردەوام لە هەوڵی کڕین و بنیادناینی کۆمپانیا و کارگە و هۆتێل و باڵاخانە و کەناڵی ڕاگەیاندنی تایەبەت بە خۆیان بوون لەسەر بودجەی گشتی و داهاتی هاوڵاتیان ئەم هەرێمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بمانەوێت شکستی لایەنی دارایی حکومەتی هەرێم زۆر بەڕوونی ببینین بەسەیر کردنی ئەم چەند مانگەی بارودۆخی ناخۆی هەرێمی کوردستان بۆمان دەردەکەوێت لەگەڵ نەناردنی موچە و پارە لە بەغداوە کاری حکومەت و ژیانی هاوڵاتیان بە چ جۆرێک بەرەو وەستان هەنگاو دەنێت!

  لێرەدا ناکرێت بە ووردی سەرجەم شکست و سیاسەتە پڕ لە هەڵانە بخەینەڕوو کە لە ماوەی 23 ساڵی رابردوو لەزۆربەی کەرت و بوارە جیاوازەکان لەم هەرێمدا لەلایان چەند کەس و حزبێکەوە بەدیهاتوون، چونکە ئەگەر بمانەوێت تیشکێکی ڕوون بخەیەنە سەر سەرجەم ئەم شکست و کەموکوڕیانە ئەوا بێگومان پێویستمان بە نوسینی دەیان کتێب و سەدان وتاری وەها دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت هەموو شتێک لێکدانی سفر بکەیەن و هەموو دەسەتکەوتەکان بە هیچ نەزانی، بەڵام گەلی کورد لە کوردستانی باشور بە هیوایەکی زۆر مەزنتر لە خۆبەڕێوبەرکوردیان دەڕوانی و هەرگیز لە بڕوایەدا نەبوون دوای 23 ساڵ لە ڕاپەڕین و ئازادی و ڕزگار بوون لە ژێردەسەڵاتی ڕژێمی بەعس، حکومەت و فارمانڕەویەکی کوردی ئەوەندا شکست خواردوو ببینن.

 

Go to top