We have 77 guests and no members online

هەڵۆ بەرزنجەیی

بیرۆکەی رێزلێنان لە کەسایەتیی پایەبەرز و زانستکار و کورددۆست، زانای ناودار"ئیسمائیل بێشکچی"وەک هەنگاوێکی باش و ئەمەکداریی، بەرامبەر بە پاداشتدانەوەی دۆستتان، بەرهەمی چالاکی" وەقفی بێشکچی" یە، کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی رۆشنبیر و وکوردپەروەرەوە، ساڵانێکە دامەزراوە.

ئێوارەی رۆژی ٣/١٠/٢٠١٤، هاوشان لەگەڵ جەژنی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیادا، لە شاری بەرلین، بە ئامادەبوونی نێزیکی ٢٠٠ کەسایەتی رۆشنبیریی و ئەکادیمیستی کورد و هەندەک ئەڵمان، ئێوارەیەکی خنجیلانەی رێزلێنان، بۆ د. بێشکچی بەڕێوەچووە.

من لەرێگەی برادەرێکی کوردیی باکوورەوە، درەنگانێ هەواڵ و شوێنەکەم پێ راگەیەندرا. هەر زوو لەتەک برام بەکر عەلی دا چووین بۆ شوێنەکە و وەژوورکەوتین. بەدەم سڵاو و ئێوارەباشەوە لە ئازیزان، پێیان گووتین، مامۆستا جەمال و د. هەنەلۆرەش لێرەن و، وان لەتەک بێشکچیدا دانیشتوون. بۆ سڵاوکردن بەرەو لای مێزەکەی مامۆستا گەورە جەمال نەبەز چووین. خواوراستان دوو جێگەی واڵای بۆ ئێمە تێدابوو. شوێنەکەی من رێک بەرامبەر بە مامۆستا نەبەز و هەنەلۆرە و بێشکچی بوو. هەر زوو چوومە خزمەت بێشکچییەوە و بەگەرمی بەخێرهاتنم کرد و هەستی شانازیکردنم بەو پێکگەیشتنە بۆ دەربڕی. پێش گەشتنی ئێمەش د. هەنەلۆرە، کە ساڵانێکی زۆرە بە دۆستێکی زۆر نێزیک و دڵسۆزیی کورد هەژمارد دەکرێ، کتێبەکەی خۆی"کوردستان وڵاتێکی بەبارمتەگیراو"ی بە دیاری بۆ بێشکچی هێنابوو، لەوێ یەکتریان ناسی و بە گەرمی لەگەڵ یەکتر کەوتنە پەیڤ گۆڕینەوە.

 د. هەنەلۆرە بەو دیدارە زۆر خۆشحاڵ بوو. گورج ئەو لاپەڕە و وێنانەی کتێبەکەی،  نیشانی بێشکچی دەدا، کە دەربارەی نووسیبووی و بڵاوی کردبووەوە. بێشکچیش بە چاوێکی پڕ لە رێز و پێزانینەوە، لە بەرهەمەکەی د. هەنەلۆرەی ڕوانی و بە خۆشییەوە ئەو دیارییە بەنرخەی پەسەند کرد.


 

 دوای سەرنجدانێکی ووردی مشتەرییئاسا لە دیمەنی بێشکچی، ئیدی بەرامبەری بەکاوەخۆ کەوتمە قوڵایی بیرکردنەوەوە. زۆری نەبرد، کۆمەڵێ پرسیار لە مێشکمدا کەوتنە جمە. بەخۆم نەبوو وەخت بوو، بێدەنگی ئێوارەکە بشڵەقێنم و بە دەنگێکی بەرز هاوار بکەم و بڵێـم:

ـ ئا ئەمەیە ئەو پیاوەی، بە زیاتر لە ١٢٠ ساڵ زیندانی، لەسەر نەتەوەی کورد و دۆزە رەواکەی لە لایەن دادگای قەرەقووشی ترکیاوە، سزا دراوە؟؟!!

ـ ئەمە ئەو کەڵەمێردەیە، ١٧ ساڵی رەبەقی لە گرتووخانە تاریک و نووتەکەکانی، دەوڵەتەکەی جەنگیزخان و هۆلاکۆ و ئەتاتورکدا بەسەربردووە؟؟!! و بە زیاتر لە (دە) ملیارد لیرەی ترکی، سزا دراوە.

ـ ئەمە ئەو قارەمانەیە، دوای تەواوکردنی زانستگە، جوانترین رۆژ و ساڵەکانی تەمەنی، لە پشت دەرگا ئاسنیینەکانەوە، لە پێناوی داکۆکی کردن لە کورد گوزەراندووە؟؟!!

ـ ئەمە ئەو نووسەرەیە"کوردستان دوا کۆلۆنی نێودەوڵەتی"نووسیوە؟؟!! و زیاتر لە ٣٠ بەرهەمی دیکەی دانسقەی، لەسەر نەتەوەکەم، پێشکەش بە کتێبخانەکانی جیهان کردووە؟؟!!

ـ ئەم پیاوە خنجیلانەیە، ئەوەیە خەرمانێ وتار و بابەتی زانستی، لەسەر کورد بەرهەمهێناوە؟؟!!

ـ ئەم مرۆڤە رۆحسووکە، کەوا شەرم و رێزی لێ دەبارێ، ئەوەیە، بە ووشە و هەڵوێست، بەگژ سیاسەتی کەمالیستدا چۆتەوە؟؟!!

ـ ئەم مێرخاسە تاکوتەنیا رەنگ سووروسپییە جوانە، ئەوەیە بڕگە بە بڕگەی، سیاسەتی تواندنەوە و نکۆڵی کوردیی، لە ترکیا لە قاوداوە؟؟!!

ـ ئەمە ئەو جوامێرەیە، بە رووی دەقە ئەستوورەکانی یاسا و رێسای دەوڵەتی فاشتی ترکیادا هەڵشاخاوە؟؟!!

ـ ئەوە ئەم نووسەرەیە، بە تاقی تەنیا، پەردە لە رووی قێزەونترین ئیدیۆلۆژی، کەمالیستی و سیاسەتی دڕندەیی، گورگەبۆر هەڵدەماڵێت؟؟!!

ـ ئەم مێردمنداڵە دلێرە، ئەوەیە خۆی هێزی پەپوولەیەکی تێدا نییە، لێ خاوەنی قەڵایەک باوەڕ و وورەیە، بەرامبەر بە دەسەڵاتی ستەمکار؟؟

ـ ئەمە ئەو خەمخۆرە بە ویژدانەیەی قوربانییەکانی کوردە کە تەنیابۆ سەربەخۆیی کوردستان تێدەکۆشێ؟؟!!

ـ ئەم بەڕێزە، ئەوەیە بێبڕانەوە رەخنە ئاراستەی ئەو حیزب و سەرکردە کوردانە دەکات، کە هزر و کردار و گوفتاریان بۆ سەربەخۆیی نەخستووە و ناخەنە کار؟؟!!

ـ ئەمە ئەو دکتۆر بێشکچیەیە، کە شارەزای دەرد و ئازارەکانی کوردە و ڕەچەتەی یەکگرتن بۆ کورد دەنووسێ و رێگاچارەی دامەزراندنی دەوڵەتی بۆ دیاریدەکات؟؟!!

 پاش ئەم تێڕامانە قووڵەم لە ناخی خۆمدا، بە دەنگی ووتاری کردنەوەی ئێوارەکە، لەلایەن بەڕێزان لە فۆنتی بێشکچی، گەڕامەوە نێو کۆڕی ئامادەبووان. وتارەکە بە تێروتەسەلی لە دۆزی کورد و بارودۆخی وڵات و کەسایەتی بێشکچی دوا. پاشان، رێگەدرا بە چەند ئامادەبوویەکی ئێوارەکە، گوتەی خۆیان، لەم بۆنەدا پێشکەش بکەن.

سەرەتا، بانگهێشتی د. پرۆفیسۆر جەمال نەبەز کرا، وەک زانایەک، قسە لەسەر بێشکچی بکات. مامۆستا نەبەز، بەچەند رستەیەکی کورت، لێ سەنگین و پڕمانا، باسی لە کەسایەتیی بەرزی بێشکچی کرد. جوانترین پێناسەی ئەم زانایە، لە وتارەکەی نەبەزدا، بریتی بوو لەوەی، بەهای کەسایەتی بێشکچی بەستەوە، بە پاکێتی و بێنیازی و دلسۆزیی خزمەتەکانییەوە. بەواتەیەکی دیکە، بێشکچی لۆیە گەورە و هێژایە، چونکە، خۆی بۆ ماڵی دنیا نەفرۆشتووە و باوەڕی بەرزی بە دۆزی کورد بۆ بەرژەوەندیی مەتریالیی نییە، بەڵکو پرنسیپێکی مۆڕالییە. زانست و کاری زانستکارانەش، وەک زۆر بواری تری ژیان، لەو شوێنەدا بەهایان دەردەکەویت و نرخییان گران دەبێ، کە ئامانج لێی، خزمەت بە راستی و مرۆڤ بێت. کارە زانستییەکانی بێشکچیش، لەم چوارچێوە و یاسایە بەدەر نین. لە درێژەی گووتەکەیدا، مامۆستا نەبەز، ئاماژەی بەوەش دا، کە بێشکچی هیچ خەڵاتێکی، لە هیچ لایەنێکەوە قبوڵ نەکردووە، لێ کاتێ خەڵاتی ئاپۆ ئوسمان سەبری پێشکەش کرا، بە سنگێکی فراوانەوە، وەری گرت. ئاخر ئاپۆ سەبریش، وەک بێشکچی مرۆڤێکی خۆنەفرۆش بوو. .

میوانەکان، بە چەپڵەلێدانێکی گەرم، پێشوازییان لە گووتەکانی پرۆفیسۆر نەبەز کرد. پاشان چەند کەسایەتییەکی دیکەی دامەزرێنەری فۆنتی بێشکچی و رۆشنبیرانیی ئامادەبوو، لە کوردانی باکوور، سەرو وتە و بەسەرهات و پێوەندیی خۆیان بە بێشکچییەوە هێنایە بەرباس. ناوبەناویش باسی شەنگال و کۆبانی و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، دەهاتە نێوان باسەکانەوە و لەوێوە سڵاویان ئاڕاستە دەکرا.

ئینجا، کورتە فلیمێکی دیکۆمینتاری نیشان درا، لەمەڕ هەڵوێستەکانی بێشکچی لە دادگای سەربازی تورکیادا  ، کاتێ بوێرانە بەرگریی لە تێزەکانی خۆی دەکات و بەگژ بڕیارە شۆڤێنی و نامرۆڤانەکانیاندا دەچێتەوە. دوابەدوای ئەمانەش، رێگەدرا بە هەردوو هونەرمەند، شڤان پەروەر و نیزامەدین ئاریج، وەک دووجووتە نێرەکەو بەرامبەر بەیەک بە ئاواز و سترانی کوردیی کەش و هەوای ئێوارەکەیان بردە قۆناخێکی دیکە، جۆشوخرۆشێکی نوێیان بە ئامادەبووان بەخشی. هەر لەو میانەیەدا، هونەرمەند شڤان پەروەر، سترانی (خەزال)ی، کە بێشکچی زۆر شەیدایەتی، چڕیی، خۆشی بەخشی بە دڵ و روخساری میوانی یەکەمی ئێوارەکە و هەموو ئامادەبووانی دیکە.

بێشکچیش، بە گووتەیەکی کورت، خۆشحاڵی و سوپاسگوزاری خۆی ئاڕاستەی بەشداربووان و ئامادەکارانی ئێوارەکە کرد.

شایانی ئاماژە پێدانە، بەدەم درێژەی بەرنامەکانەوە، دووبەرهەمی تازە چاپکراوی بێشکچیش ئامادەکرابوو. میوانەکان، بەرهەمەکانیان دەکڕی و، بێشکچیش، وەک پەپوولەیەکی رۆحسووک و کەسایەتییەکی بە ویقار، تێکەڵ بە خەندەیەکی سەرلێو، یەکە بە یەکە واژۆی خۆی لەسەر دادەنان.

ئیدی، هەر زوو لەو ئەندێشە و رامانە، بەهۆش خۆم هاتمەوە و زیهنم رایکێشامەوە بۆ سەرەتای ئێوارەکە و ئەو چەند قسەیەی، مامۆستا نەبەزکردی،  کە بە دەوری راستییەکدا خولی دەخوارد. ئەویش هەرچی ناونیشان و پلە و و پایە و دەسەڵات هەیە، کەسێک هەیبێت، گەر خزمەتی هەق و راستی بە پاکێتی و سەربەرزانە پێ نەکرێت، وا گشت لە گشتییان بە پوولێ.

بەڵێ، کەسێ چەرخی رۆژگار دەرەتانی بۆ بخوڵقێنێ، ماڵی دنیای بە ناڕەوا و دەسەڵاتی بە ناهەق دەست کەوێت، لێ قبوڵی نەکات، ئەوە مەردە و سەرکەشە و بە گەورەییەوە دەچێتە مێژووەوە. بێشکچیش چەقی ئەم هاوکێشەیە لە تەرازووی پرسی کورد دا پێکدێنێ.

بێشکچی، لە توخمی دەستەی ئەو پەنجەژمێرانەیە، کە بە درێژایی کاروانی کارە زانستییەکانی، بەردەوام پشتیوانی لە دۆزی رەوای نەتەوە و نیشتمانی دوا کۆلۆنی نێونەتەوەیی، کورد کردووە و هەرگیز کۆڵێ نەداوە و سەرسەختانە، بە چەکی زانست، داکۆکی لە پێناسە و وڵاتی کورد کردووە.

بریا، هەر کەس باسی کوردستانی کۆلۆنی دەکا، بۆ پڕ ماناکردنی ئەم دید و چەمکە ئاوەڵناوی "بێشکچی ووتەنی" بۆ زیاد دەکرد.

بە هیوام، چەندین دامودەزگا و قوتابخانە و ئینیستیتوت بە ناوی ئەم زانایەوە بکرێتەوە و توێژینەوە لەسەر بەرهەمەکانی بکرێت.

داواکارم، لە هەر گۆشە و پانتاییەکی کوردستاندا، گەر دەرفەت رەخسا، پاداشتی گەورەیی و تێکۆشان و ماندووبوونی ئەم پیاوە، بدرێتەوە و پەیکەریی زێڕینی بۆ دروست بکرێ.

١٠/١٠/٢٠١٤ بەرلین

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

ئەوەی، لە شەوی ٩/١٠/٦/٢٠١٤ بە گرتنی شاری موسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی ناسراو بە داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە وڵاتی عێراق و شام)، لە دەوڵەتەکەی عێراقی مالکی روویدا، شانۆگەرییەکی یەکجار سەیر و سەمەرەیەی گاڵتەجاڕیئامێزە.خەرمانی پووش و پەڵاشیش وا خێرا گڕ ناگرێ.ئەم رووداو و کارەساتە، تا ئێستاش هەر جێی لێدوان و سەرنجڕاکێشانی چاودێرانی سیاسی و دەستگاکانی میدیای جیهانییە.هێزەکانی داعش، لە چاو ترووکانێکدا رووبەرێکی بەرفراوانیان لە دەڤەرستانی سوننەنشینی عێراق کۆنترۆل کردوو، هێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی زۆڵەکی عێراقیان، کە زیاتر لە ٩٠٠،٠٠٠ هەزار دەبوون، تووشی شکستێکی بێوێنە هێنا.هەنووکە، داعش کۆمەڵێ شار و شارۆچکەی دیکەی گرنگی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و هەڕەشە لە بەخدای پایتەختیش دەکات .پرسیش ترس و بەزین و کەینوبەینی ئێرەو ئەوێ نییە،هێندەی بارودۆخەکە پێوەستە بە باری سایکۆلۆژی تاکی عێراقییەوە.چونکە کەس ئەو حکوومەتە وەک پێویست، بە نوێنەری خواستەکانی خۆی دانانێت.

پێش ئەوەی خۆمان بەلایەنە نادیارەکانی ئەم پرس و هێز و رووداوانەوە سەرقاڵ بکەین، دەبێت چاو و زیهنمان لەسەر ئەو خاڵە گەوهەرییە گیر بکەین و بیکەینە بنەمایەکی سەرەکی روانگەی بیروباوەڕەکەمان.ئەویش ئەوەی هەنووکە لە عێراقدا روودەدات، پەردەیەکی دیکەی زیندوو و هەقیقەتی شانۆگەریی تراژیدیا و ململانێی خوێناویی شەڕی "سوننە و شیعەیە" کە رەگ و ریشەی بۆ ١٥٠٠ ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ئینجا بێ ئەوەی خۆمان خەریکی، پرسیاری داعش چی دەوێ و چەند دەستکردی سوریا و ئێرانە؟ چۆن لە بازنە بەرژەوەندی ئەواندا جموجوڵ دەکات؟ چی بە جەبهەتولنەسرە و ئەلقاعیدەوەی دەبەستێ؟ ئەم رووداوانە چییان بۆ کورد لە هەگبەدایە؟؟؟ و زۆر پرسیاری دیکەش بکەین و وەرام بدەینەوە...دەمەوێ هەر لەسەرەتاوە، ئاماژە بەوە بدەم، بەرامبەر بەم پێشهاتانە بڕەک سڵ دەکەمەوە و وەک بڤە لێیدەڕوانم.دەترسم پاش نیشتنەوەی گێژاوەکە، وەک هەموو جارێک،سەرلەنوێ هێلکەکان لەسەری ئێمەدا بشکێتەوە.هەروەک دوای رووخانی سەددام، کورد لە زۆر بواردا تووشی پاشەکشە بوو.بە واتایەکی دیکە، لە دۆخی ئاوهادا، سەرەتا بە کەفوکوڵێکی زۆرەوە پەنجەرەی هیوا و چاوبڕینە ئاسۆ بەرووی کورد دا دەکرێتەوە، ـ بە تایبەت لە رووی سەربازییەوەـ کەچی زۆر نابات ئاڕاستەی رووداوەکان، دژ بە خۆشباوەڕی و بێ بەرنامەیی کورد وەردەچەرخێن دەروازەی جەهەنەم و تراژیدیای نوێی، بۆ دەخرێتە سەر پشت.چونکە لە رووی سیاسییەوە، هەمیشە دەستبەتاڵ و نائامادە و سافیلکە و نایەکگرتوو بووە.

سوپای عێراق لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی ئێراق لە ٢٠٠٣ وە لەسەر دەستی ئەمریکاییەکاندا بەتازەترین چەک و تەقەمەنی چەکدارکراون و مەشقیان پێ دەکرێ .لە بڕی ١٣٠ ملیارد بوودجەی ئێراق لە% ٣٠ بۆ ئەوان تەرخان کراوە.مالکی زۆربەی ئەفسەرانی بەعسی سوپای عێراق ـ کە پۆل بریمەر رەوانەی ماڵەوەی کردن ـ لە دژی کورد بۆ ناو سوپا گێڕایەوە.کەچی سوپای ناوبراو، بەرگەی یەک دەمژمێری شەڕێکی مەیدانییان نەگرت و هەڵهاتن.هەڵبەت بەرگەگرتن و نەگرتن هیچ لەو راستییانە کەمناکاتەوە،عێراق دەوڵەت نییە و، لەوەتەی دروستکراوە لە لایەن ئینگلیزەوە، تەقەلای زۆری بۆ دراوە ببێتە دەوڵەت و سیستەمێکی تێدا پێڕەو بکرێت، گەلی عێراق بخولقێنێ و چەمکی هاونیشتمانی و هاووڵاتی تێدا بەرجەستە بێت.تا ئێستا لەم پرۆسەیەدا، کەوا نێزێکی سەدەیەک دەبێت،دارێکی نەچۆتە سەر بەردێک، بە تایبەت بە رووی کورد دا.دوای شکستی سەرەکی ئینگلیزەکان لەم پرۆسەیەدا و پاش، هاتنی ئەمریکا لە ٢٠٠٣ وە، بە هەمان رێچکە و بە ووزە و توانایەکی مۆدیرینترەوە، درێژە بە خزمەتی عێراق دەکەن، دەیانەوێ بەهەموو شێوەیەک ئەو قەوارە زۆڵەکە بە یەکگرتوویی بهێڵنەوە.کەچی تازە بە تازە شیعە و سوننە بۆ بەرەی شەڕی دژ بە یەکتر بانگاشە بۆ لایەنگرانیان دەکەن.شیعە بە ئەقڵی تۆڵە رەفتار دەکات و سوننەی عێراق و هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت تورکیا و سعودییە تاوانبار دەکات.سوننەش شیعەی عێراق،بە درێژکراوەی ئێران دەبینێ.ئەم شەڕە تا بێت دووریی جۆراو جۆر لە خۆیەوە دەپێچێ و مەترسی گەورە ساز دەدات.لە ئێستادا کۆمەڵێ گۆڕانکاریی لە ناوچەکەدا هێناوەتە کایەوە و پێشبینی زۆری دیکەش دەکرێ.هەر وەک زانای گەورە بێشکچی دەڵێ: سیستەمی ناوچەکە لە بەرژەوەندی کورد نییە.بۆیە دەبێ کورد تەنیا خەبات بۆ سەربەخۆیی بکات.

کێشەکانی ئەم دەوڵەتە حەرامزادەیە، کە لە راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتووە، تەنها لە ساڵی ٢٠١٣ دا نێزیکی ٨٨٦٠ کەس لە دەرئەنجامی کاری تیرۆر لە عێراقدا کوژراون.رەنگە ژمارەی نەزانراو سێ هێندەش بێت!.جا بۆیە قەیرانی عێراق، هێندەی دووریی قوڵی لێکترازانی هەیە، بە هەموو واتایەک، هیچ هێز و ئیدیۆلۆژیا و مەزهەبێک نییە بتوانێ، ئەم کیانە دەستکردە، لەو دۆخەی هەیبووە و هەیەتی و دەیبێ بیپاریزێ و، بەرەو ئایندەیەکی باش و ئارامی بەڕێوەی بەڕێ.لەم ئەرک و کارەدا، نە هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و نە زلهێزانی دنیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، هیچ کام لەمانە، ناتوانن، ببنە سوارچاک و فریادڕەسی ئەم دەوڵەتە شەقوشڕە،کە یەکبینە هانیهانی هەڵوەشانەوەی لەسەرە.ئاخر لە بنەوەڕا پێکهاتەکانی ناجۆرن و نا بە دڵ پێکەوە لکێندراون و یەکتر پەسەند ناکەن.خۆ ئەوەی مێژووش بۆمان دەگێڕێتەوە، دروستکردنی خودی دەوڵەتەکەش، لە بنچینەدا هیچ رەزامەندییەکی هاوکۆیی پێكهاتەکانی لەسەر نەبووە.

 

شیعە بەدوای کۆمارێکی هاوشێوەی ئێرانەوەیە و سوننەش بە هەموو باڵەکانیانەوە ئەنساروئیسلام، جەنهەتولنەسرە و قاعیدە و داعش)، وێڵی دەوڵەتێکی پۆلیسی و سەرکردە و خەلیفەیەکی تاقانەی، وەک سەددامە.ئەم ستراتیژ و شێوازە، لەسەر بنچینەی ئەو ئەقڵ و کولتوورە بنیاتنراوە و پێڕەو دەکرێ، کە بە پانتایی ساڵانی ساڵی مێژووەیەکە، بۆتە زەمینەی نەشونما و کارکردنی ئەم دوو لایەنە.

ئەمەش وێنەی روخسارە هەرە زەقەکەی، دەوڵەتە بێژووەکەی عێراقی ئیمپریالیزمی ئینگلیزییە و بۆ هەر کەسێ بیەوێ قسەیەکی لەسەری هەبێ، گرنگە رەچاوی ئەم راستییانە بکات.

شانۆگەریی گاڵتەجاڕیی رووداوەکانی نێو عێراق، بەدوای سەرکەوتنەکانی داعش، بۆ کورد سەنگ و بەهایەکی دیکە لە خۆی دەگرێت و ئەوەی جێی باسی ئێمەیە لەم دەڤەرەدا، دید و روانگەی میللەتێکی قوربانیدەرە، بە قوڵایی و گرانی مێژووە خوێناوییەوە.

میدیاکانی کوردستان و قسە و هەڵوێستی شەقامی کوردی، بە تێکڕایان بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و چاوێکی گەشەوە، لە ئاسۆی روووداوەکان دەڕوانن.سەرباسی وەک : داعش ماددەی ١٤٠ ی جێبەجێ کرد،داعش بەرگەی پێشمەرگەی کورد ناگرێ، پێشمەرگە ناوچە دابڕاوەکانی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە،داعش هێلکەی زێڕ بۆ کورد دەکات و هتد....رۆژانە بەرچاومان دەکەون.

رەنگە بڵێم، لە ئالییەکەوە منیش بەم رووداو و پێشهاتانە خۆشحاڵم، شارێکی وەک کەرکووک، بێ ئەرک و زەحمەتێکی گەورە بکەوێتەوە دەست کورد.لێ پرسیار ئەوەیە کورد بە چ میکانیزمێ رووبەڕووی ئەم پێشهاتانە بۆتەوە و دەبێتەوە و بەرنامە نەتەوەییەکەی کامەیە؟!.ئەم ناوچانەی رزگار و ئازاد کردووە،یان وەک تەنێکی نامۆ،بە فرمانی بەخدا و بە کاتی، لە رووی ئەمنیەوە، وەک بۆشایی پڕکردۆتەوە؟!

ئێمە دەزانین،کورد هیچ کات و بە ئێستاشەوە، بەرامبەر بە کارەساتێکی لەم شێوەیە،خاوەنی بەرنامەی ئەگەرەکان نەبووە و نییە.هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیش لە هەگبەدا نەبووە و هەتا هەنووکەش لەسەر بەند و ماددە وشکەوەبووەکانی، دەستوورە نەزۆکەکەی عێراق کڕ کەوتوون و بە هیوان هێلکەی دوو زەردێنە هەڵبێنن.یان وەک رۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکایی تۆماس فریدمان دەڵێ: سیاسەتی گشتگیری کورد،وەک ناوبژیوانێکی نێوان شیعە و سوننە و بەردەوام خوان رازاندنەوە بە کەباب و دۆڵمەوە،باشترین کاری سیاسی سەرانی کوردە.لە کاتێکدا رۆژگاریی ناوبژیوانی بەسەرچووە و خودی ئەمریکا ئامادە نییە، تاکە هەنگاوێ لەسەرەڕێی چارەسەری راستەقینەی سیاسیی کێشەکاندا بکات.ئەوەتا دەیەوێ ئێران بهێنێتە سەر خەت و رووبەرووی کێشەکانی عێراقی بکاتەوە.یان خۆی هەڵمەتی ئاسمانی بکاتە سەر بەناو تیرۆریستان!.

من دڵنیام ئێستا هەموو ئەجێندی سەرانی حیزبی کوردی بریتییە لە: مەراقی پۆستە نوێیەکانی بەخدا و دەستنیشانکردنی نەوشیروان مستەفا لە بری بەرهەم ساڵەح بۆ سەرەککۆماریی عێراق و پیاداهەڵنانی مەسعود بارزانی بە شایستەترین کەسایەتی عێراق بۆ سەرەککۆماری و گۆڕینی مالکی بە عادل عەبدولمەهدی، چەلەبی یان بەها الئەعرەجی و...چونکە هێشتا پێیان وایە مەسەلەکە کەسی مالکی و سەرەک وەزیرانە، نەک ئەقڵێت و کولتوور و سیستەم ـ ، چ بەرنامە و پلانێکی دیکەیان نییە و نازانن دەبێ لە کامە یاریگا،یاری خۆیان ئەنجام بدەن؟.

شاراوە نییە، لە هیچ سەردەمێکدا ئەمریکا لەسەر هەردوو ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، هێندەی ئەم ئیدارەیەی ئوباما، شکستخواردوو نەبووە.هەر لەم روانگە و هەقیقەتەوەیە، فریدمان بە کورد دەڵێ : ئەمریکا لە مێشکی خۆتان دەرکەن.ئەمەش لە کاتێکدا رادەگەیەنێ، هەر خودی فریدمان دەڵێ: لەم ناوچەیەدا، تەنیا کورد دۆستی ئەمریکایە .داخۆ سەرانی کورد چ خوێندنەوەیەک بۆ ئەم قسانە دەکەن؟ جارێ لێمان روون نییە.

ئەوەی نامەوێ لێرەدا بەسەر خوێنەر و جەماوەری هۆشیاری نەتەوەکەمدا هەروا بەسانایی تێپەڕێ، قسە و هەڵوێستیی بەرپرسانی کوردە، لەمەڕ ئەم بارودۆخە زێڕینەوە،کە هاتۆتە بەردەم چارەنووسمان.

یەکێ لەو سیناریۆ بەهێزانەی چاودێرانی سیاسی لەمەڕ ناوچەکەوە باسی لێوە دەکەن، بریتییە لە هەڵوەشانەوەی فۆرمی ئێستای عێراق و سووریاش.ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە هەم رۆژاوا و باشووری کوردستان پێکەوە گرێ بدرێن ـ دیارە گەر ویستی کورد خۆی بخوازێ و ئامادە بێت و کاری بۆ بکات ـ و بەشی سوننەی سوریا و عێراقیش بخرێنە سەر یەک و بکرێتە دەوڵەتێک بۆ سوننەکان.هێندەی رووداوەکان پێمان دەڵێ و میدیاکان باسی لێوە دەکەن،هۆکاری سەرەکی بارودۆخی ئێراق بۆ سیاسەتی تاکڕەویی مالکی دەگێڕنەوە کە سوننەی فەرامۆش و پەراوێز خستووە.پێدەچێت پەرۆشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی نیشتمانێک بێت بۆ سوننە.

سەبارەت بەم پێشهاتە نوێیانە، بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی : " ئەوان پێشوەخت ئەمەیان دەزانی و بەردەوامیش لەم رووەوە، لەگەڵ بەخدا لەسەر خەت بوون و ئامادەیی خۆیان، بۆ هەر هاوکارییەک نیشان داوە، لێ مالکی داواکانی داونەتە دواوە".

بە دیدی من، گورزیی کوشندە،کاتێ بەر هیواکانی کورد کەوت، کە لە راگەیاندنی هاوبەشی سەرۆکی حکومەت و نوێنەری نەتەوە یەکنەگرتووەکان دا: رۆژی ١٣/٦/٢٠١٤ ، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ،نیکۆلای میلدۆفر ووتی: " ئێمە خاکی کەسمان داگیرنەکردووە و بۆشاییەکی ئەمنیی لەو ناوچانە دروست بووە و ئێمە چووینەتە ئەو شوێنانە و ئێمە ناچاربووین ئەگینا نەدەکرا یان نەدەبووایە ئەو شتانە هەموو رادەستی داعش بکەین یان دەبووایە ئێمە بڕیارێکی وا بدەین هێزی پێشمەرگە بنێرین بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە".

ئەم هەڵوێست و قسانە، دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی، کە ئەو دەسەڵاتە کوردییە، لەمێژساڵە.گەمە و قومارەکەی دۆڕاندووە.چی دیکە بە ئومێدی ئەو چرکەساتە نیین، ئەو ناوچە داگیرکراوانە، ببنەوە بە بەشێکی دانەبڕاوی کوردستان.

ئەم زیگنالە مەترسیدارە، دیسان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم حیزب و سەرۆک و دەسەڵاتە، نە بە بەرنامە و نە بەکردەوە کاریان بۆ هیچ یەکێ لەو ئەگەرانە نەکردووە، کە دەرگای گەڕانەوەی ئەم ناوچانە بۆ سەر کوردستان فەراهەم بکات.ئەوە نییە تا ئێستاش بەدەوری کەرکووکی ـ دڵ و قودس ـ ەوە دوو ئاسایش و دوو ئیدارە و دوو ئاڕاستە و گووتار و دوو بەرژەوندیی لەگەڕدایە.ئیدی بە هەموو پێوەرەکان ئەم حاڵوبارەی دەیبینین، لەسەر زەمینەی واقیع، کەرکووک، نە دڵی جەستە و رووبەرێکی لە خۆی گەورەتر و نە قودسێکە لە تەرازوویی بەها و پیرۆزی دا.بە پێچەوانەوە بۆتە ماددەیەکی ناشیرینکراو و فرۆشراوی بنێشتەخۆشەی دەمی دەستگا و بالۆرە ژەنەکانی دەسەڵات و کراوەتە بووکی ناکامی کوردەواری..

نێچیرڤان بارزانی، دەزانێ چی دەڵێ و بۆ وا دەڵێ.چونکە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، ئەوان لە گەڵ بەخدا لەسەر خەتبوون و شوێنەکان لە ترسی داعش پڕ دەکەنەوە، ئەو شەیپوورەیە دەنگ ناسازەیە، هەستی گومان و باوەڕی یەقین، بەرامبەر بە لەدەستدانی ئەو ناوچانە بەهێزتر دەکەن.لەم رووەوە زۆری نەبرد ، فالح فەیاز،راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق هاتە قسە و دەڵێ:

" حکومەتی بەخدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەشتوونەتە رێکەوتن لە بارەی مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەو پارێزگایانەی کە چوونەتە ناوی یان بونیان هەیە تێیدا دژی تیرۆریستەکان و چەکدارانی داعش".

حکومەتەکەی مالکی، بۆیە ئەم هەڵوێستەی وەرگرتووە و رێگەی داوە بە سەرانی کورد، ئەو ناوچە گرنگانە بگرن و پڕ بکەنەوە!! ،هەر بۆ ئەوەی دەست داعش و سوننە نەکەون.گەوهەریی مەسەلەکەش لەوەدایە، مالکی، هەم هیچ لە سەرانی کورد ناترسێ و هەمیش پاشان بە ساکارترین شێوە، لێیان وەردەگرێتەوە.هاوکاتی ئەمانەش بوون و رۆڵی کورد ، لەم ناوچانەدا کاتییە و، مالکی پێویستی بەو سوپایە هەیە،بۆئەوەی بەرەو بەرەکانی شەڕیان بەرێ.کەواتە ئێمە بە کاتی و بە بریکاریی مالکی ئەو شوێنانەمان پڕ کردۆتەوە.ئینجا هەر سات و وەختێ، مەترسییەکان رەوینەوە و هەڕەشەکان بەسەر چوون، ئەوە هەر وەک خاکی باب و باپیری ئەوان دەمێنێتەوە.کورد بە کاتی پاسەوانی لێی دەکات و وەک کرێچییەک پاش ئەوەی خاوەنەکەی هاتەوە، دەبێ شوێنەکە چۆڵ بکات و دەردەکرێت....دەنا گەر دەسەڵاتی کوردیی،باوەڕی بە کوردستانێتی ئەو ناوچانە و رزگارکردنی ئەو شارانە هەبووایە، بەرنامەی رادەگەیاند و هەر زوو سیفەت و کاراکتەریی یاسایی بۆ دەخستەنە کار و لۆژیکی هەڵمەتی ئازادکردنی پێدەبەخشین و قایمی دەکردن.

پرسیارێ، کە لێرەدا ژیربێژانە جێی خۆی دەکاتەوە، ئەوەیە" کاتێ سەرکردایەتی سیاسیی کوردـ مەبەست سەرکردایەتی حیزبەکانە ـ خەونی گەورە و بچووکی کورد، بە هەڵوێست و رێکەوتننامەیەک، دەپێچێتەوە و زیندە بەچاڵی دەکا، ئیدی دەبێت لە پێناوی چیدا؟، جەماوەری کورد، هەر وەدووی ئەمانە بکەوێ! ، تاکەی بێدەنگی هەڵدەبژێرێ و هەڵوێست وەرناگرێ و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکات " ؟.بەرامبەر بەم دۆخە، هەر دەستە و تاقمێ، بە تایبەت رۆشنبیران، پشکی گەورەی بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.

میدیاکان ئەوەشیان ئاشکرا کرد، کە بڕیاریی سەرۆکی هەرێم بۆ جووڵە بە هێزی پێشمەرگە، لەسەر داوای مالکی بووە.بەم شێوەیە زۆری نەبرد، پەردە لەدوای پەردەی شانۆگەرییەی، دەسەڵاتی حیزبی کوردیش ئاشکرا بوو، کە لە بنچینەدا ئەمانە هیچ پێوەندییەکیان بە رزگارکردنی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمەوە ـ بە قەولی ناشیرینی ئەوان ـ نییە و بەڵکە بە ریمۆن کۆنتڕۆڵی مالکی کەوتوونەتە جووڵە.

من تارمایی پەردەیەکی چڵکن بەسەر ئاسۆی ئەم رووداوانە و هەڵوێستی ناکوردستانی دەسەڵاتی کوردیەوە دەبینم.پێشم سەیرە ئەم خاڵە گرنگە، تا ئێستا نەبۆتە جێی لێدوان و باری سەرنجی رۆشنبیرانی کورد.تۆ بڵێێ هەروا بە سانایی بە پێش پەردەی چاو و پەردەی هۆش و دیماخیاندا گوزەری کرد بێت؟!

پەردەیەکی دیکەی نهێنییەکان لە رێی د.رۆژ شاوەیسی سەرۆکی شاندی کوردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مالکی و هێزە عێراقییەکاندا،ئاشکرا بوو.لە چاوپێکەوتنی ئیمڕۆی رووداودا، ٢٠/٦/٢٠١٤ بۆ سوپای ئێراق دەکڕوزێتەوە و، دەڵێ: سوپای عێراق پێنج ساڵی دەوێت تا دێتەوە سەرخۆی .دواتریش دەڵێ : "ئەم دۆخە دەبێ هاندەربێ بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی چاک لە عێراقدا و دەبێ بە زووترین کات حکومەتێ دروست بێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکێک لەو کێشانەی دەبێ چارەسەر بکرێ،مەسەلەی تیرۆرە".

وەک دەبینن، ئەم نوێنەرەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی شاندی کوردیی، مەراقی لای حکومەتێکی بەهێزی ناوەندییە، کێشەی تیرۆر چارەسەر بکات، نەک کێشەی کورد یاخود دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی.لە پەرۆشی پتەوکردنی پایەکانی دەوڵەتی داڕووخاوی عێراقدایە.ئەمەش هێمای دیاری رێباز و ئامانچ و باوەڕە بەرزەکەیەتی.ئاخر ئەم هەڵوێست و دیدگا نارەسەنانە، بەڵگەی سەلمێنەری داگیرکەرچێتیی نەبێ،چی دیکە دەگەیەنێ؟؟.دوای رووخانی سەدام و هەڵوەشانەوی عێراق چییان کرد،ئیستا هەمان رێگا دەکووتنەوە و لەم رووەوە هەمیشە مەدالیای (انقاذ)وەک خەڵات پێ بڕاوە.دەرئەنجامی ئەم ئەقڵێت و داخوازییەشە،وای کردووە جەماوەری کورد، بەرامبەر بە بانگاشەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردیی و ئایندەیەکی باشتر وای کردووە، تا بێت، باوەڕی بە دەسەڵات کزتر و لاوازتر دەبێ، کە ناوبەناو دەسەڵات، بە پێی بەرژەوەندیی خۆی بڵندیان دەکاتەوە.

میللەتێ لە ١٩٩٨ دا، زیاتر لە % ٩٠ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدات و دەسەڵات،رێز لەم هەڵوێست و داوایەی نەگرێ، ئیدی بەتەمای چی بین و تا کەی بەدیار داری زڕی بێبەرەوە دانیشین و هەناسە ناکامی هەڵکێشین؟!.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرنج: بۆ ئەم وتارە سوودم لە چاوپێکەوتنی بێشکچی لە رۆژنامەی هەولێر و فریدمان لە رووداو وەرگرتووە.

٢٢/٦/٢٠١٤

 

 

 


روونکردنەوەیەکی پێویست:

کاتێ." نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش"، ژیننامە و بیرەوەریی شاعیری گەورەمان "شێرکۆ بێکەس" م خوێندەوە، هەستم کرد، کۆمەڵێ کەلێنی تێدایە.

کەلێنەکان مەحکومی توانای یادەوەریی مامۆستا شیرکۆن و رەنگیشە بەچاوی بایەخەوە تێنەڕواندرابێت.

هۆکاری کێماسییەکە هەر کامیان بێت، لام گرنگ و مەبەست بوو، لێرەدا یەکێ لەو کۆڕانەی مامۆستا شێرکۆ بگێڕمەوە، کە بایەخ و تایبەتمەندیی خۆی ئەوسا و ئێستاش لەدەست نەداوە.

یەکەم...پێویستە ئەم کۆڕە لە رووی مێژوویی و ئەدەبییەوە خوێنەر لێی ئاگادار بێ و ببێتە لاپەڕەیەکی دیکەی تەواوکەری ژیننامەی شاعیر.

دووەم...پێم وایە تا ئەو ساتە، ئەوە تاکە کۆڕێک بوو، کە دوو لایەنی کوردستانی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک، پێکەوە بۆمان گێڕا.

سەروەختێ، لە کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانیدا، لەگەڵ لایەنەکاندا، باس لە پێداویستی گێڕانی کۆڕێک بۆ شێرکۆ بێکەس لە بەرلین کرا، تەنها ئەو دوو لایەنەی سەرێ، رەزامەندیی و ئامادەیی خۆیان نیشان دا.

لە بیرمە، کاک عەبدولموئمن دەشتی لە یەکێتی و بەندەش لە پاسۆک، هەڵساین بە ئامادەکاریی کۆڕەکە .بەختەوەرم، کە شەرەفی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی وتارەکەشم کەوتە سەرشان.کاک دەشتی تەنها دوو سەرنجی بچووکی لەسەر وتارەکە هەبوو، پێکەوە چاکمان کرد.کاک شێرکۆش لە لیستی ناوی بەرهەمەکانیدا، دیوانی "رووبار"ی زیاد کرد.

خاڵێکی باڵکێش، کە زۆر مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوە بوو، ئێمە وەک پاسۆک لەو سەردەمەدا لەگەڵ کاک شێرکۆدا هەردوو لە یەکتر دڕندۆک بووین.کاک شێرکۆ بەرانبەر بە وتارێک کە لە ئاڵای سووری کوردایەتی، ئۆرگانی پاسۆکدا لەسەر شیعر و هەڵوێستێکی دیاریکراوی کاک شێرکۆ نووسرابوو، بە گلەیی بوو لێمان.لێ ئەوە بۆ من، نەبوو مایەی رێگریی و بەربەست لە ئاست، هەڵسان بە گێڕانی کۆڕێ بۆ ئەو شاعیرە بەرزە.

 هەر وەک چۆن لە کوردستان، دوای ئاشتبوونەوەی گشتی، پاسۆک بە خوێنی یەکێ لە کادێرە هەرە قارەمان و تێکۆشەرەکانی شەهید ـ هاوبیر بێستون ـ لەشەڕی قەیوان دا، هاوخەباتی و هاوسەنگەریی و دۆستایەتی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەلماند، هەمان کات لێرەش بەو کارە هاوبەشە، دەمانویست گیانی تەبایی و لێکنزیکبوونەوە لە نێوانماندا، قوڵتر بکەینەوە.

دیارە، جێی خۆشحاڵییە، کەوا باس لەوە بکەم چوار رۆژی رێک، مامۆستا شیرکۆ بە دڵ و گیان، میوانی بەندە بوو.ئەو کاتەش، تازە بە تازە هاوبیری هێژام، رەوانشاد کاک شەماڵ عەزیز، لە کوردستانەوە گەڕابووە و جێی و رێی دروستی نەبوو، هەواری لای من هەڵدابوو.ئیدی کاتێکی هێجگار پڕ لە شادمانی و سوودبەخشمان بە گێڕانەوەی بەسەرهات و شیعر خوێندنەوە و گەڕان لەناو بەرلین دا و گوێ لە ماملێ و حەمە ساڵح دیلان گرتن و میوانداری ئازیزان و...بردە سەر .دوا سات کە دەبوو کاک شێرکۆ، بگەڕێتەوە بەرەو سوید، کاک سەلاح رەشید هات بۆ ماڵی بەندە و کاک شێرکۆی برد بۆ فڕۆکەخانە.

خاڵیکی تری، کە پێویستە تیشکێکی رووناکی بخەمەسەر و، بەهای سیاسی و مینۆکی و رۆشنبیریی هەیە، ئەوەیە لە رێی ئەم چالاکییەوە، توانیم باری سەرنجی هاوبیران، بە تایبەت کاک ئازاد مستەفای نەمر، بەرانبەر بە کاک شێرکۆ بگۆڕم.لەمەدا کاک ئاراس وەلیش، کە بەرپرسی لقی ئەوروپای پاسۆک بوو، رۆڵی ئەرێنی خۆی گێڕا .ئەم لێکنزیکبوونەوە و تێهەڵچوونەوەیەی هاوبیرانی کۆن و نوێ، گونجا ببێتە دەروازەی هەنگاونانیان بەرەو ئاشتبوونەوەی ئەو دوو کەسایەتی و هاوبیر و خۆشەویستە.ئەمەش خۆشییەکی دیکەی بەخشی بە کارەکەمان...هەر ئەم هۆکارەش وای کرد، لەسەر ئاستێکی بەرزتر و گەورەتر، گیانی تەبایی و ئآشتبوونەوە بەرجەستە بێت.لەو ئانوساتەدا، سەرکردایەتی لقی ئەوروپای پاسۆک بە نیاز بوو رۆژنامەیەک بە ناوی " پەیام " بە سەرپەرشتی کاک ئازاد، دەربکات.بڕیار درا، یەکەم ژمارەی بە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی هەمە لایەنی فرە رەهەندی، هزریی و رۆشنبیریی و ئەدەبی و کەسێتی کاک شێرکۆ بڵاو بکاتەوە.پرسیارەکان لە نووسینەکانی کاک ئازاد دا، لای من ماون.سەرئەنجام وەرامەکانی کاک شێرکۆ هیچی لێ شین نەبوو.بەواتایەکی دیکە نازانم سەریان نا بە کوێوە.؟!.

نووسین لەسەر ئەم راستییانە، بوونە چیرۆکی پاڵنەر بۆ ئەم بابەتە.

ئەمەش دەقی ئەو ووتارەی بەندەیە، کە لە کۆڕەکەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردی ئاوارەی، هەر چوارپارچەکەی کوردستان لە بەرلین، پێشکەشم کرد.پێم وایە دەبوو کاک شێرکۆ لەسەر ئەم کۆڕەش بەدرێژی، وەک ئەوانی دیکە بنووسێت، چونکە ئەوسا گەلێکی لا گرنگ و باش بوو.هەر ئەمەش وای لە مامۆستا شێرکۆ کرد، چەندین جاری دیکە بەرلین بکاتەوە بە هەواری شیعری خۆیی و دڵ و دەروون و هەستی نامۆیی ئێمە، بە شیعر و جوانی وڵات و ئازایەتی پێشمەرگە و پیرۆزی شەهید و گەورەیی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و بەهای دۆزی نەتەوە زاخاو بداتەوە.

هیوادارم کات و بارودۆخەکەی ئەو سەردەمە، لای خوێنەر زەلاڵ بێت و لاوازی هێز و پێزی ووتارەکەم لێ نەکات بە هەڵڵا.چونکە ئامانج لێرەدا، بڵاوکردنەوەی وتارەکە نییە، هێندەی مەبەستە ئاگاداربن لە پاشخان و پێشخانی رووداو و باسەکانی ژینگەی ئەم کۆڕە.

 

٢٢/١/١٩٨٨ لەبەردەم رایشتاخی بەرلین دا

میوانە ئازیزەکان،

خوشک و برایانی خۆشەویست..بەناوی هەموو ئامادەبووانی ئەم کۆڕە شیعرییەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی شاعیری ئازیز و خۆشەویستی گەورەی نەتەوەکەمان، مامۆستا "شێرکۆ بێکەس " دەکەین.وە لە ناخی دڵەوە سوپاسی خۆمانی پێ رادەگەیەنین، بەرانبەر بە کێشانی ئەرکی ئامادەبوونی بۆ گێڕانی ئەم کۆڕە شیعرییە بۆ کوردەکانی دوور لە نیشتمانی دایک و ئاوارەکانی شاری بەرلین.لە هەمان کاتدا بەخێرهاتنێکی زۆری میوانە خۆشەویستەکان دەکەین و سوپاسی ئامادەبوونیان دەکەین.

بەڕێزان...

مایەی شادییەکی زۆر و خۆشحاڵی هەمووانە، کەوا ئەمڕۆ راستەوخۆ رووبەروو لێرەدا بەدیداری شاعیری هێژامان،

 شاعیری رابەری شیعری بەرگریی و نوێخوازی کوردمان،

 شاعیری خاوەن ووشەی رەسەن و پیرۆز و شیرینی کوردیی،

 شاعیری دروشمی شۆڕشگێڕیی و کۆڵنەدەری و نەبەزی مەیدانی شیعر و ئەدەبی کوردیمان،

 شاعیری هۆرەی جوتیار و چەکوشی کرێکار و پشتی زامدار و شکاوی زەحمەتکێشی کورد،

شاعیری چڕ و کێو و دار و بەرد و کانیاوی کوردستان،

شاعیری خاک و نەتەوە و زەمینی داگیرکراوی نیشتمان،

شاعیری هاوسەنگەر لەگەڵ پێشمەرگە نەبەز و گیان لەسەردەستەکانی کوردستان،

شاعیری کاروانە نەمر و هەردەم زیندوو و تاجی سەروەرییەکەی شەهیدان،

شاعیری دیاربەکر و مەهاباد و سلێمانی و قامیشلی،

شاد و خۆشحاڵ دەبین..

 ئەم کۆڕەش بە نۆرەی خۆی، وەک شەقاوهەڵنانێ، دەکاتە نیشانەی گوڕدانەخۆ بەرەو ئاسۆ فراونترکردن، لەبەردەم بڕشت و دەوڵەمەندی ئەدەبەکەمان و رزگارکردنی لە قەفەزی دیلی و شکاندن و سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکانی جوگرافیای ناسروشتی سەپاوی ئەمڕۆی کوردستان.

بەڕێزان...شاعیرمان هەر لەسەرەتاوە، وەک کەڵە شاعیرێک و شۆڕەسوارێکی باڵادەست و لێوەشاوە و بەهرەمەندی مەیدانی بوارە جۆربەجۆرەکانی شیعری کوردی ئەمڕۆمان هاتە مەیدانەوە و تێیدا شەرەفی رابەری و دروسکەریی رێباز و شێوازێکی نوێی شیعری بەدەستهێنا و خۆی لە سیمای شیعری زۆربەی شاعیرانی بەرلەخۆیی و هاودەمی رزگار کردووە.

زمانی شاعیر، زمانێکی هەژێنەر و راپەڕێنەر و بابەت و کەرەسەی خاوی شیعرەکانی"ئازار و ئەشکەنجە و چەوساندنەوە و ستەمی نەتەوایەتییە" ئاوات و خواست و ئامانجی نەتەوەکەیەتی، بەیت و بالۆرە و گەنجینەی رەسەن و کەلەپووری دەوڵەمەندی داستانە نەمرەکانی مامەیارە و بەردەقارەمان و کاوەی ئاسنگەر و برایمۆکە.ئەمانەش کۆڵەکەی زێڕینی پتەو و بەرزی ئەدەدەبەکەمانن رووخساری شیعرەکانی شاعیرە، دیمەنی رەنگینی ئاڵ و واڵای کوردەوارییە.سەنگەری شاعیر، سەنگەری پێشمەرگەیە، سەنگەری شۆڕشی کوردە، سەنگەری تێکۆشان و خەباتە بۆ ئازادی و سەرفرازی..هەر ئەم هۆکارانەیە، کەوا شاعیر سەرکەوتووانە و بە سەلیقانە مامەڵەی لەگەڵ ووشەدا کردووە و دەیان تابلۆی شیعری رەسەن و بەرهەمی دانسقە و شاکاری ئەدەبی بەرزی بۆ خوڵقاندوین و کردوویە بە تەوێڵی ئەدەبەکەمانەوە و بە نەمریی ماون .

میوانە بەڕێزەکان...

ئەگەرچی حەزمان دەکرد زیاتر لە دنیای شیعری شاعیر و هونەر و تەکنیکی شیعریی شاعیرمان بدوێن و مشتوماڵێکی باشی شیعرەکانی بکەین، بەڵام لەبەر کەمبڕشتی و لاوازی و نەبوونی توانای قەڵەمی ئێمە بۆ ئەو کارە مەزنانە و کەمدەرفەتی لەبەردەم سازدانی ئەم کۆڕە و، هەمان کات ئەو کارە، پێویستی بەقەڵەمی شارەزایانی ئەو مەیدانە هەیە.لە هەمان کاتدا، دەست رانەگەشتنی ئێمە بەسەر سەرجەمی بەرهەمەکانی شاعیردا گرفتێکی دیکەیە و لەسەرووی هەمووشیانەوە، ئامادەبوونی خودی شاعیر خۆیەتی، کە خواستکارین بە زمانی خۆیی و شیعرە بەرزەکانی پارسەنگی ئەم ناتەواوی و دالەنگینەی ئێمە بداتەوە و ئەم لایەنەمان باشتر بۆ روون بکاتەوە.

ئەوجا ماوەتەوە ئەوەی بپرسین شێرکۆ بێکەس کێیە؟

ئەگەرچی لامان روونە و زۆر لێی دڵنیاین، کەوا هەر یەک لە ئێمە، گەر دەیان شیعری شاعیری خۆشەویستمانی لەبەرنەبێت، ئەوا چەندین کۆپلە شیعر و بەیتی بۆتە وێردی زمانمان و هۆگری هەست و دەروونمان بووە .جا لەم دەلاقەوە دەڵێین، شاعیر زۆر لە مێژە لە رێگای، رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانەوە بە ئاشکرا و بە نهێنی شیعری بۆتە خۆراکی زۆرمان و هاوڕێیەتیمان لەگەڵدا پەیداکردووە.دیسانەوە ئەمڕۆش بە حوکمی حەتییەتە نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسییەکە، خۆشبەختانە، شێرکۆ بێکەسی شاعیر، وەک سیمبۆلێکی گەورە و دیار، رووبەرووی جەماوەری کورد بۆتەوە و ئاشکراتر و جەربەزانەتر و رەوانتر و پیرۆزانەتر و شەرەفمەندانەتر، بۆتە هاورێ و هاوخەبات و هاوسەنگەر و هاوچارەنووس و هاوپێناسەی کێشە رەواکەی نەتەوەکەی.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانین تیشکێک بخەینە سەر ژیانی شاعیر و بەرهەمەکانی و ئەو کار و چالاکییە ئەدەبییە مەزنانەی، کە دوای بەجێهێشتنی کوردستان و رووە و ئەوروپا هاتنی بۆ ناساندنی ئەدەبەکەمان بە گەلانی جیهانی پێشکەش کردووە و هەوڵی پساندن و شکاندنی کۆت و زنجیری دەست و پێی ئەدەبە گەمارۆدراوەکەمان دەدات و ئاواتەخوازە، سارێژکردنی برینی تیرئاوی جەستەی زامداری دۆزەکەمان بکات .

شاعیر ناوی "شێرکۆ"یە و لەساڵی ١٩٤٠ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.کوڕی شاعیر و نیشتمانپەروەر و چاونەترسی کورد فایەق بێکەسی نەمرە.

ـ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی پێشەسازی لە سلێمانی و بەغدا تەواو کردووە.
ـ یەکەم شیعری لە ساڵی ١٩٥٧ دا لە رۆژنامەی ژین دا بڵاکردۆتەوە.

ـ دیوانە شیعرییەکانی بە پێی ساڵی بڵاوبوونەوەیان بریتین لە :

تریفە و هەڵبەست، کەژاوەی گریان، من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ، کاوەی ئاسنگەر، ئاسک، کازیوە، دوو سروودی کێوی، رووبەروو لە چیادا، کەشکۆڵی پێشمەرگە، داڵ و رووبار.

دەیان بەرهەمی شیعریی و چیرۆکی تەمسیلی وەرگێراو و بەرهەمی ئەدەبی تری لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە و لە مەیدانی وەرگێرانیشدا بە شاکارە جیهانییەکان، بەرهەمە ناسراوەکەی ""پیرەمێرد و زەریا))ی ئەرنیست هەمەنگوای پێشکەش کردووین.

شاعیری ئازیزمان، لەو رۆژەوە کە بە نیازی چالاکی بزوتنەوەی ئەدەبی گەشتەکەی دەست پێکردووە و لە کوردستان دابڕاوە، لە پێناوی ناساندن و ئاشناکردنی ئەدەبی نەتەوەکەمان بە جیهان.هەر لە سنووری خۆراوای کوردستانەوە و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بەدەیان چالاکی بەرز و خزمەتی مەزنی بە نەتەوەکەمان گەیاندووە.ئەمەش بەکورتی چالاکییەکانێتی:

ـ رۆژی ١٥/١/١٩٨٧ لەسەر پێشنیاری چیرۆکنووسی فەلەستینی " رشاد ابوشاور" کۆڕێکی شیعری بۆ ساز کراوە.

ـ زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامە و گۆڤارە عەرەبییەکانی فەلەستین و لوبنان و سوریا شتیان لەسەر نووسیوە و چاوپێکەوتنییان لەگەڵ کردووە.ناسراوترینیان { الهدف، الحریة، میسان، النداء، السفیر، الموطن، المصور، العاصفة، التصدي، الثقافة الجدیة، البدیل و دواجار الکرمل.

ـ لە رۆژی ٨/٤/١٩٨٧ لەلایەن کۆمەڵەی مافی گەلان و هاریکاری جیهانی کە بارەگاکەیان لە ئیتالیایە، دەعوەتێکی رەسمی شاعیری ناسراومان کرا...کە تێیدا شێرکۆی شاعیر سەرکەوتووانە زۆر بەرهەم و چالاکی ئەدەبی پێشکەش کرد و سەرکەوتنێکی مەزنی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد، کە بەدەیان رۆژنامە و گۆڤار و دەزگای ئەکادیمی و کەسانی ناسراوی ئیتالی پێشوازییان لێکردووە و شتیان لەسەر نووسیوە.بڕیار دراوە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی شاعیر لە نامیلکەیەکی رازاوەدا، بکرێتە ئیتالی و چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

شاعیر رۆژی ١٦/٤ کۆڕێکی شیعری لە شاری فلۆرەنسا گرتووە.٢٨/٤ لە شاری ڤێنیسیا و لە ٩/٥ دا لە شاری تۆرینۆ و لە رۆژی ٢٢\٥ کۆرێکی دیکەی شیعری لەهەمان شار گرتووە.

رۆژی ٨/٨/١٩٨٧ لە گەورەترین هۆڵی وڵاتی سوید لە ستۆکهۆڵم کە بە هۆڵی گەل ناسراوە، کۆڕێکی سەرکەوتوو دەگرێت.هەر لەم کۆڕە مێژوویی یەدا شاعیری مەزنمان توانی خەڵاتی سەروەریی و مەدالیای زێڕینی ووشەی کوردی لە بەرۆکی ئەدەبی نەتەوەکەمان بدات و خەڵاتی جیهانی ناسراو و بەنرخ {خەڵاتی تۆخۆلسکی}بەدەست بهێنێ.

خەڵاتی تۆخۆلسکی، خەڵاتێکی ئەدەبییە و هەموو ساڵێک جارێک بە شاعیرێکی جیهانی ئەدەن، کە لەدەرەوەی نیشتمانی خۆی لە ئاوارەییدا بژی.

ـ رۆژی ١٦/٩/١٩٨٧ کۆڕێکی شیعری لە شاری بۆن گرتووە.

دواجار خواستکاری سەرکەوتنی زیاتر و چالاکی ئەدەبی بەرزتر و بەرهەمی نوێی شاکارانە، بۆ مامۆستای شاعیرمان دەکەین .هیوامان وایە بە زووترین کات، مزگێنی و هەواڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی بەرز و بەنرخی "نۆبڵ)مان پێ رابگەێنێ و ببێتە تاجی سەروەریی و نەمریی بۆ ئەدەب و نەتەوەکەمان.

٤\١\٢٠١٤

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرنج: ئەم بابەتە لە ئەدب و هونەری رۆژی ١٥/١/٢٠١٤ دا بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

Go to top