We have 74 guests and no members online


روونکردنەوەیەکی پێویست:

کاتێ." نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش"، ژیننامە و بیرەوەریی شاعیری گەورەمان "شێرکۆ بێکەس" م خوێندەوە، هەستم کرد، کۆمەڵێ کەلێنی تێدایە.

کەلێنەکان مەحکومی توانای یادەوەریی مامۆستا شیرکۆن و رەنگیشە بەچاوی بایەخەوە تێنەڕواندرابێت.

هۆکاری کێماسییەکە هەر کامیان بێت، لام گرنگ و مەبەست بوو، لێرەدا یەکێ لەو کۆڕانەی مامۆستا شێرکۆ بگێڕمەوە، کە بایەخ و تایبەتمەندیی خۆی ئەوسا و ئێستاش لەدەست نەداوە.

یەکەم...پێویستە ئەم کۆڕە لە رووی مێژوویی و ئەدەبییەوە خوێنەر لێی ئاگادار بێ و ببێتە لاپەڕەیەکی دیکەی تەواوکەری ژیننامەی شاعیر.

دووەم...پێم وایە تا ئەو ساتە، ئەوە تاکە کۆڕێک بوو، کە دوو لایەنی کوردستانی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی سۆسیالیستی کوردـ پاسۆک، پێکەوە بۆمان گێڕا.

سەروەختێ، لە کۆبوونەوەی بەرەی کوردستانیدا، لەگەڵ لایەنەکاندا، باس لە پێداویستی گێڕانی کۆڕێک بۆ شێرکۆ بێکەس لە بەرلین کرا، تەنها ئەو دوو لایەنەی سەرێ، رەزامەندیی و ئامادەیی خۆیان نیشان دا.

لە بیرمە، کاک عەبدولموئمن دەشتی لە یەکێتی و بەندەش لە پاسۆک، هەڵساین بە ئامادەکاریی کۆڕەکە .بەختەوەرم، کە شەرەفی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی وتارەکەشم کەوتە سەرشان.کاک دەشتی تەنها دوو سەرنجی بچووکی لەسەر وتارەکە هەبوو، پێکەوە چاکمان کرد.کاک شێرکۆش لە لیستی ناوی بەرهەمەکانیدا، دیوانی "رووبار"ی زیاد کرد.

خاڵێکی باڵکێش، کە زۆر مەبەستمە لێرەدا ئاماژەی پێبدەم ئەوە بوو، ئێمە وەک پاسۆک لەو سەردەمەدا لەگەڵ کاک شێرکۆدا هەردوو لە یەکتر دڕندۆک بووین.کاک شێرکۆ بەرانبەر بە وتارێک کە لە ئاڵای سووری کوردایەتی، ئۆرگانی پاسۆکدا لەسەر شیعر و هەڵوێستێکی دیاریکراوی کاک شێرکۆ نووسرابوو، بە گلەیی بوو لێمان.لێ ئەوە بۆ من، نەبوو مایەی رێگریی و بەربەست لە ئاست، هەڵسان بە گێڕانی کۆڕێ بۆ ئەو شاعیرە بەرزە.

 هەر وەک چۆن لە کوردستان، دوای ئاشتبوونەوەی گشتی، پاسۆک بە خوێنی یەکێ لە کادێرە هەرە قارەمان و تێکۆشەرەکانی شەهید ـ هاوبیر بێستون ـ لەشەڕی قەیوان دا، هاوخەباتی و هاوسەنگەریی و دۆستایەتی بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەلماند، هەمان کات لێرەش بەو کارە هاوبەشە، دەمانویست گیانی تەبایی و لێکنزیکبوونەوە لە نێوانماندا، قوڵتر بکەینەوە.

دیارە، جێی خۆشحاڵییە، کەوا باس لەوە بکەم چوار رۆژی رێک، مامۆستا شیرکۆ بە دڵ و گیان، میوانی بەندە بوو.ئەو کاتەش، تازە بە تازە هاوبیری هێژام، رەوانشاد کاک شەماڵ عەزیز، لە کوردستانەوە گەڕابووە و جێی و رێی دروستی نەبوو، هەواری لای من هەڵدابوو.ئیدی کاتێکی هێجگار پڕ لە شادمانی و سوودبەخشمان بە گێڕانەوەی بەسەرهات و شیعر خوێندنەوە و گەڕان لەناو بەرلین دا و گوێ لە ماملێ و حەمە ساڵح دیلان گرتن و میوانداری ئازیزان و...بردە سەر .دوا سات کە دەبوو کاک شێرکۆ، بگەڕێتەوە بەرەو سوید، کاک سەلاح رەشید هات بۆ ماڵی بەندە و کاک شێرکۆی برد بۆ فڕۆکەخانە.

خاڵیکی تری، کە پێویستە تیشکێکی رووناکی بخەمەسەر و، بەهای سیاسی و مینۆکی و رۆشنبیریی هەیە، ئەوەیە لە رێی ئەم چالاکییەوە، توانیم باری سەرنجی هاوبیران، بە تایبەت کاک ئازاد مستەفای نەمر، بەرانبەر بە کاک شێرکۆ بگۆڕم.لەمەدا کاک ئاراس وەلیش، کە بەرپرسی لقی ئەوروپای پاسۆک بوو، رۆڵی ئەرێنی خۆی گێڕا .ئەم لێکنزیکبوونەوە و تێهەڵچوونەوەیەی هاوبیرانی کۆن و نوێ، گونجا ببێتە دەروازەی هەنگاونانیان بەرەو ئاشتبوونەوەی ئەو دوو کەسایەتی و هاوبیر و خۆشەویستە.ئەمەش خۆشییەکی دیکەی بەخشی بە کارەکەمان...هەر ئەم هۆکارەش وای کرد، لەسەر ئاستێکی بەرزتر و گەورەتر، گیانی تەبایی و ئآشتبوونەوە بەرجەستە بێت.لەو ئانوساتەدا، سەرکردایەتی لقی ئەوروپای پاسۆک بە نیاز بوو رۆژنامەیەک بە ناوی " پەیام " بە سەرپەرشتی کاک ئازاد، دەربکات.بڕیار درا، یەکەم ژمارەی بە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژی هەمە لایەنی فرە رەهەندی، هزریی و رۆشنبیریی و ئەدەبی و کەسێتی کاک شێرکۆ بڵاو بکاتەوە.پرسیارەکان لە نووسینەکانی کاک ئازاد دا، لای من ماون.سەرئەنجام وەرامەکانی کاک شێرکۆ هیچی لێ شین نەبوو.بەواتایەکی دیکە نازانم سەریان نا بە کوێوە.؟!.

نووسین لەسەر ئەم راستییانە، بوونە چیرۆکی پاڵنەر بۆ ئەم بابەتە.

ئەمەش دەقی ئەو ووتارەی بەندەیە، کە لە کۆڕەکەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردی ئاوارەی، هەر چوارپارچەکەی کوردستان لە بەرلین، پێشکەشم کرد.پێم وایە دەبوو کاک شێرکۆ لەسەر ئەم کۆڕەش بەدرێژی، وەک ئەوانی دیکە بنووسێت، چونکە ئەوسا گەلێکی لا گرنگ و باش بوو.هەر ئەمەش وای لە مامۆستا شێرکۆ کرد، چەندین جاری دیکە بەرلین بکاتەوە بە هەواری شیعری خۆیی و دڵ و دەروون و هەستی نامۆیی ئێمە، بە شیعر و جوانی وڵات و ئازایەتی پێشمەرگە و پیرۆزی شەهید و گەورەیی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال و بەهای دۆزی نەتەوە زاخاو بداتەوە.

هیوادارم کات و بارودۆخەکەی ئەو سەردەمە، لای خوێنەر زەلاڵ بێت و لاوازی هێز و پێزی ووتارەکەم لێ نەکات بە هەڵڵا.چونکە ئامانج لێرەدا، بڵاوکردنەوەی وتارەکە نییە، هێندەی مەبەستە ئاگاداربن لە پاشخان و پێشخانی رووداو و باسەکانی ژینگەی ئەم کۆڕە.

 

٢٢/١/١٩٨٨ لەبەردەم رایشتاخی بەرلین دا

میوانە ئازیزەکان،

خوشک و برایانی خۆشەویست..بەناوی هەموو ئامادەبووانی ئەم کۆڕە شیعرییەوە بەخێرهاتنێکی گەرمی شاعیری ئازیز و خۆشەویستی گەورەی نەتەوەکەمان، مامۆستا "شێرکۆ بێکەس " دەکەین.وە لە ناخی دڵەوە سوپاسی خۆمانی پێ رادەگەیەنین، بەرانبەر بە کێشانی ئەرکی ئامادەبوونی بۆ گێڕانی ئەم کۆڕە شیعرییە بۆ کوردەکانی دوور لە نیشتمانی دایک و ئاوارەکانی شاری بەرلین.لە هەمان کاتدا بەخێرهاتنێکی زۆری میوانە خۆشەویستەکان دەکەین و سوپاسی ئامادەبوونیان دەکەین.

بەڕێزان...

مایەی شادییەکی زۆر و خۆشحاڵی هەمووانە، کەوا ئەمڕۆ راستەوخۆ رووبەروو لێرەدا بەدیداری شاعیری هێژامان،

 شاعیری رابەری شیعری بەرگریی و نوێخوازی کوردمان،

 شاعیری خاوەن ووشەی رەسەن و پیرۆز و شیرینی کوردیی،

 شاعیری دروشمی شۆڕشگێڕیی و کۆڵنەدەری و نەبەزی مەیدانی شیعر و ئەدەبی کوردیمان،

 شاعیری هۆرەی جوتیار و چەکوشی کرێکار و پشتی زامدار و شکاوی زەحمەتکێشی کورد،

شاعیری چڕ و کێو و دار و بەرد و کانیاوی کوردستان،

شاعیری خاک و نەتەوە و زەمینی داگیرکراوی نیشتمان،

شاعیری هاوسەنگەر لەگەڵ پێشمەرگە نەبەز و گیان لەسەردەستەکانی کوردستان،

شاعیری کاروانە نەمر و هەردەم زیندوو و تاجی سەروەرییەکەی شەهیدان،

شاعیری دیاربەکر و مەهاباد و سلێمانی و قامیشلی،

شاد و خۆشحاڵ دەبین..

 ئەم کۆڕەش بە نۆرەی خۆی، وەک شەقاوهەڵنانێ، دەکاتە نیشانەی گوڕدانەخۆ بەرەو ئاسۆ فراونترکردن، لەبەردەم بڕشت و دەوڵەمەندی ئەدەبەکەمان و رزگارکردنی لە قەفەزی دیلی و شکاندن و سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکانی جوگرافیای ناسروشتی سەپاوی ئەمڕۆی کوردستان.

بەڕێزان...شاعیرمان هەر لەسەرەتاوە، وەک کەڵە شاعیرێک و شۆڕەسوارێکی باڵادەست و لێوەشاوە و بەهرەمەندی مەیدانی بوارە جۆربەجۆرەکانی شیعری کوردی ئەمڕۆمان هاتە مەیدانەوە و تێیدا شەرەفی رابەری و دروسکەریی رێباز و شێوازێکی نوێی شیعری بەدەستهێنا و خۆی لە سیمای شیعری زۆربەی شاعیرانی بەرلەخۆیی و هاودەمی رزگار کردووە.

زمانی شاعیر، زمانێکی هەژێنەر و راپەڕێنەر و بابەت و کەرەسەی خاوی شیعرەکانی"ئازار و ئەشکەنجە و چەوساندنەوە و ستەمی نەتەوایەتییە" ئاوات و خواست و ئامانجی نەتەوەکەیەتی، بەیت و بالۆرە و گەنجینەی رەسەن و کەلەپووری دەوڵەمەندی داستانە نەمرەکانی مامەیارە و بەردەقارەمان و کاوەی ئاسنگەر و برایمۆکە.ئەمانەش کۆڵەکەی زێڕینی پتەو و بەرزی ئەدەدەبەکەمانن رووخساری شیعرەکانی شاعیرە، دیمەنی رەنگینی ئاڵ و واڵای کوردەوارییە.سەنگەری شاعیر، سەنگەری پێشمەرگەیە، سەنگەری شۆڕشی کوردە، سەنگەری تێکۆشان و خەباتە بۆ ئازادی و سەرفرازی..هەر ئەم هۆکارانەیە، کەوا شاعیر سەرکەوتووانە و بە سەلیقانە مامەڵەی لەگەڵ ووشەدا کردووە و دەیان تابلۆی شیعری رەسەن و بەرهەمی دانسقە و شاکاری ئەدەبی بەرزی بۆ خوڵقاندوین و کردوویە بە تەوێڵی ئەدەبەکەمانەوە و بە نەمریی ماون .

میوانە بەڕێزەکان...

ئەگەرچی حەزمان دەکرد زیاتر لە دنیای شیعری شاعیر و هونەر و تەکنیکی شیعریی شاعیرمان بدوێن و مشتوماڵێکی باشی شیعرەکانی بکەین، بەڵام لەبەر کەمبڕشتی و لاوازی و نەبوونی توانای قەڵەمی ئێمە بۆ ئەو کارە مەزنانە و کەمدەرفەتی لەبەردەم سازدانی ئەم کۆڕە و، هەمان کات ئەو کارە، پێویستی بەقەڵەمی شارەزایانی ئەو مەیدانە هەیە.لە هەمان کاتدا، دەست رانەگەشتنی ئێمە بەسەر سەرجەمی بەرهەمەکانی شاعیردا گرفتێکی دیکەیە و لەسەرووی هەمووشیانەوە، ئامادەبوونی خودی شاعیر خۆیەتی، کە خواستکارین بە زمانی خۆیی و شیعرە بەرزەکانی پارسەنگی ئەم ناتەواوی و دالەنگینەی ئێمە بداتەوە و ئەم لایەنەمان باشتر بۆ روون بکاتەوە.

ئەوجا ماوەتەوە ئەوەی بپرسین شێرکۆ بێکەس کێیە؟

ئەگەرچی لامان روونە و زۆر لێی دڵنیاین، کەوا هەر یەک لە ئێمە، گەر دەیان شیعری شاعیری خۆشەویستمانی لەبەرنەبێت، ئەوا چەندین کۆپلە شیعر و بەیتی بۆتە وێردی زمانمان و هۆگری هەست و دەروونمان بووە .جا لەم دەلاقەوە دەڵێین، شاعیر زۆر لە مێژە لە رێگای، رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانەوە بە ئاشکرا و بە نهێنی شیعری بۆتە خۆراکی زۆرمان و هاوڕێیەتیمان لەگەڵدا پەیداکردووە.دیسانەوە ئەمڕۆش بە حوکمی حەتییەتە نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسییەکە، خۆشبەختانە، شێرکۆ بێکەسی شاعیر، وەک سیمبۆلێکی گەورە و دیار، رووبەرووی جەماوەری کورد بۆتەوە و ئاشکراتر و جەربەزانەتر و رەوانتر و پیرۆزانەتر و شەرەفمەندانەتر، بۆتە هاورێ و هاوخەبات و هاوسەنگەر و هاوچارەنووس و هاوپێناسەی کێشە رەواکەی نەتەوەکەی.بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پێویستی دەزانین تیشکێک بخەینە سەر ژیانی شاعیر و بەرهەمەکانی و ئەو کار و چالاکییە ئەدەبییە مەزنانەی، کە دوای بەجێهێشتنی کوردستان و رووە و ئەوروپا هاتنی بۆ ناساندنی ئەدەبەکەمان بە گەلانی جیهانی پێشکەش کردووە و هەوڵی پساندن و شکاندنی کۆت و زنجیری دەست و پێی ئەدەبە گەمارۆدراوەکەمان دەدات و ئاواتەخوازە، سارێژکردنی برینی تیرئاوی جەستەی زامداری دۆزەکەمان بکات .

شاعیر ناوی "شێرکۆ"یە و لەساڵی ١٩٤٠ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.کوڕی شاعیر و نیشتمانپەروەر و چاونەترسی کورد فایەق بێکەسی نەمرە.

ـ خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی پێشەسازی لە سلێمانی و بەغدا تەواو کردووە.
ـ یەکەم شیعری لە ساڵی ١٩٥٧ دا لە رۆژنامەی ژین دا بڵاکردۆتەوە.

ـ دیوانە شیعرییەکانی بە پێی ساڵی بڵاوبوونەوەیان بریتین لە :

تریفە و هەڵبەست، کەژاوەی گریان، من تینوێتیم بەگڕ دەشکێ، کاوەی ئاسنگەر، ئاسک، کازیوە، دوو سروودی کێوی، رووبەروو لە چیادا، کەشکۆڵی پێشمەرگە، داڵ و رووبار.

دەیان بەرهەمی شیعریی و چیرۆکی تەمسیلی وەرگێراو و بەرهەمی ئەدەبی تری لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکردۆتەوە و لە مەیدانی وەرگێرانیشدا بە شاکارە جیهانییەکان، بەرهەمە ناسراوەکەی ""پیرەمێرد و زەریا))ی ئەرنیست هەمەنگوای پێشکەش کردووین.

شاعیری ئازیزمان، لەو رۆژەوە کە بە نیازی چالاکی بزوتنەوەی ئەدەبی گەشتەکەی دەست پێکردووە و لە کوردستان دابڕاوە، لە پێناوی ناساندن و ئاشناکردنی ئەدەبی نەتەوەکەمان بە جیهان.هەر لە سنووری خۆراوای کوردستانەوە و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بەدەیان چالاکی بەرز و خزمەتی مەزنی بە نەتەوەکەمان گەیاندووە.ئەمەش بەکورتی چالاکییەکانێتی:

ـ رۆژی ١٥/١/١٩٨٧ لەسەر پێشنیاری چیرۆکنووسی فەلەستینی " رشاد ابوشاور" کۆڕێکی شیعری بۆ ساز کراوە.

ـ زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامە و گۆڤارە عەرەبییەکانی فەلەستین و لوبنان و سوریا شتیان لەسەر نووسیوە و چاوپێکەوتنییان لەگەڵ کردووە.ناسراوترینیان { الهدف، الحریة، میسان، النداء، السفیر، الموطن، المصور، العاصفة، التصدي، الثقافة الجدیة، البدیل و دواجار الکرمل.

ـ لە رۆژی ٨/٤/١٩٨٧ لەلایەن کۆمەڵەی مافی گەلان و هاریکاری جیهانی کە بارەگاکەیان لە ئیتالیایە، دەعوەتێکی رەسمی شاعیری ناسراومان کرا...کە تێیدا شێرکۆی شاعیر سەرکەوتووانە زۆر بەرهەم و چالاکی ئەدەبی پێشکەش کرد و سەرکەوتنێکی مەزنی بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد، کە بەدەیان رۆژنامە و گۆڤار و دەزگای ئەکادیمی و کەسانی ناسراوی ئیتالی پێشوازییان لێکردووە و شتیان لەسەر نووسیوە.بڕیار دراوە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی شاعیر لە نامیلکەیەکی رازاوەدا، بکرێتە ئیتالی و چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

شاعیر رۆژی ١٦/٤ کۆڕێکی شیعری لە شاری فلۆرەنسا گرتووە.٢٨/٤ لە شاری ڤێنیسیا و لە ٩/٥ دا لە شاری تۆرینۆ و لە رۆژی ٢٢\٥ کۆرێکی دیکەی شیعری لەهەمان شار گرتووە.

رۆژی ٨/٨/١٩٨٧ لە گەورەترین هۆڵی وڵاتی سوید لە ستۆکهۆڵم کە بە هۆڵی گەل ناسراوە، کۆڕێکی سەرکەوتوو دەگرێت.هەر لەم کۆڕە مێژوویی یەدا شاعیری مەزنمان توانی خەڵاتی سەروەریی و مەدالیای زێڕینی ووشەی کوردی لە بەرۆکی ئەدەبی نەتەوەکەمان بدات و خەڵاتی جیهانی ناسراو و بەنرخ {خەڵاتی تۆخۆلسکی}بەدەست بهێنێ.

خەڵاتی تۆخۆلسکی، خەڵاتێکی ئەدەبییە و هەموو ساڵێک جارێک بە شاعیرێکی جیهانی ئەدەن، کە لەدەرەوەی نیشتمانی خۆی لە ئاوارەییدا بژی.

ـ رۆژی ١٦/٩/١٩٨٧ کۆڕێکی شیعری لە شاری بۆن گرتووە.

دواجار خواستکاری سەرکەوتنی زیاتر و چالاکی ئەدەبی بەرزتر و بەرهەمی نوێی شاکارانە، بۆ مامۆستای شاعیرمان دەکەین .هیوامان وایە بە زووترین کات، مزگێنی و هەواڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی بەرز و بەنرخی "نۆبڵ)مان پێ رابگەێنێ و ببێتە تاجی سەروەریی و نەمریی بۆ ئەدەب و نەتەوەکەمان.

٤\١\٢٠١٤

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

سەرنج: ئەم بابەتە لە ئەدب و هونەری رۆژی ١٥/١/٢٠١٤ دا بڵاوکراوەتەوە.

 

 

 

Go to top