We have 51 guests and no members online

دەرسیم دیبەگەیی

 

 مەلا شاخی (ئەبوبەکر محەمەد حاجی)، پەرلەمانتار، ڕۆشنبیر، هەڵبەستوان، نووسەر، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی (ی. ن. ک)، سکرتێری 

{pdf=http://kurdistannet.org/pdf/name-melashaxi.pdf|800|600}

 

{pdf=http://kurdistannet.org/pdf/listi.pdf|800|600}

 

 

 

سەیرە (فام دەکەم و خۆڵیش دەخۆم)!!

دەزانم بە نووسینەکانم تا دۆستێکی تاسەر دەگرم، هەزاران دوژمن بۆ خۆم دروست دەکەم، چونکە هەرکاتێ ناڕەواییەک ببینم یان ببیستم خۆم بۆ ناگیرێ و ناتوانم بێ وەڵام بم، یان زمانم ببەستم و ڕاستییەکان نەدرکێنم، بۆیە ئەگەر هەزاران جار بڕیار بدەم کە واز لە نووسین بهێنم، ئەوە بەدڵنیایی لەکاتێکی ئاوادا لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەکان دووبارە پەنا بۆ پێنووسەکەم دەبەمەوەو دەست دەکەم بە یاداشت کردنی ڕاستییەکان.

ماوەی چەند مانگێک لەمەوبەر ڕامگەیاند ئیتر واز لە نووسین دێنم و بە یەکجاری لێی دووردەکەومەوە، وەلێ بەداوای لێبووردنەوە کە نەمتوانی ئەو بەڵێنەم بگەیەنمە سەر وا دووبارە بەم نووسینەم هاتمەوە کۆڕی نووسین، چونکە نووسین بۆ من وەک نیکۆتین بۆ جگەرەکێش وایە و دوورکەوتنەوە لێی زۆر سەختە.هەروەها پێم وایە تەنانەت هیچ مرۆڤێکی دڵفراوانیش ناتوانێ لە ئاست نووسینێکی وەکو ئەم نووسینەی دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، چاوەکانی خۆی بنوقێنێ و گوێکانی دابخات و بێدەنگی هەڵبژێرێ، بەتایبەت کە سیخوڕ و خۆفرۆشێکی سەر بە ئەمنی هەولێری بە شەهید ناوبردووە، کە زیاتر ئەوەیان بوو هانی دام و بووە هۆکاری ئەوەی نەتوانم گفتی دوورکەوتنەوەم لە نووسین ببەمە سەر!

ڕاپەڕینی هەولێر لە بەهاری ١٩٩١ زایینی وەک خۆی - تۆمارێکی ڕۆژانەی مێژووییە، کە مێژوونووس دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سەبارەت بە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)ی هەولێر نووسیوێتی و لەلایەن مەسعودی مەلا هەمزە پێداچوونەوەی بۆ کراوەو لە بڵاوکراوەکانی دەزگای کەڤاڵ و لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات لە ساڵی (٢٠١٤)دا لە هەولێر لە چاپ دراوە.سەرەتا دەستخۆشی لە دکتۆر عەلیاوەیی دەکەم بۆ یاداشتکردن و نووسینەوەی ئەم مێژووە گرنگە، بەڵام چەندین و تیبینی سەرنجم لەسەر نووسینەکەی هەیە، کە لە خوارەوەدا یەکە یەکە هەڵوەستەیان لەسەر دەکەم و سەرنجەکانی خۆم دەخەمەڕوو، بەبێ ئەوەی دەستکاری هەڵەی ڕێنووسی ئەو بکەم.

ل٥/ لەم نووسینەم مەبەستم خستنەڕووی ڕاستییەکانە، کە بە چاوی خۆم بینیومن و شایەدعەیان بووم.

نووسەر نەدەبوایە (شایەدعەیان بووم) بنووسێت، چونکە هەر مانای (کە بە چاوی خۆم بینیومن) دەگەیەنێت، کەواتە دووبارە کردنەوەی ئەم چەند وشەیە بە عارەبی زیادەیە.

ل٩/ بەعسییەکان وانەیان لە حوکمڕانی ساڵی ١٩٦٣ وەرگرتبوو، لەبەرئەوە هەوڵیاندا لەگەڵ کورد بگەنە ڕێکەوتنێک، ئەوەبوو بەیانی ١١ی ئازاری ساڵی (١٩٧٠) یان لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوولدا مۆرکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا سوودی لەم دەرفەتە بینی و خۆی بەهێزکرد و ڕێکخستەوە، ڕێکەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ سۆڤیەت مۆرکرد، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە وڵاتە عەرەبییەکان نزیک دەبۆوە.

دەبوایە دکتۆر عەلیاوەیی باسی خۆمالیکردنی نەوتی ئێراق لە ڕێکەوتی (١/٦/١٩٧٢) و ڕێکەتننامەی (١٧/٧/١٩٧٣)ی نێوان بەعس و حزبی شیوعی ئێراقی بەناوی (میثاق الجبهة الوطنیة والقومیة التقدمیة/ پەیماننامەی بەرەی نیشتمانی و نەتەوەیی پێشکەوتووخواز)ی بکردایە، کە ئەو دوو هەنگاوەشیان لەپێناوی بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی حکومەتە دیکتاتۆرییەکەیان و بەپلەی یەکەم مەبەستیان لاوازکردنی شۆڕشی باشووری کوردستان و بەپلەی دووەم نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆنی ئێراقی بوو.

ئەوەی کە دکتۆر عەلیاوەیی بە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان سۆڤیەت و ئێراق ناوی بردووە، ناوی (پەیماننامەی دۆستایەتی و هاوکاری) بووەو لە ڕێکەوتی (٩/٤/١٩٧٢)دا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا مۆرکراوە.

ل١٠/ دوای وەستانی جەنگ (جەنگی ئێراق - ئێران) لە مانگی ئابی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس دڕندانەتر و بە بەرنامەیەکی تۆکمە و نایاساییتر قۆڵی تاوانی لێ هەڵماڵی، کوردستان بەجارێ وێران بوو، چونکە بەعس هەر لە ساڵی ١٩٨٧ دەستی بە کیمیابارانی ناوچەی خۆشناوەتی کرد ..جگە لە ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٨٣.

تاوانی ڕەشەکوژی بارزانییەکان، کە لەنێوان (٣١/٧-١٠/٨/١٩٨٣)دا دەستگیرکران و دواتر بەشێوەی کۆمەڵ کۆمەڵ لەنێوبردران، تاوانێکی جینۆساید (کۆمەڵکوژی) بوو، نەک تاوانێکی ئەنفال بێ کە تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی (١٩٨٨)دا ئەنجام دراوە.

ل١١/ ئەوەی بە قازانجی ئێمە شکایەوە ڕژێمی بەعس بەو ئامانجە گڵاوەیان نەگەیشتن، کەوتنە بەربەرەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەب و ئەوەبوو لە ١/٨/١٩٩٠ سوپای بەعس هێرشی کتوپڕیان کردەسەر وڵاتی کوێت و داگیریان کرد.هەروەها لە لاپەڕە (١٧)یش سەبارەت بە مێژووی داگیرکردنی کوێت دووبارە نووسیوێتی: (لەو ڕۆژەی کە سەدام لە (١/٨/١٩٩٠) کوێتی داگیرکرد، بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی بەرەو نائارامی دەڕۆییشت.

داگیرکردنی وڵاتی کوێت لەلایەن سوپای ئێراق و ڕژێمی بەعس لە ڕێکەوتی (٢/٨/١٩٩٠) بووە، نەک وەکو ئەوەی دکتۆر عەلیاوەیی لە لاپەڕەکانی (١١) و (١٧)دا نووسیوێتی گوایە لە ڕۆژی (١/٨/١٩٩٠)دا بووبێت.

ل١٧/ جگە لەمانەش دوای داگیرکردنی کوێت ناسنامەی دروست دەکرد بۆ خەڵک هەر یەکێ ئەم ناسنامەی نەبوایە لە نەخۆشخانەکان چارەسەری بۆ نەکراوە.

حکومەتی بەعس و ڕژێمی سەدام هەموو سنوورێکی مرۆیی و ڕەوشتییان بەزاندبوو، سڵیان لە هیچ تاوانێک نەدەکردەوە، ئەوەی دکتۆر عەلیاوەیی سەبارەت بەو ناسنامانەی کە باسی کردووەو گوایە هەر کەسێ ئەو ناسنامانەی نەبووبێ، لە نەخۆشخانەکان چارەسەری بۆ نەدەکرا، هەر زۆر دوورە لە ڕاستی و خۆم کوڕی ئەو شارە (هەولێر) بوویمە و شتی وام نەدیوەو نەبیستووە، بۆ جاری یەکەمیش لەم پەرتووکەی عەلیاوەیی شتێکی وام خوێندۆتەوە کە بەدڵنیایی بە ناڕاستی دەزانم.

ل١٨/ لە گەڵ (لەگەڵ) سەرەتای لێدانی سوپای لە:١٦/١/١٩٩١لە کوێت و شکاندنی ئەم سوپا زەبەلاحە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵکی کوردستان ئامادەباشی زیاتریان دەکرد، بەتایبەتی پێشمەرگەی کوردستان وردە وردە هاتنەوە ناو خاکی کوردستان و پەیوەندییان لە گەڵ رێکخستنەکانیان و راوێژکارەکانی فەوجە کوردەکانی سەر بە حکومەت دروست کردەوە.

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، مێژووی هێرشی (گەردەلولی بیابان)ی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر سوپای ڕژێمی بەعس و سەدام بە مەبەستی دەرکردنی لە وڵاتی کوێت بەهەڵە نووسیوە، کە نزیک بە کاتژمێری (٢)ی نیوەشەوی ڕێکەوتی (١٧/١/١٩٩١) بوو، نەک وەکو ئەوەی کە نووسەر ڕێکەوتی (١٦/١/١٩٩١)ی نووسیوە.

ل٢٠-٢١/ ڕۆژی ٤/٣/١٩٩١ لە خەبات (کەلەکی یاسین ئاغا) دەکەوێتە ڕۆژئاوای هەولێر، لەسەر ڕێگای موسڵ، لە کۆمەڵگاکەی خەبات، کە ئەوانیش بە زۆری خەڵکی ڕاگوێزراوی قەڵادزێی تیابوو، ڕقێکی یەکجار زۆریان لە ڕژێمی دیکتاتۆر دەبۆوە و دەیانویست هەر ڕۆژێک زووتر خۆیان ڕزگاربکەن و بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان.ئەمڕۆژە هێرشیان کردە سەر بارەگای پۆلیسی خەبات و بەداخەوە دوو پۆلیس کوژران، کە سەر بە عەشیرەتێکی کوردی بوون، ئەم عەشیرەتە ٣ کەسیان لە جەماوەر دەستبەسەر کرد، بەڵام خۆشبەختانە دەنگی گەلی کوردستان هەواڵەکەی بەهۆی بێ تەلزانی بوو، لەبەرئەوە بانگەوازی سەرۆک عەشیرەتەکەی کرد و داوای لێکرد، کە ئەم ٣ کەسە ئازاد بکەن، چونکە ڕاپەڕین دژی بەعسە نەک دژی کورد ..؟! جێگای خۆشحاڵییە ئەوانیش بەپی بانگەوازەکەوە هاتن و ئەو سێ کەسەیان بە بێ مەرج ئازادکرا، دەبێ هەڵوێستی ئەو عەشیرەتە کوردییەلە مێژووی کوردی بەرز ڕابگیرێت.

ئەوەی دکتۆر عەبدوڵڵا لە سەرەوەدا باسی کردووە هیچی ڕاست نییە و تەواوی زانیارییەکانی هەڵەن، جگە لە ڕاپەڕینی خەڵکەکە و مێژووی ڕاپەڕینەکە.لەم ڕۆژەدا هیچ پۆلیسێک بەدەستی جەماوەری ڕاپەڕیوی قەڵادزە، سەنگەسەر و چەند دیبەگەییەک نەکوژراوە، کە گوایە سەر بە عەشیرەتێکی کورد بووبن و مەبەستیشی خێڵی هەرکییە، نازانم حکمەت لەوە چییە عەلیاوەیی ناوی ئەو خێڵەی نەهێناوە، کە هەموو خەڵکی هەولێر دەزانێ ئەو خێڵەی ئەو باسیان دەکات هەرکییەکانن؟ دواتر ئەوەشی وانییە کە گوایە هەرکییەکان (٣) کەسیان لە قەڵادزەییەکان بە بارمتە گرتووە لە تۆڵەی کوژرانی (٢) پۆلیسی هەرکی.کە دوو پۆلیس نەکوژرابن و هەرکییەکان (٣) هاووڵاتی ڕاپەڕیوی قەڵادزەیان بە بارمتە نەگرتبێ، لەوانەیە ئەو هەواڵە بەهەڵە گەیشتبێتە دەنگی گەلی کوردستان و ئەوانیش ئەو داوایەیان لە هەرکییەکان کردبێ، بەڵام ئەوە ڕاست نییە کە گوایە لەسەر داوای دەنگی گەلی کوردستان، هەرکییەکان (٣) بارمتەیان ئازادکردووە کە لە بنچینەدا کەس بە بارمتە نەگیراوە!!

هەر لە ڕۆژی (٤/٣/١٩٩١)ی ڕاپەڕینی قەڵادزەیی و سەنگەسەرییەکان لە خەبات، دوو کەس شەهید بوون کە دکتۆر عەلیاوەیی بەهیچ شێوەیەک نە ئاماژەی پێکردوون و نە ناوەکانی هێناون، کە ئەو دوو شەهیدە بوون: (بەختیار عومەر حەسەن هۆرێوەیی و محەمەد فاروق سدیق محەمەد عەلی گەڵاڵی مەلاکاغەیی، ناسراو بە لاوە).

ل٢٢-٢٣/ ڕۆژی (٦/٣/١٩٩١)، ١.لەلای دەڵاڵخانە (ئێستا پارکی شاری لێ دروستکراوە) و مزگەوتی خانەقا، جەماوەرێکی بەرچاو دەستیان کرد بە هوتاف کێشان، بە بڕوخێ سەدام، بژی پێشمەرگە، چەند دەقیقەیەک بەردەوام بوو، زۆربەی خەڵک دوکانی خۆیان داخست من و کاک تەحسین هەینی و ڕەشید مستەفا بەگەڵ خەڵکەکە کەوتین و ڕووبەڕووی پۆلیس بووینەوە، ئەوانیش دەستیان کرد بە تەقەکردن بەرەو ئاسمان، بەڕاستی پۆلیسی هەولێر ڕۆڵی بەرچاویان بینی و هەردەم لە بەرەی جەماوەردا بوون، بەم هۆیەوە بازاڕ ٩٠% دایخست و شەقامەکان چۆڵ بوون و حکومەتیش هەوڵی دەستگیرکردنی خەڵکی نەدەدا؟

٣.لە گۆڕەپانی ڕیمەکان (ئێستا بازاڕی نیشتمانی لەسەر دروست کراوە) خەڵکێکی زۆر تێکەڵاو لە هەموو چین و توێژێک، بە خۆشم بەشداریم تێداکرد، دەتوانم بڵێم بە تەواوی بەرەی کوردستانی لەوێ بەدی دەکرا، برادەرانی شیوعی بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو و ڕۆڵی سەرەکیان بینی، زۆربەیان داریان بەدەستەوە بوو، جگە لە هەندێ کەس جلی ئەفسەری پۆلیسیان لەبەربوو و دەمانچە هەڵگریشی تیابوو، بە هوتاف لێدان هەڵکشان بەرەو دوکانەکانی قەبرستانی شێخەڵڵا، دەستیان بە شکاندن و لێکردنەوەی وێنەکانی سەدام کرد.

خۆپیشاندانی ڕۆژی (٦/٣/١٩٩١)ی پشت بنکەی پۆلیسی خانەقا، تەنیا یەک خۆپیشاندان و بەیەک ئاراستەدا ڕۆییشتن، کە بەناو بازاڕی شێخەڵڵادا هات و بەرەو پردی سەیداوە ڕۆییشتن و بەرە بەرە ئاپۆڕەی خۆپیشاندانەکە فراوانتر دەبوو کە لە هەموو ڕاستێکدا خەڵکەکە دەهاتە ناو ئەم خۆپیشاندانە.خۆپیشاندانەکە دەبوایە کاتژمێری (٩)ی بەیانی ئەم ڕۆژە دەست پێبکات، قادر نادر قادر (ئێستا لە سویدە) و چەند هاوڕێیەک دەوروبەری کاتژمێری (٨:٣٠) هاتنە دوکانەکەم و چووینە شوێنی دیاریکراو، وەلێ خۆپیشاندان دواخرا.دواتر چەند جارێک لەگەڵ قادر نادر چووین و گەڕاینەوە شوێنەکە لە پشت بنکەی پۆلیسی خانەقا، بەڵام بێسوود بوو، بۆیە نزیک کاتژمێری (١٠) دەبوو قادر نادر بە نائومێدی بۆ ناو بازاڕ (باتا یان لای پارێزگا) ڕۆییشت و نەیتوانی بەشدار بێت.ئەوەی بیرم بێت کاتژمێر نێوان (١٠:٣٠-١١) بوو لەناکاو خۆپیشاندانەکە دەستی پێکرد.دەستکرا بە هەڵبەست خوێندنەوەو وتاف لێدان و هەمووی بەجارێک ڕوویانکردە بازاڕی شێخەڵڵاو دیمەنێکی زۆر نەوازە سەرنجی ڕاکێشام کە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد کەسێک لەم تەمەنە بەم گوڕوتینە بەشداری خۆپیشاندانێکی وا بکات.پیاوێکی پیری بەتەمەن (٦٥-٧٠) ساڵان دەبوو، بەر لە داگیرکردنی کوێت لە ڕۆژی (٢/٨/١٩٩١)دا دوکانی خۆشاو (شەربەت)م بەڕێوەدەبرد لەناو بازاڕی شێخەڵڵا بەناوی (ساردەمەنی هێدی) و دواتر کردم بە تورشیات.ئەو سەردەمەی خۆشاوم دەفرۆشت، هەموو ئێوارەیەک ئەو پیاوە بەتەمەنە دەهاتە دوکانەکەم و شەربەتێکی هەناری دەخواردەوە، دواتریش تورشی سووری دەکڕی.پیاوەکە، کە بەداخەوە ناوەکەییم بیر نەماوە، قسەخۆش، کوردپەروەر، گاڵتەچی، نوکتەی زۆری دەزانی، پەندی کوردی و هۆنراوەی زۆری لەبەر بوو و بەسەرهاتی زۆری دەزانی.هەموو ئێوارەیەک ئەم پیاوە بە ئەزموونە، بەدەم خۆشاو خواردنەوە هۆنراوەیەکی بۆ دەخوێندمەوە، یان پەندێکی کوردی بۆ دەگوتم، یان بەسەرهاتێکی کوردەواری بۆ دەگێڕامەوە، یان نوکتەیەکی خۆش.دوای ماوەیەک بووین بە برادەر، بەتایبەت کە زانی مامۆستا بوویمە و زیندانی کراوم و لەکاری مامۆستایی دوورخراوم.ئەم پیاوە دەروێشێکی ڕیش سپی نورانی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بوو، لە بەردەم مزگەوتی خانەقا تەزبیح، چەخماخ و وردەواڵەی لەم بابەتەی دەفرۆشت و باسی ئەوەی کرد کە خەڵکی دۆڵی خۆشناوەتی و هی یەکێک لە گوندەکانی زیارەت، عەلیاوە یان گوندێکی نزیک ئەم دوو گوندەیە.ئەم ڕۆژە ئەو پیاوەم بینی کە دارێکی درێژی بەدەستەوە گرتبوو، بە وێنەی بەردەم دوکانەکانی بازاڕی شێخەڵڵا داهات و یەکە یەکە بەم دارە دەیدڕاندن و بەدەم فرمێسک ڕشتنەوە هاواری دەکرد: (وەرە خوارێ هەی ستەمکار، وەرە خوارێ هەی زاڵم، وەرە خوارێ هەی خوێنمژ، وەرە خوارێ هەی دکتاتۆر، وەرە خوارێ هەی کافری کوڕی کافر، وەرە خوارێ هەی گەواد، بەس نییە ئەم هەموو گەنجەت لە سێدارە دا، بەس نییە ئەم هەموو کوردەت بە کیمیایی کوشت، بەس نییە ئەم هەموو گوندەی کوردستانت سووتاندو کاولکرد، بەس نییە ئەم هەموو گەنجەت لە شەڕی ئێران بەکوشت دا؟ شەرت بێ دەبێ تۆڵەی ئەم هەموو زوڵم و تاوانەت لێبکەینەوە، هەی بێ مێشکی بێ شەرەف).ماوەی یەک دوو خولەک بەدیار ئەم پیاوە وەستام و دواتر بەغاردان گەییشتمەوە ناو خۆپیشاندەران و تا سەر پردی سەیداوە لەگەڵیان ڕۆییشتم.لەبەردەم دوکانەکەم، کەسێکی دەمانچە بەدەست کە پێشمەرگەی شیوعی بوو ویستی ئیڤایەکی سەربازی ڕاگرێ کە ڕۆژانە دەهاتنە ناو بازاڕی شێخەڵڵا و سەوزە، میوە و خواردنیان دەکڕی بۆ فەیلەق، بەڵام ڕانەوەستا و ئەویش دوو تا سێ فیشەکی پێوەنا.یەک دوو ڕۆژ دوای ئەم خۆپیشاندانە پیاوە بە تەمەنەکەم بینییەوەو دەستخۆشیم لێکرد و پێیم گوت کە دیومە چۆن وێنەکانی سەدامی دەدڕاند بە دارە درێژەکەی دەستی، بەدڵخۆشییەوە باسی ئەوەی کرد کە ئەو ڕۆژە دڵی زۆر خۆش بوو بە خۆپیشاندانەکە و هیوای ڕزگارکردنی هەولێر و کوردستانی دەخواست و باسی ڕزگارکردنی ڕانیە یان ڕانیە و سلێمانیمان کرد و گوتم: (هی هەولێریش بەڕێگاوەیە دڵنیابە).بەڕاستی ئەم دیمەنەی پیاوە پیرەکەی برادەرم هی ئەوەیە بخرێتە ناو درامای گەردەلول و هەڵوێستی ئەم پیاوە دڵسۆزە لەیاد نەکرێت.

ل٢٤/ دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، لەم لاپەڕەیەدا ناونیشانی بابەتێکی لەژێر ناوی (وێنەکانی سەر دوکانی سەوزەفرۆشەکانی شێخەڵڵایان هەموو دڕاند و لێیان کردنەوە)، کە دوو لاپەڕەی لەسەر نووسیوە، کەچی بە تاکە وشەیەکیش باسی دڕاندن و لێکردنەوەی ئەو وێنانەی نەکردووە!!! دەبوایە بەلای کەم باسی دڕاندن و لێکردنەوەی وێنەکانی سەدامی بە چەند دێرێک بکردایە.

ل٢٤/ لە هەمان کاتدا بەشێکی تری جەماوەر لەلای پردی سەیداوە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و ئۆتۆمبێلێکی بەرازیلی سۆر هەندێ چەکداری تیابوو دەی پاراستن بەرەو شەقامی کۆیە هاتن تا چوارڕیانی کۆیە.

ئەوەی لێرەدا دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی نووسیوێتی قسەی خۆیەتی و لەسەر زاری کەسی دیکەی نەگێڕاوەتەوە بەتایبەت کە نەینووسیوە گوتیان، کەواتە خۆی بینیویەتی.بەگوێرەی ئاگاداری خۆم و بەشداری خۆم لەم ڕۆژەدا (٦/٣/١٩٩١)ی هەولێر یەک خۆپیشاندان بوو و سەرەتا لەنزیک بنکەی پۆلیسی خانەقا و گۆڕەپانی ڕیمەکان (واتە یانەی فەرمانبەرانی کۆن) دەستی پێکرد و بەناو بازاڕی شێخەڵڵادا تێپەڕی و لەسەر پردی سەیداوە بوون بە دوو بەش بەشێکیان بەژێر پردەکەدا بەناو گەڕەکی سەیداوەدا ڕۆییشتن و بەشەکەی دیکەشیان بەناو بازاڕی سێتاقان ڕۆییشتن و تا هەردوو لایان لە سەر شەقامی شەستی دەرچوون و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.خۆم لەسەر پردی سەیداوە بەرەو دوکانەکەم لە بازاڕی شێخەڵڵا گەڕامەوە و نزیکەی (٥٠-١٠٠) مەترێک لە پردەکە دوور کەوتمەوە، گوێم لە دەنگی تەقەیەکی یەکجار زۆر بوو لەناو سەیداوە کە دواتر باسکرا قاسم ڕەشید خدری فەرماندەی مەفرەزە خاسەی ژمارە (٢١) و جاشەکانی بوون کە تەقەیان لە جەماوەر کردووە، قاسم ڕەشید تاکە سەرۆکجاشی مەفرەزە خاسەی ئەمنی هەولێر بوو ماڵەکەی لە نزیک ئەو شەقامە بوو کە خۆپیشاندەران پێیدا تێپەڕبوون.دوای گەییشتنەوەم بە دوکانەکەم، سەیرم کرد تەواوی دوکانەکانی ئەو بەرەی خۆمان و بەرانبەریشمان داخرابوون جگە لە هەردوو دوکانی تەنیشتەکانم دەرگاکانیان کراوەبوو، جاری یەکەم سەیرم کرد کەسی تیادا نەبوون، بۆیە هەرچی شتێکی لە دەرەوەیان هەبوو بۆم بردنە ژوورەوەو دەرگای دوکانەکانی ئەوانم داخست، ئینجا خەریکی بردنە ژوورەوەو هەڵگرتنی ئینجانە تورشییەکانی سەر مێزی فرۆشتن بووم کە ڕۆژانە بە مەبەستی سەرنج ڕاکێشانی کڕیاران دەم ڕازاندەوە بە کەرەوس، بیبەر و بەهارات.

ئەو ماوەیەی بەشداری کردنم لە خۆپیشاندانەکە و گەڕانەوەم لەسەر پردی سەیداوە بەرەو دوکان و خەریکبوونم بە داخستنی دوکانەکەم نزیکەی ٢٠-٣٠ خولەکی پێچوو، هێشتا دوکانەکەم دانەخستبوو ئۆتۆمۆبێلە سەربڕاوەکەی مامەند قەشقەی فەرماندەی مەفرەزە خاسەم بینی کە خۆی لە پێشەوە دانیشتبوو و لەلای بنکەی پۆلیسی خانەقاوە بەناو بازاڕی شێخەڵڵا بەرەو پردی سەیداوە تێپەڕی، بەڵام ئەوکاتە دەمێک بوو خۆپیشاندەران ڕۆییشتبوون و لە سەیداوە تەقەیان لێکرابوو.جا لەسەر پردی سەیداوە نازانم بەرەو کام لا هاژووشتیان، ئایە بەوە ڕاگەییشتن لەناو بازاڕی سێتاقان یان ناو سەیداوە یان سەر شەقامی شەستی تەقە لە جەماوەر بکەن یان نا! ئۆتۆمۆبێلەکەی مامەند قەشقە، کە خۆی لە پێشەوە بوو، دوو کورسی ناوەڕاستی پشتەوەی پیکابەکە چەندان جاشی چەک ئامادەکراو و لەناو دەست و دەمامک دراوی لەناو دانیشتبوو کە پشتیان کردبووە یەکتر و جاشێکیش کە هەم خۆی دەمامک دابوو و هەم چاویلکەی لەچاو بوو چەکەکەی کە دۆشکە یان بیکەیسی بوو بۆ دەستە ڕاست و دەستە چەپی شەقامی شێخەڵڵای دەسوڕاند و بەپاوە وەستابوو.

ل٢٤-٢٥/ زۆری نەخایاند هێزی ئەمن و مەفرەزە تایبەتیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان، بە تەقەکردن و قازیفە و (RPG) تەقاندن...خۆپیشاندەران لەچاوترۆکانێکدا لەناو کوچەو کۆڵان و ماڵکانی (ماڵەکانی) سێتاقان هەموو بزربوون و خۆیان حەشاردا، خەڵکی نیشتیمانپەروەر (نیشتمانپەروەر) و دڵسوزی سێتاقان بۆ خەڵک دەرگاکانیان لەسەر پشت ئاوەڵاکرد.مەفرەزە تایبەتەکانی سەر بە ئەمنلە (ئەمن لە) فلکەی کۆیە پێنج گەنجیان زامدارکرد، بەڵام ماڵەکان یەکێک لە زامدارەکانیان حەشارداو بەداخەوە چواریان دەستگیر کران لە گەڵ هەشت هاووڵاتی تر هەمووی تەسلیمی ئەمن کران و ئەو مەفرەزەیەی تەقەی لە جەماوەر کرد هەموو خەڵک دەیان گوت مەفرەزەی .....................

پێم وانییە ئەم ڕۆژە قازیفە و (RPG) تەقێندرابێ، هەرچەندە هەردووکیان قازیفە و ئاڕپیجی هەر یەکن.هیچ زانیارییەکم لەسەر بریندار و دەستگیرکراوەکانی فلکەی کۆیە نییە، بەڵام لەوە تێناگەم دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی بۆ ناوی فەرماندەی ئەو مەفرەزە خاسەیەی نەنووسیوە کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووەو (٥) کەسیان بریندار کردووە!!!

ل٢٥/ هەر ئەمڕۆ (٦/٣/١٩٩١) کاتژمێر ١٢:١٠ دوو فڕۆکەی هەلیکۆپتەری هێزی تایبەتی لەلای مەعەسکەری هەولێر بەرەو گەڕەکی باداوە هاتن.هەندێ تەقەیان بە دۆشکە کرد، بەڵام هیچ زیانی نەبوو، ئەمە جێگای سەرنج بوو و بەدیارکەوتنی ئەم فڕۆکانە لە ئاسمانی هەولێر شتێکی سەیر و دەگمەن بوو، چونکە پاش لێدانی هاوپەیمانەکان دەرپەڕاندنی سوپای عێراق لە کوێت، هیچ فڕۆکەی عێراقی لە ترسی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان نەیدەتوانی بە ئاسماندا بفڕێ.

پێم وانییە هیچ هەلیکۆپتەرێکی ڕژێم لەم ڕۆژەدا لە ئاسمانی شاری هەولێر بینرابێ، پێدەچێ دکتۆر عەلیاوەیی لەگەڵ ئەو فڕۆکانەی ڕۆژی (١١/٣/١٩٩١) لێی تێکچووبێ، بەتایبەت دوای دوکان داخستن بە پا بەرەو گەڕەکی زانیاری، کوران، عەسکەری و لەوێشەوە بەرەو شەهیدانی کوران، ئازادی و گەڕەکی عەدالە ڕۆییشتم، پاشانیش لەوێوە بەناو ئازادی، زانیاری و خانەقا گەڕامەوە بۆ تەعجیل، کە هیچ هەلیکۆپتەرێکی ڕژێمم نەبینی!!

ل٢٨/ ڕۆژی ٨/٣/١٩٩١.ئەمڕۆ هەینییە، خەڵکی هەولێر زۆربەی هەرەزۆری پابەندن بە داب و نەریتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، روو لە مزگەوتەکان دەکەن بۆ نوێژی هەینی، لەم ڕۆژەوەی بەعس لە ساڵی ١٩٦٨ بە کودەتا هاتۆتە سەر حوکم، دەبووایە هەموو مامۆستایانی ئایینی دوعاو نزا بۆ پاراستنی باوکی سەرکردە (الاب القائد) ئەحمەد حەسەن بەکر و دواییش سەرۆکی فەرماندە سەدام حوسێن خوا بیپارێزێ بکەن و خەڵکیش بڵێن ئامین...؟

پێم وانییە و زۆریش دڵنیام لە وتاری ئایینی ڕۆژانی هەینی لە سەرانسەری مزگەوتەکانی ئێراق و باشووری کوردستان، هەرگیز ناوی ئەحمەد حەسەن بەکر نەهاتووە بەڵکو تەنیا و تەنیا ناوی سەدام حوسێن هاتووە و نزاو پاڕانەوەی بۆ کراوە.تەنانەت دوای لادانی ئەحمەد حەسەن بەکر لە پۆستی سەرۆک کۆماری و بەرپرسی یەکەمی حزبی بەعس لە تەموزی (١٩٧٩)دا، سەدام حوسێن تەنانەت کەسە نزیکەکانی بەکری لە حزب و حکومەت لادا.

ل٤٣/ لە ئازاری ساڵی ١٩٧٤ کە حکومەتی بەعس شەڕی لەگەڵ کورد دەست پێکردەوە، قوتابخانەکەی ئێمە (دواناوەندی ئایینی) ٤٠-٥٠ خوێندکار بووین، زۆربەیان چوونە ڕێزی شۆڕش لەوانە: (کاک کۆسرەت ڕەسول، شێخ جەمالی عەوێنە، مامۆستا جەلالی بریکاری وەزیری ناوخۆی ئێستای هەرێم، مامۆستا ئەبوبەکر ئێستا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاردەکات، شەهید عەلی سەید محەمەد بەرزنجی ....هتد).

دکتۆر عەلیاوەیی، عەلی سەید محەمەد بەرزنجی، ئەگەر مەبەستی لە عەلی محەمەد ئیسماعیل عومەر بەرزنجی (شێخ عەلی بەرزنجی) بێت، کە (٩٩%) دڵنیام مەبەستی لەوە، ئەوە کەوتۆتە هەڵەیەکی زۆر گەورەوە، چونکە عەلی بەرزنجی نە شەهیدە و نە هیچ بەڵکو تاوانبار و سیخوڕێکی سەر بە ئەمنی هەولێر بوو.ڕاستە لە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ئەندام ڕێکخراوی هەولێری ئەو ڕێکخستنە بووە، دواتریش لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٤)دا چۆتە شاخ و کارگێڕی ڕێکخراوی (١)ی کۆمەڵە لە گوندی توتمەی خۆشناوەتی لە سنووری مەڵبەندی (٤)ی ئەوکات کە دواتر بوو بە مەڵبەندی (٣)، وەلێ لە پایزی ساڵی (١٩٨٥)دا لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەستبەسەر کرا، بەڵام ئەو بەفێڵی سەردانیکردنی شێخ فوئادی برای کە ئەندام مەڵبەند بوو و ماڵەکەی لە بالیسان بوو دەرفەتی بۆ هەڵکەوت و هەڵات و هاتەوە ناو ڕژێم و پەیوەندی بە ئەمنی هەولێرەوە کرد.دواتر چەندان کەسی لە ئەمنی هەولێر بەگرت دا، لەنێویاندا لە ساڵی (١٩٨٨)دا (٧) هاوڕێی کۆمەڵەی بەگرت دا کە دواتر گوللە باران کران، خۆم لە ساڵی (١٩٩١)دا لای ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دۆسیەکانیانم بینی کە لە ڕاپەڕین لە ئەمنی هەولێر گیرابوون، لەسەر دۆسیەی هەر (٧)یان نووسرابوو (المصدر شیخ علي البزرنجي/ سەرچاوە شێخ عەلی بەرزنجی).

باشە ئەگەر عەلی بەرزنجی شەهید بێ، ئەی دەبێ ئەو هاوڕێیانەی کە بەهۆی ئەوەوە لەلایەن جەللادانی بەعسەوە گوللە باران کران ناوی چییان لێ بنێین؟؟؟ ئایە دەکرێت ناویان بنێین شەهیدانی دەستی شەهید عەلی بەرزنجی؟.ئایە دەکرێت تاوانبارێکی وەکو شێخ عەلی بەرزنجی کە بۆتە هۆکاری گوللە باران کردنی (٧) هاوڕێی کۆمەڵە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تۆڵەی ئەو پۆلە شەهیدە لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٩١)دا شێخ عەلی بەرزنجی کوشتەوە، ئێستا کەسێکی وەکو دکتۆر عەلیاوەیی بێت بیکات بە شەهید؟

ئەوە چ زیندە ویژدانێکە، چ ویژدانێکی مرۆڤانە و کوردپەروەرانەیە کە سیخور و ناپاک بکەیت بە شەهید و ناوی سیخوڕو خۆفرۆشانیش بە شاردراوەیی بهێڵیت و تەنیا چەند پیتێک دابنێی، ئەویش بۆ شێواندنی خەڵک پیتەکان پتی یەکەمی ناوی تەواوی ئەو کەسانە نەبێت؟ دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، کەسێکی نزیکی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە هەم ناوبراو و هەم تەواوی کادیرەکانی هەردوو ڕێکخراوی (١) و (٢)ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕابەر سیاسی تیپەکانی مەڵبەندی (٣) و کادیر و بەرپرسی کەرتەکانی ڕێکخستن دەزانن شێخ عەلی بەرزنجی لەسەر چی گەڕایەوە ناو ڕژێم و بوو بە سیخوڕێکی ئەمنی هەولێر، هەم تەواویان دەزانن کە ناوبراو لەلایەن (ی.ن.ک)ەوە لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی (١٩٩١)دا لە هەولێر لە تۆڵەی گوللە باران کردنی پۆلێک هاوڕێی هەولێری ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کە عەلی بەرزنجی هۆکاری بەگرت دان و گوللە باران کردنیان بوو، کوژرایەوە.

ل٥١/ بەداخەوە ڕائید سلێمان کە یەکێک بوو لە تاوانبارە هەرە گەورەکان ڕزگاری بوو، چۆن چۆنی؟ نازانم و زۆریش هەوڵمدا زانیاریم لەبارەی دەست نەکەوت، چونکە ئەم تاوانبارە بەیانییەکەی ڕزگارکرابوو.

ئەوەندەی من ئاگادار بم و لە ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین بیستبێتم، ڕائید سلێمان عەبدوللەتیف کە خەڵکی گوندی جدیدەی سەر بە قەراج بوو، ئەفسەرێکی دڕندەی شۆڤینی بەعس بوو لە مەنزومەی شیمالی لە هەولێر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی کورد دەکرد، لە ڕۆژی (١١/٣/١٩٩١)دا لەلایەن موحسین عەبدوڵڵا ڕەسوڵ ناسراو بە موحسینی عەوڵا نەفتە یان مامۆستا موحسینی شۆڕشگێڕان کە فەرماندەی مەفرەزە خاسەی سەر بە مەنزومەی شیمالی بوو و ئەو شەوە خۆیشی لە مەنزومە بووە، ڕزگار کراوە.بەتایبەت کە ڕائید سلێمان کوردی دەزانی، بۆیە ڕزگارکردنی ئاسانتر بووە.

ل٥٥/ بەنسبەت دامودەزگاکانی شاری هەولێر، هەندێکیان خودی ڕژێم لە کاتی کشانەوەیاندا سووتاندیان، لەوانە: (دائیرەی ئەمنی هەولێر و شیمالی، مەنزومەی ئیستخبارات..)، بەڵام هەندێک شوێن جەماوەر سووتاندیان، وەک: (دائیرەی تەجنید)، بەڵام بەڕای من ئەوانی دیکە دەستی تێدابوو، بە تایبەتی دەستی ئەو کەسانەی وەکو سیخوڕ لەگەڵ ڕژێم کاریان دەکرد.

لە ڕۆژی ڕاپەڕینی (١١/٣/١٩٩١)دا لەگەڵ (عوسمان دەشتی، ئەکرەم حەمەد خدر و سەباح حەمەد خدر برایانی عوسمان دەشتی، فەرەیدون کەریم وەهاب و چەندان هاوڕێی دیکە و ژمارەیەکی زۆری جەماوەر) لە سەر ڕێگای کەرکوک - هەولێر هاتین بەرەو بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی فریاکەوتن و دواتر بەرەو بەڕێوەبەرێتی ئیشوکاری هەولێر چووین، لەوێ (٧) ڕەفیق حزبیمان دەستگیرکرد لەنێویاندا (حەیدەر ئەیوب، ساڵح بریفکانی، قاسمە کوێر ...............).لەگەڵ ئەکرەم پرسیاری ڕەفیق فلەیح-مان کرد کە بەدواییدا دەگەڕاین، گوتیان شەو لێرە بووە، بەڵام لە بەرەبەیانی زوودا بەر لە تەقەکردن ئێرەی جێهێشت، بەڵام عەبدولڕەزاق مەرعی لێرەبوو بەرلەوەی ئێوە هێرش بکەنە سەرمان بە (١٥) خولەکێک بەرەو مەنزومەی شیمالی ڕۆییشت.خۆم پێناسی هەر (٧) ڕەفیق حزبییەکەم وەرگرت و لای خۆم بوون تا دوای ماوەیەکی زۆر ڕادەستی (عوسمان دەشتی)م کردن.

لەبەر دزی و شڕەخۆری، دەوروبەری کاتژمێری (١١)ی پێشنیوەڕۆ بێزاری خۆمم دەربڕی و بە فەرەیدون کەریم-م گوت: (من دەگەڕێمەوە ماڵێ و باوەڕم بەوە نییە لەپێناوی ئەو میللەتە خۆم بدەم بەکوشت کە خەڵکێکی زۆر وا خەریکی ڕاووڕووتە).فەرەیدون ئەو بڕیارەی منی زۆر بەلاوە سەیر بوو، وەلێ دوای ڕادەستکردن و دانانی ئەو (٧) ڕەفیق حزبییە لە ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد ئیبراهیم مەنتکی برای سابیر مەنتکی سەرۆکجاشی فەوجی (٣٢)ی جاشە سووکەکان، کە دوای کوژرانی سابیر مەنتک ئیبراهیمی برای هاتبووە شوێنەکەی ئەو.بۆیەش ئەو ڕەفیق حزبانەمان بردە ماڵی ناوبراو، نەوەک دواتر ڕاپەڕین شکست بێنێ و بەعس بگەڕێتەوە و بەدوای ئەو ماڵەدا بگەڕێن کە ڕەفیق حزبییەکانمان لێ دانابوون.ئەگەر بەعس هاتەوەو کارێکی واش بکات، باشتر وایە ماڵی سەرۆکجاشێک بێت کە ئەو دەتوانێ خۆی ڕزگار بکات یان ئەگەر باجەکەشی بدرێت با سەرۆکجاشێک بیدات نەوەک کەسێکی نیشتمانپەروەر یان پاک و بەهەڵوێست!

لەدوای کاتژمێر (١١)دا لەگەڵ فەرەیدون بەرەو ماڵی ئەوان ڕۆییشتین کە دەکەوێتە گەڕەکی ڕوناکی کۆڵانی هۆڵی ڕۆشنبیری جەماری و لە مەنزومەی شیمالی نزیک بوو.کاتژمێری (١٣:٣٥) خولەک بووە تەقەی زۆر و هاوارکردن کە مەنزومە ڕزگارکرا، بەیەکەوە لەگەڵ فەرەیدون بە غاردان ڕۆییشتین بەرەو مەنزومە و لە (١٣:٤٠)دا لەناو مەنزومە بووین.لەناو حەوشی مەنزومە (٣٩) تەرمم ژمارد کە هەموویان کوژرابوون و گوللە باران کرابوون.دەستبەجێ چوومە ئەو زیندانەی کە لە ساڵی (١٩٨٦)دا لێی گیرابووم، هەموو ژوورەکانم بەسەر کردەوە.لە حەوشی مەنزومە چەند زیندانییەکی ئازاد و ڕزگارکراوم بینی کە تازە دەرگایان لەسەر کرابووەوەو یەکێکیان لە خۆشی ئەو ڕۆژەدا فرمێسکی شادی بەسەر ڕوومەتەکانیدا دەهاتە خوارێ.دواتر بەشێکی زۆر لە ژوورەکان گەڕام و هیچ شوێنێکم نەبینی کە سووتابێ.دوای نزیکەی کاتژمێرێک یان تۆزێک زیاتر چووینەوە ماڵی فەرەیدون.ئێوارەکەشی دووبارە دەوروبەری کاتژمێری (١٧:٠٠-١٨:٠٠) دەبوو دیسان چووینەوە مەنزومە و ژوور بە ژوور لەگەڵ فەرەیدون دەگەڕاین و قسەم بۆی دەکرد، دواتر چووینە ژوورێک کە پەرتووکخانە بوو، ژوورێکی دیکە هەمووی فایل بوو کە چەند پێشمەرگەیەکی لێ بوو، پرسیارم لێکردن کە پێشمەرگەی چ لایەنێکن و ئەم فایلانە چی لێدەکەن، گوتیان: (ئێمە پێشمەرگەی ی.ن.ک و هاتووین فایلەکان دەبەین بۆ ڕانیە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەین لە فەوتاندن).هەم پەرتووکخانەکە و هەم ژووری فایلەکان هیچی نەسووتابوو، وەلێ هەمووی بەسەر یەکدا فڕێ درابوو.

ڕۆژی دواتریش چوومە ئەمنی بەلدە لای چایخانەی بایزی کە ژووری فایلەکان هەمووی سووتابوو، دواتریش چوومە بەڕێوەبەرێتی ئەمنی هەولێر کە هەر بەرانبەر ئەمنی بەلدە بوو، هیچ ژوور و فایلێکی نەسووتابوو جاشێکی سەید قەهارم بینی کە کاتی خۆی لە دیبەگە فەرماندەی سریە بوو لە فەوجی (١٠)ی سەید قەهار سەید حوسێن خورمەڵەیی و ناوی عەبد بوو لەلای دیبەگەییەکان بە (عەبدە خوێڕی) ناسرابوو چونکە پیکابێکی شۆڤرلێتی زەردی زۆر بەخێرایی بەناو بازاڕ و کۆڵانەکانی دیبەگەدا لێدەخوڕی و خەڵکەکەش ئەم ناوەیان لێنابوو، هەندێ فایلی لەدەست بوو هەڵگێڕو وەرگێڕی دەکرد.دەمزانی ماوەیەک گیرابوو، وەلێ نەمدەزانی هۆکاری گیرانەکەی چی بوو، بۆیە لێم پرسی کە بۆ بەدوای ئەو فایلانەدا دەگەڕێت، لە وەڵامدا گوتی: (ماوەیەک لێرە گیرابووم، دەمەوێ فایلی خۆم بدۆزمەوەو بزانم کێ بەگرتی داوم).هەر ئەو ڕۆژە و لە ئەمنی هەولێر بە دووری چەند مەترێک تۆفیق چەمرگەییم بینی کە ئەویش بەدوای فایلی خۆیدا دەگەڕا، کە لە ساڵانی (١٩٨٦-١٩٨٧)دا بەیەکەوە لە ئەمنی هەولێر گیرابووین و دواتریش لە ساڵی (١٩٨٨)دا لە ئەبوغرێب بووین.دکتۆر عەلیاوەیی خۆیشی لە لاپەڕە (٥٩)دا نووسیوێتی: (خۆم لەگەڵ شەهید خەسرەو شێرەو نورەدین عومەر لە دائیرەی ئەمن هۆبەی سیاسی فایلێکی زۆرمان هێنا لەناو جامخانەی نایاب نایاب بوون).ئەو قسەیەی سەرەوەی عەلیاوەیی دەیسەلمێنێ کە ئەمنی هەولێر نەسووتاوە، چونکە ئەگەر خۆیان ئاگریان تێ بەردابایە، ئەوە بەدڵنیایی و بەر لە هەموو شتێک ژووری بەڵگەنامەکانیان دەسوتاند کە تەواوی نهێنییەکان و فایلەکان لەم ژوورەدا بوون.

ل٥٩/ هێزی RR ڕاو و ڕووت: بەداخەوە دوای سەعات ١١ ئەوەی هەرگیز لە کورد چاوەڕوان نەدەکرا ئەمڕۆکە کرا و ڕوویدا، ئەویش دەستکرا بە دزین و تاڵان لە دامودەزگاکانی حکومەت و بگرە لە هەندێ ماڵیش، بۆ مێژوو دەیڵێم ئەوانەی ئەم کارە ناڕەوایەیان ئەنجامدا نە پێشمەرگەو نە جەماوەری ڕاپەڕیو بوون، بەڵکو لە سەرەتادا زۆربەیان لە چینی نیبمچە بورجوازییەکان بوون، ئەگینا خوێنکار، مامۆستا، فەرمانبەر، ژنان و کچانی بەشداربوو، هەرگیز ئەم کارەیان ئەنجام نەدا.دەیان ئۆتۆمبێل لەلای فرقەی فاروق بوون، خەڵک جامەکانیان دەشکاند، کەچی هاواردەکرا مەیشکێنن موڵکی شۆڕشە، موڵکی شۆڕشە، خۆم شایەدحاڵی ئەوەم، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا هەرگیز لە خووڕەوشتی کوردەواری نەدەوەشایەوە و دوور بوو لە خووڕەوشتی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانییش، بەڵام دوایی وردە وردە بووە چاولێکەری و زۆر خەڵکی تریش ئەم کارەیان ئەنجامدا.

پێم وایە هەر لە خولەکی یەکەمی ڕاپەڕین دەست کراوە بە تاڵان و دزی لە دامودەزگاکانی ڕژێم و تەنانەت شکاندنی بازاڕگاکانیش، نەک بەتایبەت دوای کاتژمێری (١١)ی پێش نیوەڕۆ هەروەکو دکتۆر عەلیاوەیی نووسیوێتی.سەبارەت بە بردنی ئۆتۆمۆبێلی دەوڵەت و بەرپرسان و ڕەفیق حزبییەکان هەمووی خەڵکی ڕاپەڕیو بە ڕێکخستن و پێشمەرگەش بردیان.لەدوای ئەم ڕۆژە بە فەرمانی بەرپرسەکان پێشمەرگە لە دەیان شوێن بازگەیان لەناو شار دادەناو ئۆتۆمۆبێلیان لە هاووڵاتیانی بێدەسەڵات وەردەگرتەوە بۆ بەرپرسەکان، بەڵگەشم بۆ ئەو قسەیەم ئەوەیە کە لە دەیان شوێن لەناو شاری هەولێر مەفرەزەی پێشمەرگە ڕۆژانە دەوەستان و ئۆتۆمۆبێلیان لە خەڵکەکە وەردەگرتەوە دواتریش ئۆتۆمۆبێلەکان زۆربەی کەوتنە دەست بەرپرسەکان.ئەوەی کە لە تاڵان و دزی لەم ڕۆژەدا ئەنجام درا، بەدڵنیایی بەشێکە لە کولتووری کوردی ئەگینا بەمشێوەیە و بەو ڕادەیە نەدەبووە چاولێکەری و پیادە نەدەکرا.

ل٦٣/ سجنی ژێر زەوی.کۆمەڵە چەکدارێک زەلامێکیان هێنابوو دەیانگوت ئەمە شارەزایە پێشی چۆڵ بکەن با بێت سجنەکە بدۆزێتەوە، ئەویش دەیگوت کاکە بێ دەنگ بن پێشم چۆڵ بکەن دەی ...شۆ فەل (شۆفەل) وەرە ئێرە...ئیدی ماوەیەکی باش چاوەڕوانم کرد هەر ئەم حاڵەتانە بەردەوام بوون، ئیتر زانیم وەستانەکەم بێ هودەیە قەرەباڵخیەکەش هەر بەردەوام بوو...دواییش هەمووی درۆ دەرچوو، هیچ گرتووخانەیەکی ژێرزەوی لێ نەبوو.

ڕۆژی یەکەمی ڕاپەڕین لەدوای کاتژمێری (١٤:٠٠)دا لە مەنزومەی شیمالی بەدوای زیندانی ژێر زەویدا دەگەڕان، بەڵام هیچ شۆفەڵی لێ نەبوو، کە دکتۆر باسی هێنانی شۆفەڵ و وەرە شۆفەڵی کردووە.خۆشم کەسێکم بینی کە خۆی کردبووە شارەزا و پێش خەڵکەکە کەوتبوو کە گوایە زیندانی ژێر زەوییان بۆ دەدۆزێتەوە.چەند بۆڕییەکی ئاودەست و ئاوەڕۆی باراناوی لێبوو، کەسەکە بە بەردێک یان پارچە ئاسنێک لە بۆڕییەکانی دەداو دەیگوت: (هەها، ئەوە وا ئەوانیش لە بۆڕییەکە دەدەنەوە).لەبەرئەوەی خۆم لەوێ گیرابووم و دەمزانی تەنیا دوو زیندانی لێبوو کە بە کۆنەکە و نوێیەکە ناسرابوو، کۆنەکە (٥) ژوور و هۆڵێک بوو لەبەردەم ئەو (٥) ژوورەدا، هیچ باوەڕم بەقسەی کابرای بەناو شارەزا نەکرد و دوای چاوپێدا خشانێکی سەرپێیی و خێرا بە هەر (٥) ژوورەکە، لەوێ ڕۆییشتم.

ل٦٥/ هەرگیز نابێ سەرکردە کوردەکان ئەم ژنانە لەیاد بکەن، کە کوڕەکانیان کردە قوربانی بۆ ئەوەی ئایندەمان گەش بێت، وە هەرگیز نابێ مافی شەهیدانی ڕاستەقینەی کوردستان جا چ شەهیدی پێشمەرگە یاخود ئەوانەی لە سجنەکانی بەعس گیانیان لەدەست دا و یاخود لە سێدارە دران، فەرامۆش بکرێن و گرنگی بە هی تر بدرێ ...؟!

دکتۆر عەلیاوەیی، ئامۆژگاری سەرکردایەتی کورد دەکات کە شەهیدانی پێشمەرگە و زیندانەکانی بەعس لەیاد نەکەن و لەهەمان کاتدا گرنگی بە هی دیکە نەدرێ، کەچی خۆی هاتووە تاوانبار و سیخوڕێکی ئەمنی هەولێری وەکو عەلی محەمەد ئیسماعیل عومەر بەرزنجی دەکات بە شەهید.نازانم مرۆڤ کە خۆی بە کورپەروەر، نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی بنەماڵەی شەهیدان بزانێت و بڕوانامەی دکتۆراشی هەبێ، چۆن زاتی ئەوە دەکات کەسێک بەهۆی ناپاکی کردن لە هاوڕێیانی ڕێکخراوەکەی خۆی و سیخوڕی کردن بۆ ئەو ڕژێمە دکتاتۆریە کوژرابێت، تاوانبارێک کە چەندان کەسی لە ئەمنی هەولێر بەگرت دابێ و دواتر گوللە باران کرابن، ئەو بێت و بە شەهید ناوی ببات؟؟؟ پێم وایە دکتۆر عەلیاوەیی، تەواوی ناپاکی کردنەکانی شێخ عەلی بەرزنجی دەزانێت، کەچی بەداخەوە دێت و بەهۆی ناسیاوێتی یان هاوپۆلی بە شەهید ناوی دەبات! نزیکترین کەسی شێخ عەلی کە شێخ فوئادی برای بوو، بەداخەوە شێخ فوئاد لە داخی ناپاکییەکانی عەلی برای مرد، کە هەردەم لای هاوڕێ نزیکەکانی خۆی باسی ناپاکی شێخ عەلی برای دەکرد و هەرگیز لە دڵی دەرنەدەچوو و دەیگوت: (ئەم غەمەی عەلی برام هەر دەمکوژێت)!!

ل٦٦/ من هەرگیز ئەوە لە یاد ناکەم لە ڕۆژی ١٢/٣/١٩٩١ لەگەڵ کاک عەلی قادر گۆمەسپانی بووم لەسەر فلکەی کۆیە مامۆستایەکی زانکۆمان بینی کە دکتۆرای لە ..........هەیەو ئێستا کوردی عەیار ٢٤ە، کاک عەلی پرسی دکتۆر لە کوێ بووی؟ دوێنێ دیار نەبووی ئەو هەموو بەعسیەمان دەرپەڕاند؟ لە وەڵامدا گوتی (ئەمە ئیشی منداڵان بوو، من لە ماڵ بووم، کارم بەم ئیشانە نییە ...) بەڵێ لێرەدا پێت دەڵێم گەر ئەمە ئیشی منداڵان بوو بۆ جەنابت پێداهاتی هەموو حزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردت دۆشی؟! ئامادەش نەبووی بگەڕێیتەوە خزمەتی شارەکەی خۆشت بکەی!

یەکەم: دەبوایە دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی ناوی ئەو دکتۆرە ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی خەڵک بیناسن.دووەم: دەبوایە عەلیاوەیی دەمودەست وەڵامی ئەو دکتۆرەی لە هەمان شوێن بدابایەوە، نەک دوای (٢٣) ساڵ لە نووسینێکدا وەڵامی بداتەوە کە لەوانەشە ئەو دکتۆرەی ئەو قسەیەی کردووە ئەو وەڵامەی عەلیاوەیی هەر نەبینێ و نەخوێنێتەوە.کەواتە نەگێڕانەوەی قسەکانی ئەم مامۆستایەی زانکۆ لەلایەن دکتۆر عەلیاوەیی، زۆر باشتر بوو لە گێڕانەوەی.

ل٧٠-٧١/ شەوێکی ناخۆش١٣-١٤/٣/١٩٩١ کاتژمێر ١١ی شەو، شەوێکی ترسناکە.ئەو شەوە من فایلێکی زۆرم لەبەردەستدا بوو، کوڕێکم دەناسی بەناوی (ن.ع) ماڵیان لە گەڕەکەکەمان بوو، لە ٦/١٠/١٩٨٠ بۆ یەکەم جار کە دامەزرام بە مامۆستا لە گوندی کۆڕێ، مامۆستا عوسمانی برای شەهید عەلی هەژار ئاگاداری کردمەوە کە ئاگام لە (ن.ع) بێ چونکە سەر بە ئەمنە.لە ساڵی ١٩٨٥ لە هەولێر ئەو کوڕەیان زامدار کرد و دوایی کۆچی دوایی کرد، ئەوکات دەیانگوت ئەمە کوڕێکی بە گرتن داوەو خزم و کەس و کاری کوڕەکە لە بری خوێنی کوڕەکەیان ئەویان کوشتۆتەوەو خزمەکانی (ن.ع) هەوڵیان دەدا تۆڵەی خوێنی کوڕەکەی خۆیان بکەنەوە، چونکە وایان دەزانی بە غەدر کوژراوە.دوای ئەوەی لەو شەوەدا فایلی ئەو کوڕەم بینییەوە دواتر دامە دەست خزمێکی نزیکی (ن.ع) و خوێندیەوە یەکسەر وتی خوا خێرت بنووسێ هەقی خۆی وەرگرتووە، چاک نەبوو لە بری خوێنی ئەو کەسمان نەکوشتەوە.

ئەوەی دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی باسی دەکات، دەیناسم و (ن.ع) نییە و (ع.س.ع)یەو ناسرابوو بە (ع.ک) و لە ساڵی (١٩٧٩) یان سەرەتای (١٩٨٠)دا بوو مامۆستا (ت.پ)ی کە سەر بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو لەگەڵ (ع.ک) ڕێک دەکەوێ بۆ ئەوەی ناوبراو هاوکاری بکات و بیگەیەنێتە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەلێ (ع.ک) لەگەڵ ئەمنی هەولێر پێکدێت کە لە ڕێگا (ت.پ)ی دەستگیر بکەن، ئەوەبوو دائیرەی ئەمنی هەولێر لە ڕێگای ڕۆیشتنیان بەرەو ناوچەکانی سنووری هێزی پێشمەرگە مامۆستا (ت.پ)ی دەگرن و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.دواتریش لەکاتی گفتوگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکومەتی ئێراق، مەفرەزەیەکی (ی.ن.ک) لە کۆتایی مانگی (٥) یان سەرەتای مانگی (٦)ی ساڵی (١٩٨٤) لەناو بازاڕی دەڵاڵخانەی هەولێر بە دەمانچە تەقەی لە (ع.ک)ی کرد و سەرەتا بریندار بوو، وەلێ دوای نزیکەی (٢-٣) هەفتەیەک لە ڕێکەوتی (١٤/٦/١٩٨٤)دا لە نەخۆشخانەی کۆماری مرد.سەبارەت بەوەی کە دکتۆر عەلیاوەیی بەڵگەکەی بە خزمێکی نزیکی (ع.ک)ی نیشان داوە، کارێکی باشی کردووەو ئەوانیش ڕێگەیەکی ڕاستیان گرتۆتە بەر کە وازیان لە هەوڵی تۆڵەی خوێنی کوڕەکەیان هێنا، چونکە کوڕەکەی ئەوان کەسێکی بە ناڕەواو زۆر ناجوامێرانە بە کوشتن داوە و خۆیشی باجەکەی داوە و هەر دەبوایە وابێ.

ل٧١/ هەر لەناو ئەو فایلانە، وەرەقەیەکم دۆزییەوە کە پەیوەست بوو بە ئامۆزایەکم ناوی لوقمان محەمەد ئەمین ناسراو بە (کاروان) دەرچووی پەیمانگای تەندروستی بوو، کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو و لە شەڕی خواکورک لە گەڵ (لەگەڵ) پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی دلێرانە بەرەنگاری سوپای بەعس ببوونەوە، بەڵام دوایی هەواڵمان زانی کە گوایە بۆ کاری ڕێکخستن هاتۆتە شاری موسڵ و لەوێش دەستگیر کراوە؟ وە ماڵی مامم زۆرجار تووشی گرتن هاتوون بە هۆی شەهید لوقمان (کاروان)، بەڵام لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٩) بەرۆکیان بەردان و ئێمەش سەرسام بووین بەو کارەی دائیرەی ئەمن، بەڵام هەواڵی ئەکیدمان نەبوو، بەڵکو دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە کاتی دەستگیرکرانی لەناو ئۆتۆمۆبێلەکە ڕایکردووەو ئەمنەکانیش لەسەر شەقامی (مجموعە) زانکۆی موسڵ ڕەمیان کردووەو شەهید بووە، جا ئەم شەوە ئەم کتابەی ئەمنم دۆزیەوەو بە (ژ ش ع) زۆر نهێنی لە بەرواری ٥/١١/١٩٨٩ کە تیایدا هاتووە لاشەکەیان ڕەوانەی (طب عدلي) هەولێر کردووە و تەرمەکەشی شارەوانی ناشتوویەتی.

دکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی نووسیوێتی کە گوایە شەهید لوقمان محه‌مه‌دئه‌مین عه‌لی زاهیر ناسراو به‌ کاروان (١٩٦٥/ عەلیاوە - هەولێر)، پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، ئەوەیان دوورە لە ڕاستی و بەڵکو شەهید کاروان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئاڵای شۆڕش و بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی ئەو ڕێکخراوەیە بوو کە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان جیابوەتەوە.کاروان کە شەهیدکرا ئەندامی ئاڵای شۆڕش بووە، بەڵام ئێستاکە شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و مووچەی شەهیدانەکەی لەلایەن (ی.ن.ک)ەوە دەدرێت.

هاوڕێ کاروان، له‌ ڕۆژی (5.11.1989)دا له‌لایه‌ن ئه‌منی هه‌ولێر له‌ شاری موسڵ شه‌هید کراوه‌ و دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێیانی ئاڵای شۆڕش لە هەولێر و موسڵ لە مانگی (١١)ی ساڵی (١٩٨٩)دا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە هاوڕێ لوقمان (کاروان) لە موسڵ گیراوەو دواتر لەناو ئۆتۆمۆبێلی ئەمنەکان ڕایکردووەو ئەوانیش شەهیدیان کردووە، چونکە پێم وایە هاوڕێیەکی دیکەی دەستگیرکراو لەگەڵ شەهید کاروان لەناو سندوقی هەمان ئۆتۆمۆبێل بووەو شەهید کاروان پێی گوتووە کە ئەو ڕادەکات، پێشم وایە هاوڕێکانی هەر زوو ماڵی باوکی شەهید کاروانیان ئاگادار کردۆتەوە لە چۆنێتی شەهیدکردنەکەی لە شاری موسڵ.

نووسەر لە زۆر شوێنی پەرتووکەکەیدا هەوڵی داوە هەردەم تاوانی سوپای ئێراق لە کوشتن، بڕین، دزی، تاڵان و کاولکردنی کوردستان بخاتە ئەستۆی سوننەی عەرەب و لە عەرەبی شیعەی دوور خاتەوە.بۆ نموونە لە لاپەڕە (٩٤)دا نووسیوێتی: (بۆ نەوەکانی داهاتووی دەنووسم عەرەبی سونە ئێمەی دەکوشت و تاڵانی دەکردین، ئەمڕۆش وا دزیمان لێ دەکات و شیعەش فتوا دەردەکا کە شەڕی کورد حەرامە! من ناڵێم دژی سوننە بین، تۆڵەیان لێ بکەینەوە، پیاو و عەشیرەتی باشیان هەیە، بەڵام من دەڵێم زۆر بڕوایان پێ نەکەین، چونکە ئێمە سنوورمان لەگەڵیان تێکەڵە، شیعە دوورن لە ئێمە).

ئەگەر هەروەکو دکتۆر عەلیاوەیی باسی دەکات کە گوایە شیعە باشترە لە سوننە، ئەی بۆ شیعەکان کەرکوک و ناوچە بەعەرەبکراوەکانی کوردستان جێناهێڵن؟ بۆ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکان لەکاتی سەردانی شاندی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ڕێکەوتی (١٢/٧/٢٠٠٤)دا بۆ نەجەف، کە یاداشتێکیان گەیاندە دەست سیستانی بە واژۆی (١٢٩٢) پیاوی ئایینی کوردستان لەپێناوی دەرکردنی فەتوایەک بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بەتایبەت لە کەرکوک، خانەقین و شەنگال بۆ ئەو شوێنانەی کە کاتی خۆی لێیەوە هاتوون و گەڕاندنەوەی ماڵ و زەویوزاری خاکی کورد و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری پاکتاوکردنی ڕەگەزی بدەن، کەچی سیستانی ئامادە نەبوو فەتوایەکی لەم جۆرە بدات؟

ئایە دکتۆر عەلیاوەیی دەزانێ کە (٨٠%)ی ئەفسەر و سەربازەکانی سوپای ئێراق لە فەیلەقەکانی (١ و ٥) کە هێزی سەرەکی بوون لە هێرش و پەلامارەکانی شاڵاوی ئەنفال لەنێوان (٢٣/٢-٦/٩/١٩٨٨)دا بۆ سەر باشووری کوردستان، عەرەبی شیعە بوون؟

ئایە دکتۆری ناوبراو دەزانێ به‌گوێره‌ی لێدوانێکی مام جه‌لال، سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان و سه‌رۆک کۆماری عێراق بۆ گۆڤاری "الاهرام العربي" میسری ژماره (٢١٣)ی ڕۆژی (٢١/٤/٢٠٠١)،‌ که‌ ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ له لاپه‌ڕه‌ (١١)ی‌ ژمارە (٤١٩)ی ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (٤/٥/٢٠٠١)ی هه‌فته‌نامه‌ی "الاتحاد"ی (ی.ن.ک)دا، له‌ژێر ناوی "حوار مع الزعیم الکوردي جلال الطالباني"دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، مام جه‌لال باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌دام و له‌ حکومه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌که‌ی به‌عسدا ڕێژه‌ی عاره‌بی شیعه‌ له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی ده‌سه‌ڵاتداردا (٩٠%) بووه‌؟؟

لێرەدا ناوی هەندێک لە گەورە بەرپرسانی بەعس دەخەمەڕوو، کە ئەو حزبەیان پێگەیاند (فوئاد ئەحمەد ڕکابی کە یەکەم ئەمینداری گشتیی هەرێمایەتی حزبی بەعس بووە، تەحسین عەباس عەبدولحوسێن هادی معەلە (تەحسین معلە)، جەعفەر قاسم حەمودی، حازم جەواد، حەمید عەلوان جەوال (حەمید خەڵخاڵ)، حەسەن عەلی نەسار عامری، سەعید ئەسوەد، سەعدون حەمادی عەبدولزەهرە، سەعد قاسم حەمودی، سەعدون شاکر مەحمود ئەحمەد عوبەیدی، شەمسەدین کازم، عەبدولجەبار موحسین سەلمان ئەللامی، عەبدولحەسەن ڕاهی فیرعەون، عەدنان حوسێن عەباس حەمدانی، عەزیز ساڵح نۆمان خەفاجی، غانم عەبدولجەلیل سعودی، محەمەد حەمزە قەیتان زوبەیدی، محێی عەبدولحوسەین مەشهەدی ئەلشەمەری، مزبان خدر هادی، موحسین شێخ ڕازی، هانی فوکەیکی) کە هەموویان شیعە بوون.

ئەی بۆ دەبێ دکتۆر عەلیاوەیی عەرەبی سوننە لە عەرەبی شیعە جیاکاتەوە، کە هیچ جیاوازییەک لە کردار، ڕەفتا و هەڵوێستیاندا نییە سەبارەت بە پرسی کورد، هەروەها بەیەکەوە بەشداری تەواوی تاوانەکانیان کردووە لە شاڵاوی ئەنفال، کیمیا باران کردن و کاولکردنی شار و دێهاتی کوردستان؟؟ ئایە دەبێ ئەو بۆچوونەی عەلیاوەیی لەوە سەرچاوەی نەگرتبێ، کە حزبەکەی ئەو (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) هاوپەیمانێتی و دامەزراندنی حکومەتی ئێراقی لەگەڵ عەرەبی شیعە و نوری کامل مالیکی بە باشتر دەزانێ نەوەک لەگەڵ عەرەبی سوننە؟؟ دواتر ئەوەی عارەبی سوننە و شیعە لە داگیرکردنی کوردستان، ئەنفالکردن، کیمیا باران و کاولکردنی دێهاتەکان کردوویانە لەپێناوی عروبە و یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی ئێراقدا کردوویانە، کەواتە ئەو جیاوازی کردنە لەنێوان عارەبی سوننە و شیعە مانای چییە؟ ئەوەی کە دکتۆر عەلیاوەیی دەیکات لە تێکەڵکردنی بۆچوونی (ی.ن.ک) بە بۆچوونی خۆی و یاداشتکردنی ئەم بۆچوونە لەنێو ئەم لێکۆڵینەوەیەدا سەبارەت بە جیاکردنەوەی شیعە لە سوننە لە تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و سەدام کە لەدژی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان پیادە کراوە، هەروەها بە باشتر وێنەکردنی شیعە و بە دڕندە وێنەکردنی سوننە، لە گرنگی و بایەخی ئەم نووسینەی دکتۆر عەبدوڵڵا کەم دەکاتەوە و بەهۆی تێکەڵکردنی ئەم دوو بۆچوونە لە بەرژەوەندی پارتەکەی خۆی، وا دەکات نووسینەکەی دوور کەوێتەوە لە خانەی نووسینێکی ئەکادیمی و زانستی!!

ل٨٤/ هەر لەو کاتدا هەلیکۆپتەر لەسەر شار دەسوڕایەوە، بەڵام زۆر بڵند بوو، گەڕەکەکانی باداوە و چواردەوری شار و بەتایبەتی ڕێگای کەسنەزان و شەقڵاوەیان بۆردومان دەکرد، بۆ مێژووش دەیڵێم فڕۆکەکان گەر بۆردومانیان بکردایە خەڵکێکی زۆریان شەهید دەکرد، بەڵام خوا ڕەحمی کرد تەقەیان لە چوار دەوری خەڵکەکە دەکرد، دیاربوو بۆردومان و تەقەکانیان بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵک بوو، دوایی بیستم کە قائیدی سەر فڕۆکەکان کورد بووەو خەڵکی گوندی سەرگەڕان بووە.

ئەو فڕۆکەوانەی کە دکتۆر عەلیاوەیی باسی دەکات فەریق ڕوکن ئەنوەر حەمەدئەمین ئەحمەد مامەسێنییە، کە دواتر دێمە سەری و بەقسەی ناوبراو گوایە تەنیا تەقەیان لە چوار دەوری خەڵکەکە کردووە لەپێناوی ترساندنیان، کەچی نووسەر هەر خۆی لە لاپەڕە (٨٣)دا نووسیوێتی: (لەگەڵ ماڵەوەو چەند ماڵێکی تر ڕێگەمان گرت بەرەو ڕێگای مەسیف بەڕێ کەوتین، لەلای بازگە فڕۆکە بە ١٠٠ مەتر دوور لە ئۆتۆمبیلێکی بەرازیلی داو تەختی کرد).

فەریق ڕوکنی فڕۆکەوان ئه‌نوه‌ر حه‌مه‌دئه‌مین ئه‌حمه‌د، کورده ‌و خه‌ڵکی شارۆچکه‌ی سه‌رگه‌ڕانه‌، لەکاتی شاڵاوی ئەنفالەکانی بەعس لەدژی خەڵکی باشووری کوردستان، وەکو فڕۆکەوانێکی ڕژێمی سەدام و بەعس بەپلەی ڕائید له‌ سربی (4) بووه‌ و به‌هۆی به‌شداریکردنی له‌ ئه‌نفاله‌کاندا، له‌لایه‌ن (دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق)ه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنی بۆ ده‌رچووه‌ و ژماره‌ (21)ی له‌ لیستی ناوی تاوانباره‌ داواکراوه‌کان دراوه‌تێ‌‌.فڕۆکەوان ئەنوەر حەمەدئەمین، له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی (2007) به‌ پله‌ی لیوا ڕوکن و بە پشتیوانی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار و سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک) کرا به‌ پشکێنه‌ری گشتیی سه‌ربازی له‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌رکانی سوپا و تا مانگی شوباتی ساڵی (2009) له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه‌.دواتریش له‌ سه‌ره‌تای مانگی فێبریوه‌ری ساڵی (2009)دا، دووبارە بە پشتیوانی تاڵەبانی بەپلەی فه‌ریق ڕوکنی فڕۆکه‌وان کرا به‌ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی و تا ئێستاکه‌ش هه‌مان پۆستی هه‌یه‌.ئەویش وەکو سەدان سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەی بەشداربوو لە شاڵاوی ئەنفال، لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە نەک بەس داڵدە دراوە بەڵکو پۆستی باڵاشی دراوەتێ.

ل٩٢/ ٨- تیپی ١ لیوای ٢ تایبەتی گاردی کۆماری.

ئەمەیان هەڵەیە، چونکە تیپ لە لیوا گەورەترە و لیوا سەر بە تیپە نەک پێچەوانەکەی، بۆیە دەبوایە بنووسرێت: (لیوای ٢ی تیپی ١ی گاردی کۆماری).

ل٩٦/ سوپای عێراق کە لە ساڵی ١٩٢١ دامەزرا، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی بەرگری لە نیشتمان بوو، بەشداری کردنی شەڕی فەڵەستین بوو لە ساڵی ١٩٤٨، بەڵام لەو ڕۆژەی بەعس کودەتاکەی شوباتی ١٩٦٣ی ئەنجامدا، دەتوانم بڵێم سیمای نیشتمانی گوم کرد.

سەرەتا ئەوەی کە سوپای ئێراق سەبارەت بە بەشداری کردنی شەڕی فەلەستین کردوویەتی لە ساڵی (١٩٤٨)دا هیچ پەیوەندی بە سیمای بەرگری نیشتمانی نییە، بەڵکو ئەوەیان هەڵوێستێکی نەتەوەیی و ئایینی حکومەت و سوپا بووە، چونکە لەپێناوی پرسی عارەبە فەلەستیینییەکان و ئایین کردوویانە!

دواتر هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم سوپایە لە ڕێکەوتی (٦/١/١٩٢١)ەوە تا ڕۆژی ڕووخانی ڕژێم لە ڕێکەوتی (٩/٤/٢٠٠٣)دا ئەم سوپایە یەک تاکە هەڵوێستی نیشتمانی نەبووە، بەپێچەوانەوە هەردەم ئامێری دەستی ڕژێمی دیکتاتۆری بووە بۆ سەرکوتکردنی دانیشتوانی ئێراق بە سەرجەم نەتەوەکانەوە.یەکەم فەوجی سوپای ئێراق لە ڕێکەوتی (٢٨/٧/١٩٢١)دا دامەزراو فەرماندەکەی ئەحمەد ئەلحاج سڕی ساڵح بووەو لە مانگی تەموزی ساڵی (١٩٢٤)دا ڕەوانەی کوردستان کراو لە سلێمانی بەربووە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد کە بە سەرکردایەتی شێخ مەحمودی نەمر داوای مافی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییان دەکرد.ئایە ئامەیە هەڵوێست و سیمای نیشتمانی سوپای ئێراق، هەروەکو دکتۆر عەلیاوەیی باسی دەکات؟؟ هەر ئەم سوپایە لە ڕێکەوتی (٥/٨/١٩٣٣)دا لە موسڵ و بادینان نزیکەی (٦٠٠) ئاشووری بەکۆمەڵ کوشت و لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٣٥)دا نزیکەی (٢١٠) کوردی ئێزیدی لە شەنگال و دەوروبەری موسڵ بەدەستی سوپا هاتنە لەناوبردن.نموونە یەکجار زۆرە، وەلێ ئەوە مشتێکە لە دەریای تاوانەکانی ئەم سوپا شۆڤینی و دڕندەی عروبە کە بۆ دەرمانیش هەڵوێستێکی سەربەرزانەی نەبووە!!

ل١٠٥/ ئەگەرچی دەوڵەتی فەڵەستین وجودی نییە، بەڵام ڕۆژانی ١٦و١٧/٤/١٩٩١ خوێندکارانی فەڵەستینی لە زانکۆی موسڵ و بەغدا لە هەولێر بە چەکەوە بازگەیان لە شەقامەکانی هەولێر دانابوو، خۆم بەر پێناسە وەرگرتن کەوتم لەلایەن ئەوانەوە، ئێمەش فرمێسک دەڕێژین بۆ فەڵەستین، مامۆستایانی ئایینیش لە وتاری ڕۆژانی هەینی بە هاتو هاواریان بۆ گەلی فەڵەستین کوردی قوڕ بەسەر دەگرێنن.کەچی فەڵەستینییەکان ئەمڕۆک لە شارەکەی خۆم داوای پێناسە لەمن دەکەن....؟

دکتۆر عەبدولڵا خۆی شیوەن دەکات بۆ فەلەستینییەکان کەچی گلەیی لە کەسانی دیکە دەکات، بۆ نموونە ئەو لە لاپەڕە (٩٦)دا نووسیوێتی: (سوپای عێراق کە لە ساڵی ١٩٢١ دامەزرا، یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی بەرگری لە نیشتمان بوو، بەشداری کردنی شەڕی فەڵەستین بوو لە ساڵی ١٩٤٨).

ل١٠٦/ شانە چەکدارەکانی بروسک لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرا، ژمارەیان (٧٠٠) کەس دەبوو، هەڤاڵ مەلا قادر ئەوکات لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی هەولێر بوو، زۆربەیان پێشمەرگە بوون، یاخود سەر بە ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوون، لەوانە کاک نورەدین مامە کە ناسراوە بە باران.

دکتۆر عەلیاوەیی، لێرەدا لەجیاتی نەسرەدین ناوی نورەدینی بە هەڵە داناوە بۆ بەرپرسی هێزی باران، سەرەڕای ئەوەی کە دوو وێنەشی لەگەڵ گرتووەو لە کۆتایی پەرتووکەکەیدا دایناون و لە یەکەمیان نووسیوێتی: (نووسەر لەگەڵ هێزی باران)، لە دووەمیش: (نووسەر لەگەڵ شانە چەکدارەکانی بروسک)، کە لە ڕاستیدا ناوەکەی (نەسرەدین مامە کەریم)ە و لە شانە چەکدارەکانی باران بووە.

 

27.6.2014 هەینی‌

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

 

{pdf=http://kurdistannet.org/pdf/fuwad-masum.pdf|800|600}

 

 ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکێکە لەو پەرتووکانەی کە (ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران)ی سەر بە (ی. ن. ک)، لەپێناوی نووسینەوەی مێژووی یەکێتیی و یاداشت کردنی هەرچی زانیاری پەیوەست بەو حزبە و ئەندامەکانیان هەیە، لە ساڵی (٢٠١٣)دا لە چاپی داوە.

ئینسکلۆپیدیا، مانایەکی فراوانی هەیە و دەبێ هەموو زانیارییەکان بۆ نموونە سەبارەت بە بابەتەکە، ڕێکخراوەکە، پارتەکە یان وڵاتەکە بە وردی بگرێتە خۆ، بۆیە دەبوایە دەستەی نووسەرانی ئەو ئینسکلۆپیدیایە لەکاتی یاداشت کردنی مێژووی شەڕێک، داستانێک یان ژناننامەی شەهیدێک نەکەونە هیچ ناتەباییەک یان زانیارییەکان پێچەوانە و دژ بە یەک، هەروەها لە نووسینی مێژووەکاندا دەبوایە ڕۆژ، مانگ و ساڵەکان بە دروستی بنووسن نەک تەنیا ساڵەکە دیاری بکەن! ئینسکلۆپیدیا بەهیچ جۆرێ نابێ زانیاری نادروست و گوماناوی بگرێتە خۆ، بۆ نموونە لە شوێنێک هاتووە کە کەسانێک بە نامە پەیوەندی ڕێکخستنیان بە نەوشیروان مستەفا ئەمین یان جەلال تاڵەبانی هەبووە، ئەوە بۆ من وەکو ئەوەیە کە هەندێ لە سەرکردە و بەرپرسە حزبییەکان بانگێشەی ئەوەیان دەکرد کە چەند سەرکردەیەکی سەربازی، ئەمنی و ئیستخباراتی حکومەتی ئێراق، سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەیەک پەیوەندی نهێنییان لە ڕێگای ئەوانەوە بە شۆڕش و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە هەبووە، کە هەردوو پەیوەندییەکە گوماناوین و جێگەی باوەڕ نینبە.

ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەبوایە مێژووی دامەزراندن، گەشەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و باڵەکانی ناو یەکێتیی و ئەو قۆناغانەی کە ئەو لایەنە پێیدا تێپەڕیوە، لە لاپەڕەکانی سەرەتادا بەپێی مێژوو تۆمار بکردایە، ئەویش لەبەر دوو هۆکار. هۆکاری یەکەم، ئەم پەرتووکە وەکو سەرچاوەیەکی دۆکۆمێنتی و ئەرشیڤی تەنیا بۆ ئەمڕۆکە نەنووسراوەو دەبوایە بیر لە چەندان نەوەی داهاتوو و سەدان ساڵی دیکە بکرابایەوە کە دەبووە کار ئاسانی بۆ ناساندنی (ی. ن. ک) لە دواڕۆژدا، چونکە نەوەی نوێ و داهاتوو مێژووی (ی. ن. ک) نازانێ. هۆکاری دووەم، ئەم پەرتووکە تەنیا بۆ کورد نەنووسراوە، لەوانەیە لە داهاتوودا بۆ چەندان زمان وەربگێڕدرێت یان چەندان توێژەری وڵاتان و نەتەوەی جیاجیا بیانەوێ وەکو سەرچاوەیەک بۆ نووسینەوەی بەشێکی مێژووی خەباتی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان و مێژووی کورد و شۆڕشی کوردستان بەکاری بهێنن!

دوای چاو پیاخشاندن و خوێندنەوەی بەشێک لە بابەتەکان، چەند تێبینی و سەرنجێکم لا دروست بوو لەگەڵ بەدیکردنی چەند هەڵەیەک، کە لە خوارەوەدا بەگوێرەی ڕیزبەندی لاپەڕەکان دەست نیشانیان دەکەم و دواتریش تێبینی و سەرنجەکانم دەخەمە ڕوو و هەڵەکان ڕاست دەکەمەوە.

 

ل١٨/ لە بابەتی (ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕش)دا هاتووە: (لە کۆنفرەنسی سێیەمی کۆمەڵە کە لە تەموزی ساڵی ١٩٨٤ لە هەواری کانی سێوی مێرگەپان لە بناری چیای پیرەمەگرون بەسترا، ناکۆکییەکان تەقینەوەو لایەنگرانی ڕەوتەکە کۆنفرەنسیان بەجێهێشت، بەڵام بەهۆی ناوبژییەوە، بۆ ڕۆژی دواتر گەڕانەوە ناو کۆنفرەنسەکە. بەپێی تەرازووی هێز لەناو کۆنفرەنس، باڵی سکرتێر زاڵ بوو بەسەر کۆنفرەنسدا، بەڵام باڵەکەی تر کەمینەیەکی بەرچاوی پێکدەهێنا. لە سەرجەمی ٢٨٧ ئەندامی کۆنفرەنس ١٢٧ ئەندام لەکاتی تەقینەوەی ناکۆکییەکاندا کۆنفرەنسیان بەجێهێشت و بەم پێیە ڕێژەیان ٤٤% ئەندامانی کۆنفرەنس بوو. بەڵام لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکردایەتیدا باڵی سکرتێر سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناو لە سەرجەمی ٧ کورسیی سەرکردایەتی ٤ کورسیی بەدەستهێنا، باڵەکەی تر تەنها یەک کورسیی بەدەستهێنا. دوو کورسییەکەی تر بەر هێڵی مامناوەنجی ناو کۆمەڵە کەوتن).

بەگوێرەی ئەم نووسینەی سەرەوە کە نووسراوە گوایە باڵەکەی تر تەنیا یەک کورسی بەدەست هێناوە، دەبێ مەبەستیان لە خاوەن کورسییەکە مەلا بەختیار بێ، کە ناوبراو لەم کۆنفرانسەدا دەنگی پێویستی نەهێناو دەرنەچوو! بۆ سەلماندنی دەرنەچوونی مەلا بەختیار پەنا دەبەمە بەر دوو بەڵگە:

یەکەمیان: لە لاپەڕەکانی (٩٩-١٠٠)دا لە ژیاننامەی مەلا بەختیار (حیکمەت محەمەد کەریم)دا، بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوە نەکراوە کە مەلا بەختیار لە کۆنفرانسی سێیەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە بە ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ کە خۆیشی باوەڕی بەو دەرچوونە نەبووە کە ئینسکلۆپیدیا نووسیوێتی، سەرەڕای ئەوەی کە شانسی دەرچوونی ناوبراو لە شانسی کاندیدەکانی دیکەی هەڵگری بیروباوەڕی ئاڵای شۆڕش زۆر زیاتر بوو. بەڵکو لەم ژیاننامەیەدا نووسراوە: (ساڵی ١٩٨٤ ناکۆکییەکانی لەگەڵ سکرتێری کۆمەڵە نەوشیروان مستەفا گەیشتنە لوتکەو لەکۆنفرەنسی سێیەمی کۆمەڵە لەهەواری کانی سێوی مێرگەپان ڕابەرایەتی باڵێکی بەرهەڵستکاری کرد. پاش کۆنفرەنسەکە ڕێکخراوێکی بەناوی ئاڵای شۆڕش دامەزراندو ئەم ڕێکخراوەی بەدرێژەپێدانی بیرو ڕێبازی شاسوار جەلال دانا).

دووەمیان: ئەوەی شایەنی باسە، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان مەلا بەختیار دەنگی پێویستی نەهێنا چونکە هەر کاندیدێک دەبوایە زیاتر لە نیوەی ژمارەی دەنگی ئەندامانی کۆنفرانس بهێنێت ئەگینا بۆی نەبوو ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی، کە ئەم مەرجە مەرجی سەرەکی نەوشیروان مستەفا بوو سەپاندی لەپێناوی ئەوەی کەمترین ژمارە لە لایەنگرانی مەلا بەختیار و سالار عەزیز دەنگی پێویست بهێنن، یان هیچ کەسیان دەرنەچن!

وەلێ بۆ بێدەنگ کردنی مەلا بەختیار و هەر لەسەر پێشنیاری نەوشیروان مستەفا بڕیار درا کە مەلا بە تەسکیە بکرێت بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، کەچی مەلا بەختیار لەبەردەم تەواوی ئەندامانی کۆنفرانس هەڵسایەوەو سەرەتا سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە دەنگیان پێ دابوو (ئەوەی لە بیرم بێ وابزانم ١٣٢ دەنگی هێنا)، دواتریش بە گۆڕی شەهید ئارام و هەموو شەهیدانی کوردستان سوێندی خوارد کە ئەو پێشنیارە پەسەند ناکات و هەرگیز نایەوێت بە تەسکیە ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە. پشکۆ نەجمەدین، باسی ئەوەی کردووە کە مەلا بەختیار بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی کردووە لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٤)دا؛ (پشکۆ نەجمەدین، ئەزموون و یاد ئاڵای شۆڕش و حیکایەتەکانی زیندان، بەرگی یەکەم و دووەم، چاپی سێیەم، ٢٠١١، ل٢٠٧).

پێدەچێت ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەهید ئازاد هەورامی و ملازم عومەری بە هێڵی مامناوەنجی هەژمار کردبێ و چوارەکەی دیکەش بە باڵێ نەوشیروان.

لە هەڵبژاردنی سەرکردایەتی (٨) کەس دەرچوون بە مەلا بەختیارەوە نەک (٧) کەس، کە ئەمانەی خوارەوە بوون:

ئازاد عەبدولمەجید عەبدولغەفار (ئازاد هەورامی)

جەبار فەرمان عەلی

حکمەت محەمەد کەریم خانەقینی (مەلا بەختیار)

عومەر عەبدولڵا (ملازم عومەر)

فەرەیدون عەبدولقادر

قادر حاجی عەلی

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی

نەوشیروان مستەفا ئەمین

 

ل٥١-٥٢/ لە بابەتی (تیۆری بەعیراقیکردنی شۆڕش)دا سەبارەت بەناوی ئێزگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاتووە: (ساڵی ١٩٧٩ یەکێتی وەک پابەندبوونێک بەسیاسەتی بەعیراقیکردنی شۆڕش، ناوی ئێزگەکەی لەدەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ دەنگی شۆڕشی عیراق گۆڕی و ئەم ناوە تا ئەیلولی ١٩٨٣ بڕی کرد، کاتێک کە ناوەکە کرا بە دەنگی گەلی کوردستان. تاکە ڕایەڵەی نەپچڕاو لەگەڵ تیۆری بەعیراقیکردنی شۆڕش، ناوی ئێزگە بوو کە هەر بەناوی دەنگی شۆڕشی عیراقەوە مایەوە. بەڵام لەئەیلولی ١٩٨٣ لەکۆبوونەوەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی لە گوندی بالیسان، ئەم تاکە ڕایەڵەش پچڕاو ناوی ئێزگە لەدەنگی شۆڕشی عیراقەوە کرا بەدەنگی گەلی کوردستان). هەر سەبارەت بە ئێزگەکە، لە لاپەڕەکانی (١١٩-١٢١)دا لە بابەتی (دەنگی گەلی کوردستان - ڕادیۆ)دا هاتووە: (پاش پچڕانی وتووێژی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکومەتی عیراق لە ١٥ی کانونی دووەمی ١٩٨٥، لەسەرەتای مانگی شوباتدا حکومەتی عیراق تەشویشی خستە سەر پەخشی ڕادیۆ. هەر لەو ماوەیەدا ناوی ئێزگە گۆڕاو بووە دەنگی گەلی کوردستان).

لەم دوو بابەتەی سەرەوەدا، گۆڕینی ناوی ئێزگەکە دەگەڕێننەوە بۆ دوو ساڵی جیای (١٩٨٣) و (١٩٨٥)، کە ئەوەی دووەمیان بەڕاست دەزانم، واتە گۆڕینی ناوی ئێزگەکە بۆ ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان لە ساڵی (١٩٨٥) بووە، نەک گوایە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتیی لە گوندی بالیسان لە ساڵی (١٩٨٣)دا بڕیاری گۆڕینی ناوەکەی درابێ. بە بۆچوونی خۆم، دەبوایە لیژنەیەکی پێداچوونەوە هەبوایە بۆ ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەپێناوی لابردنی هەڵەی لەم جۆرەی سەرەوە، کە یەکێکە لە کەمتەرخەمی و هەڵەکانی دەستەی نووسەران!

 

ل٧٧-٨٠/ لە ژیاننامەی جەلال تاڵەبانی لە لاپەڕە (٧٨-٧٩)دا نووسراوە: (ساڵی ١٩٦٤ پاش ئاگربڕی نێوان شۆڕش و حکومەتی عەبدولسەلام عارف کە توانیبووی کودەتا بکاو بەعسییەکان لەسەر کار لادا. قەیرانی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێوان باڵی مەلا مستەفا بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی بەسەرکردایەتی برایم ئەحمەد دەستی پێکرد. تاڵەبانی پشتگیریی لەباڵی مەکتەبی سیاسیی کرد. پاش ئەوەی کە هێزەکانی بارزانی پەلاماری هێزەکانی مەکتەبی سیاسییان دا لەماوەت، هێزەکانی مەکتەبی سیاسی کشانەوە بۆ ناو ئێران و لەهەمەدان گیرسانەوە. پاش ماوەیەک باڵی مەکتەبی سیاسی گەیشت بەڕێککەوتنێک لەگەڵ مەلا مستەفاداو ئەندامەکانی دەستبەرداری هەموو لێپرسراوەتییەکانیان بوون و وازیان لەهەڵسوڕانی سیاسییان هێنا. بەڵام پاش زیادبوونی گوشار لەسەر باڵی مەکتەبی سیاسی و پەرەسەندنی مەترسیی لەناوبردنی ئەندامەکانی، باڵی مەکتەبی سیاسی لەساڵی ١٩٦٦دا گەیشت بەڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عیراقدا کە بەهۆیەوە حکومەت ئازادیی هەڵسوڕانی سیاسیی ئاشکرای لەشارەکاندا بەباڵی مەکتەبی سیاسی داو مافی پێکهێنانی هێزی چەکداریشی بۆ سەلماند).

سەرپەرشتیار و نووسەرانی ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەدەبوایە بەهیچ شێوەیەک ئەم سێ بۆ چوار دێرەی سەرەوە کە هێڵێکم بەژێردا کێشاوە بخەنە ناو ئینسکلۆپیدیا، چونکە ئەمە لەلایەک بەڕەوایی کردنی ناپاکی کردنە لە نەتەوەو نیشتمان و بە ئاسایی هەژمار کردنی چوونە پاڵ سەنگەری دوژمنە لەدژی هاونەتەوەو ئامانجی سەرەکی کورد لە گەییشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی وەکو هەر نەتەوەیەکی ژێدەست! لەلاکەی دیکەشەوە بە ڕەوایی کردنی کلتوری جاشێتی و نۆکەرێتی کردنە بۆ داگیرکەرانی کوردستان و دوژمنانی کورد! دواتر ئەوە تێکەڵ کردن و بەیەکەوە گرێدانی ناپاکی کردن، جاشێتی و مێژووی باڵی مەکتەبی سیاسییە بە خەبات و مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە هەردەم لە سەرەتای دەست پێکردنەوەی شۆڕشی نوێ لە ساڵی (١٩٧٦)ەوە ئەندامانی سەرکردایەتیی، ئەندام و لایەنگرانی هەرسێ باڵەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و هێڵی پان)، خۆیان بە سێ ڕێکخراوی نوێی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جیا لە باڵی ماکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەلالی (٦٦) بە خەڵک دەناساند!!!

 

ل٨٤/ لە بابەتی (جەوهەر حوسێن ئەحمەد)دا هاتووە: (لەو شەڕەدا کە ١٤ پێشمەرگەی تێدا شەهید بوو، بە برینداری کەوتە دەستی جاشەکان و دواتر ڕادەستی سەربازەکان کرد. لە ٩ی ئایاری ساڵی ١٩٨١ لە بەندیخانەی موسڵ لە سێدارە درا). کەچی لە لاپەڕە (١٦٩)دا لە بابەتی (شەڕی شۆراو)دا وا باسی ئەم شەڕە کراوە: (١٥ پێشمەرگە شەهید بوون، پێشمەرگەیەکیش بە برینداری بەدیل گیراو دواتر لە سێدارە درا. شەهیدەکان ئەمانەن: نەجمەددین عوسمان قادر کەرکوکی، نەوزاد محەمەد ئەمین حسێن، فاتیح حەمە سەعید سەنگاوی، بێستون باڕۆیی، حسێن عەبدوڵڵا محەمەد دڵگەیی، عەدنان عەلی محەمەد، شەریف سابیر کونە کۆتری، نورەدین ڕەشید (نوری ساڵەیی)، ڕەمەزان مستەفا کانی مستەفایی، جەبار فایەق مەجید پونگەڵەیی، قادر حسێن ئەحمەد شاحەسەنی، نوری محەمەد عەلی (مەلا نوری)، جەوهەر حسێن ئەحمەد هەشەزینی، عەلائەدین عەبدولکەریم محەمەد، عومەر بایینجانی، ئەرکان قادر چراغە ڕووتەیی).

دەستەی نووسەرانی ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دیسان لێرەدا لە دوو لاپەڕەی جیادا سەبارەت بە شەڕی شۆراو، جارێک ژمارەی شەهیدەکانیان بە (١٤) شەهید و لە جاری دووەمدا ژمارەکەیان بە (١٥) شەهید ناوبردووە، لەگەڵ بەدیل گرتنی پێشمەرگەیەک بە برینداری، کە دواتر لە ڕێکەوتی (٩/٥/١٩٨١)دا لە زیندانی سێدارەی زیندانی موسڵ لە سێدارە دراوە.

هەندێ کەموکوڕی لە ناوی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان دەبینم، بۆیە لە خوارەوەدا ناوەکانیان دەنووسم کە ئه‌مانه‌ن: (خالید محه‌مه‌د ئه‌مین (بێستون باڕۆیی)، فه‌رمانده‌ی که‌رت. نوری محه‌مه‌د عه‌لی (مه‌لا نوری)، ڕابه‌ر سیاسی که‌رت. ئه‌رکان ئه‌مین قادر (ئه‌رکان چراغه‌ڕووته‌یی). جه‌بار فائیق مه‌جید (جه‌بار پونگه‌ڵه‌یی). حوسێن عه‌بدولڵا محه‌مه‌د (حوسێن دلکه‌یی). ڕه‌مه‌زان مسته‌فا که‌ریم ناسراو به‌ (ڕه‌مه‌زان مستەفا کانی مسته‌فایی). شه‌ریف سابیر که‌ریم ناسراو به‌ (شه‌ریف کونه‌کۆتری). عه‌دنان عه‌لی محه‌مه‌د ناسراو به‌ (عه‌دنان که‌رکوکی). عه‌لائه‌دین عه‌بدولکه‌ریم محه‌مه‌د (دکتۆر عه‌لائه‌دین). عومه‌ر حه‌مه‌دئه‌مین ڕه‌زا (عومه‌ر باینجانی). فایتح حه‌مه‌سه‌عید محه‌مه‌د (فاتیح سه‌نگاوی). قادر حوسێن مستەفا (قادر شاحه‌سه‌نی). نه‌جمه‌دین عوسمان قادر ناسراو به‌ (نه‌جمه‌دین که‌رکوکی). نه‌وزاد محه‌مه‌د ئه‌مین حه‌سه‌ن (نه‌وزاد ته‌کێیی). نوره‌دین ڕه‌شید ناسیح (نوری ساڵه‌یی). جه‌وهه‌ر حوسێن ئه‌حمه‌د (جه‌وهه‌ر هه‌شه‌زینی)، ئه‌وه‌یان به‌دیل گیرا و له‌ هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، دواتر له‌ ڕێکه‌وتی (9. 5. 1981)دا له‌ شاری موسڵ له‌ سێداره‌ درا؛ سەرچاوە: (دەرسیم دیبەگەیی، ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان).

ئەم پۆلە پێشمەرگەیەی کە لە ڕۆژی (17. 11. 1980) له‌ شاخی شۆراو‌ شەهید کران و یەکێکیشیان بەدیل گیراو دواتر لە سێدارە درا، بەدەستی ئەم سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسانە شەهید کران کە ئەمانەن: جاشەکانی ته‌حسین شاوه‌یسی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی (50)ی ئیستخباراتی شیمالی، قادر فەرەج عەبدولڵا (قاله‌ فه‌ره‌ج)ی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی (49)ی سه‌ر به‌ ئیستخباراتی شیمالی، عاسی حه‌مه‌ ڕه‌ئوف تۆفیق فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت، محەمەد حەسەن ئەحمەد قەرەوەیسی ناسراو بە (حه‌مه‌ی حه‌سۆل)، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی ژمارە (٥٥)، حه‌مه‌ی شێخ حه‌سه‌نی به‌فراو له‌گه‌ڵ عومه‌ر ئه‌سعه‌د ئاغجه‌له‌ری فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی؛ سەرچاوە: (دەرسیم دیبەگەیی، ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان).

 

ل١٠٣/ لە باسی ژیاننامەی (خدر عومەر سوور)دا نووسراوە: (لە ساڵی ١٩٨١ لە پەیمانگای مامۆستایان لە هەولێر وەرگیرا. ساڵی ١٩٨٤ بوو بە مامۆستا لە گوندی سیاوی ناوچەی شەمامک لە دەشتی هەولێر. ساڵی ١٩٨٤ فەرمانی گرتنی لەلایەن دەزگای ئەمنەوە دەرچوو، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەداو پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد).

لە ساڵی (١٩٨١)دا لەگەڵ خدر عومەر سوور بەیەکەوە لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراین و لە ساڵی (١٩٨٢)دا تەواومان کرد. دواتر لە (١/١٢)ی هەمان ساڵ وەکو مامۆستا دامەزراین، ئەو لە گوندی (سیاو)ی سەر بە قوشتەپە و منیش لە گوندی (خەتێ)ی دۆڵی بالیسان کە سەر بە شارۆچکەی خۆشناو (هیران) بوو.

خدر عومەر سوور، دوای دەرچوونی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە (١٥/٩/١٩٨٤)دا بوو بە سەرپرشتیار و بەرپرسی ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٤)دا یان سەرەتای ساڵی (١٩٨٥)دا وەکو لە دایکبووانی ساڵی (١٩٥٣) بانگکرا بۆ سەربازی و نەچوو بۆ خزمەتی سەربازی و بۆ ماوەی نزیکەی دوو تا سێ مانگێک لە شار مایەوەو ئیشوکارەکانی ڕێکخراوی دەکرد، پاشان چووە دەرەوەو پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد.

 

ل١١٨-١١٩/ لە بابەتی (شەڕی دەشتێو)دا بەمشێوەیە نووسراوە: (لەم شەڕەدا سەعدی عەزیز ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی سۆسیالیست و ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتیی یەکێتی و فەرماندەی هەرێمی ٨ی دەشتی هەولێر و فاروق سدیق ئەندامی پێشکەوتووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ڕابەری سیاسیی هەرێمی ٨ی دەشتی هەولێر و یانزە پێشمەرگە شەهید بوون. پێشمەرگە شەهیدەکان ئەمانەن: فەرەج قادر، فەریق هەمزە، جەبار ئیسماعیل، عوسمان باوە، عەزیز باپیر، سامی عوبێد، سەباح جەمیل، ئەحمەد محەمەد ئەمین، ئەحمەد محەمەد، شاهین عیززەدین و تاهیر حەمەد کە هەموویان خەڵکی هەولێرن. هەروەها ئەم پێشمەرگانە بەدیل گیران: جەعفەر ئەسوەد، حسێن عەبدولڕەحمان، جەواد کەریم و کەمال واحید کە هەموویان خەڵکی کۆیە بوون و پاشان لە ٢١ی حوزەیراندا لە زیندانی موسڵ لە سێدارە دران).

لە شەڕی (دەشتێو)دا (١٤) پێشمەرگە شەهید بووینە نەک (١٣) وەکو لە ئینسکلۆپیدیای (ی. ن. ک)دا هاتووە، هەروەها (٥) پێشمەگە بەدیل گیراون نەک (٤). ئینسکلۆپیدیا، ناوی عەزیز باپیر (عەزیز باپیر گۆمەشینی) بە شەهید بردووە، کەچی لە ڕاستیدا ئەو یەکێک بووە لە (٥) دیلەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی لە (١٨) ساڵ کەمتر بووە بۆیە سزای (٢٠) ساڵ زیندانی بۆ دەرچووەو پاشانیش بەر لێبووردنی گشتی ڕۆژی (١٦/٧/١٩٧٩) کەوتووە. کەواتە ئینسکلۆپیدیا، تەنیا ناوی (١٢) شەهیدی نووسیوە و دوو ناوی نەنووسیوە.

هەروەها هەموو شەهیدەکان خەڵکی هەولێر نین، چونکە شەهید شاهین جومعە عەبدولڵا خەڵکی پردێ - کەرکوکە، کە هەم ناوی باوکیشی بەهەڵە بە (عیززەدین) نووسراوە. ناوی شەهیدێکی دیکەش بە فەرەج قادر هاتووە، کە ناوە ڕاستییەکەی فەرخ قادر ئەحمەدە.

شەهیدەکانی شەڕی دەشتێو ئەمانەن: سەعدی عەزیز محەمەدئەمین ئەندامی سەرکردایەتی و فەرماندەی هەرێمی هەشتی هەولێر، ئەحمەد حەمە کەریم بابەکر جاف ناسراو بە ئەحمۆ چەمرگەیی (١٩٥٦/ کۆیە/ گورزە)، ئەحمەد محەمەدئەمین حەمەد خدر گەڵاڵی (١٩٥٣/ کۆیە/ چەمرگە)، تاهیر محەمەد عەلی ڕەحمان سوورچی (١٩٥٥/ گاوەرە/ دیبەگە)، جەبار ئیسماعیل گۆمەشینی (کۆیە)، حەمە حەمەدئەمین سکتانی (کۆیە)، سامی عوبێد، سەباح جەمیل چەمرگەیی (کۆیە)، سەباح جەمیل ئەحمەد محەمەد بڵباس (١٩٤٨/ هەولێر/ کۆیە/ چەمرگە)، شاهین عەزیز جومعە عەبدولڵا شوانی (١٩٥٥/ کەرکوک/ پردێ)، عوسمان ئەحمەد حەسەن باوە (باوەقوب)، فاروق سدیق ئیبراهیم خەلیل هەولێری ڕابەری سیاسی هەرێمی هەشت، فەرخ قادر ئەحمەد (قەراج/ مەخمور)، فەریق هەمزە ساڵەیی (کەرکوک/ پردێ/ سەربیر).  

چوار پێشمەرگە لە سێدارە دراوەکانیش ئەمانەن: (جه‌عفه‌ر ئه‌سوه‌د ئه‌حمه‌د میکائیل (١٩٥٢/ هه‌ولێر/ کۆیه‌)، فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌، جه‌واد که‌ریم مه‌حمود خدر گۆمه‌شینی (هه‌ولێر/ کۆیه‌)، حوسێن عه‌بدولڕه‌حمان سه‌عید گۆمه‌شینی (هه‌ولێر – کۆیه‌) و که‌مال واحێد مه‌حمود به‌رزنجی (١٩٥١/ هه‌ولێر/ کۆیه/ گۆمه‌شین‌)ی، کە له‌ ڕێکەوتی (٢١/٦/١٩٧٨)دا له‌ موسڵ له‌ سێداره‌ دراون.

 

ل١٨٠/ لە بابەتی (شەڕی شێنێ)دا هاتووە: (شەڕێکە لەنێوان هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان و نێوان ژمارەیەکی زۆری جاشەکان لە بەرزاییەکانی سەر شێنێ و قوتەی چیای مامەندە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٠. لە هێزی پێشمەرگە، چوار شەهید هەبووە، یەکێکیان شەهیدی یەکێتییە، ئەوانی تر شەهیدی حزبی سۆسیالیستن). کەچی لە لاپەڕەکانی (٢٦٥-٢٦٦)دا لە بابەتی (شەڕی مامەندە)دا هاتووە: (شەڕێکە لەنێوان سوپای عیراق و جاشەکان لەلایەک و هێزی پێشمەرگە لەلایەکی ترەوە لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٠دا کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو. پێشمەرگەکانی یەکێتی و حزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان بەرەنگاری هێرشەکە بوونەوەو تێکیان شکاند. دوژمن ژمارەیەکی زۆر کوژراوو برینداری لێ کەوت و لە هێزی پێشمەرگەش ٥ پێشمەرگە شەهید بوون، یەکێکیان پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالست بوو).

لە شەڕی (شێنێ)دا جاشەکانی سەرۆکجاش عه‌باس بایز باڵو ئاغا، فەرماندەی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی ژماره‌ (9)ی سه‌ر به‌‌ ئیستخباراتی قه‌ڵادزێی و دواتریش سه‌رۆکجاشی فه‌وجی (91)ی جاشە سووکەکان، له‌ ڕۆژی (19. 10. 1980)دا له‌ هێرشێکدا بۆ سه‌ر سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌ شاخی مامه‌نده‌، پێنج پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی به‌ناوه‌کانی مسته‌فا سه‌عید محه‌مه‌د زۆراب پێنجوێنی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ له‌ هه‌رێمی یه‌ک، غه‌فور ئیسماعیل ناسراو به‌ غه‌فور جورجه‌، ڕه‌شید گه‌ڵاڵی (مامە ڕەشە گەڵاڵی) خه‌ڵکی گوندی ئه‌وڵاقوتی گه‌رمیان، حه‌مه‌ خالید و مامۆستا محەمەد ڕانیەیی، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌کی حزبی سۆسیالیستی یه‌کگرتووی کوردستان به‌ناوی عه‌بدولڵا قادر شێنه‌یی، شه‌هید دەکەن، له‌ هه‌مان کاتدا بریندارکردنی دوو پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به‌ناوه‌کانی عه‌بدولڕه‌حیم (عه‌بدولڕه‌حیم عه‌بدولڵا عه‌بدولڕه‌حیم سه‌نگه‌سه‌ری، که‌ دواتر گه‌یشته‌ پله‌ی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ری و له‌ ڕێکه‌وتی 29. 5. 1987دا له‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر باره‌گای جه‌یش شه‌عبی و جاشان له‌ شارۆچکه‌ی ته‌قته‌ق شه‌هید بوو)، لەگەڵ محه‌مه‌د حاجی مه‌حمودی فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی یه‌کی ئه‌وکاتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە دواتر چووه‌ ڕیزه‌کانی حزبی سۆسیالیستی یه‌کگرتووی کوردستان و ئێستاکه‌ سکرتێری گشتیی حزبی ناوبراوه‌؛ (دەرسیم دیبەگەیی، ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان).

 

ل١٩٣-١٩٤/ لە باسی ژیاننامەی شەهید (عەبدولڕەحیم عەبدوڵڵا عەبدوڕەحیم)دا، سەبارەت بە داستانی گرتنی تەقتەق، نووسراوە: (لە ئۆپراسیونی گرتنی شاری تەقتەق لە شەوی ٢٧ لەسەر ٢٨ی ئایاری ساڵی ١٩٨٧، نەخشەکە وابوو کە هێزی پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە هێرش بکا، لە قۆڵێکەوە بۆ گرتنی تەقتەق بە سەرپەرشتیی لێپرسراوی مەڵبەندی سێ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی و لە قۆڵێکی ترەوە بۆ گرتنی بنکەی جەیش شەعبیی تەقتەق بە سەرپەرشتیی عەبدولڕەحیم).

داستانی گرتنی شارۆچکەی تەقتەق لەو مێژووە نەبووە کە ئینسکلۆپیدیای (ی. ن. ک) نووسیوێتی، بەڵکو له‌ شه‌وی (٢٩/٣٠-٥-١٩٨٧)دا بووە لەلایەن هێزێکی گه‌وره‌ی هاوبه‌شی مه‌ڵبه‌نده‌کانی (٢+٣)ی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پێکهاتبوو له‌ زۆربه‌ی تیپه‌کانی ئه‌و دوو مه‌ڵبه‌نده‌ له‌پێناوی ئازادکردنی شارۆچکه‌ی ته‌قته‌ق و گرتنی سه‌ربازگه‌ی قه‌ڵاته‌ی ته‌قته‌ق که‌ باره‌گای فه‌وجێکی سوپای میللی (الجیش الشعبي) تێدابوو. لەو هێرشەدا تەنیا ڕه‌بیه‌ی سه‌ر پرده‌که‌ و مونه‌زه‌مه‌ی به‌عس نەگیران، چونکە چه‌ند سه‌رۆکجاشێکی کورد له‌ نێویاندا ئه‌سوه‌د ته‌قته‌قی فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی و جاشه‌کانی په‌نایان بردبووه‌ به‌ر ئه‌و دوو شوێنه‌ و شەڕی پێشمەرگەیان کرد. له‌ ئه‌نجامی به‌ره‌نگاری سه‌ختی جاشه‌کانی ئه‌سود و پیاوانی ڕژێم له‌م دوو شوێنه‌دا یازده‌ پێشمه‌رگه‌‌ شەهید بوون که‌ به‌شێکیان ئه‌مانه‌ن: (عه‌بدولڕه‌حیم عه‌بدولڵا عه‌بدولڕه‌حیم سه‌نگه‌سه‌ری، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی عه‌سکه‌ری و به‌رپرسی سه‌ربازی مه‌ڵبه‌ندی دوو، ئازاد سابیر تەها قادر داربه‌سه‌ری، فه‌رمانده‌ی که‌رتی چوار له‌ تیپی (٨٦)ی ده‌شتی هه‌ولێر، ئیسماعیل محەمەدئەمین یونس پیرداود ناسراو بە ئیسماعیل بچکۆڵ پێشمه‌رگه‌ی کەرتی (٢)ی تیپی (٨٥)ی به‌ڕانه‌تی، تاریق ناسراو بە باپیرە قه‌سرۆکی فەرماندەی مەفرەزە لە که‌رتی یه‌کی ساڵه‌یی تیپی (٢١)ی که‌رکوک، عەبدولسه‌لام محه‌مه‌د ڕەمەزان گۆران ناسراو بە سەلام گۆران پێشمه‌رگه‌ی تیپی (٨٥)ی به‌ڕانه‌تی، کاوه‌ کۆیی پێشمه‌رگه‌ی تیپی مه‌ڵبه‌ندی سێ، لوقمان عه‌بدولڕه‌حمان کاوێس ئیسماعیل قۆڕیتانی پێشمه‌رگه‌ی تیپی (٩٣)ی کۆیه‌، موحسین حه‌مشین فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ له‌ که‌رتی پێنجی گۆڕقه‌ره‌جی تیپی (٨٦)ی ده‌شتی هه‌ولێر و یاسین پیرداود حەمەد پیرداود ڕۆژبه‌یانی (شێخ بزێنی) پێشمه‌رگه‌ی که‌رتی یه‌کی ساڵه‌یی له‌ تیپی (٢١)ی که‌رکوک؛ (دەرسیم دیبەگەیی، ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی ئەنفال).

 

ل٢٠١/ لە باسی ژیاننامەی شەهید (عەزیز مەحمود عەلی)دا، هاتووە: (لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٨ لەکاتێکدا بە ئیشوکار دزەی کردبووە ناو سلێمانی، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە گیرا. دواتر لە ٢٥ی ئازاری ١٩٧٩دا لە زیندانی موسڵ لە سێدارە درا).

محێدین مه‌حمود عه‌لی خەرپانی (مامۆستا عه‌زیز)، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی (ی. ن. ک) و به‌رپرسی لقی دووی که‌رکوکی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، له‌ ڕۆژی (17. 10. 1978)دا له‌ناو سلێمانی به‌دیل گیرا، دواتر له‌ ڕۆژی (15. 1. 1979)دا له‌ هه‌یئه‌ خاسه‌ی که‌رکوک بڕیاری له‌ سێداره‌ دانی بۆ ده‌رچوو، ڕۆژی دواتر گواسترایه‌وه‌ بۆ ژووری سێداره‌ی زیندانی موسڵ و پاشان له‌ شه‌وی (24/25-3-1979)دا له‌ هەمان زیندان له‌ سێداره‌ دراوە؛ (دەرسیم دیبەگەیی، ئازارە شاردراوەکان یاداشتی زیندانم).

 

ل٢٣٥-٢٣٦/ لە بابەتی (شەڕی کۆڕێ)دا نووسراوە: (لە ٩ی نیساندا هێزەکانی عیراق بەپاڵپشتی تانک هێرشیان کردە سەر بەرزاییەکانی پیرمام، توانیان دەست بەسەر پیرمامدا بگرن و لەوێوە بەخێرایی داکشانە سەر دەربەندی کۆڕێ بۆ گرتنی دەربەندەکە پێش ئەوەی هێزی پێشمەرگە خۆی ڕێک بخاتەوە. لە دەربەندە کۆڕێ هێزەکانی عیراق کەوتنە بۆسەو ژمارەیەکی زۆر سەربازیان لێ کوژرا. ڕاگرتنی پێشڕەوییەکەی هێزەکانی عیراق، ناچاری کردن چەند کیلۆ مەترێک بکشێنەوە دواوە. کاتژمێر٥:٣٠ ی ڕۆژی ١١ی نیسان هێرشی دووەمی هێزەکانی عیراق بۆ سەر دەربەندی کۆڕێ دەستی پێ کرد. شەڕەکە ١١ شەهیدی لێ کەوتەوە، لەوانە ٩ی پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی بون).

سەرەتا مێژووی شەڕی یەکەمی داستانی کۆڕێ ڕۆژی (٩/٤/١٩٩١) نییە، بەڵکو ڕۆژی (٧/٤/١٩٩١)ە و دووەم شەڕیش لە ڕۆژی (١١/٤/١٩٩١)دا بووە. لە پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)دا، ناوی هیچ کام لە شەهیدەکان نەنووسراوە، کە ئەمانەن: (سەڵاح سابیر تۆفیق، عەبدولکەریم عەبدولڵا ئەحمەد یونس ئەحمەد، فاخیر عەبدولڕەحمان محەمەد قوربانی (١٩٦٤/ مەخمور - مەحسوناوە)، فاروق حوسێن عوسمان ڕەسوڵ گڕاوی ناسراو بە خاڵە فاروق، فاروق مەولود حەمەد مستەفا (دیبەگە - مەلاکاغا)، فەرهاد ئەحمەد ئەمین عوسمان، فەرەج مەغدید مەولود ساڵح ناسراو بە شەیدا، موحسین عەبدولکەریم ئەمین ئەحمەد مەخموری (١٩٦٧/ مەخمور - مەحسوناوە)، هەمزە بەهرام ئیسماعیل عەلی مەولود دیبەگەیی و یونس ئیبراهیم حەسەن ئیسماعیل ناسراو بە کارزان).

 

ل٢٣٨-٢٣٩/ لە ژیاننامەی (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی) هاتووە: (ساڵی ١٩٨٠ لێپرسراوەتی ڕێکخراوی کۆمەڵەی لە هەولێر گرتە ئەستۆ، ئەندامانی ڕێکخراوەکە بریتی بوون لەهەر یەک لە عەبدوڵڵا تۆفیق، بەهرۆز قەشقە، عەبدولڕەزاق ئەحمەدو بێستون).

دڵنیام لەم ساڵەدا (١٩٨٠) هاوڕێ بێستون (خدر عومەر سوور) نەک هەر ئەندام ڕێکخراو نەبووە، بەڵکو هەر سەر بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی هەولێریش نەبووە و بەرپرسی هێڵێکی فراوانی ڕێکخستن بووە لەناو هەولێر و ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبووە بە ڕێکخستنەکانی ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دواتریش لە ساڵی (١٩٨٢) بەولاوە بە ڕێکخراوی (٥)ی کۆمەڵە لە سنووری مەڵبەندی (٤)ی ئەوکات کە ڕێکەوت عوسمان مەجید بەرپرسی ئەو ڕێکخراوە بوو و خۆشم بەرپرسی پۆل و ئەڵقەی پەیوەندی ڕێکخستنەکانی لای هاوڕێ بێستوون و ڕێکخراوی (٥)ی کۆمەڵە بوویمە. بۆ جاری یەکەم لە مانگی تەموز یان ئابی ساڵی (١٩٨٣)دا بێستون و چەندان هاوڕێی دیکە کە هەندێکیان لە ژیاندا ماون و هەندێکیشیان شەهید بووینە، بە بڕیاری ناوەندی کۆمەڵە و لەژێر فشاری زۆری ڕێکخراوی (٥)ی کۆمەڵە لە بالیسان لەگەڵ ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان یەکمان گرتەوە و بێستون کرا بە ئەندامی ڕێکخراو. پێم وایە ئەوکاتە لە ساڵی (١٩٨٠-١٩٨١)دا یەکێک لەم دوو شەهیدە شەهید کەریم ڕەسوڵ قادر حوسێن یان عەبدولڵا ڕەشید ئەندام ڕێکخراو بووە نەک بێستون. شەهید کەریم ڕەسوڵ، بەقسەی حاجی مەمۆ کە لە پەرتووکی (لە هەواری یادەوەرییەکانمدا) باسی کردووە ناوبراو ئەندامی ڕێکخراو بووە، بەدڵنیاییش لە سەردەمی حاجی مەمۆدا شێوەی ڕێکخستنی شارەکان هێشتا هەر کۆمیتە بووەو لە سەردەمی (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی)دا بووە بە ڕێکخراو، بۆیە دەکرێت کەریم ڕەسوڵ، ئەندام ڕێکخراو بوو بێت کە ناوبراو لە ڕێکەوتی (٢٣/٣/١٩٨١)دا گیراو دواتر لە ڕێکەوتی (١٥/٧/١٩٨١)دا لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدارە درا. عەبدولڵا ڕەشید قادر عوسمان ناسراو بە هیوا، کارگێڕ و ئەندام ڕێکخراو بووە لەدوای گۆڕینی کۆمیتە بە ڕێکخراو لەوکاتەی کە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بەرپرسی ڕێکخراوی هەولێر بووە، بەڵام لە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (١/٥/١٩٨١)دا داوا لە عەبدولڵا ڕەشید کراوە پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بکات، بۆیە ناوبراو لەو مانگەدا پەیوەندی کردووە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، تا لە ڕێکەوتی (١٦/٧/١٩٨٣)دا لە گوندی سێگردکان لەلایەن فڕۆکەکانی ڕژێمەوە شەهید کرا. دوای دەستگیرکردن و شەهید کردنی کەریم ڕەسوڵ قادر سارمەمی و پەیوەندی کردنی هاوڕێ عەبدوڵڵا ڕەشید بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هەریەک لە موعتەسەم عەبدولکەریم بەرزنجی و عەلی محەمەد ئیسماعیل عومەر ناسراو بە شێخ عەلی بەرزنجی بوون بە ئەندام ڕێکخراوی هەولێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کە یەکەمیان لە بەهاری ساڵی (١٩٨٥)دا لەلایەن ئەمنی هەولێر گیراو دوای ئازادکردنی وازی لە کۆمەڵە هێنا، ئەوەی دووەمیان لە ساڵی (١٩٨٤)دا کرا بە کارگێڕی ڕێکخراوی (٣)ی کۆمەڵە لە گوندی (توتمێ)ی دۆڵی بالیسان و لە ئەنجامی گەڕانەوەی بۆ باوەشی ڕژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٥) و ناپاکی کردن و خۆفرۆشتنی خۆی بە ئەمنی هەولێر، لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)دا لەناو شاری هەولێر کوژرا.  

 

ل٢٤٠-٢٤١/ لە بابەتی مێژووی دامەزراندنی (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)دا هاتووە: (لە کۆبوونەوەی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ ی گوندی شێنێ، چەند بڕیارێکی گرنگ دەرچوو، لەوانە گۆڕینی ناوی کۆمەڵە لە کۆمەڵەی مارکسی - لینینی کوردستانەوە بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. مێژووی کۆمەڵە سێ کۆنفرەنسی لەخۆ گرتووە. یەکەمین کۆنفرەنس ساڵی ١٩٨١ لە مالیمۆس بەسترا، دووەمین کۆنفرەنس لە ساڵی ١٩٨٢ لە ناوزەنگ و سێیەمین کۆنفرەنس لە مێرگەپان لە ساڵی ١٩٨٤و لەهەر سێ کۆنفرەنس نەوشیروان مستەفا بە سکرتێر هەڵبژێردراوە).

سەبارەت بە گۆڕینی ناوی ڕێکخراوی کۆمەڵە لە کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، شەهید شاخەوان (محەمەد عەباس عەوڵا)، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لاپەڕە (١٩٨)ی (سەفەری کوردایەتی بیرەوەرییەکانی شار و شاخ ١٩٧٤-١٩٨٠)دا نووسیوێتی: (کۆمەڵەی مارکسی - لینینی کوردستان لە ١/٥/١٩٧٩ لە بارەگای سالار عەزیز کۆبونەوەیەکی کرد، کە ژمارەیەک لە کادیران و سەرکردایەتی کۆمەڵە و لە ئەنجامدا لە کۆبوونەوەکە بەوە گەیشتن کە ناوی کملک ببێ بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان).

بۆیە بۆچوونەکەی شەهید شاخەوان بە ڕاستتر دەزانم نەک ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە لە ژمارە (٤)ی وەرزنامەی کۆمەڵە، بەهاری (١٩٧٩)، نووسراوە: (کۆمەڵە، ئۆرگانی ناوەندی کۆمەڵەی مارکسی - لینینی کوردستان)، بەڵام لە ژمارە (٥)ی هاوینی (١٩٧٩)دا نووسراوە: (کۆمەڵە، ئۆرگانی ناوەندی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)؛ سەرچاوە: (دەرسیم دیبەگەیی، چەند تێبینییەک لەسەر سەروەرییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژگارە سەختەکانی گەلی کورددا، چوارشەممە، ١٢/٣/٢٠١٤، ماڵپەڕەکانی وتاریکورد، دەنگی سەربەخۆ، ماڵمۆکورد، دەنگەکان، کوردستانی گەورە).

سەبارەت بە مێژووی بەستنی کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەمشێوەیە بووە:

یەکەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە لە (١/٥/١٩٨١/ لە دۆڵی مالیمۆس لە نزیک دێی کانی زەرد لە تەک چیای بڵفەت بەسترا).

دووەمین کۆنفرانسی کۆمەڵە (٢١/٨/١٩٨٢/ خڕی ناوزەنگ لە هۆڵی شەهید شەهاب بەسترا).

کۆنفرانسی سێی کۆمەڵە لەنێوان (١٠/٧-٢٢/٧/١٩٨٤/ لە بناری کانی سێوی مێرگەپان بەسترا).

 

ل٢٦١/ لە بابەتی (ئۆپەراسیۆنی لەیلان)دا هاتووە: (ئۆپەراسیۆنی گرتنی پێنج کارمەندی ئەڵمان لەپارێزگای کەرکوک لەمانگی حوزەیرانی ١٩٨١. لەو پێنج کارمەندە، چواریان لە گوندی لەیلان گیران و ئەوی تر لەنێوان کەرکوک و چەمچەماڵ. ئەوەی کە ئەم ئۆپراسیۆنەی ئەنجام داوە پێشمەرگەکانی کەرتی ٤ی جەباری هەرێمی ٥ی قەرەداغ بوون. یەکێتی بۆ ئازادکردنی کارمەندە ئەڵمانەکان ئەم داواکاریانەی لەبەردەم حکومەتی ئەڵمانیای خۆرئاوا دانا: ٣- گوشار بخاتە سەر حکومەتی عیراق بۆ ئازارکردنی ٢٧ هاووڵاتی کورد کە فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووەو لە گرتووخانەی موسڵن. ٤- گوشار بخاتە سەر حکومەتی عیراق بۆ بەردانی ٤ منداڵی کوردی خەڵکی شاری کەلار کە تەمەنیان لەخوار ١٣ ساڵەوەیەو لەمانگی شوباتی ١٩٨٢ەوە گیراون. هاووڵاتییە حوکمدراوەکان: جەمال قادر، جەلال محەمەد، عەبدوڵڵا ڕەسوڵ، عومەر میرزا، بەرزان عومەر، جەوهەر حوسێن، سەید برایم ئەحمەد، ئیسکەندەر حەیدەر، عەلی تۆفیق، دارا حەمید، عەلی محەمەد، بێستون حسێن، عەلی حەمە ئەمین، مەحمود محەمەد، یوسف مەجید، بەکر کەریم، تەحسین ڕەحمان، جەمیل ئەحمەد، جەوهەر حەمە، شێرۆ ڕەشید، یونس بابەکر، حەسەن ئیسماعیل، واحد ڕەسوڵ، سلێمان عەبدوڵڵا، تاهیر عەبدوڵڵا، ئومێد ساڵح کەریم، مەجید عیسا).

سەرەتا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ٤ منداڵەکەی شاری کەلار نووسراوە لە مانگی شوباتی ١٩٨٢ەوە گیراون، ڕاستییەکەی مانگی شوباتی ١٩٨١ە کە بەیاننامەکە خۆی لە مانگی حوزایرانی ساڵی ١٩٨١ دەرچووە.

دواتر ئەمە نووسینی ئینسکلۆپیدیایە و دەبوایە بەشێوەیەکی ورد لە مێژووی بەیاننامەکەو مێژووی لە سێدارە دان و شەهیدکردنی ئەو ٢٧ تێکۆشەرەی بەشی سێدارەی زیندانی موسڵ-یان بکۆڵیبایەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان ئەو دوو مێژووەدا، کە مێژووی بەیاننامەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١ە، کەچی بەشێکی زۆر لەم ٢٧ هاوڕێیەی ژووری سێدارە لە مانگی مایسی ئەم ساڵەدا لە سێدارە درابوون! ڕاستە ئەوە هەڵەی ئەوان نییە، بەڵام پێویستە لەسەر ئەوان زانیاری نادروست و دژ بەیەک نەخەنە ناو ئینسکلۆپیدیا، یان ڕوونکردنەوەیان بدابایە!

بۆ نموونە ئەمانەی خوارەوە کە ژمارەیان (١٦) هاوڕێیە و بەر لە دەرچوونی بەیاننامەکە لە سێدارە درابوون:

له‌ شه‌وی (٩/١٠-٥-١٩٨١)دا جه‌وهه‌ر حوسێن ئه‌حمه‌د ناسراو بە جه‌وهه‌ر هه‌شه‌زینی لە سێدارە دراوە.

له‌ شه‌وی (١٣/١٤-٥-١٩٨١)دا بەکر کەریم محەمەد عەزیز محەمەد ناسراو بە بەکر سوسەیی، له‌ سێداره‌ دراوە.

له‌ شه‌وی (٢٠/٢١-٥-١٩٨١)دا ئەم سێ هاوڕێیە تان لە سێدارە دراون: (جه‌میل ئه‌حمه‌د مه‌حمود حەمە دیبه‌گه‌یی، جه‌مال قادر جوامێر ماوه‌تی و عه‌لی محه‌مه‌د ئه‌مین نه‌سروڵڵا سه‌ید سادقی).

له‌ به‌ره‌به‌یانی رۆژی (٢٦/٥/١٩٨١)دا ئەم چوار هاوڕێیە گوللە باران کراون: (ته‌حسین ره‌حمان فه‌رحان حەوێز، جه‌لال مه‌حمود ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د سورداشی، سلێمان عەبدولڵا ئیسماعیل سوسەیی و یونس بابه‌کر حوسێن وسو ناسراو بە یونس خۆشناو).

له‌ شه‌وی (٢٧/٥/١٩٨١)دا ئەم حەوت هاوڕێیە لە سێدارە دراون: (ئه‌سکه‌نده‌ر حه‌یده‌ر ڕۆسته‌م، سه‌ید ئیبراهیم ئه‌حمه‌د گه‌رمکی، تاهیر عەبدولڵا زاخۆیی، دارا حه‌مید عه‌زیز، عه‌لائه‌دین تۆفیق عه‌بدولقادر، عومه‌ر میرزا شاسوار و مه‌جید عیسا عه‌بدی خورشید زاخۆیی).

ژمارەی ئەوانەی بەر لە دەرچوونی بەیاننامەکەی (ی. ن. ک) لە سێدارە دراون، لە نیوە زیاترە، لەهەمان کاتدا زۆر زیاتر لەوانەی لە سێدارە دراون، خەڵکی دیکە لە دادگای هەیئە خاسەی کەرکوک بڕیاری لە سێدارە دانیان دەرچووەو ڕەوانەی ئەو زیندانە کرابوون.

 

ل٢٧٢/ لە باسی ژیاننامەی شەهید (محەمەد عەجەم)دا بەمشێوەیە نووسراوە: (محەمەد عەجەم پێشمەرگە. ئێوارەی ٩ی ئایاری ساڵی ١٩٧٨ لەکاتێکدا لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی خالید سابیر دەیانویست لە هەولێرەوە بگەڕێنەوە، لە نزیک گۆڕستانی سەید مەعروف کەوتنە بۆسەوەو شەهید کران).

ناوی تەواوی شەهید محەمەد عەجەم، جەعفەر مەحمود محەمەد مستەفایە و ناوی شەهید (نەبەز)یش خالید سابیر عوسمان محه‌مه‌دی کادیری پێشکه‌وتووی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستانە، کە لە ئێوارەی ڕۆژی (٤/١٠/١٩٧٨)دا لە گۆڕستانی سەید مەعروف لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر بەهۆی ناپاکی حوسێن مه‌حمود که‌ریم (حوسێن زیل) لەلایەن ئەمنی هەولێر شەهید کران. حوسێن زیل، خۆیشی له‌ جاشایه‌تی و فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌تی جاش له‌ گه‌ڕه‌کی کوران نزیک جاده‌ی شه‌ستی له‌ شه‌قامی ئه‌لبان لەناو شاری هه‌ولێر له‌ ڕێکه‌وتی (9. 1. 1986)دا له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سێکی کوردپه‌روه‌ره‌وه‌ کوژرا؛ (دەرسیم دیبەگەیی، ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان).

 

ل٢٩١-٢٩٢/ لە بابەتی (مەڵبەند)، سەبارەت بە مەڵبەندی (٤) هاتووە: (بارەگاکەی لە گوندی سماقولیی سەروچاوە دانراو سنووری لە باکوردا لە بالیسان دەستی پێ دەکردو لە باشووردا لەگەڵ سنووری کارگێڕی پارێزگای هەولێر کۆتایی دەهات، لە ڕۆژهەڵاتدا زێی بچوک لە پارێزگای سلێمانی و لە ڕۆژئاوای زێی گەورە لە ناوچەی بادینانی جیا دەکردەوە. ساڵی ١٩٨٥ ئەم مەڵبەندەو مەڵبەندی ٣ تێکهەڵکێش کران و کرانە یەک مەڵبەند بەناوی مەڵبەندی ٣و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی کرایە لێپرسراوی).

یەکەم بارەگای مەڵبەندی (٤) لە کۆتایی ساڵی (١٩٨٢) تا مانگی نۆڤێمبەری ساڵی (١٩٨٤) هەر لە بالیسان بوو، کە ئەو ماوەیە دکتۆر کەمال خۆشناو لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە بووە. دوای ئەوەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ڕێکەوتی (١٥/٩/١٩٨٤) هاتە دەرەوەو کرا بە لێپرسراوی مەڵبەندی (٤)، دوای نزیکەی مانگ و نیوێک یان دوو مانگ بارەگای مەڵبەند لە گوندی بالیسان گواسترایەوە بۆ گوندی سماقولیی سەروچاوە.

28. 3. 2014 هەینی‌

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

Go to top