We have 46 guests and no members online

دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی "8.12.2013)دا نامەیەکی کراوەم لەژێر ناوی "ناساندنی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس وەکو زیندانییەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان)دا بۆ هەریەک لە سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری کاروباری شەهیدان نووسی و لە ڕێکەوتی "21.12.2013)دا لە ماڵپەڕەکان و پەیژی فەیسبووکدا بڵاوکرایەوە، فەرمانبەرێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان لە ڕێکەوتی "25.12.2013)دا ئەوەی بۆ نووسیم "کاک دەرسیم سڵاو.کاکە قسەم لەگەڵ وەزیر کرد، گوتی با داواکاری پێشکەش بکەن ئێمە بەڵگەکانی کاک دەرسیم لەبەر چاو دەگرین و کاری باشی بۆ دەکەین)، دەبێ ئەوە بڵێم ئەو فەرمانبەرە هیچ درێخییەکی نەکرد و ئەمڕۆکە "19.1.2014"فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس-ی گەیاندە لای وەزیری کاروباری شەهیدان، وەلێ وەزیر گفتەکەی خۆی نەبردە سەر و نە بەڵگەکانی لەبەر چاو گرت و نە کاری باشیشی بۆ کرد، بەڵکو بەنائومێدی ناردیەوە شەنگال و منیشی شەرمەزار کرد.

بۆیە داوا لە هەموو ئەو هاوڕێ و هەڤاڵانە دەکەم کە لە زیندانی هەیئە خاسەی کەرکوک و ئەبوغرێب لەگەڵ فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس بووینە، بەتایبەت هاوڕێ محەمەد حەسەن خورشید کەرکوکی کە چەند مانگێک لە ژووری سێدارەی موسڵ بووەو هەڤاڵ ڕزگار تەها عوسمان عەبدولڵا "ڕزگار کێستەیی"کە خۆی و هەڤاڵەکانی لە هەیئە خاسە لەگەڵ ناوبراو بووینە، بە چەند دێرێک پشتیوانی خۆیان بۆ فازڵ یوسف دەربڕن و گلەیی خۆیان دەربارەی ئەو کارەی وەزیری کاروباری شەهیدان دەربڕن.

حکومەتی هەرێم و دوو حزبی دەسەڵاتدار بە هەزاران کەسیان لە جاش، دزو تەزویرچی کە بەشێکیان دەناسم و ناوەکانیان لامە بە ناڕەوا کردۆتە شەهیدی سەنگەرو مووچەی شەهیدانە و خانەنشینییان پێدەدەن.کۆمکاری زیندانە سیاسییەکان "40"هەزار زیندانی سیاسییان تۆمارکردبوو کە بەشێکی زۆریان زەوی، خانوو و مووچە یان خەڵاتیان لەو دوو پارتە وەرگرتبوو، کەچی دواتر دەرکەوت تەواوی ژمارەی زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان لە "4"هەزار زیندانی زۆرتر نەبووە.خۆ هەر باسی پێشمەرگەی دێرێن و ڕێکخستنی دێرین هەر مەکە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندین جاشی دێرین و سەرۆکجاشی دێرین و فەرماندەی مەفرەزە خاسەی دێرین و ڕەفیق حزبی دێرین کران بە پێشمەرگەی دێرین، نزار خەرزەجی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێراق، سوڵتان هاشم ئەحمەد تائی فەرماندەی فەیلەقی یەک، فارس حوسێن ئەلمحیاوی فەرماندەی فەیلەی پێنج و وەفیق سامەڕائی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری سەربازی سەردەمی ئەنفالەکان کە هەر چواریان بەشداری ئەنفالەکانیان کردووە، وەلێ بە شایەدی سەرکردەی حزبە کوردییەکان بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە کران بە ڕێکخستنی دێرین، تیاشیان دایە لە سەرۆکجاش، فەرماندەی مەفرەزە خاسەکان و جاشە کوردەکان مووچەی خانەنشینییان بۆ بڕدراوەتەوە! کەچی فازڵ یوسف شێخ ئەلیاس، هەروەکو خۆم ئاگادار بوویمە لە ڕێگای براو ئامۆزامەوە کە لە ژووری سێدارەی زیندانی موسڵ بووینەو دواتر لە سێدارە دران، خۆی و شەهید مەردانی برای کە بەهۆی هەوڵی شکاندنی زیندانی سێدارەی موسڵ لە سێدارە دراو فازڵ-یش خۆی سزای هەتا هەتایەی بۆ دەرچوو، حکومەت و دەسەڵاتی کوردی مووچەیەکی زیندانیی سیاسیی بۆ فازڵ بە ڕەوا نابینێت!

بۆیە ئیمڕۆکە زۆر دڵتەنگ و بێزارم، تەنانەت ڕووی ئەوەم نەبوو بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ فازل یوسف بکەم، بۆیە حەزناکەم قسە لەگەڵ هیچ کەسێک بکەم، مەگەر کەسێکی خۆشەویست و زۆر لە دڵا شیرین نەبێ.

 

19.1.2014 یەکشه‌ممه‌

 

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

Go to top