We have 70 guests and no members online

گەر کەمێک لە قەیرانى هەنوکەیى نێوان هەولێرو بەغاو سەرهەڵدانى و هۆکارى بەردەوامى و تەشەنەکردنى وردبینەوەو بمانەوێت لە یەک دوو وشەدا دەرى ببڕین ئەوا دەڵێین؛ هەمووى دەرەنجامى پەلەکردنە، دەرەنجامى هەڵپەو پەلاماردان و بڕیارى سەرپییانەو دیراسە نەکراوەو بەس.

ئایا هەنگاوەکانى جەخت کردنەوە لە هەناردەکردنى نەوت بەو شپرزى و هەڵپەیەى پارتى دیموکرات لە ماوەى چەند ساڵى پێشوودا لەسەرى موسیڕ بوو؛ مەبەست لێى هەنگاونان بوو بەرەو ئابوورى سەربەخۆ و پاشترسەربەخۆیى داهاتووى ئەم بەشەى کوردستان یان هۆکارەکان شتى دیکە بوون؟!

ئەگەر نیاز و سووربوون لەو هەنگاوە-بەو چۆنیەتیەى ئەوان- خواستى بەرەو سەربەخۆیى بوون بوبێت ئەوە واتاو بەڵگەى ئەوەیە داڕێژەرانى ئەو پلانەو داهێنەرانى ئەو فیکرەیە کەمترین شارەزاییان لە سیاسەتى ناوخۆیى عێراق و هەرێمى و نێو دەوڵەتى هەیە، هەرکەسێک دەیەوێت لەوە تێبگات-و تا ئێستا گومانى هەیە- ئەوا با لە پاڵنەرەکانى چونى دواین وەفدى هەرێم بۆ بەغا وردبێتەوە، هەرلە چونى دەست و بردى وەفدەکەوە تا دەگاتە و پاکانەکارى تورکیاو مەسیج و هانى ئێران و تا دەگاتە جەختلێکردنەوەى دیار و نادیارى ئەمریکاییەکان.

ئەوەتا بە هەموولایەکیانەوەو بە فشارى دیار و نادیاریانەوە ئەو ناچاریەیان دروستکرد کە وەفدێکى خێرا بچن لەگەڵ شەهرستانى دابنیشن و لەکەش و کارنامەیکى کۆنکرێتیدا بە ویستى ئەو کۆببنەوە، پاشان بە چەند خاڵێکى پڕکراوەى خواستەکانى دەسەڵاتى ئەوو مالیکى یەوە بگەڕێنەوە.

ئەوەى من لەم کەین و بەینەى کۆمپانیاکانى نەوت و بگرەو بەردەیەى ئیشەکانى ئاشتى هەورامى و ئەو قەیرانەى لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ دروستیان کردووە حاڵى بووم وسەرى لێدەردەکەم؛ تا ئێستا براوەى گەورەو تاقانە کۆمپانیاکانى نەوت و ئەو چەند بەرپرسە- ى کە حەقتر وایە پێیان بگوترێت گەورە بازرگانى هەرێم-ن و بەس، زەرەرمەندى گەورەش جەماوەرى خەڵکى کوردستانە بە دروستبوون و کەڵەکەبوونى کێشە لە دواى کێشەو بە وەستانى بازاڕى و بە دواکەوتنى داهات و ناجێگیرى گوزەرانى، هەروەها زیانێکى دیکەى خەڵکى ئەم هەرێمە بریتى یە لە گەورەبوونى گیانى ڕق و بوغزاندن و شەیتانى بوونى لەبەر چاوى خەڵکى ناوەڕاست و خوارى عێراق، کە ئەوەش بۆخۆى بەڵایەکى گەورەیەو هەمیشەو بەردەوام دەستى لە تێکدان و ناسەقامگیرى هەرێم و عێراقدا دەبێت، ئەمە بە بێ ئەوەى ئەم خەڵکە سفتاحێکی جیاوازو لەپێشتریان لە چاو بەشەکانى دیکەى عێراقدا کردبێت.

ئێستا هەموو چاوەڕوانى وەڵامى ئ
ەو چەند خاڵەن کە مالیکى و شەهرستانى داویانە بە وەفدەکەى هەرێم، شەقام و بازاڕو بانق و دەسەڵاتى سیاسى لە ژێر فشارێکى بێ وێنەدان و بوارى تاخیر بوون نیە، تواناو هێز و بازوى هەرێم قابیلیەتى ڕووبەڕوبونەوەى نیە،جا ئەگەروەڵامەکە بەو شێوەیەبێت کە ئەوان دەیانەوێت –و ئێران و ئەمریکاش هەر ئەوەیان بەلاوە مەبەستە و تورکیاش لەگەڵ هێمنیدایە- ئەوا یانى ڕێسەکە بویەوە بە خورى و گەڕاینەوە بۆ خاڵى سەرەتاى قەیرانى نەوت و چۆنیەتى هەناردەو فرۆشتنى، هەرچیەکیان لە پشتەوەکرد هەروەکو چۆن مالیکى بەڵێنى ناردنى ٤٠٠هەزاربەرمیلەکەى ئاشکراکرد ئەوا تورکیاو کۆمپانیاکانى نەوت ئاشکراى دەکەن و هەڵى دەماڵن، کە دەکرا هەر سەرەتاى هەنگاوەکان هەروەکو چۆن خەمى گەورەى سیاسیەکانمان گونجان و سەقامگیرى بەغاى پڕ کێشەو گرفت بوو، وەبوون بە ئاوى سەر ئاگرى نێوان لایەنە جیاجیاکانى عەرەب، هەر بەو شێوەیەش درێژەیان بە هەنگاوە ئاشکراکانیان بدایەو بەس، خۆ ئەگەر وەڵامەکە بە جۆرێکى دیکەبێت ئەوە بێگومان ئەو کاتە یانى لاى خۆیەوە حکومەتى هەرێم کچى خۆى دەکات بە قوربانى کۆمپانیاکانى نەوت و تورکیاو ئەمریکاو ئەوانیش ئەو کچەیان پێ قەبوڵ ناکرێت، واتە بارو دۆخێکى مەترسیدارى تاقەت پڕوکێن بسەر خەڵکى هەرێمدا دێنن و کەس ناتوانێت مەزەندەى کۆتاییەکەى بکات.

 

Go to top