We have 156 guests and no members online

کاتێک گوێمان لە بەرپرس و لە هەواڵەکانی وڵاتانی عەرەب و تورک و هی تر دەبێت کە دەڵێن "الحکومة الکوردية، Kurdish government، حکومەتی کوردی/حکومەتی کوردان)، پێمان ناخۆشە، لامان وایە چاويان بە کوردستان هەڵ نایەت بۆیە ناڵێن حکومەتی کوردستان/حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ڕاستییەکەی، حکومەتی کوردی/حکومەتی کوردان، بەو شێوەیەی ئەوان بەکاری دەهێنن، دروستە، و "حکومەتی هەرێمی کوردستان"دروست نییە.ئەم سێ وشەیە بە ناهەق خراونەتە پاڵ یەکتری، و لە خۆڕایی گوێمان پێی ڕاهاتووە!

حکومەت هی گەلە، گەل سەرەتا و بنەڕەتی شتەکانە.پێش دوو سەدەیەك لەگەڵ دروستبوونی یەکەمین حکومەت و دەوڵەتی نەتەوەیی بەو شێوەیەی کە ئێستا دەیبینین، خاكەکان و حکومەتەکان، بە گەلەکانيان ناسێنران و دیاری کران.

بە زمانی ئینگلیزی بە حکومەتەکەی ئەو گەلە دەگوترێت فرێنچ گەڤەرمێنت، حکومەتی فەرەنگ/فەرەنگەکان/فەرەنسی/فەرەنسییەکان "French Government).حکومەتی فەرەنسا، هەڵەیە، نە خۆيان وا دەڵێن و نە گەلانی تر، تەنێ کورد دەڵێت حکومەتی فەرەنسا.قەتەرییەکان دەڵێن الحکومة القطرية، ناڵێن حکومة قطر.قطري/قەتەری واتە خەڵکی قەتەر، گەلی قەتەر، ئەو تائەی دوایین بریتییە لە تائی تەئنیس لەبەرئەوەی لە زمانی عەرەبییدا حکومەت موئەنەسە.

تەنێ کورد دەڵێت حکومەتی ئەمريکا، ئەمریکییەکان دەڵێن ئەمێریکان گەڤەرمێنت، یەعنی حکومەتی ئەمریکی/ حکومەتی ئەمریکییەکان "American Government)، نەوەك حکومەتی ئەمريکا America Government.ئەمە بۆ باقیی حکومەتی وڵاتانی تریش ڕاستە

ماوەیەکی کەمە لە تورکيا بوار دەدرێت ناوی کوردستان بەکاربهێنرێت.کاتێک تورکێکی ئینگلیزی-زان ناوی "کوردستان"ناخاتە پاڵ ناوی حکومەتەکەمان، ئیهانەی تێدا نییە، کوردیش گەڤەرمێنت/حکومەتی کوردی/حکومەتی کوردان ڕاستییەکەیە، و دروستە.ئەوە خۆمانین کە حکومەتەکەمان بە هەڵە ناو ناوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان/حکومەتی کوردستان" و دەمانەوێت هەڵەیەکی ڕێزمانیی خۆکردە، بسەپێنین بەسەر گەلانی تريشدا.

لە یەك حاڵەتدا ڕاستە کە بگوترێت حکومەتی کوردستان/حکومەتی خاكی کوردان، ئەوەش کاتێک بەرامبەر ئەم ئینگلیزییە بێت "گەڤەرمێنت ئۆف زا کوردستان ڕیجن، The Government of the Kurdistan Region""نەوەك بەرامبەر ئەو شێوەیەی حکومەتەکەمان خۆی بەکاری دەهێنێت: کوردستان ڕیجنەڵ گەڤەرمێنت، Kurdistan Regional Government)، بەڵام لەم حاڵەتەشدا لە کۆنتێکستی هەواڵ و باسدا دێت نەوەك ناو.بۆ نموونە بۆ ئەمريکا، وەك ئاماژەمان بۆ کرد، دەڵێن حکومەتی ئەمريکي/حکومەتی ئەمریکییەکان American Government، نەوەك حکومەتی ئەمريکا America Government، تەنها لەم سیاقەدا دەنووسن The Government of the United States of America

بەم شێوەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەیە، حکومەت هی گەلە و دەگەڕێتەوە بۆ گەل، نەوەك بۆ خاك، و ڕاستییەکەی بریتییە لە "حکومەتی کوردی/حکومەتی کوردان)، عەرەبی و ئینگلیزییەکەش بریتی دەبێت لە الحکومة الکوردية و Kurdish Government.

تۆ سەرنج بدە، لە ناوی "حکومەتی هەرێمی کوردستان"دا، لە سێ وشەی کوردستان ڕیجناڵ گەڤەرمێنتدا، ناوی کوردستانی لێ دەرچێت کە ئیسمی عەلەمە، دوانەکەی تر هەڵەن.هەرێم، کە لە ئینگلیزییەکەدا دەنووسن ڕیجناڵ "هەرێمایەتی"لە جیۆپۆلیتیکدا بۆ حکومەتێکی بچووکی هەرێمێك بەکارناهێنرێت.لە جیۆپۆلیتیکدا هەرێم ناوچەیەكی زێدە گەورەیە و بۆ چەند وڵاتێک بەکاردەهێنرێت.دول الإقليم، دەوڵەتەکانی هەرێم، بۆ نموونە، دەکرێت ئێران و تورکيا و سوريا و عێراق بگرێتەوە.هەرێمی کوردستان بە خۆی کە دەیەوێت لە رێی نەوتەوە بێتە سەر نەخشەی هەرێمایەتی، سەیرە بۆ خۆی حکومەتەکەی ناوی هەرێمە، ئینگلیزییەکەی سەقەتتريشە، لە ئینگلیزییەکەدا ڕیجناڵە، حکومەتی هەرێمایەتییە! هەرێم وەك زاراوەیەکی جیۆپۆلیتیک، بۆ خۆی شایانی وتارێکی ترە.

ئەوەی باسمان کرد، بۆ باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانيش ڕاستە.تورکەکان، تەنێ بۆ نموونە، بە نوێنەرایەتییەکانیان "باڵیۆزخانە و کونسوڵگەری"دەڵێن تورکيش ڕیپرێزینتەيشن "نوێنەرایەتیی تورک/تورکەکان)، ناڵێن تێرکی ڕیپریزێنتەيشن "نوێنەرایەتیی تورکيا)، چونکە ئەو دەستگایانە هی گەلن و نوێنەرایەتی گەل دەکەن، نەوەك خاک.هەموو نەتەوەیەكی تريش هەر ئاوها بەکاری دەهێنێت، کورد نەبێت کە لە جیاتی بنووسن کوردیش ڕیپرێزینتەيشن "نوێنەرایەتیی کورد/کوردان)، دەنووسن کوردستان ریپرێزینتەيشن "نوێنەرایەتیی کوردستان).

ئەگەرچی وەنەبێت هیچ بیانوویەك پەسەند بێت بۆ تێکدانی چەمك و ڕێزمان، بەڵام یەکێک لە بیانووەکان شایانی وێستەیە؛ هەندێک کەس بیانوویان ئەوەیە کورد ئاماژەیە بە یەك نەتەوە، بەڵام کوردستان چەندین نەتەوە لەخۆدەگرێت، بەم شێوەیەش گوایە کوردستان گونجاوترە.وەك باسمان کرد، ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتەوە وەك چەمکی سیاسی و ڕێزمان هەڵەیە، ڕاستییەکەی بریتییە لە حکومەتی کوردی، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش، ئەو بۆچوونە، پووچەڵە، پووچەڵە چونکە "ستان"بە مانای کريستيان و جوولەکە و تورکمان نایەت، هەمووان دەزانين ستان واتە خاك، نيشتمان، و کورد-ستان دەکاتە خاكی کوردان، نيشتمانی کورد.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

Go to top