We have 33 guests and no members online

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

 

 

 

نینیتى (خانمى ژیان) وەک ناونیشانى سێیەمین ڤێستیڤاڵى جیهانى ئەدەب لە هەولێر 22-24 ساڵى 2014 لەلایەن (ئەنجومەنى ڕۆشنبیرى بەریتانى و ڕێکخراوى نێودەوڵەتى ئارت ڕۆڵ) تایبەت بە ئەدەب و هونەرى هاوچەرخ بەڕێوە چوو، ئەو ڤێستیڤاڵە ساڵانەیە و کار بۆ درووستکردنى پەیوەندى کلتورى لە نێوان رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان دەکات، هەوڵێکە بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى هونەرى و هاوکاریکرین و درووستکردنى پەیوەندییەکى هارمۆنى لە رێگاى هونەر و فێرکردن و گەڕانەوەى ئەرزش بۆ رەگەزى مێینە و بیروڕاى جیاواز و فەراهەمکردنى شێوەى داهێنەرانە بۆ دبلۆماسیەتى میللى لە رێگاى بە کارهێنانى کلتور وەک پلاتفۆرێک بۆ دیالۆگ و رادەربڕین لە نێو گروپە جیاوازەکانى ناو عیراق و دەرەوەى عیراق.

ئەو نووسینەى بەر دەستتان بەشداریکردنێک بوو لە سەر ئاستى رەنگدانەوەى زمان و مێژووى زمان لە چەوسانەوەى (ئافرەت/ژن) لە دنیاى پیاوسالاریدا، وەک چۆن بەدواداچوون و خوێندنەوەیەکى رەخنەییە بۆ کۆى ڤێستیڤاڵ و ئەو چەمک و دەستەواژە بەسەرچووانەى کە لەو ڤێستیڤاڵەدا لە لایەن هەندێ لە نووسەر و شاعیرانى بەریتانى لەوانەش (ڤیکى ڤێفەر) و (راچێڵ هۆڵمز) جەختى لێدەکرایەوە! یەکێک لەو چەمکانەش چەمکى (وەرگێڕان/تەرجەمە) بوو.

یەکێکى دیکە لەو چەمکانە چەمکى جەستە و نووسین لە بارەى جەستە بوو، وەک لە قسەکانى (جۆلیا کۆپس، روئا زوهێر، مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار، ژاوێن شاڵى ) باس و خواسى لەسەر کرا، هەڵبەتە بەشێکى ئەو نووسینەم بۆ بەدواداچوونى کۆى بیروڕاکانى ئەو بەرێزانەیە تەرخان کردووە.

 

وەرگێڕان

بە یەکگەیشتنى دەق و خوێنەرى جیاوازە

بە بڕواى من قسەکردن لە پرۆسەى وەرگێڕان وەک ئەوەى کە (ڤیکى ڤێفەر) بە خیانەت ناوى دەبرد، قسەکردنێکى فۆلکلۆرییانەیە بەو مانایەى کە چەمکى خیانەت لە شوێنى خۆى کەمترین جولەى لە بوارى تەرجەمە و بەدواداچوونى وەرگێڕاندا هەیە، وەک چۆن قسەکردن لە تەرجەمەکردنى (حەرفى) یان (گواستنەوەى مانا) قسەکردنێکى نائامادە و تەواو بەسەرچووە!؟ ئەمڕۆ قسەکردنى لە بارەى وەرگێڕان (لە ئاستى ئیبداعیدا)، وەک وەک تەئویل دەبینرێت، یان وەک بە یەکگەیشتنى دەق و خوێنەرى جیاواز سەیر دەکرێت! وەرگێڕان لەوێوە تەئویلە کە هیچ وەرگێڕانێک ناکەوێتە دەرەوەى تێگەیشتنەوە! لەوێوەش بە یەکگەیشتنى دەق و خوێنەرى جیاوازە، کە هیچ وەرگێڕانێک ناشێ لە دەرەوەى خوێندنەوەوە هەبێت!

خوێندنەوە تەئویلە، بەڵام نەک بەو مانایەى کە نیازى نووسەر ئاسۆکانى تێگەیشتن بۆ (خوێنەر/وەرگر) دیارى بکات، واتە مەرج نییە تێگەیشتن لە مەبەستى نووسەرەوە سەرچاوە بگرێت، تەئویلیش لەسەر خوێندنەوە و ئاستە جیاوازەکانى خوێندنەوە بونیاد دەنرێت! دەمەوێت بڵێم وەک چۆن خودى تێگەیشتن لە سەر بنەماى بێلایەنى تەماشا دەکرێت، وەک چۆن تێگەیشتن لە نیازى نووسەر هەڵناقوڵێت، بەڵکو ئەوە راڤەکارە لە سەر ئاستى مەعریفە و کلتورى جیاواز و ساتەوەختى خوێندنەوەى جیاواز و ئاستەکانى ئاگایى رەهەند و بۆشاییەکانى دەق و ئاسۆکانى چاوەڕوانى پڕ دەکاتەوە، بە هەمان شێوە هیچ تەرجەمەیەک لە دنیادا نییە تەواوى رووەکانى مانا و رەهەند و ئاسۆکانى دەق بەرجەستە بکات.

کەواتە کە دەڵێم وەرگێڕان تەئویلە بەو مانایەیە، کە هەموو دەقێکى ئیبداعى لە سەر تەئویلى جیاواز و ئاستەکانى ئاگایى (خوێنەر/وەرگر) و خوێندنەوەى جیاواز بوونى خۆى بەرفرەوان دەکات! کە دەڵێم تەئویل بە یەکگەیشتنى دەق و وەرگرە بەو مانایەیە، کە لە دەرەوەى خوێندنەوە و ئەویدیکەى خوێنەر لە دەرەوەى ئەویدیکەى وەرگر، دەق دەکەوێتە نەبوونەوە، وەک چۆن هیچ تەئویلێک لە دنیادا نییە پەى بە هەموو رەهەندەکانى دەق ببات، هیچ تەرجەمەیەکیش نییە لە دنیادا هەموو رەهەندەکانى دەق بگەیەنێت.

رەگەزى مێ

لە دنیاى نێرسالارییدا

هەر لە چاخى ناوەڕاستەوە بۆچوونى نێر و نێرسالارى دەڵێ: ئافرەتان لەپاش پیاوانەوە دێن، چونکە وشەى (Female- مۆنپ) لە وشەى (Male- مژکر) وەرگیراوە. . یان لە وشەى لاتینى (Femina) هەڵهێنجراوە، ماناى وشەى (Femina)ەش بە (ادنى ایمانا) دێت! ئەو دوالیزمییە هەر تەنها لە زماندا بەرجەستە نییە، خودا لە سەرەتادا ئادەمى درووست کردوە، کاتێک ئادەم لە تەنیایى خۆى وەڕس دەبێت، خودا لە پەراسووى چەپى ئادەم حەوا درووست دەکات، ئەوەش دواتر لە دەقە ئایینییەکان زۆر جوان رەنگى داوەتەوە.

من نامەوێ دوالیزمە ئایینییەکان بوڕوژێنم، بەڵام دەبینین فیکرى یۆنان و فیکرى سەدەکانى ناوەڕاست لە سەر دوالیزمە ئایینەکان بونیاد نراوە، (نێر/مێ) (چاکە و خراپە) (رەش و سپى). . . جگە لە دابەشکردنى مرۆڤ بۆ: جەستە و رۆح، کە یەکەمیان هەڵگرى لەناوچوونە و دووەمیان نەمرییە، وەک دەردەکەوێ ئەو تێڕوانینە بۆ جەستە لە ئاستێکى نزمى بیرکردنەوەدا خۆى دەبینێتەوە، بە بەراورد بە تێڕوانینى ئەمڕۆ بۆ جەستە؟!

فیکرى مۆدێرنە وەک درێژکراوەى دروشمەکانى رۆشنگەرى،  فیگۆرى پیاو و نێرسالارى وەک ئیدۆل (-idolبت) و وەک ئەفسانەیەکى زیندوو و تەماشا دەکات، بۆیە پیاو و هەژموونى پیاو لە زیاد لە کایەیەک بازاڕى هەیە، لە بەرانبەر ئەوەشدا بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئافرەت لە دۆخێکى نێگەتیفدا دەبینرێ، وەک پاشکۆ، وەک پلە دوو، وەک بابەتى ئیرۆتیکى، سێکسى. . . بە کار دەهێنرێت، وەک چۆن دەتوانین لە پشت یارییە وەرزشییەکان و تۆپێن بە تایبەتى، لە پشت هەر یەک لە کاراکتەرە سینەماییەکانى وەک: (جیمس بۆند)ى هەواڵگرى ئەمریکى و (دراکولا)ى خوێنمژ و (ڤیکتۆر فرانکشتایین)ى تۆقێنەر، شارلۆک هۆڵمز، دۆنجوان، تەڕەزان. . . ئافرەت وەک پاشکۆ و بەرکار بخوێنینەوە. . . هەڵبەتە بەشێکى گەورەى ئەو بیرکردنەوەیە هەر تەنها بە فیکرەى مۆدێرنەوە بەند نییە، بەڵکو بۆ پۆست مۆدێرنەش درێژ دەبێتەوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەو بیرکردنەوە مۆدێرنەیە بە شێوەیەکى گشتى بزاڤى ئافرەتان کردارى تایبەت بە خۆیان نواندووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیرى وشەى (woman - امراە) بکەین، دەبینین لە دەستەواژەى (Woe to man- الویل للرجل) هەڵێنجراوە. جگە لەوەش تەماشاکردنى جەستە وەک چەمکێکى زیندوو، دەستکەوتێکە لە دەستکەوتەکانى بزاڤى ژنان، ئەگەرچى بزاڤى ئافرەتان لەو ناونانەى سەرەوە دووچارى پەرچەکردار بۆتەوە، بەڵام لە بیرمان نەچێ رۆڵى سەرەکییان لە بڵاوکردنەوەى ئاگایى لەبارەى تێگەیشتنى جەستە، جێگاى شانازییە!

دەمەوێ بڵێم ئەگەر دوێنێ گوتارى فیکرى بۆ تەماشاکردنى (جەستە) کەوتبێتە نێو سیستمى ئەخلاقییەوە، ئەوە ئەمڕۆ قسە لەوە دەکرێت، کە جەستە وەک شتێکى ماددى لە بنەڕەتدا لە هەموو بەها ئەخلاقییەکانەوە دوورە، نە پیرۆزە و نە پیس، بەڵکو ئەوە بەهاى ئەخلاقییە خۆى بە جەستەوە هەڵواسیووە، بێگومان ئەوەش بۆ سرووشتى کۆمەڵگا و رۆشنبیریى نێرایەتى باو دەگەڕێتەوە.

کەواتە جەستە ئەو زیندانە نییە، وەک فەلسەفەى کلاسیکى تێیگەیشتووە، بەڵکو جەستە ئەو زەویەیە کە بە ژیانەوە پەیوەستمان دەکات، زەوى یەکەمە کە دەبێ لەوێوە پێشوازى لە ژیان بکەین و لەوێوە مامەڵەمان لەگەڵ ژیان رێکبخەینەوە. جەستە ئەو پردەیە کە رابردوو و ئێستا و داهاتوو بەیەکەوە دەلکێنێ، ئەگەر قسەکردن تەعبیر لە فیکر بکات، ئەوە جەستە تەعبیر لە جیهان دەکات! دنیا و جەستە لەنێو بینراودان، کەواتە دەبێ واز لەو حوکمانە بهێنین کە جەستە دەخەنە نێو جیهان و بینین دەخەنە نێو جەستەوە، یان بە پێچەوانەوە، چونکە هەر یەک لە جیهان و جەستە بەنێویەکداچوونە، یەک لەنێو ئەویدیکەدا دەبینرێت.

وشەى (ئافرەت)

بە بڕواى فیمینستەکان بەشى سەرەکى کێشەکانى مرۆڤ لە جیهاندا راستەوخۆ پەیوەندى بە دەسەڵاتەوە هەیە: ئازادى، یەکسانى، دادپەروەریى. . هەڵبەتە ئەوە بەشێکى زۆرى لە راستى تێدایە، بەڵام لە بیرمان نەچێ ئافرەتان بە پێى ئەو کلتورەى تێیدا دەژین، کێشەکانیان جیاوازن، بۆ نموونە لە کلتورى رۆژهەڵات بە گشتى و کوردى بە تایبەتى لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى باوکایەتى و نێرایەتى زاڵە، بۆیە راناوى (نێر/ پیاو) دەسەڵاتێکى سەیرى لە دەروون و بیرکردنەوە و وێناکردنى خەڵک و هەموو بوارەکانى دیکەى ژیان تۆمار کردووە، پیاو هەموو سیفەتە پۆزەتیفەکانى کردۆتە موڵکى خۆى. . . عەقڵ و بیرکردنەوە و توانا و ئازایى و لێهاتوویى و سەربەرزى و. . . لە هەمان کاتتدا ئافرەتبوون یەکسانە بە: سۆز، ناسکى، دڵنەرمى، بێ دەسەڵاتى. لە نێو کوردا دەڵێن پیاوێکى عەقڵە، ئافرەتێکى بە سۆزە. . . پیاوێکى ئازایە و ئافرەتێکى بە حەیاو شەرمە. . . پیاوبوون واتە دەسەڵات، و ئافرەتبوون واتە بێ دەسەڵاتى.

لە کلتورى کوردیدا، ئافرەت بە درێژایى مێژوو شێوەیەکە لە قوربانى، هەڵبەتە ئەو شێوەیە لە قوربانى پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە ناونانى ئافرەتەوە هەیە، چونکە وشەى (ئاشتى) لە زمانى کوردیدا بە ئەسڵ واتاى (ئافرەت) دەگەیەنێت، پاشان بە هۆى بە کارهێنانى خودى ئافرەت وەک نرخێکى ئاشتیانە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان، وشەکە بە سەر ئەو ئاشتییەدا بڕاوە، کە ئەو واتایە دەدات، کە ئەمڕۆ ئێمە دەیناسین، ئەو وشەیە لە لایەن یەکێک لە گەلە کۆنەکانى کوردستان، کە لە هەزارەى چوارەمى پێش زایین دەورێکى زۆریان لە کوردستانى کۆندا بینیوە، بە کار هێنراوە، ئەوانیش خوورییەکانن، خوورییەکان لە ناوەڕاستى هەزارەى دووەمى پێش زایین دەوڵەتى (میتانی)ان دامەزراند. . . لە (زمانى خوورى)دا وشەى ئافرەت بە چەند شێوەیەک هەیە: ئاشتێ، ئاشتا، ئاشتى، کە ماناى (ژن-هاوسەرى مێینە)ى هەیە. هەر لەو کاتەوە ئافرەتیان وەک قوربانى بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکى و جەنگەکان بەکارهێناوە، لەبرى خوێن، لە برى سامان. . . ئەو بیرکردنەوەیە هەتا ئێستا لە کلتورى کوردى پانتاییەکى بەرفرەوانى داگیر کردووە، بەشێکى زۆرى بەرگرى کردن لەو فیکرەیە لەسەر بنەماى گەڕانەوە بۆ رابردوو و رەسەنایەتى درێژە بە خۆیان دەدەن، گەڕانەوەش بۆ رابردوو لە نزیکترین پێناسەیدا پەیوەندی بە فەرامۆشکردنی فیکر و نەبوونی جیهانبینییەوە هەیە، وەک چۆن پەیوەندی بە نەبوونی بابەتبووندایە! بە مانا (هابرماسی)یەکەش کاتێک فیکر دەکەوێتە فەرامۆشییەوە، ئیتر تەواوی ئازادی و ئامادەیی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات، هەر فیکرێک نەتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات و خۆى نوێ بکاتەوە و نەتوانێت ئامادەیی خۆی بسەپێنێت، ئەوە وەک بابەتیش لە بری ئەوەی وەک بکەر (active) دەربکەوێت، وەک رەمز (symbol) ئامادە دەبێت! دنیاى رەمزى دنیاى دەسەڵاتە، دنیاى سیمبولەکانى باوکە، دنیاى ئەویدیکەى گەورەیە. . . هەموو ئامادەییەکی رەمزیانە، هەموو ئامادەییەکى دەسەڵات. . . دەکەوێتە سەرووی واقیع و سەرووی پانتاییە حەرام و حەلالەکانەوە.

وشەى (ژن)

بیرکردنەوەیەک هەیە کە پێیوایە وشەى ژن لە ژینەوە هاتووە، واتە ئەو کەسەى کە ژیان بە خەڵک دەبەخشێت، ئەو ناونانە پشت بە زمانەکانى (رووسى و بولگارى) دەبەستێ، چونکە لەو زمانانەش بە ژن دەوترێ ژن. . . ئەو بیرکردنەوەیە پێیوایە وشەى ژن لە وشەى ئافرەت باشترە بە بەڵگەى ئەوەى کە زۆرینەى کورد کرمانجن و ئەوانیش وشەى ئافرەت بە کار ناهێنن بەڵکو ژن بە کار دەبەن، ژن بە ماناى کابان، کاڤان دێت، وشەى (کا) بۆ گەورە بە کار دێت، تەنانەت لە سەردەمى ئەکەدییەکانیش (کا) بۆ گەورە بەکار هاتووە، ئەگەر بەردێک گەورە بێت دەڵێن (گابەرد).

کورد دەڵێ: شێرەژن، خاڵۆژن، مامۆژن، پیرەژن، باوەژن. . . وشەى ئافرەت ناتوانێ ئەو شوێنانە پڕ بکاتەوە. بەرانبەر ئەوەش ئەوانەى وشەى ئافرەت بە راست دەزانن، دەڵێن ژن تەنها بەوانە دەگوترێت کە شوویان کردووە، تۆ ناتوانیت بە کچێک بڵێیت ژن، یان منداڵى مێ؟!

بیرکردنەوەیەکى دیکە هەیە، کە راستى نە لە (ئافرەت) و نە لە (ژن)دا نابیننەوە، بەڵکو پێیانوایە وشەى (خوشکان) دەشێ بۆ منداڵ و هەرزەکار و ژن و پیرەژن. . . بە کار بهێنرێت. من قسە لەو بیرکردنەوەیە ناکەم، بەڵام وەک دەردەکەوێت لە نێوان بە کار هێنانى وشەى (ئافرەت) و (ژن) دوو بیرکردنەوەى جیاواز هەیە: یەکەمیان ئافرەت وەک قوربانى سەیر دەکات! دووەم ژن وەک بەخشینى ژیان دەبینێ! هەردوو بیرکردنەوە لەوێدا یەک دەگرنەوە کە (مێ) وەک بەرکار تەماشا دەکەن، نەک وەک کارا، ئەگەر بیرکردنەوەى یەکەم، پێیوابێ هەمیشە ئافرەت وەسیلە بووە بۆ گەیشتن بە ئاشتى و ئاشتەوایى، ئەوە جەوهەرى ئەو بیرکردنەوەیە لەوێوە هەرەس دێنێ، کە هیچ نرخ و ئەرزشێک بۆ ئازادى و حەز و بڕیار و هەڵبژاردن . . . ئافرەت دانانێ، بەڵکو ئافرەت دەبێ ملکەچ بێ و لە پێناو ئاشتى و سەلامەتى نێر واز لە بچووکترین مافە سەرەتاییەکانى خۆى بهێنێ، ئەو بیرکردنەوەیە لەوێوە شکست دێنێ، کە پێیوایە هەمیشە ئافرەت دەبێ وسبە لە ئامادەیى و وسبە لە بوونى خۆى بکات، و دیدوبۆچوونەکانى خۆى فەرامۆش بکات. . .

بەڵام بیرکردنەوەى دووەم ژن وەک کارگەیەک تەماشا دەکات، کارگەیەک کە باجى پێشکەوتنەکانى پیاو دەدات و چێژ و خۆشى بە ژیان و نێرایەتى دەبەخشێت، کارگەیەک کە جگە لە بەرهەمهێنانى منداڵ لە هیچ بوارێکى دیکەدا تواناى ئامادەیى و داهێنانى نییە، مەبەستى من ئەوە نییە، وەک کاراکتەرى (ڤیکتۆر فرانکشتاین) ئەو رۆڵە تەقلیدییە (traditional) لە ئافرەت بسێنینەوە، چونکە فرانکشتاین دەیەوێت هەم زرنگ بێت وەک پیاو، هەم رۆڵى ئافرەتیش ببینێ، واتە بێ ئەوەى ئافرەت بێت، مرۆڤێک بهێنێتە بوون!

کەواتە لە بیرمان نەچێ هەر تەنها ئایین نییە، ژنان بە هەموو مانایەک دەچەوسێنێتەوە، بەڵکو ئەوە بزاڤی کۆمەڵایەتى و سیاسیشە پەیڕەوی لەو چەوسانەوەیە دەکات، دەمەوێ بڵێم چەوسانەوەی ژنان هەر تەنها بە دیدی ئاینییەوە بەند نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە نایەکسانی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. بێدەنگکردنی ژنان لە رووی قەدەغەکراوە رۆشنبیرییەکانەوە هێزی گەورەی هەژموونی دروشمەکانى رێنیسانس و مۆدێرنەى لە پشتەوەیە.

مێینەیى

لە نێوان یەکسانى و جیاوازیدا

(راچێڵ هۆڵمز) لە دەستپێکى ئەو فێستیڤاڵەدا گوتى: هیچ سیستمێک ناتوانێ هاوسەنگى بە دەست بهێنێت، ئەگەر بناغەی لەسەر (نایەکسانی) هێزەکانی دانرابێت. هەروەها گوتى ئێمە دەمانەوێت لە ئازادیدا یەکسان بین و دەمانەوێت لە سیستەمی پەتریاکى رزگار ببین.

لە دووتوێى ئەو پێشەکییە بیرم لە زاراوەى (رەگەز) کردەوە، کە ئاماژە بە جیاوازییە بایۆلۆژییەکانى نێوان ژنان و پیاوان دەکات، جیاوازى ئاشکرا لە ئەندامە سێکسییەکان، لە سکپڕى و منداڵبوون و زاوزێکردن، بەخێوکردنى منداڵ، بەرانبەر ئەوەش بیرم لەوانە کردەوە، کە بەرگرى لە (یەکسانى) نێوان پیاوان و ژنان دەکەنەوە و پێیانوایە ئەوە ئەو جیاوازیەیە واى کردووە، ژنان لە پلەى دووەمدا بن؟!

دەمەوێ بڵێم لە ژێر زاراوەى (رەگەز) نە دەتوانین بەرگرى لە (جیاوازى) بکەین و پارێزگارى لە تایبەتمەندییەکان بکەین و بیپارێزین! نە ژن دەتوانى لەگەڵ پیاو یەکسان بێیتەوە و خۆى وەک پیاو نیشان بدات! لێرەدا پێویستمان بە رێگاى سێیەمە، چونکە دابەشکردن بەسەر یەکسانى و جیاوازى، دابەشکردنێکە بارودۆخى ئافرەتانى هەر وەک خۆى هێشتۆتەوە. . . بۆیە پێویستە لە برى وشەى رەگەز زاراوەیەک بە کار بهێنین بۆ وەسفى ئەو تایبەتمەندییانەى کە پیاوان و ژنان هەیانە، بەڵام پەیوەندى بە جیاوازى ئەندامەکانیانەوە نییە، بەڵکو لایەنى نەفسى و کۆمەڵایەتى دەبنە پێکهێنەرى ناسنامەى جێندەرى ئەو کەسە، کاتێک لەمنداڵیەوە گەشە دەکات، بەو مانایەش زاراوەى (جێندەرGander) چارەسەرى دوالیزمى یەکسانى و جیاوازى دەکات؟! هەر لە سەر ئەو بنەمایەش دەمەوێ لە بەشێک لەو قەسیدانەى خوێنرانەوە ئاماژە بەو تێگەیشتنە بدەم کە هەڵگرى لایەنى دەروونى و کۆمەڵایەتى جێندەرن، ئەوانەیش کە نێرسالارى وەک ئامانج دەبینن:

(ئاماژەیەک)

لە شەوی رابردوودا

هەستم بە درێژبوونەوەیەک کرد لە دڵما

لەژێری قەفەسی سینگما

دریژبوونەوەیەکی ورووژنێری گەڕۆک

نە لە هەناسەدان دەچێ و

نە لە تربەیەکی شەکەتی دڵ.

ئاماژەیەکی گیان بوو.

بۆیە ئێستا هەست بە هیچ ئاسایشییەک ناکەم

پێش ئەوەی بەندبکرێ و

کۆت بکرێ و

بخرێتە لانکی ئیسکەکانی کڵۆتم

پاشڕا بخرێتە بەلەمی پزدانم. .

هەمرە بە میهرەبانی هەڵیدەگرم

لە هەر ئینجێکی ماڵەکەم

گەرچی کات درەنگە لەم رۆناهییە درێژەدا

لە کەوانەی هەردوو باڵما و پێچگەی کەنداڵدا

کە ئاو کۆدەبێتەوەو

سووری شەفەق ئارخەیانە.

 

(جۆلیا کۆبۆس) وەک شاعیر هەوڵدەدات توانا و هەستى جیاوازى مێینەیى یان مێیایەتى بخاتە روو، هەستێک کە تواناى جوانکردنى دنیاى هەیە، وەک لە قەسیدەى (ئاماژەیەک) دیمان، هەروەها لە قەسیدەى (بوارێکى هەموار) مێینە ئەو کەسەیە کە تواناى بەرەوپێشبردنى ژیان و ژیارى تێدا رەنگدەداتەوە، بەڵام لەو دیدەوە نا کە نێرێکى چڵێس وێناى دەکات، بەڵکو لەو دیدە کە مێیەکى داهێنەر دایدەهێنێ!

دڵنیایی

لە (خولی کۆچ)

پاش رۆژێکی درێژ

باوکم دەرگاکان و

پەنجەرەکان و

پەردەی پەنجەرەکان دادەخا

ئاری

دەنگی با و

پرسیاری دوێنێ دادەخا.

دایکم هەموو گڵۆبەکان خامۆشدەکا

لە هەر ژوورێک

لە هەر کانتۆرێک

تەلەڤزیۆن و رووناکی سووری بریسکەی دڵ و

دوامین ئەستێرەش خامۆشدەکا،

لەم ئاسمانە بیانییە هەرگیز. .

ئینجا بە پەڕۆشەوە

دەهەڵاژێن و

گوێ لە وراری زارۆکان دەگرن. . .

پاش بیست ساڵ

هەناسەدانی باوکم

لە چۆڕاوگەکانی ئەشکەوت و

وڵنگە دەچوو!

دایکیشم لە خەونەکانیا دەخەفێ و

جارێکی تر لەوەش خرابتر روودەدا

چیاکان گەمارۆمان دەدەن

هەناسەی دامێنەکانی رۆژانی گەنجی خەفەدەکەن و

ناوانێک و

شوێنانێک، کە پێیان وتمان: هەلوەدا،

هەمرەش ئێژین: هەلوەدا

ئەوسا

بە پەڕۆشەوە

لە سەر نوێنەکەم رادەکشێم و

گوێ دەگرم لە دەنگی بەفرە هەرە دوورەکان.

وەک دەبینین لە لاى (کابکا کاسابۆڤا) نێر و مێ سەیرورەتى ژیان بەرێوە دەبەن! کاسابۆڤا دروشمى سەرەکى ژیاندۆستییە و پێمان دەڵێ: با بە پەرۆشەوە روو لە ژیان بکەین، چراکان بگەشێنینەوە، بەرەو داهاتووییەکى سپى. . .

چێشتگەی دایکم

هەمرە دەبمە میراتگری چێشتەگەی دایکم

هەندێک شووشەواتی درێژکۆڵە و بنێسن

هەندێکیشیان کورت و خەپەن

قاپەکانی لە تاخمە ناشیرینەکانن

پەرداخەکانی لە بۆنە جیاوازەکاندا بلەز کڕێنراون

قازان و پاتیلەکانی ژەنگاوین

دایکم ناتوانێت فڕێیانداتە دەرەوە

دەڵێت: " ئیتر هیچ مەکڕە"

" لەم نزیکانە هەموویان بۆ تۆ دەمێننەوە"

دایکم پلانێکی دیکە بۆ هەڵاتن دەڕێژێ

کە یەکەمجار بووە خاوەن خانوو

خانوویەکە، هەمرە ئاوەدانی دەکاتەوەو ناوماڵەی بۆ دادەنێ

لە (69) وە دایکم نیگەرانە، کە لە سیفرەوە دەسپێدەکا

ئەمە نۆیەمین جارە

باسی کەلوپەلە لەناوچووەکانی ناکا

کە چەندین جار ماڵ وحاڵی بەجێهێشتووە

بۆ هیچ شتێک هەست بە پەشیمانی ناکا

جگە لە دارمێوەکانى پێش حەوشە نەبێ

 کە لەسەر کەپری هەیوانکەدا بڵاوبۆتەوە

دایکم هەمیشە دەسترا، تا ترێ پێ بگاو

کیسەى پەمووینی دەدووری تا لە هەنگ بیپارێزی!

ئەز دزانم

هەرگیز نابمە میراتگری درەختەکانی دایکم!

 (چۆمان هەردى) پێیوایە خەونى مێینەى رۆژهەڵاتى، کوردى بە تایبەتى هەر لە یەکەم رۆژى بینیندا بە مردووى دێتە دنیاوە، مردووش جگە لە رابردوو نە ئێستاى هەیە نە ئایندە، کەواتە ئەوەى کە مێینەى کوردى پێى دەڵێت خۆپارێزى لە نائومێدى و رەنجەڕۆیى. . . جگە لە وەهم، جگە لە خەونى خواستراو شتێکى دیکە نییە، مێینەى کوردى هەموو ئەو وەهم و خەونانە لە تورەکە دەکات، هەر یەکێک تورەکەى تایبەت بە خۆى هەیە، لەو تورەکەیە هیچ مێینەیەک نابێتە میراتگرى مێینەیەکى دیکە، بەڵام هەموو دەبنە میراتگرى واقیعى سەپێنراو و کەلوپەلى چێشتخانەکان و موبەقەکان، بڕوانە قەسیدەکانى بینیلۆپەکانی نیشتمانەکەم، چێشتگەی دایکم، هاوینە سەربان. . . ئەو رەشبینییەى چۆمان هەردى لە قەسیدەى (لاشەی کەسێکی مردووم)ى (سەمەرقەند ئەلجابیری) بە ترۆپک دەگات:

( لاشەی کەسێکی مردووم )

من چەندەکم

لە بازاڕدا شتم بۆ کڕیون

لە سەقم و سەرمادا بە تەنیا نانم دروستکردووە

و بەتەنیا

بە لەرزانەوە کاژێرەکانی سپێدەم بەسەربردوون لە مووبەقدا

لام نەکردۆتەوە ژیانی خۆم . . . چاوەڕوانی بیستنی لاقرتێ و گاڵتەکردن بوویم

دوای ئەوە ئێوە چی چاوەڕێی دەکەن

من چەندەکم . . .

قاپ و قاچاغ و چپەچی قیزەوونی ئێوەم شتوون

یارمەتی ئەو بەچکەمنداڵەم داوە لە ئەرکی ماڵەوەیدا

ئەو خاتوونەم فێرە دروومان کردووە

لەگەڵ ئەمەشدا، شتی دیکە هەن

بۆم هەیە دەستم لە ژێر بالووعە ساردەکە دابنێم

خەون بە دفنکردنت ببینم

چەندین خۆشییم هەن کە ناژمێردرێن

لە کن حەوزی شۆردن زیاد دەبن

و بزە دەمگرێ

و دیسا وەک چەندەکێک. . .

بە غەمبارییەوە ڕادەوەستم و جلەکان ئوتوو دەکەم

کەچی هێشتا زۆر ماوە

دەتوانم ئاو لە خۆم بچۆڕێنمەوە لەتەک ئەو جلانەی هەڵیان دێخم

خەیاڵی عومرێک دەکەم کە بە بێ زەردەی شکوربژێریی

 ووردە ووردە لە چاو وون دەبێ و نامێنێ

لەوکاتەدا زەردەخەنە دەمگرێ.

 مێیینە لە رۆژهەڵات هەموو ژیانى لە (موبەق) بەسەر دەبات و ئاوڕ لە ژیان ناداتەوە، لە بەرانبەر ئەوەدا خەونى مێینەى رۆژهەڵاتى لە قەسیدەکەى سەمەرقەند ئەلجابیری خەونى لەناوبردنى نێرسالارییە، بەڵام بەو خەونەدا دەڕوا و وردە وردە لەو خەونە ون دەبێ، ئەو خەون و ونبوونە جوانترین شتێکە کە مێینەى رۆژهەڵاتى پێشکەشی ژیانى دەکات، وەک لە قەسیدەى (کبریت) تەعبیرى لێدەکات، بەڵام ئایا ئامادەیى مێینە لە واقیعدا ونبوونە لەو خەونانە، ئایا ونبوون لەو خەونانە بە قوربانى ناوزەد ناکرێت؟! لاى هەر یەک لە (ئاوێزان نورى) و (رۆژ هەڵەبجەیى) نێر دنیایەکى پێچاوپێچە زۆر زەحمەتە لە دەستى دەرباز بیت، چونکە تەواوى ژیان لە ژێر هەژموونى ئەودایە، تەنها رێگا چارە ئەوەیە وەک (ئاوێزان) دەنگ هەڵبڕى و بڵێیت بڕیار دەدەم، دڵم لە بەرد مارە بکەم. . بڕوانە قەسیدەى (تەوبە). . . یان وەک رۆژە بڵێیت: تۆ لەقابیل بکوژتر بووى، جەلادێک بووى ناخى منت هەڵکۆڵى. . .  (ئیلهام ناسر ئەلزوبێدى) لە قەسیدە جوانەکانى. . . دوو روومان نیشان دەدات، یەکەمیان ژیان بێ دەستلەملانێى جیاوازییەکان ئارامى بە خۆیەوە نابینێت، رووى دووەمى ئەگەرچى مەرج نییە، بە راستى پێویستت بە ئەویدیکە و ئامادەیى ئەویدیکە لە ژێر یەک (ناونیشان) هەبێت، بەڵام هەمیشە بوونى ئەویدیکەى جیاواز خۆشى و رەنگاو رەنگى دەنەخشێنێت.

باوکە

بەیانی جەژن دێت

و منیش

چاوەڕێی شەبەنگی تۆ دەکەم

بە هەویای دەنگی تۆم

هاتوو لە بیرەروەریی

ملکەچی خەونەکانم دەبم . . .

بەپێ دەڕۆم بەرەو باوەشت

لە ناو گەرمیی ئارامییدا نقوم دەبم

و دەچرپێنم

باوکە . . . باوکە

ئەی کۆچکردوو

و لە دوورەوە هاتوو

هەموو ساڵێ تارماییت خۆی جەژنە.

دواجار لە کۆى ئەو قەسیدانەى کە ئاماژەم بۆ کردن و مێ نووسیویەتى، دوو دنیابینى و دوو بیرکردنەوە دەبینرێت، یەکەمیان خۆرئاواییە بەوەى کە گرفتى رەنگەکانى خۆى وەک (مێ) نیشان دەدات، دووەمیان خۆرهەڵاتییە بەوەى رەنگى ئەویدیکەى (نێر) زاڵە و مێ دەیەوێ لە ژێر ساباتى ئەو رەنگە بە خەون و خەیاڵ بژى. . . هەر بەو مانایەش لەسەرەوە گوتمان مێینەکان بە پێى ئەو کلتورەى تێیدا دەژین، کێشەکانیان جیاوازن، بەشێکى زۆرى ئەدەب خۆى لەو تایبەتمەندییانەوە دەبینێتەوە، بەڵام بە ئاستە جیاوازەکانى چیگوتن و چۆنگوتن.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

 - ژان بیار بریسە (1837-1923) زاناى زمانەوانى فەرەنسى، بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ2، ێ133. 137.

 - ئەمساڵ (2014) سێیەمین ڤێستیڤاڵى جیهانى ئەدەب نینیتى لە هەولێر لە (هۆتێل چوارچرا) بەرێوە چوو، لەو ڤێستیڤاڵەدا بەشداربووانى وڵاتى بەریتانیا پێکهاتوون لە: (کاپکا کاسابۆڤا، جۆلیان کۆپس، نیا داڤێس، راچێڵ هۆڵمز، ئێس جەى فۆلەر، کەى میللەر، غەریب ئەسکەندەر، چۆمان هەردى) لە هەر یەک لە شارەکانى عیراقیش ئەو نووسەر و شاعیرانە بەشداربوون (ئیلهام ئەلزوبەیدى، سەمەرقەند ئەلجابیرى، روئا زوهێر شوکر، مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار، ئەحمەد عەبدولحوسێن، نیزاڵ ئەلقازى، ئەزهار علی حەسەن حوسێن، عەلی وجیە، شاکر مجید سیفو، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، رۆژ هەڵەبجەیى، سەلام باڵایى، ئاوێزان نورى، ژاوێن شاڵى) هەر یەک لە بەرێزان دکتۆر هیمداد عەبدولقادر محەمەد و دکتۆر فازل سامر و کاکەمەم بۆتانى بەشێک لە کۆڕەکانى ئەو ڤێستڤاڵەیان بەڕیوە برد، بەڕێوەبەرى هونەرى لە (بریتش کاونسڵ) (روئا زوهێر شوکر) لە شارى بەغداد و (عەدالەت گەرمیانى) بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى (ئارت رۆوڵ) لە شارى هەولێر. وەرگێرانى دەقەکانى ڤێستیڤاڵ لە ئینگلیزییەوە بۆ عەرەبى و لە عەرەبى و کوردییەوە بۆ ئینگلیزى (موهەندیس محەمەد حوسێن رەسول) و وەرگێرانى لە عەرەبییەوە بۆ کوردى و لە کوردییەوە بۆ عەرەبى (جەلال زەنگابادى)، جگە لە وەرگێرانى راستەوخۆى گفتوگۆکان.

 - راچێڵ هۆڵمز لە (کۆنمار هاوز) لە لەندەن کار دەکات، هەڵسەنگێنەری زنجیرەی هەڤپەیڤینە جیددییەکانە، کە بە (مەحاڵە تازەکان) وەسف دەکرێت. لە ساڵی 2010دا خەڵاتی (کاونسیل کەڵچراڵ لیدەرشپ)ی وەرگرت، چونکە یەکێکە لە (پەنجا ئافرەتی بەریتانی بۆ چاودێری). لە ساڵی 2000وە لەگەڵ ئەنجومەنی رۆشنبیریی بەریتانی و بەرنامە جیهانییەکاندا کاردەکات و بەشداری فێستیڤاڵەکان دەکات.

 - جۆلیا کۆبۆس لە لەندەن لەدایکبووەو ئێستا لە سۆمرسیت دەژی. سێ کۆ هۆزانی هەیەو، راسپێریی پۆیتری بووک سۆسایتی وەرگرتووە. خەڵاتی یەکەمی وەرگرتووە لە ناشیناڵ پۆیتری کۆمبیشن و فوروورد پرایز فۆر بێست لە تاکە شیعردا(2010) لە (2012)دا بۆ خەڵاتی تێد هیووز کاندیدکراوە، لەسەر کۆستلاینز، کە خولێکی ئیستگەیی شیعرییە، دەرەنجامی سەفەرێک بۆ چاروسەریی پیتینی لوولەیین (IVF) و کۆهۆزانی سێیەمی (جیهان بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی) لە 2012دا لەچاپدراوەو، بۆ خەڵاتی (ت. س. ئیلیوت) و خەڵاتی کۆستا پۆیتری کاندیدکراوە. ئەمساڵیش (2014) یەکەم کتێبی (هۆگ لە تەمدا) پەخشدەکرێت. خاتۆ جولیا رێڤەبەری دووەمە لە ناشنیاڵ ریدینگ راوند سکیم لە رۆیاڵ لێترەری فند. لە ساڵی 2008دا، لە زانکۆی ئیکستەر هاوەڵێتی شکۆداری وەرگرتووە.

 - روئا زوهێر شوکر نووسەرو پاچڤەوانە. لە ساڵی 1987دا لەدایکبووە. هەڵگری بەڵگەنامە بەکالۆریۆسی ئەدەبیاتە، لە زانکۆی کووفە. ئەندامە لە یەکێتی گشتی ئودەباو نووسەرانی عیراقە. لە بەرهەمەکانی: (دێڕانێک بە مەرەکەبی گیان) و (دوا هەڵاتنی). روئا زوهێر چەندین خەڵاتی وەرگرتووە بەرانبەر نووسنە رۆژنامەڤانییەکانی.

 - مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار شاعیرەو رۆمان نووس و وەرگێڕە. خەڵکی (میسان) ـە لە عیراق. چالاکە لە بواری مافی ئافرەت و شیعرەکانی لەسەر ئاستی جیهان بڵاوکردۆتەوەو، یەکەم کۆمەڵە چامەی (هەورە گرمە) لە دەزگای عەرەبی پەخشمەندان بڵاوبۆتەوە.

 - ژاوێن شاڵى شاعیرەیەکی خەڵکی شاری سلێمانییە لە کوردستانی عیراق و، دوو کۆهۆزانی پەخشبوونەتەوەو، ژمارەیەکی زۆر وتار لە گۆڤارو رۆژنامەکانی کوردستان، کە رۆژنامەڤان و رەخنەگرە. یەکەم کۆهۆزانی بە سەرناڤی (پایزی ژیانم) لە ساڵی 2008دا لە سلێمانی بڵاوبۆتەوەو، یەکێتی نڤیسەرانی کورد کۆچامەکەی (نە تۆ مایت و نە باران) لە ساڵی 2013دا پەخشکردۆتەوە.

 - سێ کۆهۆزانی پەخشکردووە: خزمە نزیکەکان- 1981، کارەکەرە دەستبڕاوەکە- 1994کە خەڵاتی هینمان و کاندید بۆ خەڵاتی فۆروۆرد کراو، (کتێبی خوێن) – 2006 کە بۆ خەڵاتی فۆروۆردو خەڵاتی کۆستا کاندیدکراو، چامەی (جودێت)ی خەڵاتی فۆروۆرد بێست سنگڵ پرایزی بردەوە. لە ساڵی 1993دا هاوەڵێتیی هاوسۆریدنی وەرگرت و لە ساڵی 1998دا خەڵاتی ئاتس کاونسڵ رایتەرزی وەرگرت و، لە ساڵی 1999دا خەڵاتی چۆلمۆندیلی بەرکەوت.

 - بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ2 2006، ێ100-101.

 - خودى سەردەمى رینیسانس سەردەمى زێڕین و پاڵەوانانەى پیاو بووە، لە بوارى دۆزینەوە و کەشفى زانستیدا، کۆپەرنیکۆس، گالیلى، نیوتن. . . سەردەمى کرانەوە بە رووى نهێنییەکانى گەردوون و سروشت، هەر بۆیە پیاو بووە بە توێژەرەوە و ئافرەتیش وەک بەشێک لەو سرووشتە ماوەتەوە، کە لەلایەن پیاوەوە پشکێنراوە‌. . . گۆڤارى (سەردەمى ژن) ژ 2.

 - کۆمەڵێک کاراکتەرى پیاو کە سەرنجى دنیا بۆ ئامادەبوونى پیاو پەراوێزخستنى ئافرەت رادەکێشن، لەوانە: جیمس بۆند، خاوەن مەزاجێکى سارد و بێ هەستە، کەسایەتیەکى بە هێز و پتەوى هەیە، لە زیاد لە بوارێکدا شارەزایە، بەڵام هیچ پرۆژەیەکى بۆ ئایندە نییە، لە پەیوەندى لەگەڵ ئافرەتدا زۆر رەق و ساردە، هەمیشە دەیەوێت چێژ لەو ساتەوەختە ببینێ کە تێیدا دەژى. . . دراکولاى، سیمبولێکە بۆ گەڕانەوەى خراپە چەپێنراوەکانى ناو پیاو، لە رێگاى عەقڵى سەرەتاییەوە هەڕەشە لە ژیارى دەکات. . . ڤیکتۆر فرانکشتایین، لە رێگاى خولقاندنى دەعبایەک دەیەوێت مێینەیى و منداڵبوون لە ئافرەت بسێنێتەوە. . . شارلۆک هۆڵمز، فەرامۆشکردنى ئافرەتە وەک مەتەڵێکى بێ وەڵام، تەعبیر لە پەیوەندى نێوان عەقڵ و سۆز دەکات. . . دۆنجوان، راستەوخۆ ئاماژەیە بەو دۆخە نێگەتیفەى کە ئافرەتى پێ پێناسە دەکرێت. . . تەرەزان، تەعبیر لە ململانێى نێوان عەقڵ و سۆز دەکات، نێوان ژیارى بوون و کێوى بوون. . .

لەو بارەوە فرانیسیس بیکۆن جەخت لەسەر ئەقڵانى بوونى پیاو و سۆزدارى ئافرەت دەکاتەوە. کەواتە بەشێکى زۆرى بە پیاوببوونى جیهان پەیوەندى بە کلتور و مەشهوربوونى پیاوەوە هەیە. . : ئەفسانەکانى پیاو، لە دۆنجوانەوە تا جیمس بۆند، بڕوانە گۆڤارى (سەردەمى ژن) ژمارە 2، بڕوا عەلائەدین.

 - ه. س. پ. ل101.

 - بونتی، موریس میرلو، المرئی واللامرئی، ت. د. سعاد محمد خچر، دار الشۆون الپقافیە العامە، بغداد، 1987، ێ126.

 -هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە سەرەڕاى مامەڵەکردنى ئافرەت لەگەڵ شتە نەرمەکان و مامەڵەکردنى پیاو لەگەڵ شتە زبرەکان، رووییەکى دیکەى ئەو مەسەلەیە بایۆلۆجیە و پەیوەندى بە هۆرمۆنى (hormone) (تیستسترۆن) هەیە، هۆرمۆنى رکابەرى و ململانێ، ئەو هۆرمۆنە لە پیاوان بە رێژەى بیست ئەوەندى ژنان هەیە.

 - پیاو سەرى بەرز دەکات و لە بەرانبەردا ئافرەت دەبێ سەرى نزم بکات.

 - فازڵ قەرەداغى دەڵێت: لەبەر ئەوەى کە وشەى (ئافرەت) کۆنتر و بەرجەستەتر بووە، پێدەچێت وشەى (ئاشتى) کە نوێترە و زاراوەیەکە موجەرردە لەوەوە خوازرا بێت، واتە وشەى (ئاشتى) بە بە سەر ئاشتبوونەوە دابڕابێت، بڕوانە: رۆژنامەى ئاوێنە لە 21/2/2012.

 - د. جەمال نەبەز، بڕوانە رۆژناموە میدیا ژمارە 192.

- بەهرۆز جەعفەرى نووسەر دەڵێت من لە دەمى (مام جەلال)ەوە بیستم کە گوتى بەکار هێنانى وشەى ژن لە ئافرەت راستترە.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، پێشەکى فیستفاڵى نینیتى، راچێڵ هۆڵمز، ل4.

 - ساڵى (1995) لە کۆنگرەى لوتکەى زەوى کە تایبەت بوو بە ئافرەتان لە (پەکین) وشەى جێندەر لە بەیانى کۆتایى کۆنگرەدا (254) جار بەکارهێنرا.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، جۆلیا کۆبۆس، ل19-23.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، کابکا کاسابۆڤا، ل15-18.

 - کابکا کاسابۆڤا شاعیرەو گەڕان نووسە. پاش رووخانی دیواری بەرلین، خێزانەکەی لە بولغاریاوە بۆ نیوزیلەندا کۆچی کرد. چیرۆکێکی بەسەرناڤی {(شەقامێک بێ ناو) لە 2008دا} کە باسی بولغاریای کۆمۆنیست دەکات، بۆ خەڵاتی دوو لیفەر یۆرۆبیان و یانەی سفر دۆلمان کاندیدکرا. هەروەها چیرۆکی {(دوازدە خولەک لە ئەڤین) لە2011دا} بۆ خەڵاتی نووسەرانی ئوسکوتلەندی کاندیدکرا، کە باسی تانگۆی ئەرجەنتین و راڕایی و گومان و منەی نیشتمان دەکات. رۆمانێکی هەیە بە ناونیشانی {(ڤیللا باسفیکا) 2011}کە دەربارەی ئەمەریکای باشوورەو، دوو کۆهۆزانیش: (ژیانی کەسێکی دیکە) و (جوگرافیای گومبوون). خاتۆ کاسابۆڤا وەرگێڕیشە لە زمانی بولغارییەوە بۆ ئینگلیزی و، هەمیشە بەشدارە لە: گاردین، ئینتلیجنت لایف و سکۆچ ریڤیوو. خاتۆ کاسابۆڤا لە سکۆتس هایلاندز- ئوسکوتلەندا دەژی پاش ئەوەی کە تافی هەرزەکاری و بیست ساڵێک لە تەمەنی لە نیوزیلەندا بردۆتەسەر.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، چۆمان هەردى، ل27-28.

 - چۆمان هەردى لە کوردستانی عیراقدا لەدایکبووەو، لە تەمەنی یەک مانگیدا لە ئاوارەی هەندەران بووە. پێنج ساڵی تەمەنی منداڵێتیی لە شارۆچکەیەکی نزیکی تاران ژیاوە، پاشان بۆ سلێمانی شارە دایکی گەڕاوەتەوە، بەڵام دیسان لە ساڵی 1988دا بەهۆی زەبروزەنگی سیاسی ئاوارە بووەو لە کوردستانی ئێران گیرساوەتەوەو، خۆی فێری زمانی فارسی کردووەو خۆی رۆشنبیر کردووە. پاشڕا لە 1993وە بووەتە پەناهەندە لە ئینگلتەراو، لە کوینز کۆلیج ئوکسفۆرد خوێندوویەتی و(بەکالۆریۆسی فەلسەفەو سایکۆلۆژیا) وەرگرتووەو، ماستەری فەلسەفەی لە یونیڤرستی کۆلێجی لەندەن وەرگرتووەو، دکتۆرای ساغڵەمی ئاوەزی لە زانکۆی کینت کانتربەری وەرگرتووە. چۆمان لە ساڵانی (1996و 1998) دا دوو کۆشیعری بە زمانی کوردی پەخشکردۆتەوە. لە ساڵی 2002دا پێگەی راهێنانی پێ سپێردراوە لە جیروود- ئارڤۆن یۆنگ رایتەرز لەگەڵ کلێر شۆ، میریل پوغ، دێن پارکین و کەسانی دیکە، بە سەرپەرشتی جیۆرج سزیرتس. کۆشیعری ئینگلیزی چۆمان (ژیان بۆ ئێمە) لە 2004دا لە لایەنی بلۆدئەیکس پەخشکراوەو، پاش هەژدە مانگ جارێکی تر پەخشکرایەوە. چۆمان شارەزاو کارامەیە لە هەڵبژاردنی شیعرداو، چوار چامەی هەڵبژێردراوە لە 2010وە بۆ خوێندنی قوتابیانی ئینگلیزی (GCSE)و، لە هەمان ساڵدا (پۆیتری ئەرچیف) سیدییەکی پەخشکردووە بە عینوانی (چۆمان هەردی لە چامەکانی دەخوێنێتەوە). لە ساڵی 2006دا چۆمان یەکێکە لە شاعیرە لاوەکان، کە هۆزانیان بڵاودەکریتەوە وەک بەشێک لە بەرنامەی (چامەگەلێک لە ئەندەرگراوند)ا. لە (2001- 2003)دا کورسی یەکەمی ئیکسلد رایتەرز لنکی وەرگرتووەو، ئەندامە لە پۆیتری بووک سۆسایتی (2005- 2007) و ببلیک برودکاستینگ سێرفس پامفلیت سێلێکتەر(2006- 2008). لە ساڵی 2008دا بە هاریکاری (میمی خەلڤاتی) شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ی لە کوردییەوە وەرگێڕاوەتە ئینگلیزی بۆ (پوێتری ترانسلەیشن سەنتەر) و (Enitharmon ) لە گەڵ دەقی کوردیدا بڵاویکردۆتەوە.

 -بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، سەمەرقەند ئەلجابیری، ل61-62.

 - ئاوێزان نورى شاعیرەو چالاکوانە. لە 2004دا(پەنا)ی بڵاوکردەوەو، خەڵکانی لە بواری FGM هۆشیارکردەوەو، و تێکۆشا بۆ ئیقناعی حکوومەتی عیراق بۆ سەپاندنی یاسایەکی قەدەغەی گشتی. لە رووداوە سیاسییەکانی کەرکووکی گرفتاری چەندین رووداوی تقینەوەی مۆرکداری تایفەگەری، بێ گومان دەکەویتە بەر گوللە، ئەگەر لە ستارەی سەربانەوە سەرهەڵبڕی و، لە بواری FGM دا کاربکەیت! (پەنا) بایەخ دەداتە ئەو ئافرەتانەش کە تووشی زەبروزەنگی خێزانیی هاتوونە و دێن.

 - ڕۆژ محەمەد لایق ناسراو بە (ڕۆژ هەڵەبجەیى) لەکۆتایى شەستەکان لەشارى هەڵەبجە لەدایک بووە. پەیمانکاى مامۆستایەتی تەواو کردووەو، کاری مامۆستایەتی کردووە. یەکەم چامەی بەناوێکى خوازراوەوە لە ڕۆژنامەى هاوکارى لەساڵى (1986) دا بڵاوکردۆتەوە. دواى ئەوە ئیتر وەستا، بەهۆى کارەساتى کیمیاباران کردنى هەڵەبجەوەو،  دواى ڕاپەڕینی1991 توانی بێتەوە ناو کایەى ئەدەبەوەو، پێنج کۆمەڵە شیعر بڵاوبکاتەوە: (تارماى پێى مەراقێک/ نەخوڕەى دەرگایەک نەقومێک کەس/ تاخەو دائەگیرسێ بنوو/ ئەو موناجاتێکە لەچاوەکان/پایزێک بەپاڵتۆى کانوونێکەوە) بەوەش ڕۆژ هەڵەبجەیى ژمارەیەکی زۆری خەڵات لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا وەرگرتووە.

 - گەر کەوانى دەستى دوێنێم، تیر بۆسبەینێ بهاوێ، دەبێ ئەمڕۆکە بڕیار دەم، تەوبە بکەم لە تۆ ئەى پیاو، تەوبە لەوەى جارێکى تر نەتپەرستم. . . بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب) ئاوێزان نورى، ل32-35.

 - تۆ لەقابیل بکوژتر بووى، دیدارى جێهێشتن لەتۆوە فێر بووم، منت شەڵاڵکرد بەفیراق، بەڕووخاندنى ڕۆح. . . هیچ مەڵێ، هیچ لەیارەوە بوویتە ناحەزى زەردەخەنەکانى دڵم. . . لەیارەوە بوویتە سڕینەوەى، باخچە فڕیوەکانى گەنجیم. . . بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، رۆژ هەڵەبجەیى، ل44-47.

 - ئیلهام ناسر ئەلزوبێدى هەڵگری بەڵگەنامەی بەکەلۆریۆسە لە هونەری موزیک- ئکادیمیای هونەرە جوانەکان 1984. ئەندامێکی چالاکە لە رێکخراوانێک کە تێدەکۆشن بۆ دابینکردنی مافەکانی ئافرەت و منداڵ و تەمەن گەورەکان. لە چەندین بەرنامە چالاکی کاریگەری نواندووە. ئێستاکەش نوێنەری کۆمەڵەی پاراستن و پێشختنی خێزانی عیراقییە لە شاری بەسرە. چەندین لێکۆڵینەوەی نووسیوە سەبارەت بە زەبروزەنگ دژی ئافرەت و منداڵ و کێشەکانی بێوەژنان لە عیراقدا. لە چەندین وۆرکشۆپدا بەشداربووە. ئیلهام زوبەیدی زۆر چالاکە، نەمازە لە دەزگای عەمماری خێرخوازی جیهانی، کە گۆڤارێکی مانگانە پەخشدەکاتەوەو، لە 1985وە یەکخستنکەری پڕۆژەی کۆمەڵەی هونەرمەندان بوو. ئێستاکە خەریکی ئامادەکردنی کۆچیرۆکێکە.

 - بڕوانە (نینیتى سێیەمین فیستفاڵى جیهانى ئەدەب)، ئیلهام ناسر ئەلزوبێدى، ل30-31.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

 

 

 

لە كۆتایی وەرزی پایز و لەگەڵ (فروغ)دا دەڵێین "ئیمان بهێنین بە سەرەتای وەرزی سارد"، لەو ڕستە شیعرەدا (ئیمان) و (وەرزی سارد) وەك دوو خەیاڵكراوی لەیەكنزیك خۆیان دەردەخەن، دەشێ ئیمان لای فروغ خواستی دۆزینەوەی مانایەكی دیكە و بەكارهێنانێكی دیكە و تێڕوانێنیكی دیكە بێت بۆ ساردایی ناخ. بەڵام لە دەرەوەی شیعردا ئەو لە یەكنزیكبوونەوەیە ڕەنگە مەحاڵ بێت، چونكە مەرج نییە وەرزی سارد بكەوێتە نێو سنورەكانی ئیمانەوە، بە هەمان شێوەش بۆشایی نێوان ئیمان و وەرزەكان، دەشێ گومان پڕی بكاتەوە!

من نامەوێت لەو دەستپێكە (ئیمان) لە شیعری فروغی فەرخزاد دابماڵم، بەڵكو هەوڵدەدەم پرسی ئیمان و بە كارهێنانی ئیمان وەك پرسێكی (فەلسەفی و سایكۆلۆجی و مەعریفی) لە شیعرییەتی (زمان) و (زمانی كوردی) نزیك و دوور بكەمەوە، نەك ئیمان بە خودا كە ئاڵۆزترین و كۆنترین كێشەیەكە لە نێوان زانست و ئاییندا. هەڵبەتە بەو مانایەش نا كە (بڕوا) لە بری (ئیمان) و (باوەڕ) وەك باگكراوەندی ڕاستی و ڕاستبێژی و قەناعەت تەماشا بكەم، بەڵكو بەو مانایە كە بەكارهێنانەكانی وشەی بڕوا و بڕواكردن بۆ ڕەواندنەوەی (گومان) لە ڕووی سایكۆلۆجییەوە دەچێتەوە سەر ڕەچەلەكی باوەڕ و باوەڕدارییەوە! وشەی باوەڕیش كە لە زمانی (فارسی) بە (باڤەر؛ Baver) دەخوێنرێتەوە، هەڵگری ئەو سنورە دیاریكراوانەیە كە (ئیمان) لە ڕووی دڵنیاییەوە دەیكێشێت! بە كورتی وشەی باوەڕ و باوەڕداری كە لە زمانی عەرەبی بە مانای (اعتقاد، معتقد، عقیدە، ڕای، مبدا، گریقە، ایمان، پقە، مژهب) بە كار دەهێنرێت، لە سەر یەك هێل لەگەڵ وشەی (بڕوا) و (بڕوا كردن) دەڕوا، كە لە زمانی عەرەبی بە مانای (مبداء، عقیدە، -پقە = یقین-، اعتقاد، تصدیق، ایمان، معتقد، ڕای) دێت. بەڵام پرسیاری من ئەوە نییە، كە لە ڕێگای ئیمانەوە بە یەقین دەگەین، یان لە ڕێگای ڕاستییەوە بە بڕوا دەگەین؟! بەڵكو زۆر بە سادەیی دەمەوێت لە كۆی ئەو قسانەدا بڵێم لە زمان و كلتوری كوردیدا (چەمكی ئیمان) زێتر وەك چەمكێكی سایكۆلۆجی كاری پێدەكرێت و (چەمكی بڕوا) وەك چەمكێكی ئایدیۆلۆجی بە كار دەهێنرێت! بەو مانایەش (چەمكی بڕوا) لەو ناوەندەدا چەمكێكی باركراوە و سادە نییە؟! بەڵام ئەگەر (سادە نەبوونی) چەمكی بڕوا پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە دژ بوونەوە لە بەرانبەر چەمكی ئیمانەوە هەبێت، ئەوە (سادەبوونی) ئەو چەمكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خودی چەمكی بڕوا وەك (گۆڕاو) جیاوازی و دژە وەستان قبوڵ ناكات، واتە بە هەمان شێوەی چەمكی ئیمان هەموو شتێكی پێچەوانە و جیاواز لە خۆی، ڕەتدەكاتەوە. بۆ زێتر نزیكبوونەوە لەو چەمكەش لە بوارەكانی مەعریفە و فەلسەفەوە دەتوانین لە هەردوو كتێبی (فەلسەفەی بوون- لێكۆڵینەوەیەك لە هزری پاش میتافیزیك)ی دكتۆر (محەمەد كەماڵ) و كتێبی (مەعریفە و ئیمان)ی (بەختیار عەلی و هێمن قەرەداغی)دا بگەڕێین، بەڵام بۆ ئەوە نا ئیمان بە ئیمان تەفسیر بكەین و بڕوا بە بڕوا، بەڵكو بۆ ئەوەی بگەینە ئەو گوتەیەی نفێری، كە زانینی نەگۆڕ و جەهلی نەگۆڕ یەك شتە.

(1)

چەمكی (باوەڕ) وەك چەمكێكی سادە و نەگۆڕ خۆی وەك سەرجەمی مانا و دەلالەتەكان نیشان دەدات، بەڵام باوەڕ هەر تەنها لە ڕێگای دڵنیاییەوە پەیوەندی بە ئیمانەوە نییە، بەڵكو دەلالەتەكانی بڕواشی لەخۆدا هەڵگرتووە، چونكە هیچ باوەڕێك بە مانا فەلسەفییەكەی لە دەرەوەی (بڕوا) بەو مانایەی كە ڕاستی و ڕاستەقینەیە، بوونی نییە. وەك چۆن هیچ (بڕوا)یەك ناتوانێت سنورەكانی بەكارهێنانی (باوەڕ) تەجاوز بكات، بەو مانایەش (بڕوا) و (ئیمان) دەكەونە نێو ئەو پانتاییەی كە بەكارهێنانی (باوەڕ) لە ساتەوەختێكی زەمەنی و مەكانی دیاریكراو سنورەكانی دیاری دەكات. بڕوا یان ئیمان ئاماژە بۆ یەك جۆر لە ڕاستی دەكات، ئەویش سنوردانانە بۆ زانیارییەكان و قبوڵنەكردنی جیاوازییە!! چونكە وەك لە كتێبی (فەلسەفەی بوون)ی دكتۆر (محەمەد كەماڵ)دا هاتووە: بڕوا لەسەر جۆرێك لە زانین درووست دەبێت، بەڵام لەگەڵ جێگیربوونی دەبێت بە دۆگما و لە ئاستی ئەگەری جیاوازدا دەبێ بە ڕێگر، چونكە بڕوا بانگەشەی دوا ڕاستی و دوا قۆناغی بیركردنەوە دەكات. . ل9-10. بەڵام حیكایەتی مرۆڤ و ئیمان لە كوێوە دەستپێدەكات، هۆكارە بایۆلۆژییەكانی مانەوەی ئیمان چیین، پەیوەندی نێوان بڕوا و نەزانین لە كوێوە دێت و لە كوێوە كۆتایی دێت؟ هەموو ئەو پرسیارانە و زێتریش دەشێ لە بەكارهێنانەكانی بڕوا و ئیمان لە زمانی كوردی و خەیاڵدانی تاكی كوردیدا هەڵگرینەوە.

وەك دەزانین بیركردنەوە خۆی لای (هیراكلیتس) بە لۆگۆس و پاشان (ئەفلاتوون) و (ئەریستۆ) بە هۆش یان ژیری ناوی دەبەن. ئەگەر وەكو (پرۆتاگۆس) و شاگردەكانی زانین و چۆنیەتی زانین بۆ بابەتە هەستییەكان و هەستەكی نەگەڕێنینەوە و پێمانوابێت هەست خۆی بە جیهانی ماتەرەوە دەبەستێتەوە، ئەوە دەكەوینە سەر ئەو هێلەی كە هۆش یان ژیری ڕوو لە بابەتەكانی ئەودیو ماتەر دەكات، بەڵام نەك ئەو كاتەی كە هێزی بیركردنەوە دەكەوێتە فۆرمگیرییەوە، نەك ئەو كاتەی كە فۆرمی بڕواگەریی داوا لە مرۆڤ دەكات بڕواگەر بێت و چیدی بیر نەكاتەوە، بەڵكو ئەو كاتەی كە مرۆڤ لە هێزی بیركردنەوەی بەردەوامەوە جیهانبینی خۆی دیاری دەكات. لێرەدا ئەگەرچی پرسیاركردن لە بیركردنەوە، پرسیاركردن نییە لە ئەقڵێكی ڕووت، بەڵام ڕەنگە بێ پرسیاركردن لە خەیاڵی ئازاد پرسیاركردن لە بیركردنەوە كورتی بێنێت! هەڵبەتە ئەگەرچی من نامەوێت لەو چەند ڕستەیەدا كێشەكانی نێوان مەعریفە و خەیاڵ، ئیمان و گومان زۆر قوڵ بكەمەوە، بەڵام بێ قسەكردن لە هێزی خەیاڵ و هێزی زمان، بێ قسەكردن لە ئاگامەندی ناتوانین قسە لە پرۆسەی بیركردنەوە و گۆڕان بكەین، بە دیوەكەی دیكەش دەبێت بپرسین ئایا خەیاڵكردن دەكەوێتە دەرەوەی (پرۆتاگۆس) و شاگردەكانی. دەكەوێتە دەرەوەی بابەتە هەستییەكانەوە؟ دەمەوێت بڵێم مەحاڵە بتوانین خەیاڵ بخەینە دەرەوەی ئەقڵ و بیركردنەوە، مەحاڵە بە بێ هەستكردن بە دیاردەكان و نزیكبوونەوە لە دیاردەكان هێزی خەیاڵ بە دەست بهێنین، وەك چۆن مەحاڵە لە ڕێگای فۆرمەكانی زانینەوە خۆمان لە نەزانین ڕزگار بكەین، بەو مانایەش ئەقڵ هەمیشە لە پەیوەندی بە خەیاڵ و خەیاڵكراو ڕۆڵی خۆی پرۆسیسە دەكات، گەڕانەوەش بۆ خەیاڵی ئازاد هەرگیز گەڕانەوە نییە، بۆ فۆرمێكی دیاریكراوی هەستكردن و بیركردنەوە، گەڕانەوە نییە بۆ مەعریفەیەی چنراوی ئیلاهی، بە قەد ئەوەی بەرگریكردنە لە توانا لەبننەهاتوو و هێزە جیاوازەكانی مرۆڤ. . .

لێرەدا بەكارهێنانەكانی چەمكی بڕوا بە مانا ئایدیۆلۆجییە چەپگەراكەی ناچێتە خانەی دژە ئیمان بە مانا سایكۆلۆجییە ئایینەكەیەوە، بەڵكو دەبێتەوە فۆرمی كۆتایی خۆی. بەو مانایەش باوەڕ دەتوانێت بە بێ ڕاوەستان لەسەر شتێكی دیكە، هەبێت! كەواتە وەك چۆن لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی گەشەی كۆمەڵایەتیدا (ئیمان) وەك پێداویستییەكی زمانەوانی و كلتوری خۆی پێش باوەڕ دەخات، لە قۆناغێكی دیكەدا (بڕوا) وەك فۆرمێكی دیكە دەچێتە شوێنییەوە، بەڵام سەرچاوەكەیان باوەڕە، هیچ فۆرمێكیش لە فۆرمەكانی (باوەڕ) لە دەرەوەی دۆگما ناژیت، كەچی خەیاڵ و هێزی خەیاڵ هەمیشە لە دەرەوەی فۆرمەكان ئازادی خۆی بە دەست دەهێنێت.

 

ئەگەر لەمڕۆماندا بمانەوێت لە زمانی كوردی خەیاڵدانی تاكی كوردی بەكارهێنانەكانی دەستەواژەی (بیروباوەڕی جیاواز) ڕاڤە بكەین، نابێ وەك پێكهاتە تەماشای نەكەین، ئەگینا دووچاری ئیشكالیی فیكری و فەلسەفی دەبینەوە، چونكە وەك ڕوونمانكردەوە خودی (باوەڕ) دۆگمە، بەڵام (بیر) لەبەر ئەوەی هێزی خەیاڵ و ئازادی خەیاڵی لەگەڵدایە جۆراوجۆر دەكەوێتەوە. وەك دەزانین دۆگم جیاوازی قبوڵ ناكات، بەڵام بیركردنەوە ئەگەرچی هەوڵیش بدات خەیاڵكراوەكانی خۆی بخاتە پێشەوە، بەڵام مەرج نییە شێوەیەكی دۆگماخوازانەی هەبێت! ئەوەش جیاوازی نێوان بیر و باوەڕە. جیاوازی نێوان ئیمان هێنان و وەرزی ساردە، كە خەیاڵێكە لە خەیاڵكراوەكانی (فروغ). لەلایەكی دیكە لە بەكارهێنان و خەیاڵدانی كوردیدا كاتێك یەكێك دەڵێت: بە بڕوای من ئەو مەسەلەیە ئاوا دەبێت. واتە كۆی داتا و زانیاری و بیركردنەوەكانی من تا ئەوەندە بڕ دەكات، ئەوە ئەو ڕاستییەیە كە من پێی گەیشتووم. بەڵام كاتێك دەڵێت: ئیمانم بەو مەسەلەیە هەیە. واتە هەموو زانیارییە زیادەكانی تۆ ناتوانێت ئەو دڵنیاییەی من لەق بكات، چونكە هەندێ شتی نادیار هەیە زانیارییە بەربڵاوەكانی تۆ پەی پێنابات. هەڵبەتە ئەو گریمانە زمانەوانییەی من لە نێوان (بڕوا و ئیمان) لەوێوە نایەت، كە هەمیشە ڕووبەری نهێنی و ڕووبەری سایكۆلۆجی لە ڕووبەری دیارو زانراو، لە ڕووبەری ئایدیۆلۆجی گەورەترە، بەڵكو لەوێوە دێت، كە دەشێ بۆ تاكی كوردی (بڕوا) سنورەكانی ڕاستی ئەمڕۆ دیاری بكات، بەڵام (ئیمان) بەشێكی پەیوەندی بە ئایندە و نادیارەوە دەكات، كە دڵنیایی و قەناعەت پڕی دەكاتەوە! بێگومان بەو مانایە نا كە بڕوا دەتوانێت لە دەرەوەی دڵنیایی و قەناعەتەوە بژی، بەڵكو بەو مانایە كە هەمیشە بەڵگەنەویستەكانی ئیمان وەك موقەدەس، وەك دەست لێنەدراو دەمێننەوە.

 

(2)

ئەگەر حیكایەتی ئیمان بۆ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بكەوێتە پێش ناسینی دنیاوە، وەك (هێمن قەردەاغی) لە كتێبی (ئیمان و مەعریفە)دا قسەی لێدەكات، ئەوە كێشەی مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی وەك (بەختیار عەلی) دەینووسێت، ئەوەیە كە ناتوانێت دان بەو درزانەدا بنێت، كە لە زانیارییەكانیدا هەیە. ئەو دوو بۆچوونە لەوێدا لە یەك نزیك دەبنەوە كە (مرۆڤ ئەوەیە كە هەیە)، لەوێشدا لە یەكجیا دەبنەوە كە (مرۆڤ هەر تەنها ئەوە نییە، چونكە دەتوانێت زێتر بێت)! لە پشت مرۆڤی یەكەم فۆرم و كلتورێك هەیە و نادیارەكان ڕەنگ دەكات! لە پشت ئەوەی دووەمیان هێز و سەركێشییەك، خەونەكان دەنەخشێنێت! یەكەمیان پێمان دەڵێت لە نێو كلتورێكی دیاریكراودا دەژین، دووەمیان پێمان دەڵێت ژیان لە پێشمانە! ڕەنگە ئەوەش بە شێوەیەكی گشتی كێشەی نێوان ئیمان و مەعریفە بێت، كێشەی نێوان مرۆڤی ئاراستەكراو و مرۆڤی یاخی، مرۆڤی دڵنیا و مرۆڤی بە گومان. بەڵام لە بیرمان نەچێت (بەكارهێنان) گرنگیەكی گەورەی هەیە لە ناسینی ئێمە بۆ ژیان، چونكە ئێمە ناتوانین مانای حەقیقی شتێك كەشف بكەین تا وەسفی ئەو شتە یەكسان نەكەینەوە بە وێنەكەی لە ئەقڵماندا، وێنەیەك كە بەرهەمی بەكارهێنان و ئەزموونكردنی ئەو شتانەیە. . (ل244 مەعریفە و ئیمان) لێرەدا پرسیاری من لەوە نییە، كە ئەقڵ دەیگاتێ و ئەقڵ نایگاتێ. ئیمان تێزێكی ئەقڵانییە، یان نائەقڵانییە. بەڵكو دەمەوێت بپرسم پەیوەندی (چێژ) و (بە ئامرازكردنی دنیا) چ توانایەك بەرێوەی دەبات؟! كەواتە ڕاستە كێشە ئەوە نییە باوەڕمان بە ئەقڵ هەبێت یان نا، باوەڕمان بە زانست هەبێت یان نا، باوەڕمان بە تەكنۆلۆجیا هەبێت یات نا، بەڵكو كێشە لەوێدایە كە ئەو باوەڕانەمان وەك دوا حەقیقەت و دوا تەفسیر و دوا فۆرمی ئەقڵانی بخەینە ڕوو. چونكە لە بنەماوە ئێمە كائینێك نین بۆ بەرهەمهێنانی حەقیقەتی ڕەها، بەڵكو هەمیشە حەقیقەتی لۆكاڵی بەرهەم دەهێنین كە زەمەن بەجێیدەهێڵێت و فۆرمی تری حەقیقەت بەسەریاندا دێت. هەموو ئەو قسانەی (هێمن قەرەداغی) پێماندەڵێن مرۆڤ لە گەشتێكی بەردەوامی دۆزینەوەی حەقیقەتدایە، مرۆڤ لە هەر قۆناغێكدا بە شێوەیەكی جیاواز خۆی نوێ دەكاتەوە، مرۆڤ لە شوێنێكی بێ متمانەوە بەرەو دەرەوە هەنگاو دەنێ، بێ ئەوەی بزانێ بەرەو كام و كوێ و چ . هەموو ئەو سەبتایتڵانە دەكەونە ژێر یەك تایتڵی شیعری: مرۆڤ بوونەوەرێكە بۆ بەرهەمهێنانی خەیاڵ. .

كەواتە هەموو ئەو هەوڵە لە بننەهاتووانەی مرۆڤ بۆ ژیان و نوێبوونەوە، هەموو ڕاڤەكردنەكانی نێوان مرۆڤ و زمان، مرۆڤ و زەوی، بە قەد ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خەیاڵی ئیبداعی و چێژەوە هەیە، بە قەد ئەوەی پەیوەندی بە گومان و نیگەرانیەكانەوە هەیە، بە قەد ئەوەی پەیوەندی بە تێگەیشتن و ڕاڤەكردنەوە هەیە. ئەوەندەش ئیمان و بڕوا جێدەهێڵێت! بەو مانایەش پرسیار ئەوە نییە، چۆن ڕوو لە بەكارهێنانەكانی بڕوا بكەین، حیكایەتی مرۆڤ و ئیمان لە كوێوە كۆتایی دێت. بەڵكو ئەوەیە مرۆڤ چۆن بوونی خۆی پرۆسیسە دەكات، مرۆڤ چۆن خۆی بۆ دنیا و زمان دەكاتەوە؟!

 

دواجار دەمەوێت لەگەڵ هایدگەر بڵێم زمان ماڵی بوونە! بەو مانایەش هەمیشە مرۆڤ لە خەیاڵی شیعرییەوە هەنگاو بەرەو واقیعێك دەهاوێژێت كە واقیعی ئەو نییە، بەرەو مانایەك هەنگاو دەنێت كە زمانی مەجاز دەینەخشێنێ، چونكە ماڵی زمان دڵنیایی ناس ناكات، چونكە هەمیشە مرۆڤ لە خواستی دۆزینەوەی مانایەكی دیكە و بەكارهێنانێكی دیكە و تێڕوانێنیكی دیكەدا دەژی، بەڵام ژیان هەرگیز چارەسەری نەزانینمان ناكات، بەڵكو هەمیشە وەك شێوازێكی دیكەی ئەزموونە جیاوازەكان دەكەوێتەوە، هەرگیز ژیان چارەسەری نەزانینمان ناكات، بەڵكو توانایەكە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و چێژ و جوانی، ژیان توانایەكە وێنەی بوونەوەرە جیاوازەكان دەكێشێت، ژیان شیعرە، مرۆڤ شاعیرانە كەوتووەتە نێو ژیان.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

 

 

 

رۆمان وەک کردەیەکى هونەرى پەخشانئامێز لە سەر بنەماى گێڕانەوە و رووداو و کاراکتەر لە نێوان خەیاڵ و حەقیقەتدا خۆى دەبینێتەوە و بە شێوەیەکى تا ئەندازەیەک ئاڵۆز دەچنرێت...رەنگە ئەو بە ناو پێناسەیە (ئاڵۆزى رۆمان) و (ئازادى رۆمان) لەوێدا هەڵگرێتەوە، کە تاکو ئێستا نەتوانراوە سنورەکانى رۆمان وەک پێویست دیارى بکرێت، نەک هەر تەنها لەبەر ئەوەى بە بێ بەشداریکردنى ژانرە ئەدەبیەکانى دیکە کورتى دینێت، بەڵکو لەبەر ئەوەى رۆمان وەسفکردنى رۆشنبیرییەکە، کە کۆمەڵگا پێیدا تێدەپەڕێت...ئەو قسەیەى دوایى دەرئەنجامى ئەو فیکرەیە کە دەڵێت "مرۆڤایەتى لە گەشەکردنێکى بەردەوامدایە" ئەو فیکرەیەى کە دنیاى مۆدێرنە پشتى پێدەبەستێت، ناوەڕۆکى ئەو فیکرەیە خۆى لە فەلسەفەى بوونگەرایى هۆسرەل و هایدگەر و سارتەر...دەبینێتەوە، بەڵام بایەخى ئەو فیکرەیە لە دوو خەسڵەتى جیاوازدایە: یەکەمیان پەیوەندى بە تۆتالیتێریى و تێکشکاندنى وەهمە گەورەکانەوە هەیە...دووەمیان تەعبیرى لە دوا سەرکەوتنەکانى ژیارى دەکات...پرسیار ئەوەیە: ئایا مرۆڤ لە وەهمەکانى ناوەوەى خۆى رزگارى دەبێت، دنیا وەک پێویست بەرەو کۆمەڵگایەکى گەشەکردوتر دەچێت، بەرەو تەکامل دەچێت؟

بە شێوەیەکى گشتى رۆمان لە دواى هاتنە ناوەوەى فیکرەى پۆست مۆدێرنە و درووستبوونى جۆرێک لە هاوپەیمانى لە نێوان کەناڵەکانى گەیاندن و دەسەڵات...ناشێ دەلالەت لە باشى (رابردوو) بکات! بەڵکو وەسفى ئەوە دەکات، کە بۆردیار بە "تەقینەوەى مانا" و لیوتار بە "بڕوانەبوون بە گێڕانەوە گەورەکان" و هابرماس بە "ئەزمەى رەوایەتى" ناوى دەبات...وەسفى سەردەمێک دەکات، کە دەکەوێتە دەرەوەى یەقینە سروشتیەکان و ناوەوەى ئاڵۆزییە مرۆییەکانەوە.

بە کورتى ئەمڕۆ رۆمان وەسفى ئەو رۆشنبیرییە دەکات، کە کۆمەڵگاى پێدا تێدەپەڕێت، هەر تەنها پانتاییەکى بێ رەنگى یەک بە دواى یەکى گێڕانەوەى یەک دەنگ نییە، تەنها سەلماندن و حیکایەتکردنى زانیارییەکانى رابردوو نییە، بەڵکو لە پێناو دەرکەوتنى لە نێو بازنەى میدیا و دەسەڵاتدا هەوڵدەدات ئامادەیى خۆى چڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەى بتوانێت ئازادانە بەشدارى لە ناوەندەکانى راگەیاندا بکات، هەوڵدەدات لە ئاستێکى بەرزى ئیستێتیکى و داهێناندا ناوەندەکانى راگەیاند بەرەو ئەزموونگەریى و ئەزموونگەریى بەرەو مەعریفەى ئەدەبى بەرز بکاتەوە.ئەمڕۆ رۆمان هەر تەنها رووداوێک نییە، کە هەرگیز روونادات، رۆمان واقیع ناخاتە روو، بەڵکو کەشفى بوون دەکات...بوونیش هەر ئەوە نییە کە دەیبینین! ئەمڕۆ رۆمان هەر تەنها نواندنى جۆرێک لە گەمژەیى کاراکتەر و کاراکتەرى ئیشکالى و چەمکئامێز نییە، بەڵام لە بیرمان نەچێت فەزاى (کافکایى) و دژە واقیعى (دۆن کیشوتەى سیرڤانتس) و (ئەبلەى دیستۆفیسکى) و بە نێویەکداچوونى گێڕانەوەکانى (بۆرخیس) و واقیعى سیحرى (مارکیز...) کە فەزاى رۆمان لە ئاوێتەبوونى خەون و واقیع دەسازێنن...هەر تەنها هەڵگرى گریمانەى خودى و کۆجیتۆیەکى تایبەت و پرسیارێکى پەیوەست بە دادپەروەرى و تابلۆیەکى راستگۆیانەى ترس و تووندوتیژى و شیزۆفرینیا و نامۆیى و نیگەرانى و مۆتەکە و گۆشەگیرى...نییە، بەڵکو هەڵگرى پرسێکى فینۆمینۆلۆجى و ئۆنتۆلۆجیە!

ئەمڕۆ رۆمان پشت بە فرە هەڵوێستى و فرە فیکرى و فرە دەنگى و بۆچوونى جیاوازى ئایدیۆلۆجى دەبەستێت، جەخت لە فرە کاراکتەرى و بۆگێڕەوە و گێڕەڕەوە و وەرگرى جیاواز دەکات، لەسەر شێواز و داڕشتنى جۆراوجۆر و بە کارهێنانى فەزاى کراوە و یەکەى شوێنکاتى تێکئاڵاو وەستاوە...بەڵام لە بیرمان نەچێ وەک دنیابینى پەیوەستە بە ئیشکالیى ئۆنتۆلۆجییەوە! ئەمڕۆ رۆمان لە برى کاراکتەرێک، کە لەسەر ئەرزى واقیع دەژى و کۆمەڵێک خەسڵەتى دەرەکى هەڵگرتووە...کەسایەتى وەک بوونەوەرێکى خەیاڵى و هەڵگرى کۆمەڵێک ئاڵۆزى ناوەکى تەماشا دەکات، وەک چۆن لەبرى گەڕانەوە بۆ رابردوو و یەقینە سروشتیەکان، سنورەکانى نێوان خەیاڵ و واقیع دەروخێنێت و ئەو تێکشکانەش وەک دەمامکێک بۆ گێڕانەوە بە کار دەهێنێت، بەو مانایەش رووداو و شتەکان نابنە شوێن بایەخى گێڕانەوە، وەک چۆن زەمەنەکان (ئێستا و رابردوو و داهاتوو) بەیەکدادەچن و سەرەتا و کۆتایى ئەوەندە جێى بایەخ نییە...ئەمڕۆ زمانى رۆمان وەک پارادیمێکى رێکخراوى مانا سەیر ناکرێت، بەڵکو راستى خۆى لە سیستمێکى ناجێگیرى سەرچاوەکانیدا دەبینێتەوە، هەر لەوێشە زمان دەستبەردارى پیرۆزى دەبێت و خۆى بۆ تەئویلى جیاواز و فرە خوێندنەوە دەکاتەوە، زمان لە نێو رۆماندا لەگەڵ واقیع ناکەوێتە پەرچەکردارى سلبییەوە، بەڵکو لەگەڵ هەر خوێندنەوە و تەئویلێکى جیاواز دووبارە خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە...بەو مانایەش زمان هەر تەنها ئاوێنەى بیرکردنەوە و کەناڵێکى بێ لایەنى گەیاندنى هەستى ناوەوەى مرۆڤ نییە، بەڵکو هێز و تواناکانى لە کردەدا دەردەکەوێت، لە هیچ کۆمەڵگایەکدا زمان دوا سنورەکانى مانا دیارى ناکات، بەڵکو هەمیشە وەک گریمانە سەیرى مانا دەکات، وەک ململانێیەکى کراوەى نێوان دەستە جیاوازەکان!

کاتێک دەڵێین ئەو رۆمانە جوانە؟! یەکەمجار نابێت لە بیرمان بچێت، کە بابەتى جوانى بە سەرنجى تێپەڕ بە دەست نایەت! چونکە بابەتى جوانى بونیادنانى دەقە لە ئاگامەندى خوێنەردا، بەو مانایەش جیاکارى بنەڕەتى بۆ بابەتى جوانى ئەوەیە، کە دەق لە ناوەوە دەرک بکرێت، دەمەوێت بڵێم لاى هەندێک لە رۆماننووسانى کورد جوانى رۆمانى کوردى و زمانى رۆمان لەو پەرچەکردارە زمانییەدا خۆى دەبینێتەوە کە ئاڕاستەى واقیع دەکرێت، بەڵام لە بیرمان نەچێت هەموو پەرچەکردارێک رێگا لە ئازادى و هەڕەمەکییەت دەگرێت...هەندێک لە رۆماننووسانى کورد جوانى لە (هەست جولاندن)دا دەبیننەوە، بەڵام لە بیریان دەچێت کە خەیاڵ ناشێ وەک بوونێک کە پێشتر هەبووە بگوازرێتەوە، ئەو قسەیەم لەوێوە نایەت کە هەست جولاندن وەرەقەیەکى حازر بە دەستى بۆرە و داهێنان تێیدا رەنگ ناداتەوە، ئەو قسەیەم لەوێوە نایەت کە هەست جولاندن لە نێو کلتورە جیاوازەکاندا جیاواز دەکەوێتەوە، بەڵکو لەوێوە دێت کە رۆمان وەک دەقێکى خەیاڵئامێز ناشێ بە هەمان شێوەى شتە حەقیقییەکان دیارى بکرێت...رۆماننووسانى کورد لە کاتى خوێندنەوە بیر لەو پرسیارە دەکەنەوە: چۆن رۆمان بەبێ ماندووبوون بەرەو پێشەوە دەچێت، واتە چۆن وا بکەن جەریانى بیرکردنەوەى خوێنەر دووچارى تەگەرە، بۆشایى، یان دووچارى موفاجەئە نەبێتەوە؟! هەڵبەتە ئەگەر بمانەوێ جەریانەکە بەردەوام بێ، ئەوە دەبێ هەموو رستەیەکى دواتر ئەو پێشینانە تەواو بکات، یان بەجێبهێنێ کە رستەى پێشتر بەرجەستەى کردووە و وروژاندوویەتى، ئەگەر نەیتوانى ئەو کارە بکات، ئەوە دووچارى کەموکورتى (نیشتنەوە دێ)، ئەگەر ئەوە شێوە ئاساییەکە بێت، کە خوێنەران پێى راهاتوون، ئەوە دەبێ رۆماننووسانى کورد دژەکەیان لەلا بێ بایەخ نەبێت، لەوێوە کە ئەوە موفاجەئە، تەگەرە، بۆشاییە...خوێنەر دووچارى بیرکردنەوەیەکى جیاواز و سەرسامبوون دەکات!! بێگومان ئەو بۆشایى و کەلێنە لە ساتەوەختى ئێستا دابڕاو نییە، بەڵکو لە بەرانبەر ساتەوەختى رابردوو دابڕاو دەکەوێتەوە...دواجار لە بیرمان نەچێت کە نە نووسەر کۆگایە و نە خوێنەر بە کردەى بەتاڵکردنى ئەو کۆگایە هەڵدەسێت؟!

کەواتە کاریگەرى جوانى بە نسبەت زمان ناشێ بەسەر شتى هەبوودا جێگیر بکرێت، کە بەشێکى گەورەى رۆمانى کوردى پێوەى دەتلێتەوە...چونکە کاریگەرى جوانى بۆشاییەک بۆ سیفەتەکانى وشە دادەمەزرێنێ، بۆشاییەک کە زمان نایناسێنێ و هەروەها هیچ پێناسەیەکیش بۆ ئەو پێشکەش ناکات!! بەو مانایەش من ناڵێم دەستەواژەى "جوانە" یان "ئەوە شتە جوانە" بێ مانایە...بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "جوانە" چى دەگەیەنێت؟ هەڵبەت هیچ ناگەیەنێت، تەنها ئەوە دەگەیەنێت، کە مانایە، ئەوەش هیچ نییە، ئەوە نەبێت کە لە میانى دوو دەستەواژەدا مانایەکى هەیە، کاریگەرى جوانى بەوە جیا دەکرێتەوە، لە کاتێکدا مرۆڤ هەوڵدەدا پێناسەى ئەوە بکات، کە مانایە لە دووتوێى مانایەکى دیکەدا کە نایناسێت...

دەمەوێت بڵێم بەشێک لە جوانى زمان لە رۆمانى کوردیدا پەیوەندى بە پڕ بوونى مانا و بیرکردنەوەوە هەیە، لە هەموو ئاستە مەعریفى و خەیاڵییە جیاوازەکانەوە، مەبەستم لە رەهەندە جیاوازەکانى بەرهەمهێنانى مانا و موفاجەئەیە، مەبەستم ماناى سەرچاوەدار نییە، چونکە ماناى سەرچاوەدار ناشێ سروشتێکى جوانى هەبێ، ئەگەرچى لە ئەسڵدا جوانیش بێ (شتێکى لەخۆدا هەڵگرتبێ کە پێشتر نەبووبێ)...کەواتە سروشتى جوانى هەمیشە لەژێر هەڕەشەى دیاریکردنى وەسفدایە، چونکە جارێک جوانە و جارێک وەسفییە، جارێک دووچارى سەرسامیمان دەکات و جارێکى دیکە وەسفە...ئەوەش پەیوەندى بە خەیاڵکردن هەیە، چونکە هەرگیز ناشێ مانا هەتا هەتایە کاریگەرى جوانى هەبێ، وەک چۆن هیچ مانایەکیش نییە تەنها لە سەر خەیاڵ بژى ئەوەش یەکێکە لە ئیشکالەکانى هەندێک لە رۆماننووسانى کورد...دووبارە دەمەوێت بڵێم دەقى داهێنەرانە لەوێدا خۆى دەبینێتەوە، کە پێوەرە هونەرییە باوەکان تەجاوز دەکات و ئاسۆى چاوەڕوانى خوێنەر و پانتایى رۆشنبیرى باو دەگۆڕێت.

بە کورتى ئەگەر گێڕانەوە لە دنیاى مۆدێرنە هەوڵبدات پشتگیرى لە بەردەوامى سیستم بکات، ئەوە لە دنیاى پۆست مۆدێرنە بە تەواوى هەڕەشە لە سیستم دەکات...ئەدەبى مۆدێرنە لە نێو ئەو هەموو پەرت و بڵاوى و ئاژاوەگیرییەدا بە دواى بەها و مانایەکدا دەگەڕا و هەوڵیدەدا لە رێگاى داهێنانى ئەدەب و هونەرەوە هاوگونجان و یەکێتییەک بەدى بهێنێت، دەیویست لە نێوان ئەو هەموو بێ نرخکردن و ئاژاوەگێڕییە جوانى دەستەبەر بکات...بەڵام ئەدەبى پۆست مۆدێرنە لەو دنیا هیچ و وەسفیى و خەیاڵییەدا نکۆڵى لە بوونى ماناى سەپاو دەکات و مامەڵەى خۆى لەگەڵ بەرهەمهێنانى مانا و موفاجەئە دەسازێنێت!!

کاتێک دەڵێم رۆمان دەلالەت لە باشى رابردوو ناکات، بەو مانایەیە کە هونەرى رۆماننووسین هونەرێکە ریکلام بۆخۆى ناکات، هونەرێکى لەخۆوەى ئازادە، وێنەى کۆمەڵگایەکى نێرگزى و هۆشیار دەگرێت، بەو مانایەش چەمکى رەسەنایەتى ئەمڕۆ ناتوانێت بەو شێوەیەى کە دەیناسین تەعبیر لە خۆى بکات، لەبەر ئەوەى ویژدانى پیشەیى و رۆحى قوربانیدان و ئەرک و ماندوبوون و وردبینى و دەسەڵات و مەیلى ناسیونالى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى...بەرەو لەخۆوەیى و خودگەرایى و چێژ و ریکلام...هەنگاو دەنێت، لەبەر ئەوەى ئەمڕۆ دنیا بەرەو فەزایەکى زیاد لە پێویست فانتازى و رەنگاوڕەنگ و نەرم و نادیار و هەڵاوساو هەنگاو دەنێت، لەبەر ئەوەى ئەمڕۆى دنیا بەرەو ئازادى و ئازادى تاک دەبێتەوە...رەسەنایەتى ناتوانێت بەو شێوەیەى کە دەیناسین تەعبیر لە خۆى بکات، چونکێ هەموو تاکێک دەیەوێت قسەى خۆى هەبێت، نەک لە کۆدا بتوێتەوە، هەموو تاکێک دەیەوێت تەعبیر لە خۆى بکات و بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆى بجولێتەوە و ژیانى خۆى رێکبخات...رەسەنایەتى ناتوانێت بەو شێوەیەى کە دەیناسین تەعبیر لە خۆى بکات، چونکە لە پرۆسەى داهێناندا هەموو تێگەیشتنێک لە بارەى دەنگ و سەرچاوە لە نادیاردا دەخولێتەوە، هەر بەو مانایەش فیگۆرى نووسەر ئاوا دەبێت، لەوێوەش نووسین بەرەو فرە رەنگى و رەهەندە جیاوازەکانى بیرکردنەوە و بەشداریکردنى خوێنەر و ئاستەکانى خوێندنەوەى جیاوازمان دەکاتەوە! بەو مانایەش نووسەر بوونى خۆى لە بوونى دەقدا هەڵناگرێتەوە، بەڵکو لە بەشدارى و ئاستە جیاوازەکانى خوێندنەوە و خوێنەردا دەردەکەوێتەوە، چونکە دەق دەنگدانەوەى ژمارەیەکى لە بننەهاتووى دەقەکانى پێش خۆیەتى...ئەو تێزە توانیویەتى دنیابینى سەدەى ناوەڕاست و چەمکى رەهایى تێبپەڕێنێت و یەقینە گەورەکان بەرەو لەقبوون بکاتەوە و ئەرزش بۆ پەراوێز دابنێت.ئەو شێوەیە لە بیرکردنەوە گۆڕانکارییەکان و یارییەکانى مانا دەگوازێتەوە و لە تاک ماناییدا گیر ناخوات...بۆیە رۆمان دەلالەت لە باشى رابردوو ناکات، بەڵکو هەمیشە ئەو واقیعە رەتدەکاتەوە کە بەرهەمى دەهێنێت، هەمیشە بە دواى تەکنیکێکى جیاوازى رۆشنبیرییدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەى تاک بە شێوەیەکى تلقایى خۆشییەکانى تێدا بە دەست بهێنێت، بەمجۆرە ئەمڕۆ تەوەرەى سەرەکى رۆشنبیریى بە دەورى جیاوازى چێژ و خۆشیدا دەخولێتەوە، نەک رەسەنایەتى.

کۆمەڵگاى ئەمڕۆ خۆى لە سێ بەشدا هەڵدەگرێتەوە: سیستمى تەکنیکاران، کە کارایى (activity) رۆڵى خۆى تێدا دەگێڕێت و سیستمى دەسەڵات و دادپەرەوەرى کۆمەڵایەتى، کە یەکسانى رۆڵى خۆى تێدا دەبینێتەوە و سیستمى رۆشنبیریى، کە جیاوازى چێژ و خۆشى رابەرایەتى دەکات! بەڵام هەموو ئەوانەى قسەمان لێکرد، لە داهێناندا قابیلى رەتکردنەوەى بێ سنوورە، ئەگەر رەتکردنەوە تواناى نوێکردنەوەى هەبێت و نەکەوێتە شێوازگیرییەوە، نەکەوێتە چوارچێوەى ئامادەوە، چونکە هەرگیز ناتوانین سەرچاوەکانى داهێنان دەستنیشان بکەین، وەک چۆن نوێ نایەوێت وەک کۆن بێت، نایەوێت بە هێلێکى ئاسۆیى هاوگونجاو و ئامانجداردا هەنگاو بنێت، بەڵکو وەسفى ئەو رۆشنبیرییە دەکات، کە ئەمڕۆى کۆمەڵگاى پێدا تێدەپەڕێت، وێنەى ئەو ماوەیە دەگرێت، کە لە نێوان (خود) و (دنیاى دەرەوە) دایە، وێنەى سەردەمێکى دوولەتبوو، سەردەمێک کە جەستە و رۆح دەکەوێتە ژێر رۆشنایى بیستراو و بینراوەوە.

هەولێر 29/6/2014

 

 

 

 

من نازانم ژیان چییە، ئەوەى نەزانێ ژیان چییە، ناشزانێ مەرگ چییە

سازدانى: گۆران ڕەئوف

پ1* دەمەوێت سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێبکەم، کە ڕیشەیەکى دینى هەیە، مەبەست لێى ڕوداوى ئادەم و حەوایە، ئەوەى لەسەر هەڵەیەک فڕێدەدرێنە سەر زەوى و تەواوى نەوەکانیان باجى هەڵەى ئەوان دەدەن، کەوایە لەم گۆشەنیگایەوە شوێنى ڕاستە قینەى مرۆڤ بەهەشتێکە و زەوى بەجۆرێک لە جۆرەکان دۆزەخى ئەو بەهەشتەیە! پوختەى پرسیارەکەیە ئەوەیە: ئەو چرکانەى مرۆڤ هەست بە نائارامى دەکات و بیر لە شکۆمەندى خۆى دەکاتەوە، مەگەر ڕەوانییە ئیتر ڕەتکردنەوەى ئەم جۆرە لە ژیان؟ یاخود ڕەتکردنەوەى ئەم ژیانە لەپێناو ئەوەى هەستدەکرێت باجى هەڵەیەک دەدەن؟

عەبدولموتەلیب: نائارامى و شکۆمەندیى رەنگە نەکەونە سەر یەک هێل، یان بە مانایەکى دیکە هەمیشە نائارامى و پشێوى وزەکانى خۆى لە رێگاى جۆرێک لە هەڵچوون و تاودان و شۆڕشەوە دەست پێدەکات، نائارامى پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە رۆح و دەروونەوە هەیە، لەوێشەوە راستەوخۆ بە نیگەرانى و دڵەڕاوکێ و گومانەوە دەلکێت، مرۆڤى نائارام بەر لەوەى بیر بکاتەوە گومان دەیبات، بەر لەوەى لە شکۆمەندى بدوێ، هەڵدەچێت، مرۆڤى نائارام مرۆڤێکى تاوگیرە، تا سەر ئێسقان پەرش و پەشێو. . . ئەوەى وزە ئیبداعیەکانى نائارامى کۆ دەکاتەوە تەکاندان و هەڵچوون و شۆڕشە، ئەوەى وزە جێگیرەکانى شکۆمەندى دیارى دەکات، سنورەکانى ئارامییە، تێگەیشتن لە شکۆمەندى تێگەیشتنە لە ئارامى، تێگەیشتن لە فیکر و مەعریفە و ئاگاییەکى دیاریکراو و سنوردار. . . بەڵام تێگەیشتن لە نائارامى تێگەیشتنە لە گومان و تاوگیرى، تێگەیشتنە لە تەجاوزکردنى بەردەوامى ئاگایى و فیکر و مەعریفە. . . بۆیە بڕوا ناکەم لە حاڵەتى نائارامى مرۆڤ بیر لە شکۆمەندى بکاتەوە! هەمیشە ئەوەى لە نائارامییەوە سەر دەکات کردەیەکى بزر و نادیارە، وەک مەسەلەیەکى فەلسەفى نائارامى پەیوەندى بەوەوە هەیە کە مرۆڤ بەرەو مەرگ هەنگاو دەنێت، نائارامى نە ئاراستەکانى دەبینرێت و نە دەتوانین بەرهەمەکەى هەڵسەنگێنین، مرۆڤى نائارام بیر لە گۆڕان دەکاتەوە، نەک شکۆمەندى، مرۆڤى نائارام هەمیشە گومان و خەیاڵى تەجاوزکردن و دنیایەکى دیکەى جیاواز دەیبات. . . بۆیە زۆر لە رەخنەگرانى ئەدەبى بەشێکى گەورەى پرۆسەى نووسینى ئیبداعى بە نائارامى دەبەستنەوە، بەڵام مەرج نییە ئەو کردەیەى لە دەرئەنجامى نائارامییەوە دێتە بەرهەم شکۆمەندى مرۆیى لێبکەوێتەوە، نائارامى پاڵنەرێک نییە بۆ شکۆمەندى، بە پێچەوانەشەوە راستە.  

ئەوەى پەیوەندى بە بەشى دووەمى پرسیارەکەتەوەیە: ژیان وەک باجدانى هەڵە و ئەو دیدە بۆ ژیان هەڵگرى ئەوپەڕى مەرگدۆستییە، دیدێکە پێماندەڵێت با ژیان بخەینە دواوە بۆ ئەوەى لەو دیوو ژیان ناوى خۆمان تۆمار بکەین، دیدێکە گەمە لەگەڵ تاریکییەکانى ناوەوەى مرۆڤ دەکات و دەیەوێ رۆناکییەکانى ژیانى پێداپۆشێت، هەموو وزە ئیبداعیەکانى مرۆڤ و توانا عەقڵییە بەرفرەوانەکانى مرۆڤ بە هێزى ئەویدیکەى نادیار دەبەستێتەوە، ئەو تێگەیشتنە هەموو دەرگا و سنورەکانى بەسەر ژیاندا کڵۆم داوە، ئەو تێگەیشتنە هەموو ئازادییەکانى مرۆڤ بە تاریکى دەسپێرێ!

مەرگدۆستى ئەو دنیابینیەیە کە پێیوایە مرۆڤ باجى هەڵەکانى دەدا و زەوى وەک دۆزەخ تەماشا دەکات، بەڵام لە نێوان تاریکى و رۆناکیدا، لە نێوان مەرگدۆستى و ژیاندۆستیدا مرۆڤ هەرگیز لە هەڵە بەدەر نییە، مرۆڤ ئەوەیە کە لە خۆى داوا دەکات وا بێ، نەک بکەوێتە ژێر کاریگەرى ئەویدیکەى نادیار، مرۆڤ ویستە، مرۆڤ هەڵبژاردنە، مرۆڤ ئەوەیە، کە پاش دەرکەوتنى لە جیهانى بووندا لە بارەى خۆیەوە بە ئازادى دەیخاتە روو، مرۆڤ ئەوەیە، لە بارەى خۆیەوە بە دەستى دەهێنێ، ئەوەش راستەوخۆ بە ئاگایى و بیرکردنەوە و مەعریفەوە دەلکێ، مرۆڤى ئازاد راستەوخۆ لە دواى تێگەیشتن یان لانى کەم هاوکات لەگەڵ تێگەیشتن دێتە بوون! کەواتە مرۆڤ ئەو واتایەیە کە پاش بیرکردنەوە و تێگەیشتن و پاش جولەى بەرەو بوون لە خۆى داوا دەکات، مرۆڤ هیچ نییە تەنها ئەوە نەبێ، کە لە رێگاى ئاگایى و بیرکردنەوە و مەعریفەوە خۆى بونیاد دەنێت، هیچ ئاگایى و مەعریفە و تێگەیشتن و بیرکردنەوەیەکش کۆتائامێز نییە، بۆیە دەتوانم بڵێم مرۆڤ لەسەر هەڵەى بەردەوام دەژى، ئەوەش بنەماى یەکەمى وجودییەتى مرۆڤ و دنیا و بوونە! ئەو شێوەیە لە قسەکردن لەسەر ئەوەیە مرۆڤ، وێنەى مرۆڤ لە دوو دنیابینى جیاوازدا دەخاتە روو، یەکێکیان سەر بە فیکرى ئایینییە و لە (سفرى تەکوین 3: 22) هاتووە: "ئەوەیە مرۆڤ" هەر وەک یەکێک لە ئێمە شەڕ و خێر ناس دەکات، لە سفرى تەکوین دەستەواژەى "ئەوەیە مرۆڤ" ئاماژەیە بۆ مەسیح. بەڵام لە "ئەوەیە مرۆڤ"ى دووەمدا فەیلەسوفى پۆست مۆدێرنە (فریدریک نیتشە) دەیەوێ لە رێگاى دووبارەکردنەوەى دەستەواژەى "ئەوەیە مرۆڤ"ى یەکەم تواناکانى خۆى نیشان بدات. . . هەندێ لە رەخنەگران و بیریاران "ئەوەیە مرۆڤ"ى نیتشە بە بیۆگرافیا-گێڕانەوەى ژیانى نیتشە ناوى دەبەن، ئەوەى من لێرە دەمەوێ قسەى لێ بکەم هەر تەنها مرۆڤ لە دوو وێنەى جیاوازدا نییە، هەر تەنها قسەکردن نییە، لە ژیانى تایبەت و ژیانى کۆمەڵ، هەر تەنها قسەکردن نییە، لە ناسنامەى ئایینى و ناسنامەى فەلسەفى، هەر تەنها قسەکردن نییە، لە نمایشکردنى دوو دید و دوو هێز و دوو تواناى جیاواز، کە یەکەمیان خۆى لە حیکایەتەکاندا هەڵدەگرێتەوە و دووەمیان حیکایەتى تایبەت بەخۆى هەیە، بەڵکو قسەکردنە لە دوو شێوە لە نمایشکردنى شکۆمەندى، لە پشت یەکەمیان حیکایەتە گەورەکان وەستاوە، لە پشت دووەمیان خەیاڵى شیعرى، یەکەمیان پشت بە ئاسمان دەبەستێت و دووەمیان پشت بە زەوى. . . بەڵام ئەوەى ئەو دوو شێوەیە لە شکۆمەندى لە یەک نزیک دەکاتەوە ئەو رەهەندە نادیارانەن کە دەکەونە پشت فیکرى ئایینى و خەیاڵى شیعرییەوە! شکۆمەندى نیتشە سەر بە شیعرییەتە، بەڵام شکۆمەندى (مەسیح) سەر بە گێڕانەوەیە، لە پشت شکۆمەندى (نیتشە) جوانى خەیاڵ وەستاوە، لە پشت شکۆمەندى مەسیح سیحرى گێڕانەوە. ئەوە خوێندنەوەیەکى دیکەیە بۆ "ئەوەیە مرۆڤ" کە راستەوخۆ پەیوەندى بە میتافیزیکا و خەیاڵەوە دەکات، وەک چۆن قسەکردنیشە لە جوانى نەک لۆژیک؟!

بەڵام لێرەدا دەشێ پرسیار ئەوە بێ، لە نێوان جوانى و لۆژیک، شیعر و گێڕانەوە، شکۆمەندى و نائارامى، بەهەشت و دۆزەخ، مرۆڤ لە کوێیە؟ مرۆڤ لە نێوان جوانى و لۆژیک، شیعر و گێڕانەوە، شکۆمەندى و نائارامى، بەهەشت و دۆزەخ دەخولێتەوە، بەو مانایەش نابێ لە بیرمان بچێت، ئەوەیە مرۆڤ، هەم شیعرە و هەم لۆژیک! ئەوەیە مرۆڤ، رستەیەکە دەشێ هەمیشە خۆى وەک رووداو بکاتەوە، هەمیشە دەشێ بە هەموو رەهەندە جیاوازەکانى خەیاڵى شیعرى و سیحرى گێڕانەوە بێتە نێو پانتاییەکانى راڤەکردن و تێگەیشتن و خوێندنەوە؟!

 لێرە لە بارەى مرۆڤەوە هەوڵدەدەم تێزەکەى "هایدگەر"تان بیر بخەمەوە، وەک دەزانین هایدگەر لە بارەى بوونى مرۆڤەوە تێزەکەى لە دەورى دوو جۆر لە (بوون) دەخولێتەوە، کە بریتین لە بوونى رۆژانە و بوونى تایبەتى، مەبەست لە بوونى رۆژانە بوونى ساختەیە (باسیف)، بوونى تایبەتیش بوونى رەسەنى کەسەکە دەگرێتەوە، بوونى ئەکتیڤ!! بوونى ساختە: لەسەر زۆر بڵێى و (ئەوانى دیکە وا دەڵێن. . . ) و فزول و التیباس (لێتێکچوون) وەستاوە، بوونى ساختە سنورى شکۆمەندى و ئازادییەکانى خۆى لە ئەوانیدیکەدا دەدۆزێتەوە، بەهەشتى خۆى لە ئەوانیدکەدا هەڵدەگرێتەوە، پێیوایە ئەوە ئەوانیدیکەن شکۆمەندى پێدەبەخشن. . .

بوونى ساختە ئەو بوونەیە کە کۆمەڵێک کارتێکەرى دەرەکى پێکى دەهێنێت، ئیدى ئەو کارتێکەرییانە بارودۆخ بن، یاخود یاسایى ئەخلاقى و دەسەڵاتى ئایینى و سیاسى و دابونەریت و شتى لەو بابەتانە. . . دەتوانین بڵێین ئەو کەسە ژیانى رەسەنى خۆى ناژى و واز لە ئازادى و هەڵبژاردنى خۆى دەهێنێ، واز لە گومان و پەشێوى و نیگەرانیەکانى خۆى دەهێنێ و بوار بە ئەوانیدى دەدات ئیمکانەکانى بوونى بۆ دیارى بکەن، ئەو کەسە ئەگەرچى ئیمکان و توانا تایبەتیەکانى خۆى لەدەست دەدات و لە ئیمکان و توانا گشتییەکاندا دەتوێتەوە، بەڵام هەموو ئەو بێ توانایانەى خۆى وەک شکۆمەندى دەبینێ، هەموو ئەو بێ توانایانەى خۆى وەک ئیبداع تەماشا دەکات، ئەو کەسە کوێرى خۆى وەک لێهاتوویى و شکۆ سەیر دەکات.

لە دنیادا هیچ مرۆڤێک نییە، بتوانین وەک مرۆڤى کامل سەیرى بکەین، مرۆڤى بێ کەموکوڕى لە دنیادا بوونى نییە، مرۆڤ ئەوەیە: ئەو کەموکوڕى و ناتەواویەیە کە مرۆڤ دەخاتە حاڵەتى نائارامى و گومان و نیگەرانى و دواتر تێپەڕاندنەوە،  بەو مانایەش راستە بوونى ناڕەسەن بەشێکى پێکهێنەرە لە بوونى مرۆیى و مرۆڤ ناتوانێ خۆى لێ رزگار بکات، وەک چۆن مرۆڤ ناتوانێ خۆى لە گومان و نیگەرانى و دڵەڕاوکێکانى دوور بخاتەوە. . . واتە بمانەوێ نەمانەوێ کەمەکێک لە بوونى مرۆڤ، بەشێکى مرۆڤ دەچێتە ژێر ئەو تێگەیشتنە گشتییەى کە هەڵبژاردن ناهێڵێ! بمانەوێ نەمانەوێ لە حاڵەتێک لە حاڵەتەکان مرۆڤ سەرقاڵى مەوجودە، حاڵەتێک لە حاڵەتەکان مرۆڤ سەرقاڵى ئەویدیکە و شکۆى بێ ناوەڕۆک دەکات! ئەوە بەشێکى مرۆڤە ئەو شتە لەبیر دەکات کە وجودە، ئەو شتە لەبیر دەکات کە کردەى ئیبداعى مرۆڤى تێدا هەڵدەگرینەوە، ئەو پرۆسەیەش (واتە لە بیرکردنى بوون) هایدگەر ناوى دەنێ عەدەم؟! بەڵام بوونى رەسەن: لاى هایدگەر ئەو بوونەیە کە تیایدا خود هەست بە تاکێتى خۆى دەکات، خەسڵەتەکانى ئەو بوونە لە وێژدان (شعور) و تێگەیشتن و قسەکردندایە، ویژدان لاى هایدگەر پەیوەندى بە هەڵچوون و سۆزەوە نییە، ویژدان واتە مرۆڤ چۆن خۆى دەدۆزێتەوە (دۆزینەوەى خود) چۆن هەست بە بوون دەکات (بوون لە جیهان) بوون لە جیهان واتە کرانەوەى مرۆڤ بەرەو رووى بوون، هەروەک چۆن لە رێگاى تێگەیشتنەوە مرۆڤ بوونى خۆى دەکاتەوە، تێگەیشتن بریتییە لە کرانەوە و قسەکردن بریتییە لە دەربڕینى تێگەیشتن.

بوونى رەسەن لاى هایدگەر ئەو بوونەیە کە لەوانى دى دابڕاوە، بەڵام هایدگەر قسە لە کردەى رەسەن ناکات، ئایا ئەوە کردەى رەسەن نییە، بوونى رەسەن بەرهەم دەهێنێت؟ بەشێک لە ئیشکالەکانى بوونى رەسەنى هایدگەر لە کردەى رەسەندا دەردەکەوێت، چونکە کردەى رەسەن پەیوەندى بە دۆزینەوەى خودەوە نییە، کردەى رەسەن وەک (سڵاڤۆ ژیژەک) بۆى دەچێ بریتییە لە باوەڕێکى خز، باوەڕى خز ناکەوێتە سەر هێلى دۆزینەوەى خود، باوەڕى خز: واتە مرۆڤ لە شوێنێکى بێ متمانەوە بەرەو دەرەوە هەنگاو دەنێ، بێ ئەوەى بزانێ بەرەو کام و کوێ و چ . . . لەسەر ئەو بنەمایە هەمیشە ئەوە شوێنى یەکەمە دەبێتە شوێنى متمانە و شوێنى دووەم باوەڕى خز، بەمجۆرە پرۆسەکە درێژە بەخۆى دەدات! راستە کە دەوترێت لەوانیدى دابڕاوە، ماناى ئەوە نییە کەسەکە بە تەنها دەژى و دوورە لە خەڵک. . بەڵام دۆزینەوەى خود، لە باوەڕى خزەوە نییە، لە باوەڕى خزەوە مرۆڤ واتە دڵەڕاوکێ (لێرە مەبەست دڵەڕاوکێى سادەیە کە لە ئەنجامى بەرپرسیاریەتیەوە دێ، نەک نەخۆشى) دەمەوێ بڵێم وەک چۆن لە پشت ئەو باوەڕە ژیژەکییە دەروونناسان و قوتابییەکانى (فرۆید) وەستاون، بە دیوەکەى دیکەش ئەوە فیکرى پۆست مۆدێرنەیە بەشێک لە ئیشکالەکانى تێزەکەى هایدگەر دەخاتە روو. . . دواجار بە بڕواى من لەگەڵ هەموو راڤەکردن و خوێندنەوە جیاوازەکان و ئاستە جیاوازەکانى تێگەیشتن و خوێندنەوەدا: ئەوەیە مرۆڤ؟!

پ2* گەر زەوى دۆزەخى بەهەشت نەبێت و مرۆڤ فڕێنەدرابێتە سەر زەوى و هەڵەیەکى وەک هەڵەکەى ئادەم و حەوا لە گۆڕێدا نەبێت، بەڵام دواجار لە مێژووى ئەدیبە خۆکوژەکاندا هەست بەوە دەکرێت پرۆسەى ژیانیان بە ڕەهایى ڕەتکردۆتەوە، بۆ وێنە (ڕۆمان گارى) بۆ ئەوەى پیر نەبێت خۆکوژى دەکات؟ یان (مارتا لنیش) بەرگەى ئەوەى نەدەگرت لۆچى دەموچاوى ببینێت بۆیە خۆکوژى دەکات؟ مەبەستمە بڵێم دیسانەوە مرۆڤ نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەهەشتێک کە جیهانێکى نمونەیى بێت؟

عەبدولموتەلیب: زەوى دۆزەخى بەهەشت بێت، یان نەبێت، مرۆڤ کەوتۆتە سەر زەوى بۆ ئەوەى بە ئازادى بڕیارى خۆى بدات، مرۆڤ فرێدراوەتە نێو زمان بۆ ئەوەى قسەى خۆى بکات، زەوى و زمان رەهەند و سنورى هەڵەکەى ئادەم و حەواى لەخۆدا ونکردووە، مرۆڤ فرێدراوەتە سەر زەوى رستەیەکى کراوەیە! رستەیەکە هەڵگرى رەهەندى مەعریفى جیاواز و فرە تێگەیشتن و خوێندنەوە، یەکێک لە تێگەیشتنەکانى ئەو رستەیە خۆى لە "ئەوەیە مرۆڤ"دا دەبینێتەوە، بەڵام مرۆڤ کەوتۆتە سەر زەوى، مرۆڤ کەوتۆتە نێو زمان، لەلاى (ئۆگستین)ى مەزن مرۆڤ دەقێکە خودا لە رێگاى زمانەوە بەرجەستەى کردووە، بەدیوەکەى دیکە زمان تاقە ئامرازێکە خودا بەو دەقەوە دەلکێنێت، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکى زۆرى ئەو تێگەیشتن و راڤەکردن و خوێندنەوانە ناتوانن لەنێوان دۆزەخ و زماندا مانایەک بەو بوونە ماندوو و هیلاکە ببەخشن، بە دیوەکەى دیکەش مرۆڤى ئەمڕۆ واى کردووە بوونى بێتە بوونێکى لۆژیکى خەیاڵى، بوونێکى (تەکنۆ/زانست/لۆژى)، دەمەوێت بڵێم ئەوەى ئەو راڤەکردن و تێگەیشتنانە لە یەک نزیک دەکاتەوە پەیوەندى نێوان مرۆڤ و زمان/ مرۆڤ و زەوییە، بەڵام ئەوەى لە یەکترى جیایان دەکاتەوە خودى "تێگەیشتن" و "بابەتى تێگەیشتن"ە، خودى تێگەیشتن و بابەتى تێگەیشتن "جێگیربوون" و "گۆڕان" لەیەکتریان جیا دەکاتەوە، تێگەیشتن و جێگیربوون پەیوەندى بە ئارامى و دڵنیایى و شکۆوە هەیە، بەڵام بابەتى تێگەیشتن و گۆڕان لەسەر نائارامى و گومان و هەڵچوون وەستاوە، هەڵبەتە ئەوەى دووەمیان وێنەکانى مرۆڤى ئەمڕۆ و رەهەندە جیاوازەکان و راڤەکردن و ئاستە مەعریفییە جیاوازەکانى ئەو مرۆڤە و دنیابینى ئەو مرۆڤە دەنوێنێ! حەقیقەتى ئەو شێوەیە لە بیرکردنەوە و خوێندنەوەیە لەوەدایە کە دوێنێ بابەتى تێگەیشتن جێگیر بوو! ئەوە جێگیربوون بوو، مرۆڤى بەرئاگردان و حیکایەتە گەورەکان و مرۆڤى دڵنیا و پڕ یەقین و فیکرەى یەکگرتووى کۆتائامێزى بەرهەم هێنابوو، سنورەکانى مەعریفەى دیارى کردبوو و ئاگاییەکى سنوردارى بونیاد نابوو، سیستمێکى دیاریکراو و رۆحێکى ئارامى بە مرۆڤ بەخشى بوو!!

بەڵام ئەمڕۆ مەرجەکانى تێگەیشتن لە گۆڕانى بەردەوامدایە و ناکەوێتە سەر مەعریفە و ئاگاییەکى سنوردارى بابەتى تێگەیشتنەوە، بەڵکو دەچێتە سەر ئاسۆکانى راڤەکردن و ئاستە جیاوازەکانى بیرکردنەوە، دەکەوێتە سەر گومانەکانى مرۆڤ و نیگەرانیەکانى مرۆڤ و بڕوا نەبوون بە یەقینى یەکلاکەرەوە و تەجاوزکردنى سیستم و فرە خوێندنەوە و خوێندنەوەى جۆراوجۆرەوە! مرۆڤى مۆدێرن لە رستەیەکى فەلسەفى (گاستۆن باشلار)دا دەتوانین هەڵگرینەوە، کە دەڵێت: من هەموو شتێکم ونکردووە بۆ ئەوەى هەموو شتێ بەدەستبهێنم. لەلاى مرۆڤى ئەمڕۆ هیچ حەقیقەتێکى بەڵگەنەویست بەبێ ویست (ئیرادە) و بێ هەستکردن بوونى نییە، کەواتە ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، هەر لەو حاڵەتەدا هەستدەکەین هەین، واتە لەو ساتەوەختە و بەهۆى ئەو چرکەساتەوە هەست بە بوونى خۆمان دەکەین، ئەوە ژیانە، لەنێوان هەستکردن بە ئێستا و هەستکردن بە ژیان هاویەکییەکى (وەکیەکى) رەها هەیە. لێرە لە دیدى ژیانەوە دەتوانین هەوڵدەین بە هۆى ئێستاوە لە رابردوو بگەین، بەبێ ئەوەى بەردەوام هەوڵدەین بەهۆى رابردووەوە راڤەى ئێستا بکەین.

بەڵام ئەى ئەو زمان و زەوییە چ جۆرە مرۆڤێک بە کامى دڵ قبوڵ دەکات، مرۆڤ لەو زمان و زەوییە چۆن لەگەڵ ئاگاییە جیاوازەکان و بیرکردنەوە جیاوازەکاندا هەڵدەکات، دەمەوێ لە رێگاى (رۆمان گارى)یەوە قسەیەک بخەمە سەر ئەوەیە مرۆڤ و بڵێم مرۆڤ هەر تەنها ئەوە نییە، چونکە دەتوانێت زۆر لەوە چاکتر بڵێت! ئەو رستە جوانەى (رۆمان گارى) پێمان دەڵێت مرۆڤ لەوە زێترى لەبار دایە کە دەیخاتە روو، بەڵام من دڵنیام گارى مەبەستى ئەوە نییە، مرۆڤ خۆى بکاتە مانا ء پێوەرى هەموو شتێک، بەڵکو بە نیازى کرانەوە بە رووى جیاوازییەکاندا ئەو رستەیەى هەڵداوە، بەو مانایەش ئەوەیە مرۆڤ، مرۆڤى کراوەیە.

هەمیشە کە قسە لە فیکرەى خۆکوژى دەکرێت، ئەو رستە بە ناوبانگەى فەیلەسوفى ئەڵمانى (شوبنهاوەر) دەڵێنەوە: پیاوى گەورە ئەو کەسەیە کە مردن لە ژیان بە چاکتر دادەنێت. کەچى شوبنهاوەرى لە رادەبەدەر رەشبین، خۆکوژى نەکرد، بەڵام (رۆمان گارى) ئەو رۆماننووسە پڕ لە ئیشکالە، بە ئەسڵ رووسى و بە ناسنامە فەرەنسییەى کە تۆ باسى دەکەیت، خۆ کوژى دەکات، دەیەوێت بەر لە وادەى خۆى و بە ئارەزووى خۆى ژیان جێ بهێلێت، چونکە بڕواى بەوە نییە، پیرى وەک قۆناغێک لە قۆناغەکانى تەمەنى دەربکەوێت، چونکە بە نسبەت ئەو پیرى ریسواترین و ناشیرینترین مۆتەکەیە لە مۆتەکەکانى ژیان، کە بە گشتى هەڕەشە لە ئارامى دەروونى دەکات. ئەو رۆماننووسە هەمیشە وەک کاراکتەرێکى ئیشکالئامێزى نێو رۆمانەکانى خۆى بە ناو و ناونیشانى جیاواز دەنوێنێ، تاکە رۆمانووسێکە کە دوو جاران خەڵاتى گۆنکۆرى فەرەنسى کە گەورەترین خەڵاتى ئەدەبییە لە فەرەنسا و بە هیچ شێوەیەک لە یەکجار زێتر بە هیچ ئەدیبێک نەدراوە، بە دەست بهێنێت، یەکەمیان لە ساڵى 1952 بە ناوى خۆى (رۆمان گارى) لە رێگاى رۆمانى (رەگەکانى ئاسمان) و دووەم جار لە ساڵى 1975 بە ناوى خواستراوى (ئەمیل ئاگار)ەوە و لە رێگاى رۆمانى (ژیان لە پێشمانە). . . رۆمان گارى کۆمەڵێک رۆمانى لە ئاستى هونەرى و مرۆیى و جوانى خستۆتە نێو کتێبخانەکانى دنیاوە و لە ساڵى 1980 بڕیارى ئەوە دەدات بە گوللەیەک ژیانى خۆى کۆتایى پێبهێنێت بۆ ئەوەى لە دواى خۆیدا دەستنووسى رۆمانى (ژیان و مەرگى ئەمیل ئاگار) جێ بهێلێت! کەواتە ژیان و مەرگى ئەمیل ئاگار پێماندەڵێت ئەوەیە مرۆڤ!

بەڵام (مارتا لنیش) پێیوایە تەنها هەڵبژاردنى مردنە وا دەکات جارێکى دیکە وەک خۆمان دووبارە بژینەوە، ئەو هەڵبژاردنە پڕە لە خەون و خەیاڵى جوان و پڕە لە رۆمانسیەت و پڕە لە شیعرییە، دەشێ بەشێک لەو خەون و خەیاڵەى مارتا لنیش ئەو شکۆمەندییە شیعرییەمان بیر بخاتەوە کە نیتشە شانازى پێوە دەکرد، لنیش بەرگەى ئەوە ناگرێت لۆچەکانى رووخسارى ببینێت، دەیەوێت پارێزگارى لەو جوانیەى بکات، وەک چۆن نیتشە بەرگەى ئەوە ناگرێت خەون و خەیاڵەکانى دابەزێتە سەر زەوى، دەیەوێت هەر بەرزە فڕ بێت، لە پشت بڕیارەکەى مارتا لنیش واقیعێکى لۆژیکى ئامادەیە، بەڵام لە پشت بەرزە فڕى نیتشە، واقیعێکى خەیاڵى دەبینرێت، مارتا لنیش لە رێگاى هەنگاونان بۆ ئەودیوو واقیعى لۆژیکى بەرەو رۆمانسیەت و خەیالى شیعرییمان دەکاتەوە، بە هەمان شێوە لە رێگاى بەرزە فڕى و هەنگاونان بەرەو واقیعى خەیاڵى، دەکەوینە بۆشاییەکانى واقیعى لۆژیکییەوە!! بە کورتى دەمەوێت خاڵێکى جێگیر لە نێوان ئەو دوو شێوە لە خەیال و شیعرییەتە دەستنیشان بکەم، ئەویش ئەوەیە: نیتشە لە خەیاڵى شیعرییەوە هەنگاو بەرەو واقیعێک دەهاوێژێت کە واقیعى ئەو نییە، کە دەڵێم واقیعى ئەو نییە دوو نموونەم لە واقیع لەبەر دەستە واقیعى سەردەمى مەسیحیەت و واقیعى سەردەمى فیکرى پۆست مۆدێرنە!! بەڵام لە نێوان واقیعى لۆژیکى لۆچەکانى رووخسارى لنیش و خەیاڵى تەجاوزکردنى ئەو واقیعە، دوو نموونەم لە خەیاڵ لە بەر دەستە: (خەیاڵى تەجاوزکردنى واقیعێکى لۆژیکى) و (خەیاڵى کەوتنە نێو بۆشاییەکانى مانا) ئەگەر تەجاوزکردنى واقیعى لۆژیکى خۆ هەڵگرتن بێت، تا دواتر لە داهاتوو وەک خۆت دەربکەویتەوە، ئەوە خەیاڵى جێگیرکردنى مانا، جێگیرکردنى ماناکانى خەیاڵە. . . چونکە ژیان بەردەوامە، بەو مانایەش جێگیرکردنى جوانى لە سبەى، کەوتنە نێو بۆشاییەکانى خەیاڵە، کەوتنە نێو بۆشاییەکانى خەیاڵ، کەوتنە نێو بۆشاییەکانى مانایە! دەمەوێت بڵێم دەشێ (مارتا لنیش) بە خەیاڵ تەجاوزى واقیعە لۆژیکەکەى لۆچەکانى رووخسارى بکات، بەڵام بە کەوتنە نێو بۆشاییەکانى خەیاڵ هیچ مانایەک بۆ رووخسارى جوانى لنیش بوونى لە واقیعى داهاتوودا نییە؟!

پ3* بەگشتى قسەیەک هەیە کە بەچەندان شێوە کراوە دەربارەى ئەرکى بنەڕەتى ئەدەب، ئەویش ئەوەیە کە پێویستە ئەدەب لە خزمەتى مرۆڤ دا بێت، یان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەدەب یانى ئیشکردن لە جوانکردنى دنیادا، بە بۆچوونى ئێوە ئەم دیدە دیدێکى سروشتى ئەدەبە و هەر تێڕوانینێکى تر بۆ ئەدەب لەدەرەوەى پرۆسەى ئەدەبە؟

عەبدولموتەلیب: ئەگەرچى لەو بارەوە قسەى زۆرم نووسیوەتەوە، بەڵام لێرەدا دەتوانم بڵێم ئەدەب هەموو تێڕوانینە جیاوازەکان و رووە جیاوازەکانى فیکر و حەقیقەت لە خۆ دەگرێت، هەرگیز لە تاکە دید و تێڕوانینێکى دیاریکراو و سنوورداردا گیر ناخوات، بەڵام لە بیرمان نەچێ مەعریفەى ئەدەبى ئامانجى خوێندنەوەى ئەدەبى نییە، بەڵکو مەعریفەى ئەدەبى و ئاگایى ئەدەبى رێگایەکە بۆ گەیشتن بە تەجاوزکردنى ئەو ئاستە ئەدەبییەى کە هەیە، من پێموایە قسەکردن لەبارەى سنوردارکردنى رەگەزە ئەدەبییەکان و بابەت و مانا و ئاسۆیەکى دیاریکراوى بیرکردنەوەى ئەدەبى. . . بەشێکى زۆر لە پەڕگیرى تێدایە، دەشێ ئەو پەڕگیرییە بە تەنگژەى کرانەوە بە رووى دنیا و ئەویدیکە ناو بنێین، هەر لە پەڕگیرى و ئاڕاستەکردنەوەش ئیتر ئەدەب پەیوەندى بە دنیا و ئەویدیکەوە دەپچڕێت، پێویستە ئەدەب بەشێوەیەکى جیاواز بەشدارى لە تێگەیشتنى دنیادا بکات، بەڵام مەرج نییە لە رێگاى حەقیقەت و مەعریفەوە بێت، دەشێ لە رێگا بیرکردنەوەى جیاواز و تێڕوانین و چێژ و جوانییەوە بێت! چونکە ئەدەب چارەسەرى نەزانینمان ناکات، بەڵکو هەمیشە وەک شێوازێکى دیکەى ئەزموونە جیاوازەکان تەماشاى ئەدەب دەکرێت، بەو مانایەش ئەدەب توانایەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و جوانى حەقیقەتى بوونەوەرە جیاوازەکانى دیکە. . . ئاسۆکانى ئەدەب و هونەر بەرەو حەقیقەت نامانبات، بەڵکو هەنگاو بەرەو ئاسۆکانى خوێندنەوە و راڤەکردن و خۆشەویستى دەنێت، ئەدەب جوانترین شێوەى پەیوەندیکردنى مرۆیانەیە، بەڵام پەیوەندییەک نا، کە دەیەوێ ملکەچمان بکات، بەڵکو پەیوەندییەک کە بەرەو مەعریفە و حەقیقەتە جیاوازەکان و چێژ و جوانیمان دەکاتەوە. . . ئامانجى ئەدەب دۆزینەوەى بوونى مرۆڤ نییە، دەتوانین بڵێین دۆزینەوەى بوونە جیاوازەکانى مرۆڤ و پەیوەندییە مرۆییەکانە، چونکە مرۆڤ لە گۆڕانى بەردەوامدایە، هەمیشە مرۆڤ لە هەوڵى پەیبردن بە ژیانێکى دیکەدایە، ئیتر ئەو قسەیەى تۆ لە بارەى جوانى و ئەدەبەوە مێژووەکەى بۆ سەرەتاى سەدەى نۆزدە دەگەڕێتەوە، لە سەرەتاى سەدەى نۆزدە بەو لاوە قسەکردن لە سەر جوانى بە شێوەیەکى بەربڵاو هاتە نێو جیهانى ئەدەب و هونەرەوە، ئەوە نووسەرى ئەمریکى (ئادگار ئالان پۆ) بوو، داکۆکى لە هونەر لەپێناو هونەر دەکرد و ئەو فیکرەیەى رەتدەکردەوە کە دەڵێت هونەر تەعبیرکردنە لە خود، هەروەها (بۆدلێر) و (فلۆبیر) پەنجەیان خستە سەر رزگار کردنى هونەر. . .

لە کتێبى (ئەدەب لە خەتەر دایە) تۆدۆرۆف نامەکانى نێوان (جۆرج ساندا) و (فلۆبیر) شیدەکاتەوە و دەڵێت لەو نامانەدا، دوو جۆر لەبیرکردنەوە سەرنجمان رادەکێشێ، یەکەمیان دەیەوێ لە رێگاى ئەدەب و هونەرەوە ئەستۆخوارى ئەخلاقمان بکات، بەڵام دووەم پەیوەستبوونى ئەدەب و هونەر بە حەقیقەت رادەگەیەنێت. چونکە لە نامەکانیدا ساندا بەوە دڵگرانە کە فلۆبیر لە نووسینەکانیدا وەک خۆى دەرناکەوێ، بەڵام فلۆبیر دەیەوێ منى نووسەر و منى دەق لێکجیا بکاتەوە. لەو بارەیەوە ساندا لە نامەیەکدا بۆ فلۆبیر دەڵێ: بوونى تۆ زێتر لە ئەدەبەکەتدایە. . . ئەدەبیش بەڕاى ساندا ئامانجى دۆزینەوەى بوونى مرۆڤە، بەڵام بەداخەوە فلۆبیر پێى رازى نییە، ساندا لەو بارەوە دەڵێ: من ئەو کەسە ناناسم کە لە نووسینەکانى فلۆبیردا دەردەکەوێت. ئەو قسەکردنەى ساندا لەوێوە دێ کە پێیوایە ئەدەب و هونەر و فەلسەفەیەک نییە لە رۆحماندا بێ و پڕشنگەکانى دەرنەکەوێ! هەڵبەتە (تۆدۆرۆف) لە نامەکانى ساندا ئەوە بەدەست دەهێنێ کە کتێبەکانى فلۆبیر حەقیقەتى تەواو بەدەستەوە نادەن و ساندا لەو بارەوە دەڵێ: من حەز دەکەم مرۆڤ وەک خۆى ببینم، ئەو هاوگونجانەش ئامانجى ئەدەب و هونەرە. . . دواتریش تۆدۆرۆف ئەو جیاوازییەى نێوان فلۆبیر و ساندا شیدەکاتەوە بەوەى کە فلۆبیر لە هەوڵى پەیبردن بە ژیانێکى دیکەدایە، ژیانێک کە لەدواى بوونەوەیە، بەڵام ساندا مەیلى بەرەو چێژى دنیاییەوەیە. ئەو جیاوازییەى نێوان فلۆبیر و ساندا جیاوازییەکى فیکرییە، بەڵام دیدیان بۆ ئەدەب لە بارەى جوانییەوە لێکنزیکە، بەو مانایەى کە ئەدەب ئەوەیە چۆن باشتر لە بوونى مرۆڤ بگەین. کەواتە ئەدەب نوێنەرایەتى بوونى مرۆیى دەکات و مرۆڤایەتیش کۆى دانەر و خوێنەر لەخۆ دەگرێت. لێرەدا ئەوەى ئێمە دەتوانین قسەى لێبکەین ئەوەیە، کە سرووشتى ئەدەب ئەوەیە کە جیاوازى و پڕشنگەکانى مەعریفە و چێژ و جوانى لە رۆحماندا بخەمڵێنێت، سرووشتى ئەدەب و هونەر ئەوەیە چۆن باشتر لە جیاوازەکانى مرۆڤ و گۆڕان بگەین. سرووشتى ئەدەب و هونەر گەیشتنە بەشێوازێکى دیکەى جوانتر لە پەیوەندى بەستن لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دنیا، سرووشتى ئەدەب هەڵنانى مرۆڤە بەرەو مەعریفە و جوانى و گۆڕان، بەرەو کرانەوەو خۆشەویستى ئەویدیکەى جیاواز. . .

پ4* گەر ئەدەب بۆ ئەوە بخوڵقێت کە لە خزمەتى مرۆڤدا بێت، ئایا ئێمە تووشى ئیشکالییەت نابین لەبەرامبەر پێناسەى (خزمەتى مرۆڤ)؟ یانى دەمەوێت ئەوەت پێ بڵێم: کە ڕەنگە لاى مرۆڤێکى ڕەشبین یان بەسروشت ڕەشبین خزمەت ئەوەبێت کە پرۆسەى ژیان رەتبکاتەوە؟ بۆیە لێرەدا نوسینى ئەو نوسەرە ڕەشبینە لەخزمەتى مەرگدۆستیدا دەبێت؟ جەوهەرى پرسیارەکە ئەوەیە: بەدەر لە چێژ، ئایا ئەدەبێک کە لە خزمەتى مەرگدۆستى و لە خزمەتى هەڵهاتن لە ژیان و گاڵتەکردن بە پرۆسەى ژیان بێت، تاچەند خزمەتە بەو پێناسەیە کە گەر ڕێبکەوین ئەدەب پێویستە لە خزمەتى جوانترکردنى ژیاندا بێت؟

عەبدولموتەلیب: دووبارە دنیاى ئەدەب و هونەر دنیاى هەمووانە و هەموو ئەوانە لەخۆ دەگرێت کە تۆ بە مەرگدۆستى و هەڵاتن لە ژیان و گاڵتەکردن بە ژیان ناوى دەبەیت. . . دووبارە ئەدەب و هونەر بە هەموو رەهەندە جیاواز و ئاڕاستە جیاواز و ئاستە جیاوازەکانییەوە مرۆڤ دەیخولقێنێت. . . دووبارە تۆدۆرۆف لە کتێبى (ئەدەب لە خەتەر دایە) دەڵێ: کارى ئەدەبى و هونەرى جۆرێکە لە دنیا ناسى. . جۆرێکە لە دەرککردن و تێگەیشتن. . هەڵبەتە (تێگەیشتن) بەو مانایەى کە بریتییە لە توانای دەرککردنی شیمانە وجودییەکانی تاکە کەس لە رەوتی ژیان ء بوونی لە نێو جیهاندا، ئەو بوونەش بە دەربڕینى هایدگەرییانە بوونى مرۆیى دەگرێتەوە، یان واقیعێکى مرۆییانەى هەیە، کەواتە ئەدەب و هونەر، راڤەکردن و تێگەیشتن و خوێندنەوەیەکى دیکەیە بۆ "ئەوەیە مرۆڤ". . .

دەمەوێ بڵێم مرۆڤ و مرۆڤایەتیش لە پرسیارى بەردەوامدا خۆى نوێ دەکاتەوە، جا ئەو پرسیارە بەرەو رووى دنیا بێت، یان بەرەو رووى خودى مرۆڤ، ئەدەب و هونەر لە خزمەتى هەڵدانى پرسیار و هەڵنانى چێژ و جوانیدایە، مرۆڤ و مرۆڤایەتى لە سەر ئاستى هەست، لە سەر ئاستى عەقڵ و لۆژیک و بیرکردنەوە دەشێ لە بارەى هەندێک شتەوە تەبا بکەونەوە، بەڵام لە سەر ئاستى ئەوەى بە (نەست-لاشعور) ناوى دەبەین، هیچ شتێکى هاوبەش بە یەکەوەمان نابەستێتەوە. بە مانایەکى دیکە دەشێ مەسەلە سیاسى و ئابورى و نەتەوەییەکان لە نێوان بەشێکى زۆرى مرۆڤەکان هاوبەش بکەوێتەوە، بەڵام هەموو ئەو شتانەى کە دەکەونە ناخ و قوڵایى دەروونەوە مەسەلەى فەردیین. بە بڕواى ئەدۆنیس هەموو ئەو فیکرە ئامادەکراو و شۆڕشگێر و نیشتمانیانەى کە ئێمە قسەى لێدەکەین بۆ هەمووانە و لاى هەمووان روون و ئاشکرایە. بەڵام کاتێک پرسیار لە خۆمان و لە بوونى خۆمان دەکەین. . کاتێک پرسیار لە چارەنووس و خۆشەویستى و ئازادى و حەقیقەت دەکەین، هەر یەک بەپێى خۆى وەڵامى تایبەت بە خۆى هەیە، هەر لەوێشەوە شتەکان دەگۆڕێن، ئەوەش ئەدەب و هونەرە. . .

پ5* قسەیەک هەیە کە دەڵێن ئەو ئەدیبانەى ناتوانن پرۆژەیەکى ئەدەبى تەواو بکەن، دواجار کۆتایى پرۆژەکە بە خۆکوشتنى نوسەرەکە کۆتایى دێت، یانى دەمەوێت بڵێم ئەمە یانى ئەوەى ئەدیبەکان پەیوەندییەکى زۆر رۆحیان لەگەڵ بەرهەمەکانیاندا هەیە؟

عەبدولموتەلیب: نووسین و خۆکوژى دوو کردەى ئیبداعین، لەوێوە کە بەشێکى گەورە لە نەستى تێدا بەشدارە، لەوێوە کە شێوەیەک لە هەڵچوون دەنوێنێ، لەوێوە کە کردەیەکى تا سەر ئێسقان خودییە، لەوێوە کە ویست و هەڵبژاردنە. . . ئەو قسەیەى تۆ لە بارەى شکسکتخواردنى پرۆژەکان رەنگە کەمتر پەیوەندى بە ئەدەیب و هونەرمەندەوە هەبێت، زۆرتر لەگەڵ سیاسى و بازرگانە گەورەکان و شۆڕشگێرەکان بێتەوە، دەمەوێت بڵێم خۆکوژى نووسەر و هونەرمەندان ئەگەرچى مەرج نییە هیچ ئەرگۆمێنتێکى دیاریکراوى هەبێت، بەڵام دەتوانم بڵێم هێزێکى سەیرى دەروونى و پووچگەرایى و نێرگزییەت و نامۆیى و ترسان لە مردنى لە پشتەوەیە! خۆکوژى خودییە، واتە مەرج نییە هیچ هۆکارێکى بابەتى هەبێت. . . (دۆرکهایم) سۆسیۆلۆژى فەرەنسى لە بارەى خۆکوژییەوە قسە لە هاونەگونجانى تاک و کۆمەڵگا دەکات، بەڵام (فرۆید) وەک شێوەیەک لە پارادۆکسى ویژدانى سەیرى دەکات. . . خۆکوژى شاعیرانى رووس (فلادیمێر مایکۆفسکى) و (یەسنین) لە شۆڕشى بەلشەفیک و ساڵانى 1925 و 1930. . . یان خۆکوژى شاعیرى لوبنانى (خەلیل حاوى) کاتێک ئیسرائیل ساڵى 1982 هەڵیکوتایە سەر لوبنان ئەو دوو رۆژ دواتر هەر لە ماڵەکەى خۆى خۆى کوشت، رۆماننووسى ژاپۆنى (یۆکیو میشیما) خەنجەرێک لە سەر دڵى خۆى دەدات، چونکە نەیویست ملکەچى شارستانیەتى ئەمریکى بێت. . . جگە لەوانە (هیتلەر) گەورەترین سیاسییە، کە بەرگەى شکستخواردنى نەگرت و خۆى کوشت. . . بە کورتى خۆکوژى جگە لە کۆمەڵێک هۆکارى فیکرى و فەلسەفى و دەروونى و عاتفى و کۆمەڵێک هۆکارى نادیاریشى هەیە، بەڵام ئەو خۆکوژییەى تۆ قسەى لێدەکەیت رەمزى شکسکتخواردنى لۆژیکە و یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانیشى هۆکارى سیاسییە، بۆ نموونە دواى سەرکەوتنى شۆڕش لە یەکێتى سۆفییەتى جاران، هەموو خەون و ئاواتەکانى مایکۆفسکى لە ژێر سێبەرى تووندوتیژى و زۆردارى هەرەسى هێنا، بۆیە نائومێد دەبێت و بەرگە ناگرێت و گوللەیەک ئاراستەى مێشکى خۆى دەکات، کەچى رۆماننووس (ستیڤان زیڤایچ) هاوڕێى فرۆید لە بارەى خۆکوشتنى خۆى دەنووسێت و دەڵێت: مرۆڤ کە کز و بێ رەنگ بوو، ژیان هیچ مانایەکى نییە. شاعیر و رۆماننووسى ئیتاڵى چێزارى پاڤێزى خۆکوژى بە پردێکى نهێنى دادەنێت بۆ گەیشتن بە حەقیقەت، شاعیرى سودانى (عەبدولرەحیم ئەبو زیکرا) کە ساڵى 1989 لە مۆسکۆ لە سەر باڵەخانەى ئەکادیمیاى زانستەکان خۆى هەڵدا خوارەوە، لە قەسیدەیەکدا دەڵێت: لە چاوەکانى تۆدا مردن دەخۆمەوە . . . هەمیشە خۆکوژى لە کردەى شیعرى نزیکە و شاعیران زێتر بە باڵاى هەڵدەدەن و چێژى لێدەبینن. . .

کەواتە خۆکوژى زێتر بە شاعیرانەوە بەندە، وەک شێوەیەک لە نکۆڵیکردن لە زەمەن، وەک هەنگاونان بەرەو ئەبەدییەت! لە لایەکى دیکە جگە لە هۆکارى دیار و نادیار کەرەسەى خۆکوژیش جۆرێک لە هەڵبژاردنى تێدایە، بۆ نموونە هەر یەک لە (جاک لەندەن) و (تۆخۆلسکى) خۆیان لە رێگاى ژەهرەوە کوشت، چێزارى پاڤێزى و ستیڤان زیڤایچ و خێزانەکەى لە رێگاى حەبى نووستنەوە، بەڵام رۆماننوس (فرجینا وولف) لە ترسى شێت بوون خۆى کوشت، نووسەرى ئەرجەنتینى (مارتا لنیش) لە تەمەنى شەست ساڵى خۆى کوشت چونکە بەرگەى لۆچەکانى پیرى نەگرت. . . شاعیرى ژاپۆنى (گۆزۆ-یۆشیماس) دەڵێت (کاواباتا) کە خەڵاتى نۆبلى ئەدەبى بەدەست هێناوە، کاتێک تەمەنى حەفتا ساڵى تەجاوز کرد، لە رێگاى بۆرى گازەوە خۆى کوشت، مردنى ئەو بە نیسبەت ئێمە شۆکێکى گەورە بوو. گۆزۆ دەڵێت پێموایە شتێک لە خەفەت خواردن بۆ ژیانێکى پەرت و تێپەڕ و لە هەمان کاتیشدا تامەزرۆیى بۆ ئەو ژیانە، لە خەیاڵى ئەودا هەر مابوو، رەنگە ئەوە هۆکارى خۆکوژى ئەو بوو بێت. . . شاعیرى رۆمانى (پۆل سیلان و چیرۆکنووسى ئێرانى سادقى هیدایەتى و چیرۆکنووسى کورد سەروەر ئەحمەد و فەیلەسوفى فەرەنسى کامۆ و فروغ. . . ) مەرج نییە هۆکارى زۆر دیاریان بۆ خۆکوشتن هەبێت!!. . . جگە لە هەموو ئەوانە دووبارە قسەیەک دەنووسمەوە و دەڵێم خودکوژى دیاردەیەکى مرۆڤایەتییە بە پێى کەلەپورو ئاستى هوشیارى و جیهانبینى کۆمەڵگا دیدو بۆچوونى جیاواز لەخۆ دەگرێت، لە لایەکى دیکە لەو کۆمەڵگایانەى کە گۆڕانکارییە خێراییەکانى سەردەم بەرێوەیان دەبات، تاک هەست دەکات تواناى ئەوەى نییە، فریاى وەدەستهێنانى ئاوات و خەونەکانى کەوێت، بۆیە بە خۆکوژى هەڵدەسێت. . . بەو مانایە خودکوژى لە یەکەمیاندا وەڵامدانەوەى گۆشەگیرییە و دەکەوێتە ناوەوە، لە دووەمیان وەڵامدانەوەى کرانەوەیە و دەکەوێتە دەرەوە.

پ6*ئەدیبەکان بە گشتى خاوەن چەندان خەسڵەتى تایبەت بەخۆیانن: مرۆڤگەلێکى تەنیان، گۆشەگیرن، یاخیبن، پەراوێزن. . هەستناکەن کۆى ئەم خەسڵەتانە یەکسانە بە هەڵهاتنى ئەدیب؟ یان بە واتایەکى تر هەڵهاتن لە واقیع، هەڵهاتن لە کۆى ئەو حاڵەتە دەروونییانەى لەگەڵیاندا دەژى و رەتیان دەکاتەوە، بەڵام دواجار ئەو ئەدیبانە هەنگاوێکى تریان لە پێشە، ئەویش کۆتاییەکەى بریتییە لە خۆکوشتن، چونکە گەر هەڵهاتنیان لە کۆمەڵگا و واقیع جۆرێک بێت لە شکست ئەوا بەدڵنیاییەوە لە دونیایەکى نمونەیى و خەیاڵیدا قوڵتر تووشى ئەم شکستە دەبنەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەدیبى یاخى و راستەقینە دوا مەنزڵى خۆکوشتنە؟

عەبدولموتەلیب: کارى نووسین پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە خەون و خەیاڵى تاک و ویست و هەڵبژاردنەوە هەیە، ئەدەب و هونەر دەکەوێتە ناخى مرۆڤەوە و تایبەتمەندى خۆى لە نەگوتراوەکان و نەستى مرۆڤەوە بە دەست دەهێنێت، بەو مانایەش دەشێ ئەو قسانەى تۆ بەشێکى زۆرى لە راستى تێدا بێت، بەڵام لە بیرمان نەچێت مرۆڤ هەمیشە بیر لە خەون و دنیاى تایبەت بە خۆى دەکاتەوە، راستە ئەو مەسەلەیە بە ئاستى وەعى و رۆشنبیریى و ئاستى ژیان و دابونەریت و کۆمەڵگاوە بەندە، بەڵام مەرج نییە چوونەوە ناخ و مامەڵەکردنى ورد و هەستیارانە لەگەڵ دەوروبەر هەمیشە بە هەڵاتن لە واقیع دابنرێت، بە بڕواى من بەشێکى زۆرى ئەو هەڵاتن لە واقیعەى تۆ باسى دەکەیت، پەیوەندى بە کاتەوە هەیە، دەمەوێت بڵێم ئەو هەڵاتن لە واقیعەى تۆ ئاماژەى بۆ دەکەیت، راستەوخۆ پەیوەندى بە مسۆگەرکردنى کاتەوە هەیە، ئەدەیبان و هونەرمەندان هەمیشە لە ژیان دوودڵ و نیگەرانن، چونکە هەست بەوە دەکەن وەک پێویست نەیانتوانیوە ناخى خۆیان بخەنە روو، وەک پێویست ئەو کاتەیان لەبەر دەستدا نییە، فریاى هەموو ئیبداعە مرۆییەکان بکەون، ئەدەیبان و هونەرمەندان بەهاى پرۆژەکانیان لە بوونى خۆیاندا دەبیننەوە، وەک چۆن پێش هەڵبژاردن و بڕیاردان لەسەر پرۆژەکانیان دووچارى دوودڵى نیگەرانى زۆر دەبنەوە. . . بە دیوەکەى دیکەش بەشێکى زۆرى دوودڵى و نیگەرانى ئەدەیبان و هونەرمەندان بە هەنگاونان بەرەو ئایندەى نادیارەوە بەندە، چونکە ئایندەى پرۆسەى نووسین، لە خوێندنەوە و جیاوازییەکانى ئەویدیکەى خوێنەردا بوونى خۆى بە دەست دەهێنێت، بەڵام لە بیرمان نەچێت، جورئەتى هەنگاونان بەرەو کارى ئیبداعى وەک یەکێک لە رەگەزە بنەڕەتیەکانى داهێنان دەژمێردرێت، ئەوەى چاو نەترسانە بڕیارى هەنگاونان بەرەو نادیار و بەرەو ئەویدیکەى جیاواز دەدات و سڵ لە هیچ شتێک ناکاتەوە، داهێنەرانن. . . بەو مانایە ئەو پەراوێزخوازییە و هەڵاتنەى تۆ باسى دەکەیت، بۆخۆى دەبێتە ئەزموونێکى ناوەکییانەى بوونى داهێنەرانە، تەنیایى ئەوان و دوورکەوتنەوە لە واقیع دەشێ لە چاوى کۆمەڵگا وەک یاخى بوون، وەک گۆشەگیرى، وەک گەیشتن بە وێرانەیى و کۆتایى بوون دابنرێت، نیتشە لەو بارەوە قسەیەکى جوانى هەیە و دەڵێت ئەوە راستە هیچ هونەرمەندێک ناتوانێت تەحمولى واقیع بکات، بەڵام هیچ هونەرمەندێکیش نییە، واقیع پشتگوێ بخات. . . رەنگە بەو گوتەیەى ئەوە بسەلمێنێت کە داهێنان نە رەتکردنەوەى رەهائامێزى واقیعە و نە قبوڵکردنى رەهائامێزى واقیعە، چونکە هیچ کارێکى ئیبداعى لە دنیادا نییە، بە جۆرێک لە جۆرەکان واقیع تێیدا ئامادە نەبێت، هەمیشە رەتکردنەوەیەکى رەهائامێزى واقیع، فۆرمێکى رووتى ئەدەبى و هونەریمان پێدەناسێنێت، وەک چۆن هەموو ستایشکردنێکى واقیعى رووت، وەک جۆرێک لە لافلێدان خۆى دەنووسێتەوە. . . بەو مانایەش یاخى بوون لە ئەدەب و هونەردا لە داهێنانى راستەقینەدا خۆى دەبینێتەوە. . . لە مرۆڤى یاخیدا (کامۆ) دەڵێت مرۆڤى یاخى زێتر رووبەڕوو دەبێتەوە، لەوەى نکۆڵى بکات. . .

کەواتە لە بیرمان نەچێت پرۆسەى داهێنان هەمیشە تەجاوزى کۆمەڵگا و زمانى باو تێڕوانینى باو دەکات، داهێنان کردەیەکە جورئەت و خەیاڵ و ئەو دیو زمان رابەرایەتى دەکات، بەشێکى زۆرى نەست دەینووسێتەوە، نیگەرانى سنوورەکانى رەنگ دەکات. کردەى ئیبداعى تەعبیر لەو بۆشایى و وێڵگانە دەکات، کە خەیاڵ رۆناکیان دەکاتەوە، نەست هێلە سەرەکییەکانیان دەنووسێت و نیگەرانى رەنگیان دەکاتەوە، بەو مانایەش دەشێ بڵێین بە گشتى کارى ئەدەب و هونەر، بە گشتى پرۆسەى داهێنان نیگەرانى و ترسى مرۆڤە، لە بۆشاییە مەعریفییەکان! کەواتە مرۆڤ بەردەوام بۆ پڕکردنەوەى ناتەواوییەکانى بوون، پێویستى بە داهێنان هەیە، ئەوەت بیر دەخەمەوە کە مرۆڤ بوونێکى نیگەران و ناتەواوە. . . بەو مانایەش ئێمە لە کارى ئەدەبى و هونەریدا مامەڵە لەگەڵ پرس و نیگەرانییەکانى ناوەوەى خۆمان دەکەین، ئێمە مامەڵە لەگەڵ بۆشاییەکاندا ناکەین، بەڵکو لاپەڕەى نیگەرانییەکانمان و ناتەواییەکانمان هەڵدەدەینەوە، رەنگە ئەو شێوەیە لە دەرککردن لە دید و تێڕوانینى باودا جۆرێک بێت لە یاخى بوون و هەڵاتن لە واقیع! بۆ ئەوەى مرۆڤ لە بۆشاییەکانى ناوەوەى خۆى نەترسێت، دەبێ ئاستى وەعى ئەوەندە بەرز بێت، کە بتوانێت لەگەڵ مەعریفە و بیرکردنەوە و راڤەکردن و تێگەیشتنى سەردەم بژیت، مرۆڤى داهێنەر لە گۆڕانى بەردەوامدایە و بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانى بە ئیحا و ماناى جیاواز پڕ دەکاتەوە.

پ7* "ئاسمان ناوبانگیم لێ زەوت دەکات، ئەویش مەزنترین دەستکەوتە لە دونیادا، بۆیە منیش وەک منداڵێکى سەرکەش بەخشندەییەکانى ترى فڕێدەدەمەوە بە روویدا، هەر بۆیە کۆتایى بەو ژیانەم دێنم دەستەبەرى کردووە بۆم، کە ئەویش مەرگى جوانى نێو مەیدانى جەنگەکانە. هاوکات زۆر دڵخۆشم بەبیرکردنەوە لە گۆڕٍى مەزنى بێ کۆتا". ئەمە لە یەکێک لە نامەکانى هاینریش ڤۆن کلایست-دا هاتووە کە بۆ ئۆرلیکەى خوشکى دەنێرێت، ئەم رەتکردنەوەیە و دواجار خۆکوشتنى کلایست، لەو خاڵەوە سەرچاوە ناگرێت کە مرۆڤ بونەوەرێکە بەشوێن کەماڵبوندا دەگەڕێت هەستدەکات ئەم زەوییە شوێنى ئەو نییە و پێویستە لە دونیایەکى کامڵتردا ژیان بکات؟ یان بە دیوێکى تردا، مرۆڤێکە لە دۆخێکى نائاسایدا کە توڕەیە لە خودا و لە ئاسمان بۆیە ژیان بە ڕەهایى ڕەتدەکاتەوە و چێژ لە گۆڕ دەبینێت؟ دەکرێت پرسیارەکە وەهابکەین: ئاسایى نییە مرۆڤێک سروشتیانە رقى لە ژیان بێت؟

عەبدولموتەلیب: هەنگاونان بەرەو مەرگ وەک نادیارى، وەک ئەوەى هەرگیز لە ژیاندا دەستەبەر ناکرێت، وەک ئەوەى کە ژیان هەمیشە شتێکى کەمە، وەک ممارەسەکردنى حاڵەتێک، کە ژیان پەردەپۆشى دەکات، وەک ئەوەى شوێنێکى دیکە هەیە ژیان ناهێلێ سەردانى بکەین، وەک سێبەرێک کە ژیان دەرفەت نادات لە بەرى بخەوین، وەک ئەوەى هەمیشە مردن سەردەکەوێت، وەک رەهەندە رەهاکان. . . سرووشتییە! سرووشتییە روو لە مردن و پشت لە ژیان، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت مرۆڤ روو لە مەرگ هەنگاو دەنێت. . .

بە بڕواى من ئەو فەرهەنگە خۆکوژییەى تۆ (هاینریش ڤۆن کلایست) وەک یەکێک لە شەیدایانى خۆکوژى یاد دەکاتەوە! هاینریش ڤۆن کلایست پێیوایە بیرکردنەوە لە گۆڕدا دڵخۆشى دەکات، چونکە مردن حیکایەتى خۆى هەیە! بۆیە تۆ لە کۆى پرسیارەکانتدا دەتەوێت فەرهەنگێک بۆ حیکایەتەکانى خۆکوژى دابنێیت، ئەگەرچى ئێمە لە نزیکەوە یەکتر ناناسین، بەڵام رەنگە سوور بوونى تۆ لە سەر بەشداریکردنى من لەو فەرهەنگەدا ئەوە بێت، کە من لە شیعرەکانمدا شوبنهاوەرییانە دەڕوانمە ژیان، ئەگەر ئەوە خوێندنەوەى تۆ بێت بۆ شیعرەکانم، ئەوە ئەو حەقیقەتە بە نسبەت من لەوێوە دێت، کە خۆکوژى وەک فیکرەیەکى شیعرى تەماشا دەکەم، دەمەوێت پێت بڵێم من نازانم ژیان چییە، ئەوەى نەزانێ ژیان چییە، ناشزانێ مەرگ چییە! بەڵام زۆر بە کورتى من حەز لە حیکایەتەکانى دواى مردن ناکەم؟! هەمیشە مردن وەک دەقگەرایى تەماشا دەکەم، وەک هەنگاونان بەرەو شیعرییەت، وەک ئەوەى هەر کەس قسەى دڵى خۆى دەکات و کەس قسەى دڵى کەس دووبارە ناکاتەوە، وەک ئەوەى ئامادەیى ئەو دەقە بە بوونى ئەویدیکەى جیاوازەوە بەند بێت. . .

پ8* رۆماننوسی ئیتاڵی چێزارى پاڤێزى خۆکوشتنی خۆی راگەیاند بەوەی کە خۆشترین شتە لە ژیانیدا! ئەم چێژە بۆ رۆمانوسێک کە پێیوایە خۆکوژى خۆشترین شتە، لاى ئێوە کام دەلالەتى تێدا دەبیننەوە؟ یان بەواتایەکى تر ئەزمونێک کە تاقى نەکراوەتەوە چ هۆکارێک وادەکات ئەو دروشمە بەرزکاتەوە کە خۆکوشتن خۆشترین شتە؟ ئایا گەر خۆکوشتن خۆشترین شت بێت، کەوایە ژیان گاڵتەجاڕییە و ناخۆشە؟

عەبدولموتەلیب: ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە کامۆ لە لە کتێبى (مرۆڤى یاخى)دا پێیوایە بۆ ئەوەى بگوترێت ژیان پووچە دەبێ مرۆڤ زیندوو بێت. . . ئەوەمان لە بیر نەچێت، کە خۆکوشتن لایەنى هوشیارى لە ناو دەبات، لەبەر هەندێ بەشێک لە وجودییەکان رەتى دەکەنەوە. من بڕوام بەوەیە کە ژیان گاڵتەجاڕییەکى بە تامە، بەڵام بۆ خۆکوژى هیچ ناڵێم، لەبەر ئەوەى وەک چۆن حەز لە گێڕانەوەى بەر با ناکەم، زۆر حەز لە شیعرى رۆمانسیش ناکەم، بەڵکو کەمەکێک بە لاى شیعرى ئاڵۆزى مەعریفى دام! بەڵام لە بەر ئەوەى مرۆڤ رزگار بوونى نییە، کەواتە وەک ئیڤان کارامازۆف بیر لەوە دەکەمەوە کە هەموو شتێک رەوایە، دەشێ ئەو لۆژیکە خودگەراییەى ئیڤان کارامازۆف خوێندنەوەیەک بێت بۆ "ئەوەیە مرۆڤ" خوێندنەوەیەکە مادام رزگاربوونى هەمووان ئەستەمە؟!

بە کورتى خۆکوژى بۆ شاعیر و وەرگێر و رۆماننوسی ئیتاڵی (چێزارى پاڤێزى) خۆشترین شتە، چونکە خۆکوژییەکى عاشقانەیە یان جوانترە بڵێم رۆمانسیانە بوو، مردن دێ، بە چاوەکانى تۆوە. . . بینلوبى ئۆدیسیۆس زیاد لە بیست ساڵ چاوەڕوان بوو، بەڵام بینلوبى پاڤێزى نەیتوانى تەنها سێ ساڵان چاوەڕوان بێت! لێرەوە پاڤێزى خۆکوژى وەک پردێک دەبینێ بۆ ئەوەى بە بینولوبییەکەى بڵێت: من هەتا هەتایە چاوەڕێتم؟! حیکایەتى ئەو مردنە، حیکایەتى ئەو چاوەڕوانیەش بخە نێو ئەو فەرهەنگە خۆکوژیەى کە خەریکى دروستى دەکەیت، دڵنیام شیعرێکى رۆمانسى جوانى لێ دێتەوە.

 

برات: موتەڵیب

هەولێر 13/6/2014

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 


ده‌قی ئیبداعی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ناونان و دامه‌زراوه‌ باوه‌كاندا له‌ ململانێدایه‌، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ پانتایی رۆشنبیریی هه‌ژار و چاوه‌ڕوانی باوی خوێنه‌ران نامۆ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ش مه‌رج نییه‌ هه‌میشه‌ ده‌ق و وه‌رگر بكه‌ونه‌ سه‌ر هه‌مان رێگا و هه‌مان بیركردنه‌وه‌ و دنیابینییه‌وه‌، به‌ڵكو یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كارلێكردنی ده‌ق و خوێنه‌ر له‌ له‌یه‌كنه‌چوونه‌، وه‌ك چۆن یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌قی ئیبداعی هه‌نگاونانه‌ به‌ره‌و نادیار، به‌ره‌و پڕشنگی جوانی، به‌ره‌و ئازادی. . . شیعر به‌ بی ئازادی هه‌ناسه‌ی ژیانی كورته‌. . . ده‌مه‌وی بڵێم مه‌رج نییه‌ شیعر ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ باوه‌كانی پانتاییه‌كی دیاریكراوی رۆشنبیریی و چاوه‌ڕوانی باوی خوێنه‌ران بێت، به‌ڵام گومان له‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی بێده‌نگی شیعر ناكرێت، ده‌نگدانه‌وه‌ی بێده‌نگی له‌ دنیابینی و جوانی و شیعرییه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، كه‌چی سه‌رچاوه‌كانی ده‌نگ له‌ دوتوێی ره‌نگدانه‌وه‌ی سنوره‌كانی ماناو ده‌لاله‌ته‌كانییه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی پرۆسیسه‌ ده‌كات، به‌و مانایه‌ش بێده‌نگی له‌ رێگای جیابوونه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات، فه‌زایه‌كی پڕ له‌ ئاگایی و جوانی بۆ خۆی ده‌سازێنێت!! لێره‌وه‌ ده‌شی جوانی بێده‌نگی هه‌وڵێك بێت، بۆ بڕینی داخراو و رێگا پێنه‌دراوه‌كانی (ده‌سه‌ڵاتی چه‌سپاو)، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌بێت بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ناخی ناخه‌وه‌ی ئاگاییه‌وه‌ بێده‌نگییه‌ك خۆی حه‌شار داوه‌، ده‌بێت بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ هه‌میشه‌ ئیرۆسیه‌تی بێده‌نگی وه‌ك رووداو، كراوه‌ و ئه‌كتیفه‌ و نكۆڵی له‌ هه‌مووان ده‌كات، له‌ خۆ له‌یه‌كخشانی سێكسییانه‌ی ده‌م و وشه‌، له‌و ده‌م قه‌ڵه‌باڵغییه‌ی كه‌ له‌ تۆتۆلۆژیای ده‌نگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. . . كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌گوترێت، گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌شإ بگوترێت و ده‌سه‌ڵات (به‌ هه‌موو ماناكانییه‌وه‌) سانسۆری ده‌كات، گرنگه‌!

 (نزگره‌)

له‌سه‌ر با

ناوی هه‌ردووكمان هه‌ڵبكۆڵه‌

دوا نامه‌ی كه‌ ناردبووت

له‌ نزگره‌ی منداڵێك ده‌چوو

تازه‌ ژیر بووبێته‌وه‌

سه‌فه‌ر هیچ سوودێكی نییه‌

ته‌نها سه‌ره‌تایه‌ك نه‌بێت بۆ كۆتایی

كۆتایش لوغزێكه‌ بۆ سه‌ره‌تایه‌كی تاڵ

با به‌ یه‌كه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی باران بین

با به‌ ته‌نیا چاوه‌ڕوانی غوربه‌ت بین.

 (ژنێك له‌ به‌فر گیرم ده‌كات، ئه‌یوب گه‌ڵاڵی، ل16. . به‌ داوای لێبوردنه‌وه‌ من هه‌ندی رسته‌ و وشه‌م له‌و پارچه‌ شیعره‌ قرتاندووه‌، وه‌ك سانسۆر نا، وه‌ك چێژ و جوانی تایبه‌ت، وه‌ك خوێنه‌رێكی به‌شدار له‌ به‌رهه‌مهێنانی ده‌قدا) .

 كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ژنێك له‌ به‌فر گیرم ده‌كات، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر، 2013) ی شاعیر (ئه‌یوب گه‌ڵاڵی) م خوێنده‌وه‌ و سه‌رنجه‌كانی خۆم نوسییه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستم ئاڕاسته‌م بكات، وه‌ك جیهانبینی و كرده‌ و جوله‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ شیعری ئه‌یوب گه‌ڵاڵی ده‌خوێنمه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نا، كه‌ ریتم و زمانی ساده‌ی ئه‌و شیعرانه‌ قابیلی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز نین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نا، كه‌ وه‌ك ده‌ق له‌ بازاڕی ئه‌ده‌بی كوردی ته‌ماشایان نه‌جولاندووه‌. . . به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆم پاشگری (دا) م له‌ ناونیشانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ قرتاندوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ مه‌به‌ستمه‌ سه‌رنجه‌كانی خۆم له‌سه‌ر ئه‌و فه‌زا شیعرییه‌ ساده‌ و ریتمه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان (خۆماڵی) یه‌[1] تۆمار بكه‌م، كه‌ وه‌ك قه‌باره‌ بۆ ئاستێك له‌ شیعری لیركی كوردی (چوارین و پارچه‌ و غه‌زه‌ل، شیعری دڵداری. . . ) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وه‌ك ناوه‌رۆكیش ته‌عبیر له‌ جوانی و سروشت و عه‌شق و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی. . . ده‌كات، ئه‌و جۆره‌ له‌ شیعر هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی گۆرانی چڕین داده‌نران، بۆ گه‌یشتن به‌ رۆشنبیری و زانیاری بۆ هه‌مووان.

دكتۆر (مارف خه‌زنه‌دار) له‌ كتێبه‌كه‌ی (مێژووی ئه‌ده‌بی كورد- به‌رگی یه‌كه‌م، ل173) ده‌ڵێت به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كوردی له‌ رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ له‌ تێكرای دیالێكته‌كانی زمانی كوردی ده‌كری به‌ دوو به‌شه‌وه‌، (لیریك) و (ئیپیك) . هه‌روه‌ها دوو جۆر له‌ لیریك جیا ده‌كاته‌وه‌: شیعری لیریكی خۆماڵی و شیعری لیریكی ئیسلامی. خه‌زنه‌دار پێیوایه‌ لیریكی خۆماڵی له‌ زمانی ستانداردی خه‌ڵكی كورده‌وه‌ نزیكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌شی (شیعری میللی) یشی پی بڵێین. زیاتر شاعیران ئه‌و شێوه‌یان گرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان بگه‌ێینه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی. [2]

ئه‌دۆنیس له‌ كتێبی (شیعرییه‌تی عه‌ره‌بی) [3] دا ده‌ڵێت: شیعری[4] جاهیلی به‌ شێوه‌ی "سروود- ئاوازخوان"ی[5] له‌دایكبووه‌، واته‌ وه‌ك بیستراو، نه‌ك وه‌ك خوێنراوه‌، وه‌ك گۆرانی (Song) نه‌ك وه‌ك نووسین. هه‌ر له‌و باره‌وه‌ نوسه‌ر و ره‌خنه‌گری عیراقی (نازم عۆده‌) [6] ده‌نوسێت: شیعری عه‌ره‌بی به‌ درێژایی مێژوو شیعری لیریكی بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ شیعری خۆرئاوایی پێچه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ شیعری خۆرئاوایی شانازی به‌ پله‌ به‌رزه‌كانی درامایی بوونی خۆی ده‌كات، شیعری خۆرئاوایی له‌ وزه‌ ناوه‌كییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا له‌ دایك بووه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ شیعری عه‌ره‌بی به‌رانبه‌ر دنیا خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ستراتیژی نه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیعری عه‌ره‌بی نه‌یتوانیووه‌ بوارێكی تیۆری په‌تی بونیاد بنێت، تاكو له‌وێوه‌ خوێنه‌ر به‌ره‌و مه‌عریفه‌ی شیعری، یان ئاگایی شیعری رابكێشێت، به‌ڵام دواتر له‌ كۆتایی چله‌كان له‌ سه‌ر ده‌ستی شاعیری عیراقی (نازك مه‌لایكه‌) شێوازێكی دیكه‌ له‌ نووسینی شیعریی هاته‌ كایه‌وه‌، كه‌ به‌ قه‌سیده‌ی (ته‌فعیله‌) ناو نرا، به‌و مانایه‌ش نازك مه‌لایكه‌ هه‌ر ته‌نها پێشه‌نگی جۆرێك له‌ مه‌عریفه‌ی شیعریی نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ دامه‌زراندنی گوتارێكی ره‌خنه‌ییش بووه‌ پێشه‌نگ، گوتارێك كه‌ توانی بنه‌ما هونه‌رییه‌كانی ناوه‌وه‌ی قه‌سیده‌ كه‌شف بكات، به‌مجۆره‌ گوتاری مه‌عریفی لای نازك مه‌لایكه‌ و هه‌ندێكی دیكه‌ له‌ شاعیران به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بایه‌خیان به‌ (ده‌رككردن و وه‌سفكردنی بنه‌مای ده‌رككردن) ده‌دا، به‌ڵام له‌ بیرمان نه‌چی ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ گوتار، بۆ ره‌خنه‌گر و شاعیر (ت. س. ئیلیوت) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش وه‌ك ده‌زانین هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌شێك له‌ مه‌عریفه‌ی شیعریی پێكده‌هێنن. ئه‌گه‌ر له‌و باره‌وه‌ ئاوڕ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی و ئه‌زموونی (گۆران 1904-1962) [7] شاعیری سروشت و جوانی بده‌ینه‌وه‌، ده‌شی بڵێین گۆران یه‌كه‌م شاعیری كورده‌، كه‌ بونیاد و شێوازی زاڵی كۆنی عه‌روزی تێكشكاند و جارێكی دیكه‌ شیعری كوردی بۆ كێشی خۆماڵی (هیجا- په‌نجه‌)، یان بۆ شیعری میللی كوردی گه‌ڕانده‌وه‌، لێره‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ مێژوونوسانی ئه‌ده‌بی كوردی قسه‌ی لێده‌كه‌ن، ئه‌و كێشه‌ شیعرییه‌ی گۆران راسته‌وخۆ به‌ ئه‌ده‌بی میللی شێوه‌ دیالێكته‌كانی گۆران و هه‌ورامییه‌وه‌ به‌نده‌، به‌ڵام گۆران و هاوڕێكانی توانیان په‌یكه‌ری قه‌سیده‌ی كوردی له‌ شێوه‌ ستوونییه‌ كلاسیكیه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست بگۆڕن؟!

 ده‌مه‌وی بڵێم ئه‌گه‌ر شێوه‌ی ستوونی شیعری كلاسیكی كوردی راسته‌وخۆ له‌ (حوجره‌ و مزگه‌وت) ه‌وه‌ سه‌ری ده‌رهێنا بێت (وه‌ك هه‌ندی له‌ مێژوونوسان ده‌ڵێن، له‌وانه‌ش دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار) ئه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شێوه‌ دابه‌زینه‌ ستوونییه‌ (نێرسالاری) یه‌ شیعری كلاسیكی كوردی هه‌وڵی داوه‌ به‌رگری له‌ ناسنامه‌ی ئایینی ئیسلامی بكات، نه‌ك ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی!! (هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستم نییه‌ بڵێم شیعر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌) . . . به‌ڵام شێوه‌ شیعرییه‌ سه‌ربه‌سته‌كه‌ یان ئازاده‌كه‌ی گۆران و هاوڕێكانی به‌ تێكشكاندنی ئه‌و جۆره‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ و ده‌رچوون له‌و پێوانه‌ و وه‌زیفه‌ مێژووییه‌ رابوونه‌وه‌ و توانیان وه‌زیفه‌یه‌كی ئیستێتیكی بۆ شیعری نوێی كوردی دابهێنن، كه‌ هه‌ڵگری زمانێكی پاراو و وێنه‌ی شیعری بێت، به‌و مانایه‌ش شیعری ئازاد، گه‌یشتن بوو به‌ ده‌قی واڵا! به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش گۆران وه‌ك شاعیرێكی رۆمانسی له‌ فۆرمێكی نوێدا توانیویه‌تی شێوه‌ لیریكییه‌كه‌ی شیعری كوردی په‌ره‌ پێبدات. . . وه‌ك چۆن (هێمن 1921-1986) ی[8] شاعیر توانیویه‌تی ئه‌و لیریكییه‌ته‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی خۆزگه‌ی به‌دی نه‌هاتوو، بنه‌خشێنی. هه‌ر له‌و په‌نتاییه‌وه‌ (ئه‌حمه‌د هه‌ردی 1922-2006) [9] وه‌ك گه‌ڕیده‌یه‌كی ئه‌به‌دی شیعری به‌ ده‌وری سێبه‌ری رازو و خه‌ونه‌كانی خۆی ده‌خولایه‌وه‌. . . هه‌ر یه‌ك له‌ (كامه‌ران موكری 1929-1986) و (محه‌مه‌د ساڵح دیلان 1927-1990) [10] و مه‌دهۆش و دڵزار و هێدی (خالیدی حیسامی) و پیرباڵ مه‌حمود و خالید دلێر و په‌شێو و فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی. . . ئه‌و شێوه‌ لیریكییه‌ وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌نگ، كێش، سه‌روا، هاوئاوازی و ریتمی ناوه‌وه‌. . . به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مڕۆش ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، ئیسماعیل خورماڵی، سه‌ركه‌وت ره‌سول، محه‌مه‌د كوردۆ، ره‌نج سه‌نگاوی، عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف. . . به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان كار له‌و زمانه‌ ساده‌یه‌ و لیریكیه‌دا ده‌كه‌ن.

كه‌واته‌ له‌ لایه‌ك ده‌توانم بڵێم له‌ میانی ئه‌و به‌راوردكردنه‌ی نێوان شیعری خۆرهه‌ڵاتی به‌گشتی و شیعری خۆرئاواییه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، واته‌ له‌ ئه‌ده‌بی كلاسیكه‌وه‌ جیاوازی نێوان ئه‌و دوو شیعره‌، جیاوازی نێوان دوو بیركردنه‌وه‌ و دوو دنیابینی بووه‌، چونكه‌ یه‌كه‌میان دژ به‌ ئه‌ده‌بی شه‌عبی هاتۆته‌ ناوه‌وه‌، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دژ به‌ سیستم و ئاكار و نۆرم و پێوانه‌ باوه‌كان كاری كردووه‌، بۆیه‌ به‌ چینی باڵا و ئه‌رستۆكراته‌وه‌ لكێنراوه‌. دووه‌میان وه‌ك ئاشكرامان كرد سه‌ر به‌ نۆرم و پێوانه‌ باوه‌كانی سیستمی زمانی شه‌عبی و ئه‌ده‌بی میللی و فۆلكلۆره‌. به‌ڵام من هه‌وڵی ئه‌وه‌ ناده‌م، كه‌ بڵێم (شیعر) ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی لیریكه‌وه‌، به‌ڵكو قسه‌ی من له‌سه‌ر گرتنی گۆشه‌ نیگای شاعیرانه‌ و ئاگای شیعری، یان شیعریه‌ت چڕ ده‌بێته‌وه‌!

ئه‌گه‌ر گۆشه‌ نیگای شاعیرانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ دیتن یان دنیابینی و خه‌ونبینییه‌وه‌ هه‌بێت، به‌و مانایه‌ی كه‌ ته‌واوی سنوره‌كانی عه‌قڵ و یاده‌وه‌ری ده‌به‌زێنی، ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنمان بۆ روانینی شاعیرانه‌ دیتنی دنیا و شته‌كانه‌ به‌ چاوێكی نوێوه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ ره‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی ده‌لاله‌تی شیعری، هه‌ر به‌و مانایه‌ش شیعر ده‌بێته‌ روانینی شاعیرانه‌، خه‌ونبینی، یان دنیابینی (الرۆیا) . [11]

ده‌مه‌وێت بڵێم شیعر ته‌جاوزی سنوره‌كانی عه‌قڵ و یاده‌وه‌ری ده‌كات، له‌ دیاره‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و نادیار هه‌ڵده‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی دنیایه‌كی دیكه‌ی نوی له‌ په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان و شته‌كان دروست بكات، چونكه‌ شیعر هه‌ر ته‌نها هۆنینه‌وه‌ و ریتم و لاساییكردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كه‌شفكردن و دنیابینییه‌. به‌ڵام ئاگای شیعریی یان گوتاری شیعریی له‌ وه‌زیفه‌یه‌كی دوانه‌ییدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ لایه‌ك به‌ ئه‌ركی راڤه‌كردن راده‌بێته‌وه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی بوارێكی مه‌عریفی له‌ باره‌ی ره‌وانبێژی شیعریی ده‌دات.

كه‌واته‌ وه‌ك چۆن ره‌خنه‌گر نازم عۆده‌ بایه‌خی ئه‌و مه‌عریفه‌ شیعرییه‌ی به‌ نازك مه‌لایكه‌وه‌ په‌یوه‌ست كرد، ده‌شی له‌و باره‌وه‌ جۆرێك له‌ هاوگونجان له‌ نێوان (شێخ نوری شێخ ساڵح، گۆران و هاوڕێكانی) و (نازك مه‌لایكه‌ و به‌در شاكر سه‌یاب و هاوڕێكانی) دا بدۆزینه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌وان توانیان هه‌م دنیابینییه‌كی نوی به‌ شیعر ببه‌خشن، وه‌ك چۆن توانیان ئاسۆی چاوه‌ڕوانی خوێنه‌ر و مه‌عریفه‌ و ئاگایی شیعریی له‌و بنبه‌ستبوونه‌ رزگار بكه‌ن، كه‌ (مێژوو) وه‌زیفه‌كانی دیاری ده‌كرد، به‌و مانایه‌ش شیعری نوی له‌ (به‌ركار) ه‌وه‌ به‌ره‌و (بكه‌ر) و رووداو هه‌نگاوی هه‌ڵێنا، زمانی شیعریی له‌ ئاوازخوانی و هه‌رزه‌گۆییه‌وه‌ به‌ره‌و ئیستێتیكا و شیعرییه‌ت بۆوه‌. له‌ لاساییكردنه‌وه‌ و به‌رگری كردنه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌شفكردن و خه‌ونبینییه‌وه‌. . .

 به‌ كورتی ئه‌و سه‌رنجانه‌ی ده‌مه‌وی له‌و نووسینه‌دا به‌ خوێنه‌رانی بگه‌یه‌نم، له‌سه‌ر دوو بنه‌ما وه‌ستاوه‌، یه‌كه‌میان قسه‌كردنه‌ له‌ روانینی شاعیرانه‌، ئه‌ویدیكه‌یان ئاگای شیعرییه‌. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رنجه‌كانم بخه‌مه‌ روو، ده‌مه‌وی ده‌ستخۆشی له‌ (ئه‌یوب گه‌ڵاڵی) ی شاعیر بكه‌م، چونكه‌ تا سنوری شیعر و خۆزگه‌ توانیوویه‌تی وشه‌ به‌ رسته‌وه‌ بكات، به‌ هه‌ستێكی ساده‌ و ده‌ربڕینی ره‌وان و ئیقاعی سه‌رئاوكه‌وتوو، هه‌وڵی داوه‌ شیعر وه‌ك به‌فر داگیر بكات؟!

هاوڕێی شاعیر ئیتر (تۆ و شیعر و خۆزگه‌) ده‌ستتان كردووه‌ به‌ یه‌كدا، به‌ڵام قسه‌ له‌و ده‌ست تێكه‌ڵكردنه‌یه‌، كه‌ تا چه‌ند خه‌مڵیووه‌! ته‌نها خه‌مڵینیش به‌س نییه‌، چونكه‌ شیعر زۆرجار بۆ هه‌مووان وه‌ك (با) دی و وه‌ك (باران) ژیان ته‌ڕ ده‌كات، شیعر بۆ هه‌مووان زۆرجار عه‌شق و خۆزگه‌ و مه‌رگ و شكست تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر ده‌كات، به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چی كاری ئه‌ده‌بی به‌ سروشتی خۆی بكه‌ره‌، كاری ئه‌ده‌بی به‌ سروشتی خۆی رووداوه‌، ده‌مه‌وی بڵێم نابێت به‌و شێوه‌ (باوه‌) پێشوازی له‌ شیعر بكه‌ین، نابێت هه‌ر شتی هاتوو و نه‌گه‌ڕاوه‌ قبوڵی بكه‌ین، چونكه‌ ژیان كورته‌، ته‌نها ئاوڕ له‌ ئیبداع ده‌داته‌وه‌. . پێویسته‌ له‌ پشت ئه‌و پێشوازیكردنه‌ دنیابینی و خه‌ون و خه‌یاڵی شاعیرانه‌مان هه‌بێت، هه‌ڵگری ئاگایی شیعریی و پرس و ئاگایی سه‌رده‌م بین، ده‌بێت زنجیره‌ی وشه‌ ساده‌كان و چاوه‌ڕوانی باوی خوێنه‌ران له‌یه‌كتر بترازێنین، من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نییه‌، وشه‌ ساده‌كان به‌ وشه‌ی ناساده‌ ئاڵوگۆڕ بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌مه‌وی بڵێم با ئه‌و گوێچكه‌ و رێچكه‌ و بیركردنه‌وه‌ (په‌ككه‌وته‌یه‌) و ئه‌و وه‌زیفه‌ مێژووییه‌ی شیعر بگۆڕین، كه‌ خووی به‌ پرسیاری ته‌قلیدی و به‌كار هێنانی ته‌قلیدییانه‌ی وشه‌ ساده‌كان و هه‌رزه‌گۆیی و نائاماده‌یی هونه‌ری گرتووه‌ و له‌گه‌ڵ گفتوگۆی كراوه‌ و جیاواز و فره‌ ره‌هه‌ند ناكۆك ده‌كه‌وێته‌وه‌، با ئه‌و تێڕوانین و چاوه‌ڕوانییه‌ (هه‌ستی ساده‌ و ده‌ربڕینی ره‌وان و ئیقاعی سه‌رئاوكه‌وتوو) ئه‌و تێڕوانین و چاوه‌ڕوانییه‌ باوه‌ی كه‌ خوێنه‌ره‌ باوه‌كان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن و شاره‌زایی و زیره‌كی خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه‌، بخه‌ینه‌ گۆمه‌ مه‌نگه‌كه‌ی مێژووه‌وه‌. .

به‌ كورتی سه‌رنجه‌كانم له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ شیعری (ژنێك له‌ به‌فر داگیرم ده‌كات) قسه‌كردن نییه‌، له‌ سنوری دیاری شیعر، له‌ سنوره‌ باوه‌كانی شیعر، به‌ڵكو ده‌مه‌وی رێگایه‌ك بۆ سنوره‌ نادیاره‌كانی شیعر خۆش بكه‌م، قسه‌ی من ناچێته‌ خانه‌ی هه‌ستی ساده‌ و ده‌ربڕینی ره‌وان و ریتمی شیعرییه‌وه‌، به‌ڵكو ئاماژه‌ كردنه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی ساته‌ بی وێنه‌كان! شیعر گرتنی ئه‌و ساته‌ به‌ جێماو و بی وێنانه‌یه‌، كه‌ له‌ مرۆڤ ده‌كه‌وی، گوتنی نه‌گوتراو و وسبه‌ لێكراو و په‌راوێزخراوه‌كانه‌، به‌رجه‌سته‌كردنی له‌بیر كراوه‌كان و ده‌ست لێنه‌دراوه‌كانه‌، شیعر قسه‌كردن نییه‌ له‌ دیار، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ له‌ كۆی ئه‌مڕۆی شێوه‌ لیریكییه‌كه‌ی شیعری كوردی ده‌بینرێت، به‌ڵكو شیعر كه‌شفكردن و رامكردنی بێده‌نگی وشه‌یه‌، بێده‌نگییه‌ك كه‌ رووخساره‌ مه‌زنه‌كه‌ی خۆی له‌ جوانی و كرانه‌وه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌، بێده‌نگییه‌ك كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌یی گوتنی تێدایه‌، نه‌ك خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌دان، به‌ڵكو ئاماده‌یه‌ وه‌ك رووداو، وه‌ك ئاگایی به‌ نێوماندا درێژ بێته‌وه‌ و خۆی زیاد له‌ روویه‌ك (ده‌روونی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، تیۆلۆژی. . . هتد) بنه‌خشێنێت، شیعر ئه‌و بێده‌نگیه‌یه‌، كه‌ جۆرێك له‌ جوانی و ئاگاییمان پێده‌به‌خشێت، شیعر قسه‌كردنه‌ له‌و بێده‌نگییه‌ بی ئه‌وه‌ی وشه‌ به‌ فیڕۆ بدات! شیعر جۆرێكه‌ له‌ خۆ رووتكردنه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی كه‌ بێده‌نگی له‌ دوتوێی خۆیدا نێودژییه‌كی داپۆشراوی هه‌ڵگرتووه‌، پێویستی به‌ كه‌شفكردنه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ر بنه‌مای له‌یه‌كنزیكردنه‌وه‌ی ئیرۆسیه‌تی (زمان و رووداو) . به‌ بڕوای من ئه‌وه‌ی له‌و كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌ ته‌خشان و په‌خشان كراوه‌ ده‌نگ و وشه‌یه‌، دووباره‌ من قسه‌ له‌ هه‌ستی ساده‌ و ده‌ربڕینی ره‌وان و ئیقاعی وشه‌ ناكه‌م. . جوانی شیعر له‌وه‌دایه‌ به‌ كورترین ده‌سته‌واژه‌، رووانینێكی به‌رفره‌وان بخاته‌وه‌، له‌ سێبه‌ری بێده‌نگی به‌ ریتمی سه‌رده‌م ده‌نگبداته‌وه‌. . .

من و شه‌و

جاده‌مان جێهێشت

له‌ كۆتایی رێگادا

شه‌و خۆری له‌ ئامێز گرت

من جێگای به‌ تاڵی تۆ

 (كه‌یوان میهره‌گان-و:مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی) [12]

ده‌مه‌وی بڵێم شیعر په‌ناگه‌ی روانین و بیركردنه‌وه‌ و جێبه‌خۆ نه‌گرتنی وشه‌یه‌، به‌و مانایه‌ نا، كه‌ وشه‌ ده‌گات، وشه‌ سه‌ما ده‌نه‌خشێنی، به‌و مانایه‌ نا، كه‌ ئاوازخوانی و گۆرانی و هه‌رزه‌گۆییه‌، به‌ڵكو به‌و مانایه‌، كه‌ له‌ نێوان رووتبوونه‌وه‌ و پۆشین، له‌ نێوان خه‌ون و راستی، گه‌یشتن و نه‌گه‌یشتن. . . شیعر دیار نامێنی و چێژ جێگای ده‌گرێته‌وه‌! كه‌واته‌ شیعر به‌رجه‌سته‌كردنی رووتی و پۆشینه‌ له‌ ساته‌ بی وێنه‌كاندا، شیعر كه‌وتنه‌ نێو بۆشاییه‌كانی خه‌یاڵه‌، به‌ ئیقاعی سه‌رده‌م.

هه‌ولێر 17/3/2014

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان:

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.



[1] - كيَشى خؤمالَى (ثةنجة، كةرت، برِطة، سيلاب- هيجايى)...

[2] - د. مارف خةزنةدار (ميَذووى ئةدةبى كوردى) بةرطى يةكةم، دةزطاى ئاراس، ضاثخانةى وةزارةتى ثةروةردة، هةولَيَر 2001، ل 173.

[3] - شيعرييةتى عةرةبى، ئةدؤنيس، عةبدولموتةلَيب عةبدولَلاَ كردووية بة كوردى و ثةراويَزى بؤ نوسيووة، لة خانةى ضاث و بلاَوكردنةوة سالَى 2013 ضاث و بلاَو كراوةتةوة.

[4] - (قودامة ئيبن جعفر،337ك) دةلَيَت:- شيعر طوتنيَكة خاوةن كيَش و سةروا، دةلالةت لة مانايةك دةكات. بةلاَم (ئيبن سينا، 427ك) دةلَيَت:- شيعر ئاخاوتنيَكى خةيالَكراوة، لة كؤمةلَيَك طوتنى ريتمى هاوطونجاو، يةكسان ثيَكهاتووة و كيَشةكانى لةدواين ثيتدا دووبارة دةبيَتةوة. بؤ زيَتر شارةزايى برِوانة: الإيقاع في شعر سميح القاسم، دراسة أسلوبية، إعداد، صالح علي صقر عابد، غزة-فلسطين، 2011-2012، ص7.

[5] - لةبرى وشةى "نَشِيد" بةكار هيَنراوة. ئةو وشةية لة زمانى عةرةبى بة (أنشودة: اغنية: ترنيمة، مزمور=psalm، ode) ... رةطى (نشد) لة بوارى هونةرى: قِطْعَةٌ منَ الشِّعْرِ تُنْشَدُ على إِيقاعٍ واحِد= hymn، anthe- ديَت. بةلاَم وشةى (ئاواز)ى كوردى لة زمانى عةرةبى بة (نَغَم، إيقاع، لحن...) ديَت، بؤية دةكرىَ وشةى "سروود"يشى بؤ بةكار بهيَنين، كة لة عةرةبى بة (نشيد، غناء) ديَت. بةكورتى ليَرةدا مةبةست ئةوةية، كة شيعرى جاهيلى هةر تةنها لةسةر هؤنينةوة و ريتم و ريَكخستنى ئاواز ناوةستىَ، يان تةنها سرووديَكى ريتمدار نيية، بةلَكو فيكريشة.

[6]  - ناقد من العراق: دكتوراه في الفكر النظري الحديث في مقال بعنوان (خطاب المعرفة الشعرية ومشكلاته):This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

[7] - يةكةمين كؤمةلَة شيعرى طؤران (بةهةشت و يادطار 1950) لةسةر ئةركى مامؤستا (عةلائةدين سةجادى) ضاث كراوة، وةك خؤى لة سةرةتاى ئةو كؤمةلَة شيعرة دةنوسىَ ناوةرِؤكى ئةو شيعرانة لةطةلَ بابةتةكانى جوانى و دلَدارى ديَنةوة. لة ئةدةبى فارسى دةشىَ ئاماذة بة (نيمايوشيج) بدةين كة توانى بونيادى زالَى شيعرى فارسى تيَكبشكيَنىَ، شيعرى نيمايى لة ريَطاى قةسيدةى (تةفعيلة) و طةرِانةوة بؤ خود و هةلَكشان بةرةو لوتكة، بة زمانيَكى نوىَ و دنيابينييةكى نويَوة توانى طؤرِانكارى لة فؤرم و موزيكاى شيعرييدا دروست بكات و سةرسامبوونيَكى طةورةى بخاتة نيَو شاعيرة لاوانةكانةوة، نيما بة شاعيرة لاوةكانى طوت شيعر ضؤن لة ناختان دادةطيرسىَ وا بنوسن، ئةو شتانة دووبارة مةكةنةوة كة شاعيران بة شيَوةيةكى ئيفليج دووبارةى دةكةنةوة.

[8] -  هيَمنى شاعير جطة لة (تاريك و روون) خاوةنى كؤمةلَة شيعرى (نالَةى جودايى) ية،  نالَةى جودايى هاوار و نزا و ئازارى ناخى ثرِ لة ناسؤرى شاعيرة و تةعبير لة رؤحيَكى نيطةران و سةرطةردان دةكات...

[9] -هةردى لة سالَى 1957 كؤمةلَة شيعرى (رازى تةنيايى) بة ضاث طةياندووة.

[10] - يةكةمين كؤمةلَة شيعرى بة ناونيشانى (شةرِ و ئاشتى) لة سالَى 1954 لة سليَمانى بة ضاث طةياندووة.

[11] - بؤ زيَتر بة دواداضوون، برِوانة:  تجديــد الرؤيــا الشعريــة في الشعر العربي الحديث بين الفهوم والإبداع / الوارث الحسن، د. الوارث الحسن، صحيفة المثقف،(العدد: 1779 الاحد: 05 / 06 /2011)

[12] - دةمم بؤنى طولَى مريةم دةدات، كةيوان ميهرةطان، وةرطيَرِانى: مةريوان هةلَةبجةيى، لة بلاَوكراوةكانى حةظدةيةمين فيستفالَى طةلاويَذ، ضاثخانةى دليَر، سليَمانى 2013 ل38.

 

 

 

Go to top